گەردوونگەرایی ئازادیخواز

"بەهیوام لە خەباتی هاوبەشی ئەنتەرناسیۆنال و سۆسیالیستییدا یەکتر ببینینەوە"
 

جیھاد حەمی

و. شاڵاو خالید

ئەم وشانە  لە زیندانی توندچاودێریکراوی ئیمراڵییەوە، لەسەر زاری عەبدوڵا ئۆجەلان، کە پێدەنێتە ساڵی بیست و شەشەمینی گۆشەگیریەوە ھاتەدەرەوە، لە میانەی نامەیەکی دا ئاراستەی دوو فەیلەسووفی دیاری سەردەمەکەمان کراوە: سلاڤۆی ژیژەک و ئالان بادیۆ. نامەکە پشتگیری ڕاشکاویانە بۆ پرۆسەی ئاشتی کە ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دا دەستیپێکردووە. لە ئاستی ڕووکەش دا وادەردەکەوێت کە ئەم نامەیە تەنھا ئاوڕدانەوەیەکی سیمبوڵی ھاوپشتییە لە نێوان زیندانیەکی سیاسیی کوردی و دوو لە بیرمەندی ئەوروپی دا. بەڵام ئاماژە بۆ شتی قووڵتر لەمە دەکات: فەلسەفەیەک کە پشت بە پەیوەستیەکی ھاوبەش بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی دەبەسێت.

بەلای زۆرێکەوە وادەردەکەوێت سەرقاڵبوونی ئۆجەلان بە فیکری فەلسەفی و سۆسۆلۆژیای کۆمەڵگەی مێژوویی شتێکی سەیر بێت. بەڵام ئەو زیندانیەکی ئاسایی نیە، سەرەڕای بەسەربردنی چەند دەیەیەک لە گۆشەگیریەکی توند دا، بەشێوەیەکی فراوان فەلسەفە، مێژوو، ئەنسرۆپۆلۆژیا و زانستە سیاسی و مرۆییەکانی خوێندوەتەوە، ڕەخنەیەکی سەرتاپاگیری لە زانست و سیاسەت لە بەستێنی مۆدێرنە دا گەڵاڵە کردووە. بەشداریەکانی مەعریفەی پۆزەتیڤیزمی بەشکراو و ئاراستە کورتکردنەوەگەراییەکانی (Reductionism) تێپەڕاندووە و ھەوڵی نزیکبوونەوەیەکی ھەمەکی و ئازادیخوازانەی لە مەعریفە داوە.

لە زۆر بۆنەدا، ژیژەک سەرسامی خۆی بە فیکری ئۆجەلان دەربڕیوە، تەنانەت بەشێک لە بەرگی چوارەمی کتێبەکەی ئوجەلان "قەیرانی شارستانیەت و چارەسەری شارستانیەتی دیموکراتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا" خوێندوەتەوە کە لە زیندان دا نوسیویەتی، شیکردنەوەیەکی دوور و درێژیشی نوسیوە، کە بە ڕژدی لەگەڵ ئایدیاکانی دا کارلێک دەکات. کتێبەکانی ئۆجەلانی بەوە وەسفکردووە کە ڕەنگڕێژە "بە جوانیەکی میتافیزیکی" ، تیشکی خستوەتە سەر ڕەخنە توندەکەی لەو سیستەمەی گوێڕایەڵی لەژێر ماسکی تاکگەرایی دا دەشارێتەوە. ھەروەھا خوازەکەی ئۆجەلان "ڕشانەوەی سیستەم" ی واپیشان داوە کە بانگەوازێکی بەھێزە بۆ ڕەخنە لەو بونیادە ئایدۆلۆژیانەی کە وەک سروشتی قبوڵیدەکەین.

سەرەڕای جیاوازیە فەلسەفی و سیاسیەکانی نێوان ئۆجەلان و بادیۆ و ژیژەک، ئەوەی کۆیان دەکاتەوە ئەوە تێدەپەڕێنێت کە تەنھا بناغەیەکی مارکسی و ھێگڵی ھاوبەش بێت، چونکە یەک ئامانج یەکیان دەخات: وێناکردنی ئەڵتەرناتیڤەکانی سەرمایەداری جیھانی، ئەو سیستەمەی پێیانوایە لە چەوسانەوە و قۆستنەوە و شەڕەکان و داڕمانی ژینگەیی دا ڕۆچووە.

دووبارە بیرکردنەوە لە گەردوونگەرایی

یەکێک لەو چەمکە بنەڕەتیانەی ئەو بیرمەندانە کۆدەکاتەوە بریتیە لە چەمکی "گەردوونگەراییUniversality - "، کە پشت بە خوێندنەوەیەکی ڕیشەیی و ئازادیخوازانەی فیکری ھێگڵ دەبەستێت. بەڵام ئەم چەمکە لەم دەیانەی دوایی دا تووشی ڕەخنەگەلێکی توند بوەوە، بە تایبەتیش لەلایەن تەوژمەکانی پۆست مۆدێرنە و پۆست کۆڵۆنیاڵیزمەوە. چونکە ڕەخنەگران پێیان وایە کە گەردوونگەرایی زۆرجار "بەرژەوەندیەکانی ھەژموون" دەشارێتەوە، ھاوشێوەیی دەسەپێنێت، جیاوازی سەرکووت دەکات، ئەوەش بونیادی تۆتالیتاریزم و ئیمپریالیزم دەڕەخسێنێت. وا دەردەکەوێت کە گوزارشتی "ھەموومان سووریین" سەرتاپاگیر دەربکەوێت، بەڵام ناسنامەکان ناھێڵێت، وەک ناسنامەی کورد. ئەم تەرزە لە گەردوونگەرایی بە "گەردوونگەرایی ئەبستراکتAbstract Universality - " دەناسرێت.

بەڵام بادیۆ و ژیژەک پێیانوایە ئەم ڕەخنەیە ئامانجەکە ناپێکێت، ئەوان بەرگری لە "گەردوونگەرایی کۆنکرێتی یان خۆنشین[1]"  دەکەن، کە لەناو خەباتە بەشەکییەکانەوە (particular) ھەڵدەقوڵێت، لەبری ئەوەی لەسەرەوە بسەپێنرێت. گەردوونگەرایی بەم مانایە، ئایدیاڵێکی جێگیر نیە، بەڵکو بنەمایەکی لەرزۆکە، ڕێسا باوەکان دەلەرزێنێت و بوار بۆ گۆڕانکاری دەکاتەوە.

بەلای ئەوانەوە گەردوونگەرایی لەناو بەشەکییەکاندا شاراوەیە، بنەمایەکی دژوازیانەیە کە ڕێگە لە ھەر گشتێکی کۆمەڵایەتی دەگرێت کە بە تەواوی بەسەر خۆی دا دابخرێت. "نەبوون-غیاب"ـی گەردوونگەرایی بەڵگە نیە لەسەر شکستی، بەڵکو فەزایەکە کە دەشێت لە میانەیەوە گوزارشت لە جیاوازیەکان بکرێت.

ژیژەک لە تێگەیشتنیدا لە گەردونگەرایی پشت بە ئەرنستۆ لاکلاو دەبەستێت، لە کتێبەکەیدا بەناوی "سوبێکتی ختوکاویThe Ticklish Subject -"، پێیوایە گەردوونگەرایی "دالێکی بەتاڵە"، ڕووبەرێکی کێشە لەسەرە، ھێزە سیاسیەکان ململانێیانە بۆ خەسڵەتگیرکردنی ئەوە گەردوونەگەراییە. گەردوونگەرایی بێلایەن و جێگیر نیە، بەڵکو لە میانەی ململانێیەکی بەردەوامەوە بەرھەمدێت. لەبری وازلێھێنانی ژیژەک جەخت لە قووڵکردنەوەی بەشێوەکەی ڕیشەیی دەکاتەوە و بە گۆڕەپانێک بۆ سیاسەتی ئازادیخوازانەی دادەنێت، کە بەردەوام وەک کەم و کراوە دەمێنێتەوە بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی بەردەوام.

لە کۆماری تورکیا دا، گوتاری فەرمی گەردوونگەرایی- جا چ ناسیونالیزمی سیکۆلاری کەمالی بێت یا ھاونیشتیمانێتی دیموکراتی لیبراڵی- بە بانگەشە میژوویەکەی بۆ لەخۆگرتنی ھەموو بەشەکییەکان لەژێر یەک ناسنامەی ھاوچونیەکدا دەناسرێتەوە، کە ئەویش "تورکایەتی"یە. ئەمە بە نمونەیەکی تر بۆ گەردوونگەرایی ئەبستراکت دەژمێردرێت، کە خۆی لە ڕێگەی سڕینەوەی جیاوازیەکانەوە دەسەپێنێت، کاتێک وەک "تورکە شاخاویەکان" مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات یان وەک ھاوڵاتی ئاسایی کە داوایان لێدەکرێت ناسنامە تایبەتەکەیان بچەپێنن بۆ گونجان لەگەڵ قاڵبی گەردوونگەرایی تورکیدا.

بەڵام شکستی خودی ئەم پرۆژەیە وەک ئەوەی لە بەرخودانی بەردەوامی کوردی و مانەوەی کولتوری و خەباتی سیاسی دا دەردەکەوێت، ڕوونیدەکاتەوە کە ئەم تێگەیشتنە بۆ گەردوونگەرایی بەڕاستی گەردوونگەرایی نیە. پڕە لە دژیەکی ناوەکی و سەرکووت بەشێوەیەکی دژیەک دەگەڕێتەوە.

کۆمەڵگای دیموکراتی لای ئۆجەلان

زایەڵەی ئەم بیرکردنەوە ڕیشەییە لەبارەی چەمکی گەردوونگەراییەوە بە بەھێزی لە ئایدیای ئۆجەلان دایە لەبارەی کۆمەڵگای دیموکراتیەوە، چونکە ئاڵنگاری تێگەیشتنەکانی دیموکراسی لیبراڵی دەبێتەوە کە لە تەوەڕی دەوڵەتدا دەسوڕێتەوە و لە سەرەوە دەسەپێنرێت، لەبری ئەوە بانگەشەی گەردوونگەراییەکی نوێ دەکات کە لە ئەزموونی ژیانی جڤات(کۆمیونیتی)ـە چەوساوەکانەوە ھەڵدەقوڵێت: کورد، ژن و کۆمەڵگە پەراوێزخرارەوەکان. تێڕوانینەکەی بۆ کۆمەڵگای دیموکراتی گەردوونگەرایی ڕەتناکاتەوە، بەڵکو دووبارە دایدەڕێژێتەوە بە ناوەڕۆکێکی نوێیەوە کە ژینگە، ئازادی ڕەگەزی، فرەیی و دیموکراسی بە مانا ڕاستەقینەکەی لەخۆبگرێت، بەشێوەیەک ھاوڵاتی کارا ئەبێت لەو بڕیاردانەدا پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەیەوە ھەیە نەک ئەوەی تەنھا شوێنکەوتەی حیزبە سیاسیەکان بێت.

ئۆجەلان وەک ژیژەک پێیوایە گەردوونگەرایی بوارێکە بۆ بەرخۆدان، دژی تێگەیشتنی باوە لە گەردوونگەرایی کە پەیوەستە بە دەوڵەتی نەتەوەیی و سەرمایەداری نیولیبراڵیەوە، نمونەیەکی نوێش پێشکەشدەکات کە لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردیدا ڕەگی‌داکوتاوە. بەم شێوازە ئەزموونی کوردی دەگۆڕێت بۆ شێوەیەک لە شێوەکانی گەردوونگەرایی کۆنکرێتی، نەک لە ڕێگای شوێنپێھەڵگرتنی شێوازە سیاسیە باوەکانەوە، بەڵکو لە ڕێگای دۆزینەوەی سنوورەکانی و پێشکەشکردنی ئەڵتەرناتیڤێک کە پشت بە جیاوازیە ڕاستەقینەکان دەبەستێت.

لە کتێبی "ئانارشیزمی پاش-قاتوقڕی[2]"دا مۆرای بوکچین فەیلەسووفی سیاسی کە کاریگەری لەسەر فیکری ئۆجەلان ھەبووە مشتوومڕی ئەوە دەکات کە چەپی نەریتی سەرەڕای پەیوەستی ڕیتۆریکیەوە بە دیالێکتیکەوە، لە مامەڵکردنی لەگەڵ چەمکی "گەردوونگەرایی کۆنکرێتی"ـی ھێگڵ دا شکستیھێناوە، نەک تەنھا وەک چەمکێکی فەلسەفی بەڵکو وەک بناغەیەکیش بۆ بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی ئامانجی گۆڕانکاری بێت. بەگوێرەی بوکچین ئەم تێڕوانینە تەنھا لە کتێبە سەرەتاکانی مارکس و لە کارە یۆتۆپیەکانی وەک فۆریە و ولیام مۆریس دا، لە سەردەمی نوێش دا لە میانەی ئەو بزووتنەوانەی گەنجان کە پێوەرە کۆمەڵایەتیە باوەکانیان ڕەتدەکردەوە، بەڕاستی جیبەجێکراوە.

زۆرجار ژیژەک دەڵێت گەردوونگەرایی ھەمیشە پێویستی بە شێوە ڕاستەکەی ھەیە، واتە بەشێوەیەکی تەواو دەرناکەوێت بەڵکو لە میانەی ئەو بەرخۆدانە تایبەتانەوە دەردەکەوێت کە ئاڵنگاری سیستەم دەبنەوە. بە پشت بەستن بە کتێبەکانی ئۆجەلان بزووتنەوەی کوردی کە تاکەکانی بەردەوام بێبەشدەکرێت لەوەی وەک بکەری سیاسیی "شەرعی"  لەلایەن دەوڵەتان و ھێزی جیھانیەوە دانیان پیبنرێت، ئەو بونیادە شاراوەیەی گەردوونگەرایی ئاشکرادەکات. لەبری ئەوەی ئەم سەرکووتکردنە وەک خاڵی لاواز دابنێت بزاوتەکە دەیگۆڕێت بۆ سەرچاوەی ھێز، لە میانەی گرتنی پێگەی دەرکراوەوە تەنھا بە ناوی کوردەوە قسە ناکات بەڵکو بەناوی ھەموو ئەوانەی لە ڕووی سیاسیەوە بێبەشکراون و پەراوێزخراون لەژێر سیستەم دا، بۆ ئەوەی بەوە شێوەیەک لە گەردوونگەرایی بەدیبھێنێت کە لە پەراوێزەکانەوە سەرچاوەدەگرێت نەک لە ناوەندەوە.

لە بەشەکییەوە بۆ تاقانەیی

بادیۆ جیاکاریەکی بەسوود سەربار دەکات بۆ "بەشەکی-Particular" و "تاقانەییSingular-"  بەشەکی دەکەوێتە ناو گروپە ھەبووەکانەوە وەک گەل، نەژاد و ئایین. بەڵام تاقانەیی ئەم چوارچێوانە تێدەپەڕێنێت و دەرگا لەبەردەم شیمانەی گەشەی نوێ دا دەکاتەوە.

گۆڕانکاریەکەی ئۆجەلان لە ناسیونالیزمەوە بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتی نمونەیەکی ڕوونە لەسەر ئەم گۆرانکاریە، چونکە پێناسەکردنی بەرخۆدانی کوردی لە میانەی ناسنامەی جێگیر یان لە ڕێگای ھەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتەوە، ڕەتدەکاتەوە. لەبری ئەوە پێشنیاری تێڕوانینێکی سیاسیی   گەردوونی دەکات ھەمووان لە خۆدەگرێت، سنوورەکانی جەوھەرگەرایی ڕەگەزیش تێدەپەڕێنێت.

ئەمە ناسنامەی کوردی ناسڕێتەوە بەڵکو ڕەتیدەکاتەوە لە گروپی چەقبەستوودا گەمارۆی بدات. بە گوێرەی بادیۆش ئەمە ئەوەیە ناویدەنێت "پیادەکردنی حەقیقەت": ڕووداوێکی سیاسیە سیسەم دەلەرزێنێت و بانگەواز بۆ شێوازێکی نوێ لە بوون و کردە (Act) دەکات.

ڕەتکردنەوەکەی ئۆجەلان بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی و داتراشراوەکانی، وەک فیدراڵی و خۆسەری ئیداری و چارەسەرە کولتوریەکان لە باوەڕبوونی بەوەوە سەرچاوەدەگرێت کە ھەموویان پەیوەستن بە بەشەکێتی و وەدەرنانەوە. ئەمە کەمکردنەوەی خەباتی کورد و دەستکەوتەکانیان نیە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ بانگەشەکردنی پرۆسەیەکی گۆڕانکاری تەنھا ئیدارەدانی جیاوازیەکان تێدەپەڕێنێت، تا دووبارە پێناسەی چۆنیەتی پێکەوەژیانی سیاسیانەی خەڵک و گوزارشتکردنێکی دیموکراسیانە لە ناسنامەیان بە شێوەیەکی تەواو و ڕیشەیی، بکاتەوە.

بە چەمکەکانی بادیۆ، تێڕوانینی ئۆجەلان ڕووداوێکی سیاسیی تاقانەیە، بە سادەیی تەنھا ئامانجی گونجاندنی ناسنامە ھەبووەکان (وەک کوردی ، تورکی و عەرەبی و جگە لەوان)  لەناو سیستەمی سیاسییدا نیە، بەڵکو دووبارە خودی ناسنامە ڕێکدەخاتەوە، لە میانەی دژایەتیکردنی ئەو پۆلێنکاری و دابەشکاریانەوە کە لە بنەڕەتەوە ئەم ناسنامانە دروستیان کردووە.

ڕووداوە تاقانەکەی ئۆجەلان کە لە میانەی مۆدێلە تازەکەی کۆمەڵگای دیموکراسی دا نمایندەی دەکات لەگەڵ ئەو تەرزانەی چارەسەریدا کە لەسەر بنەمای ناسیوناڵیزم و بەشەکێتین،  تێگدەگیرێت. مۆدێلێکی سیاسییە بە مانا قووڵەکەی، چونکە تەنھا بە زیادکردنی ناسنامەی کوردی بۆ ئەو کەمینانەی دانیان پێدانراوە وازناھێنێت بەڵکو خودی مەرجەکانی بوونی سیاسیی دەگۆڕێت. لە میانەی تێپەڕاندنی ناسنامە جێگیرەکانیشەوە، ئاسۆیەکی گەردوونی نوێ دەکاتەوە،  تیایدا ئینتیما سیاسیەکان بۆ گروپە ڕەگەزی و نەتەوەییەکان کورتناکرێتەوە، بەڵکو لەسەر دووبارە وێنایەکی سەرتاپاگیر و دیموکراسی بۆ ژیانی ھاوبەش دەوەستێت.

لە ڕووی پراکتیکیشەوە، ئەم تێڕوانینە کورد و جگە لەوانیش بانگ دەکات بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەیەکی سیاسییدا،  تیایدا دووبارە پێناسەی "ئێمە" دەکرێتەوە، نەک لە ڕێگای ڕێککەوتن لەسەر یەکسانکردنی کۆمەڵە جێگیرەکان، بەڵکو لە ڕێگای ئافراندنی شێوازی نوێی سۆبێکتیڤێتەی کۆلێکتیڤ و دەستەجەمعی و کۆمەڵگەیەکی سیاسیی کە دابەشبوونە کۆنەکان تێپەڕێنێت. خاڵێکی گۆڕانکاریە بوار لەبەردەم داھاتوویەک دا دەکاتەوە کە بەکۆیڵەکردن و وەدەرنان تێدەپەڕێنێت، بەشێوەیەک ناسنامە نابێتە کۆت بەڵکو خاڵێک دەبێت بەرەو ئازادبوونێکی دیموکراسی فراوان.

ھیوادارین ئاواتەکەی ئۆجەلان بێتە دی، ڕۆژێک ببینین ئۆجەلان و ژیژەک و بادیۆ، لە پاڵ چەندین بیرمەندی جیھانی تر دا، ھەوڵەکانیان بەشێوەیەکی ھاوبەش یەکبخەن بۆ کاری جەماعی  لە پێناو دروستکردنی سۆشیالیزمێکی دیموکراسی ڕاستەقینە دا.

 

جیھاد حەمی: نوسەرێکە لە ئەڵمانیا دادەنیشێت، ئەدەبی ئینگلیزی و ئەمەریکی لە زانکۆی ھامبۆرگ دەخوێنێت. بەم دواییانە کتێبێکی بە زمانی ئینگلیزی بە ناونیشانی (ROJAVA IN FOCUS: CRITICAL DIALOUGES) بە ھاوبەشی لەگەڵ پرۆفیسۆر جێفری مایلی دا بڵاوکردەوە.

 

سەرچاوە:

الكونية التحررية: أوجلان، جيجك، وباديو – amargiscope



[1] Concrete or Immanent Universality

[2] Post-Scarcity Anarchism

پەیامێک جێبهێلە

تێبینیەک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر