هەردی دولبەر
ا- پەیوەندی ناو بەری مرۆڤ-سروشت
"بوون بە پێشكەوتن لە كاتدا دەگۆڕێت و لە هەمان كاتدا پێكەهاتەكەی خۆی دەپارێزێت".
بوونی مرۆڤ واتای چییە؟ ناوەڕۆکی ئەم پرسیارە بە کەمکردنەوە یان سنووردارکردنی تەنیا لە بوونی مرۆڤدا وەڵام نادرێتەوە. چونکە مرۆڤ پارچەیەکە لە بوونێکی گەردوونی کە بە هەموو شتێکەوە دەور دراوە. ئەوەی لە خۆیدا کۆتایی دێت ئەوەیە کە لە گەردووندا بەدیهاتووە. ئەم دۆخە گوزارشت لە مانادارترین خاڵەکانی یەکتربڕین دەکات کە مرۆڤ لە بوونی خۆیدا لەگەڵ هەموو سەردەمەکانی پێشوودا ئەزموونی کردووە. بە واتایەکی تر، مرۆڤ ئەو یەکپارچەییە مانادارەیە کە هەموو کاتەکان لە بانگەشەی خۆیاندا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی دەركەوت بكەن. دەتوانین ئەمە لە پێکهاتە بایۆلۆژییەکەیدا ببینین، لە گەشەکردنی دەروونییەکەیدا، تەنانەت لەو ڕاستییەشدا کە قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆرپەلە لە سکی دایکیدا لە پەیوەندییە زنجیرەییەکانی پەرەسەندن دەچن.
لە شیکاری کۆتاییدا دەتوانین بە چاودێریکردنی خۆمان بڕوا بەوە بكەین کە گەردوون لە مێژە خۆی بۆ لەدایکبوونی مرۆڤ ئامادە کردووە. ئەم ئەنجامە ئەوە ئاشکرا ناکات کە سروشتی جۆش و خرۆشی نائاسایی پەرەسەندن بەو مانایەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی تاکەکەسییە، و پەیوەندی بە سروشتەوە پچڕابێت. ئەگەر مرۆڤ توخمێک بێت کە لە هەموو پێکهاتە ئاژاوەگێڕەکانی گەردوون بەدەست هاتبێت، بەردەوام خۆی لەو بوونەدا دروست دەکات کە دەوری مرۆڤی داوە، بە پابەندبوونێک کە درکی پێدەکات و هەرگیز ناتوانرێت لێی دابڕێت. کۆمەڵگە وەک سروشتی دووەم، بوونێکە کە مرۆڤ بە جیابوونەوە لە سروشتی یەکەم بەدەستی دەهێنێت. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە مرۆڤەکان لە سروشتێکی یەکەمدا نامۆ دەبن لە پێوەندی لەگەڵ ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی کە دوای بنیاتنانی ئەم کۆمەڵایەتییە سەرهەڵدەدەن. بەڵام لە ڕووی پێناسەکردنی بوونی مرۆڤەوە، ئێمە میتۆدەکە دیاری دەکەین بەبێ ئەوەی لە بەستێنی گەردوونی-تایبەت جیا بکەینەوە، هەروەها پێناسەی بوونی مرۆڤ دەکەین کە لە سروشتی یەکەمەوە دەست پێدەکات، سەرەڕای نامۆبوون لەگەڵ گرنگی پێناسەکردنی بوونی مرۆڤ لەسەر بنەمای بوونی گەردوون. وەڵامی ئەوەی كە مرۆڤ چی و چۆن بوونی هەیە؟ چ پارامێتەرێک بوونی مرۆڤ و بوونی مسۆگەر دەکات؟ گرنگی خۆی دەبێت. دەتوانین کێشەی بوونی مرۆڤ لە دوو ڕەهەنددا چارەسەر بکەین؛ یەکەمیان ئەوەیە کە مرۆڤ لە بەردەم گەردووندا چۆن خۆی دەناسێت و سەیری خۆی دەکات؟
دووەمیان؛ ئەوەیە مرۆڤ لەناو گەردوونی خۆیدا چۆن خۆی پێناسە دەکات؟ بێگومان بۆ ئەوانەی خەمی وەها کێشەیەکیان نییە، بێگومان ناتوانن سنووری تێگەیشتنیان لە پەراوێزی ژیانی بایۆلۆژیان تێپەڕێنن.
چونکە هەر جەستەیەک وا دەردەکەوێ کە دەرەوەی ئەویترە. لە هەمان کاتدا ئەوەی لە جەستەکانی تردا بەدوایدا دەگەڕێت، یەکگرتوویی خۆیەتی. ئەم یەکگرتووییە پێویستییەکی ئەو هاوسۆزییە دامەزراوە و گواستنەوەی وزەیە بۆ یەکتر. ئەو ڕووداوەی کە سەرهەڵدەدات وەک کۆمەڵگە بەرجەستە دەبێت. بە واتایەکی تر پێکەوەگرتنی هاوبەشی جەستە جیاوازەکانە. تێکەڵبوونی جووڵە، کار، خەیاڵ، هەست و یەکپارچەیی پەیوەندییە هاوسۆزییە بەهێزەکە پڕۆسەی کۆمەڵایەتی پێکدهنێت.
کۆمەڵگەی سروشتی هیچ یاسایەکی ئیستاتیکی نییە، فۆرمێکە لە بوونی ڕەوتی بێسنووری جووڵە. لەگەڵ ناسینی تاک و پرۆسێسکردنی دانەوێڵە. لەگەڵ گەشەکردنی لایەنی زیهنی چالاکتر دەبێت و، لەگەڵ چالاکبوونی زیاتر شوناسی خۆی بەدەست دەهێنێت. ئەم شلبوونەوە تامێک لە مانای ئازادی لە شێوەی داهێناندا دەی بەخشێت. لە ڕاستیدا ڕووداوی ئازادی لە دەرەوەی کار و ئەخلاقی فیکری و سۆزداری و کۆمەڵایەتی ئیمکانی نییە. هەرچەندە مرۆڤ لە فۆرمی “سەرەتایی” خۆیدا لە کۆمەڵگەی نیۆلیتیکدا زۆر ئازادتر و فەزیلەتترە لەوەی کە پێی دەوترێت ئازادی[1] لەم ڕۆدا. دۆزینەوەی ئاگر، شۆڕشی کوشتوکاڵ، ماڵی کردنی ئاژەڵ، ڕستن و چنین، دروستکردنی خانوو و ئامڕازەکانی گواستنەوە و... داهێنانەکانی خۆی بە ئیلهام وەرگرتن لە سروشت دەدۆزێتەوە و لە هەمان کاتدا، بە ناسینی سروشت دەگاتە هۆشیاری خۆی. لەم قۆناغەدا زاڵبوون بەسەر سروشتدا نییە لە لایەن مرۆڤەوە، بەڵکو ئەوەی هەیە ناسانیەتی و، ڕێزگرتن لێی وەک ئەوەی خۆی بە بەشێک ببینێت لەو یەگێتیەی ناو سروشت. بە واتایەکی تر ئەو پەیوەندییە، ڕێزگرتنێکە کە ڕاستی ئەو گەڵاڵەیە دەسەلمێنێت کە دەڵێت: “سروشت لە مرۆڤەوە نەهاتووە، بەڵکو مرۆڤ لە سروشتەوە هاتووە”. بۆیە خودی ژیانی مرۆڤ تێگەیشتن و ناسینەوەی سروشتە لەگەڵ ناسینی خۆی. وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “زانین جگە لە هۆشیاری لە بارەی ژیانەوە هیچ مانایەکی تری نییە. ئەوەی دەزانرێت ئەوەیە کە بەدی دێت”.
دڵنیابوون لە بەردەوامیی ژیانی بایۆلۆژی لە سادەترین شێوەی خۆیدا، دڵنیایی دەدات لە بەس بوونی بوون؛ بەڵام لەگەڵ بەشداریکردنی لە هەموو کێشەکانی بووندا، مرۆڤی نامۆ نەکراوی سروشتی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی ژیانی خۆبەخۆیەوە ئامانجی بوون ئاشکرا دەکات. لە کاتێکدا ئەو کۆمەڵگەیانەی کە هێشتا ژەهری شارستانیەتیان نەخواردۆتەوە، لە هەموو سەردەمێکدا بە چەندین جەژنی جۆراوجۆر، سوپاسگوزاری خۆیان پێشکەش بە سروشت کردووە، نموونەی چەژنەکانی نەورۆز و خەزان... گوزارشت لەو حەقیقەتە دەکەن. لەنێو مێژووی ئێمەی كورددا ئەم ڕاستییە زۆر بە ڕوونی دەبینرێت، بەڵام پاراستنی بوونی کۆمەڵایەتی خۆیان، تەنانەت لە سنوورەکانی خۆیاندا، کردووەتە خەمی خۆیان.
لە کۆمەڵگەی ژن-دایکدا هەموو شتێک بەبێ بە دابڕان لە یەکتر لەسەر تەختی فەلسەفەی پراکتیکی و باوەڕی ڕێزدارانە پێشدەکەوێت، بەڵکو لەسەر بنەمای هەماهەنگی یەکتر پڕۆسەکە بەڕێوە دەچێت. ئەمە سیمایەی ڕووداوە کوانتەمییەکانە کە لە هەموو بوارەکانی ژیانی سروشتی ڕەنگاوڕەنگدا هەستی پێدەکرێت. بە واتایەکی تر، هەروەک چۆن هێشتا پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لە ئابووری و ژێرخان و سەرپێکهاتەدا کورت نەکرابویەوە، سروشت لە کۆمەڵگە و کۆمەڵگەش لە بوونێکی ماددی بە تەنیا پێک نەهاتبوو، یاسا بەرتەسکەکان بوونیان نەبوو. پێوانەکانی کۆمەڵگەی سروشتی بۆ تەواوکردنی کەموکوڕییەکانی و وەڵامدانەوەی ئازادی بیرکردنەوە و ژیان بوو، لە چوارچێوەی ئەو کەرامەتەیی کە پێویستیەکی ژیانی بوو بۆ مرۆڤ. ڕۆحی مرۆڤ هێشتا بە خەنجەری قەدەغەکردنەکانی چینی شامان و ڕاهیبەکان و سەربازەکان... سەر نەبڕدرابوو. هیچ هەژموونێکی داگیرکاری ماددی و مەعنەوی نەبوو کە ئیرادەی مرۆڤایەتی ئیفلیج بکات. دەسەڵات ناوی ئەو دڕندەییەیە کە هەموو بەهاو جوانییەکانی ژیانی سووتاند.
مرۆڤ بە ئەقڵیەتی هەژموونگەرای کەڵکە کردنی سەرمایە، دەستیکرد بە داگیرکاری ڕەنج و ماندووبوونی کۆمەڵگە. لێرەوە مرۆڤ لەو ژیانە ژیارییەی هەزاران ساڵەی بەرەو لێکترازان برد و، هەمووان کرانە بە “ئۆبژە”. ئەم زیهنییەتە چاو چنۆکە بە ئامانجی دەسخستنی زێدەبەها و، وەگەڕخستنەوەی دژی پیرۆزییەکانی کۆمەڵگە دزەی کردە ناو پیرۆزترین پەناگەی مرۆڤایەتیی، بەرخۆدان و ژیانی ناژیانی “ماددی”ی دروست کرد تاوەکو تەنیا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بگونجێت.
ئەو دۆخە ئەو وتەی ئادۆرنۆم وەبیر دێنێتەوە کە دەڵێت: “ڕوانگەی ئێمە بۆ ژیان بووەتە ئایدۆلۆژیایەک کە ئەو ڕاستییە دەشارێتەوە کە ئیتر ژیانێک بوونی نییە”، ئەدۆرنۆ دەخوازێت بە ڕوونی ئەم ڕاستییە بخاتە ڕوو. مۆدێرنیتی سەرمایەداری ئەم شاردنەوەیە لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیای لیبڕاڵیزمەوە، دەبەستێتەوە بە سیستەمەوە لە ڕێگەی سەدان فرتووفێڵ و داگیرکارییەوە. لیبرالیزم کە هەموو “ئیزمەکان” لە گێژەڵوکەی چنگە تێرنەکراو و خراپەکارەکانیدا دەخنکێنێت؛ لەمڕۆدا وەک “ئازادی” پێشکەشی جەماوەری دەکات، لەسەر بنەمای دەسخستنی زۆرترین قازانج مرۆڤی بە حەقیقەتی خۆی نامۆ کردووە.
مرۆڤ بە دابڕانی لە یادگەی ڕابردووی کۆمەڵگە. دەبێت ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو وەک یەکێتییەکی دیالکتیکی بێ دابڕان چاو لێبکەین. وەک ئەو حەقیقەتەی کە ئەمڕۆ بەبێ دوێنێ بوونی نابێت، سبەینێش بەبێ ئەمڕۆ بوونی نابێت. ئەوەی ڕابردوو نەناسێت ناتوانێت لە ئێستەشدا بژی. چونکە ئێستا بەبێ ڕابردوو ناتوانێت بوونی هەبێت. داهاتوو بەبێ ئەوەی لە ڕۆژگاردا بێت، ناتوانرێت بنیات بنرێت. هۆشیاری لەبارەی ڕابردووەوە دەبێتە ڕەگی مرۆڤ. چیرۆکە لە ژمارە نەهاتووەکانی مرۆڤ گوزارشت لە حەقیقەتی ئەم بوونەی دەکەن. بەبێ زانینی ڕابردوو ناتوانرێت ئێستا بە دروستی شی بکرێتەوە و داهاتووش بە دروستی دابڕێژرێت. وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "مێژوو لە ئێمەدا شاراوەیە و ئێمەش لە سەرەتای مێژووداین".
لە کۆمەڵگەی سروشتیدا هێشتا سروشت و کۆمەڵگە و زیندەوەرانی دیکە نەکراونەتە لاشە و پارچە پارچە نەکراون، لە ژێر ناوی قەبەی وەک “زانای کۆمەڵایەتی، فەرمانبەری حکومی، سەرباز و...”، هێشتا لەلایەن ڕاهێنەرەکانیەوە مەرج بۆ خزمەتکردنی دەسەڵاتدارە خاوەن کۆیلەکان دانەنراوە.
عەلی حەیدەر قەیتان لەمبارەوە دەڵێت: “یەکەم خیانەت و دەسدرێژی بۆ سەر هۆشی مرۆڤ لە کوێوە دەست پێدەکات؟ خیانەت و نەفرەتی مرۆڤایەتی لە درووستبوونی سیستەمی شارستانییەت و لە دایک بوونی زیهنیەتی دەسەڵاتگەراییەوە دەست پێ دەکات. لەوێوە بۆ یەکەمجار هۆشی مرۆڤ پێشل دەکرێت. بۆ یەکەمجار لەوێوە خیانەت لە حەقیقەتی ژیان دەکرێت[2]“.
ئەگەر مرۆڤ ژیانێکی “بێهۆش” بژی، هەموو ئەم کێشانە بەردەوام لە دیواری هیچبوون دەدەن. لەم ساتانەیدا کە زەنگی ئاساییبوون لێدەدات، بوون ئاماژەکانی لەناوچوونی خۆی دەدات. گەردوون کە بە سەرسامییەکی زۆرەوە زەلیلی لە بەرامبەر ئەو مرۆڤەی کە خۆی دروست کردووە دەبینێت، بە هەموو شتێک مرۆڤەکان ئاگادار دەکاتەوە، بێگومان هاوار دەکات بۆ ئەوانەی کە گوێچکەی بیستنیان هەبێت. با چیرۆکی ئەم مرۆڤایەتیە بەجێبهێڵین، کە بردراوە بۆ بەشی چاودێری چڕ لەمڕۆدا. بۆ ئەوەی دواتر گەردوون لەناو خۆماندا بەئاگا بهێڵینەوە، پرسیاری پێویست بکەین و لەگەڵ وەڵامەکاندا بەرەو پێشەوە بچین.چۆن مرۆڤ هاتە بوون؟ کنجکاوییەکی بێکۆتایە. وەڵامی چۆنیەتی دۆڕاندنی ئەو کاتە درا و بەردەوامی پێدەدرێت کاتێک دۆڕاو دەستی کرد بە تێگەیشتن لەوەی کە دۆڕاوە. ئیدی گفتوگۆکان سەبارەت بە بوون بوارێکی زۆر تایبەتی حەقیقەت لە باوەش دەگرن. بەڵام ئەگەر جیهانی میتافیزیکی ناوازەی گەردوونی مرۆڤ بانگهێشتمان بکات بۆ ئەوەی لە بیری بابەتیی تێپەڕین، پێویستە بەشداری لەو بانگهێشتکردنەدا بکەین.
ب- سروشت وەک ناوەندی بیرکردنەوە
سروشت زمان و لۆژیک و زیرەکی خۆی هەیە. برۆنۆ زانای میتافیزیک بۆ ئەوەی بە ئازادی بیربکاتەوە زۆرجار پەنایبردۆتە بەر سروشت. تا ئەوەی باشتر لە دیاردەکانی نێو سروشت بگات. بەڵام ئینکویزیسیۆن دەستی کرد بە لێپێچینەوە لە دژی. هۆکاری لێپێچینەوە لە بیرکردنەوە و لێکدانەوەکانی برۆنۆ بوو بۆ سروشت. ئەو بەڵگانەی وەک “تاوان” لە دژی خراوەتەڕوو بەم شێوەیەن: “ئەو ڕاستییەی کە ئەو دەستی بە بێکۆتایی گەردوون گرتووە؛ کە خودا تەنها دەتوانێت بیانزانێت، دەکرێت تەنیا لە ئەبەدیەتدا ڕووبدەن؛ لەناو گەردوونی بێکۆتاییدا جیهانی بێکۆتایی هەیە؛ هۆکاری هەموو شتێک سروشتی داهێنەرانەیە”. لەم یەکگرتنە بێکۆتایەدا، بوونەوەرە سنووردارەکان بەردەوام تێدەپەڕن بۆ ئەوەی ببنە تۆوی بوونەوەرە نوێیەکان. ئەوەی بینراوە لە نێو ژینگەدا، ئەوەیە کە شایدی ئەوە نین، کە تاکە بوونەوەرێک هەبێت هەڵگری خەسڵەتە تەواو “کامڵ” بێت، لەبەرانبەردا هەموو بوونە کۆکان، لە هەموو ڕوویەکەوە هەڵگری خەسڵەتی تەواون. بۆیە دەکرێت بڵێین هەموو بوونێک لە گەردووندا ڕەنگدانەوەی ئەم کۆیە تەواوەیە.
گەر لە ڕوانگەی ئەنیمیزمەوە چاو لە ئیکۆ سیستەم بکەین، دەتوانین بڵێین نە لەدایک بوونێک هەیە و، نە مردنێکیش بوونی هەیە! بەڵکو ئەوەی ناوی لێنراوە دوالیزمی “ژیان و مردن” لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی نێو گەردووندا بەردەوامە. ئەم دۆخەش هەموو ساتێک نوێ دەبێتەوە. هەر بۆیە گەردوون تەنانەت لە بچووکترین تەنۆلکەکانیشیدا زیندووە و بەپیتە. ژیانی دوای مردن نییە چونکە گەردوون ئەوەندە بێکۆتایە کە هیچ ئەگەرێکی ژیانی دوای مردن بەجێناهێڵێت. لەو ڕۆژگاری سەردەمی بەردینی نوێدا، کە مرۆڤ خاوەن ڕوانگەیەکی زیندوگەرا “ئەنیمیزم”ی بووە، ئەمەش بەو واتایە کە ئەوەی لەنێو سروشتدا هەیە خاوەن هەبوونێکی زیندووە. واتە هیچ کۆتاییەک و مردنێک لە جەوهەردا بوونی نەبووە، بەڵکو ئەوەی هەبووە دەرکەوتنی گۆڕانکاری بووە لە ڕواڵەتدا. دەکرێت ئەمە وەک حەقیقەتی گەردوون چاو لێبکەین. گەر چاوێک بە مێژووماندا بخشێنینەوە زەحمەتی لەو ڕاستییەدا نابینین، مرۆڤی ئێمە چۆن چاوی لە واتادان بە دوو ڕیانی ژیان و مردن داوە.
گەر خودی ژیان وەک هەبوونێکی بایۆلۆژییە چاو لێبکەین، ئەوا مرۆڤیش خاوەن هەبوونێکی کۆمەڵایەتییە. لای یارسانەکان شتێک نییە بەناوی مردن، بەڵکو ئەوەی هەیە “دۆناو دۆنە”، هەرچی لە فەلسەفەی عەلەوییەکانیشە مردن بەواتای گۆڕینی جلوبەرگ دێت. بە کورتی ئەوەی لە زۆرێک لە ئایین و کولتوورەکاندا بەرچاو دەکەوێت، لەگەڵ گەیشتن بە مردن سەرەتایی ژیانێکی نوێ دەردەکەوێت، لەمڕۆدا زانستی ئارۆکۆلۆژی پشت ڕاستی ئەم ڕوانگەمان دەکاتەوە. ئەو باوەڕەی کە بۆ ژیانی دونیا پێویستە، لەگەڵ دەرکەوتنی ڕاهیبەکانی سۆمەردا، دەگۆڕێت بۆ ژیانی دوای مردن و بەو هۆیەوە، بیرکردنەوە و تێگەیشن لە حەقیقەتی ژیان و گەردوون لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، چەواشە دەکرێت. “یەکەمین گەورە پارچەبوونی فۆڕمی ژیانی ئەو کۆمەڵگە مێژووییە لە ڕێگەی پلەدارییەوە چەقۆی لێدراوە[3]“. ئەو چەقۆیەی ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی پێدەکات تا بە ڕۆژگاری ئەمڕۆ لە پارچەکردن و شێواندنی حەقیقەتی ژیان نەوەستاوە! ناکرێت گومان لەو ڕاستییە بکەین هەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، باوڕی و ئابووری... بەبێ بنەما و بنچینەیەکی بەهێز توانای ئەوەی هەبێت کاریگەری فراوان و قووڵ لەسەر مرۆڤایەتی هەبێت. دەکرێت زیهنیەتی پلەداری وەک دەرکەوتەی ئایدیۆکۆژیای پیاوسالاری چاو لێبکەین. ئایدیۆلۆژیا لە ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵناسیدا، مێژوویەکی خۆی هەیە کە درێژ دەبێتەوە بۆ ڕۆژگاری ئاواکردنی دەوڵەت شارەکانی سۆمەر. ڕاهیبەکانی سۆمەر ئەو هۆشیارییەیان هەبوو، کە بۆ بەڕێوەبردنی مەهامەکانیان دەیانزانی پێویستیان بە ئاواکردنی سیستەمێکی تایبەت بە خۆیان هەبوو، لەسەر ئەو بنەمایەش سیستەمی “زەقور[4]“ەیان دامەزراند. لێرەوە ئەوەی بۆ ڕاهیبەکان ئەرکی لە پێشینەبوو، سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و لێکدانەوە و ڕەهەندەکانی ژیان بوو، بە گوێرەی سیستەمەکەیان.
“کاهینی سۆمەر میتۆلۆژیای ڕەسەنی دەخولقاند، وێڕای بارودۆخی زانستی زاڵی ئێستا بە بەراورد لەگەڵ سۆسیۆلۆگەکانی ئەوروپا، لەوانەیە زیاتر لە ڕاستەکان نزیکتر بووبێت. تاکڕەوێتی ئەوروپا بکەری ئەو کۆمەڵکوژیەیە کە دەرهەق بە کۆمەڵگە و ئیکۆلۆژیا لە ئارادایە. بەڵام زاناکان (کە بەبێ هیچ ڕەخنەیەک لە خزمەتی سیستەمی زاڵدان) ئەوا قەسابی لەناوبردنی حەقیقەت و ڕاستییەکانن[5]“. ئەوەی بە درێژای ٥٠٠٠ ساڵ دەسدرێژی دەکرێتە سەر، چەواشەکردنی ڕاستییە، بەناوی سیاسەت، زانست و ئایین...ـەوە. مرۆڤایەتی ناتوانێت بەو مەعریفەی خۆی واتا بەم چەوشەکاریانە بدات. لەمڕۆدا ئەوانە ڕێبواری ڕێگەی حەقیقەتن و لە پێناو خەمی کۆمەڵگەی مرۆی و ژینگەدان، دەزانن واتای ژیان بە دۆر و تاڵانکردنی سروشت مسۆگەر نابێت. وەک چۆن هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەک خاوەن حەقیقەتێکی خۆیەتی، ئەوا خودی سروشت و گەردوونیش خاوەن حەقیقەتێکی خۆیەتی کە زیندوو بوونیەتی. ئایدیۆلۆژیای شارستانێت بەتەنیا سەرقاڵی گۆڕینی سیمای کۆمەڵگە و سروشت نەبوو، بەڵکو سەرقاڵی گۆڕینی سیمای زانستیش بوو!
ئایا بەڕاستی برۆنۆ لە قەیسەر تاوانبارتر بوو؟ یاخود ئەوانەی بڕیاری مەرگی گالیلۆیاندا لە گالیلۆ زاناتربوون؟ شەهیدی حیکمەت سوقراتی مەزن ج تاوانێکی کردبوو ژەهری جاهیلەکانی پێ نۆشرا؟ ئایە هەلاچ زیندەق بوو یان خەلیفە؟ دەکرێت سەدان نموونەی تری هاوشێوەی ئەمانە زیاد بکرێن... ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییە کە ئەوە بەتەنیا خودی ژینگە “سروشت” نییە، کە پیسبووە، بەڵکو بەر لە پیسبوونی سروشت خودی مێشک و ڕۆحی مرۆڤایەتییە کە بە ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتگەرایی پیسبووە! هەر ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هەزاران کەس، بە درێژای مێژووی پێنج هەزارشاڵی ڕابردوو! لەمڕۆشدا زەحمەتی لەو ڕاستییەدا نابینین کە ببینین کە بە هەمان زیهنییەت و، بە ناوی دەوڵەتی مۆدێرن لە شێواز و ئامڕازی نوێدا بە دەیان بیانووی بێ بنەما هەمان تاوان دەرهەق بە مرۆڤە پێشەنگەکانی دوونیا دەکرێت، دۆخی ٢٦ساڵی زیندانی ڕێبەر ئاپۆ گوزارشت لەو ڕاستییە دەکات.
زۆرێک لەو پانێڵ و کۆنفڕانسە گەورانەی بە بانگەشەیان زۆرە، بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئەتنیکە جیاوازەکان، و کەمکردنەوەی دەست درێژییەکانی سەر ژینگە، لە دیارترینیان کۆڕبەندی دافۆسە، لە کاتێکدا ئەوانەی بەشداری ئەم کۆڕبەندە دەبن گەورەترین دوژمن و دڕندەترین مرۆڤەکانی دژبەری ژینگەن، بۆیە ئامانجی دافۆس جگە لە چەواشەکاری هیچ دیان لە هەگبەدا نییە! بۆیە مێژووی ٥٠٠٠ ساڵی ڕابردوو دەکرێت، وەک مێژووی نابووتکردن و بێ حورمەتی کردن بە کەرامەت و ئیرادەی مرۆڤ و سروشت بەناو بکەین!
پەیوەندی ناوبەری ئایدیۆلۆژیا و ژینگە
ئایدیۆلۆژیا، کە بە واتای زانستی بیر یاخود زانستی فکرەکان دێت، لە دوو وشەی “ئایدۆ-لۆژی”، پێکدێت. لەبەر ڕۆژنای ئەم ڕاستییەدا بۆ چەمکی ئایدیۆلۆژیا دەکرێت بڵێین، توخمی سەرەکی و بنەڕەتی هەر مرۆڤ و کۆمەڵگەیەک شێوازی تێڕوانین و بیرکردنەوەیەتی، لە خۆی و ژینگەکەی و ئەو گەردوونەی کە ماڵی هەموانە! مرۆڤی هۆشمەند کە دەکرێت بە مرۆڤی “بیر-کەرەوە” بەناو بکەین، خاوەن سیستەمێکی بیرکردنەوەیە لە بارەی بوونی خۆی و هاوکات ژینگەی دەوروبەری.
مەبەستمان لە ئایدیۆلۆژیا گرێدانی “تیۆر-پراکتیکە”. لەمڕۆدا هیچ سیستەمێکی زیهنی بەبێ بوونی ئایدیۆلۆژیا، ئیمکانی بوونی نابێت! ئەوەی “کەلتوور، باوڕی، سیاسەت، ئەخلاق، ئازادی و بەها...”مسۆگەر دەکات، خودی ئایدیۆلۆژیایە. “ناوێکی تری ئایدیۆلۆژیا ڕەوشتی کۆمەڵایەتییە. کارکردنی بنەڕەتیی ڕەوشتی کۆمەڵایەتی مسۆگەرکردنی هەبوونی کۆمەڵایەتییە. هەبوونی کۆمەڵایەتیش تەنیا لە ڕێی خاوەندارێتیی، واتە بوون بە هێزی ئایدیۆلۆژیی، دێتە ئاراوە[6]“.
لەم گۆشەنیگایەوە دەکرێت بڵێین بوونی مرۆڤ و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی، خاوەن هەبوونێکی ئایدیۆلۆژییە. لەمڕۆدا وەختێک چاو بە دیرۆکی مرۆڤایەتیدا دەگێڕین، زەحمەتی لەو حەقیقەتەدا نابینین کە مرۆڤایەتی ئاشنای کۆمەڵگەیەک نەبووە و نییە کە خاوەن دیدگا و سیستەمێکی ئایدیۆلۆژی نەبووبێت. لەم ڕوانگەوە ڕێبەر ئاپۆ باوڕی وایە کە “ناسنامە ئایدیۆلۆژییەکان وەک مێشکی کۆمەڵگە کاردەکەن، چ وەک یادەوەری ڕابردووی کۆمەڵایەتی و چ وەک دیزاینەکانی یۆتۆپیای داهاتوو”. بۆیە کۆمەڵگە تەنیا لەو ساتەوەختەدا ناسنامەی ئایدیۆلۆژی خۆی مسۆگەر دەکات، کە ئامانجی هەنگاونان بێت، بە پاشخانی کەڵەکەبووی ڕابردوویەوە بەرەو داهاتوو.
وەختێک باوڕیمان هێنا بەوەی کە دیرۆکی سەرهەڵدانی ئایدیۆلۆژیا، هێندەی دیرۆکی یەکەمین چڤاتەکانی کۆمۆنەی سەرەتا دیرۆکێکی کۆنی هەیە، ئەو وەخت دەتوانین واتا بەو ڕاستییەش بدەین کە حەقیقەتی ئایدیۆلۆژیا دابەشی سەر دوالیزمی “سوژە و ئۆبژە، ئاغا و کۆیلە...” نابێت! بەڵکو ئایدیۆلۆژیا خاوەن ئەو حەقیقەتەیە کە لەسەر بنچینە و پێوانەکانی یەکسانی و ئازادی فرەیییەکانی نێو ژینگەی کۆمەڵایەتی مرۆی و ژینگەی سروشت دەرکەوتی کردووە. لێرەوە دەکرێت دەرگای تێگەیشتن بکەینەوە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی ناوبەری “ئایدیۆلۆژیا و ژینگە”؛ چونکە ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەکی جەوهەرییە، لەسەر بنەمای هاوسەنگی ناوبەری مرۆڤ-ژینگە. یەکەمین ڕوانگەی مرۆڤ بۆ ئەو سروشتەی تێیدا ژیاوە و هەموو پێویستییەکانی، خۆی بە دەست خستووە، ڕاوانگەیەکی ڕۆحگەرایی “ئەنیمیزم”ـە، کە پێی وابووە هەموو پێکهاتەی سروشت وەک خۆی زیندووە. “هەڵسەنگاندنی سروشت وەکو بوونێکی زیندوو و پڕ لە ڕۆح هەرچەندە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بە منداڵانە ببینرێت، کاتێک ئەو ئاستە ڕەچاو بکرێت کە زانست پێی گەیشتووە، دەردەکەوێت لە ڕستیدا وەک ئەو زێدەڕۆییە نییە کە دەرهەقی دەکرێت و پەیڕەوێکی هێندە هەڵە نییە. بە پێچەوانەوە چەمکی مردوو و بێ ڕۆحەکانی پەیڕەو کە بێبەشن لە دینامیزم زیاتر لە میتۆلۆژیا لە واتا بێبەشن[7]“.
وەختێک چاو لە قۆناخی دەرکەوتنی ئەفسانە دەکەین زەحمەتی لەوەدا نابینین تێبگەین، مرۆڤ بەبێ ئەوەی هەست بکات سەر بە شوێنێک یان هەر شتێکە، ناتوانێت لە ژیاندا بمێنێتەوە. لە ئەفسانەدا وەڵامی پرسیاری سەربەخۆیی مرۆڤن هاوشانی ئەو گۆڕانکاریانەی لە نێو سروشتدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەو ئەفسانە ڕوونکردنەوەی بوونن، لە گەردوونەوە تا جیهان و ڕووەک و گیانلەبەران و مرۆڤ و... بوونێک کە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەبێت، هیچ ماناێکی نابێت. ناسینەوە بەو شێوەیەی کە دەیزانیت، و ماناکردنی بەو شێوەیەی کە دەیزانیت، لە مرۆڤدا سروشتییە. ئەفسانە کە “دۆخی منداڵـ”ـی هۆشیاریی مامان، لە بنەڕەتدا زیندووترین شێوەی دیالێکتیکی مرۆڤ-سروشت-گەردوونی دیاری کردووە. لە حیکمەتی زەردەشتدا سروشت پێگەی پیرۆزی خۆی هەیە. سروشت خۆی بابەتی لێکۆڵینەوەیە. یاسا سروشتییەکان و یاسا کۆمەڵایەتییەکان بە یەکگرتوویی لەبەرچاو دەگیرێن. پیرۆزی زەوی و ئاو و هەوا و ئاگر-ڕووناکی لە پەیوەندی سروشت-مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. سەرچاوەی سەروو سروشتی لە تیۆری دروستکردندا دیسانەوە سروشتە. چونکە دوو توخمە بنچینەییەکانی دروستکردن، “تاریکی و ڕووناکی”، پەیوەستن بە سروشتەوە. سەرچاوەی زانیاری و بابەتی لێکۆڵینەوە، خودی دیالێکتیکی “سروشت-مرۆڤ”ـە.
مرۆڤ لە کاتێکدا کە سوود لە میرات و ئەزموونی مێژوویی کۆمەڵگە وەردەگرێت، هاوکات لە ڕێگەی زیرەکی سۆزداری و شیکارییەوە هۆشیاری و ئەزموونێکی نوێ بەدەست دەهێنێت. لەم ڕووەوە زیادەڕەوی نابێت ئەگەر بڵێین کۆمەڵایەتیکردن ڕۆڵی لە ئاستی هێزی ئیلاهی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گێڕاوە، بەتایبەت لە ڕووی پاراستن و ڕاگرتنیەوە لە بەرامبەر هەموو جۆرە مەترسیەکدا. لێرەوە دەرگا لەسەر ڕۆڵ و شێوازی بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیبوون، کە لە دەوری ژن-دایک داڕێژراوە و پەرەی سەندووە، ئەو حەقیقەتەمان پیشان دەدات کە شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ ئەنیمیستیانە بووە! ئەم ڕوانگەیەش وای کردووە هەموو بوونێکی ناو سروشت وەک زیندوویەک چاو لێبکرێت. بە واتایەکی تر مرۆڤ باوەڕ وابوو وەک چۆن ڕۆحی هەیە و زیندووە، هەموو شتێک لە سروشتدا ڕۆحی هەیە و زیندووە.
بۆیە ڕێبەر ئاپۆ ساتەوەختی ئازادی بە چرکەیەکی کوانتەم پێناسە دەکات - ساتێکی دروستکردن. کاتێک بیر لە “ئازادی لە گەردووندا دەکەینەوە وەک ئاگاداربوون لە هۆشیاری”، ئەو دروستبوونە کە لە هەموو ساتێکی گەردووندا ڕوودەدات، بەردەوامیی ئازادی لە گەردووندا نیشان دەدات.
بەم مانایە بۆ تێگەیشتن لە گەردوون، قووڵبوونەوە لە ڕەهەندی فەلسەفی پێویستە. دۆزینەوە زانستییەکان کە مرۆڤەکان وەک پوختەی گەردوون چاو لێدەکەن، لە ڕاستیدا لە شوێنکەوتنی فەلسەفیدا ئامادەن کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەم تێگەیشتنە لە بنچینەی فەلسەفەی حەکیمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی هەیە هەر، لە زەردەشتەوە تا مانی، لە هێرمێسەوە کە “ڕەمزی حیکمەتە، ئاسەواری سەردەمی بەردینی نوێ-نیۆلیتیک لە بارەی پێکهاتنی گەردوون و دیالێکتیکی بوون، بەسەر فەلسەفەی هێرمێتیکەوە دیارە[8]“ تا بە هەلاجی مەنسور... ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە سەرچاوەی ئەم فەلسەفەیە، لە لایەن کۆمەڵگەی کشتوکاڵی- گوندنشینی ژن سەنتەرییەوە خۆراکی پێدراوە. دیسانەوە گرنگە کە باشتر لە پەیوەندی دیالێکتیکی ناوبەری گەردوون- مرۆڤ تێبگەین کە فیزیای کوانتەم بە 'مایکرۆکۆسم' پێناسەی دەکات، 'سروشتی دووەم'، واتە 'سروشتی مرۆڤ' پێناسە بکرێت. چونکە ئەم پێناسانە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە کە هەموو شتێک کە لە گەردووندا بەدوایدا دەگەڕێت دەتوانرێت لە پوختەی “بەرد، دار، ئاژەڵان و مرۆڤ...”دا ببینرێت. وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “تەنانەت دەتوانرێت جیاوازی هەمەڕەنگی ناکۆتای لە جۆری زیندوو-بێ گیان، ڕووەک-ئاژەڵ، فیزیا-کیمیا، هەنگاوێک لە پێشتر جیاوازی ماددەی بینراو-نەبینراو و وزە-ماددە پێشبخرێت. هەروەها دەتوانرێت باس لە کۆمەڵگەی تایبەتی هەریەکێک لەم جیاوازیانە بکرێت[9]“. لێرەوە دەکرێت دەرگای خوێندنەوەیەکی نوێ بەڕووی وتەی سوقراتی شەهیدی زانین بکەینەوە کە دەڵێت، “خۆت بناسە” گوزارشت لەم حەقیقەتە دەکات! هەر لەبەر ئەمەشە بنەما و بەهایەکی زۆر مانایی هەیە. چونکە مرۆڤ وەک زیندوویەک چاوی لە بوون " گەردوون" کردووە، نەک وەک کۆمەڵە ماددەیەکی خام. ئەنیمیزم کە لە کۆمەڵگەی سروشتیدا بە سەرکردایەتی ژن-دایک کە ژیان دەخوڵقێنن و پەیوەندییەکی سروشتییان لەگەڵ ژیاندا هەیە، لەسەر بنەمای شۆڕشی کشتوکاڵی- گوندنشین بوونی هەیە، بنەمای ئەم تێگەیشتنەیە.
لێ، زانینی ئەوەی کە هەموو شتێک زیندووە و پیرۆزە، یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکانی گەیشتن بە خودی حەقیقەت. بینینی هەموو شتێک بە زیندووی و بەیەکەوە گرێدراو، میتۆدی ئەم بیرکردنەوەیە. لەم ڕوانگەیەوە هەموو پێکهاتەکانی گەردوون لە یەکەیەک پێکهاتووە؛ کە فرەیی لە خۆ گرتووە. هەر یەک لەو فرەییانەش گوزارشت لە حەقیقەتی خۆیان دەکەن لە نێو گەردووندا بەبێ ئەوەی بوونی جیاوازییەکان ببنە هۆکاری لێکترازان. ئەمەش ئەو حەقیقەتە بنەڕەتیە کە لە مڕۆدا فیزیای کوانتەم سەلماندوویەتی، ئەم بنەما بوونەش وەک پێشتر وتمان؛ درکەوت و بنەڕەتی یەکبوونە. بە واتایەکی تر سەلمێنراوە کە هەموو شتێک سەرەڕای هەموو هەمەچەشنییەکەی، لە بنەڕەتدا لە 'یەک'دا دەرکەوت دەکات.
ئەو ڕاستییەی کە سروشت زیندووە و ژیان زمانی تایبەتی خۆی هەیە، لە کۆمەڵگەی سروشتیدا قبوڵکراوە کە شۆڕشی نیوۆلیتیک بە پێشەنگایەتی ژن-دایک ڕوویدا، هەروەها لە شێوازی بیرکردنەوەی کوانتەمیشدا کە ئەمڕۆ بە لوتکەی زانست دادەنرێت، لەم ڕووەوە ڕۆژانە زیاتر و زیاتر دەسەلمێنرێت کە ئەزموونی ڕابردوو لە ڕاستییەوە نزیکترە. هەرچەندە فیزیای “کوانتەم و گەردوونناسی هێشتا دوا گووتەی خۆیان نەگووتووە. هەرچی ژیانە هیچ شیکار نەکراوە، تەنانەت درک بە نهێنییەکەشی نەکراوە. هەر بۆیە شایستەی گووتەی جەهالەتی هاوچەرخە “مەبەست پۆزەتیڤیزمە[10]“.
لێرەوە تێگەیشتن لە ئایدیۆلۆژیا، پەیوەست بە ژینگەوە خۆی بەیان دەکات. بەهۆکاری ئەوەی هەر سیستەمێکی سیاسی، خاوەن دیدگا و ئۆرگانێکی تایبەت بە خۆیەتی، کە چۆن سەیری کۆی ڕەهەندەکانی ژیان دەکات. لێرەوە بڕیار لە بارەی چۆن نزیکایەتییەک لە هەمبەر مرۆڤ-سروشت، دادەنرێت!
هەر سیستەمێک بە گوێرەی ئامانج و پێوانەکانی خۆی بڕیار لە بارەی “سروشت-مرۆڤ” دەدات. بە گوێرەی ئەو ئایدیۆلۆژیایەی کە هەیە “مرۆڤ-کۆمەڵگە”، پەروەردە دەکرێن. وەختێک لەم ڕوانگەوە سەیری پێکهاتەی شارستانێتی دەسەڵاتگەرایی بکەین لە دیرۆکی٥٠٠٠ ساڵەی تەمەنیەوە، کە بە زیهنیەتی پیاوسالاری لە هەمبەر پێشەنگایەتی “ژن-خوداوەند”، لە کەسێتی گلگامیش و ئەنکیدۆ، دەرکەوت و دواتر لە سیستەمی “زەقورە”دا خۆی بە سیستەمکرد، لە سیانەی “شامان، بەڕێوەبەر، کۆیلە” لە ئور. هەرچی سیستەمی دەسەڵاتگەرایی فیوداڵیشە لە سیانەی “عوزا، لات، مەنات” خۆی بە ڕێکخستن دەکات دژی کۆمەڵگە. لەگەڵ دەرکەوتنی ئایینە ئیبراهیمیەکانیشدا خۆی لە سیانەی “خودا، پەیامبەر و کۆمەڵگە” بەیان دەکات. لە ڕۆژگاری دەوڵەت-نەتەوەشدایە سیستەمەکە خۆی لە سیانەی “پەڕلەمان، حوکومەت، کۆمەڵگە” ڕێکدەخات. کە لەمڕۆدا بۆتە سییانەی هێزی “یاسادانان، هێزی بڕیاردان و جێبەجێکردن”. جەوهەری ئەم ئایدیۆلۆژیاییە لە سەر سیانەی “تووندوتیژی، فرتووفێڵ و داگیرکردن” دامەزراوە و بەڕێوە دەچێت.
ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت کە هاوسەنگی ناوبەری “مرۆڤ و مرۆڤ، ژن و پیاو، مرۆڤ و کۆمەڵگە، مرۆڤ و ژینگە...” تێکچووە بەرهەمی ئەو ئەقڵیەتەیە کە مرۆڤی کردووە بە سەنتەری گەردوون، هەر ئەوەندەش نا بەڵکو لە نێو مرۆڤایەتیدا ئەوانەی کە خاوەن زۆرترین سەرمایە و دەسەڵاتی ماددین، کراونەتە خوداوەند.
وەک چەمک دیرۆکی ئیکۆلۆژی: بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٦٧ لەلایەن زانای بایۆلۆجی ئەڵمانی “گرنستەوە” بەکارهێنراوە. هەرچی “ئیکۆلۆژی کۆمەڵایەتییە، کە لە ساڵی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە پێشەنگایەتی مورای بووکچین سەریهەڵدا، لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکانی مرۆڤ و سروشت دەکات[11]“. ئیکۆلۆژیا بۆ دەربڕینی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان گیانلەبەر و ڕووەک و... نائۆرگانیکەکەیان بەکاردێت. لێرەدا جێی خۆیەتی وەک ئەو لقە زانستەی کە لێکۆڵینەوە لە نزیکیی یان پەیوەندییەکانی مرۆڤ و زیندەوەرانی دیکە لەگەڵ ژینگەکەیان دەکات، بە ناو بکرێت. بە کورتی، ئیکۆلۆژی پەیوەندی بە هاوسەنگی دینامیکی سروشت و پێکەوەگرێدانی زیندەوەرانەوە هەیە. بەو پێیەی سروشت مرۆڤیش دەگرێتەوە، ئیکۆلۆژی وەک لقێکی زانست ڕۆڵی مرۆڤایەتیش لە جیهانی سروشتیدا دەگرێتەوە.
ڕوانگە ئیکۆلۆژییەکان کاریگەرییان هەبووە لەسەر زانستە بایۆلۆژییەکانی، لە کۆمەڵگەی سروشتیدا، بەداخەوە لەگەڵ لێکترازانی پەیوەندی دیالێکتیکی مرۆڤ پەیوەست بە ژینگەکەیەوە، دۆخێکی نا هاوسەنگی لە زانستناسی پزیشکی، دەروونناسی تەلارسازی و دیزاین و جوگرافیای مرۆی بەجێهێشت. لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، گرنگیدان بە کاریگەریی چالاکییەکانی مرۆڤ لەسەر ژینگە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نوێی ئیکۆلۆژی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەو پرسانەی کە بە گشتی لە ژێر سەردێڕی “سەوز[12]“دا گرووپین دەکرێن هاتوونەتە پێشەوە. بەڵام کاریگەری ڕاستەقینەی چەمکە ئیکۆلۆژییەکان لەسەر تیۆری کۆمەڵناسی لە ئەمریکا لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٤٠دا بینراوە، کاتێک کۆمەڵناسانی شیکاگۆ بۆ یەکەمجار ئیکۆلۆژیای شارەکانیان پەرەپێدا. لەو کاتەوە دیدگای ئیکۆلۆژی زیاتر وەرگیراوە و زۆرجار لەم چوارچێوەیەدا زاراوەی وەک ئیکۆلۆژیای مرۆڤ یان ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی بەکارهێنراون. لێرەدا دەخوازم خوێنەر ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە بکەمەوە کە بۆچی لەکۆمەڵگەی ژیاری "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"دا، پێناسە بۆ ڕەهەندەکانی ژیان و سروشت، نەکراون؟ ئایە هۆکارەکەی ئەوە نەبووە کە کۆمەڵگەی ژیاری بەبێ هیچ لێکترازان و ناکۆکییەک لە ژیانی ڕۆژانەیدا، لە هاوسەنگیدا بووە لەگەڵ ژینگەکەیدا؟ بە پێچەوانەی ئەو کولتوورەی کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە، کە وەک سەرچاوەی دەستخستنی ماددە چاو لە ژینگە دەکەن. لەمڕۆدا وەک پێشکەوتنێک دەوڵەتانی سەرمایەدار کە ژینگە و ئیکۆسیستەمیان ڕووبەڕووی دۆخێکی زۆر هەستیار کردۆتەوە، دەخوازن خۆیان وەک فریاد ڕەسێک پیشان بدەن، لەکاتێکدا ئەوەی لە پراکتیکیاندا دەبینرێت پێچەوانەکەیەتی! سەرەڕایی ئەو هەوڵ و ماندووبوونانەش کە تێکۆشەرانی ژینگەپارێز دەیگێڕن.
هەرچی ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆیە بەم شێوەیە پێناسەی دەکات: “ئیکۆلۆژی خۆی زانستێکە. زانستێکە کە لە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە و ژینگە دەکۆڵێتەوە”. هەرچەندە تازەیە، بەڵام ڕۆڵی پێشەنگ دەبینێت لە تێپەڕاندنی دژایەتی نێوان کۆمەڵگە و سروشت، تادێت لەگەڵ هەموو زانستەکاندا تێکەڵ دەبێت. هۆشیاری ژینگەیی سنووردار بازدانێکی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ ئیکۆلۆژیدا دەکات. لە سەرەتایی کۆمەڵایەتیدا.” کۆمەڵگە، پەیوەندی لەگەڵ سروشتدا وەک پەیوەندی نێوان منداڵ و دایک بوو. سروشت وەک بوونەوەرێکی زیندوو هەست پێدەکرێت قووڵبوونەوە لەگەڵ قەیرانی سیستەمی کۆمەڵایەتی، لە سەرەتای شارستانیەتدا. لەگەڵ پەرەسەندنی نامۆبوون لە مرۆڤەکان کە لە ئەنجامی زاڵبوون لەناو کۆمەڵگەدا دروست دەبێت، نامۆبوون لە سروشتیش دەهێنێت.
پێویستە بزانرێت کە ئەو دووانە “مرۆڤ-سروشت” بەیەکەوە گرێدراون. کۆمەڵگە لە بنەڕەتدا دیاردەیەکی ئیکۆلۆژین. مەبەست لە ئیکۆلۆژیا سروشتی فیزیکی و بایۆلۆژییە کە پێکهاتنی کۆمەڵگە لەسەری بنیاتنراوە. پەیوەندی نێوان دروستبوونی فیزیکی هەسارەی زەوی و پێکهاتنی بایۆلۆجی هەسارەی زەوی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوونتر دەبێتەوە. ئەمە یەکێکە لەو بوارانەی کە زانست زۆرترین سەرکەوتنی تێدا دەبینێت.
لە ڕووی ئایدیۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆوە وەختێک کە باسی ئیکۆلۆژی دەکەین، واتە باس لە بوونی حەقیقەتێک دەکەین کە هەم ڕەهەندی ماددی هەیە، هەم ڕەهەندی مەعنەویشی هەیە. چونکە بنگەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ گرێدانی دوالیزمی “ماددە-ڕۆح”ـە، تاوەک زەمینەی دەرکەوتنی مەیلی سێیەم بڕەخسێت! لەمبارەوە دەڵێت: “لە پێکهاتەی سروشتی جیاوازیشدا، دوالیزمی کلتوورێکی ماددی-مەعنەوی ڕۆڵێکی هاوشێوە دەبینن. دژی یەکتر نین، بەڵکو فاکتەرێکن کار لە یەکتری دەکەن. یەکتری دەئافرێننەوە“.[13] هەرچی بنگەی ئایینە ئیبراهیمییەکانە تەنیا ڕەهەندی مەعنەوییان لەخۆ گرتووە، وەختێک چاو لە سیستەمی سەرمایەداریش دەکەین زەحمەتی لەوەدا نابینین کە ڕەهەندی ماددی بە ئامانج گیراوە. ئەم دابڕانەش سیستەمی زیهنی مرۆڤی شێواندووە، بەجۆرێک لەمڕۆدا ئەو گرفتەی کە ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئیکۆسیستەم ڕووبەڕووی بۆتەوە، لەو خاڵەوە سەرچاوەی نەگرتووە کە مرۆڤ گرفتی زانین “مەعریفە”ی هەبێت، بەڵکو گەورەترین گرفت لەو زانینەوە دێت کە ژیانی وێران کردووە! هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مەعریفەکە هیچ پێوان و گرێدانێکی بە پڕەنسیپە ئەخلاقییەکانەوە نەهێڵراوە! زانینێک گرێدانێکی ئەخلاقی نەبێت، لێکەوتێکی دروست و ژیاندۆستیشی نابێت. بەبێ هۆشیارێکی ئەخلاقی ژیانێکی بەواتا و پڕ لە خۆشەویستی ئیمکانی نابێت.
دەکرێت فەلسەفەکەی زەردەشت، وەرچەرخێنین لەمڕۆدا بۆ “بیر لە ئازادی بکەرەوە، گوتەی ئازادی بڵێ و کرداری ئازادی پێک بێنە”! لەمڕۆدا زانست ڕوانگەیەکی بەوجۆرەی هەیە کە گەردوون لە تەقینەوە “بینگ بانگ” گەورە دروستبووە. با بۆ ساتێک بیهێنینە بەر چاومان کە ئەو تەقینەوەیە لەنێو مێشکی ئێمە “مرۆڤ” ڕوو دەدات، لەخۆمان بپرسین ئەو وزەیەی کە لەسەری هەر کەسێکماندایە، گەر بە پراکتیکی ژیانی بکەین ئایا ڕەنگی ژیان دەکات یاخود ژیان وێران دەکات؟ ئەم پرسە بۆ هەر مرۆڤێکە کە پێوانی ئەخلاق واتای مرۆڤبوونییەتی! زانینێک هەڵگری ئەخلاقێکی ئازاد نەبێت، ئەو زانینە هاوشێوەی کەڵەکەبوونی زبڵدانی شارەکانی ئەمڕۆیە! لەمڕۆدا بەجۆرێک حەقیقەت چەواشەکراوە لەلایەن ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتەوە، کە ڕووناکی “زانین”مان لێبۆتە تاریکی...! وەک کۆنفۆشیۆس دەڵێت: "فێربوون بەبێ بیرکردنەوە هیچ سوودێکی نییە، بیرکردنەوە بەبێ فێربوون مەترسیدارە".
لەبری ئەنجام
هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی سەبارەت بە کارەساتی ژینگەیی، ڕاستیە کۆمەڵایەتییەکان کە وەک بەرهەمی ئەندازیاری شێواوی و بنیاتنراون، و ئەو ئەهریمەنەی پێی دەگوترێت دەوڵەت، چ جۆرە میکانیزمێکی دەسەڵات و سیستەمی هەژموونییە. وەختێک مرۆڤایەتی دەرگیری سیستەمی چینایەتی دەبێت، “مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی گومڕابوونێکی گشتی زیهنی ئەنالیتیکی دەبێت[14]“.ـەوە نەک بە تەنیا بەرانبەر جەوهەری خۆی، بەڵکو بەرانبەر ئەو ژینگەشی کە هەزاران ساڵ هاوشێوەی منداڵ و دایکێک یەکدیان لە ئامێز گرتبوو، بە تایبەتی ئەو دیاریکردنە ئیکۆلۆژیانەی لەم گوتارەدا دەربڕدراون، گوزارشت لە گۆڕانکاری لە زیهنی مرۆڤ دەکات بەرانبەر بە حەقیقەتی ژیان. وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “زیهنی مرۆڤ تەنها وەک ئاوێنەیە کە وێنەی شتەکان تێیدا ڕەنگدەداتەوە[15]“ لێکدانەوەی ڕاستی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی نەخشە دەروونییە کوانتەمییەکانەوە، لە ڕووی هەبوونی تایبەتمەندی پێشکەوتوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، لە ڕادەبەدەر گرنگە. بێگومان ناتوانین بڵێین یەکەمجارە بیرمەند و زانایانی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر هەڵسەنگاندنی هاوشێوەیان بۆ ئەم دەرکەوتانە کردووە و بینیویانە کە پاشا ڕووت بووە؛ بەڵام بنەڕەتیترین تایبەتمەندی کە ڕێبەر ئاپۆ لەوان جیادەکاتەوە ئەوەیە: “ئەو شیکاریی و ڕەخنانەی کە کردوونی لە سنووری هیچ تەنێکی بیرکردنەوە لێکۆڵینەوەدا قەتیسی نەکردوو، بەڵکو هەوڵیدا بیانگوازێتەوە بۆ وزە و ڕێکخستنی کۆمەڵگە”. پەرتووکی بەرگریکردن لە گەلێک لەم پێناوەدا نووسراوە!
ئابووری: لقێکی زانستە کە لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی ماددی کۆمەڵگە دەکۆڵێتەوە. زاراوەی ئابووری گوزارشت لەو پێناسەیە دەکات، کە لە چالاکیی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و هەموو ئەو پەیوەندیانە لەخۆ دەگرێت کە لەم چالاکییەوە سەرهەڵدەدەن. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ وەختێک چاو لە سەرمایەداری دەکات دەڵێت: “وەک شێوەیەکی کۆمەڵگە نایبینم، بەڵکو وەک ڕێکخستن و تۆڕێکی بەرفراوانی هەڵدەسەنگێنم کە زێدە-بەها لەسەر پشتی کۆمەڵگە تاڵان دەکات، ئابووری وشک دەکات، بێکاری دەئافرێنێت، لەگەڵ دەوڵەت و دەسەڵات ڕێکدەکەوێت و ئامڕازە بەهێزەکانی هەژموونگەرایی ئایدیۆلۆژی بەکار دێنێت[16]“.
چەمکی ئابووری لە وشەی یۆنانی “ئۆیکۆس” بە واتای “دابینکردنی پێویستییەکانی ماڵ دێت” و وشەی “نۆمۆس” بە واتای “یاسا” لە ڕووی بنەچەی زمانەوانییەوە وەرگیراوە. بەم مانایە چەمکەکە ئاماژە بە سیما ناچاری-یاسایی بەرهەمهێنانی ماددی ژیان دەکات. مرۆڤەکان بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە جەوهەرییەکانیان کە لە بەرهەمهێنانەوەی ژیانەوە سەرهەڵدەدەن - پێداویستییەکانی بەکاربردن، خۆراک، جلوبەرگ، شوێنی حەوانەوە و... کۆی هەموو ئەم پەیوەندیانەی کە لەم چالاکییە بەرهەمهێنانەوە سەرهەڵدەدەن، پێکهاتەی ئابووری پێکدەهێنن. ئایدیۆلۆژیای “لیبڕاڵیزم کە هەرشتێکی بۆ مۆدێلی ئابووری بچووککردۆتەوە پێناسەکەی بێواتا کردووە، هەر دیاردەیەکی پێچەوانەی ئابووریشی بە ئابووری لە پێنووس داوە[17]“. لە کاتێکدا ئابووری بوارێکی مەعریفە و چالاکییە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە و لێیان دەکۆڵێتەوە. چالاکیی ئابووری ئاڵۆزترین شێوازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. پێکدێت لە زنجیرەیەک تۆڕی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. کاتێک بواری ئابووری لە ئاستی پێناسەیەکی گشتیدا دەکۆڵرێتەوە، دەبینرێت کە زنجیرەیەک پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە کە لەمەوە سەرهەڵدەدەن، بە پلەی یەکەم بەرهەمهێنان و بەکاربردن.
چالاکیی، بەرهەمهێنانی کاڵا-بازرگانی و پەیوەندییەکانی بازاڕ کە لە دەوری بازرگانی دروست دەبن، شوێن و ئەرکی پارە وەک فاکتەری ئاڵوگۆڕکردن، داهاتی بەدەست هاتوو لە ئەنجامی چالاکیی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و فۆڕمی دابەشکردنی ئەم داهاتە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، بەکارهێنانی پیشەسازی بۆ هەموو شانە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی ئابووری بە مەبەستی دەستەبەرکردنی بەردەوامیی یاسای زۆرترین قازانج، مەترسیدارترە لە توندوتیژیی دەسەڵات. “هەروەک چۆن سەرمایەداری بواری دیموکراسی چەواشە کردووە، بواری ئابووریشی خستۆتە ژێر باڵادەستی قۆرخکاریەکانی سەرمایەو دەوڵەت-نەتەوە و بێ ناوەڕۆکی کردووە[18]“.
کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵی پێشەنگی هەیە لە گونجاندنی خۆی لەگەڵ ژیانی ئیکۆلۆژیدا. چیرۆکەکانی ئادەم-حەوا و نوح مژدەی کارەساتی ئیکۆلۆژی دەدەن. ژیانی ئیکۆلۆژی ڕۆڵێکی باڵادەست دەگێڕێت لە کولتووری پێغەمبەردا. ئیکۆلۆژی یاسایەکی کۆمەڵایەتی بنەڕەتیە کە هێشتا دەبێ ڕەوا بێت کە ژیانێک هەڵسەنگێنن ئەگەر ئەم یاسایانە نەبوایە، بەردەوامیی کۆمەڵگەکان لە مەترسیدا دەبوو. هەرچەندە تەکنیکی پیشەسازی هەزاران ساڵە لە کۆمەڵگەی ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکارهاتووە، بەڵام ئەوەی کە پەرەی پێنەدراوە بۆ پیشەسازی، پەیوەندی بە کولتووری ڕۆحی و پێکهاتەی ئەخلاقی ناوچەکەوە هەیە. یاخیبوون لە سروشت بە هاوشێوەی یاخیبوون لە خودا دادەنرا. لە کولتوری ڕۆژئاوادا یاخیبوون لە سروشت و زاڵبوون بەسەریدا بنەمای سەرچاوەی فەلسەفەکەیانە (فەلسەفەی دیکارت). لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا، هاوئاهەنگی بنەمای بنەڕەتیە. دژایەتی سروشت و ڕەتکردنەوەی دەستبەرداربوون لە هەژموون، جەوهەری سەرهەڵدانی مۆدێرنیتە سەرمایەدارییە. قۆناغی ئێستا ئەوەیە کە ژیانی کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارێکدا لە ئێستاوە دەگاتە سنووری ناپایەداربوون. پیشەسازی ڕۆڵی پێشەنگ لە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیمپریالیزم و هەژموونی مۆدێرنیتە سەرمایەداریدا دەگێڕێت. شەڕی ئاو و نەوت و سەپاندنی هەژموونی دەسەڵات شتێکی تایبەتە. شەڕی ئاو و تەکنۆلۆژیایی زیرەک "ئایئای" لە داهاتوودا چڕتر دەبێتەوە. ئەوەی مایەی نیگەرانییە هەژموونی ئەو زیهنییەتە هەژموونگەراییەیە، کە لەسەر بنەمای نابووتکردنی ژیان و دەسخستنی زۆرترین قازانج، دامەزراوە و بەردەوامی بەخۆی دەدات، بەجۆرێک لەمڕۆدا مرۆڤایەتی ئەزموونی دابڕانێکی ترسناک لەناوبەری خۆی و ژینگەدا دەکات. گۆڕینی چیناتی میوە و تۆوە خۆراکییەکان و ئەو گیانلەبەرانی وەک سەرچاوەیەکی ژیانی، یەکێکی ترە لەو کێشانەی کە مرۆڤایەتی لە چالاکی و بوونی "جەستە، ڕۆحیەت و زیهن"ـێکی تەندروست دابڕیوە، بوونی خواردنگە و نەخۆشخانە و دەرمانخانە لە ژمارە نەهاتووەکانی ئەمڕۆ گوزارشت، لە پێشکەوتن ناکەن، بەڵکو گوزارشت لە پێچەوانەکەی دەکات. دیاردەی کۆچبەری یەک لەو هەڕەشانەیە کە ڕووبەڕووی بەشێکی بەرچاو لە مرۆڤایەتی بۆتەوە، بە هۆکاری جەنگە و کەمی سەرچاوەی ئاو، کە ئەمەش بەشێکی فراوانی پەیوەندی بەو چاوجنۆکییەوە هەیە کە سیستەمی سەرمایەداری دژ بە کۆیی ئیکۆسیستەمی گەردوون گرتوویەتیە بەر.
دابڕانی گوندنشینەکان لە خاک دیاردەیەکە دەبێ وەک شەڕێکی ئایدیۆلۆژی لێی تێبگەین. ئامانجی دوو سەد ساڵی ڕابردووی کرانەوەکردنی مۆدێرنیتە سەرمایەداری کۆتاییهێنانە بە کولتووری ژیانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی کە پانزە هەزار ساڵە بەشێکی سەرەکیی ڕووباری سەرەکی مرۆڤایەتی پێکهێناوە. سەرمایەداری دەخوازێت خۆی وەک ئایدیاڵ ترین و بێ کەموکورترین سیستەم بداتە قبووڵکردن. بۆ ئەم ئامانجەش هەموو ڕیکارێکی چەواشەکاری گرتۆتە بەر، هەر لە ناو نانی، کۆمەڵگەی سروشتی وەک "بەربەری و دواکەوت و..." بۆیە پێویستە لەم ڕاستییەدا بەدوای ژینۆسایدی کولتووریدا بگەڕێین... کاتێک مێژووی شارستانیەت وەک شەڕی قۆرخکاری لێکدەدرێتەوە، گرنگی پاراستنی بوونی پێکهاتە خێڵەکی و ئایینییەکان وەک فۆرمەکانی دەسەڵاتی بنەڕەتی شارستانییەتی دیموکراسی باشتر تێدەگەین...
دواجار مرۆڤ دەبێت تێبگات و بڕوا بەوە بکات، کە گەردوون هی مرۆڤ نییە، بەڵکو مرۆڤ هی گەردوونە!
[1] مەبەست لەو ئازادییە کە ئایدیۆلۆژیای لیبڕاڵیزم بانگەشی بۆ دەکات
[2] عەلی حەیدەر قەیتان، تێگەیشتن لە کولتووری ڕێبەرایەتی بە شێوەیەکی دروست، ل ٤٥.
[3] عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتیک بەرگی چوار، ل ٣٣١.
[4] فیلمی پلاتفۆڕم گوزارشت لەم سیستەمە دەکات!
[5] عەبدوڵڵا ئۆجالان، بەرگرینامەی مرۆڤی ئازاد ل ١٠٠.
[6] جەمیل بایک، ئایدیۆلۆژیا، گۆڤاری ئازادی کۆمەڵگە ژمارە ٤٩ ل ٣٧-٣٨.
[7] عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتی بەرگی یەک، ل ٣٢-٣٣.
[8] ناگیهان ئاکارسەل، گەڕیدەی حەقیقەت ل٤٠.
[9] عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتی بەرگی سێیەم ل ٣٠.
[10] عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتی، بەرگی دووەم ل ٢٧٢.
[11] ناگیهان ئاکارسەل، گەڕیدەی حەقیقەت ل ٢٨٠.
[12] گروپەی سەوز تێڕوانینێکی بەو جۆرەیان هەبوو کە هەموو بابەتەکانی لێکۆڵینەوە پەیوەستن بە پرسی کۆمەڵناسییەوە!
[13] عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتی، بەرگی دووەم ل٢٦٣.
[14] عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتی، بەرگی دووەم ل ٢٦٣.
[15] عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتی، بەرگی دووەم ل ٢٧٠.
[16] عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتی، بەرگی سێیەم ل ١٣١.
[17] عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتی، بەرگی پێنجەم ل ٣١-٣٢.
[18] عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتی، بەرگی پێنجەم ل ٣٢.
