بۆچی ئەوەندە ناشرینم؟

ئایا دەکرێت جەستەمان هەمیشە نموونەیی بێت؟


کلێر چەمبەرز و بریان د. ئێرپ

و. فیراز فەرهاد

 

ئەمە نوسخەیەکی دەسکاریکراوە لە گفتوگۆیێکدا کە هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی کلێر چەمبەرز، "نەگۆڕاو: بەرگریکردن لە جەستەی دەسکارینەکراو"، لە ٢١ شووباتی ٢٠٢٢ ئەنجام دراوە.

 

برایان دی.ارپ: لە کارەکەتدا بەرگری لەوە دەکەی کە بە 'جەستەی دەسکارینەکراو' ناوی دەبەی، و ئاماژە بەوە دەدەی کە جەستەی دەسکارینەکراو بنەمایەکی سەرەکی سیاسییە. پێش ئەوەی بچمە سەر ئەو لایەنە سیاسییە، هیواداربووم بتوانن ڕوونی بکەنەوە مەبەستان لە جەستەی دەسکارینەکراو چییە.

کلێر چەمبەرز: جەستەی دەسکارینەکراو بەو شێوەی کە من بەکاری دەهێنم مانایەکی حەرفی نییە، جەستەیەک نییە کە هەرگیز گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتبێت، هەر کاتێک هەر شتێک دەکەین لە خواردنەوە تا دانیشتن و وەرزشکردن، شتانێک دەکەین کە گۆڕانکاری بەسەر جەستەماندا دەهێنن. لەبەرەوە مەبەستم لە جەستەی دەسکارینەکراو شتێکی تەواو دیاریکراوە و مەبەستم وەک پرەنسیپێکی سیاسییە. جەستەی دەسکارینەکراو جەستەیەکە هەر بەو شێوەی کە هەیە قەبووڵکراوە و بەڕادەی پێویست باشە. لە لایەک ئەو بانگەشەیە زۆر سادە و ساکارە بەڵام لە لایەکی تریشەوە بانگەشەیەکی زۆر ڕادیکاڵانەیە، چونکە ئێمە نوقمی ئەو بیرۆکەیە بووینە، کە جەستەمان بەو شێوەیەی هەیە بەڕادەی پێویست باش نییە. بەڕاستی ئەوە چاوەڕوانکراوە کە جەستەی خۆمان بە ناتەواو و شکستخواردوو لە قەڵەم بدەین، لە ڕاستیدا پێم وایە بە دەگمەن دەتوانین وا هەست بکەین کە جەستەمان پێویستی بە هیچ گۆڕانکارییەک نییە بە مەبەستی باشتر کردنی - تەنانەت گەر کەسێکیش وا بیر بکاتەوە ڕەنگە پێمان وابێ خۆبەزلزانە و بە شێوەیەک گوماناوییە. بۆیە جەستەی دەسکارینەکراو بیرۆکەی جەستەیەکە هەر بەو شێوەیەی کە هەیە وەک جەستەیکی باش قەبوڵ کراوە. کاتێک باس لە پرسی گۆڕانکاری  ڕاستەقینە دەکرێت کە ڕەنگە بمانەوێت ئەنجامی بدەین. پێشنیاری ڕێگریکردن لە ڕێکارەکانی دەستکاریکردنی جەستە یان ئاماژەدان بەوەی خەڵک هەڵەن لە دواکەوتنی گۆڕانکارییە جەستەییە جۆراوجۆرەکان، بەشێک نین لە ئارگیۆمێنتی من. مافی خۆمانە کە دەسکاری جەستەمان بکەین. بەڵام ئەوەش مافی خۆمانە لە کۆمەڵگەیەکدا بژین کە بەردەوام بە گوێماندا نەدا کە جەستەمان ناڕێک و نادروستە. کاتێک هەمووان هەست بە خراپی دەکەن دەربارەی جەستەیان مانای وایە کێشە ڕاستەقینەکە لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکە دایە نەک جەستەکان. لەبەرەوە ئەو خاڵە سەرەکییەی کە دەمەوێت جەختی لێ بکەمەوە ئەوەیە ئەو بژاردانەی ئەنجامی دەدەین بۆ دەسکاریکردنی جەستەمان لە بۆشییەوە نایەن، بەڵکو  لەو چوارچێوەیەوە دەکرێن کە بەردەوام هانمان دەدات هەست بە نیگەرانی و شەرمەزاری بکەین سەبارەت بە جەستەمان. ئەوەی من دەمەوێ بەرەنگاری ببینەوە ئەو فشارەیە بۆ دەسکاریکردنی جەستەمان نەک  هەر گۆڕانکارییەکی تایبەتی پێویست.

ب.د: ئێوە باس لەوە دەکەن کە ئەو پەیامانەی پێمان دەگات بۆ دەسکاریکردنی جەستەمان پەیامگەلێکی هەڕەمەکی نین بەڵکو لە خزمەتی کۆمەڵێک مەبەستی سێکسی و ڕەگەزپەرستی و هتد دان. گەر بتوانی کەمێک دەربارەی ئەو بوونیادەوە بدوێیت کە تێیدا شیکاری دەسکاریکردنی جەستە دەکەی، تا بتوانین لە وێنە گشتییەکەی دارستانەکە تێبگەین نەک تەنها درەختەکان.

ک.چ: ئەوە ئاشکرایە ئێمە لە کلتوورێکدا دەژین کە زۆر گرنگی بە چۆنییەتی دەرکەوتنمان دەدات. و بەردەوام گرنگی بە وێنە و سێڵفی دەدەین بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئێمە خاوەن کلتوورێکی زۆر بینینەکیی(ڤیژوەڵ)ین، ئەمە هێندەی تر پەتاکەی چڕتر کردۆتەوە. بۆ نموونە لە سەرنجدانی کۆنفڕانسی ڤیدیۆیی بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە وێنەکانی خۆمان ڕادەمێنین کاتێک لەگەڵ ئەوانیتردا قسەدەکەین. ئەو کلتوورە بینینەکییە بەشێکە لەو هۆکارانەی دەروونناسەکان ئاماژەیان بەوە داوە وەک "پەتای دڵەڕاوکێی دەرکەوتن" شتێکی تەواونەکراو کە کاریگەری لەسەر هەموومان هەیە و کاریگەری جددی لەسەر دۆخی دەروونیمان دروست دەکات. بۆ نموونە دەرکەوتووە %70 ژنان هەست بە فشاری میدیایی دەکەن تا ببنە خاوەن جەستەیەکی بێ کەموکوڕی. و دوو لەسەر سێی پیاوان سەبارەت بە جەستەیان هەست بە شەرمەزاری دەکەن. کەواتە لە لایەکەوە ئەو دۆخی ناتەواوی جەستەیەی کە ئێمە هەمانە گشتگیرە و بەتەواوی کاریگەری لەسەر هەموومان هەیە لە ژن و پیاو و منداڵ.

وێنە و ئایدیاڵەکان دەربارەی چۆنیەتی جەستەمان زۆر بە توندی پەیوەندیان بە ڕەفتارە جیاکاری و نایەکسانییەکانەوە هەیە. پەیوەندی بەهێزیان بە نۆرمەکانی ڕەگەز و سێکسەوە هەیە. ڕەنگدانەوەی پلەبەندی ڕەگەزپەرستانە و ئایدیاڵەکانی کەمئەندامی و جیاوازییەکانن.

 لە لایەکی تریشەوە ئەو پێوەرانەی دیاری کراون بۆ ئەوەی جەستەمان لەگەڵ ستانداردەکان بگونجێت بێلایەن نین. بەڵکو وێنە و ئایدیاڵەکان دەربارەی چۆنیەتی جەستەمان زۆر بە توندی پەیوەندیان بە ڕەفتارە جیاکاری و نایەکسانییەکانەوە هەیە. پەیوەندی بەهێزیان بە نۆرمەکانی ڕەگەز و سێکسەوە هەیە. ڕەنگدانەوەی پلەبەندی ڕەگەزپەرستانە و ئایدیاڵەکانی کەمئەندامی و جیاوازییەکانن. بەنیازن لەسەر ئەو هێڵانە دابنرێن کە چین و تەمەن پێچەوانە دەکەنەوە. ئایدیاڵەکانی ئەوەی کە جەستەمان دەبێت چۆن بێت و چۆن دەرکەوین ڕەنگدانەوەی بەهێزی ئەو هەندێک لەو دیاردە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییە سیاییە بەهێزانەن. ئەمەش واتا فشارەکان بۆ دەسکاریکردنی جەستەمان و گونجاندنی لەگەڵ ئەو نۆرمە جیاکاریانە زۆر بە ڕوونی سیاسین.

ب د: کەمئەندامی وەک نموونەیکی دژ بە تەواوی ئارگیۆمێنتەکەت دەردەکەوی. چونکە گەر کەسێک کەمئەندام بێت گریمانەیەکی زۆر بەهێز هەیە پێویستی بە دەسکاریکردنی جەستەی هەیە. بەهەرحاڵ ئارگیۆمێنتەکە بەردەوامە، کەمئەندامی چییە جگە لە بوونی کەموکوڕی یان شتێک کە پێویستی بە گۆڕانکاری هەبێت؟ هەندێک لاوازی بەدی دەکەی لەم جۆرە بیرکردنەوەیەدا، کە تەنها پەیوەندی بە چەمکی کەمئەندامییەوە نییە بەڵکو بە پەیوەندی دەسکاریکردنی جەستەشمان بە مەفهومی کەمئەندامییەوە هەیە. دەکرێ کەمێک لەم بارەیەوە بدوێی، کەمئەندامی چۆن لە وێنە گشتییەکەتدا جێگەی دەبێتەوە؟

ک.چ: وەک تۆ دەڵێی یەکێک لە بەرهەڵستییەکانی ئارگیومێنتەکەم ئەوەیە کە خواستی گۆڕینی جەستەکان تەواو شیاوە گەر بمانەوێ خۆمان لە کەمئەندامی و نەخۆشی بپارێزین و تەندروستی جەستەمان باش بکەین و هیتر. بەڵام ئەوەی بۆ من جێی سەرنجە ئێمە چی دەکەین بۆ پۆلێنکردنی جەستەکان بە کەمئەندام یاخود نا، و پەیوەندییە نزیکەکەی بە بیرۆکەی ئاساییبوون یان بوونی جەستەیەکی ئاسایی. بیرۆکەی جەستەیەکی ئاسایی شتێکە زۆر جار لە تەندروستی و پزیشکی و چارەسەری کلینیکی جەستە بەدی دەکرێت. بۆ نموونە لە ماڵپەڕی خزمەتگوزاری نیشتیمانی بەڕیتانیادا هاتووە کە نەشتەرگەریەکانی جوانکاری یان بنیاتنانەوە دابین دەکەن [بەخۆرایی]، کاتێک پێویستن بۆ گەڕاندنەوەی جەستەکە بۆ شێوەی ئاسایی. بەڵام نەشتەرگەری جوانکاری بۆ ئەوانە دابین ناکەن کە دەیانەوێت جەستەیەکی باشتر یان جوانتر دروستبکەن. ئەوە بۆ من زۆر سەرنجڕاکێشە کە فەلسەفیانە بیر لەوە بکەینەوە بەڕاستی دەبێ مەبەست لە جەستەیەکی ئاسایی چی بێت.

بە ڕێگەیەک دەتوانین بیر لە ئاسایی بوون بکەینەوە کاتێک بیر لە کێشەکانی کەمئەندامیی، پەککەوتەیی، تەندروستی، کارکردن دەکەینەوە. ئەمە شتێکە وەکوو: جەستەی ئاسایی جەستەیەکە کە وەکوو ئەوانیترە، لە توانای دایە هەموو ئەو شتانە بکات کە جەستەکانی دیکە دەتوانن بیکەن، کە هەندێک ستانداردی بابەتی ئاساییبوونی هەیە.

بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو ستانداردانەی ئاساییبوون سوودیان نییە، چونکە جەستەمان لە بنەڕەتەوە لە کۆمەڵێک ڕووەوە جیاوازن. نموونەیەکی دیار لێرە  ئەوەیە کە جەستەی نێرینە و مێینە جیاوازن لەیەک. جەستەی مێینە توانای ئەنجامدانی شتگەلێکیان هەیە کە جەستەی نێرینە ئەو توانایەی نییە و بەپێچەوانەشەوە. ئەو ڕاستییە لەبەچاوبگرن کە ئێمە بێ توانایی جەستەی نێرینە لە دووگیانبوون و سکپڕبوون و لە دایکبوونی کۆرپەلە بە کەمئەندامی دانانێین. بۆچی ئەمە بە کەموکوڕی و کێشەی تەندروستی دانانێین؟  چونکە پێمانواییە ئاساییە جەستەی پیاوان توانای ئەنجامدانی ئەم شتانەی نەبێت. بۆیە ئێمە پێشتر بڕیارمان داوە کە چی ئاساییە و چی ئاسایی نییە بۆ جۆرە جیاوازەکانی جەستە کە ئەنجامی بدەن. بەڵام بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بە تایبەت ئەو کەسانەی کە هەر لە کاتی لەدایک بوونیانەوە یان تەمەنێکی زۆر بچووکەوە کەمئەندامیان هەیە، بۆ ئەوانیش جەستەیان بەتەواوی ئاساییە. بۆ هەر یەکێک لە ئێمە، ئەگەر لە جەستەیەکدا ژیابین کە هەر لە کاتی لەدایک بوونەوە بەو شێوەیە گەشەی کردبێت و گەشەکەی بە شێوەیەک پێشبینیکراو بێت ئەوا بۆ ئێمە جەستەمان جەستەیەکی ئاساییە. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە: بیرۆکەی جەستەی ستاندارد یان ئاسایی لەکوێوە دێت و بەرەو کوێمان ئەبات؟

هەندێک تایبەتمەندی کە لە هەندێک سیاغدا بە کەمئەندامی دەزانین بەڵام لە هەندێک سیاغی تردا وای نابینین؛ هەندێک تایبەتمەندی کە لە هەندێک سیاغدا بە جیاوازی  و تەنانەت کەموکوڕی دەبینرێن دەکرێ لە هەندێ سیاغی تردا بە توانایی ببینرێن.

پێم وایە ئەم بیرۆکەیە هەمیشەی ڕەنگدانەوەی کلتوور و بەها کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە دەربارەی بیرکردنەوە و چاوەڕوانی ئێمە لە جەستەمان. هەندێک تایبەتمەندی کە لە هەندێک نێوکۆیی و سیاقدا بە کەمئەندامی دەزانین بەڵام لە هەندێک نێوکۆیی تردا وای نابینین؛ هەندێک تایبەتمەندی کە لە هەندێک نێوکۆییدا بە جیاوازی  و تەنانەت کەموکوڕی دەبینرێن دەکرێت لە هەندێ نێوکۆیی تردا بە توانایی ببینرێن. ئەو کەسانە بە نموونە وەرگرە کە بە پەنجەیەکی زیادەوە لەدایک دەبن، لە کۆمەڵگە ڕۆژاواییەکاندا بە شێوەیەکی گشتی وەکو کەموکوڕی و کێشە و کەمئەندامی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، و پێشنیار بۆ خێزانەکانیان دەکرێت نەشتەرگەری بۆ منداڵەکانیان بکەن بۆ لابردی ئەو پەنجە زیادەیە تاکو منداڵەکە زیاتر وەک منداڵێکی ئاسایی دەربکەوێت. بەڵام بێگومان بەهەمان شێوە دەتوانی بوونی  ئەو پەنجە زیادەیە وەکو توانایی و شارەزایی زیاتر و لێهاتوویی زیاتر لە کارکردندا ببینی. لەبەرەوە تێڕوانینی ئێمە بۆ شتێک وەک کەمئەندامی و لاوازی و حاڵەتێکی تەندروستی و نائاسیی یان وەک تایبەتمەندی و  ناوازەیی یان تەنها وەک بەشێکی هەمەجۆری ئاسایی، ئەوا هەمیشە تێڕوانینێکی کولتووری و سیاسییە.

ئەمەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو جەستەیەی دوای منداڵبوون هەتە جەستەی ڕاستەقینەی تۆ نییە، جەستەی ڕەسەنیشت  نییە؛  بەڵکو جۆرێکی ساختەیە، جۆرێکی ناڕەسەن و نائاسیی تۆیە. بەڵام مەبەست لەو جەستە ڕەسەنە چییە کە لەم دەستەواژەیەدا هاتووە؟ وادیارە جەستەی ڕاستەقینەو ڕەسەنی ژن ئەو جەستەیەیە کە لە دوای باڵابوونەوە هەیەتی تا پێش کاتی دووگیانی، کە ڕەنگە بۆ زۆرێک لە ژنان ماوەیەک بێ لە تەمەنی نێوان دە بۆ بیست ساڵی لە تەمەنێکی هەشتا ساڵیدا. ئەم جۆرە وێنەسازییە زۆرباش ئەو فشارە پیشان دەدات کە دەیخەینە سەر خۆمان بۆ ئەوەی لە قالبێکی زۆر تەسک و تایبەتدا جێگەمان ببێتەوە.

ب.د: باسی جەستەی 'ئاسایی'ت کردووە بەس بۆ من ئەو بیرۆکانەت سەرنجڕاکێشن کە پەیوەندیان بە بیرۆکەی جەستەی 'سروشتی'یەوە هەیە. بیرمەندە فێمێنیست و فەیلەسووفەکان ماوەیەکی زۆر هێڕشیان کردۆتە سەر چەمکی 'سروشتی'، چونکە زۆر جار بە شێوەیەک بەکار هاتووە کە ژنان و کەمینە سێکسواڵ و کەمینە جێندەریەکانیان ژێردەستە کردووە. بۆ نموونە، زۆرجار دەگوترێت شتێکی سروشتییە ژنان هەموو کاتەکانیان لە چاودێریکردنی منداڵان بەسەر ببەن، یان بەشداری لە شوێنی کارەکاندا نەکەن و هتد. بە شێوەیەکی گشتی و هەم دەربارەی جەستەی ئێمە بیروڕای تۆ چییە سەبارەت بە پرسی 'سروشتی'؟

ک.چ: بیرۆکەی 'سروشتی' چەندی لێکەوتەی نۆرماتیڤی لێ دەکەوێتەوە. کاتێک باسی شتێک دەکەین بە سروشتی،  مەبەستمان ئەوەیە شتێکی باش و ئەرێنییە، بۆ نموونە، باس لە تەندروستی سروشتی دەکەین بەڵام نەخۆشی سروشتی نا. وە وەک ئاماژەت پێدا، فێمێنیستەکان ناچاربوونە بە توندی بەرەنگاری ئەو بیرۆکانە ببنەوە کە ژنان سروشتێکیان هەیە ڕەوایەتی بە ژێردەستەییەکەیان دەدات. بۆ نموونە، شێوازێکی هاوچەرخی ڕوون لە ئارگیۆمێنت بۆ لاوازی سروشتی ژنان لە تیۆریەکانی دەروونناسی گەشەسەندندا هەیە. تیۆریستەکانی گەشەسەندنیش باسی ئەوە دەکەن کە ژنان خاوەنی سووسەکردن[1] یان کۆمەڵە غەریزەیەکی سروشتی جیاوازن کە جیاوازی جێندەری دەسەلمێنێت.

کەواتە ڕەتکردنەوەی ئەو بیرۆکەیەی کە سروشت ڕەوایەتی بە نایەکسانی جێندەری دەدات بە بەشێکی گرنک لە تیۆری و چالاکی فێمێنیستی دەمێنێت. بەڵام بەهەمان شێوە بەشێکتری گرنگ لە تیۆری و چالاکی فێمێنیستی باس کردن بووە لەوەی کە بەشێکی بەرچاوی ئەزموونی چەوساندنەوەی ژنان بەهۆی جەستەداری و ئەزموونی جەستەییانەوەیە. پێموایە ئەمە بەشێک لەوە ڕوون دەکاتەوە بۆچی لە نێو فێمێنیزمدا  هەندێک لەو دیبەیتانەی بە دەوری ئەو پرسانەدا دەخولێنەوە کە دەربارەی ناسنامەی جێندەری و مافی ژنان و مافی ڕەگەزگۆڕاوەکانن ئاسان نەبوون بۆ تێگەشتن. لێرەدا بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت فێمێنیزم دەیەوێت دوو شت بڵێت. یەکەم، نابێت پێگەی کۆمەڵایەتیمان لە ڕێگەی جەستەمانەوە دیاری بکرێت، سروشت و بایۆلۆژیا ئەوە دیاری ناکەن ئێمە کێین و دەتوانین چی بکەین - و ئەمە بەتەواوی لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە دەگونجێت کە  ڕێزگرتن و دداننان بە ناسنامە و مافی ڕەگەزگۆڕاوەکان بەشێکی دیاری بیرکردنەوەی فێمێنیستیە. بەڵام فێمێنیزم ویستوویەتی ئەوەش بڵێت؛ دووەم، کە جەستەداری تەنها جیاوازی لە ئەزموونی کەسەکاندا دروست ناکات بەڵکو هەروەها لە پێگەی کۆمەڵایەتی و چۆنیەتی مامەڵەکردنیش لەگەڵیان. ئەمەش پێمان دەڵێت کە پێویستە گرنگی بەو لایەنەی تری ئەزموونەکەمان بدەین. کەواتە دەبینین کە چۆن سروشت و بایۆلۆژیا دەبنە پرسیاری زۆر قورس و کە دەکرێ لە هەردوو لایەنەوە بابەتێکی زۆر ئاڵۆزبن. و پێویستە کراوەبین لە بیرکردنەوە لە ئاڵۆزیەکانی ئەو بابەتانە نەک بە سادەیی وەلایان بنێین.

نموونەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ گەڕاندنەوەی چەمکی سروشتی و بەکارهێنانی بۆ ئامانجە فێمێنیستەکان، قژی سروشتییە شێوازی قژی ئەفریقی کە خاو نەکراوەتەوە. دەکرێت قژی سروشتی هەموو جۆرە بەرهەمێکی بۆ بەکار هاتبێت- لەوانەیە ڕەنگ کرابێت، یان هۆنرابێتەوە، دەشێت هەموو جۆرە کارێکی ئاڵۆز و جوان بۆ قژێکی سروشتی کرابێت- لەبەرەوە قژێکی سادە نییە کە وەکو خۆی هێڵرابێتەوە. بەڵام ئەو هۆکارەی وادەکات خاوکردنەوەی قژتێکدانی سروشتیبوونی قژی سروشتی بێت ئەوەیە کە خاوکردنەوەی قژی شێواز ئەفریقی  وەڵامێکە بۆ تێگەشتنێکی زۆر ڕەگەزپەرستانە بۆ جوانی کە جۆری قژی سپی پێستەکان کە قژی خاوە بە تاکە شێوازی قبوڵکراو و جوانی قژ دادەنێت. بیرۆکەی قژی سروشتی بەرەنگاری ئەو بیرۆکە ڕەگەزپەرستانە و جوانییە ڕەگەزپەرستانە دەبێتەوە. لەبەرەوە دەتوانی هەر شتێک بۆ قژت بکەیت کە سروشتی بوونەکەی تێکنەدات؛ چەمکی سروشتیبوون ڕەنگدانەوە و ئاماژەپێکردنی بەهای کۆمەڵایەتییە - لەم دۆخەدا، ئاماژەکردنە بە بەرەنگاری ڕەگەزپەرستی و گەڕاندنەوەی جوانی ڕەشی ڕەشپێستەکان.

ب.د: لە کارەکەتدا زۆر جەخت لەسەر بەهای ئەخلاقی یەکسانی خەڵک دەکەیتەوە، ئەم دیدەشت بناغەی بنیاتنانی بنەمای سیاسی جەستەی دەسکارینەکراوە. ئەم بنەما سیاسییە پەیوەستە بە مەفهومی یەکسانی ئەخلاقییەوە، بۆیە گەر ئەتوانی زیاتر لەم بارەیەوە بدوێیت؟

ک.چ: پێشتر باسی ئەوەمان کرد کە ستانداردەکانی شێوەی جەستە زۆرجار هۆکاری جیاکارین، ڕەنگدانەوەی پلەبەندییەکانە لەسەر بنەمای ڕەگەز و نەژاد و تەمەن و چینایەتی و باری کەمئەندامی هتد. لەبەرەوە گەر ستایشی جەستەی دەسکارینەکراوم کردبا ئەوا لە ڕاستیدا ستایشی ئەو کەسانەم دەکرد کە بە پێوەرەکانی کۆمەڵگا جەستەیان کەمتر پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە. ئەوەش بە هیچ شێوەیەک نابێتە هۆی یەکسانی. لەبەرەوە لێرەدا پەیوەندی بە یەکسانییەوە هەیە کە ئەگەر لەژێرکاریگەری چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی باڵادەستدا بین کە پێمان دەڵێت جەستەمان وەکو پێویست جوان نییە و پێویستە دەسکاری بکەین تاکو ڕەگدانەوەی ڕەوشت و پێگەی ئەخلاقی و ناسنامەمان بێت، وە بەم شێوەیە ئەوەی بەڕاستی پێمان دەڵێت ئەوەیە کە ئێمە وەکو ئەوەی هەین وەکو پێویست باش نین. جا کاتێک پێوەرەکانی قبوڵکردنی جەستە وەک جیاکاری هەژمار دەکرێن، ئەوا پێشێلکردنی بنەڕەتی یەکسانییە، چونکە دەڵێت جەستەت بە ئەندازەی پێویست باش نییە. وە ئەو شێوەیەی کە باش نییە، ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی پلەبەندی و باڵادەستە.

گەر ستایشی جەستەی دەسکارینەکراوم کردبا ئەوا لە ڕاستیدا ستایشی ئەو کەسانەم دەکرد کە بە پێوەرەکانی کۆمەڵگا جەستەیان کەمتر پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە. ئەوەش بە هیچ شێوەیەک نابێتە هۆی یەکسانی.

ب.د : گەر بەباشی بیر لەو جۆرە پرسیارانە بکەینەوە و ددان بەوەدا بنێین کە بەشێکی زۆری پاڵنەرەکانم بۆ دەسکاریکردنی جەستەم  هەستکردنە بە فشارگەلێکی ناڕەوا کە لە هێزێکی نادادپەروەرەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئایا ئەوکاتە پێویستە لەسەرت کە دەسکاری جەستەت نەکەی؟

ک.چ: گەر دەرباری بەشێک لە کردەکانی گۆرانکاری پرسیار لە خۆمان بکەین  لەوانەیە بەو ئەنجامە بگەین کە لە ڕاستیدا کردەیەکی تایبەت شتێک نییە کە لەژێر کاریگەری هەندێک پاڵنەر ئەنجامی بدەین کە لەڕووی ئەخلاقییەوە گوماناوین. بەس هەتا گەر بەوەش بگەین کە ئەنجامدانی بەشێک لە گۆڕانکارییەکان دەچنە چوارچێوەی نادادپەروەریی و بوونیادە نایەکسانەکان یان نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی جیاکاری، ئەمە مانای ئەوە نییە پابەندبوونی لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە. ئێمە بوونەوەری کۆمەڵایەتین، بوونەوەرێکین ویستی خۆگونجاندنمان هەیە، بۆ زۆرێک لە شتەکان پشت بە قەبووڵکردنی ئەوانیتر دەبەستین، لە خۆبەگەورەزانیمانەوە تا زۆر لە سوودە مادییەکانی تر. ڕۆژانە هەموومان بێشومار پابەندی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانین. زۆرێک لەو ڕێکارانەش بێ زیانن. کاتێک دەتبینم پێت دەڵێم "سڵاو"، من پشتگیری ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتییە دەکەم کە پێویستە سڵاو بکەین یان هەر شتێکی هاوشێوەی سڵاوکردن، بەوەش وا لە خەڵکیتر دەکەم پێیانوابێ ئەمە شتێکی باشە و ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتییە بەهێز دەکەم. ئێمە هەموومان بەردەوام کاریگەریمان لەسەر یەکتر هەیە. ئایا ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەرکە لەسەرمان هەمیشە کارە ڕاستەکە بکەین، هەمیشە لە بەرخوداندا بین، تاکو ئەوەی ئەنجامی دەدەین هەمیشە لەگەڵ بەرگریکردن و پێشکەوتندا بگونجێت؟ پێموانییە ئەوە بکرێت. داواکارییەکی زۆر ئایدیاڵییە، دەرەنجام پێموایە ئەمە لەگەڵ ئازادیشدا ناتەبایە. کەواتە هیچ تاکێک ناچار نییە دەسبەرداری ئەو سوودانە بێت کە لە پابەندبوونی بە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان پێی دەگات. بۆیە پرسی دەسکاریکردنی جەستە هەرگیز نەشێت تەنها پرسێکی تاکەکەسی بێت.

من داوا لە خەڵک ناکەم واز لە ئەنجامدانی ئەو شتانە بێنن کە پێویستیانە بۆ خۆگونجاندن و بەدەستهێنانی متمانەبەخۆبوونیان و قەبووڵکردنیان لەو چوارچێوەیەی کە تێیدانە. پرسیارە سەرەکییەکانی من ئەوانەن: بۆچی خۆمان و ئەوانیتریش تووشی هەستکردن بە کەموکوڕی و لاوازی دەکەین؟ وە بەهۆی ئەم چوارچێوەیەشەوە، لە لایەنی دەررونی و جەستەییەوە خۆمان دووچاری چ ئازار و زیانێک دەکەین؟

سەرچاوە:

"Can Our Bodies Ever Be Good Enough?" Clare Chambers in conversation with Brian D. Earp

https://www.thephilosopher1923.org/post/can-our-bodies-ever-be-good-enough

 



[1] intuitions


پەیامێک جێبهێلە

تێبینیەک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر