ئۆزگور ئامەد
و. ڕۆمان میرەکی
پاش کۆبوونەوەی ٢٧ی ئازار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی کورد، شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسەکەی خستەڕوو. لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری سیاسی بەردەوامی نێوان دەوڵەتی تورک و بزووتنەوەی ئازادیی کوردیدا کە بەرفراوان پێشوازی لێکرا، بەیاننامەکە نرخاندنی شەڕی بەردەوامی ئێرانیشی لەخۆگرتبوو، کە لەم ستوونەدا لە نزیکەوە شیکاری دەکەین.
ئۆجەلان بە شاندەکەی گوت: لە کاتێکدا کە لە نێو ئەو دۆخە پڕ لە ئازارەدا هەندێک پێشهاتی ئەرێنی لە سوریادا هەیە، ئێستا شەڕ لەگەڵ ئێران لە بەرنامەی کاردایە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە شەڕی ئێراندا سێ هێڵ سەریان هەڵداوە: یەکەم هێڵی ئەمریکا و ئیسرائیل، دووەم هێڵی هەندێک زلهێزی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، بە سەرۆکایەتی بەریتانیا، کە ئامانجی پاراستنی دۆخی ئێستایە. سێیەم هێڵی دیموکراسی و پێکەوەژیان کە ئێمە بانگەشەی بۆ دەکەین.
ئۆجەلان جیاوازی لە نێوان سێ هێڵی دەوڵەتیدا ناکات، بەڵکو لە نێوان سێ فکری مێژووییدا. یەکەمیان ئەقلانیەتێکە لە ڕێگەی شەڕەوە حوکم دەکات؛ دووەمیان ئەقلانیەتێکە لە ڕێگەی هاوسەنگییەوە [دۆخەکان] دوادەخات؛ سێیەمیان ئەقلانیەتێکە لە ڕێگەی کۆمەڵگاوە بەدوای چارەسەرەوەیە. ئەوان نوێنەرایەتی فکر و پارادایمە سیاسییەکانی ژینگەی ململانێی جیهانی و ناوچەیی دەکەن کە ئۆجەلان ناوی دەبات بە "جەنگی جیهانی سێیەم".
بۆ ئۆجالان ئێران تەنیا دەوڵەتێکی ئیسلامی نییە؛ بەڵکو پڕۆژەیەکی نەتەوەپەرستی هەژموونی شیعەیە کە ئایین بە ئامراز دەکات. یەکێکە لە گەورەترین دەوڵەتانی ئێستا کە لەبەردەم دیموکراسیکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەستاوە، لە هەمان کاتدا هەوڵی فراوانکردنی کاریگەری خۆی دەدات لە وڵاتانی وەک لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەن.
بە بڕوای ئۆجەلان، ئێران کورد وەک گەلێکی یەکسان ناناسێت؛ هەوڵدەدات بە سیستەمەکەیەوە بیانبەستێتەوە و قڕیان بکات. بزووتنەوەی سیاسی کورد وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی ناڕوانێت؛ بەڵکو وەک ئامرازێکی تاکتیکی دەیبینێت کە دەتوانێت لە دژی زلهێزی وەک تورکیا بەکاربهێنێت. ئێران بە دەستکەوتەکانی کورد لە تورکیا و سوریا ناڕەحەت بووە و هەر پێگەیەکی کورد وەک هەڕەشەیەکی ناوچەیی تەماشا دەکات. لەسێدارەدانەکان کە ئاڕاستەی گەنجانی کورد دەکرێت، تەنیا سیاسەتێکی ئەمنی نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ تۆقاندن، ناچارکردنی ملکەچیی سیاسی.
ئۆجالان باس لەوە دەکات کە ستراتیژی کورد لە ئێراندا دەبێت لە دەوری یەکڕیزی و هاوپەیمانی، خەباتێک بە ڕێبەرایەتی ژنان و وتووێژ و بەرگری ڕەوای خۆی، بنیات بنرێت. هەروەها هۆشداری دەدات کە "ئێران بەهۆی فکری قووڵی دەوڵەت و سیاسەتی نەرم و نیانەوە، هەرگیز نابێت بە کەم سەیربکرێت؛ دەبێت سیاسەتی وریا و درێژخایەن لە بەرامبەریدا پەرەی پێبدرێت".
لە کۆتاییدا ئۆجەلان پێشبینییەکی گرنگی سەبارەت بە داهاتووی ئێران کرد. ناوبراو ڕایگەیاند، ڕژێمێک لە نێوان قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا گیری خواردووە، ناتوانێت بەم شێوەیەی ئێستای تا کاتێکی نادیار بژی و درەنگ یان زوو ناچار دەبێت هەڵبژاردنێک بکات. ئۆجەلان لە بەرگی پێنجەمی پارێزنامەکەیدا دەڵێت: یان فرەیی قبوڵ دەکات و بلەڕێی بەدیموکراتیزبوونەوە خۆی دەگۆڕێت، یان لە پێگەی ڕەقی خۆیدا بەردەوام دەبێت و بە ڕاپەڕینی ناوخۆیی و دەستێوەردانی دەرەکی تێکدەشکێت."
هێڵی یەکەم: نوێگەری سەرمایەداری، دەوڵەتی ئاژاوەگێڕی و هەژموونی نوێ
هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵدەدات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی بەرژەوەندییە داراییە جیهانییەکانی و ئاسایشی ستراتیژی ئیسرائیل ڕێکبخات.
هێڵی ئەمریکا - ئیسرائیل نوێنەرایەتی شەڕانگێزترین و جیهانیترین و دەستێوەردانەترین باڵی مۆدێرنیەتی سەرمایەداریی ئەمڕۆ دەکات. بەپێی نرخاندنەکانی ئۆجەلان، وەک سەرکەوتوویەکی جەنگی سارد ئەمریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەک ناوچەیەکی شەڕی ستراتیژی ناساند و کردی بە ناوەندی "جەنگی جیهانی سێیەم".
هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵدەدات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی بەرژەوەندییە داراییە جیهانییەکانی و ئاسایشی ستراتیژی ئیسرائیل ڕێکبخات. ئۆجەلان ئەم دەستێوەردانەش بە بنیاتنانی "ئیمپراتۆریەتی کایۆس[1]" پێناسە دەکات. ئەم سیستەمە ئامانجی نەهێشتنی پێکهاتە کۆنەکانە بە کەڵکوەرگرتن لە کایۆس و ئاژاوەی کوێرانە. ئەو پڕۆژە نەرم و نیانانەی کە ئەمریکا لە ڕێگەی هەزاران ناوەندی بیرکردنەوەوە پەرەی پێداوە، ئامانجیان ئەوەیە ناوچەکە لە ژێر دەستێوەردانی بەردەوامدا بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بکەوێتە ناو دۆگماتیزمەوە.
یەکێک لە تاکتیکە ناوەندییەکانی ئەم هێڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە کە کورد وەک "کەواسووری بەرلەشکر" بەکاربهێنێت لە دژی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ناوچەکە وەک تورکیا، ئێران، سوریا و عێراق. لە دیدگای ئیسرائیل و ئەمریکادا، هیچ پشتیوانییەکی ڕاستەقینە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ و دیموکراتی نییە، بەڵکو ئامانج لێی دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بچووکی کوردییە بۆ هاوسەنگکردنی هەژموونی عەرەبی، فارسی و تورکیا لە ناوچەکە و دەستەبەرکردنی سەلامەتی ئیسرائیل کە جۆرێکە لە "پرۆتۆ ئیسرائیل"، واتە "ئیسرائیلی دووەم".
ئەم هێڵە، یان هەوڵی نەهێشتنی ڕژێمی ئیسلامی توندڕەو و نەتەوەپەرستی شیعەی ئێران دەدات کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بوونی ئیسرائیل دەیبینێت؛ یان هەوڵی بێکاریگەرکردنی دەدات لەڕێی بە هاوبەشبیکردنی لەناو سیستەمەکەدا. قەیرانی ئەتۆمی و گەمارۆکان بەشێکن لە ستراتیژێک بۆ هێنانە سەر چۆکی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی "ئۆتۆریتاریانیزمی [دەسەڵاتخوازی] سەوز" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ ئەم دێڕە، شەڕی ئێران یەکێکە لە بەرە گەورەکانی "جەنگی جیهانی سێیەم".
هێڵی دووەم: دەوڵەت نەتەوە و ستەمکاری ناوچەیی
هێڵی دووەم، هێڵی سەرۆکایەتی بەریتانیا، نوێنەرایەتی ئەو فکرە هەژموونگەرییە نەریتییە دەکات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە سنووری دەستکرد دابەشکرد
ئۆجەلان لە پەرتووکەکانیدا ئینگلتەرا و هۆڵەندا وەک ناوەندی سەرەتایی گەشەسەندنی سەرمایەداری ناو دەبات، کە دامەزراوەگەلێک بنیات نراون بە قووڵی یادەوەری کۆمەڵایەتییان لە قاڵبداوە. هێڵی دووەم، هێڵی سەرۆکایەتی بەریتانیا، نوێنەرایەتی ئەو فکرە هەژموونگەرییە نەریتییە دەکات کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە سنووری دەستکرد دابەشکرد و ناوچەکەی لەناو زرێپۆشی "دەوڵەت نەتەوە"دا گەمارۆداوە. ئەم فەرمانە کە لەلایەن بەریتانیاوە تەلارسازی کراوە، ئەمڕۆ لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکە و پشتیوانە جیهانییەکانەوە بەردەوامە کە هەوڵدەدەن دۆخی ئێستا بپارێزن.
ئەو سنوورانەی کە بە سیاسەتی دابەشکردن و حوکمڕانی بەریتانیا کێشراون، بۆ پارچە پارچەکردنی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێشتنەوەیان لە دۆخێکی هەمیشەیی ململانێ و وابەستەی جیهانگیری داڕێژراون. دەوڵەتانی ئێستا وەک تورکیا و ئێران و سوریا بە پیرۆزکردنی ئەو سنوورە دەستکردانە هەوڵی پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان دەدەن. بە گوتەی ئۆجەلان، ئەم سنوورانە "قێزەونترین وێنەکێشانی هەژموونی دەرەکین".
هەرچەندە پێدەچێت ئەم دەوڵەتە نەتەوەییە ناوچەییانە بەرەنگاری دەستێوەردانەکانی هێڵی ئەمریکا - ئیسڕائیل ببنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا پێکهاتەیەکی ناوەندگیری ڕەقن کە گەلانی ناو خۆیان لە سەرووی هەموویانەوە کورد، هەروەها گروپە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەش، قڕ دەکەن و لەناویان دەبەن. ئۆجەلان، هەڵوێستی ئێران بە هەڵوێستی "ئۆلیگارشی شیعە" و "ناسیۆنالیزمی شیعە" دەبینێت. ئێران توانای ئەتۆمی و هێزی چەتەی وەک حیزبوڵڵا بۆ هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاردێنێت. بەڵام لە سەردەمی نوێگەری سەرمایەداری جیهانیدا، ئەم پاشایەتییە هیچ دەرفەتێکی سەرکەوتنی نییە، مەگەر چاکسازیی قووڵی دیموکراسی ئەنجام بدات.
ئەم هێڵە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی کورد و فەلەستین نادات. پاراستنی ئەم ململانێ چارەسەرنەکراوانە، سیاسەتی نەریتی جیهانگیری بەریتانیایە. ئەمڕۆ زلهێزەکان که بەرگری لەم هێڵه دەکەن، هاوپەیمانیی "دژە کورد" له نێوان خۆیاندا پەرەپێدەدەن بۆ نموونه له هاوپەیمانیی تورکیا و ئێران و سووریادا دەبینرێت، بۆ ئەوەی کورد پێگەی خۆی نەبێت. ئۆجەلان دەڵێت کە ئەم پێداگرییە سەرسەختانە لەسەر دۆخی ئێستا وەکو دۆخی سەدام، لە کۆتاییدا شەرعیەت بە کارەساتی دەوڵەتەکان و دەستێوەردانی دەرەکی دەدات - کە ئەویش مەبەست لێی داگیرکارییەکانی ئەمریکا - ئیسرائیلە.
کەواتە بەکورتی هێڵی یەکەم بریتییە لە بنیاتنان لەڕێی وێرانکردنەوە، لەکاتێکدا هێڵی دووەم بریتییە لە حوکمڕانی بەبێ ئەوەی ڕێگە بە داڕمان بدەیت. لەوانەیە وا دەرکەون کە جیاوازن بەڵام لە ڕەخنەی ئۆجەلان لە سیستەمەکەدا، هەردووکیان لەناو یەک پەڕگالی جیهانیدا بوونیان هەیە. لە دێڕی سێیەمدا چ بەدیلێک خراوەتەڕوو؟
هێڵی سێیەم: "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"
ئۆجالان پێشبینی "یەکێتی گەلانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دەکات، کە سنوورەکان پەیوەندی خۆیان لەدەست دەدەن و گەلان بە ئاسۆیی یەکدەگرن.
بناغەی ئۆنتۆلۆژی و تیۆریی هێڵی سێیەم چەمکی مۆدێرنیتی دیموکراتییە. ئەم هێڵە کە فەلسەفەی ئۆجالان خۆیەتی، بەرنامەیەکی ڕادیکاڵە لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی ئیمپریالیزمی جیهانییە - کە ئەویش مەبەست لێی دەستێوەردانی ئەمریکا - ئیسرائیل و دەوڵەت نەتەوەی ئێستای ناوچەکە.
هێڵی سێیەم ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت یان دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێی کوردی کە کۆپییەکی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە نییە. بەڵکو بانگەشە بۆ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی دەکات، کە تێیدا کۆمەڵگا خۆی بەڕێوەدەبات. لەم مۆدێلەدا تورک، کورد، عەرەب، فارس، ئەرمەنی و ئاشووری، دیموکراسی ناوخۆیی خۆیان لە ڕێگەی ئەنجومەن و کۆمۆنەکانی ناوخۆیی دروست دەکەن، بەبێ ئەوەی سنووری دەوڵەت بگۆڕن.
ئۆجالان پێشنیاری "یەکێتی گەلانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دەکات، کە تیایدا سنوورەکان گرنگی خۆیان لەدەست دەدەن و گەلان بەشێوەیەکی ئاسۆیی یەکدەگرن. لە بەرامبەر پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزنی ئەمریکادا، پڕۆژەیەکی دیموکراتیک و ڕزگاریخوازی ژنان و ئیکۆلژیستی گەل وەک تاکە جێگرەوەی واقیعی دەخاتە ڕوو.
بە بڕوای ئۆجەلان، چوارچێوەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لەلایەن نوێنەرانی کورد لە پرۆسەی بڕیاردان لە تورکیا پێشکەش دەکرێت داوای گەرەنتی دەستووری دەکات، هەروەها هاوکات بەدوای جوڵانەوە و بەشداریی سیاسیی خۆجێییە لە دژی سیاسەتی لەناوبردنی دەوڵەت و زلهێزە جیهانییەکان. جەختی لەوە کردەوە کە ئاشتییەکی مایندە تەنیا لە پێکەوەژیاندا دەدۆزرێتەوە، لەنێویشیدا دەسەڵاتی سەربازی و سیاسی و ئابووری هاوبەش بێت.
