ڕێناتا سالیکڵ
و. دێرسیم فایەق
ماوەیەک لەمەوبەر، لە بازاڕێکی سەوزەومیوەی مانهاتندا وەستام بچم هەندێک پەنیر بهێنم بۆ ئێوارەخوانێك. ئەمانەی لێبوو: چەندین ڕەفەی بەرهەمە شیرەمەنییەکان، چەندین بەرهەمی خۆشکراو – هەر پەنیری لە نەرم و شینی هۆڵەنەدییەوە بۆ ناسکی ئینگلیزی و فەرەنسی ناوازە – هەر هەموویان بە هەمان ڕادەی یەکتر سەرنجیان ڕاکێشمان و خواستم چووە سەری. نەمتوانی یەکیان هەڵبژێرم.
ڕێکارەکانی خوێندکارێکی وردودرشتم گرتەبەر: دەستم کرد بە خوێندنەوەی نوسراوەکانی سەریان. گەر یەکەم هەڵە ئەوە بووبێت چوومە دووکانەکەوە بێ ئەوەی لە خەیاڵمدا بێت چی جۆرە پەنیرێکم دەوێت، دووەم هەڵەش ئەمەی دواتریان بوو؛ بەڵام ئێستا ئەو وروژمە سەرگێژکەری دەستنیشانکرد [ـی شتێک] بەهۆی ڕەوانبێژی نوسراوی سەر پێچانەوەکانیانەوە ئاڵۆزتر بوو. چی وایکرد پەنیرێکی دیاریکراو زۆر جیاوازتر بێت لە سەدان دانەی چواردەوەری خۆیەوە؟ هەر یەکەیان بە دەقیقی و هەستبزوێنییەوە جاڕی ڕندی و فەزیلەتەکانی خۆی دەدا. وەردە وردە سەرم گێژی خوارد، بەڵام تەنها بەهۆی بۆنی سەرتوێژەکەیانەوە نەبوو. شتی هەرە سەیر ئەوە بوو لە جیاتی ئەوەی بەداخبم بۆ ئەو هەموو خۆ خەریکردنە بێسوود و زیادەیە کە بەهۆی هێنانی پەنیرێکی سادەوە هاتە ئاراوە – تا ئەم کاتە شکوربووم بە دانەیەک کە باش بڵاو بێتەوە یا تامی خۆش بێت دوای بژاردنی، وەک لەو دانە سەرنجڕاکێش و هەڵملێبەرزبووانە – بە زوویی تووڕە بووم لە خۆم کە بێقەرار ماوم. ناوی ئەو هەموو پەنیرە ناوازانەی تاقیمکردبۆیەوە پێشتر چی لێهات؟ چی لەو هەموو کاتە هات کە لە فەرەنسا بەسەرم بردبوو؟
هەڵەی سێیەمیشم ئەوە بوو کە ڕاوێژ بەو کابرایەی بەرپرسی بەشی پەنیرەکە بوو، بکەم. لە یەک شوێندا بە سەدرییە یەکپۆشە بێپەڵەکەیەوە، چەسپیبوو و دەستەکانی بە زۆری لەدواوە گرتبوو و وا دەردەکەوت کە زۆر بزانێت و بە دڵخۆشییەوە ڕۆڵی دەسەڵات بگێڕێت، بەڵام هێشتا شتێک وایلێکردم گوومان بکەم کە لەوانەیە ئامانجی سەرەکی ئەو تەنیا بارکردنی من بێت لە هەندێک پەنیری گرانبەها، کە نەتوانن لە باری تردا بیفرۆشن. بەم شێوەیە، سەرلێشێوای داگەڕایە سەر گومانکردن و ڕقلێهاتن. لە کۆتایدا، بە گوێنەدان بە هەموو ئامۆۆژگارییەکانی و بڕینی لە هەموو ئاوازی قسە باق و بریقەکان لەسەر پەنیرەکان، بڕیارمدا هەندێک پەنیری تا ڕادەیەک هەڕەمەکی هەڵبژێرم، لەسەر بنچینەی ڕووکاری ناوازە یان ناوازەیی ناوەکانیان.
لەوانەیە وێناکردنێکی تا ڕادەیەک بۆرژوایانە بێت، بەڵام وێناکردنێکە کە هەندێک لەو هۆکارانە پیشان دەدات بۆچی بژاردەی پەرێشانکار و زۆروزەبەند دەتوانێت دڵەڕواکێ و هەستی لەباردانەبوویی زیاد بکات. کاتێک ئیتالۆ کالڤینۆ لەسەر ئەزموونێکی هاوشێوە دەنوسێت – ئەوەی کە کارەکتەرە سەرەکییەکەی، بەڕێز پالۆمار، سەردانی شوێنێکی بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەکات لە پاریس – ئەو پەرێشانییەی بژارد کە وەک تەنگژەیەکی وجوودی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، دەگێڕێتەوە:
ڕۆحی پالۆمار هەڵبەزودابەزیەتی لە نێوان دنەدانە لێکدژەکاندا: دانەیەک کە دەیەوێت بگاتە زانین تەواو و بێکەمووکوڕ و تاقیکراوە، و تەنها لەڕێی تامکردنی هەموویانەوە بەدیدێت؛ هەروەها ئەوەی کە بەلای بژاردەی ڕەهادا دەچێت، هاوشووناسبوونی پەنیرەکەیە کە هی خۆیەتی بەتەنیا، پەنیرێک کە بەدڵنیایەوە هەیە، تەنانەت گەر نەتوانێت بیناسێتەوە (نەتوانێت خۆی تیادا بناسێتەوە).
پەرێشانی و زۆرزەبەندی ئەزموونێکی مۆزەخانە-ئاساوە و زانینێکی ئیسایکۆلۆپیدییەوە کە لەڕێیەوە لەو بەربڵاوییە فراوانەی پەنیر تێبگات، بەڕێز پالۆمار یەکەم جار هەوڵدەدات ناوی پەنیرە نەناسراوەکان بنووسێت، ئەوانەی کە بەهیواخوازە لە داهاتوودا لە بیری بێت؛ بەڵام لە کۆتایدا، کاتێک بژاردەکەی هەڵبژێرێت، شتێکی تاڕادەیەک ساکار هەڵدەبژێرێت:
ئەو نەزمە وردەکار و چاوچنۆکەی کە مەبەستێتی هەڵخزانێكی کاتی لە زەینیدا درووست بکات؛ دەمی تەتەڵە دەکات؛ دەکەوێتە سەر دیارترین و سادەترین و زیاترین ڕیکلام بۆکراو، وەک بڵێی ماکینەی خۆکردی شارستانیەت تەنیا چاوەڕێی ئەم چرکەساتی نادڵنیاییە بوون لەمەوە، بۆ ئەوەی دووبارە ڕاگیری بکەنەوە و ڕەحمی پێبکەن.[1]
بەلای کارەکتەرەکەی کالڤینۆوە، بە وێناکردنی ئەو چیرۆکەی هەر پەنیرێک هەیەتی و ئەو ڕاستییەی کە "هەر جۆرە پەنیرێک لەوەڕێکی سەوزی جودا لە ژێر ئاسمانێکی شینی جیاوازدا دەردەخات"، پەرێشانکەرە. بۆیە، بڕیارە ساکارەکەی کۆتایی ژێستێکە بۆ داخستنی ئینسایکۆلۆپیدیاکە چونکە زۆر زانیاری تێدایە. ئەو پەنیرانەی لە هەمووی زیاتر ڕیکلامی بۆ کراوە هێمنی و ئارامی دەهێنێت، چونکە لەگەڵ خۆیدا نادڵنیایی دۆزینەوەی شتێکی نوێ دەڕەوێنێتەوە.
کاتێک خۆم لە ڕەفەی پەنیرەکاندا ڕووبەڕووی ئەم ئەزموونە تاقەتپروکێنە بچووکە بوومەوە، ئەوە "سەوزیی جیاواز" و "ئاسمانی جیاواز"ـی پشتی هەر پەنیرێک نەبوون کە تووشی دڵەڕاوکێیان کردم، بەڵكو ئەوە لێپرسینەوەیە بوو لە ئارەزووکانی خۆم لە نیگای ئارەزووەکانی ئەوانیتردا کە بووە هۆی دڵەڕاوکێم. یەکەم، بێزاربووم لە پرسیاری ئەوەی ئەوانیتر چۆن بیر لە بژاردەکەی من دەکەنەوە. هەوڵمدا مەزندەی ئەوە بکەم هاوڕێکانم لەوانەیە حەزیان لە چی جۆرە پەنیرێک ببێت و چی جۆرە پەنیرێکی نائاسایی ئەبڵەقیان دەکات؛ و بێزار بووم لەوەی ئەو پیاوە لووتبەرزەی پشت ڕەفەکە سەیری منی دەکرد و بە ئاشکرایی چێژی لە بێزانیاری من دەبینی لە بواریی پسپۆرییەکەی خۆیدا. دووەم، نیگەران و قەلەقی تاموچێژەکانی خۆم بووم – تووڕەبووم لە خۆم بەوەی زیاتر بەکاربەرێکی پڕزانیاری نەبووم. کاتێک کە کۆتای هات، توانیم لە دڵەڕاوکێی ئەو هاوڕێیەم تێبەگەم، کە پرۆفیسۆرێکی بەناوبانگی یاسایە، کاتێک دانی بەوەدا نا هەستی بە چیکردووە کاتێک لە ڕێستۆرانتێکدا داوایان لێکرد شەرابێک هەڵبژێرێت. لەوە دەترسێت کە ئەوانی تر گاڵتە بە بژاردەکەی بکەن. بە هۆی دڵەڕاوکێکەیەوە هەمیشە داوای شەرابێکی زۆر گرانبەها دەکات و لە کۆتایی خوانەکەشدا پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات پارەکەی بدات. کاتێک پرسیار لە خەڵک دەکرێت لەبارەی ئەوەی چی بە زەبر و تراوماییە لە بژرادەدا، زۆربەی کات ئەمانەی خوارەوە ڕیز دەکەن:
· دەیانەوێت بژاردەیەکی ئایدیاڵ و نموونەیی هەڵبژێرن (بۆ نموونە، لەبەر ئەمەیە کە بە بەردەوامی دایبنکەری هێڵی تەلەفوونەکانیان دەگۆڕن)
· پرسیاری ئەوە دەکەن ئەوانیتر چۆن بیر لە بژاردەکانیان دەکەنەوە و ئەوانیتر ڕەنگە چی بژاردەیەک هەڵبژێرن
· هەست بەوە دەکەن لە کۆمەڵگەدا وەک گشت هیچ کەسێک خاوەن ڕای کۆتایی نیە (بۆ نموونە، سەریان لەوە سووڕ دەمێنێت، کە ئایا هەر بەڕاستی دەیانەوێت بەپرس بن لە دیاریکردنی سەرچاوەی کارەباکەیان. لە خۆیان دەپرسن: ئایا دەبێت ئەمە بژاردەیەکی تاکەکەسی بێت؟)
· لەوە دەترسن کە لە ڕاستیدا ئازادانە بژاردەیەک هەڵنابژێرن (چونکە گومان لەوە دەکەن خەلکی دیکە یا تەنانەت وەبەرهێنەرەکان بە ستراتیژیەتی بازاڕکردنەکەیانەوە پێشوەختە بۆیان "هەڵدەبژێرن")
لە چەند دەیەی ڕابردوودا چەندین کتێب و وتار لەسەر بەختەوەری نوسراون و پرسیاری ئەوەیان کردووە بۆچی لە کۆمەڵگە سەرمایەدارە گەشەسەندووەکاندا فرەیی و زۆروزەبەندی بژاردە خۆشی و ئاسوودەیی بەدوای خۆیدا ناهێنێت؛ و بۆچی دەوڵەمەندبوون واناکات خەڵکی بەختەوەرتر بن.[2] هەرچەندە ئەم ئارگومێنتانە بە زۆری ڕەخنە لە سیستەم دەگرن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش باوەڕی بنچینەیی کۆمەڵگەیان پەسەندە: ئەوەی کە دەبێت بەختەوەری و خۆ-بەدیهێنان[3] ئامانجە سەرەکییەکانمان بن.
لەگەڵ ئەوەشدا سەرمایەداری پەرەدەسێنێت و گەشەدەکات بێ ئەوەی هیچ بایەخێکی ئەوتۆ بەو ئامانجانە بدات. ڕۆماننوسی کەنەدی ویل فێرگسۆن، لە ڕۆمانەکەیدا "بەختەوەری" کایە لەگەڵ ئەم ئایدیایەدا دەکات لەڕێی هێنانەپێشچاوی ئەوە چی ڕوودەدات کاتێک گەر خەڵکی ڕۆژئاوا هەرگیز بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و گشتەکییانە بەختەوەر ببن.[4] باس لە کۆمەڵگەیەک دەکات تیایدا کتێبێکی گەشەپێدانی-خود خەڵکەکەی خەواندووە و خستوونیەتە ژێر ئەفسوونی خۆیەوە، بەوەی ڕێگەیەکی ڕاست و ئاسان بۆ بەدیهێنان (fulfilment) دابین دەکات. کتێبە بچووکە وەک ڤایرۆس بڵاودەبێتەوە. هەر کەسێک کە کتێبەکەی خوێندەوە یەکسەر واز لە ژیانە کۆنەکەی دێنێت، و سادەتر جلوبەرگ لەبەر دەکات و چیتر میکیاژ ناکڕێت و نەشتەگەری جوانکاری ئەنجام نادات و هەموو گرێبەستەکانی لەگەڵ هۆڵەکانی لەشجوانیدا هەڵدەوەشێنێتەوە و دەستبەرداری ئوتومبێل دەبێت دەست لە کارەکەی دەکێشێتەوە. لە هەموو شوێنەکان دەرگای ئۆفیسەکان هەمان تێبینیان لەسەرە: "چووە بۆ ڕاوە ماسی!" ئەم خەڵکە تازە بەخەبەر هاتووەوەیە دەگەنە لووتکەی بەختەوەری – لەڕووی جەستەییەوە ئارامترن و هەموو کاتێک پێدەکەنن و بە نەرمونیان و شادییەوە دەجووڵێنەوە و هێمنی دەتەننەوە. بەڵام کاتێک جەماوەر بە هەقیقی دڵخۆش دەبن، سەرمایەداری لە بنچینەوە هەڵدەتەکێندرێت. پیشەسازییەکان وەک پوولی دۆمینۆ یەک لە دوای یەک دەکەون. دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی گەشەپێدان-خود، بەوەی زۆر نیگەرانن، بە نوێنەرایەتی خاوەنپشکەکان و سەرانی جیهای سەرمایەداری بڕیار دەدەن بە وەستاندنی ئەم بزووتنەوەی بەختەوەرییە. دەستدەکەن بە گەڕان بە دوای نوسەری کتێبەکەدا. بە زووی دەردەکەوێت کە نوسەرەکە مامۆستایەکی ڕۆحی هیندی نیە، وەک بەرگەکەی دەیڵێت، بەڵکو کەسێکی تەنیایە و لە کەراڤانێکدا دەژی. دەردەکەوێت دوای ئەوەی زانیوێتی شێرپەنجەیەتی، پیاوەکە بیری لە کتێبێک کردۆتەوە وەک ڕێگەیەک بۆ ئەوەی هەندێک پارە بۆ نەوەکەی بەجێبهێڵێت. بەم ئامانجەوە لە خەیاڵیدا، ئەو هەر تەنیا ئایدیا سەرەکییەکانی ڕێنمایی کتێبە هەبووەکانی گەشەپێدانی-خود کە لەخۆیانی گرتبوون هێنابووە پاڵیەکتر. چیرۆکە بەوە کۆتای دێت کاتێک بڵاوکارەکە پیرەمێردەکە ڕازی دەکات کە نوسینەکەی زیانی گەیاندووە وەک لەوە قازانجی هەبێت بۆ گەشەی کۆمەڵگە. بۆیە هانیدەدەن بۆ ئەوەی کتێبێکی نوێ بنوسێت لەسەر چۆن ببیت بە کەسێکی خەمگین، بۆ ئەوەی سەرمایەداری بتوانێت زیاتر بگەشێتەوە.
سەرمایەداری هەمیشە یاری بە هەستی بێتوانایی و هیچ لەدەستنەهاتوویی و هەروەها درکێکردنی ئەوەی کە ئێمە ئازادین بڕیاربدەین چی ڕێچکەیەک لە داهاتوودا هەڵبژێرین و ژیانمانی لێوە گەشەپێبدەین، کردووە. هەر لە کۆتای سەدەی حەڤدە بەملاوە، پرۆژەی ڕۆشنگەری پەرەی بە ئایدیای بژاردەدا – کە بووە هۆی سەرهەڵدانی تێگەیشتنی مۆدێرنی سیاسی لە ئازادی و پەیوەندی نێوان جەستە و زەین و ئاشق و ماشوق و منداڵ و باوان. و بەدڵنیایەوە، سەرمایەداری هەر تەنیا هان و برەوی بە ئایدیای بژاردەی بەکاربەر و بەرخۆر نەداوە بەڵکو هەروەها برەوی بە ئایدۆلۆژیای مرۆڤی خۆ-درووستکردوو[5]ش داوە، کە ڕێگەی بە تاکەکەسەکان دەدا بەوەی ئیتر ژیانیان وەک زنجیرەیەک لە هەڵبژاردە و وەچەرخانگەلی مومکین و فەراهەم ببیننەوە.
یەکەمجار لەم سیاق و ناوکۆییەدا، لە فۆرمی هەوڵدانێک بۆ بەستنەوەی ئایدیای ئەوەی زۆرترین شت لە ژیانی پسپۆریی تاکەکەسدا هەڵبهێنجرێت لەگەڵ ئایدیای خۆتەرخانکردنێک بە بیری ئاینییەوە، ئایدیای بژاردە هاتەئاراوە. پێشوەختە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەی بەریتانیادا کتێبانێک هەبوون ئامۆژگاریان دەدا لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی هەموو تواناکانی کەسێک و دەوڵەمەندبوون و سەرکەتووبوون، لە کاتێکدا هەر هێشتا لە خزمەتی مەسیحدا بێت و رۆڵێکی بەسوود لە کۆمەڵگەدا بەدیبهێنێت.[6] سەرەڕای ئەوە، دەستەواژەی "پیاوی خۆ-درووستکردوو" دەخرێتە پاڵ هێنری کلای، کە خۆی پیاوێکی خۆ-درووستکردووبوو و یەکێک لە پێشەنگانی پیشەسازیگەرا سەرەتاییەکانی ئەمریکابوو. (بەشێوەیەکی تەوساوییانە، کلای یەکێک بوو لە لایەنگرانی بەناو "سیستەمی ئەمریکی"، کە پلانێک بوو بۆ بەگەڕخستنی ئابووری، کە بە ڕەخنەگرانی ئەوەیان دەختەڕوو تیایدا کرێکارە تاکەکەسەکان کورتدەکرێنەوە بۆ ئاستی مەیموونێکی ڕاهێنراو.) هەروەها بنیامین فرانکلینیش بە شانوباڵی ئایدیا پیاوی خۆ-درووستکردوودا هەڵدەدا: جەختی لەوە دەکردەوە کە زۆربەی پیاوە سەرکەوتووەکانی مێژوو لەوانە بوون کە بنەچەیەکی سادەیان هەبوو و زۆربەی کات خۆیان-فێرکردووە. ئەم پیاوانە بە توانایی سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگەکانی ژیاندا و قۆستنەوە هەموو هەلەکان لە شوێن کەوتنی هەندێک ئامانجی ڕاستگۆ و جێبایەخدا، دەناسرانەوە. بنچینەی ئایدیای پیاوی خۆ-درووستکردوو بڕوا بوو بەوەی دەوڵەمەندبوون ئەنجامێکی سرووشتیانەی هەر پیاوێکە کە لێهاتووییە تایبەتەکانی بەگەڕخستبێت. "هیچ پیاوێک ناتوانێت دادوەرانە لەگەڵ بلیمەتێتییەکەی ناخیدا بجووڵێتەوە"، ئێمەرسۆن نوسی، "بەبێ داواکردنی لە بژێوییەکی ڕووت زیاتر لە جیهان".[7]
خەونی ئەمریکی سەدەی هەژدە پیاوی خۆ-درووستکردوو، بناغەی چیرۆکە بەناوبانگەکانی هۆراتیۆ ئالجێر بوو بەناوی لە-شرۆڵەییەوە-بۆ-دەوڵەمەندی بوو لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا، کە تیایدا بۆیاخچی پێڵاو و وردەفرۆش و نمایشکەری سەر شەقام و ئەوانیتر لە پلەی بەلەنگازییەوە بەرزبوونەوە بۆ پێگەی جێی ڕێزی چینی-ناوەڕاست. لێرە گەر "خۆ-درستکردوو" بیت بە واتای ئەوە دێت بە پەیژەی سەرکەوتندا سەرکەوتوویت. پێش هەموو شتێک، پیاوی خۆ-درووستکردوو کۆست و تەگەرەکان بەریپێناگرن. بە پێداگیری تەواوەتی و کاری ماندوونەناسانەوە دەتوانێت بەسەر هەموو بارودۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا سەرکەوێت کە تیایدا لە دایک بووە. بە ویستی نەبەزیوەوە ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە و کۆستە و تەگەرەکان تەنها یارمەتیدەرن لە شێوە بەخشێن پێیدا. لەڕێی ڕووبەڕووبوونەوە و مامەڵەکردن بە شێوەیەکی قارامانانە لەگەڵ نەیارێتیدا، پیاوێک دەتوانێت ببێت بە بە داگیرکەری ڕاستەقینەی خۆی و جیهان.
مشتومڕێکی دوورودرێژ، کە لە سەدەی نۆزدەدا گەیشتە لووتکە و تا ئەمرۆکەش یەکلایی نەبۆتەوە، لەبارەی ئەوەی دەوڵەت لە شتێکدا قەرزاری هاوڵاتییەکانێتی و ئەو هاوڵاتییانەش قەرزاری چی یەکترن. پرسیارەکە ئەوە بوو ئایا تاکەکەسێک ناچارە بیر لە خۆشگوزەرانی هەمووان بکاتەوە یاخود ئایا دەبێت ئامانجەکانی جەڵەوبکرێن. لە کاتێکدا ڕەخنەگرارانی "laissez-faire[8]" پێداگیریان دەکرد لەسەر یاسادانانێکی ڕێگریکارانە و ڕێکخەرانە و دەستێوەردانی چالاکانەی دەوڵەت لە پرسە ئابوورییەکاندا، بەرگریکارانی بازاڕی ئازاد خۆیان بەستەوە بەو باوەڕەی کە مەبەستی باش و دەستپاکی تاکەکەسی و یاسای گەردوونی ئەخلاقیی سزادان[9] پارێزبەندییەکی بە پێی پێویستی دابین دەکرد. هەندێک کتێب لەبارەی گەشەپێدانی-خودەوە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا کە هێشتا بە ئاوازێکی ئاینی دەیانخوێند ئەوەیان دەخستەڕوو کە پیاوی خۆ-درووستکردوو پێویستی بە هەندێک سەرچاوەی دەرە-ئەخلاقی هەیە و هەروەها سەرکەوتنەکانی بەڵگەی ئەوە بوون کە ئەوانەی دۆزیونەتەوە و بەکاریهێناون. ئەم کتێبانە هەروەها مکوڕبوون لەسەر بەرپرسیارێتی بازرگان لە خۆشگوزەرانی شوێنکەوتووانی و ئەو تێڕوانینەیان ڕەتدەکردەوە کە سەرکەوتنی بلیمەتانەی یەکێک لەوانەیە بە واتای شکستی زۆر دیکە بێت. گەشبینەکان بۆیە پێیان وابوو، تا ئەو کاتە کە تۆ کەسێکی ڕاستگۆ بیت لە مامەڵەکانتدا، هەر سەرکەوتنێک دەرچەیەکە بەڕووی سەرکەوتنی زیاتردا دەکاتەوە.
سەرەڕای ئەوە، کتێبە مەسیحییەکانی گەشەپێدانی-خود کە هێڵێکی کاڵڤینیستی لە خۆگرتبوو، لە هەوڵی ئاشتکردنەوەی خوێنەرەکانیدا بوو لەگەڵ گرنگی ژیانیاندا: هەروەک چۆن ژمارەیەکی دیاریکراوی جێگا هەیە لە بەهەشتدا، بەهەمان شێوە مەحاڵ بوو هەموو کەسێک چێژ لە سەرکەوتنە زەمینییەکان وەرگرێت. براوە و دۆڕاو هەبوو، بەڵام لە هەقیقەتدا مرۆڤەکان شەریان لەگەل یەکتردا نەدەکرد؛ ئەوان لە ململانێی بەردەوامدا بوون لەگەڵ خودە نزمەکەیاندا.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئاواز و مەیلی زۆرێک لە کتێبە ڕێنوێنییەکانی گەشەپێندای-خود بە شێنەیی گۆڕانیان بەسەردا هات. مەفهوومی بەزاندن و هێنانەخوارەوەی ڕکابەرەکان و نیشاندانی سەرکەوتن بەرەبەرە پەسەند دەکرا. کاتێک پیاوێک هەوڵی دەدا سەرکەوتوو بێت لە ژیانیدا، نەک هەر تەنیا دەستیدەکرد بە ململانێ لەگەڵ خودە ناوەکییەکەی یا لەگەڵ ئەو هەلومەرجانەی کە لێوەی دەهاتنەگۆڕێ، بەڵكو هەروەها ئەو پێویستی بەوە بوو سەرنج بخاتەسەر زاڵبوون بەسەر ئەوانیتردا کە شوێن سەرکەوتنەکانی خۆیان کەوتبوون. بۆیە هەڵبژاردنی ئاڕاستەی ژیانی کەسێک پەیوەست بوو بە ئایدیا پۆست-داروینی مانەوەی گونجاوترینەوە؛ و ژیان وەک جۆرە مەیدانێکی جەنگ هەستیپێدەکرا کە تیایدا تەنها بەهێزەکان یاخود لێهاتووەکان سەردەکەوتن. لەگەڵ بەردەوامی سەدەکەدا و بە هاتنە ناوەوەی ژنان بۆناو هێزی کار بووە هۆی بەهێزترکردنی ئایدیای پیاوی خۆ-درووستکردوو. ئایا دەکرێت ژنی "خۆ-درووستکردوو"ش هەبێت؟ و گەر بکرێت، چی زیاتر پیاوانە بوو لە دەرهەق بە بوون بە خۆ-درووستکردوودا؟
ئێستاکە، بوون بە "خۆ-درووستکردوو" ڕێچکەیەکی ڕاستەوڕاست نیە. لە وڵاتە گەشەسەندووەکاندا پیاو و ژنانی گەنج، هەروەها بە سادەیی شوێن ڕێچکەیەکی ڕێک ناکەون بەسەر پلیکانەی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا: مانەوە، تەنانەت خۆشگوزەرانیەکی گونجاو، لەوانەیە وەک پاداشتێک سەیر بکرێت. بۆیە ئەرکەکە ئەوەیە ببیت بە خۆ-داهێنەر. بەلای پسپۆرەکانی پۆستمۆدێرنەوە، ژیان جۆرێکە لە کارێکی هونەری یا وەربەهێنانێک، شتێک کە جوانبکرێت و پیایداچوونەوەی بۆ بکرێت و گەشەی پێبدرێت، هەروەها سەرکەوتن بریتییە لە تەواوەترین ئیفادەی مومکینی ئەو. بۆیە ئایدیای بژاردە ڕیشەییانە و ڕادیکاڵانە بووە: هەموو شتێکی ژیان بووەتە شتێكی دەرهەق بە بڕیاردانەکانەوە، کە پێویستە بە شێوەیەکی ئاگادارانە بدرێن بۆ ئەوەی نزیکتر ببینەوە لەو ئایدیاڵانەی بەختەوەری و خۆ-بەدیهێنان کە گۆمەڵگە برەوی پێدەدات.
ژیانی من، دامەزراوەکەم
ئەو سەردەمی تیایدا دەژین تەنراوە بە سەرمایەی بێئۆقرە[10]. ئارەزوویەکی بەردەوام هەیە بۆ دەستمایە[11] خێراکان. بەڵام ئەوە تەنیا کۆمپانیا و دامەزراوە و خزمەتگوزراییە داراییەکان نین کە فشاریان لێدەکرێت ئیدارەی هەموو ریسک و تاڵوکەیەک بکەن و قازانجەکانیان زیاد بکەن. ئێمە هەموومان هاندەدرێین وەک دامەزراوە[12][کۆمپانیا]کان بجووڵێینەوە: بۆ ئەوەی پلانی ئامانجەکانی ژیان دابنێین و وەبەرهێنانی درێژخایەن بکەین و شل و کراوەبین بۆ هەر شتێک و وەبەرهێنان و بەگەڕخستەنەکانی ژیانمان دابڕێژینەوە و سەرکێشی پێویست بکەین بۆ ئەوەی قازانجەکان زیاد بکەین.
وەبەرهێنەرێکی ئینتەرنێتی کە کۆمپانیایەکی گەورەی لە کاتی 'بەبڵ دۆت.کۆم'[13]دا دامەزراند، جارێک چیرۆکێکی بۆ گێڕامەوە کە چەندێک قورسبووە، دوای داتەپینی بەبڵەکان، کرێکارە گەنجە بە ئەمەکەکانی دەربکات. یەک گفتوگۆی بیردەهاتەوە کە زۆر جەرگبڕبوو. کاتێک هەواڵە ناخۆشەکەی باسکرد، پیاوە گەنجەکە بۆ چەند ساتێک سەیری کرد وەک بڵێی خەریک بوو بداتە قوڵپەی گریان. بەڵام دواتر بە خێرای خۆیکۆکردەوە و دەفتەرێکی دەرهێنا و پرسیاری ئەوەی کرد بەتەواوەتی لە چیدا هەڵەی کردووە، لە چی بوارێكدا بە پێی پێویست کاری نەکردووە و بە تایبەت چۆن بتوانێت پاشتر بێت لە کاری داهاتوویدا. بەوەی زۆر کاریگەر بوو بە کاردانەوە بەهەستەکەی پیاوە گەنجەکە، سەرۆکە پێی وت هیچ شتێکی هەڵە لە کارەکانی ئەودا نیە؛ بازاڕ بە سادەیی بۆتە هۆی داڕمانی کۆمپانیاکە. پیاوە گەنجەکە پێداگیری دەکرد؛ پێویستی بە ڕاوبۆچوونی[14] زیاتر بوو. دەیویست "کار لەسەر خۆیبکات" و ببێتە فەرمانبەرێکی باشتریش لە کاری داهاتوویدا.
ئەوە سەردەمێکی زۆر لەمەوبەر نەبوو، کاتێک ئەوەی لەسەر کارەکەی دەردەکرا لۆمەی هەلومەرجە دەرەکییەکەی دەکرد، بەڵام ئێستا ناچارکراوین بە خۆماندا بچینەوە هەڵسەنگاندن بکەین و کار لەسەر ئەوە بکەین لە چیدا شکستمان هێنا لەوەی لە کارەکەدا بمێنینەوە. هەڵسەنگاندن[15] دواهەمین شا-دەستەواژەی کەلتوری فەرمانبەریی ئەمڕۆیە. لە بەریتانیادا مامۆستایانی زانکۆکان نیوەی کاتەکەیان لە نوسینەوەی ڕاپۆرت لەسەر خوێندکارەکان و پرۆگرامەکان و هاوکارە ئەکادیمییەکاندا بەسەر دەبەن. لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی جیهاندا، تەنانەت فەرمابەرەکان لە لایەن سەرۆکەکانیانەوە هەڵناسەنگێندرێن بەڵكو داوایان لێدەکرێت خۆیان هەڵنسەنگێنن. ڕێکاری بەردەوامی هەڵسەنگاندن و چاودێریکردن کە رۆحی بەرهەمهێنانی پیشەسازییانەیە، وەک ڕێگەیەک بۆ کۆنترۆلکردنی ڕەفتارەکانمان ناوەکی و ناواخن بۆتەوە. لەبەر ئەوەی "دەقیقی و وردی" هەڵسەنگاندنەکانی یەکێک لەسەر خۆی دواتر بەراورد دەکرێت بەوانەی بەڕێوەبەرانی یا سەروی خۆی، ئەمە لە خۆیدا بڕێكی باشی دڵەڕاوکێ درووستدەکات.
تا زیاتر دوورەدەست بین لە تەڤلیبوونی ڕاستەقینە لە فەزای کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، زیاتر بەرەو خۆ-دەستەودامێنکرن[16]دا ڕاپێچدەکرێین. تا ڕێچکەی ژیانمان کەمتر پێشبینیکراوتر و کۆنترۆلکراوتر بێت، زیاتر فشارمان دەخرێتە سەر نەخشە بۆ ڕێچکەی خۆمان دابنێین و و قەدەرمان "دەستەودامێن" بکەین و خۆمان دووبارە شێوەگیر[17] بکەینەوە. سەرەڕای ئەو کاتە هەقیقییەی لەسەر کارەکانمان بەسەری دەبەین، کە زۆر زیادیکردووە، چاوەڕێی ئەوەمان لێدەکرێت کە بچینە ناو دووبارە ڕاهێنانەوە و فێربوونەوە بۆ جۆری نوێی کار و ڕووخسار گەنج مانەوە و تەندرووست باش و بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای ئەوەی کە لەوانەیە لە واقیعدا "بانگکردنە ڕاستەقین"ـەکەمان بێت.
بۆ ئەوەی ژیانێکی سەرکەوتووانە بژین، دەبێت ببینە وەبەرهێنێکی سەرکەوتوو. دەبێت فێری لۆژیکی بازاری بۆرسە ببین و ببین بە ڕاوێژکاری دارایی خۆمان؛ هەروەها زۆرمان لێدەکرێت ژیانی خۆمان وەک وەبەرهێنانێک ببینین. قسەی سواو و کڵێشەیی "وەبەرهێنان"ـی کات و بایەخدان لە پەیوەندییەکدا ماوەیەکی زۆرە هاتۆتە ئاراوە، بەڵام ئێستا پێمان دەوترێت کە ئەو کات و ئەشقەی دەیبەخشینە منداڵەکانمان بەهەمان شێوە بە شێوەیەکی حەرفی و بێ ئەملاولا وەبەرهێنانە. گوایە چۆنیەتی باوانیکردن بە کاتەوە دەبێتە هۆی خستنەوەی منداڵێكی قایلکارانە و جێ ڕەزامەند: منداڵێک کە ڕەنگدەرەوەی ئێمەیە و خەون و ئیلهامە بەدینەهێنراوەکانی ئێمە بەدی دەهێنێت و لە تەمەنی پیریماندا کە ڕووی داراییەوە یارمەتیمان دەدات. تەنها لەم گۆشە نیگایەوەیە کە شتانی وەک کات و بایەخپێدان، کە زەرووریانە لە کار دەکراون[18]، وا دەردەکەوێت بە شێوەیەکی بەسوود خەرجکرابێت. بەهەمان شێوە وەبەرهێنان لە وزەکانماندا دەکەین لەگەڵ هاوسەران و هاوڕێکانیشدا، بەشێوەیەک ڕەنگە لە هەمان ڕووەوە دەستمان بگاتە ئەو یەدەکی هەست و سۆزەی وەها پەیوەندییەک درووست دەکات. ویلارد ف. هارلی، کە ڕاوێژکارێکی هاوسەرگیری بەناوبانگ بوو، بە دەقیقی نەخشەڕێیەکی وەهای داڕشت کە چۆن یەدەکێکی هەستوسۆزیانە کاربکات بۆ ئەوەی هاودەمییەکی ئەنجامداری لێبکەوێتەوە.
وێنای دوو هاوسەر بکە کە مێردەکە حەزی لە تۆپی پێیە و ژنەکەش حەزی لە پیاسەی دوورودرێژە لەگەڵ مێردەکەیدا. ژن و مێردە زیرەکەکە زەخیرە کۆدەکەنەوە بۆ ناو ئەم سەبەتەی هەستوسۆزە، لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکەیان پتەوە. بۆ نموونە، ژنەکە لەگەڵ مێردەکەیدا دەچێت سەیری یاری دەکات، هەرچەندە ڕقیشی لێیەتی؛ مێردەکەش لەگەڵ دەچێت بۆ پیاسەکردن، هەرچەندە حەزی لێیە لەبەردەم تەلەڤیزۆنەکەدا دابێت سەیری بکات. لە کاتی قەیراندا یەکێک لە هاوبەشەکان لەوانەیە دەست بکات بە کێشانەوەی هەستوسۆزەکەی؛ کاتێک یەکێکیان تووڕە دەبێت و چیتر بەشداری ناکات لەو چالاکییانەی لەگەڵ ئەویتردا هاوبەشیی دەکرد. ئیتر یەدەگی بانگی خۆسەویستی بەرە بەرە دادەبەزێت، و گەیشتۆتە خالێک کە بەتاڵ بۆتەوە یا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات. کاتێك ئەم قەیرانانە ڕوودەدەن، ڕاوێژکاری هاوسەرگیری پێشنیاری ئەوە دەکات دووانەکە پێویستیان بە گەڕانە بە دوای یەکێکی وەک خۆی تا یارمەتیان بدات بۆ ئەوەی وەبەرهێنانە بانکییە هەستوسۆزییەکەیان بنیادبنێنەوە و نەختینە داراییەکان بنیاد بنێنەوە.
هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە هاوسەرگیرییەکان باشتر دەبن گەر هاوسەران هەندێک کات پێکەوە بەسەر بەرن، و هەروەها ئەوەی کە ئەمە پێویستی بە سازشکردن هەیە لە چالاکییە هاوبەشەکانی نێوانیاندا. بەڵام کلتوری ئامۆژگاری ئەمڕۆ بەدوای وێناکردن و هێنانەبەرچاوی ئەشق و هەستەکانە وەک تووخمگەلێکی ژیان کە دەتوانرێت بە شێوەیەکی ئەقڵانی جڵەو و ئاراستە بکرێن، هەرچەندە ئەمە ئەو بوارەیە کە غەریزە و هەستە نەستییەکان لە بەهێزترینی خۆیاندان. لەبەرئەوە، ئێستا ئارەزوویەک هەیە بۆ زانینی ئەم غەریزە نەستییانە و دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ گۆڕینی هەستە ناڕەحەتکارەکان و هەروەها بە هەمان شێوە کۆنترۆلکردنی سرووشتی سەرنجڕاکێشان و سەرسامبوونەوە. لەگەڵ ئایدیا پڕ باڵادەستی ئەوەی کە دەرئەنجامەکانی ژیان هەروا بە سادەیی بابەت و مژاری بژاردەن و هەروەها ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێمە بڕیار بدەین چۆن بمانەوێ بژین و ئاشق بین، و سێکسوالیتەش وایلێکراوە وەک شتێکی ئاسان مامەڵە لەگەڵکراو دەستەدامێنبوو، بۆ نموونە، وەک پیشەیەک یا هەڵبژاردنی جێیەکی پشوودان، دەربکەوێت. گۆڤار و ڕۆژنامە بەناوبانگەکان مۆرک و ئینتیباعی ئەوە دەبەخشن کە دەبێت ئێمە بتوانین فەنتازیترین و خەیاڵیترین سێکسی فەراهەمبوومان هەبێت و هەروەها ئەوەی کە بێکۆتا وێنەی نوێ هەیە بۆ زیادکردنی تێربوون و قایلبوونی سێکسی. ژیانی سێکسی کەسەکان وەک ڕووتەختێکی باو و سادە دەردەکەوێت کاتێک بەراورد دەکرێت بە ئایدیای بەربڵاوی ئەوەی، بە پێی میدیاکان، سێکس دەبێت چۆن بێت و چۆن دەربکەوێت و هەستی پێبکرێت. گەر لە سەردەمی ڤیکتۆریاییدا [سەدەی نۆزەدەی بەریتانیا] سێکس تابوو بووبێت، ئێستا بە تەواوەتی وەک ئەوە وایە سێکس نەکردن تابوو بێت؛ و خەلکی بێدەنگی دەکەن لەبارەی ژیانی سێکسیانەوە لە کاتێکدا وێنای ئەوە دەکەن کە هەموو کەسێکی تر جۆرێک لە ژیانی سێکسی، وەک ئەوەی لە گۆڤار و تەلەڤیزۆنەکاندا دەخرێتەڕوو، هەیە. باوەڕەکە هەستی بێتوانایی و بوودەڵەیی زیاد دەکات تیاماندا، لە هەمان کاتدا ئاگر دەکات بە بەری ئەو ئارەزووە کە لێوەی پیشەسازییە قەبەکان گەشەدەکەن.
ئێستا ئایدۆلۆژیای بژاردە بە قووڵی دزەی کردۆتە ناو ئایدیاکانمان لەسەر سرووشتی تێربوونی سێکسییەوە، بەوەی پێشبینی ئەوەمان لێدەکرێت کە شتێکی لەبارەوە بکەین – پارەی زیاتر و کاتی زیاتری تیادا سەرف بکەین بۆ ئەوەی باشتری بکەین - کاتێک ژیانی ئاشقایەتیمان شکست دێنێت لەوە لەگەڵ ئایدیاڵە کلتوورییەکانی شادی ئیرۆتیکی هەمیشەیی و یاریکردن ناکۆتا لەگەڵ تەکنیکە نوێیەکاندا بێتەوە. دۆکۆمێنتاری ناڕاستەقینەی "شلکراوە[19]" نموونەیەک دەدات لەسەر وەها تێگەیشتنێکی بەرخۆرییانە لە سێکسوالیتە.[20] فیلمەکە لەسەر دوو هاوسەری گەنجە کە کێشەی سێکسیان هەیە. بێزارن لەوەی کە پەیوەندییە خۆشەویستییەکەیان لە ڕووی سێکسوالییەوە قایلکارانە نیە، بۆیە بڕیار دەدەن هەموو شتێکی پێویست بکەن بۆ ئەوەی پڕیشکە ونبووکە بدۆزنەوە. یەکەم جار دەچنە لای دکتۆرێکی میز و میزەڕۆ، کە پشکین بۆ تواناییە جەستەییەکانی سێکسکردنیان دەکات و دوای زنجیرەیەک لە شیکاری ناڕەحەتکەر چەندەها جۆر دەرمان و کرێمیان دەداتێت بۆ چارەسەری کێشەکە. دواتر دوو هاوسەرەکە دەچنە لای مامۆستایەکی سێكسی ڕۆحانی ترانترایی (tantric)، کە فێری تەکنیکی خاوبوونەوە و ئارامبوونەوەیان دەکات و پێشنیاریان بۆ دەکات چۆن دەستیان ڕابگات بە خودە سێکسییەکەی ناخیان. سێیەمجار، بڕیار دەدەن پسپۆڕێکی چارەسەرکاری سێکس تاقیبکەنەوە، کە هەر بە تەنیا مەیلی لەوە نیە گوێ لە بیروبۆچوونی دوو هاوسەرە بگرێت لەسەر سێکس، بەڵکو هەروەها دەیەوێت بیبینێت چۆن جەستییانە نزیکی سێکس دەبنەوە. دوو هاوسەرەکە لەسەر پێخەفێکی هەڕەکمەکییانە هاندەدرێن پیشانی بدەن چۆن عادەتەن جێوڕێ و پێگەی خۆیان لە کاتی دەستپێکردنی سێکسدا دیاری دەکەن. چارەسەرکارەکە یەکسەر دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە پێگەی دەستپێکردنەکەیان، کە پیاوەکە بەسەر ژنەکەوەیە، زۆر خۆ سەپێنەرانە دەردەکەوێت بۆ ژنەکە. دوو هاوسەرەکە ئامۆژگاری دەکرێن ڕەفتارەکانی سەرجێیان بگۆڕن و هەروەها هاندەدرێن پشوویەکی کۆتای هەفتە وەرگرن لە ژینگەیەکی جیاوازتردا. ئەبڵەقانە و سەرسووڕمانانە، ئایدیاکە سەرکەوتوو دەبێت، لە کاتی گەشتێکدا دوو هاوسەرەکە، دەتوانن سێکس ئەنجام بدەن. بەڵام کاتێک کە دەگەڕێنەوە ماڵەوە بڕیار دەدەن جیابنەوە. فیلمەکە بە جوانی پیشانی دەدات چۆن کەسێك لەوانەیە بڕیارێکی ئەقلانییانە بدات بۆ ئەوەی ئامانجێک بەدەستبهێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا نەستییانە هەموو شتێکی مومکین بکات بۆ ئەوەی خۆی لێ لابدات. لەوانەیە ئەوەی کە دوو هاوسەرەکەی بەیەکەوە دەبەستەوە خودی نوقسانی قایلی و تێربوونی سێکسیانە یا گەڕانی هاوبەشیان بۆ چارەسەرێک بووبێت، لە کاتێکدا واقیعیبوونەوەی دواخوازییەکەیان بووە شتێکی ناقایلکەرانە.
ئەو گوناهەی لەوانەیە هەستی پێبکەین بەهۆی ئەو نوقسانییە بەراوردکارییەی تێربوونی سێکسییەوە، لەوانەیە هەوڵبدەین ڕێگاگەلێک بدۆزینەوە تا جڵەوی ئارەزووی خۆمان و هاوبەشەکانمان بکەین بۆ ئەوەی گەشە بە ژیانی سێکسی بدرێت. لە هەمان کاتدا، ئێمە هەروەها لە هەوڵی دۆزینەوەیە ڕێگەچارەداین بۆ ئەوەی "شتێک بکەین" دەرهەق بە هەستەکانمان. ئایدیای بژاردە بە قووڵی دزیکردۆتە ناو درکردمان بە هەستەکانمانەوە، وەک بڵێی دەتوانین "هەڵیبژێرین" ئایا ئەو هەستەمان هەبێت یا نەبێت. بە تایبەت لە هەوڵی ئەوەداین لە سۆزە ئازاربەخشەکان ڕزگار بین. بابەتێکی گەڕان لە سایتی ئامازۆن.کۆمدا بۆ "تووڕەیی" دەیەها هەزار لە ناونیشانی کتێب دەهێنێت کە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا دەکەن. بە سەیرکردێنی خێرای ناونیشانە پڕفرۆشەکان، وێنای ئەوەت لا درووستدەبێت کە توورەیی کێشەیەکی گەورەیە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا: چەندین کتێبی بێهەژمار فێرت دەکەن چۆن لێی دەرباز بیت. (ڕاییکردنی تووڕەیی)، (زاڵبوون بەسەر تووڕەیدا)، (لەودیوی تووڕەییەوە)، (داگیرکردنی تووڕەیی)، (جڵەوکردنی تووڕەیی)، (سارێژکردنی توووڕەی)، (مامەڵەکردن لەگەڵ تووڕەیدا)، (بەرپرسیارێتی وەرگرتنی تووڕەیی)، ئەمانە تەنها هەندێک لەو ناونیشانانەن کە گوایە دەبێت یارمەتیمان بدەن مامەڵە لەگەڵ ئەم سۆزە یاخی و هەڵگەڕاوەیەدا بکەین. هەنگاوی دواتر (لاقرتێکردن بە تووڕەییەکەت) و چوونە (لە تووڕەییەوە بۆ بەخشندەیی) و بە تایبەت درککردنە بەوەی کە (تووڕەیی بژاردەیەکە). لەگەڵ ئەوەدا، هێنانە ناوەوەی ئایدیای بژاردە بۆ ناو بواری هەستەکان، تەنها خزمەت بە زیادکردنی هەستی دڵەڕاوکێ و تاوان دەکات. گرنگ نیە چەندێک هەوڵبدەین، لەڕێی ئەو تەکنیکانەی ئەم کتێبانە پێشنیاری دەکەن، جڵەوی هەستەکردن بە تووڕەیی بکەین، لە کۆتاییدا بە ئەگەری زۆرەوە هەستدەکەین تووڕەین لە خۆمان بەوەی نەمانتوانیوە بەسەر زاڵبین بەسەریدا. بۆیە، هەوڵ و تەقەلای وازپێهێنانی خەڵک لە تووڕەی دەکرێت ڕێیەکی دیکە بێت بۆ ئارامکردنەوەیان و ئاراستەکردنی سەرنجیان بۆ کێشە تاکەکەسییەکان و دوورکەوتنەوە لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان.
گەشەپێدانی-خود
هەسپێکردن (perception) بەوەی ئاڕاستەی ژیانی یەکێک، بەهەمان شێوە سۆزەکانیشی، شتێکە کە بکرێت هەڵبژێردرێت، باندۆڕێکی یارمەتیدەر بووە بۆ پیشەسازی قەبەی گەشەپێدانی-خود. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٢ بۆ ٢٠٠٠دا زیادبوونێکی قەبە لە ژمارەی بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی گەشەپێدانی-خوددا لە ئەمریکا ڕوویدا. لەم ماوەیەدا بە نزیکەیی لە نێوان لە سەدا ٣٣ بۆ ٥٠ـی خەڵکی ئەمریکا [کتێبی] گەشەپێدانی-خودیان کڕی. پیشەسازییەکە بەتایبەت لە کۆتایی سەدەکەدا گوڕی بەخۆوە بینی، و لە ماوەی پێنج ساڵی نێوان ١٩٩١ تا ١٩٩٦ راپۆرتی کتێبە پڕفرۆشترینەکان پیشانیاندا ژمارەی بڵاوکراوەکانی گەشەپێدانی-خود لە ١٠٠٪ زیادکردووە.[21] جۆرج کارلین بەسەرنجدان لەوەی خەڵکی دەوروبەری ئەو بەدوای گۆڕانکاریدا لە ژیانیاندا لەڕێی خوێندنەوەی کتێبێکەوە کە کەسێكی تر، نوسی: "ئەوە گەشەپێدانی مرۆیی نیە، کە یارمەتیدەر بێت.[22]"
بەشێوەیەکی گشتی، کتێبی گەشەپێدانی-خود دانراون بۆ ئەوەی دڵەڕاوکێکانمان لەسەر تەندرووستباشی و پێگەمان لە کۆمەڵگەدا بەگشتی بڕەوێننەوە؛ و ڕێگامان بخەنەبەردەست تا ژیانمانی لێوە پیشبخەین. بەڵام ئەوان هەوڵدەدەن بە بەربڵاوی ڕوونکردنەوە و چارەسەر بۆ چەرمەسەرییەکانی خەڵک پێشکەش بکەن. هەندێک لە خەڵکی باوەڕێکی قووڵی ئاینی دەنوێننەوە و بۆیە، بۆ نموونە، ئامۆژگاری خەڵک دەکات مل بۆ دەسەڵاتێکی باڵاتر کەچبکەن کاتێک ڕووبەڕووی ڕکابەرێتی دەبنەوە، و هەموو شتێک پەسەند بکەن بەو شێوەیەی کە هەیە؛ هەندێكی دیکە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە جیهان تەنها بەو شێوەیە بوونی هەیە کە ئێمە هەستیپێدەکەین و بۆیە هەموو شتێک دەکرێت بگۆڕێت گەر بە درووستی بیربکرێتەوە. چەندین کتێب هەن کە وەک کۆمپیتەرێک باس لە زەین دەکەن، وەک میکانیزمێک کە تەنها دەبێت بە هەستە درووستەکان و شێوازە ڕەفتارییەکان پرۆگرامبکرێت. هەندێکی تریش پێیان وایە کە سەرکەوتن پەیوەندی بە هێزە ئافرێنەرەکانی گەردوونەوە هەیە. بۆ نموونە شاکتی گاواین، ڕوونی دەکاتەوە سەرکەوتنی مادی کاتێک ڕوودەدات کە "فێردەبیت چۆن گوێ لە گەردوون بگریت و کاری لەسەر بکەیت، [هەروەها] دواتر پارە زیاد لە ڕادە دێتە ژیانتەوە. بە شێوەیەکی ئاسان و بێماندووبوون و شادیبەخشانە شەپۆل دەدات، چونکە پێویستیی بە هیچ قوربانیدانێک نیە."[23]
لە ١٩٧٠کاندا، کاتێک جیهان ڕووبەڕووی ژمارەیەکی بێهەژماری قەیرانی نەوت بوویەوە، گەشەپێدانی-خود وەچەرخانێکی سەرنجڕاکێشێ بەسەردا هات. زۆرێک لەو کتێبانە دەستیان کردبوو بە برەودانی ئایدیای زیندوومانەوە، گەڕانەوە بۆ هێزی کەسی و پێویستی گەڕان بۆ باشترینەکە. دەستیانکردن بە باسکردن لە ژیان وەک ئەوەی مەیدانێکی جەنگ بێت؛ یارییەک بێت تیایدا هەر یەکێک دەبێت بە "تووندی" یاریبکات؛ گەشتێک بێت بەناو دارستانێکدا.[24] خوێنەر وەک شەڕکەرێک و ڕکابەریکارێک و گەڕیدەیەک یا گەشتیارێک لە گەڕانیدا بەدوای پاداشتێکی مەزندا (کە زۆرجار تەنها لەڕێی کردنەدەرەوەی ئەوانی ترەوە بەدەست دەهات)، بە خیتابدەگیرا. پاداشتەکە سەرکەوتنێکی مادی یا رۆحی بوو. ئایدیای ئەوەی ژیان مەشق یا ڕاهێنانێکی قورسی سەربازییە، و پێشبڕكێیەکی ملشکێنەرانە یا قومارێکە و ئەوە تەنها بەهێزەکانن کە دەمێننەوە، پەیوەستە بەو پەیامە هێزپێبەخشەرەوەی کە دەبێت وەک قوربانی تەماشای خۆمان نەکەین.
لە مشتومڕەکان لەسەر سرووشتی قوربانیبوون (victimhood)، ئایدیای بژاردە بووەتە مایەی خستنەوەی ئایدیای ئەوەی کە دەتوانێت یەکێک هەڵیبژێرێت: قوربانی دەبیت یا سەرکەوتووەکە؛ هەروەها ئەوەی تاکەکان دەتوانن هەڵیبژێرن چۆن ئازەرەکانی خۆیان دەبیننەوە و دەتوانن بڕیاربدەن چی لەبارەوە بکەن. ئەو درووشمەی بە زۆروزەبەندی کتێبەکانی گەشەپێدانی-خوددا هەن. کە تەنها ئێمە دەتوانین جڵەوی خۆمان بکەین و دەبێت بژاردەیەکمان هەبێت چۆن بڕوانینە ڕەوش و ڕووداوە نێگەتیڤ و نەرێنییەکانی ژیانمان، وابەستەییەکی پەیداکردووە بە ئایدۆلۆژیای بیرکردنەوەی پۆزەتیڤانەوە، کە زۆربەی کات ڕەچەتەیەکی هەنگاو-بە-هەنگاو دەدات بۆ چۆنیەتی زاڵبوون بەسەر پاشەکشەکانی ژیانی یەکێکدا. لە کاتێکدا هەندێک لە تیۆرییەکانی گەشەپێدانی خود برەو بە کردە و هەڵسوکەوتی ئەرێنیانە دەدەن، هەندێکی تریان برەو بە بیرکردنەوەی پۆزەتیڤانە و ئەرێنیانە دەدەن. جۆری یەکەمیان زۆرجار چاوەڕوانییەکی ناواقیعی لەسەر ئەوەی لە ڕاستیدا مرۆڤ دەتوانێت بیکات دەخەنەپێش؛ جۆری دووەمیان هیوایەکی ساختە لەسەر هێزی بیرکردنەوە هەڵدەچنێت. ئەم تیۆریانە بە شێوەیەکی تایبەت ئایدیای هەمەتوانایی تاکەکەس دەقۆزێتەوە و سوودی لێدەینێت. لە لایەکەوە، ئایدیای هەمە-توانایی (omnipotence) تاکەکەسەکان هەیە کە هەر بەتەنیا بە سووربوون و پێداگیربوونێک بتوانن جیهانی دەوروبەریان بگۆڕن و لێوەی پەرە بە تەندرووستباشی خۆیان بدەن. لە لایەکی دیکەوە، ڕەتکردنەوەیەک هەیە دەرهەق واقیع وەک ئەوەی هەیە و درککردن بەوە تاکەکان هێزیان بەسەر واقیعی چواردەوری خۆیاندا دەشکێت و ئەوەی کە بەوەی لەگەڵ بینی شتەکان بە جیاوازتری ئەوا تەنانەت تۆ دەتوانیت بیشیانگۆڕیت.
ئایدۆلۆژیای بیرکردنەوەی پۆزەتیڤانە، لەم کاتی قەیران و نادڵنیاییەدا، دەورێکی بنەڕەتی دەبینێت لە ڕووپۆشکردنی زەروورەتی دووبارە بیرکردنەوە لە سرووشتی نایەکسانیە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤەکان بۆ ئەو شێوەیەی کە سەرمایەداری لێوە گەشەدەکات. کاتێک تاکەکەسەکان وایانلێدەکرێت کە هەستبکەن سەروەری چارەنووسی خۆیانن؛ و کاتێک کە بیرکردنەوەی پۆزەتیڤییانە هەمەچارەسەرێک بۆ ئەو دەردانەی لە دەرئەنجامی نادادی کۆمەڵایەتییەوە بەدەستییەوە دەناڵێنن، دەخاتەڕوو، ئەوا بەم جۆرە ڕەخنەی دۆخی کۆمەڵایەتی تابێت بە خۆ-ڕەخنەکردن جێیدەگیرێتەوە.
خاڵی گرنگ لەسەر ڕێنوێنییەکانی گەشپێدانی-مرۆیی ئەوەیە کە بەئاشکرایی کار ناکات و بێکەڵکە. سەرەڕای هەبوونی خوێنەرێکی زەبەلاح و تینو، شکستیان هێناوە لە درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی دلخۆشتر و دەروون تەندرووستتر. سەرکەوتنە ڕاستەقینەکە لێرەدایە: لەجیاتی ئەوەی ئەم کتێبانە نا-بەختەوەری چارە بکەن، لە هەموو شوێنێکدا هێز و گوڕیان داوە بە بەر پەژارەییدا. سەرنجیان ڕاکێشاوەتە سەر بێهەژمار هەڵە و شاشێتی و ناکەفائەتی لە خەلكی ئاساییدا و ئێمەیان بە شکستهێنانەکانی خۆمانەوە سەرقاڵکردووە. بۆیە زیاتر وێڵی گەشەپێدانی مرۆیی دەبین. لەوەش گرنگتر، ژانەرەکە یەکێکە لەو میکانیزمە ژێرەوانکێیە بێهەژمارانەی کە لە دەروونی دەستەجەمعی و تاکەکەسییدا تێدەژەنێتە خاڵە لاواز و هەستییارەکانەوە. پاشماوەی ئەو ڕێگایانەیە کە دەتوانێت بە باشتری هەستی بێکەفائەتیمان تیادا بهێڵێتەوە و بەردەوامانبکات لە هەوڵدان بۆ ئەوەی باشتربین و زیاتر کاربکەین. 'گەشەپێدانی-خود' پشتئەستوورە بە شکستیهێنانی خەڵک لە گەیشتن بەو چاوەڕوانیانەی درووستیدەکەن و بۆیە پێویستیان بە یارمەتی زیاتر و کتێبی زیاتر و ڕاهێنانی زیاترە.
بە داڕشتنێکی دیکە، 'گەشپێدانی-مرۆیی' هەستی بێتوانایی و بێکەفائەتی و ئەو پارانۆیایەی کە گوایا بە حساب دەیڕەوێنێتەوە، زیاددەکات. بازاڕێکی خۆ-ڕاگر و خۆ-هێڵەرەوەیە. تا ئەو کاتەی دەستکەوتە فراوانترە کۆمەڵایەتییەکان مژار بن، وەک چیرۆکەکەی جێنیفەر نیسلاین کە لە پێشەکییدا باسیلێوەکرا ڕوونیدەکاتەوە: لە جیاتی ڕەوینەوەیان، سەرکەوتووە لە درووستکردنی گوناهـ و دڵەڕاوکێدا. گەر ژیان گۆڕەپانی جەنگ بێت، ئەوا کەسەکان دەبێت بۆ هەمیشە لە جەنگدا بن؛ و گەر بیرکردنەوەی پۆزەتیڤانە ژیان باشتر بکات، ئەوا دەبێت ئێمە ئاگادار بین و بسڵەمێنینە لە هەر بیرکردنەوەیەکی نەرێنی و نێگەتیڤ؛ و گەر هەمووشتێک بوەستێتە سەر تاکەکەسەکان، ئەوا دەتوانین سەرکۆنەی هچ کەسێکی دیکە نەکەین کاتێک ڕێڕەوەی چارەسەرکارییەکە شکستی هێنا.
سەرچاوە:
Choice (Big Ideas), Renata Salecl, 2011, why choice makes us anxious. P.14-32.
[1] Italo Calvino, Mr Palomar (Vintage Books, New York, 1994), p. 72
[2] See, in particular, Greg Easterbro ok, The Progress Paradox: How Life Gets Better While People Feel Worse (Random House, New York, 2004).
[3] self-fulfilment
[4] Will Ferguson, Happiness'" (Harper Perennial, New York, 2003).
[5] self-made
[6] ویلیام پێرکینس، مامۆستایەکی لاهووتی کامبریجی سەدەی حەڤدە، کتێبێکی هاوشێوەی بیرکردنەوەیی گەشەپێدانی-خودی گەشەپێدا لە کارەکانیدا لەسەرA Treatise of the Vocation, or, Callings of Men, with the sorts and kindness of them, and the right use thereof(16o3). کارەکانی تری هاوشێوەی ئەمە لە هەمان ئەو سەردەمەدا
[7] Ralph Waldo Emerson, 'Wealth', in The Conduct of Life (Houghton, Mifflin & Co., Boston, MA, 1904).
[8] پلانێکی ئابوورییە کە دەوڵەت دەسەڵاتی نیە لە بەڕێوەبردنیدا
[9] Retribution
[10] Impatient
[11] Returns
[12] Corporation
[13] dot-com bubble: هەڵكشانی خێرای پشکەکان بوو بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی لە نەوەدەکاندا.
[14] Feedback
[15] Evaluation
[16] self-mastery
[17] Remodel
[18] Subtracted
[19] Unscrewed
[20] Written and directed by Leslie Shearing (2003).
[21] Micki McGee, Self-Help, Inc.: Makeover Culture in American Life (Oxford University Press, Oxford, 2005), p. 11.
[22] 'That's not self-help, that's help'
[23] Shakti Gawain, Living in the Light: A Guide to Personal and Planetary Transformation (New World Library, New York, 1998), p. 145·
[24] See McGee, Self-Help Inc.
