ئامادەکردن و وەرگێڕان: ئاکادیمیایی ژنۆلۆژیی
ژن، لە كۆمەڵگای كوردی و جیهانیدا، هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتێكی ترەوە (دەسەڵاتی ئایین، خێڵ، دەوڵەت و سەرمایەداری كە سەرجەمیان بەگشتی كۆمەڵێك دەسەڵاتی پیاوسالارانەن) ناسنامەی دیاریكراوە، هەمیشە لەلایەن قەڵمڕەوییەك لە دەرەوەی خۆیەوە ئەرك و مافەكانی دیاریكراوە و تێگەیشتنێك بۆ ژن بەسەر ژندا سەپێنراوە لە دەرەوەی سروشت و بوونی خۆیەوە بووە، بۆیە هەمیشە نامۆ بووە پێی، هەر ئەمەشە وایكردوە ژن خۆی نەناسێت، لە سروشت و بونیادی خۆی تێنەگات و نەتوانێت وزەی خۆی بەگەڕبخات و بەو جۆرە وێنای خۆی بكات كە هەیە. ژنۆلۆژی وەڵامە بەو دۆخە، هەوڵێكە بۆ ناسینی ژن لەناو خۆیدا، تێكۆشینی ژنانەیە بۆ دۆزینەوە و بەیانكردنی ناسنامەی ڕاستەقینەی ژن و فڕێدانی ئەو ناسنامە نامۆ و دەرەكییەی بەسەریدا سەپێنراوە.
ژنۆلۆژی زانستی ژن و هاوژیانی ئازادە، زانستێكە كنە و پشكنین بۆ ژیان و مێژووی ژن دەكات و لە هەموو ئەو زانیاریانە دەكۆڵێتەوە كە لەو بارەیەوە هەن و بە چاوێكی رەخنەییشەوە تەماشای ئەو پێناسانە دەكات كە لە دەرەوەی ژن بۆی دیاریكراوە. بە واتایەکی دیکە، ژنۆلۆژی سازییبوونی ناسنامەی ژنە.
لەنێو زانستی ژنۆلۆژیدا ژن بە شێوازێكی زانستی لە ژێر ناوی ژنۆلۆژیدا گفتوگۆ دەكرێت. لە بەرەبەیانی مێژووە تا ئێستا، لە هەر جێیەكی جیهاندا و لە هەر پێشكەوتنێكدا ژن هێز بووبێت و رەنجی دابێت، هەمووی لە چوارچێوەی ژنۆلۆژیدا زیندوو دەبێتەوە و ژنۆلۆژی دەبێتە ئاوێنەی جیهانی ژن. لەلایەكی دیكەوە ژنۆلۆژی پارادیگمای لێگەڕینی ژنانی ئازادە.
پێویستە وەک ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی لە ژن تێبگەین، بۆ ئەوەی لێرەبوونی ژن بەگوێرەی هەقیقەتی خۆی پێناسە بکرێت، ڕوون بکرێتەوە کە چ شتێک پەیوەست نییە بە ژنەوە، جەخت لەسەر ”چۆن”یەتی ئازادبوونی ژن و دەربڕینی ئەدگارەکانی ژنێتی بۆ ئەم مەبەستە بکرێتەوە. هەروەها گرنگە زانین و زانست لە مەیدانی کۆمەڵایەتی دانەبڕێندرێت، نەکرێن بە هی نوخبە، نەکرێن بە بناغەی دەسەڵات، بەڵکو هەمیشە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگە بە بەهێزی بهێڵنەوە. لە کۆمەڵگە سروشتییەکاندا پێش شارستانەتی پیاوسالار، زانین و زانست بەشێک بوون لە کۆمەڵگەی سیاسی و ئێتیکی. هەتاکو پێویستییە ژیانییەکانی کۆمەڵگە دابین نەبن، ناشێ زانین بۆ هیچ ئامانجێکی دیکە بەکاربهێنرێت. لە ڕێگەی شارستانەتی پیاوسالارەوە، زانین و زانست لە ژن و کۆمەڵگە دزران. دەسەڵاتداران و هێزەکانی حکومەت بەڕێی یارمەتی زانین و زانستەوە بەهێزتر بوون. ئەمەش بووە هۆی جیاکردنەوەیەکی بنەڕەتی زانین لە کۆمەڵگە، بەتایبەتی لە ژن. بۆیە ژنۆلۆژی ئامانجی دروستکردنەوەی ئەو پەیوەندییەیە. لێکۆڵینەوەی داگیرکردنی مێژووی ژنان داواکاری بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بەرز دەکاتەوە و ئەدگارێکی ڕۆشنکەرەوەی دەبێت لەم ڕووەوە. پێکەوە بەڕێی هەڵسەنگاندنێکی بەهێز و فراوانی قووڵیی بەکۆیلەکردنی ژنان، چارەسەرکردنی نهێنی کۆیلەبوونەکەشی دەبێتە شتێکی شیاو.
زاراوەی ژنۆلۆژی واتای ”زانستی ژن” دەگەیەنێت، لە دوو وشە پێکهاتووە ژن و لۆژی، لۆژی لە لۆگۆس (logos)ی گریکییەوە هاتووە و بە واتای زانین دێت. هەروەها لە کوردیدا وشەی ژن واتای ژیانیش دەگەیەنێت. هەروەک لە گروپی زمانە هیند و ئەوروپییەکان و ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا وشەکانی ژن، زن یان زێن، هەموویان واتای ژن دەگەیەنن و هاوواتان لەگەڵ ژیان و زیندووێتی.
دەربارەی مێژووی خودی چەمکی ژنۆلۆژیش پێویستە باس لەوە بکرێت؛ زاراوەی ژنۆلۆژی بەشێوەیەکی کۆنکرێت بۆ یەکەم جار لەلایەن کۆمەڵناس و بیریاری کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان لە نووسینەکانی لە ٢٠٠٣ و لە کتێبی ”سۆسیۆلۆژیای ئازادیی” بەکا رهێنراوە. لە ڕوانگەی عەبدوڵڵا ئۆجالان ژنان و هەموو تاکەکان، کۆمەڵگاکان و خەڵک کە خاوەن دەسەڵات و دەوڵەت نین پێویستە گەشە بە زانستی کۆمەڵایەتی ئازادی خۆیان بدەن، ئەم زانستانە دەشێ پێیان بگۆترێ سۆسیۆلۆژیای ئازادیی و لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی بونیادبنرێن. چونکە ئەو بزووتنەوانەی ئامانجیان کۆمەڵگەیەکی کۆمینال، دیموکراتیک، یەکسان و ئازادە، پێویستییەکی زۆریان بە ژنۆلۆژی هەیە.
ژنۆلۆژی پێشنیاز و بەرنامەیەکی ڕادیکاڵ بۆ دەستکاریکردنی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و پارادایمی پیاوسالاری پێشکەش دەکات. بەم تێگەیشتنە، ژنۆلۆژی پرۆسەیەکی ئیپیستیمۆلۆژی (مەعریفی)یە. ئامانجەکە ئەوەیە جیهانی زانین و زانست ڕاستەوخۆ بۆ ژنان و کۆمەڵگە بەردەست بێت، کە تاکو ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە. ئامانجەکە ڕێگەخۆشکردنە بۆ ڕەگوڕیشە و ناسنامەی ژنان و کۆمەڵگە، کە لە هەقیقەتی خۆیان دابڕێنراون. ژنان پێویستە دیسپلینەکانی خۆیان چێ بکەن، بگەن بە ڕاڤە و واتاکانی خۆیان، و لەگەڵ سەرجەم کۆمەڵگەدا بەشی بکەن.
بونیادنانی زانین داواکاری بۆ گفتوگۆی ئازاد بەرز دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر ئێمە سەیری پەیوەندی نێوان زانین و دەسەڵات بکەین، ئەوا زەحمەتە ئەو ئازادییە درکی پێبکرێت. لەم کۆنتێکستەدا، خستنە ژێر پرسیاری پێکهاتە و بونیادی پیاوسالاری و دەسەڵات-سەنتەری، پێویستە. بە هەمان شێوە بۆ دەستپێکردنی ئیپیستیمۆلۆژییەکی هاوکاری مرۆڤ، ژن، سروشت و کۆمەڵگە، ئەوا لێکۆڵینەوە، ڕاڤە، نوێکردنەوە و هۆشیاری نوێ پێویستن. پرنسیپەکان، گریمانەکان و ئەنجامەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی هەنووکە پێویستە دووبارە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێتەوە و ڕەخنەییانە تاقیبکرێنەوە. گەرەکە زانیاری ڕاست و ناڕاست لە یەکدی جیابکرێنەوە. ئەوە زۆر گرنگە ئێمە بە ڕاڤەیەکی دروست و ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی مێژوویی بگەین.
ژنۆلۆژی دەبێتە یارمەتیدەری ئێمە بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندی نێوان زانین و ئازادی، کە لە یەکدی دابرێنراون. ئاخر پەیوەندییەکی گرنگ لە نێوان زانین و ئازادیدا هەیە. زانین داوای ئازادی دەکات، لە بەرانبەردا ئازادی داوای زانین و دانایی دەکات. بەشداری ژن لە ژیانی کۆمەڵگەیی بەڕێی پلەی ئازادییەکەی بڕیاری بەسەردا دەدرێت. حەزی ژن بۆ زانین و ئازادی هیوا و تێکۆشینە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت. هەقیقەت فۆڕمی یەکەم و ڕاستەقینەی سروشتی کۆمەڵگەیە. پێش ئەوەی لەلایەن سیستەمی پیاوسالارییەوە دەربکێشرێت، گرنگییەکی زۆری هەبوو. قۆناغەکانی گەشەکردنی ئاسایی لەناو سیستەمی کۆمەڵگەی سروشتیدا ئەوە پیشان دەدات، کە ئێمە پێی دەڵێین هەقیقەت. لەبەر ئەم هۆکارە، ژنۆلۆژی وەک حەز بۆ ئەو هەقیقەتە ڕیشەکێشکراوانە وەسف دەکرێت. ئەم هەوڵە لەگەڵ داواکاریمان بۆ زانین، دانایی و ئازادی ئاوێتە دەبێت. ئەرکی گرنگ لە سەدەی بیست و یەکەمدا چاوەڕێمان دەکات: بناغەی تیۆری-فەلسەفی و زانستی ئازادیی ژنان، فراژووتنی مێژوویی ئازادی و بەرخۆدانی ژنان، دیالۆگی تەواوکارانەی هاوبەش لەناو بزووتنەوە فێمێنیستی، ئیکۆلۆژی و دیموکراسییەکان، دووبارە پێناسەکردنەوە و نوێکردنەوەی هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ نموونە خێزان بەگوێرەی پرنسیپی ئازادیخوازانە، بونیادی بنەڕەتی ئازادیی پێکەوەبوون، داڕشتنی تێگەیشتنێکی ئەلتەرناتیڤ بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای ئازادیی ژن. پێویستە مەیدانێکی نوێی زانستی کۆمەڵایەتی بە هەموو ئەو بازنانە بونیادبنرێت کە بەشێک نین لە دەسەڵات و دەوڵەت. ئەمە ئەرکی هەموو ژنان، تاکەکان و بزووتنەوەکانی دژە-کۆلۆنیالیست، دژە-سەرمایەداری، دژە-دەسەڵاتە. ئێمە ئەو زانستە کۆمەڵایەتییە ئەڵتەرناتیڤە وەک سۆسیۆلۆژیای ئازادی دادەنێین. ژنۆلۆژی دەتوانێت بناغەی ئەو زانستە کۆمەڵایەتییانە بونیاد بنێت و گەشەیان پێبدات. لەم ڕووەوە ژنۆلۆژی پێشەنگە. ژنۆلۆژی دەتوانێت سۆسیۆلۆژیای ئازادی بناغەبڕێژێت و خۆشی ببێت بە بەشێک لەو سۆسیۆلۆژییە. بزووتنەوەی ژنانی کورد کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئیش لەسەر ژنۆلۆژی دەکات و ئەم بابەتەی بۆ دانوستاندن ئاوەڵا کردووە، بەهایەکی گەورە دەدات بەو ئەنجامانەی تاکوو ئێستا لەبارەی ئەم بابەتە لە سەرانسەری جیهان بەدەستهاتووە. ژنۆلۆژی زۆر بەپەرۆشە بۆ دانوستاندن، بەشکردنی ئەنجامەکان، فێربوون و هاوکاربوون لەگەڵ سەرجەم ئەوانەی کە شەڕ بۆ ئازادیی ژنان دەکەن. بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستیکرد بە بونیادنان و داڕشتنی بەشی ژنۆلۆژی و دروستکردنی ئەکادیمیاکانی ژنان. ئەمەش بونیادنانی سیستەمێکی پەروەردەیی بوو بۆ ژنان و کۆمەڵگە. لەبارەی ئەم بابەتانە گفتوگۆ ڕێکخراون: ژنان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان و ئابووری، ژنان و مێژوو، ژنان و سیاسەت، ژنان و دیمۆگرافی (دانیشتووانناسی)، ئێتیک و ئێستێتیکی ژنان.
بەڕێی سەرنجێکی ورد لە قۆناغەکانی سیستەمی پیاوسالاری کە لە شارستانەتی سۆمەرەوە دەستپێ دەکات، ئەوا ڕوون دەبێتەوە کە دەسەڵاتداران تاکو ئەمڕۆ پێگەکانی خۆیان سەرەتا لەناو هزردا دامەزراندووە. بۆ نموونە جیاکردنەوەی سەبژێکت و ئۆبژێکت بۆ پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان سەرەتا بەڕێی زانستە مۆدێرنەکانەوە لەناو هۆش و هزردا دامەزرێنران. ئەم خەیاڵە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنرا، کە پیاو سەبژێکت (بکەر)ە، ژن ئۆبژێکت (بەرکار)ە، سەروەر سەبژێکتە، کۆیلە ئۆبژێکتە، دەوڵەت سەبژێکتە، کۆمەڵگە ئۆبژێکتە. ئەم لۆژیکەی دەسەڵات وەهای لە ژنان و کۆمەڵگە کرد باوەڕ بە جیاکردنەوەی چەوسێنەر و چەوسێنراوە بکەن. میتۆلۆژی، فەلسەفە و زانست بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێنران. بەم شێوەیە پارادایمی سێکسیزم بونیادنرا.
گەرەکە بەشێوەیەکی زانستی لێرەبوونی ژنان بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە گۆزارشتی لێ بکرێت، هەروەها بەشێوەیەکی قووڵ و سیستەماتیک ڕەخنە و ڕاڤەی هەر بونیادێکی زانین بکرێت کە پەیوەندی بە مێژوو، کۆمەڵگە، سروشت و گەردوونەوە هەبێت. چونکە ژن بوونێکی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و بنەڕەتییە، ڕەچەڵەکی لەنێو سروشتدایە، پێناسەکردنی لێرەبوونی ژن داواکاری بۆ گۆڕانێکی ڕادیکاڵ و گرنگ لە زانین و گیان بەرز دەکاتەوە. لە داگیرکردنی مێژووی گیانی مێیەتییەوە بەڕێی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سۆزەکییەوە بۆ داگیرکردنی فیزیکی، پێگەی ژن پێویستی و ئاتاجە. گەرەکە ڕاڤەکردنەکان و داتای زانستی کە لە مەیدانی بونیادی زانین، سایکۆلۆژی، فسیۆلۆژی، ئەنترۆپۆلۆژی، ئێتیک، ئێستێتیک، ئابووری، مێژوو، سیاسەت، دیمۆگرافی…هتد بەدەستهاتوون قووڵ بکرێنەوە و ئاوێتە بکرێن بۆ ئەوەی ڕووەو سیستەمێکی زانستی گۆڕانیان پێ بدرێت. چارەسەری کێشەی ئازادیی ژنان بەڕێی ڕێکخستن و بونیادێک شیاو دەبێت کە لەسەر بنەمای مەیدانێکی فراوان و ئاوێتەی زانین و زانستەکان دروستکرا بێت.
ئەمە هۆکارێکی دیکەیە بۆ گەشەپێدانی ژنۆلۆژی. ئامانجەکەی لە لایەکەوە ئاشکراکردنی پارادایمی دەسەڵاتە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە پێشخستنی چارەسەرییە. تەنیا ڕەخنەکردنی سیستەمی هەبوو (مەوجود)، ئاشکراکردنی کەمایەسییەکانی ئەم مەیدانە یان وتنی ئەوەی پێویستە ئەلتەرناتیڤ چۆن بێ، بەس نییە. گرنگە خۆمان لە نەخۆشی لیبرالیزم ئازاد بکەین، کە دەڵێ ”ڕەخنە بگرە. پێم بڵێ: پێویستە چۆن بێ. پێم بڵێ: چارەسەرەکە چییە؟ بەڵام چارەسەرەکە جێبەجێ مەکە. تەنیا وەها خۆت نیشان بدە کە جێبەجێی دەکەیت”. بۆ ژیانێکی چاک، بەداد و جوان هیچی دیکە تەنیا زانین پێویست نییە. گەرەکە کۆتایی بە سیستەمی هەبوو بهێنرێت و سیستەمێکی نوێ لەو دیوی سنوورەکانی سیستەمی کۆن دروستبکرێت.
لەبەر ئەم هۆکارە، زۆر گرنگە بۆ ئێمە، وەک بزووتنەوەکانی ئازادیی ژنان، هۆشمەندییەک و مەیدانێکی زانستە کۆمەڵایەتییەکان چێ بکەین، کە ژن و کۆمەڵگە تێیدا چەق بن. پێویستە ئێمە بتوانین گیانی سیستەمە ئەلتەرناتیڤەکەمان چێ بکەین. ئەی چی دەبێ ئەگەر ئەمە ڕووی نەدا؟ بەناوی ئەلتەرناتیڤەوە، هەمان شێوازی هۆشمەندێتی، مێتۆدەکان و ئامرازەکانی سیستەمی فەرمانڕەوا، سیستەم خۆی دەتوانرێ دووبارە بکرێتەوە و بەرهەمبهێنرێتەوە، ئەم جارە لەبری ژنان و چەوساوەکان و بەناوی ئەوانەوە خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە.
چەندین بوار و پانتایی جیاواز بوونیان هەیە کە ژنۆلۆژی وەک دەریچەیەک لێیان دەڕوانێت و لەو بوارانەوە پارادیگما و شێوەڕوانین و ئایدۆلۆژیای خۆی دەخاتە ڕوو. لە سەرەتادا ژنۆلۆژی لە ڕووی مێژووییەوە لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی نەنووسراو دەکات. لە دیدێکی بابەتییانە و پشت بە ڕاستییە مێژووییە داپۆشراوەکان لە شوێنەوارە ئارکۆلۆژییەکان و نووسراوەکاندا، لێکۆڵینەوە لە میتۆلۆژی، ئایین، فەلسەفە، داستان، چیرۆک، پەند و بەرهەمە ئەدەبی و مێژووییەکاندا دەکات.
ژنۆلۆژی لێکۆڵینەوە لەمێژووی هەزاران ساڵەی شێوەگرتنی ژن و پیاو و پێگەکانیان دەکات. لە نۆ قات ”چین یان تەبەقە”دا بەوردی لەوە دەکۆڵێتەوە چۆن ژن بەڕێی میتۆلۆژی، ئایین، فەلسەفە و دوایینیشیان زانست لە سەردەمی سیستەمی سەرمایەداریدا، گەیشت بەم دۆخەی ئێستای. ژنۆلۆژی لە کاروانی هەزاران ساڵەی ژن دەکۆڵێتەوە، سیحری دەوڵەت و دەسەڵاتداری بەتاڵ دەکاتەوە و درۆکانیان ئاشکرا دەکات. بەڕێی ئارکۆلۆژییەوە دەیەوێ ڕاستییەکان هەڵبکۆڵێ و شکۆ بۆ ئەو ژنانە بگێڕێتەوە کە بوون بە ژێر داڕووخاوی دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەکانەوە. هەروەها ژنۆلۆژی کۆدی دەقە میتۆلۆژییەکان، کە دواتر بوون بە بناخەی سەرەکی ئاینەکان، دەکاتەوە.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ژن وەک یەکەم بوون دەنرخێندرێت کە زانین و مەعریفەی لەبارەی خۆیەوە بەدەستهێناوە. ژیان و کۆمەڵایەتیبوون لەسەر بنەمای پرنسیپە سیاسی و مۆڕاڵییەکان چنراون و ژن لە چەقەکەیدایە. کۆمەڵگەی سروشتی بە بەها مۆڕاڵی و سیاسییەکانییەوە لەلایەن ژنەوە ئافرێنراوە، ئاخر لە نێوان ژن و ژیاندا گرێبەستێکی نەشیاوی هەڵوەشاندنەوە هەیە. ژن لە جەستە و واتای خۆیدا نوێنەرایەتی بەشێکی گرنگی سروشتی کۆمەڵایەتی دەکات، ئەمەش هۆکاری پەیوەستبوونی ژنە بە ژیانەوە. ژن پیشاندانەوەی ژیانە، ژیانیش ژن دەکات بە سیمبول و هێمای خۆی. لەبەر ئەم هۆکارە، ژنۆلۆژی وەک زانستی ژن واتای ”زانستی ژیان”یش دەگەیەنێت.
هەروەها ئەمڕۆ ژن نوێنەرایەتی بوونێک دەکات کە زۆرترین پلان و سیاسەتی لەسەر دروست دەکرێت. ئەو سیاسەت و پلانانە بۆ ئازادکردنی ژن و بەهێزکردنی ویستی ژن دانەڕێژراون. بەهۆی ئەو پلان و سیاسەتانەوە ژن زۆر دەچەوسێنرێتەوە، بە ڕێگەی نەرم یان توند دەکوژرێت، ڕابوردوو و ئێستای ژن دەشاردرێتەوە و دەسڕدرێتەوە. ئەمڕۆ زانین و زانست لەناو یەکەم زنجیرەی بنەڕەتی ڕووبەرەکانی دەسەڵاتدان. بەڕێی بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی ئایدیۆلۆژییەکان و سیاسەت و پلانەکان لەناو ڕووبەرەکانی سیاسەت، کۆمەڵگە، ئابووری، دین، تەکنۆلۆژی، فەلسەفە، هتد دژایەتی ژنان و کۆمەڵگە دەکات، زانستەکان لەم ڕووەوە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن. پەیوەندی نێوان زانین و دەسەڵات، پێکەوە لەگەڵ وەدەرنانی ئێتیک تایبەتمەندییەکی سەردەمی ئەمڕۆیە. سروشتی سێکسیستی زانست، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا، کێشەکان بەشێوەیەکی چارەسەرنەکراو قووڵ ڕوون دەکاتەوە.
یەکێكیتر لەو بوارانەی کە زۆر گرنگە لە ژنۆلۆژیدا ڕەخنەکردنی ڕیشەیی فێمینیزمە، چونکە زۆرێک لە ڕەوتە فێمینیستییەکان پێیان وایە ئەگەر فێمینیزم هەبێ، ئەوا ژنۆلۆژی پێویست نییە هەبێت، ژنۆلۆژی بۆ چییە؟ لە تیۆری و پراکتیکی ژنۆلۆژیدا بەفراوانی ئەوە دەخرێتە ڕوو کە نکوڵی لە فێمێنیزم ناکات، بەڵکو بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییە کە فێمینیزم ڕووبەڕووی بۆتەوە، کار دەکات. ژنۆلۆژی پێی وایە ڕەوت و بزووتنهوهکانی فێمێنیزم پرسی ژنیان زەق کردۆتەوە، ڕەخنەیان لە نێرسالاری و سێکسیزم گرتووە و زەمینەی بەشداری ژنانیان لە زۆر بواردا کردۆتەوە، بەڵام ژنۆلۆژی دیدی ئۆرێنتاڵیستانەی زۆر لە ڕەوتەکانی فێمینیزم ڕەخنە دەکات کە هێشتا لەژێر کاریگەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدان. ژنۆلۆژی دەکرێت ببێت بە دەروازە و میکانیزمێک بۆ فێمینستەکانیش تاکوو لەگەڵ کۆمەڵگە یەکیان بخاتەوە، چونکە زۆر لە فێمینستەکان بوونەتە توێژێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە، وا دەزانن کاری ئەوان تەنیا قسەکردن و بەرهەمهێنانی تێزە. ژنۆلۆژی تەنیا ڕەخنە ناگرێت، بەڵکو ئەلتەرناتیڤی پێویستیش دەخاتەڕوو بۆ کۆمەڵگە بۆئەوەی زەمینەی گۆڕانکاری ڕیشەیی- ڕادیکاڵ بکاتەوە.
لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتیدا، ژنان و چەوساوەکان وەک ئەکتەری ئازادی و دیموکراسی بەرخۆدانیان کردووە. هەرچەندە، کۆتاییهێنان بە سیستەمی زاڵی هەبوو نەکردە بووبێت. کێشەی سەرەکی هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی ئەوەیە شکستیان هێناوە لە دروستکردنی سیستەمێک بۆ بەها ئازادی، یەکسانی و دادپەرەوەرییەکانیان، بۆ بە مێژووییکردنیان و دەرهێنانیان لە چنگی دەسەڵات. بەسیستەمکردن و بەمێژووکردن لە سەروو هەموو شتێکەوە پێویستییان بە بناغەڕشتنی پارادایمێک لەنێو هۆشدا هەیە.
وەک بزووتنەوەکانی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە شەڕ لە دژی سیستەمی سەرمایەداری و پیاوسالاری دەکەین، پێویستە بچینە قۆناغێکی نوێی گۆڕان و وەرچەرخان. خستنە ژێر پرسیاری کاریگەرییەکانی سیستەمی هەبوو لەسەر بیرکردنەوە و کردارەکانمان پێویستە قووڵ بکرێتەوە. بێگومان ئەزموون، گۆڕان، وەرچەرخان و پرۆسەی نوێکردنەوەکانی بزووتنەوە فێمێنیستییەکان ڕێگە خۆشکەر بوونە بۆ ئەم خستنە ژێر پرسیارەوە. بەم تێگەیشتنە، ژنۆلۆژی ئەنجام و بەردەوامی ئەزموون و هەوڵەکانی بزووتنەوە فێمێنیستییەکانە. ژنۆلۆژی وەک ڕاستییەک دەردەکەوێت، کە فێمێنیزمیش لەخۆ دەگرێت. هەرچەندە ئامانجی ژنۆلۆژی ئەوەیە هەنگاوێک زیاتر بڕوات، پرنسیپی ژنۆلۆژی ئەوەیە کە ئەزموون لە بزووتنەوەکانی ژنان وەرگرێت.
ڕەخنەی ژنۆلۆژی لە زۆر ڕەوتە فێمینیستییەکان ئەوەیە لە ئاست ئەو شەڕەی لە جیهاندا بەرپاکراوە، پەرتەوازە، بێڕێکخستنن، بێدەنگن و چالاکییان نییە بەتایبەتی لەو دەوڵەتانەی کە کاریگەرییان لەو شەڕانەدا هەیە. بۆیە ژنۆلۆژی پێی وایە دەبێ فێمێنیستەکان سەرلەنوێ پێناسەی دۆست و دوژمن بکەنەوە. لە ڕوانگەی ژنۆلۆژیەوە گەورەترین دوژمن هەژمون و سیستەمە باڵادەستەکانی دەوڵەت، دەسەڵاتداری، هۆشمەندی پیاوسالارین، لە هەموو جێیەک ئەمانە دوژمنی هاوبەشن. دوژمن بەو واتایەی کە ژنۆلۆژی تێکۆشان لە بەرانبەریاندا دەکات گۆڕانکاری ڕیشەییان تێدا دەکات یان ڕەتیان دەکاتەوە تا ئاستی خۆلێدابڕان. بۆ نموونە لە بەرانبەر سیستەمی سەرمایەداری و هەموو تێگە و دەزگاکانی تێکۆشان دەکات.
زانا ژنەکان، بزووتنەوە فێمێنیستییەکان و ئەکادیمییەکان هەوڵی گرنگیان داوە بەڕێی لێکۆڵینەوە و شرۆڤە ڕەخنەییەکانیان، ئەمەش ئیشەکانی ئێمە لەبارەی ژنۆلۆژی بەهێز دەکات. ئیشە بەهادارەکانی ئەوان شرۆڤەی پیاوانەی بۆ مێژوو دەرخستووە. هەروەها زانینگەکانی ژنان، بەشەکانی خوێندنی ژنان، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ژنان لە سەرانسەری جیهان هەن. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ژنۆلۆژی دروستکردنی پردی پەیوەندییە لە نێوان ئەو دەستکەوتە گرنگانەی ژنان. گرنگە لە ڕوانگەی ژنەوە پێکەوە ئیش بکرێت بۆ بونیادنانی ئەلتەرناتیڤێک بۆ ڕووبەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان؛ بۆ دامەزراندنی سیستەمی خوێندنی ژنان؛ بۆ کۆتاییهێنان بە بڵاوبوونەوەی زانستی هەنووکە؛ بۆ بەهێزکردنی ڕووباری زانستی و پەیوەندی نێوان بەشەکان.
بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان سەدەی بیست و یەکەم وەک سەدەی ژنان و گەلان دەناسێنێت. هەرگیز پێشتر پرسیاری یەکسانی جێندەری و یەکسانی هەموو چەوساوەکان وەها گوزارشتی لێنەکراوە. ڕێکخستنی هاوتا و گەشەپێدانی بونیاد و سیستەمی ئەلتەرناتیڤ شتێکی نەشیاوی لێ دەربازبوونە. شرۆڤەیەکی فراوانی سیستەم و کۆتاییهێنان بە سێکسیزم لە ئامانجە گرینگەکانمانە. لەم کۆنتێکستەدا، بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان ژنۆلۆژی پێشنیاز دەکات لە لایەکەوە بۆ چارەسەری گەورەترین پارادۆکسەکانی سەردەمەکەمان، لە لایەکی دیکەشەوە وەک مێتۆدێک بۆ گەشەپێدانی جیهانێکی ناخەکی (گیانەکی) بۆ ژنان.
هەروەها ژنۆلۆژی تەنیا تیۆری و ئەکادیمی نییە، بەڵام ڕاستەوخۆ لە ڕووی ئەکادیمی و تیۆرییەوە، پەیوەست بە ژیانی کۆمەڵگە و ژنانەوە تێز بەرهەم دێنێت. بۆ نموونە، ئێستا لە جیهاندا ئابووری تەنیا بۆتە مەیدانێکی ململانێ، دەستبەسەرداگرتن، زەوتکردن، تاڵانکاری، گەندەڵی و مافیاگەرییە، بۆیە پەیوەندی بە کۆمەڵگە نەماوە و بۆ وەڵامدانەوەی پێویستیەکانی کۆمەڵگە نییە، تەنانەت بەرهەمه ئابوورییەکانیش بۆ پێویستییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە نین. بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و خستەبازاڕی ٢٥٠٠ جۆری پەنیر لە هۆڵەندا جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەکدا نییە، لە کاتێکدا لە زۆرێک لە هەرێمەکانی ئەم سەر زەوییە مرۆڤ لە برسان دەمرن. ژن لە سەردەمی نیۆلۆتیکدا خۆی داهێنەری ئابووری بووە، بەڵام بۆچی ئێستا بۆ قوتی ڕۆژانەی ناچار دەکرێت ببێتە سێکسفرۆش و سواڵکەر یان بۆ بژێوی ژیانی ناچار دەکرێت بۆ هەموو سیاسەتێکی قۆرخکاری ئابووری لەنێو خێزان و شوێنی کار ملکەچ بکات. زۆربەی کاتیش ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ خراپترین جۆری توندوتیژی جەستەیی و دەروونی. ژنۆلۆژی لە بواری ئابووریدا پەردە لەسەر ئەم ڕاستییە سەپێنراوە هەڵدەداتەوە و بە تێزی ئابووری کۆمیناڵ و بەشداری ڕاستەوخۆی ژن و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، ئابووری دەخاتەوە سەر سکەی ڕاستەقینەی خۆی کە یەکەم جار بە شێوەی هەروەزییانە بۆ خزمەتی کۆمەڵگە بووە و ژن تێدا ناوەند بووە.
ئامانجی سەرەکی ژنۆلۆژیش ئەوەیە ژن و کۆمەڵگە ببنە خاوەنی زانیاری لەسەر خۆیان، چونکە ژنۆلۆژی زانستی ژن، ژیان و کۆمەڵگەیە. ژنۆلۆژی داڕشتنی زانستێک نییە لە سفرەوە دەستپێ بکات، بەڵکو هەڵگر و درێژپێدەری هەموو ئەو بەهایانەی کۆمەڵگەیە کە بەدرێژایی ٥-٦ هەزار ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارەکان هەوڵی لەناوبردنیان دا، ژنۆلۆژی ئەو بەهایانە زیندوو دەکاتەوە و دەرفەتی ژیان و گەشەکردنیان بۆ فەراهەم دەکات. ژنۆلۆژی گەیشتنەوەی ژنە بەو حەقیقەتەی هەزاران ساڵە ئاوەژووکراوەتەوە و ونکراوە.
ئەمەش بەو واتایە دێت؛ ژنۆلۆژی زانست و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە. ئێستا لە شۆڕشی رۆژاڤای کوردستان ئەم زانستە زیاترین زەمینەی پەرەسەندن و پراکتیککردنی هەیە. هەر ئەوەشە هاندەر و پاڵنەری ژنان و کۆمەڵگەیە لەم بەشەی کوردستاندا. ژنۆلۆژی دەروازیەکی نوێیە، جێی مشتومڕێکی زۆر قووڵە، بۆیە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لەگەڵ فێمینیستەکان کۆنفرانس و کۆنگرەی گەورە بەستراون، بۆ نموونە لە هەولێر، چیاکانی کوردستان، ڕۆژاڤا و باکوری کوردستان، کۆڵن، پاریس، زۆرێک لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین، لە ئیسپانیا، هندستان و زۆر جێی تری جیهان.
لە دەرئەنجامدا پێویستە باس لە دۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەند بە ژنۆلۆژییەوە بکرێت. لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم دووبارە داڕشتنەوەیەکی مێژوویی، سیاسیی، جوگرافیایی و ئابووریی هەڵاوێردایە لەلایەن هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە، خودی ئەم هێزانەش وەک لە سەرەوە باسمان کرد لە ماوەی پێنج هەزار ساڵی ڕابردوودا بەرپرسیار بوون لە دۆخی بەکۆیلەکردن و چەوساندنەوەی ژنان، لەم ڕۆژگارەشدا بە ئامراز و شێوەی جیاواز هەمان مێژوو دووبارە دەکەنەوە. بەڵام بۆ ژنانی کورد کە ئازادبوونیان دەریچەیەکە بۆ ئازادبوون و دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و دواتر جیهانیش، تێگەیشتن لە ژنۆلۆژی و جێبەجێکردنی لە تەواوی پنتەکانی ژیاندا پێویستییەکی بایەخدار و یەکجار گرنگە.
