ژیان لەچنگی سەرمایەداری دا
نوسینی:ئەریڤان نەعمان کاتێک ئێمە لەدایک دەبین، مافی تەندروستی دەبێت بە مافێکی سروشتیی بۆمان. گەر لەناو سروشتیشدا بژین، ئێمە لە سروشتەوە بێبەرامبەر چارەسەر وەردەگرین. کاتێک دێینە ناو فەزای شاریشەوە، دەبێت هەمان مافمان بۆ دروست ببێت. بەڵام لەمڕۆدا، چارەسەرکردنی مرۆڤ بەدەست کۆمەڵێک سەرمایەدارەوەیە کە دەرمانیان کردووەتە کاڵایەک و تەنها ئەوانە دەتوانن بیکڕن کە پارەیان هەیە سەرمایەدارەکانیش بەهاوبەشی لەگەڵ دەوڵەت ئەم کارەئەنجام دەدەن. بۆیە جیاوازیی چینایەتی بە جێگەیەک گەیشتووە، کە بڕی پارە ئاستی تەندروستیی ئێمە لە نەخۆشخانەکاندا دیاری دەکات. لەم سیستەمە نوێیەدا،کە تێیدا تەواوی خزمەتگوزارییەکان بەپارە دەکرێن، نەخۆش تەنها وەک "کڕیار" دەبینرێت. لێرەدا دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ شیکارییەکانی فەیلەسووفی فەرەنسی (میشێل فۆکۆ) بۆ چەمکی دەسەڵات لەکتێبی مێژووی سێکسوالیتە:فۆکۆ لە تیۆری (بایۆپۆلەتیک) پێمان دەڵێت کە لە سەردەمی سەرمایەداریدا،دەسەڵات تەنها حوکمی خاکی وڵات و کۆمەڵێ داموودەزگا ناکات،بەڵکو ڕاستەوخۆ دەستدەخاتە ناو ژیان و جەستەی مرۆڤەکانیشەوە. بەپێی ئەم تێڕوانینەی فۆکۆ نەخۆشخانەکان بوونەتە تۆڕێکی دەسەڵات کە بڕیار دەدەن کێ مافی ژیانی هەیە و کێش بەهۆی بێپارەییەوە دەبێت بمرێت. لەنێو نەخۆشخانەیەک کە سەرمایە بەبنەما دەگرێت،نەخۆش وەک مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت و ئازاد نابینن بەڵکو تەنها جەستەیەک دەیبینن کە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی قازانجە.
لەم نێوەندەدا ئەوانەی هەژارن و ئاستی گوزەرانیان باش نییە،باجەکەی بە ژیان و گیانی خۆیان دەدەن. باوەڕناکەم کەسمان هەبێ نەمان بیستبێ (بمرێت باشترە)... ئەوکاتەی ئەمە دەوترێت نەخۆش هیوایەکی کەمی ماوە لە ژیان و لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی داخڵ کراوە، "بمرێ باشترە" ئەو کاتە دەوترێ کە هەستەکانی مرۆڤ لەناوچوون و بەهۆی ئەو تێچووە زۆرەی لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان وەردەگیرێت.ئەوەی جێگەی سەرنجە لام ئێمە لەبەر ئەو پارە زۆرەی وەردەگیرێت لە حەقی چارەسەر بۆنەخۆشەکەمان هەستمان لەدەست دەدەین بۆ ئازیزانمان، نازانیت خەمی نەخۆشەکەمان بێت یا خەمی دابینکردنی تێچووی نەخۆشەکەمان بێت، لێرەدا ئێمە بوینەتە قوربانی دەسەڵات و سەرمایە.
باشە گەر بڕیار بێت ئێمە هەموو مرۆڤ بین بۆ دەبێت کۆمەڵێک لە ئاستێک بن کۆمەڵێکی تریش لە ئاستێک... بۆیە لێرەدا ڕاستەوخۆ بەر ئەو پرسیارە دەکەوین ئایا بەهای مرۆڤ چەندە؟ ئایا کەرامەت و گیانی مرۆڤ شتێکە دەکرێت لەسەر کورسیی نەخۆشخانەکان بە پارە بپێورێت؟ کاتێک ژیانمان دەبەسترێتەوە بە قەبارەی گیرفانەکانمانەوە، مرۆڤایەتی دەبێتە کاڵایەکی هەرزان کە تەنها ئەوانەی پارەیان هەیە بۆیان هەیە بژین.کاتی ئەوە هاتووە ئێمە بیدار ببینەوە و بپرسین، ئایا ئێمە شایەنی ئەوە نین وەک مرۆڤ سەیر بکرێین یان دەبێ وەک سەرچاوەی قازانج بۆ گیرفانی سەرمایەدارەکان سەیر بکرێین.
Tags
سیاسەت
