واقیعی مەجازی؛ وەک ئاوێنەی کۆمەڵگە و دیالێکتیکی ئاشکراکردنی شاراوەکان

ئاسۆس ساڵح

زۆرجار «واقیعی مەجازی» وەک جیهانێکی وەهمی و دابڕاو لە ژیانی ڕاستەقینە سەیر دەکرێت، وەک ئەوەی لەوێ ڕوودەدات تەنها کۆمەڵێک وشە و دەقی ڕاگوزەر بن و کاریگەرییان لەسەر خودی واقیع نەبێت، بەڵام بەردەوام بوون و کەڵەکە بوونیان دەبێتە مۆد و شێوەی بیرکردنەوە و دەگوازرێتەوە نێو واقیعی ڕاستەقینە.

ئەگەر بە دیدی فەلسەفی و دەروونناسیی کۆمەڵایەتییەوە لەم پەیوەندییە بڕوانین، دەبینین پەیوەندی نێوان ئەم دوو جیهانە پەیوەندییەکی دیالێکتیکییە؛ واتە یەکتر تەواو دەکەن، لە یەکتر دەچن و دژ بە یەکیش دەوەستنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا «مەجاز» دەبێتە دەرخەری ڕاستگۆترین و ڕووتترین وێنەی «واقیع».

ئەمڕۆ، سۆشیال میدیا بووەتە ئەو مەیدانەی کە تێیدا «کۆنەست»ـی کۆمەڵگە بەبێ سانسۆر خۆی نمایش دەکات. ئەگەر لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا، یاسا و داب و نەریت و ماسکە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگری لە دەرکەوتنی «خودی ڕاستەقینە»ی تاکەکان بکەن، ئەوا لە پشت شاشەکانەوە و بە سوودوەرگرتن لەو ئازادییە ڕەهایەی دنیای دیجیتاڵ بەخشیویەتی، مرۆڤی کورد (بە تایبەت ئەو دەستەیەی کە هەڵگری عەقڵیەتی داخراو و فەندەمێنتاڵیستن) ناخی خۆیان لە سۆشیال میدیا دەردەخەن چونکە لەوێ هیچ کۆتوبەندی یاسایی و دابونەریتی کۆمەڵایەتی بوونی نییە. لێرەوە دەتوانین تێبگەین کە ئەو پۆست و کۆمێنت و کاردانەوانەی دەبینرێن، نامۆ نین بە کۆمەڵگە، بەڵکو خودی «ڕاستی»یە تاڵەکەی کۆمەڵگەن کە تەنها لەم فەزا فەوزایەدا دەرفەتی تەقینەوەیان هەیە.

دیاردەی هێرشکردنە سەر ژنان لە فەزای مەجازیدا، یەکێکە لە ترسناکترین دەرخەرەکانی ئەم نەخۆشییە کۆمەڵایەتییە. کاتێک میدیایەک سەرنج و ڕای کچێک وەردەگرێت یانیش وێنەیەک دادەنێت یان تێڕوانینی خۆی بەیان دەکات، ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە سووکایەتی و وشەی نەشیاو دەبێتەوە. ئەمە تەنها کاردانەوەیەکی کاتی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو چەپاندنە سێکسی و هزرییە قووڵەیە کە تاک بەدەستییەوە دەناڵێنێت. ژن لە زەینییەتی ئەم جۆرە کەسانەدا هێشتا وەک «کاڵایەکی جنسی» دەبینرێت نەک وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە. ئەم تێڕوانینەیان لەژێر پەردەی شەڕەف و نەریت و تێگەیشتنی دینی و پیاوسالاری دەشارنەوە. هەروەها، توڕەیی ئەوان لە بەرامبەر دەرکەوتنی ژن، ترسە لە شکاندنی ئەو هەیمەنە نێرسالارییەی کە بە درێژایی مێژوو بە پیرۆزکراوی هێشتراوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، دژایەتیێکی کوێرانەی هەر بۆنە و یادێک دەکەن کە هەڵگری: هونەر، مۆسیقا، جوانی، شایی و دڵخۆشی بێت وەک بۆنەی سەری ساڵ! ئەمە ئاماژەیە بۆ بەهێزبوونی کولتووری «مەرگ دۆستی» لە بەرامبەر «ژیان دۆستی». ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە بە جنێو و قسەی نەشیاو و نالۆژیکی هێرش دەکەنە سەر ئاهەنگ و خۆشییەکان، هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی کۆنەپرست و توندڕەوی هاوردەکراون کە لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستانەوە دزەی کردووەتە ناو جەستەی کولتووری کوردی و خەریکە دایدەڕزێنێت. ئەم ئایدۆلۆژیایە، شادی و جوانی و هونەر وەک هەڕەشە بۆ سەر باوەڕە وشکەکانی دەبینێت، چونکە ئەوان سەرەتا دەیانەوێ هەیمەنەی کەلتووری زاڵ بکەن و دواتر کۆمەڵگە خۆی بە ئاسانی ڕادەستی ئەجندا گڵاوەکەیان دەبێت و لە کۆتاییشدا ئامانجە سیاسییەکانیشیان بەدی دێنن.

پارادۆکس و دووڕوویی گەورە لەوەدایە؛ بەشێک لەو بانگخوازە ئایینی و کارەکتەرە سیاسییە بەناو ئۆپۆزیسۆنانە کە هاندەری ئەم شەپۆلە رق و کینەیەن، خۆیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەژین. واتە لە سایەی سیکۆلاریزم/ عەلمانیەت، کە بە "کوفر"ی دادەنێن؛ چێژ لە ئازادی، مافی مرۆڤ، سیستەمی کۆمەڵایەتی پێشکەوتوو و ئاسایش وەردەگرن، بەڵام لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە بە گوتارێکی پۆپۆلیستی-ئیسلامی "ژەهری هزری" دەرخواردی کۆمەڵگە دەدەن و هەناردەی ناوخۆی کوردستان دەکەن. ئەمە جۆرێکە لە کۆلۆنیالیزمی هزری کە تێیدا جەستەی بانگەشەکار/بانگخواز لە بەهەشتی ئەوروپایە، بەڵام عەقڵی خەریکی دروستکردنی دۆزەخێکی قوڵتر و تاریکترە بۆ خەڵکی کوردستان.

دەرەنجام، ئەوەی لە پۆست و سەرنج و کۆمێنتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگوزەرێت، تەنها دەقێکی ئەلیکترۆنی نییە، بەڵکو پێوەری عەقڵی نەخۆشی کۆمەڵگایە. واقیعی مەجازی پەردەکەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە لاداوە و پێمان دەڵێت: ئەوەی لە شەقامدا بە بێدەنگی تێدەپەڕێت، لە فەیسبووک و ئینستاگرام و تیکتۆکدا بە دەنگی بەرز هاوار دەکات. ئەم دۆخە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هەرەسھێنانی بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان و شوێنگرتنەوەیان بە فەرهەنگێکی دەمارگیر و دژە-ژیان، کە ئەگەر بە هۆشیاری و پەروەردەی دروست ڕووبەڕووی نەبینەوە، دەبێتە واقیعی ڕەهای داهاتوومان.

 


پەیامێک جێبهێلە

تێبینیەک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر