سیاسەتی زمان لە سەردەمی سەرمایەداری دیجیتاڵدا

لاوێن ئەمانی

پرسی سەرەکی تەنیا ئەوە نییە کە «هێز» چۆن کار دەکات، بەڵکوو ئەوەیە کە هێز چۆن خۆی و کردەوەکانی پێناسە دەکات، واتە چۆن «زمان» قۆرخ و ئاوەژوو دەکاتەوە. دەسەڵاتی هاوچەرخ، زیاتر لەوەی کە لە پێگەی هێز و زەبر و زەنگەوە کار بکات، لە ڕێی «پێناسەکردنەوەی وشەکان»ەوە خۆی زاڵ دەکات. لە جیهانی هاوچەرخدا، ئەم ڕەوتە چیتر تەنیا سنووردار نییە بە دەوڵەت و سیاسەتی فەرمی، بەڵکوو سەرمایەداریی دیجیتاڵ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پیشەسازیی دیجیتاڵیش بوونەتە ئەکتەرە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی زمان. ئەوان نەک تەنیا ئامرازی پەیوەندی، بەڵکوو شێوازی تێگەیشتنی ئێمە لە خۆمان، کار، پەیوەندی، ئازادی و تەنانەت حەقیقەتیش شکڵ پێ دەدەن.

لە سەرمایەداریی دیجیتاڵدا، زمانی ئابووریی کلاسیک جێگەی خۆی داوە بە زمانێکی نەرم، هاوڕێیانە و تەکنەلۆژیک. کۆمپانیا زەبەلاحە دیجیتاڵییەکان چیتر خۆیان وەک کۆمپانیا ناو نابەن، بەڵکوو بوونەتە «پلەتفۆرم»‌، «ئێکۆ سیستەم»، «کۆمەڵگە»... کرێکار چیتر کرێکار نییە، «هاوکاری سەربەخۆ»، «شۆفێریی هاوبەش»، «بەرهەمهێنەری ناوەرۆک» و «دامەزرێنەر»ە. ئەم گۆڕانکارییانە لە وشەسازیدا هەڵکەوت نیین، کاتێک شۆفێری ئەپڵیکەیشنێکی هاتوچۆ دەبێتە «هاوبەش»،لێرەدا ئیتر پەوەندیی ڕاستەقینەی هێز ون ئەبێت، چیتر کارکردن لە ژێر سێبەری نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، بیمە و مافی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە هاوکێشەکە دەسڕدرێنەوە و زمان، پەیوەندییە نایەکسانەکان، هاوڕێیانە و خۆبەخشانە پێناسە دەکاتەوە.

لەم پێکهاتەیەدا، تەنانەت «داتا»ش بە زمانێکی نەرمتر و بە دوور لە ترس نیشان دەدرێت. کۆمپانیاکان ناڵێن کە ئێمە چاودێریی ژیانی ئێوە دەکەین، دەڵێن «ئەزموونی بەکارهێنەرەکان تاکەکەسی دەکەینەوە»، ناڵێن ئێمە هەڵسووکەوتی ئێوە پێشبینی و ئاراستە دەکەین، دەڵێن «پێشنیاریی هۆشمەند» دەخەینە بەردەستتان. لە ئاکامدا چاودێریی بەردەوام و چڕ چیتر نەک وەک جۆرێک لە دەستدرێژی بۆ سەر سنووری تاکەکەسی تاکەکان، بەڵکوو وەک چەشنێک لە خزمەتگوزاری و کارئاسانی پیشان دەدرێت. ئەمە ڕێک ئەو ساتەیە کە زمان، دەسەڵات دەگۆڕیت بۆ خۆشبژیوی.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم مەنتقەیان هەنگاوێکیش زیاتر بردووەتە پێش، ئەوان تەنیا کاڵا نافرۆشن، بەڵکوو «شوناس» دەخولقێنن. لە کلتوری ئینفلوێنسەریدا، مرۆڤ خۆی وەک پرۆژەیەکی مارکێتینک دەبینێ. ژیانی ڕۆژانە دەبێتە «ناوەرۆک»، هەستەکان دەبێ شیاوی بڵاوکردنەوە بن، پەیوەندییەکان دەبێ چەشنێک ساقی و باقی بەرهەم بێنن. وشەگەلی وەک «بڕەندی تاکەکەسی»، «ئاڵووێکردن»، «بینران»، «گەشەی ئۆرگانیک» و...ئاماژەی ڕاستەوخۆیە بەوەی کە ئەم چەشنە لە زمان ڕۆچووەتە ناو تاکەکەسییترین قوژبنەکانی ژیانەوە.

