ڕێگای ژیانەوە: لە ڕەشبینییەوە بەرەو هیوا


دانا حەمید

چۆن لەناو ڕەشبینیدا دۆخێکی هیوابەخش بهێنینە ئاراوە؟

مرۆڤایەتی لە سەرتاسەری مێژوویدا لەگەڵ سەختی و بێهیواییدا بەرەوڕوو بووەتەوە، لەهەمان کاتدا هەوڵی داوە واتا و هیوا لە دڵی ئەو تاریکییەدا بدۆزێتەوە. ئەم جەدەلە فیکرییە سنووری کات و شوێن تێپەڕ دەکات و دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە بوونی مرۆڤ. لە چەرخی تازەدا، کە جیهان لەگەڵ قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، كولتوری، ئابوری و ژینگەیی ڕووبەڕووی بێهیوایی بووەتەوە، دۆزینەوەی سەرچاوەی هیوا لە ناو ڕەشبینیدا دەرفەتێکی فەلسەفی و پراکتیکی دەخولقێنێت تا بیر لە دۆخی مرۆڤ و ئایندەی گەردوون بکەینەوە. چۆن لەناو قەیرانەکانی کوردستانی باشووردا ڕێگای ژیانەوە بدۆزینەوە؟ لە قووڵایی تاریکترین دۆخەکاندا، ئەوەی کە شاردراوەتەوە تەنها هیوا نییە، بەڵکو بوونی ئەو هێزە مێژووییەیە کە لەناو بەرهەڵستی و خەباتی کۆمەڵگاکاندا دەڕوێت. باشوری کوردستان ئەم خاکە بە خوێن ڕەنگڕێژکراوە، مێژوویەکی درێژی هەیە لە خۆڕاگری لە بەرامبەر نەهامەتی و قەیرانە جۆراوجۆرەکان. لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ بارودۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ئەم هەرێمە بە قۆناغێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، بەڵام لەناو ئەم تاریکییەدا، دەکرێت تیشکە هیوایەک، یان بە واتایەکی قووڵتر، سەرەتاکانی بەرهەمهێنانی پارادایمێکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە خود و دەوروبەر ببینین.

قەیران وەک چەمکێکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی، تەنها دۆخێکی نەرێنی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ گۆڕانکاری. لەم ڕوانگەیەوە، قەیرانەکانی باشوری کوردستان دەکرێت وەک پرۆسەیەکی دیالێکتیکی سەیر بکرێن کە تێیدا کۆمەڵگا لەگەڵ ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. بە پێی تێڕوانینی هيگڵى، هەر سیستمێکی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت (تێز)، پاشان دەکەوێتە ناو قەیرانەوە (ئەنتی تێز)، و لە ئاکامدا فۆرمێکی نوێتر و پێشکەوتووتر وەردەگرێت (سینتێز). ئەم پرۆسەیە لە مێژووی کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینرێت.

قەیرانی سیاسی لە باشورى کوردستان بەرهەمی مێژوویەکی ئاڵۆزە لە پەیوەندییە هێزدارەکان لەناو سیستمی حوکمڕانی و پێگەی جیۆپۆلەتیکی کوردستان لە ناوچەکەدا. دووبەرەکی سیاسی، نەبوونی گوتارێکی نەتەوەیی یەکگرتوو، و کاریگەری هێزە دەرەکییەکان هەموویان ڕۆڵیان هەبووە لە دروستکردنی بارودۆخی ئێستادا. بەڵام هاوکات، ئەم قەیرانە خۆی بووەتە هۆی دروستبوونی نەوەیەکی نوێی سیاسی کە بەدوای چاکسازیدا دەگەڕێت و خەونی دۆزینەوەی فۆرمێکی نوێتری حوکمڕانی دەبینێت. هەر وەک گرامشی دەڵێت: "قەیران لەو دۆخەدا دروست دەبێت کە کۆنەکە لەنێو دەچێت و نوێیەکە هێشتا نەبووە".

ئابوری: لە سەرچاوەیەکەوە بۆ فرەڕەهەندی

لە ڕووی ئابورییەوە، وابەستەبوونی باشورى کوردستان بە نەوت وەک سەرچاوەی داهاتی سەرەکی، بووەتە هۆی دروستبوونی مۆدێلێکی ئابوری ناتەندروست کە زیاتر لەسەر دابەشکردنی داهات دامەزراوە نەک بەرهەمهێنان. ئەم مۆدێلە سەرەتا وەک هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی ئابوری هەرێم هاتبووە ئاراوە، بەڵام بووە بە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی بەردەوام و وابەستەیی بە فاکتەرە دەرەکییەکان. لەم قەیرانەدا، دەرکەوتنی هەوڵەکان بۆ گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، و پیشەسازی، نیشانەی سەرهەڵدانی بیرکردنەوەیەکی نوێیە. ئەم گۆڕانکارییە لە بیرکردنەوەی ئابوریدا پێویستی بە دەرککردنێکی قووڵ هەیە بۆ چەمکی "سەروەری ئابووريی" کە تێڕوانینێکی نوێیە لە ڕۆڵی ئابوری لە بنیاتنانی نەتەوەدا. بە پێی ئەم چەمکە، کۆمەڵگایەک تەنها کاتێک سەروەری ڕاستەقینەی هەیە کە بتوانێت پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆی دابین بکات و کەمتر پشت بە هێزە دەرەکییەکان ببەستێت. ئەم تیۆرییە بنەمایەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی گۆڕینی مۆدێلی ئابوری کوردستان لە "وابەستە" بۆ "خۆبژێو و بەرهەمهێن".

کۆمەڵگا: لە نێوان نەریت و مۆدێرنیتەدا

باشورى کوردستان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە نێوان دوو هێزی گەورەدا دەژی: نەریتی ڕەسەنی کوردی و شەپۆلی بەجیهانیبوون. ئەم دۆخە دووانەییە بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکییەکانی ناسنامە، گۆڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، و هەندێک جار لێکترازانی پەیوەندی نێوان نەوەکان. بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ئەم دینامیکیەتە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دەنگی نوێ لە کۆمەڵگادا، بەتایبەت لە نێو ژنان و گەنجاندا. ئەم دیاردەیە بە تەواوی لەگەڵ تیۆری "بۆشایی سێیەم"ـی هۆمی بابا هاودەنگە، کە پێی وایە کۆمەڵگاکان لە نێوان کولتورەکاندا فەزایەکی نوێ دروست دەکەن کە نە بە تەواوی سەر بە نەریتە و نە بە تەواوی مۆدێرنە. لەم فەزا سێیەمەدا، ناسنامەیەکی دووڕەگی دروست دەبێت کە تێیدا کۆمەڵگا لە ڕەسەنایەتی و پێشکەوتن هەردووکیان دەگەڕێت. لە کوردستاندا، ئەم دۆخە دووڕەگییە لە فۆرمی هونەر، ئەدەبیات، ژیانی ڕۆژانە، و تەنانەت لە سیستمی بەها کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت.

ڕۆشنبیری: لە قەیرانی شوناسەوە بۆ خۆدۆزینەوە

قەیرانی ڕۆشنبیری کوردستان بەشێکی دانەبڕاو نییە لە قەیرانە گشتییەکە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ دروستکردنی گوتارێکی نوێ کە بتوانێت وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکانی سەردەم بداتەوە: ئێمە کێین؟ بەرەو کوێ دەڕۆین؟ چۆن دەتوانین لەناو گریمانە و جیهانبینییە جیاوازەکاندا مۆدێلێکی تایبەت بە خۆمان بدۆزینەوە؟ بە پێی تیۆری پۆست-کۆڵۆنیاڵیزم، کۆمەڵگاکانی ژێر کاریگەری داگیرکردن و هێژمۆنی دەرەکی، لە پرۆسەی خۆدۆزینەوەدا ناچارن لەگەڵ میراتی کۆڵۆنیاڵیزم و دەسەڵاتی گوتاری زاڵدا ڕووبەڕوو ببنەوە. لە کوردستاندا، ئەم پرۆسەیە خۆی لە هەوڵدانی ڕۆشنبیران بۆ دروستکردنی گوتارێکی سەربەخۆ لە ئەدەبیات، فەلسەفە، و هونەردا دەبینێتەوە. بزوتنەوەی نوێی ئەدەبی و هونەری کوردستان، سەرباری هەموو کێشەکان، هەوڵێکە بۆ نووسینەوەی چیرۆکی کورد بە دەستی خودی کورد.

كەوڵاوكەوڵی کۆمەڵایەتی: بەرەو پارادایمێکی نوێ

لە دۆخی هەنوکەییدا، ئەوەی کە باشورى کوردستان پێویستیەتی، نەک تەنها چاکسازی لە سیستمەکاندا، بەڵکو گۆڕینی پارادایمی بیرکردنەوە و تێگەیشتنە لە چەمکەکانی دەسەڵات، دەوڵەت، و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. بە پێی تۆماس کوون، کاتێک پارادایمێک ناتوانێت وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکان بداتەوە، پرۆسەیەکی "وەرچەرخانی پارادایمی" ڕوودەدات. لە کوردستاندا، نیشانەکانی ئەم وەرچەرخانە لە هەڵکشانی چالاکی مەدەنی، سەرهەڵدانی گوتاری ڕەخنەیی، و گەشەکردنی هۆشیاری سیاسی لە نێو گەنجاندا دەبینرێت. ئەم وەرچەرخانە پارادایمییە دەکرێت لە چوارچێوەی "تیۆری دەستکەوتی کۆمەڵایەتی" دا لێکبدرێتەوە کە پێی وایە کۆمەڵگاکان لە ڕێگای کردارە هاوبەشەکانەوە شوناس و دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانیان دیاری دەکەن. بەم‌پێیە، قەیرانی باشورى کوردستان دەرفەتێکە بۆ دروستکردنی گوتارێکی نوێی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی کە زیاتر لەسەر بنەمای هاوبەشی و دیالۆگی کۆمەڵایەتی دامەزرابێت.

بەرەو ئایندەیەکی ڕوون: هیوا وەک هێزێکی مێژوویی

لەناو ئەم تاریکییەدا، هیوا بریتی نییە لە خۆشباوەڕییەکی سادە، بەڵکو هێزێکی مێژووییە کە کۆمەڵگاکانی ژێر گوشار بەرەو داهێنان و بەرهەڵستی پاڵ پێوە دەنێت. فەیلەسوفی ئەڵمانی ئێرنست بلوخ لە کتێبی "پرینسیپی هیوا"دا دەڵێت: "هیوا هێزێکی مادییە کە لە هەناوی مێژوودا کار دەکات و مرۆڤەکان بەرەو ئایندەیەکی باشتر پاڵ پێوە دەنێت. لە کوردستاندا، ئەم هیوایە خۆی لە پرۆسەی بەردەوامی بەرخۆدان و خۆدۆزینەوەدا دەبینێتەوە. گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان، سەرباری ئەوەی کە جار جار خاو و لەسەرخۆن، بەڵام بەردەوامن. لەناو ئەم بەردەوامییەدا، کوردستان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو دۆزینەوەی ڕێگایەکی تایبەت بە خۆی دەچێت، ڕێگایەک کە تێیدا دیالۆگی کولتورەکان، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، و گەشەی بەردەوام لە یەک ئاستدا دەبێ وەكیەك كار بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، تاریکی ئێستا نەک تەنها قۆناغێکی نەرێنی، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەی گواستنەوە بۆ قۆناغێکی نوێتر و پێشکەوتووتر. هەر وەک چۆن نیچە دەڵێت: "ئەوەی نەمان کوژێت، بەهێزترمان دەکات". قەیرانەکانی کوردستان، لە کۆتاییدا، دەرفەتێکن بۆ پاڵاوتن و پێشکەوتن.

 

هیوای پووچگەرایی و یاخیبوونی بیرکەرەوە

ئەلبێرت کامۆ، لە کتێبی "ئەفسانەی سیزیف"دا مرۆڤ لە بەرامبەر جیهانێکی «پووچگەرایی» دادەنێت. کامۆ پێی وایە: "تراجیدیای سەرەکی مرۆڤ ئەوەیە کە مرۆڤ بەردەوام بەدوای واتادا دەگەڕێت لە جیهانێکدا کە بێواتایە". بەڵام لە ناو ئەم بێواتاییەدا، کامۆ ڕێگایەک بۆ ڕزگاربوون پێشنیار دەکات: "یاخیبوون". بە بۆچوونی کامۆ، یاخیبوون زیاتر لە هەڵوێستێکی نەرێی، کردەیەکی ئەرێییە. کاتێک مرۆڤ دەبێتە یاخی و بێواتایی جیهان قبوڵ دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ناوەستێت لە هەوڵدان و خولیای دروستکردن، ئەوکات مرۆڤ دەتوانێت لەناو هیچگەراییدا واتایەکی تاکەکەسی بدۆزێتەوە. ئەمە هیوایەکی ناکۆکئامێزە: قبوڵکردنی بێواتایی، بەڵام لەهەمان کاتدا هەوڵدان بۆ خولقاندنی واتا لەو بێواتاییە.

کامۆ دەنووسێت: «دەبێت سیزیف بە خۆشبەخت دابنێین». ئەم ڕستەیە جەوهەری فەلسەفەی کامۆیە. سیزیف، ئەفسانەی یۆنانی، حوکم درا بەردێک بۆ سەرەوەی شاخێک ببات، کە هەرجارێک دەگاتە لووتکە، بەردەکە گل دەبێتەوە و دێتە خوارەوە، سیزیف دەبێت سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە، لە ئەبەدیەتدا دووبارە و سێبارە و... بەڵام کاتێک سیزیف قبوڵی دەکات کە ئەمە چارەنووسیەتی و لە هەمان کاتدا هەڵوێستێکی هۆشیارانە و یاخیبووانە وەردەگرێت، ئەوکات دەتوانێت هیوایەک بدۆزێتەوە. کامۆ لەم چەمکسازییەدا هیوایەکی نوێ بونیاد دەنێت، نەک هیوایەکی دەرەکی یان سەرووخۆیی، بەڵکو هیوایەک کە لە ناوەوەی خودی مرۆڤدایە و لە ڕێگای یاخیبوونی ئاگاییەوە دەردەکەوێت.

ڕەهەندەکانی یاخیبوونی کامۆیی

یاخیبوونی کامۆیی چەندین ڕەهەندی هەیە کە دەتوانێت هیوا لە دڵی ڕەشبینیدا بخوڵقێنێت. یەکەم، یاخیبوون مانای دەرکەوتنی مرۆڤە وەک بوونەوەرێکی خاوەن بڕیار و ویست، نەک تەنها وەک بەرهەمی هێزە دەرەکییەکان. دووەم، یاخیبوون مانای هەوڵدانی مرۆڤە بۆ دروستكردنى واتا، نەک چاوەڕوانیکردن بۆ ئەوەی کە واتایەکی ئامادەکراو لە دەرەوە بیدۆزێتەوە. سێیەم، یاخیبوون مانای ئاگاهێنانەوەی مرۆڤە لە بەرامبەر جیهانێکدا کە دەیەوێت بەرەو ئۆتۆماتیکی و بێهۆشی بردنی کەسایەتی مرۆڤ بڕوات. بە دیدە كامۆیەكە بێـت مرۆڤ دەتوانێت سەیری ئەو بەردەی کە هەڵیدەگرێت بکات، هەر لەو کاتەدا کە کارەکە ئەنجام دەدات، هەست بە بێسوودییەکەی بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام بێت. ئەمە خۆی لە خۆیدا نمایشی توانای مرۆڤە بۆ دۆزینەوەی واتا و هیوا لە ناو بێواتاییدا. ئەو هیوایەی کە کامۆ باسی دەکات، نەک هیوای گەیشتن بە بارودۆخێکی باشتر لە داهاتوودا، بەڵکو هیوای دەرکەوتنی مرۆڤە وەک بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادە و کەرامەت، خاوەن نرخ و بەها لە ئێستادا.

پەیوەندی هیوا و یاخیبوون

کامۆ لە بەرهەمەکانی تریدا، بە تایبەت لە کتێبی "مرۆڤی یاخی"دا، پەیوەندی نێوان یاخیبوون و هیوا بە شێوەیەکی قووڵتر شرۆڤە دەکات. ئەو پێی وایە یاخیبوون لە بنەڕەتدا نەک ڕەتکردنەوەی ژیان، بەڵکو ڕەتکردنەوەی ئەو دۆخەیە کە دەیەوێت ژیان بێبەها بکات. بە واتایەکی تر، یاخیبوون لە هەمان کاتدا هەم "نا" گوتنە بە بێواتایی، هەم "بەڵێ" گوتنە بە ژیان، هەم ڕەتکردنەوەیە، هەم دروستکردنە. ئەمە ئەو دژایەتییەیە کە کامۆ وەک سەرچاوەی هیوا دەیبینێت. ئەو پێی وایە یاخیبوون لە بنەڕەتدا کردەیەکی بەکۆمەڵە و مانای دەرکەوتنی مرۆڤە وەک بوونەوەرێکی خاوەن هاوپشتی و هاوخەمی. یاخیبوون لە دژی دەسەڵاتەکان، لە دژی ڕەوشی باو، لە دژی بێواتایی و بێدادی، هەروەها لە هەمان کاتدا بۆ داهێنان، بۆ دروستکردنی واتا، بۆ بنیاتنانی پەیوەندی نوێ، و بۆ بەدیهێنانی ئازادی. ئەمەش مانای ئەوەیە کە یاخیبوون سەرچاوەی هیوایەکی بەکۆمەڵە، نەک تەنها هیوایەکی تاکەکەسی.

پەیامی سیزیف بۆ مرۆڤی هاوچەرخ

سیزیف، ئەو کارەکتەرە ئەفسانەییەی کە کامۆ وەک نمونەی مرۆڤی یاخی پێشکەشمان دەکات، پەیامێکی قووڵی هەیە بۆ مرۆڤی هاوچەرخ. پەیامی ئەو ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێت لە دۆخێکی بێواتا و دووبارەبووەوەدا، واتا بخولقێنێت، بەڵام ئەمە پێویستی بە هۆشیاری و یاخیبوونە. بێ هۆشیاری، ئەرکەکانی ژیان دەبنە بارێکی قورس و بێواتا، بەڵام بە هۆشیاری، هەمان ئەرک دەبێتە پرۆسەی خولقاندنی واتا و هیوا. سیزیف وەک نموونەی مرۆڤی یاخی، ئەزمونێکمان پێشکەش دەکات کە دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤی هاوچەرخەوە هەبێت. ئێمە هەموومان بە شێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ دووپاتبوونەوە، بێواتایی، و ڕەتبوونەوەدا بەرەوڕوو دەبینەوە. کامۆ پێمان دەڵێت: کە ئەمە ناکۆکی نەبڕاوەی ژیانە، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە ئێمە چۆن هەڵوێست لە بەرامبەر ئەم ناکۆکییە وەردەگرین. هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەم ناکۆکییە بە شێوەیەک کە تێکڕای گەردون بە مرۆڤ ببەخشێتەوە، ئەمە کرۆکی هیوای کامۆییە.

ڕەشبینی پێشکەوتنخوازانە

کامۆ یەکەمین کەس نەبوو کە هیوای لە دڵی ڕەشبینیدا دۆزییەوە، بەڵام یەکێک بوو لە پێشڕەوانی ئەم بیرکردنەوەیە لە سەردەمی مۆدێرندا. ئەو لە سەردەمێکدا دەژیا کە دوو جەنگی جیهانی و سیستەمە تۆتالیتارەکان ئاسۆی هیوای مرۆڤایەتییان تاریک کردبوو. کامۆ لە ناو ئەم تاریکییەدا، لە جیاتی چاوەڕوانکردن بۆ ڕووناکی دەرەکی، هەوڵی دا چرایەک لە ناوەوەی خۆیدا، لە ناوەوەی مرۆڤدا، دابگیرسێنێت. کامۆ پێشنیاری "ڕەشبینی پێشکەوتنخوازانە" دەکات. ئەم ڕەشبینییە، ڕەشبینیەکی ڕووخێنەر نییە، بەڵکو ڕەشبینیەکی نیگەرانە کە دەیەوێت لە ناوەوەی تاریکیدا ڕووناکی بخولقێنێت، نەک چاوەڕوانی ڕووناکی دەرەکی بکات. ئەم ڕەشبینییە بڕیارێکە بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵدان، سەرەڕای بێسوودی ئەم هەوڵدانە. ئەمە مانای ڕەشبینییەکە کە هیوای تێدایە، هیوایەک کە نەک لە بێناکۆکیدا، بەڵکو لە ناو ناکۆکیدا دەژی.

هیوا وەک ئەرک

کامۆ هیوا وەک مافێک نابینێت، بەڵکو وەک ئەرکێک دەیبینێت. ئەو لە ڕۆمانی "تاعون"دا، لە زاری دکتۆر ڕیۆوە، پێمان دەڵێت: "کە هیوا تەنها کاتێک واتای هەیە کە مرۆڤ بگاتە خاڵێک کە هەموو هیوایەکی لەدەست بدات". هیوا لە ناو ڕەشبینیدا، مانای دەرکەوتنی مرۆڤە وەک مرۆڤێک کە ئامادەیە بجەنگێت، سەرەڕای ئەوەی کە دەزانێت جەنگەکەی ناکۆتا و ناتەواوە. ئەو هیوایەی کامۆ باسی دەکات، نەک هیوایەکی نەزانانە، بەڵکو هیوایەکی هۆشیارانەیە. هیوایەکە کە قبوڵی دەکات جیهان پڕە لە ناکۆکی و نادادی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دەبێت لە خەبات بۆ دروستکردنی واتا و باشترکردنی دۆخی مرۆڤ. کامۆ تێگەیشتنێکی قووڵی هەیە لە چەمکی هیوا، تێگەیشتنێک کە ڕیشەی لە تێگەیشتنی قووڵ لە چەمکی ڕەشبینیدا هەیە.

لە ڕوانگەی کامۆوە، هیوا نابێت ڕزگاریمان بکات لە خەبات، بەڵکو دەبێت خەبات ڕزگاریمان بکات لە بێهیوایی. پێچەوانەی ڕەشبینی، بێهیوایی وەک دەرئەنجامی ڕەشبینی، تێگەیشتنێکی هەڵەیە لە دۆخی مرۆڤ. ڕەشبینی ڕاستەقینە دەبێتە هەوێنی هیوایەکی ڕەخنەگرانە کە ڕیشەی لە هۆشیاری مرۆڤدا هەیە. ئەم هیوایە ڕەخنەگرانەیە سەرچاوەی هێزێکی گەورەیە بۆ گۆڕینی جیهان، نەک تەنها قبوڵکردنی جیهان. هیوای ڕەخنەگرانە، وەک وەڵامێک بۆ ڕەشبینی فەلسەفی، دەتوانێت وەک چەکێک بێت کە مرۆڤ لە دژی ناکۆکی و ناعەدالەتی بەکاری دەهێنێت. هیوایەک کە نەک تەنها قبوڵکردنی دۆخی نەگۆڕ، بەڵکو هەوڵدانە بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە. ئەم هیوایە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی وزە و وردەی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانەی کە لە پێناو دادپەروەری و ئازادیدا دەجەنگن. هیوایەک کە لە ناو ڕەشبینیدا سەرهەڵدەدات، بەڵام لە کۆتاییدا دەتوانێت هەموو ڕەشبینیەک تێپەڕێنێت. تاکە هیوا، زیندوویەتی مرۆڤە وەک بوونەوەرێکی یاخی و بەردەوام لە هەوڵدان. ئەم زیندوویەتییە، لە ناو هەموو ترسناکترین دەرکەوتەکانی ڕۆژگاریشدا، هەموو لێکدانەوە ڕەشبینییەکان هەڵدەگەڕێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە خوڵقاندنی واتا و هیوا.

هیوا و بنەمای چاوەڕوانی

ئیرنست بلوخ (١٨٨٥-١٩٧٧) وەک یەکێک لە گرنگترین فەیلەسوفەکانی سەدەی بیستەم دەناسرێت، بە تایبەت بەهۆی پرۆژە سەرەکییەکەی "پرنسیپی هیوا" کە بە درێژایی سێ بەرگ پەرەی پێداوە. بلوخ لە ژینگەیەکی پڕ کارەساتی مێژوویی ژیاوە، لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم و هەڵکشانی فاشیزم و نازیزم. لەگەڵ ئەوەشدا، بلوخ هەڵگری هیوایەکی بەهێز بوو کە زیاتر لەوەی چاوپۆشی بکات لە ڕەشبینی و تاریکی، بە تەواوی مامەڵەی لەگەڵ دەکرد، بەڵام لەناویدا توانای شۆڕش و گۆڕانی دەبینی. بلوخ، لە كتێبی "پرنسیپی هیوا"دا، هیوا وەک هێزێکی ڕووناکی دەبینێت کە پەیوەندیی بە دۆخی مرۆڤەوە هەیە. بەلای بلوخەوە، هیوا شتێکی بنەڕەتییە لە ناخی مرۆڤدا، بەڵام مانایەکی قووڵتری هەیە لە تەنها هەستێکی ساکار. هیوا بۆ بلوخ "بنەمای چاوەڕوانی" یە، بەو واتایەی کە مرۆڤ بەردەوام لە دۆخی چاوەڕوانیدایە بۆ شتێکی باشتر، بۆ داهاتوویەکی باشتر، بۆ دۆخێکی تۆكمەتری مرۆیی لە پێناو تیاژیاندا.

بلوخ بیرۆکەی "هێشتا-نەبوون" دەخاتە ڕوو، کە ئاماژەیە بۆ ئەو شتانەی کە هێشتا نەهاتوونەتە دی، بەڵام دەکرێت بێنە دی. بلوخ پێی وایە کە هیوا لە خەون و ئارەزووەکانی ڕۆژانەدا دەردەکەوێت، نەک تەنها لە خەونی شەوانەدا. لەم ڕوانگەیەوە، مرۆڤ دەتوانێت لە تاریکترین دۆخیشدا دەگمەنی و ڕووناکی ببینێت. لە هەر کردەیەکی ئومێدبەخشدا، هیوا نەک تەنها توانایەکی هزرییە، بەڵکو کردەیەکی پراکتیکی و هەڵبژاردنێکی ئەخلاقیشە. هیوا هێزێکە بۆ گۆڕانی واقیع، بۆ شکاندنی بەربەستە سەختەکان کە دۆخی هەنوکەیی دروستی کردوون. بەم شێوەیە، هیوا بۆ بلوخ شتێکی چالاکە، نەک ناكارا. بلوخ لە کاتێکدا کە دان بە تاریکی و ڕەشبینیدا دەنێت، بەڵام دەبێت بە شێوەیەکی دیالێکتیکی نەهێڵین ڕەشبینی بە تەواوی داگیرمان بکات. تەنانەت لە سەختترین دۆخدا، مرۆڤ هەڵگری هیوایە لە ناخیدا، ئەمە ئەو شتەیە کە دەکرێت بەرەنگاری نەهامەتییەکان بێتەوە و داهاتوویەکی نوێ بخولقێنێت.

هیوا لە وێرانەکاندا و فریشتەی مێژوو

واڵتەر بنیامین (١٨٩٢-١٩٤٠) فەیلەسوف و ڕەخنەگری ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و كولتوری بوو کە مێژووی ژیانی پڕە لە ترس و ئاوارەیی. بنیامین لە فەلسەفەی خۆیدا دەربارەی مێژوو، هێزێکی ڕەشبینانەی قووڵی تێدایە، بەڵام لەناو ئەو ڕەشبینییەدا، بنیامین بەرگریكاری هیوا دەبێت. هیوای بنیامین لە پارچە ناتەواوەکانی ڕابردوودا دەبینرێت، لەو توانایەدا دەبینرێت کە وێرانەکان بەردەوام هێزێکی ڕزگارکەر لە ناو خۆیاندا هەڵدەگرن. بنیامین لە "تێزەکانی فەلسەفەی مێژوو"، کە دوا بەرهەمی بوو پێش خۆکوشتنەکەی لە ١٩٤٠ کاتێک هەوڵی دەدا لە دەست نازییەکان ڕابکات، ڕەخنە لە هەموو ئەو ڕوانگانە دەگرێت کە مێژوو وەک پێشکەوتنێکی خۆڕسک و بەردەوام دەبینن. بنیامین پێمان دەڵێت کە ئەمە وێنایەکی هەڵەیە و بە جۆرێک خزمەت بە سيستەم و دەسەڵاتدارەکان و سەرکەوتووەکانی مێژوو دەکات. بنیامین لە بری ئەوە، بیرۆکەی "ساتی ئێستا" دەخاتە ڕوو، ئەو ساتەی کە ڕابردوو و ئێستا بەیەکەوە دەبەسترێن، ئەوەی لەناو پارچە ون و وێرانەکانی ڕابردوودا ماوە، لەپڕ دەتوانێت دەرکەوێت و مانایەکی نوێ و هیواێکی تازە بخوڵقێنێت بۆ ئێستا و داهاتوو.

یەکێک لە ناسراوترین وێنەکانی بنیامین، وێنەی "فریشتەی مێژوو"ـە، کە بنیامین بەڵگە دەهێنێتەوە کە ئەو فریشتەیە لە تابلۆی "ئەنجلووس نۆڤووس"يی (پاول کلیدا) دەبینرێت. بنیامین دەنووسێت: "ئەو فریشتەیە ڕووی بەرەو ڕابردووە، کە لەوێدا زنجیرەیەک لە ڕووداوەکان لە بەردەمی کەڵەکەبوون، وێرانەیەک لەسەر وێرانەیەک. فریشتەکە دەیەوێت بمێنێتەوە و مردووەکان زیندوو بکاتەوە، پارچە شکاوەکان بە یەکەوە ببەستێتەوە، بەڵام ڕەشەبایەک لە بەهەشتەوە هەڵدەکات و باڵەکانی ڕادەکێشێت و بە شێوەیەک بەرەو داهاتوو پاڵی پێوە دەنێت، کە ناتوانێت باڵەکانی داخات". ئەم وێنە بەهێزە هێمایە بۆ دیدی بنیامین بۆ هیوا لەناو ڕەشبینیدا. هیوای بنیامین لەوەدایە کە تەنانەت لە کاتێکدا کە پاڵ بە فریشتەی مێژووەوە دەنرێت بەرەو داهاتوویەک کە نایەوێت، ناچارە بڕوات بەرەو ئەو داهاتووە، هێشتا دەتوانێت بەرەو دواوە بڕوانێت، ببینێت چی لە ڕابردوودا لە کیس چووە؟ و لەو ڕوانینەدا هێزێکی ڕزگارکەر و گۆڕانکاری بدۆزێتەوە.

وەچەرخان و جیاوازی وەک سەرچاوەی هیوا

چۆن لە ناو ڕەشبینی و بێ هیواییدا ئومێد بدۆزینەوە؟ بەلای دولۆزەوە، بیرۆکەی "جیاوازی" و "وەرچەرخان" زۆر گرنگن بۆ تێگەیشتن لە هیوا. هیوا لە "ڕیزۆم"يی دولۆزیدا وەک خوازەیەک بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی بەکاردێنین، لە دژی سیستەمە پلەبەندییەکان. ڕیزۆم نمونەیەکی ئەندامی پەیوەندی ئاسۆیی و فرەڕەهەند پێشکەش دەکات، وە هیوا درز لە کەلێنەکانی سیستەمەدا بەهێواشی دروست دەکات و بێئەوەی چاوەڕێی شۆڕشێکی گەورە بین. لە ڕێگەی گۆڕانکاریی بچوک بەڵام بەردەوامەوە، تۆڕێکی بەرەنگاریی دروست دەکات دژی سیستەم.

دولۆز و فێلیکس گواتاری، پێیان وایە کە کەڵەکەبوونی بەردەوامی جیاوازی و دروستکردنی شتی نوێ، زۆر گرنگە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو سیستەمانەی کە دەمانخەنە ناو چوارچێوەیەکی نەگۆڕەوە، دولۆز هانمان دەدات کە بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو سیستەمانە بکەین کە کۆنترۆڵی هەموو شتێک دەکەن و بوار بۆ جیاوازی و نوێبوونەوە ناهێڵنەوە. هیوا لە توانای بەردەوامی ئەندێشەدایە کە بەرهەمی شتی نوێ بێت. ئەو بیرۆکەی "ئارەزوو" وەک هێزێکی بەرهەمهێنەر و بنیادنەر دەبینێت، نەک تەنها شتێکی کەموکوڕی. بۆ دولۆز، ئارەزوو ئەو هێزەیە کە لە پشت هەموو داهێنان و نوێبوونەوەیەکەوە وەستاوە و ئومێدی نوێی پێدەبەخشێت. بۆ دۆزینەوەی هیوا، دەبێت لە سنوورە باوەکان تێبپەڕین و بەرەو فەزایەکی کراوەتر بڕۆین، ئەمەش بە پرۆسەی "وەرچەرخان" کە ئاماژەیە بۆ دەرچوون لە بازنەی کۆنترۆڵ و سنوورەکان و بەرەو فەزای کراوەتر چوون. لێرەدا، وەرچەرخان دەبێتە هیوا بەو واتایەی کە توانای دەربازبوون لە سیستەمی زاڵ و دەسەڵاتدارمان هەیە. ئەوەی کە ئێمە پێویستمان پێیەتی دەربازبوونە لە بازنەی خود خۆمان، لەو بازنەیەی کە ئێمە تێیدا گیرمان خواردووە، دەربازبوون بۆ بوونێکی دیکە.

مانادۆزی لە قووڵایی ڕەنجدا

ڤیکتۆر فرانکل، دەروونناسی نەمساوی و دەربازبووی هۆلۆکۆست، لە کتێبی بەناوبانگی "مرۆڤ بەدوای مانادا" و تیۆری (دەرمانکردن لە ڕێگای مانادۆزییەوە) داڕشت. فرانکل لەسەر بنەمای ئەزموونە تاڵەکانی خۆی لە ئۆردوگای نازییەکان، تیۆرییەکی قووڵی لەسەر چۆنییەتی دۆزینەوەی هیوا و مانا لە ناو ڕەنج و ئازاردا پێشکەش کرد. فرانکل چەمکی «بۆشایی بوونی» داهێنا، دۆخێک کە تیایدا مرۆڤ هەست بە بێواتایی و بێئامانجی دەکات. بەڵام فرانکل پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە تەنانەت لە قووڵترین دۆخی ئازار و ڕەنجدا، مرۆڤ دەتوانێت مانا و هیوا بدۆزێتەوە.

فرانکل سێ ڕێگا بۆ دۆزینەوەی مانا پێشنیار دەکات:

١- دروستكردنى بەها لە ڕێگای کردار و کارەوە: مرۆڤ لە ڕێگای کار و بەرهەمهێنانەوە دەتوانێت مانا بدۆزێتەوە.

٢- ئەزموونکردنی بەها: مرۆڤ لە ڕێگای تێگەیشتن و ئەزموونکردنی چاکە، جوانی، و خۆشەویستییەوە دەتوانێت مانا بدۆزێتەوە.

٣- هەڵوێستوەرگرتن بەرامبەر ڕەنج: کاتێک مرۆڤ بەرەوڕووی ڕەنجێک دەبێتەوە کە ناتوانێت بیگۆڕێت، هێشتا دەتوانێت هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو ڕەنجە بگۆڕێت.

لەم ڕوانگەیەوە، فرانکل پێمان دەڵێت: هیوا نە لە نەمانی ڕەنج و نە لە ئایدیالیزەکردنی دۆخەکەدایە، بەڵکو لە توانای مرۆڤدایە بۆ دۆزینەوەی مانایەک تەنانەت لە ناو ڕەنجدا. ئەم چەمکە دەرگایەکی نوێ دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە هیوا: هیوایەک کە لەسەر وەدیهێنانی مانا لە هەموو دۆخێکدا بونیاد دەنرێت، نەک هیوایەک کە پشت بە چاوەڕوانی گۆڕانی دۆخەکە ببەستێت.

هیوا لە "ئەویتر"دا

ئیمانوێل لێڤیناس، تیۆری ئەخلاقی خۆی لەسەر بنەمای پەیوەندی نێوان "خود" و "ئەویتر" داڕشت. لێڤیناس پێی وایە پەیوەندی ئەخلاقی ڕاستەقینە بەر لە پەیوەندی مەعریفی و ئۆنتۆلۆژی دێت. واتا، "من" بەرپرسیاریەتیم بەرامبەر "ئەویتر" هەیە، پێش ئەوەی بتوانم بیناسم یان تێیبگەم. چەمکی سەرەکی لێڤیناس "ڕووخساری ئەویتر"ـە. لێڤیناس دەنووسێت: "ڕووی ئەویتر دەبێتە هۆی ئەوەی "من" نەتوانم "ئەویتر" بکەمە ئۆبێكتی خۆم". ئەمەش مانای وایە تەماشاکردنی ڕووی مرۆڤێکی تر خۆی لە خۆیدا کردەیەکی ئەخلاقییە، چونکە ناچارمان دەکات دان بە بوونی ئەو کەسە و بەرپرسیاریەتیمان بەرامبەری بنێین. وە جیاوازی "ئەویتر" دەبێت پارێزراو بێت، نەک بۆ ئەوەی بیسڕینەوە یان بیکەین بە "هەمان"ـی خۆمان. ئەم پەیوەندییە ئەخلاقییە لەگەڵ "ئەویتر"دا لای لێڤیناس دەروازەیەکی نوێیە بۆ هیوا: هیوایەک کە لە پەیوەندی و بەرپرسیاریەتی بەرامبەر کەسانی تردا دێتە ئاراوە.

هیواى ناكارا

هیچ مانایەکی تەواو و کامڵ لە دەرەوەی پرۆسەی بەردەوامی گەڕان بەدوای مانادا بوونی نییە. ئەم نائومێدییە سەرەتاییە، ئەوەی وامان لێدەکات نەتوانین بە تەواوی بگەین بە واتایەکی نەگۆڕ و سەقامگیر، بە شێوەیەکی پارادۆکسی دەکرێت ببێتە سەرچاوەی هیوا. دێریدا باس لە چەمکی "مێسیانیزمی بێ مێسیا" دەکات، واتا چاوەڕوانییەکی هەمیشەیی، نەک بۆ شتێکی دیاریکراو، بەڵکو بۆ شتێکی نادیار کە هێشتا نەهاتووەتە ئاراوە. ئەم چاوەڕوانییە بۆ "داهاتوویەکی ڕەها" نەک ئایندەیەکی پێشبینیکراو، بەڵکو داهاتوویەک کە تەواو نادیار و کراوەیە، خۆی لە خۆیدا هیوایەکی فەلسەفییە. هیوا لای دێریدا نە لە ڕابردوو و نە لە ئایندەی پێشبینیکراودایە، بەڵکو لە کرانەوەی بەردەوامی ئێستادایە بۆ "ئەویتر" کە هێشتا نەهاتووە.

کردەی ڕادیکاڵ و قبوڵکردنی نامومکین

سلاڤۆی ژیژەک، تێگەیشتنێکی جیاوازی بۆ هیوا هەیە. ژیژەک، کە لە ڕاستیيدا بەردەوام لە نێوان تیۆری مارکسیستی، دەرونشیكاریی لاکانی، و فەلسەفەی ئایدیالیستی هیگڵدا دەجووڵێتەوە، پێی وایە هیوا نە لە ئایندەیەکی ئایدیالیزەکراو و نە لە ڕیفۆرمێکی سادەی سیستەمدایە. ژیژەک چەمکی "کردەی ڕادیکاڵ" پێشکەش دەکات، واتا کردەیەک کە دەرەوەی چوارچێوەی سیمبۆڵیکی باوە و دەتوانێت لۆژیکی سیستەم بشێوێنێت. ئەم کردەیە، کە بەبێ هیچ گەرەنتییەک دێتە ئاراوە، دەتوانێت هاوکات "پووچگەرایانە" و "هیوابەخش" بێت... ژیژەک باس لە هیوایەک دەکات کە لە گرێدانی "ناممکین"دایە. واتا، ئەو شتانەی کە بەپێی مەنتیقی سیستەمی باو "ناممکین"ن، ئەوانە دەبێتە سەرچاوەی هیوا بۆ ئایندەیەکی جیاواز. ئایدیای "ناممکین" لای ژیژەک دەبێتە خاڵی سەرەکی تێکشکاندنی خەونە ڕەشبینییەکان و هاوکات دەبێتە کلیلی هیوایەکی نوێ. ژیژەک دەنووسێت: "هیوا نە لە یۆتۆپیایەکدایە کە ئێستا و لێرە نەگاتێ، بەڵکو لە ئێستا و لێرەیەک دایە کە ئێمە هێشتا پێی نەگەیشتووین بە تەواوی". ئەمەش دیدگایەکی قووڵ لەسەر هیوا پێشکەش دەکات، هیوایەک کە لە واقیعی ئێستا و ئێرەدایە، بەڵام هێشتا بە تەواوی پێی نەگەیشتووین.

هیوا لە سیستەمی تێکچوودا

ئیمانویل والێرشتاین، سۆسیۆلۆجیست و بیرمەندی مارکسیستی ئەمریکی، تیۆری "سیستەمی جیهانی" داڕشت، تیایدا جیهانی مۆدێرن وەک سیستەمێکی یەکگرتوو دەبینێت، کە لە ناوەندێک، نیوەپەراوێزێک، و پەراوێزێک پێکهاتووە و تیایدا سەروەت و دەسەڵات لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند دەڕوات. والێرشتاین پێی وایە سیستەمی جیهانی سەرمایەداری کەوتووەتە قەیرانێکی قووڵی سیستەمی، قەیرانێک کە چاکبوونەوەی بۆ نییە. بەڵام لە ناو ئەم ڕەشبینییەدا، والێرشتاین هیوایەک دەبینێتەوە: لەکاتێکدا سیستەمێک تێکدەچێت، دۆخێکی ناڕوون و گواستنەوە دێتە ئاراوە کە تیایدا کردەی مرۆیی دەتوانێت کاریگەری لەسەر داڕشتنەوەی سیستەمێکی نوێ دابنێت.

والێرشتاین چەمکی "یۆتۆپیستیکا" داهێنا، ئەویش وەک "هەڵسەنگاندنی جدی ئەڵتەرناتیڤە مێژووییەکان، هەڵسەنگاندنی ماتریاڵی ئەگەرەکانی بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی باشتر". والێرشتاین پێی وایە لە ناو قەیرانی سیستەمیدا، پێویستە لە دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤە "واقیعی" و "باشتر"ەکان بکۆڵینەوە. ئەم ڕوانگەیە هیوایەکی واقیعی پێشکەش دەکات، هیوایەک کە نە لە ئایندەیەکی دوور و نە لە دیدگایەکی ڕۆمانتیکی، بەڵکو لە دۆخی ئێستای تێکچوونی سیستەمدا دەدۆزێتەوە، وەکو دەرفەتێک بۆ داڕشتنەوەی جیهان بە شێوەیەکی دادپەروەرانەتر.

ئەنجامگیری: لە ڕەشبینییەوە بەرەو هیوایەکی نوێ

دەبێت بڵێین کە هیوا لە باشورى كوردستاندا نەک تەنها لە خەونێکی دوورەدەستدا، بەڵکو لە کرداری هەموو ڕۆژی ئەوانەدایە کە لە بوارە جیاوازەکاندا هەوڵ دەدەن کۆمەڵگا بەرەو پێش ببەن. لە ڕێیەک کە هەست بە تاریکی دەکرێت، هەر هەنگاوێک بەرەو پێش، هەر چرایەک کە داگیرسێت، و هەر بیرۆکەیەکی نوێ کە بێتە ئاراوە، بەشێکن لە نەخشەی ڕێگای گۆڕان. لەم سەردەمە نوێیەدا، باشورى كوردستان پێویستی بە داهێنانی گوتارێکی نوێیە کە بتوانێت لە نێوان ڕەسەنایەتی و پێشکەوتندا پردێک دروست بکات. گوتارێک کە لە عەقڵانیەت و هەستەکان هەردووکیان تێبگات، کە دەستکەوتە شارستانییەکان قبووڵ بکات بێ ئەوەی "کوردبوون" لە دەست بدات. ئەم گوتارە دەبێتە بناغەی ناسنامەیەکی نوێ کە پێیەکی لە مێژوودایە و پێیەکی لە داهاتوو.

باشورى كوردستان، سەرباری هەموو کێشەکانی، هێشتا خاوەنی ئەو توانا مرۆیی و سروشتییانەیە کە دەتوانن ببنە بنەمای گەشەکردنێکی بەردەوام. ئەوەی پێویستە، بڕوابوونە بە توانای خۆمان وەک میللەتێکی خاوەن مێژوو و کولتورێکی دەوڵەمەند، و هاوکات کرانەوەیە بەرەو جیهان و ئەزمونەکانی. لەم ڕێگایەدا، تاریکییەکان وەک بەشێکی سروشتی بە رەو ڕووناکی دەبینرێن، و ڕەشبینی جێگای خۆی دەدات بە واقیعبینییەکی هیوابەخش. بۆ خولقاندنی هیوا لە ناو ڕەشبینیدا، پێویستە گەشتێکی فیکری بەناو بیروڕا فەلسەفییەکاندا بکەین. ئايدياى ئەم بیرمەندانە، سەرەڕای جیاوازییەکانیان، چەند ڕێگایەکی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی هیوا لە ناو ڕەشبینیدا پێشکەش دەکەن:

1- هیوا لە پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ "ئەویتر"دا، نەک لە خۆدۆزینەوەی تاکەکەسی.

2- هیوا لە دۆزینەوەی مانادا، تەنانەت لە ناو ڕەنج و ئازاریشدا.

3- هیوا لە کردەی یاخیبوون و قبوڵکردنی بێواتایی، بەڵام هەوڵدان بۆ خولقاندنی واتا.

4- هیوا لە گفتوگۆی کراوە و وتووێژی نێوان دەنگە جیاوازەکان.

5- هیوا لە قبوڵکردنی جیاوازی، نەک هەوڵدان بۆ سڕینەوەی.

لە ئاكامدا، هیوا لە ناو ڕەشبینیدا ناکرێت ببێتە "يوتۆپیایەکی ساختە"، بەڵکو دەبێت پشت ببەستێت بە قبوڵکردنی ڕاستییەکان، دانپێدانان بە سنوورەکانی مرۆڤ، و لە هەمان کاتدا هەوڵدان بۆ خولقاندنی واتا و پەیوەندی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەوانی تردا. هیوا ناکرێت لە بۆشاییدا دروست ببێت، بەڵکو لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە لەگەڵ دۆخی مرۆڤ و دوو چاوی کراوە بۆ ئەو واقیعەی تیایدا دەژین.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرچاوەكان

1- ئەلبێرت كامۆ، مرۆڤی یاخی.

2- ئەلبێرت كامۆ، ئەفسانەی سیزیف.

3- ئەلبێرت كامۆ، تاعون.

4- ئێرنست بلوخ، پرەنسیپی هیوا.

5- ڤیكتۆر فرانكل، مرۆڤ بەدوایی مانادا.

6- واڵتەر بنیامین، تێزەكانی فەلسەفەی مێژوو.

7- ئیمانوێڵ والێرشتاین، سیستەمی جیهانی مۆدێرن.


پەیامێک جێبهێلە

تێبینیەک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر