ژیانەوە
ئامانجی کۆمەڵناسیی ڕوونکردنەوەی واتای ژیان و بەکۆمەڵگەبوونە. زانستیش پێشکەوتووترین شڕۆڤەیە دەرهەق بە واتای هەبوونی ژیان. ژنۆلۆلۆژیش بریتییە لە پێناسەکردنی ژیان و واتاپێدان و ڕێخۆشکردن مەعریفەی ژیانی ئازاد بۆ ژن. باس لەوە دەکرێت گوایە تەنگەژەی سەرەکیی سەردەم، ونکردنی واتای ژیان و هەقیقەتە؛ و هۆکاری ئەم ونکردنە واتاییە سەردەستێتیی پیاوە، و لەمڕۆشدا سەرمایەداری بەگەیشتنە لوتکەی سەردەستیی، خۆی وەک تاکە هەقیەت خستۆتەڕوو؛ ئەمە بە ئاستێک گەیشتووە، کە پاکتاوی کۆمەڵایەتیی و سرووشت و ژن بووتە تاکە پێشمەرجی بەردەوامی سەرمایەداری. لەبەرامبەر ئەمەدا، هەنگێ کۆمەڵایەتیبوونەوە پێک بێت و ئیکۆلۆژیی سالار بێت و ئازادیی ژن وەدی بێت، ئەوا ئەو سەرمایەداری و بەستێنەی پیاوسالارییەی وا سەرمایەداری پشتی پێ گەرم دادێنێت، هیچ واتایەکی مانەوەی نامێنێت.
لێرەوە ئیتیک و ئیستاتیکی وەک زانستی ژنیش سەرهەڵدەدەن. بە گوزارشتێکی ڕوون؛ ڕامانی ئیتیک–ئیستاتیک مژاری 'چۆن بژین؟' ڕەنگڕێژ دەکات. هیچ پرسێک لە وێنەی ئەم کێشەیەی 'چۆن بژین؟'ـەدا لە زیندەوەرانی دیکەدا لەگۆڕێ نییە. سووڕی ژیانی خۆیان هەیە و بە پێودانگی بوونی بایۆلۆژیی درێژە بە بوونی خۆیان دەدەن، بەڵام مرۆڤ تەنیا سنوورمەند نییە بۆ ژیانی بایۆلۆژیی، بەڵکوو لەناو لێگەڕینی ژیانی باش و جواندا هەڵدەخولێت. چەپەڵیی و نەخۆشییەکانی ژیان نەک تەنیا بۆ مرۆڤ، بەڵکوو بۆ جیهانەکەشمان بوونەتە مەترسیی. ئیتر نەک تەنیا مرۆڤ، بەڵکوو گەلێک زیندەوەری تریش بەدەست ئەو ژان و نەخۆشیی و خراپەکاریی و چەوتییانەوە وەزاڵە هاتوون وا مرۆڤ درووستی کردوون. پرسی ژیانی باش و خۆش کە بە هەزاران فەیلەسووف و پێغەمبەر و مرۆڤ منەی وەڵامەکەی دەکەن و پێویستە ئەمڕۆ شەنوکەوی بکەینەوە، چییە؟ چۆن دەتوانین باش و خۆش بژین؟ ئیتیک–ئیستاتیک وەڵامی ئەم پرسیارە فەلسەفییانە دەداتەوە.
ناتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین گوایە مرۆڤ هەمیشە لە سرووشتێکی هەیە کە ئارەزووی باشە و خۆشیی دەکات. شیمانە دەکرێت کاتێکیش دەسەڵاتداریی و دەوڵەت پێش نەکەوتبوون، مرۆڤی خراپەکارییش هەر هەبوون. جا ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەی ڕسکا بوو، ڕێی نەدەدا خراپەکاریی زاڵ بێت چوونکە بە پێودانگی توخمە ئەخلاقییەکان شێوەگیر دەکرا. ئەو کۆمەڵایەتیبوونەوەی ئێمە وەک جڤاکی ئەخلاقیی– سیاسیی لە پێناسەی دەکەین، لە کۆمەڵگەیەک زیاتر کە شتی چەوتی تێدا نییە، پتر فۆرمێکی کۆمەڵایەتییە و ئەو ڕەگەزانەی تێدایە وا دەتوانێت لەگەڵ خراپەکاریی بکەوێتە ملەجەڕێ و ڕووبەڕووی ببێتەوە.
کۆمەڵگە سەری ئەرێ بۆ پەروەردەی ناشرین و خراپ و چەپەڵ نالەقێنێت، ئەوانەی ئەم لە کۆمەڵدا ئەم کارە دەکەن، وەدەر دەنرێن. ئەمڕۆ تەنگەژەی بنەڕەتییمان لەمەوە چاوگە دەگرێت. خراپ و ناپاک و دز و درۆزن پەسەند دەکرێن. لە جیهانێکدا خراپەکاریی دادگایی نەکرێت، ئازاری ویژدان و تووڕەیی نابینرێتەوە ئەوا چەمکی خراپەکاریی ئاسایی و ڕۆژانەیی دەبێتەوە. پاش جەنگی دووەمی جیهانی و ئەو واقیعەی بەدوای خۆیدا هێنانی وایکرد دیسانەوە خراپە و باشە، و جوانی و ناشرینی بکەونەوە بەرباس و گفتوگۆ. گەر نەتوانین لەگەڵ ئەو ڕادەیە لە خراپەکاریدا بژین، دەبێت دیسانەوە پرسی "چۆن بژین" لە خۆمان بکەینەوە.
لە مێژوودا بە ئامانجی گۆڕینی خراپە بە چاکە، و جوانیی بە ناشرینیی، و درۆ بە ڕاستی گەلێک قەڵەمبازی فیکریی و فەلسەفیی و ئایینیی و شۆرشگێڕیی نراون. هەرچەندە لە هەندێک بابەتدا نۆرمی گشتگیری (universal) وەک (دزیی و کوشتن و درۆ و هتد، کە بە خراپ دەزانران و پەسەند نەدەکران) لە هەندێک بابەتی تریشدا باشە و ڕاستیی و جوانیی بەپێی باوەڕی و بیرکردنەوەی کۆمەڵگەکان دەگۆڕێت و هەمان واتای نیە، واتە شتێکی ڕێژەییە. شت هەن یەکێک دەڵێت باشە و یەکێكی تر دەڵێت خراپە، شت هەن یەکێک پێی جوانە و دەکرێت کەسێکی تر ناشرین بیبینێت. ئەم پێناسە ڕێژەییانەی زانستی ئیتیک و ئیستاتیک بە پشتبەستن بە ڕێسایەکی زانستی، کار دەکات تا هۆکاری ئەوە بزانێت لەبەرچی هەڵسوکەوت و پرەنسیپ و چالاکیی و فیکرەکان بەپێی ئەم پیودانگ و هەڵسەنگاندانە هێزی باشی یا جوانی وەردەگرێت، بخاتەڕوو. هەروەها، هەوڵدەدات زانینە باش و جوانە گشتگیرەکان بخاتەڕوو.
بەم پێودانگە با ئێمە لە خۆمان بپرسین، ئێمە چ هەڵسوکەوت و مرۆڤێکمان حەز لێیە و چ هەڵسوکەوت و مرۆڤێکمان حەز لێ نیە؟ هەندێك کەس ئەدگارەکانی وەک دووڕوویی و بەرژەوەندخوازیی و لە خۆبایی و زماندرێژیی و مادەپەرەستیی و درۆزنیی وەک تایبەتمەندیی چەوت دەبینن. خاکەڕایی و ڕاستگۆیی و بوێری و پاڵپشتییش وەک ڕەهەندی باش دەبینرێن. لە بنەڕەتی پرەنسیپی باشە و جوانییدا هاوبەشییەک هەیە. بەڵام مرۆڤ پاساو بۆ ئەو خراپە و ناشرینییە دێنێتەوە وا تووشی بووە. ئەمەش لەبەر ئەوەی هەندێک جار لە خۆسەرزەنشتکردن و هەندێک جار بەرژەوەندیی و هەندێک جار نەزانیی و هەندێک جار ئەو ئارەزوو و پاڵنەرانەی جڵەو ناکرێن، سەرچاوە دەگرێت. بابەتەکە ئەوەیە گۆشەنیگای ئیتیک–ئیستاتیک پەیوەندیی بە بژاردەی مرۆڤەوە هەیە، تەنانەت لە خراپترین هەلومەرجیشدا. سەرباری ڕەوشی دژوار و سەختی ئەو مرۆڤانەی هەڵوێستی ئەخلاقیی دەگرن، لێ بۆ هەمووان دەبنە سەرمەشق کە بگەڕێنەوە بۆ پێوانەکانی.
کاتێك کۆمەڵگە دەست بە پاوان و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵات دەکات، ئەودەم توخمە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە و گوناهـ و قەدەغەی یەزدان و یاسا و ویژدانی مرۆڤ ڕۆڵێکی سنووردار دەگێڕن. ئەو خراپەکارییەی لە سۆنگەی هەڵبەستنی پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەت و دەسەڵاتگەریی ڕەنگڕێژ بووە جیاوازی نێوان ژیانی باش و خراپی بە بەهەشت و دۆزەخ گوزارشت لێکردووە.
هاتنەئارایی ئەو دوو چەمکەی کە باسی لێوەکراو (واتە، دەوڵەت و دەسەڵات)، لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەسەڵات کە بەسەر ژیاندا زاڵە، وابەستەییەک هەیە. کاتێک ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەدا بیر لە خراپە و ناشرینی و هەلسوکەوتی چەوت دەکەینەوە، دەسەڵاتداریی وەک بەرهۆی بنەڕەتیی خۆیمان بۆ دەنوێنێت. دەسەڵاتداریی تایبەتمەندییەکی وای هەیە کە ژیان و جوانیی و باشە دەکوژێت. لە نێو هەموو ئەو چالاکییانەی وا ئێمە وەک خراپە دەیناسێنین، پەیوەندییەکانی دەسەڵات هەن. هێز و خاوەندارێتیی و ملکەچیی و پەیوەستبوون و دەوڵەمەندیی و مۆد و بەرژەوەندیی، سەرتۆپی ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتدارییە. ئەمە شاتایبەتمەندیی کەسێتیی پیاوی دەسەڵاتدارە. لەبەر ئەوەی ژنان بیانوویان بۆ پەرچدانەوەی ژیانی چەوت زیاترە، سا بۆیە ماتەوزەی (پۆتێنسیال) کردەییبوونەوەی ژنان بۆ داڕشتنی ژیانێکی ڕاست و ڕسکاندنی ژیانێکی باش و جوان و فراوانکردنی بیر و هەست و کار هەڵکشاوترە. بەخستنەڕووی ئەو بەهایانەی کە گرێدراوی ئازادیی ژنن، و زاڵبوونیان بەسەر ژیاندا، ئەوا وادەکات کۆڵەکەی ژیانی ڕاست چێ بکات. دەتوانین بژاردەی باش و جوان و ڕاست لە سۆنگەی هەقیقەت و ژیانێکی ئازادەوە پێناسە بکەین، نەک لە سۆنگەی پادداشت و سزا و ترس و بەرژەوەندیی و ملکەچیی ناچارەکییەوە. ئەو چاوەی چەوت و چاک و جوان و ناشرین لێک هەڵدەبوێرێت، ئەو هەستەی درک دەکات، ئەو بیرەی تێ دەگات، لە سۆنگەی هێزی هونەر و زانینەوە دەتوانێت ئەم ڕۆڵە بگێڕێت. مسۆگەر لەم خاڵەوە، ئیتیک–ئیستاتیک لەڕێی هەڵوێستەکانمانەوە بۆ ژیان واتا وەردەگرێت.
_____________
چەمکی ئیتیک لە 'ethos'ـی یۆنای، و مۆراڵیش لە 'mos'ـی لاتینیـەوە هاتووە، ’ethos’ و ’mos’ بە واتای نەریت و سرووت و خوو و لایەنی سۆزەکی و کەسێتی و میزاج و هتد دێت. ئەخلاقیش بە عەرەبیی لە ڕەگی خولقەوە دیت، ئەم ڕەگەش دیسانەوە بە واتای نەریت و سرووت و خوو و لایەنی سۆزەکی و کەسێتی و میزاج و هتد... دێت. لە کوردیشدا بۆ ئەخلاق پەیڤی sinc و ڕەوشت بەکار دێت. سنج ناوی ئەو درەختە دڕکاوییەیە کە وەک پەرژین لە دەوری باخچەدایە. لێرەدا پەیوەندییەکی زۆر سەیر جێیباسە. بەهەشت وەک باخچەیەکی جوان کە دیوارێکی بەدەوردا هۆنرابێت پێناسەدەکرێت؛ واتای دەستەواژەی ئەخلاقیش لە کوردیدا، هەروەک دیواری بەهەشت، چوێنراوە بە دارێکی بەسوود و جوان کە جێیەک دەپارێزێت. پێناسەی عەبدوڵا ئۆجەلانیش بۆ بابەتی ئیتیک خاوەنی هەمان خەسڵەتە؛ دەتوانین پەیوەندی ئیتیک-ئیستاتیک لەسەر پەیوەستی گوڵ-دڕک بخەینەڕوو. گەر گوڵ ئیستایک بێت، دڕکیش ئەخلاق و ئیتیکی ئەو گوڵەیە. هەروەک چۆن ئیتیک بێ ئیستاتیک نابێت، ئیستاتیکیش بێ ئیتیک جێی باس نیە. فەلسەفەش، بە هێندەی ڕیشە ئیتمیۆلۆژژیەکەی، دەستگیرۆیی ئەم چەمکەی کردووە ماناگەلی جیاوازتر بەدەستبخات.
ئیۆنا کوچورادی (Ioanna Kuçuradi) دەربارەی چەمکی ئیتیک پێی وایە سێ پێناسە و ڕاڤە هەن. یەکەم؛ چەمکی ئیتیک وەک هاوواتای ئەخلاق. ئەمە نۆرمەکانی هەڵسوکەوت و ڕەفتار دەگرێتەوە. جا لە کاتێکی دیار و چاندێکی دیاریکراودا، وەڵامی پرسی چی بکرێت و چی نەکرێت بە پێودانگی ئەخلاق دەداتەوە. بەپێی ئەم پێناسەیە تەنیا یەک پێناسەی گشتگیری ئەخلاق بوونی نییە، بەڵکوو کۆمینە جڤاکییەکان سیستەمی ئەخلاقیی جیاواز بە خۆیان هەیە. بەپێی باوەڕ و چاند و جوگرافیا جیاوازەکان، پێناسەی ئەخلاقیش جیاوازە. ئەمانە لەو کۆمەڵگانەدا وەک ڕێسای نەنووسراو پەسەند دەکرێن. دووەم؛ وەک تۆماری نووسراویش ئەخلاق پێناس کراوە. لەم ساڵانەی دواییدا، بە تایبەت کاتێک تەنگەژە زانستیی و پیشەییەکان سەریان هەڵدا، گفتوگۆی پرسی ئیتیک سەرلەنوێ زیندوو بوویەوە. بواری پزیشکیی و پارێزەریی و پیشە جیاوازەکان گەرەکە بە پێودانگی مافەکانی مرۆڤ بچنرێن، ڕێگریی لە نەژادپەرەستی و مامەڵەی ئیکۆلۆژیی و هتد... هەموو ئەم ڕێسایانە دەگرێتەوە. لەمڕۆدا لە زۆر ناوەنددا لەمەڕ ڕێساکانی ئیستەتیک و ئەخلاقی پیشەیی وانە دەوترێنەوە. پەنجە دەخرێتە سەر ئەوەی داخۆ تا چ ئاستێک لەم پیشانەدا پێوەری ئیتیک کراوە بە پێودانگ. سێیەم؛ ئەمە ڕەهەندی فەلسەفیی ئیتیک دەگرێتەوە و لە زانینی بەها ئیتیکییەکان دەکۆڵێتەوە. گەر نزیکایەتیی و پەیوەندییش لە نێوان هەر سێ پێناسەکەدا هەبێت، لێ چەمکی ئەخلاق بە دەستپێچی پێناسەی سێیەم گوزارشتی لێ کراوە؛ واتە لێکۆڵینەوەی فەلسەفیی لە بەها ئیتیکییەکانە. ئیتیک وەک زانستی لێکۆڵینەوە لە ئەخلاق پێناس دەکرێت. ئەخلاق پتر گرێدراوی پراکتیک و پەیڕەوکردنە؛ ئیتیک بە چەشنیکی تیۆریی – فەلسەفیی لەم پراکتیکە دەکۆڵێتەوە.
ئێمە دەتوانین بێژین ئەخلاق دۆخی چەسپاندنی ئازادیی، و نەریت و تانوپۆکەیەتی. گەر بژاردەی ئەخلاقیی لە ئازادییەوە سەرچاوە بگرێت، و گەر ئازادی لە پەیوەند بە ژیری و ئاگایی و ئەقڵەوە بخەینە بەر چاو، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەخلاق وەک ئاگایی[1] (ویژدانیی) کۆلەکتیڤی کۆمەڵگە زیاتر قابیلی تێگەیشتنە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی پێی دەوترێت تیۆری ئەخلاقیش کە بریتییە لە ئیتیک، تەنیا لەم چوارچێوەیەدا واتای هەیە. ئیمە ناتوانین لە دەرەوەی ئەخلاقی کۆمەڵگەییەوە لە ئیتیک بدوێین. مسۆگەر دەکرێت لە ئەزموونە ئیتیکییەکانەوە فەلسەفەیەکی ئەخلاقیی کارامەتر نیشان بدرێت، بەڵام شتێک نییە ناوی ئیتیکی درووستکراو بێت. وەک دەزانرێت ئیمانوێڵ کانت گەلێک هەوڵی لەم بوارەدا داوە. کانت بە ئەقڵی پراکتیکیی دەڵێت ئیتیک. هاوکات شرۆڤەکانی وەک ئیمکانێکی بژاردەی ئازادی ئەخلاقی، بۆ ئەمڕۆش گونجاوە.
باشە و فەزیلەت (ڕندی): (ڕەنگدانەوەی پەرەسنەندی ئەخلاقی تاکەکەسی و پێگەیشتنێتی)؛ بەرپرسیارێتی (بریتییە لەو شتانەی کەسێک بە ئیرادە و زانینە خۆیەوە کردوویەتی و ئەنجامەکانی قبووڵە یا پێ کافییە. وەک تەندرووستی زەین، ئازادی، خاوەن زانین)؛ ئازادی و ویژدان (ئەو ئارامییەیە کە لە ئەنجامی پێکهینانی ئەرکەکانی سەر شانمان دێنە ئاراوە، پێکنەهێنانی ئەو شتانەی کەوتوونەتە سەر شانیشمان مرۆڤ بەرەو نائارامی دەبات و وەک سزایەکی ڕۆحی دووچاری ئەوەی دەکاتەوە کە پێی دەوترێت عەزابی ویژدانی).
جا لەم ڕوانگەوە، لە تێگەیشتنی کانتدا بێ شوێنەوار و گەڕانەوە بۆ خودا، ئەخلاق پێناسە و زەمینەسازیی بۆ کراوە. پێی وابوو کاکڵەی هەڵسوکەوتی ئەخلاقی ئازادییە. بەم ڕستەیە گوزارشت لە فەلسەفەی ئیتیک دەکات: "بەو شێوەیە ڕەفتار بکە [کردە بنوێنە] وەک ئەوەی پرەنسیپی کردەکانت گشتگیر بێتەوە، شتێک بێت کە هەمووان دەیخوازن." و بەم فۆرمە لەچێوەی دەدات. ئەوە دەخاتەڕوو تاک بەپێی بە پرەنسیپی ئەخلاقیی دەتوانێت ئەم ئاستەی ڕیزگرتن لە خۆی و ئەویتر بەجێبهێنێت. بیرکردنەوەی ئازادانە لە زەروورەتی بوونی مرۆڤەوە پێناسە دەکات، و ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەفتاری ئەخلاقیی و ژیانی ئازاد زەروورەتێکە. ئیتیکی کانت وەک ئەخلاقی ئەرکمەندیش پێناس دەکرێت. لێرەوەڕا ئەو شتەی وەک ئەرک پێناس دەکرێت، لەو واتا کلاسیکییەوە نیە کە لە کارێکدا ئەرکدار بکرێین یا داوای شتێکمان لێبکرێت. ئەوەی کانت وەک ئەرک دەیبینێت، بریتییە لەوەی تاک بەرپرسیارێتی ئەرکەکەی خۆی هەڵبگرێت، واتە ئاگاییەکی بەرپرسیارانەیە. کانت ئازادی وەک هۆکاری بوونی (ratio essendi) یاسا ئەخلاقییەکان دەبینێت؛ یاسا ئەخلاقییەکانیش وەک زانین (ناسین یا هەستپێکردن)ـی بنەڕەتی زانینی ئازادی (ratio cognosendi) سەیردەکات. پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ئەخلاق و ئازادییدا خراوەتەڕوو. گەر خاوەنی زانینی ئەخلاقیی نەبیت ئەوا ئازادیش نیت. ئەخلاق لەسەر بنەمای ئازادی دەتوانێت مانا وەربگرێت.
ڕیشەی پەیڤی 'ئیستەتیک' لە پەیڤی یۆنانیی ’aîsthesîs’’ـەوە دێت و هەم بە واتای "تێڕوانینێکی هەستی" و هەستوسۆز و درکپێکردن، هەمیش بەو شتانە دەوترێت کە ئەنجامێکیان لێوە هەڵدەهێنجین، وەک: هەست و ناسین. هەستکردن و بە تایبەتی درککردن لە ڕێی هەستەوە، هاوکات تێگەیشتن و بیستن و درککردن لە لە ڕێی بینین و بیستن و هتد...ـەوە، تێگەیشتن لە شتێک و بیستنی و هەستپێکردنی، بە کورتیی تێگەیشتن و بیستن و درک و هەستپێکردن. ئیستەتیک هەر لە سەرەتاوە جێی ئەم مشتومڕە بووە. وەک 'زانستی جوانیی' و 'فەلسەفەی جوانیی'ـیش ناودێر کراوە.
ئەو ڕاستییەی ئیتمۆلۆژیی چەمکی ئیستەتیک پێشکەشمانی دەکات بریتییە لە زیهنێکی درکپێکەر کە بە شێوەیەک وابەستەیە بە یەقینی هەستتییەوە. واتە پێناسەیەکە وادەکات جیاوازیی و سەرنج و هەستوسۆز بێتەئاراوە. ئەو چاوەی دەنۆڕێت بەڵام نابینێت، ئەو لووتەی بۆن دەکات بەڵام ناتوانێت بۆنەکان لێک جیا بکاتەوە، ئەو گوێیەی دەبیستێت بەڵام نابیستێت، ئەو زمانەی چێژ نابینێت، ئەو هەستەوەرەی هەست ناکات؛ ئەو زەینەی ئەمانە وەردەگرێت بەڵام بەکاری ناهێنێت، ناتوانێت جوانیی بدۆزێتەوە. نەک هەست بە جوانیی، بەڵکوو بەوانەش ناکات کە جوان نین. ئەو مرۆڤانەی وا بە شارەزاییەکی هونەرییەوە کار دەکەن، ماخۆی درک و تێگەیشتنێکی مەزنن. بەرهەمی هونەرییش ڕەنگدانەوەی ئەو لایەنەیە. لە زمانی کوردیدا بۆ پەیڤی ئیستەتیک پەیڤی جوانکاریی و جوانیی و بەدەوکاری و جوانناسیی بەکار دێن. ئەم چەمکانەش هەموویان لە پەیڤی جوانییەوە هەڵهێنجراون.
کاتێک سەیری ئیتمۆلۆژی ئەو وشانەی لە کوردیدا بەکاردەهێنرێن، دەبینین جوانیی ماناگەلی زۆر بەرفراوانی لەناو خۆیدا کۆکردۆتەوە. زۆربەی کات جوانی لەگەڵ باشەکان، خاوێنەکان، پیرۆزکراوەکان، و ئەوانەی دەبنە هۆی دڵخۆشی ناواخنی یەکبوونەتەوە. جێی سەرنجە زۆربەی ئەو وشانەی بۆ جوانی بەکاردەهێنرێن پەیوەندیان بە ژنەوە هەیە. ئەو وشانەی جوانی کە بۆ پیاو بەکاردەهێنرین، ئەوان نین کە بۆ ژن بەکاردەهێنرێن.
کاتێك مرۆڤ لە شتێک دەنۆڕێت، ڕەهەندی جوانییناسیی ئەو وەک تێگەیشتنی ئیستەتیکیی لێک دەدرێتەوە. ڕەهەندێکی گرنگی هەستکردن بەو جوانیناسییەش بریتییە لە بە شەوقەوە سەیرکردنیی. وەک بە وردیی باس کرا، چەمکی ئیستەتیک لە ڕەگوڕیشەوە جەخت لەسەر سەرنج خستەسەر و هەستپێکردنەوە دەکاتەوە. وردبینیی پەیوەندیی بە تیژکردنەوەی یەقینکردنەوەی هەستەکانەوە هەیە. درکپێکردنی ئیستەتیکیی درکپێکردنێکی ڕێکخراو و ئاڕاستە کراوە. درکپێکردنی ئاسایی و باو درکپێکردنێکی خۆکرد و پاسیڤە. درکپێکردنی ئاسایی و باو تەنیا لە دەرەوە دێتەوە ناوەوە، بەڵام درکپێکردنی ئیستاتیکی هەم لە دەرەوە بۆ ناوەوە و هەمیش لە ناوەوە بۆ دەرەوەیە، واتە خاڵی دیارکەر لە درکپێکردنی ئیستاتیکیدا لێوردبوونەوە و سەرنجدانە. یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی ئەم سەردەم، ئەوەیە ئێدی جیاتی لێوربوونەوە ڕووکەشگەرایی جێی گرتۆتەوە.
ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەدا زۆر جار ڕوانینی ڕووکەشگەرا لە گشت شتێکدا دەبینین و ڕەخنەی دەکەین. لە بری ئەنجامدانی کاری جوان، پتر "کارێک دەکەن تەنیا لە پێناو کردنەکەیدا، تا پاساو بۆ ڕەوشی خۆیان بهێننەوە". یەکێک لەو مژارانەی پێویستە لەمەڕ ئیستەتیک قسەی لێوە بکرێت، ئەمەیە: ئامانجی ئەنجامدانی شتێکە بە جوانترین شێوە. جا لە کارە ئاسانەکانەوە تا کاری سەخت، جا ئەویش بە وردیی و ڕێکوپێکیی و قووڵییەوە، ئەودەم کارەکان وا دەونێنن، وەک بڵێی لەلایەن وەستایەکی کارامەوە ئەنجام دراون. ڕاستینەی سەرمایەداریی مادەپەرەستیی بەپێشخستنی تەنیای ڕواڵەت و شکڵەکان، تا دێت تەنیا گرنگیی بە خستنەپێشی دۆخێک دەدات تیایدا تەنیا دیمەنەکان گرنگبن. ئیتر لە جیاتی کەسێتیی تەنیا وێنا (image) واتە نواندنەوە و ڕەنگدانەوەی کەسەکە وەک پیشەیەکی لێهاتووە کە پێوەی دەناسرێنەوە. ئەمەش لە بنەڕەتدا هەڵخەڵەتاندن و خۆلکردنە چاوە. بۆ ئەوەی وەک خاوەن زانین دەربکەوێت لە جیاتی خوێندن و فێربوون، زانینی پیشاندانی جلوبەرگ و هەڵسان و دانیشتن دەبێتە جێی باس.
ئەوانەی پێیان وایە سەرچاوەی تێگەیشتنیان بۆ جوانی و سرووشتێتی دەگەڕێتەوە بۆ سرووشت، ئەمانە لە هونەردا گوزارشت لە ڕوانینی ماتریاڵیزمی و ڕیالیزم دەکەن. ئیدیاڵیزم و ڕۆمانتیکەنان پێیان وایە چاوگەی جوانیی هونەرە؛ واتە ئەو شتەی مرۆڤ لەنوێ دایدەڕێژێتەوە وەک جوانیی دەبینرێت. لە بنەڕەتدا نزیکایەتیی لە نێوان هەردوو ڕوانینەکەدا هەیە، چونکە هونەر گۆڕەپانێکە جیاوازیی نێوان سوبێکت–ئۆبێکت دەسڕێتەوە. بەرهەمی هونەریی تەنیا لاسایی واقع ناکاتەوە، بەڵکوو کاتێک کەسێک شتێك یان هەست و ڕووداوێک وەردەگەڕێنێتە سەر بەرهەمێکی هونەریی، هاوکات هەست و درک و بیری خۆیشی دەگۆڕێت. ئێمە لەو بەرهەمە هونەرییەدا هەم سرووشت و هەم ئەوەی لە سرووشتەوە سەرچاوە دەگرێت هەمیش ئەو ڕەفتارەی مرۆڤ نواندوویەتی، تەماشادەکەین. کاریگەریی بەرهەمی هونەریی لە سەر هەر مرۆڤێک جیاوازە. لێرەوە هەم ئەو بەرهەمە هونەرییەی مرۆڤ دەیڕەنگێنێت، هەم ئەو سرووشەتەی لێوە سەرچاوە دەگرێت، هەردووکیان لە مرۆڤدا سەرچاوەی جوانیین. لە پێناسە دەدرێت. بەگشتی ئەوەی ئێمە وەک ناشرین بیری لێ دەکەینەوە، ئەوەیە لە باری ئاسایی ترازاوە. هونەرمەند یان ئەڤیندارێک کاتێک شتێکی باری "ئاسایی" دەدۆزێتەوە، خۆبەخۆ ڕیتمێکی جیاواز ڕەنگڕێژ دەکات، هاوتا یان ناهاواتاییەکان بە شێوازێکی وا ڕێک دەخات، کە تێکەڵوپێکەڵیی وەردەگەڕێنێتە سەر شتێکی درەوشاوە.
لە ڕوانگەی فەلسەفیشەوە، فەیلەسووفانی یۆنانیی زانستی ئیستەتیکیان مشتومڕی زیاتری لێوەبکرێت. مشتومڕی فەیلەسووفان کە لە نەریتی فیزاگۆرسییەوە سەرچاوە دەگرن، وەک مشتومڕە سەرەتاییەکان ناودێر دەکرێن. لە سۆنگەی یاسای بابەتییەوە باسی لە جوانی کردووە. جەوهەری جوانیی لە چوارچێوەی و هاوڕێژەیی و هاوواتایی و هاوئاهەنگی (هارمۆنی) و یەکێتیی دژەکاندا پێناس دەکرا. ئەو فەیلەسووفەی یەکەم جار ڕەخنەی لەم پێناسەیە گرت هیراکلۆتیس بوو. جەخت لەسەر چییەتی جوانیی سرووشت دەکاتەوە. لە سۆنگەی بەراوردی مرۆڤ و خودا و ئاژەڵ و شتەکانەوە لەم بابەتە دەکۆڵێتەوە. ئەفلاتونیش پێداگیری لەسەر ئەوە دەکردەوە جوانیی لە ڕەنگدانەوەی بوونی ئیدیاڵـە. زۆرینەی فەیلەسووفە ئیدیاڵیستەکان ئەم ڕامانەیان بە پێوەر گرتووە. ئەو هونەرەی ئاینی بە بناغەگرتووە، لە بواری ئەدەبیاتدا پێداگیریان لەم ڕوانگەیە کردووە. جوانییان بە ڕەنگدانەوەی خودا و پارچەیەک لە جوانیی ئەو زانیوە. ئەو شتەی جوانە، وەک چریسکانەوەی کەس و شتێک لە خۆیدا یان چریسکانەوەی ئیدیاڵ دەبینرێت. وەک لە چیرۆکی لەیلا و مەجنووندا دەبینرێت، 'کاتێک بەدوای لەیلادا دەکەوێت، وەک ئەوەیە مەولا بدۆزێتەوە'، لەم ڕوانگەیەوە، سەرچاوەی بنەڕەتی جوانی لەیلا وەک ڕەنگدانەوەی خودا بیری لێ کراوەتەوە.
لە سەدەی هەژدە بەملاوە پتر بە پێودانگێکی زیاتر سوبێکتیڤ ئیستاتیک خراوەتە ڕوو. واتە بەپێی تێگەیشتن و هەستپێکردنی تاک، پێناسەی جوانیی کراوە. چاو و مێشک و دڵ کاتێک جوانیی هەڵدەبژێرێت، ئەوا هزری مرۆڤ دەردەخات کە چاوگەکەی سووسەکردنە (intuition). کاتێك ئێمە بە یەکتری دەڵێین چەندێک جوان بوویت، گوزارەی "چاوت جوان دەبینێت"، ڕێکاوڕێک ئەم پێناسە دەنوێنێتەوە. ئەوانەی بە چاوی ئیرەیی و ڕق و کینەوە دەنۆڕن، ناتوانن جوانیی ببینن. مسۆگەر بەپێی ئەم ڕوانینە تا دواڕادە جوانیی دەبێتە شتێکی ڕێژەیی. چونکە هەرکەس بە چەشنێک جوانیی دەبینێت. کاتێک ئێـە لە شتێک دەنۆڕین، ڕەوشی ڕۆحیی و دەروونییمان باندۆر دەخاتە سەر تێگەیشتنی ئێمە. کاتکی ئێمە ڕەشبنین بین، گشت شتێك بۆ ئێمە ناشرین و بێزارکەر دەنوێنێت، لێ کاتێک بە بارودۆخێکی ڕۆحیی جیاوازترەوە ئەو شتە دەبینین، ئەودەم جوان دەیبینین و لایەنە هەرە خراپیی ئەو کەسەی خۆشمان دەوێت و تایبەتمەندییە ناشرینەکانیشی بە جوان دەبینین و تەنانەت لایەنە نەرێنیییەکانیشی نابینین. ئەم ڕوانیە لە` ئیستەتیکاش دەرگا لەسەر ڕاڤەیەکی دەروونناسیی دەخاتە سەر پشت.
کلۆدین ساگارت (Claudine Sagaert) نووسەری پەڕتووکی 'مێژووی ناشرینیی ژن' مێژووی نەخۆشییەکانی ژنان بۆ سێ بەش دابەش دەکات؛ پاش ناشرینی ئەنتۆلۆژیی (سەردەمی سەرەتایی)؛ ناشرینی بەهۆیی کەموکوڕی سرووشتەوە (سەردەمی دووەمین)؛ لە ئێستاشدا ناشرینی لە ئەنجامی ئیرادەی خراپ و پشتگوێخستن، و بەکەم سەیرکردنی ئەوانیتر، و ئادابی کۆمەڵایەتی و لەنگی ئەخلاقی وەکو بێڕێزی بەرامبەر خودی کەسەکە (قۆناغی سێیەم).
لە ئەنجامی خەبات و ململانێی ڕزگاریی ژنانەوە، پەردە لەسەر ڕوانگە باڵادەستەکانی پیاوسالاریی وەک باشی-جوانی و خراپی-ناشرینی هەڵاواردنکاری ژنان هەڵماڵدرا. ژنان لەڕێگەی هونەر و ئەدەبیات و شیکارییە هزرییەکان، ڕەهەندە زایەندپەرستی(Sexist)کانی پشتەوەی ئەم دەستواژانەیان هێناوەتە بەرچاو. بەڵام لەگەڵ هاتنی مۆدێرنەدا ئەنجامگەلی مەترسیدارتر و جدیتر (ciritcal) لە جوانی-ناشرینی کەوتەوە. بەوەی کە جوانی شەکڵیی بووەتە بنچینەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو شتەکان، ژنان ناچاربوونن هەوڵ بدەن وەک خۆیان بە گەنجی بمێننەوە و بەردەوام خۆیان بڕازێننەوە و جوان دەربکەون، ئەمەش وادەکات ژنان خۆی فشار بخەنە سەر خۆیان. گەر ژنێک ناشرین بێت، ئەوا بیریلێدەکرێتەوە هۆکارەکەی ئەوەیە بە پێی کاتی پێویست کات و ماندووبوونی بۆی تەرخاننەکردووە. ناشرینی شتێکی پەیوەست بە ناسکی ناسنامەی ژنەوە نیە بەتەنیا، بەڵکو هەروەها بۆتە هۆی بەتەواوەتی دوورخستنەوەیان لە گەیشتن بە خاڵی لوتکە: "ناشرین، بۆیە نیم". بەمجۆرە، جەستەی ژن ڕووبەڕی گەلێک ڕەخنە بۆتەوە. خۆ-نە-ڕازاندنەوە (گرنگی نەدان بە خۆ) و زوو پیربوون و چرچولۆچی، ڕێی لەبەردەم ئەو تێڕوانینە کردەوە: ببێتە ئاغا و سەروەری خۆی، لەڕێی ئەو گرنگیدانەی بە خۆتی دەدەیت خاوەندارێتی لە جەستەی خۆت بکە. بەمجۆرە ژن بوو بە هونەرمەندی دەرکەوتنی و پیشاندانی خۆت. "پێویستە جوان بم، چونکە ناچارم وابکەم"، ئەمە شتێک نیە لە دەرەوەڕا سەپێنرابێت بەسەر کەسەکەدا، بەڵکو دەرئەنجامی هەڵسوکەوتێکی ناچارەکی خودی کەسەکە خۆیەتی. لەم سۆنگەیەوە ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین، کە مۆدێرنە گووتارێکی نوێی لەمەڕ جوانی هێناوەتە ئاراوە. لە کولتووری ڕۆژئاوادا بۆ یەکەمین جار ئەو ژنانەی کە جوان نەبوون، وا سەیر دەکران خاوەنی ئەو توانستە نەبوون گرنگی بدەن بە خۆیان، کە ئەمەش زەروورەتێک بوو بۆجوانبوون.
جوانی تابێت زیاتر و زیاتر وەک نەخۆشییەکی لێهاتووە، تیایدا ژنان خۆیان لەناو فۆرم و بیچمێکی ڕەقهەڵهاتوودا دەبیننەوە و بەردەوام جەستەی خۆیان وا سەیر بکەن پڕە لە کەموکوڕی. نەژادپەرستی و ئازرووە ڕەگەزی (سێکسی)یەکانی پیاو ڕۆڵی دیاریکەریان هەیە لە خەسڵەتگیریکردنی جوانیدا هەیە. ناسکی جەستەیی، و بوونە بە خاوەن ڕوویەکی منداڵ، و باریکیی قەد و کەمەرێک کە بەئاسانی پیاو بتوانێت لە باوەشی بگرێت، لە دەرئەمجامەکانی ئەم سەپاندنەیە. بووکەشوشەی وەک سیندی و باربی هەر لە منداڵییەوە لەسەر ئەم تێگەیشتنەی جوانی ڕایان دەهێنێت.
بۆ نموونە؛ ٩٠–٦٠ –٩٠ وەک پێودانگی ئیدیاڵیی بۆ جەستە هێڵکێش کراوە، لە بنەوەڕا پێودانگێکی گەلێک زەحمەتە لەش پێی بگات و بە هیچ جۆرێکیش تەندرووست نییە. هەرچەندە پێش ٤٠ ساڵ پێوانێکی زۆر مەزنتر وەک پێوانی ئیدیاڵی پەسەند دەکرا، بەڵام پاشان ئەم پێودانگە گۆڕا. لەمڕۆدا هەر ژنێک ئەم پێودانگە نەیگرێتەوە، ئەوا هەست بە کەمیی و ناتەواوی دەکات. داسەپاندنی بێکەموکوڕیی و کەماڵ، وایکردووە هەموو خاڵ و زیپکە و لەکە و ناهاوسەنگیی و چرچولۆچییی و مووی زیادەی سەر لەش و ڕەنگی پێست و جۆری پرچ و سپیبوونی پرچ، وەک نەخۆشییەک ببینرێت کە کاریگەری لەسەر تێکڕای جەستە جێ بهێڵێت. ئەو کەسانەی پێوانە داسەپاوەکانی جوانییەکان نایانگرێتەوە، ڕووبەڕووی تەنگەژە ڕۆحی و نەخۆشییە دەروونییەکانی ئەم سەردەمەیان تووش دەبێت. هەندێک لەوانە وەک Anorexia nervosa[2] و bulimia nervosa[3] و[4]orthorexia nervosa .
زۆرجار بە مەبەست یا بێ مەبەست بێ ئەوەی هەستی پێبکەین، ئەو قسە و هەڵسوکەوتانەی ڕێ لەبەردەم ئەم نەخۆشییەدا دەکەنەوە، لەبەرامبەر یەکتردا بەکاری دەهێنین و دەیسەپێنین. هەرچەندە جوانی شێوە و شکڵی و هاوئاهەنگی لەش و زیندوێتی و ژیانێکی تەندرووست چەندێک گرنگیش بێت، بێ ڕەچاوکردنی ئەو شەڕەی کە سەرمایەداریی لەبەرامبەر جەستەی ژن کردۆتەوە، دیسانەوە بۆتە بە قسە و باسی ڕۆژانەمان. پێویستە قبووڵی بکەین ڕۆژێک دێت جەستە بەهۆی پیربوونەوە چرچولۆچ بێت و وشکببێتەوە و ناسکیی لەدەستدەدات. عەبدوڵا ئۆجەلان جەخت لەوە دەکاتەوە گەنجی و پیری لە بنەڕەتدا دیاردەگەلی سۆسۆلۆژین و کۆمەڵایەتین، و ئەو تێگەیشتنەی لەمڕۆدا بۆ جوانی هەیە وەک خەسڵەتی گوڵی پلاستیکی وایە. گوڵە پلاستیکییەکان بۆن و زویندوێتییەکان سڕکراوە و بوونەتە شکڵێكی بێگیان و بێ ڕۆح و بێتام و بێبۆن. لەمڕۆدا دەرکردنی چەوری لەش بەشێوەیەکی ئەشکەنجە ئامێز، و گەورەکردنی مەمک و بەرزکردنەوەی و بچووکردنەوەی، و لابردنی برۆ و تاتۆکردنی، نەشتەرگەری کۆڵەکەی لووت، هەم بووەتە کەرت(سێکتۆر)ێکی گەورە و خاوەنی خەسڵەتگەرلێکی گەورەی زیانگەیاندنە بە تەندرووستی. جگە لەوەش جەستە وای لێدێت بەرگەی ئەو هەموو دەستێوەردانانە نەگرێت و لە زیاتر لە شێوە سرووشتییەکەی خۆی ناشرینتر ببێت و ناڕێکی و پشێوی لە جەستەدا درووست ببێت. ئەو جوانکارییانەی بەهۆکاری ئەو شتانەی بەسەر جەسەدا هاتوون وەک ڕووداو و برینداری و سووتاوی هتد، جیاوازن لەوانەی دەکرێن تاوەکو لە ئایدیاڵەکانی سەردەمەکە بچیت و وەک هونەرمەندێکت لێبێت کە خاوەنی ئەو ئایدیاڵ و جوانییەیە. هەندێکجار کەسانێک هەن وابیر دەکەنەوە و بەرگری لەوە دەکەن گوایە ئەم نەشتەرگەریانە سوودبەخشن، و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەروونی تاک ئارام دەکەنەوە؛ بەڵام ئەوەی بۆتە کێشە و دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت ئەو داسەپاندنی مۆدێل و جوانییەتییە باوەیە کە وایکردووە دەروونی کەسەکان بەرەو تێکچوون بەرێت.
کەرتی جوانکاری و ڕازاندنەوە بووەتە کەرتێکی زەبەلاح و ساڵانە میلیاران دۆلاری تیادا خەرجدەکرێت؛ و بەزۆری کاریگەری خستوەتە سەر ژنان و ئەوان بە ئامانجدەگرێت، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا دەبینین بازاڕێکی بەرفراوانیشی بۆ پیاوان درووستکردووە. تەنانەت لە ناوچە جەنگییەکانیشدا، یەکەمین دوکانەکان کە لەنێو وێرانەکاری و کاولییەکاندا دەکرێتەوە دوکانی جوانکارین، و ژنانی نغرۆی ناو هەژارییش ناچارن پارە پاشەکەوت بکەن بۆ کڕینی بەرهەمە جوانکارییەکان و ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری. لە ڕابردوودا، ژنان لە زۆر وڵاتدا دەستەی هەرەوەزی و کۆپۆراتیڤ، کە بە شێوەیەکی سروشتی لەلایەن ژنانی هەژارەوە پێکدەهێنرا، بە زێڕ یان پارەی کۆکراوەیان وەک هاوکاری شتیان بۆ یەکتری دەکڕی، بەڵام ئەمڕۆ پارە بۆ تێچووی نەشتەرگەری جوانکاری پاشکەوت دەکرێت. لە ژێر سەپاندنی کەرتی مۆدەدا، کەرتی ڕستنوچنین و جلوبەرگ ئەو شتانە بەرهەم دەهێنن کە پێویستی نین؛ و ئەمڕۆش وڵاتە هەژارەکان، لە سایەی ئەو جلوبەرگە ڕزیو و پۆتکاوانەی دەستی دوو کە پێی دەوترێت 'بالە' ، بوونەتە بەڕەواجترین ناوچەی شوێنکەوتنی مۆدە و لەبەرکردنی جلوبەرگی مارکەدار. لە کاتێکدا سەرمایەدارەکان قازانجێکی زۆر لە کەرتەکانی مۆدە و نەشتەرگەری جوانکاری دەکەن کە بەڵێنی جوانبوون دەدەن، بەڵام زیان بە دەروون و تەندروستی ژنان دەشکێتەوە و پاشەکەوتە داراییەکانیان دەدزرێت. جگە لەوە، چونکە ئەمە وەک خوویەکی تەرکنەکراو و پێویستییەکی زەرووری سەیر دەکرێت، ژنان بە تامەزرۆییەوە ئەم زوڵمە لە خۆیان دەکەن.
هەوڵەکانی زانستی پۆزەتیڤیستیی بۆ شرۆڤەی مرۆڤ کۆمەڵگە لەڕێگەی ئەتۆم و بن-ئەتۆم و تەنۆلکە و خانە و شانەوە و پێکهاتەی بۆماوەیی (جێنەتیکی)، هیچ پێناسەیەکی ماناداریان لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگە نەخستۆتەڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی پێی دەڵێین گشت (whole) تەنها کۆکردنەوە و هێنانە پاڵیەکتری بەشەکان (part) نیە؛ هەر بۆیەشە گەر تەنانەت هەموو خانە و پێکهاتە بۆماوەییەکانی کەسێک بخەیتەڕوو، ئەوا ناتوانێت تێگەیشتنێکی تەواو لەسەر ئەو کەسە فەراهەم بکات. لەم سۆنگەیەوە، تێپەڕاندنی ئەو میتۆدە زانستییەی لەمڕۆدا بالادەستە، گرنگییەکی زۆری هەیە لە لێکۆڵینەوە لەسەر مۆرڤدا. بە تێپەڕاندنی جیاکاری سوبێکت-ئۆبێکت و دوالیتەی زیندوو-بێگیان و وابەستەیی مادە-وزە، ئەو شرۆڤە و ڕاڤانەی لەسەر مرۆڤ دەکرێت، دەشێت زیاتر شایەنی تێگەیشتن و نزیکی هەقیقەت بێت. یەکێک لە کەموکوڕی و کورتهێنانەکانی کۆمەڵناسی و دەروونناسی بەهۆی هەژمارنەکردنی لایەنە مێتافیزیکییەکانی مرۆڤ شرۆڤەنەکردنە لەسەری. فەلسەفە تەنیا یەک بابەتی لێکۆڵینەوەی هەیە: مرۆڤ. مژاری سەرەکی زانستیش: مرۆڤە لە هەندێک ڕووەوە. بابەتی سەرەکی هونەریش هەر یەکە: مرۆڤ وەک بوونێکی خاوەن بیرکردنەوە و هەست. بەم پێیە ڕێبازی سەرەکی فەلسەفە بریتییە لە میتۆدی بیرکردنەوە، ڕێبازی زانستیش بریتییە لە بینین لە ڕوانگەیەکی تایبەت و سەلماندنی شتەکانە، و ڕێبازی هونەریش بریتییە لە خستنەڕووی واقیعی مرۆڤەوە لەڕێی دۆزینەوەی میتۆدی زۆر تایبەت یا ڕێگەی زۆر ڕەسەنی دەربڕینی شتەکانەوە. لەم ڕوانگەیەوەیە کە هەر سێ بوارەکە، بواری لێکۆڵینەوەیی مرۆیین.
وەلاوەنانی لایەنی مێتافیزیکی مرۆڤ لە لایەن زانستەوە، ڕێی لەبەردەم قۆستنەوە و خراپ-سوولێوەرگرتنێکی گەورە و جیدی کردۆتەوە. ئەم کەلێنە لەڕێی ئەوەی پێیدەڵێین مێتافیزیکی خراپ و دینداری و خورافە و ڕێ و ڕیبازی جۆراوجۆرەوە پڕکراوەتەوە. بەمپێیە دەبێت شیکاریکردنی لایەنە مێتافیزکییەکانی مرۆڤ، لەپێناو گەیشتن بە میتۆد و زانینی مرۆییدا، زیاتر قوڵتر بکرێتەوە. هەموو بوارە مێتافیزیکیەکانی وەک ئەخلاق، هونەر، ئاین و بەکۆمەڵگەبوون، کاتێک دەبن بە بابەتی زانست ئەوا ماناداربوونێکی نوێ دەهێننە ئاراوە. ئەخلاق و هونەر کە لایەنی هەرە گرنگی مێتافیزیکیین، بابەتی ئیتیک و ئیستاتیکن. لەم سەردەمەدا کە لە ئەنجامی بێکاریگەربوونی زانستدا باجی زۆر قورس دەدەین، لەم ڕوانگەیەوە پێکەوە بەستنەوەی زانستی ژن بە زانستەکانی ئیتیک-ئیستاتیکەوە گرنگییەکی ستراتیژی هەیە. خالێکی تری دەرخەری گرنگی ئەم بەستەوەیە، ئەوەیە لە پێناسەکردنیدا مرۆڤ هەمیشە هاوشوناسکراوە بە پیاو. بە واتایەکی تر، پێویستی خستنەڕووی ئەو ڕێبازە زانستی و فەلسەفی و هونەرییەی کە گوزارشت لە ڕاستی و چاکە و جوانییەکانی سەر بە ژن دەکات، هۆکارێکی دیکەیە کە ئیتیک-ئیستاتیک دەکاتە بەشێکی جیانەکراوی ژنۆلۆژیا. سەرەڕای ئەوەی جەستەی ژن و خودی ژنیش و تەنانەت ئەو وشانەشی کە پەیوەندییان بە جوانییەوە هەیە لە ڕووی ئیتیمۆلۆژییەوە تا ڕادەیەکی زۆر هاوشوناسن لەگەڵ ژندا، بەڵام ئەو فەیلەسوفانەی لە مێژووی فەلسەفەدا لە ڕەهەندی ئیستاتیک و هونەرەوە هەڵسەنگانیان بۆ ژن کردووە، ژنانیان وەک هەڵگری بەها جوانەکان نەبینیوە. ئەگەر بمانەوێت پێناسەیەکی گشتی لەسەر ئەم بنەمایە بکەین:
ئیتیک، ئەخلاق و ئاگایی ئازادییە، و لەڕێی ئەمەوە دەستگەیشتنە زیهنیەتێک. لە لایەکی دیکەشەوە، ئیستاتیکیش هاوئاڕاستە لەگەڵ ئەخلاقی ئازادی و ئاگایی ئازادییەوە فۆرمدەگرێت و پێکدێت بۆ بەدەستهێنانی شێواز و نەسرەوتی و ڕەفتار. هەڵساندنەوە و هێنانەسەرزمانی هەموو ئەو قڕکردنە لەشێوەخەرە جەوهەر بەتاڵکەرەوە، و کەسایەتی لە پەلوپۆخراو، و ئەو هەستەی لە جەوهەر بەتاڵکراوانەیە.
بۆ ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو شێواندنانەی بەهۆی سەر بە چینی چەوساوەبوون و نەتەوە و ڕەگەزبوونەوە بەسەر کەسایەتیدا هاتووە، پێویستی بە ئەخلاقی ئازادییە لە جیاتی ئەخلاقی کۆیلە؛ و هەروەها زامنی ئەوە بکرێت کەسایەتی لە جیاتی لاسایکردنەوە و خۆ نمایشکردن و گرێی دەروونییەوە بێ بیچم بووە و شێواوە، بگاتەوە بە جەوهەر و بەهاکانی خۆی. ئەو راستییە کە گوندی حەزیان بە شارە، ژن حەزیان بە پیاوە، گەلی ژێردەست حەزیان بە بە گەلی سەردەستە، هەندێک لە ڕەنگدانەوەکانی ئەم شێواوی و بێبیچیمییە. گەورەترین وێرانکاری سیستەمی قڕکەر و جینۆسایدکەر، ئەو کەسایەتیانەن کە لە ڕزگاربووانی ئەو کۆمەڵگایانەی کارەستیان بەسەردا هێناون دروستی دەکەن. ئەمە ئەو دۆخە داسەپاوەیە کە زۆرجار لە ژیانی ڕۆژانەماندا پێی دەڵێین لێکدژی و ناکۆکی جەوهەر(ناوەڕۆک)-فۆرم. ئەوەی ئێمە بە دەرچوون مرۆڤ لە جەوهەرەکەی پێناسەی دەکەین، دەتوانرێت بە نامۆبوون لەو زەمینەیە پێناسە بکرێت تیایدا کەسەکان لە ڕووی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت لە ڕووی جوگرافیشەوە شێوەیانگرتووە. زمان، کولتوور، شێوازی ژیان و تەنانەت جلوبەرگ و شێوازی قژ و مۆسیقا و پێکهاتەی بۆماوەیی هەر گەل و کۆمەڵگەیەک کە سەر بە کولتووری خۆیانن، ڕۆڵی ئەو حەوز(بەستێن)ـە دەبینن کە هەموو شتێکی تیادا کۆبۆتەوە و کەسایەتییەکانی تێیدا فۆرمگیرکردووە. لە کاتێکدا ئەم جیاوازییانە وەک باخێکی پڕ گووڵی ڕەنگاوڕەنگە، قڕکردنی کەلتووری و جەستەیش بە تەواوەتی بەبیابانکردنییەتی. ئەم بیابانی و چۆڵییە وەک گووڵێکی کۆپیکراوی پلاستیکە کە جوانە و لە هەموو شوێنێکدا بڵاوبۆتەوە. بوونیادی یەک-گەرایی دەوڵەتی-نەتەوەیی کەلتوور و باوەڕ و مۆدێلەکانی کەرتی جلوبەرگ و جوانکاریی و ڕازاندنەوە و بوونیادی خەسڵەگیری نەژادەکان وەک جانەوەرێکی ئیمپریالیستی کولتووری بواری هونەری هەموو گووڵەکان دەفلیچقێنێتەوە و دەی کات بە شتێکی پلاستیکی. کولتوور لەدەستدەچێت و دەبێتە ئامڕازێک کە تەنیا لە مۆزەخانەکاندا تەماشابکرێت؛ هەموو ساڵێک چەندان زمان لەناودەچن. لەمڕۆدا لە سایەی جوانکارییەوە، کە ڕەشپێستەکان ڕەنگی پێستیان سپی دەکەنەوە، چینییەکان چاوە بچووک و درێژبووەکان و چەناگەی خۆیان دەگۆڕن، و مرۆڤی هەمووی دنیا لووتە تایبەتمەندەکەی خۆیان دەگۆڕن بە لووتێکی پێشبەرزبووەوە، گەیشتووینەتە ئاستێک تیایدا خەڵک لە تایبەتمەندییە کولتووری و بۆماوەییەکانی خۆیان شەرم بکەن. بۆیە لەم ڕووەوە دەبێت وەکو هێڵێکی بەرەنگاربوونەوە بیر لە ئیتیک-ئیستاتیک بکرێتەوە.
وەک چۆن بوون بێ جەستە و ڕۆح نابێت، کۆمەڵیش بێ ئیتیک و ئیستاتیک نابێت. بیرکردنەوە لە کۆمەڵگەیەکی بێ ئیتیک و ئیستاتیک، وەک بیرکردنەوەیە لە بوونێکی بێ ڕۆح و جەستە. بەمجۆرە دەبێت لە پرسی چۆن بژینەوە دەستپێبکەین. لەم سۆنگەیەوە، پرەنسیپی بنەڕەتیمان دەبێت بریتی بێت لە "ئەوەی تێدەکۆشێت ئازاد دەبێت، ئەوەی ئازاد بووە جوان دەبێت، ئەوەی جوانیش بووە خۆشویستراو دەبێت." و بەم ڕوانگەیەوە پراکتیکمان ڕەنگڕێژ بکەین. هۆشیاربوونەوە بەرامبەر بە بەهاکانی خود، و ئاگایی و فەلسەفەی هەست و ژیان، مژارێکی ژیانیی بوونی ژنە.
[1] Consciousness
[2] Anorexia nervosa: ئەو تەنگەژە دەروونییانەن وا گوزارشت لە تێگەیشتنی چەوت دەکەن لەمەڕ جەستە، ئەمە زۆریەیان خۆیان لەوە قەڵەوتر دەبینن، کە هەن. هەندێک لە نەخۆشەکان هەرچەندە هەر دووچڵ ئێشقانن، بەڵام کاتێک لە ئاوێنەدا سەیری خۆیان دەکەن هەستدەکەن قەلەون بۆیە ڕێجیم دەکەن و خواردن ناخۆن. بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە، بە تایبەتی ژنانی گەنج و ئەو کەسانەی کە خەمۆکییەکی تووندیان هەیە.
[3] bulimia nervosa: نەخۆشییەکە ئەو خواردنەی کە خواردوویەتی دەیەوێت بیڕشێنێتەوە، یاخود دەرمانی جۆراوجۆر بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی کێشی دابەزێنێت و خواردن بڕشێنێتەوە، ئیتر لە ئەنجامدا لە جڵەو دەردەچێت و زیانێکی زۆر بە خەستەی دەگەینێت و تا ڕادەی مردن سەردەکێشێت. ئەم کەسانە وابیردەکەنەوە گەر خواردەکانیان کۆنترۆڵ نەکەن، ئەوا ڕێ لەبەر قەڵەوی دەکەنەوە.
[4] Orthorexia nervosa: بریتییە لە وەسواسی خواردنیی تەندرووست، بەوەی بە شێوەیەیکی بەردەوام بەهایی ڤیتامین و کالۆری و سوودەکانی خواردنەکان دەپێوێت.