ئەم هێڵی سێیەمە باس لەوە دەکات کە لە بەرامبەر شەڕی ئێران یان ئەگەری دەستێوەردانێکی ئەمریکادا، کورد دەبێ نە ببێتە بەڵێندەری لاوەکی ئەمریکا و نە هێزی یەدەگی ڕژێمی ئێران و سووریا. لە چوارچێوەی کوردستان لە سوریا و ئێران، ئۆجەلان بەردەوام ڕێبەری کوردەکانی کردووە کە "هێڵی سێیەم" بپارێزن، بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بەهێز بکەن و لە هەمان کاتدا ئەم دەوڵەتانە ناچار بکەن بەرەو "سازانی دیموکراسی" و چاکسازی دەستوری بچن.
لە کۆتاییدا، بۆ ئۆجالان، "شەڕی ئێران" تەنیا لە ئێراندا سنووردار نییە بەڵکو پێکدادانێکە لە نێوان سێ ڕوانگەی سیاسی جیاوازدا سەبارەت بەوەی کە چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێکبخرێت.
بە گوتەی ئۆجەلان، خوێنڕشتنی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سوریا، فەلەستین و ئیسرائیل، عێراق و پەرەسەندنی شەڕ لە ئێران پاڵنەرەکەیان دوو هێزە. یەکەم: هێڵی سەرمایەداری جیهانی/ ئەمریکی - ئیسرائیل کە هەوڵدەدات لە ڕێگەی لۆژیکی "قۆرخکاریی گەورە" و "ئابووریی جەنگ"ـەوە زاڵ بێت بۆ دووبارە داڕشتنەوە بەسەر ناوچەکەدا. دووەم: دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ئەمری واقیع بە قاڵبە هۆمۆژەن ولێکچوون و فاشیستی و نەتەوەپەرستی و ئایینییەکانی خۆیانەوە.
کارنامەی شەڕی ئێران دەبێ لەو چوارچێوەیەدا بخوێنرێتەوە. ئەمریکا و ئیسرائیل ئاگردەکەن بەو شەڕە سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسییەی تاوەکو ئێران بخەنە ناو ئەو سیستەمەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە کە دایانڕشتووە، یاخود گەر نەبوو ئەوا تێکیبشکێنن. ئێرانیش لە بەرامبەردا لە ڕێگەی هەژموونی ناوچەییەوە هێڵێکی بەرخۆدان دروست دەکات لە ڕێگەی چەتەکانی وەک حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی شیعە لە پێناو پاراستنی پاشایەتی شیعەی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەمان کاتدا داواکارییە دیموکراسیەکان لە سنوورەکانی خۆیدا لەناودەبات.
بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە نێوان ئەم دوو سیناریۆی دۆڕانەدا گیریان خواردووە، هێڵی سێیەمی ئۆجالان ڕێگەیەکی ئەگەری دەربازبوون پێشکەش دەکات، کە ئەویش وەستانەوەیە لە بەرەی دیموکراسیدا. کوردانی دانیشتووی سنوورەکانی سووریا و تورکیا بە دوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا نین بەڵکو لە تێکۆشاندان بۆ تێپەڕاندنی سنووری دەوڵەت و بنیاتنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراتی کە تێیدا گەلانی جیاواز بتوانن بە یەکسانی و ئازادانە پێکەوە بژین.
پەیامی ئۆجەلان لە تورکیادا ئەوەیە کە نابێت پرسی کورد تەنیا وەک کێشەیەکی ئەمنی ببینرێت، بەتایبەتی کە گرژییەکان لە ئێراندا زیاد دەکەن. بەڵکو ئۆجەلان پێی وایە، پێویستە تورکیا بەدیموکراسییبوون، سەروەری یاسا، داننان بە مافی کەمینەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەناو وڵاتدا بەهێز بکات.
سەرچاوە:
https://theamargi.com/posts/ocalan-proposing-a-middle-east-democratic-union-of-nations
ئۆزگور ئامەد
ڕۆژنامەنووس و نووسەر. لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری جیاوازدا دەنوسێت. کار لەسەر یادەوەری، نوکتە، سیاسەت و سینەما دەکات. نووسەری دوو کتێبە: Böbreği Kim Yedi (٢٠١٨) و Kürdocul İşler (٢٠١١).