لە وەها بەستێنێکدا، تەنانەت نزیکی و هاوڕێیەتیش بووەتە کاڵایەک. تاکەکان فێر دەبن کە ساتە تاکەکەسییەکانیان نەک لە سۆنگەی ژیانکردنەوە، بەڵکوو لە سۆنگەی بە نمایشکردنەوە ئەزموون بکەن. سەفەر، خواردن، ئەوین، تەنیایی و ڕەنجی دەروونی و تەنانەت مافخوازی و دەنگهەڵبڕینی قوربانیان و تابووشکێنەکانیش، سەرجەمیان شیاوی بوونن بە ناوەرۆک. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم وەهمە دەخولقێنن کە هەمووان «ئازادن» خۆیان دەرببڕن، بەڵام بە کردەوە، ئەلگۆریتمەکان دیاری دەکەن کە چ چەشنە دەربڕینێک ببینرێت. بۆیە ئازادی ڕادەربڕینیش دەبێتە چەشنێک لە ئازادی پێشبڕکێ بۆ کۆکردنەوەی سەرنجی زیاتر.

هاوکات، کلتوری ئینفلوێنسەری جۆرێک لە زمانی سەرکەوتن بەرهەم دێنێت کە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەشارێتەوە. سەرکەوتن ئاکامی «هەوڵی تاکەکەسی»، «وزەی ئەرێنی»، «بڕەندسازی» و «بەردەوامی»یە و چیتر باسێک لە چین و سەرمایە و دەرفەرتی دەستپێڕاگەیشتن و هێزی جەرماوەری و ...نییە. شکست، نەک پرسێکی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو بێ توانایی و کەمکاری تاکەکانە و زمانی هاندەرانە، جێگەی شرۆڤەی کۆمەڵایەتی و زمانی شیکارانە دەگرێتەوە.

لە بەستێنی ژیری دەستکرد و دیجیتاڵدا، ئەم ڕەوتە ئاڵۆزتریش بووەتەوە، بەو پێیەی کە زمانی دیجیتاڵ بە سروشت، ڕواڵەتێکی زانستی و نیوتڕاڵ و بێ باری هەیە. کۆمپانیاکان قسە لە «ژیری دەستکردی ئەخلاقی» یاخود «ئۆتۆماسیۆنی هۆشمەند» دەکەن، وەک بڵێی دیجتیتاڵ بوونێکی بێ لایەنی سەربەخۆیە لە دەسەڵاتی مرۆیی. بەڵام لە پشت هەر یەک لەم وشانەوە، تۆڕێک لە بەرژوەندی ئابووری و سیاسی خۆیان حەشار داوە.

کاتێک ئەوترێت ئەلگۆریتمەکان ئۆپتیمایز کراون، کەس ناپرسێ بە سوودی کێ؟ کاتێک ئەوترێ ژیری دەستکرد «بەهرەمەندی» زیاتر دەکات، ئەوانەی لە کورتماوە و لە ئەنجامی ئەودا پیشە، ئەمنییەت یاخود سەربەخۆیی خۆیان لە دەست دەدەن، ون دەبن. زمانی دیجیتاڵ کە ئەمڕۆکە بووەتە زمانی زاڵ، بە شێوەیەکی گشتی، دیاردە مرۆیی و سیاسییەکان وەک ڕەوتی سرووشتی و ڕێ پێ نەگیراو دەردەخات. بەم شێوەیەیە کە دەرکرانی بەکۆمەڵی کرێکاران و کارمەندان دەبێتە ئاکامی «وەرچەرخانی دیجیتاڵی»، وەک بڵێی هێزێکی سەروومرۆیی و ڕێ لێ نەگیراو لە ئارادایە، نەک بڕیاری گروپێکی بچووک لە خاوەنانی سەرمایە.

یەکێک لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی زمانی دیجیتاڵ، لێڵکردنی بەرپرسیارێتییە. کاتێک ئەلگۆریتمێک دووچاوەکییانە کار دەکات، بە کورتی دەبێتە هەڵە و باگی سیستەمێک نەک ئەو مرۆڤەی کە بەرهەمی هێناوە. بەم چەشنە «هێز» لە ڕوخسارە مرۆییەکەی خۆی مەودا دەگرێت و لە چوارچێوەی وشە دیجیتاڵییەکاندا خۆی دەشارێتەوە.

وشەکان لەمڕۆدا تەنیا وشە نیین، ئەوان خەریکن بە خێراییەکی سەرسووڕهێنەرتر لە هەمیشە واقیعێکی نوێ دەخولقێنن، واقیعێک کە تێیدا مرۆڤەکان لە هەر کات زیاتر و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و بێ بەرگری لە مەنتقی بازاڕ و ئەلگۆریتمەکاندا دەتوێنەوە. دەسەڵات چیتر تەنیا لە دەرەوەی ئێمەدا نییە، بەڵکوو لەو وشانەدا دەژی و دەزێتەوە کە ئێمە هەر ڕۆژ خەریکین خۆمان و جیهانمانی پێ دەگێڕینەوە.

بۆیە تا ئەم ساتەش، وردبوونەوە لە زمان و ڕەخنەکردنی، یەک لە بنچینەییترین شێوەکانی تێگەیشتن و ڕەخنەکردنی هێز و دەسەڵاتە.

 

پەیامێک جێبهێلە

تێبینیەک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر