و. سەرفراز ئۆدیش
ئەریک لۆران:
تایبەتمەندیی
سەرەکی گرووپەکەتان چییە؟
سلاڤۆی ژیژەک: بواری کارکردنی ئێمە تا ئێستا سەرلەنوێ خوێندنەوەی لاکانییانەی دەقە فەلسەفییە گەورەکان بووە، بە تایبەت دەقە کلاسیکییەکان پێش هاوچەرخەکان. ڕاستییەكەی کاریگەرییەکی بەرچاومان لەسەر فەزای زانکۆ داناوە. سەرجەم پسپۆڕە پێشەنگەکانی فەلسەفەی هیگڵ، دێرین و شیکاری بەڕوونی لاکانین. ئەمە دەرهەق بە شرۆڤەکارە سیاسییەکانیش ڕاستە. بۆچی؟ چونکە خۆبەڕێوەبردن[1] لەگەڵ شرۆڤەیەکی سیاسی کە بەزەقی لاکانییە دەسازێت، کە زۆر وردتر و پارادۆکسیترە لە تیۆری سۆسیالیزمی ڕاستەقینە. دەکرێت بەوپەڕی سوودبەخشییەوە ڕێکاری لاکانی بەکاربێنین. جێدەستمان لە بواری ئەدەبیشدا دیارە. جگە لەوەش، تیۆری سینەما لە سلۆڤینیا لەلایەن چوار کەسەوە نوێنەرایەتی دەکرێت کە بە زمانێکی سادە بیڵێم لاکانین. کەواتە ئێمە بەتەواوی باڵادەستین.
لۆران: کاتێک باس لە "لاکانییەکان" دەکەیت، مەبەستت ئەو کەسانەیە کە لاکانیان خوێندووەتەوە؟
ژیژەک: بێگومان، بازنەی پەیوەندییان بە فەرەنساوە لەگەڵ کەسانێکە کە سەرچاوەی بنەڕەتیان لاکانە، بۆ نموونە پاسکال بۆنیتزەر یان مایکل شیۆن لە سینەمادا. بەڵام [لە سلۆڤینیادا] کارەکانیان بە شێوەیەکی وەها لێکدەدەنەوە کە تەنانەت لە خودی بۆنیتزەر و شیۆن لاکانیترە. ئەو پێگە باڵادەستەی کە باسم کرد دۆخێکی سەرنجڕاکێشی هەیە: بۆ نموونە لاکانیزم دەرگیری زنجیرەیەک خەباتی گشتییە سەبارەت بە چاکسازیی کۆمەڵایەتی یان هەڵبژاردن. ئێمە لەگەڵ ئەوانی تردا لە سایەی لێکدانەوە لاکانییەکەی کلۆد لێفۆرت تیۆرێکی گشتگیرمان دەربارەی دیموکراسی هەیە. بەم شێوەیە هەوڵماندا ڕوونی بکەینەوە بۆچی سۆسیالیزمی ڕاستەقینە هەوڵ دەدات لە ساتی تراوماییەی هەڵبژاردنەکان خۆی بەدوور بگرێت، کە دەبێتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵگا بۆ تاکەکان.[2] بەڵام ڕاستییەکەی کێشەی سەرەکیمان داڕشتنی پەیوەندییەکی سیستەماتیكە لەگەڵ جیهانی دەرووپزیشكیدا.
دۆخی یوگسلاڤیا وەک وڵاتانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی سۆسیالیزمی ڕووسیا نییە، سەرکوتی سیاسی هەرگیز ئەو جۆرە ڕێکارەی بەکارنەهێناوە کە لە کۆمەڵێک شێوازی چارەسەریدا دەبینرێت، جا لە هاواری سەرەتاییەوە[3] تاكو شیكردنەوەی كارلێكی[4].
هەموو ئەو شتە گەمژانە لە لیبڕالیزمدا ڕێگەپێدراون. ئێستاش تێکڕایان خراونەتە چوارچێوەی دەروونپزیشکی فەرمییەوە، هەر بۆیە پشتیوانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیشیان هەیە. ئایا ئەم فەرمیبوون یان بەدامەزاراوەیبوونە هەلومەرجی ڕەخسانی دەروونشیکاری نییە؟ خۆ دواجار بەبێ نێوانگرێکی وەک دامەزراوە، کەسی شیکاریبۆکراو یان نەخۆش ئەستەمە تێچووەکەی پێ بدرێت. سەرەڕای ئەمەش، هەندێک دەروونپزیشک جاروبار دەست بۆ کاری هاوشێوەی دەروونشیکاریش دەبەن.
لە ئێستادا لەگەڵ لانیکەم دە پسپۆڕدا پەیوەندیمان بەستووە، ئەمە تەنیا لە لیوبلیانا [پایتەختی سلۆڤینیا]، جا چ بگات بە کۆمارەکانی دیکە - هەوڵماندا کۆبوونەوەیەک ساز بکەین. چەندین نامەمان پێگەیشتووە، بۆ نموونە دەروونپزیشکێکی سەربازی لە "زگرێب" کە زۆر سەرسامه به لاکان، هەموویان پەرۆشی ئەوەن کارمان لەگەڵ بکەن. بۆچی نا؟
هەنگاوی داهاتوومان ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکه بە مەبەستی درووستکردنی شتێک، بەپێی مەرجەکانی خۆمان، کە هاوشێوەی پەیوەندییەکی شیکاریی کۆمەڵاییەتی[5] بێت. کڕۆکی ڕاستەقینەی کێشەکەمان لێرەیە؛ یەکێک لە هاوکارەکانم لە لیوبلیانا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرگیز نابێت پێداگری لەسەر "خودئەڤینیی دۆزێكی لەدەستچوو" بکرێت، ئەوە و هیچی تر. ئەمەش ڕێک لۆژیکی ئەو کارە بوو کە دەمانکرد. مادام دۆزەکەمان لەدەستچووە، بۆچی ئەو هەوڵە بێ ئەنجامانە بۆ خودئەڤینیی ئەکادیمی تەرخان نەکەین؟
هەموومان دەمانزانی کە پێویستە دەستبەرداری ئەم لۆژیکە بین، دەست بە هیچ وەهمێکەوە نەگرین. ئەوەی پێمان دەکرا، کردمان. بەڵام هەر جارێک بابەتەکە دەهاتە سەر گرتنەبەری هەنگاوی کۆنکرێتی، هەموو جۆرێکی بەرهەڵستی دەردەکەوت، کە بەزەقترین شێوە لەم دەربڕینە دەبینرێت، بەداخەوە دەبێت بڵێم دەربڕینێکی ڕاستە: "ئەم پزیشکانە هیچ شتێک دەربارەی تیۆری لاکانی نازانن،" بۆیەش نابێت کەسمان بایەخی ئەوتۆیان پێ بدەین. بە گشتی ئەوەی لە دەروونپزیشکیی پراکتیکیدا زاڵە، تەنیا وەشانێکی هەموارکراوەی ئەو شتەیە کە لە دەروونشیکاریدا پێی دەگوترێت چارەسەری داینامیکی. ئەمە تایبەتمەندی دیاری یوگسلاڤیایە کە هیچ ئاماژەیەک بە دەروونپزیشکی یان دەرونناسیی گشتی سۆڤیەت ناکرێت، لە جیاتی ئەوە نووسەرانی ئەمریکی و ئەڵمانی وەك شولتز هێنكە[6] و میلتۆن ئێریكسۆن[7] دەخرێنە بەرباس.
یەکێک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە پەیوەندی بەو ڕاستییەوە هەیە کە دەروونپزیشکان گەنجینەی مەعریفەی دەروونی وەک مەعریفەیەکی ئۆبێکتیڤ و بابەتی پێشکەش دەکەن وەک ئەوەی لە ڕێبەرنامەکاندا خراوەتە ڕوو. ئەوان بەتەواوەتی لە ڕەهەندی بنەڕەتی "تێپەڕین"ـی[8] لاكانی بێ ئاگان، کە ئەو ساتەیە کە شیکاریبۆکراوەکان دەبێت توانایان هەبێت، نەک تەنیا بۆ پێکەوەنانی تیۆرێک لەبارەی سەمپتۆم ین دەردەنیشانەکانی خۆیانەوە، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو نیشانانە بە شێوازێکی درککراو.
ئەوان بە تەواوەتی لە تێگەیشتنی ئەم خاڵە دەستەوەستانن کە پێشوەختە دەردەنیشانەکان ئاراستەی کەسی شیکەرەوە کراون. ئەوان توانای تێگەیشتنی زانستێکی دیکەیان نییە لە زانستی بابەتی و تەکنیکی بترازێت و دەرهەق بە شیکاریبۆکراو بێباکن. لای ئەوان، شیکاریبۆکراو یان تیۆری شیکاری لە ڕێبەرنامەی تەکنیکییەوە فێر دەبێت یان فێر نابێت؛ بێگومان، وەک ساشا ناخ[9] لە فەڕەنسا وتوویەتی، هەرچەندە شیکاریبۆکراو کەمتر وادابنێت کە دەزانێت، باشترە. لەوەش زیاتر، لەبەر ئەوەی ئەوان مەعریفەی شیکاری بە بوارێک لە ڕچەوڕێکاری تەکنیکی دادەنێن، هیچ بیرۆکەیەکیان نییە کە چەندە گرنگە نەریتی فرۆیدی، بە مانای پڕاوپڕی وشەكە، جیا بکەنەوە. ئەمە چ دۆخێکی تۆقێنەرە! چونکە تەنها شتێک کە گرنگی پێدەدەن، ئەوەیە کە پەسەندکراو، باش و ئاسان بەكارهێنراوە؛ لە فرۆید، لە لاکان و لە هەموو ئەوانی تر.
لۆران: دۆخی ئێستای گرووپەکەتان چۆنە؟
ژیژەک: سەرکەوتنی گەورەی ئێمە ئەوەیە کە پێگەیەكی سەربەخۆمان بەدەستهێناوە- چونکە له وڵاتانی دراوسێی یوگسلاڤیادا کە سۆسیالیزمی ڕاستەقینە زاڵە، بەدەستهێنانی دانپیانانی فەرمی وەک گروپێکی سەربەخۆ زۆر دژوارە. دەبوایە كۆمەڵێك ڕێوشوێن بگرینە بەر، بەڵام سەرکەوتین. سەرەنجام ئێستا توانای بڵاوکردنەوەی کتێب، ڕێکخستنی کۆبوونەوەی گشتی و کۆنفرانسمان هەیە. یارمەتی دارایی لە دەوڵەتەوە بۆ بڵاوکراوەکانمان وەردەگرین. لە ڕاستیدا گۆڤارێک لە بواری لێكۆڵینەوە فرۆیدییەكان بڵاودەکەینەوە به ناونیشانی "ڕازپۆل[10]"، کە هاوکات واتای "ڕەگەز" و "دابەشبوون"یش دەگەیەنێت.
بڵاوكراوەیەكی تەواو لاکانییشمان هەیە، "ئەنالێکتا"[11]، كە ساڵانە دوو بۆ چوار ژمارەی لێ بڵاودەبێتەوە، تا ئێستا زیاتر لە بیست ژمارەی چاپكراوە. دوایینیان وەرگێڕانی سیمیناری بیستەمی لاکان بوو، کتێبێکی پڕفرۆش کە لە ماوەی پێنج مانگ و نیودا تەواو بوو. ئەمە هاندەرە، بەڵام هەتا نەتوانین پەیوەندی لەگەڵ بازنەكانی دەروونپزیشكیدا پەرە پێ بدەین، هیچ هۆیەك بۆ گەشبینی نییە.
لۆران: چۆن كڕۆكی گرووپەکەتان ڕێكخراوە؟
ژیژەک: پێکهاتەی گرووپەكەمان وەک هەموو سیستەمێکی پلەبەندیی باش سیانەییە: بەشی یەکەم، بازنەی ناوەوە، "هەرە پەتییەكان"، ئەوانەی كە دەتوانن كتێب بنووسن، لاکانییە "ڕاستەقینەکان" كە دە کەسێك دەبن؛ بەشی دووەم بیست کەسێك بە پاشخانی مەعریفی جۆاروجۆرەوە کە ئاراستەیان بەرەو لاکانە؛ جا بەشی سێیەم، زۆرینەیەك كە گەرچی هەڵوێستیان تۆكمە نییە بەڵام دواجار مەیلەولاكانین. بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکتان پێبدەم کە چالاکییەكانمان لە شارێکی بچووکی وەک "لیوبلینا" بە ٢٥٠٫٠٠٠ کەس دانیشتوانەوە چۆنە، باسکردنی ئەمە بەسە: ئەمساڵ، لە بەشی فەلسەفە هەموو هەفتەیەک خولێکم بەڕێوە دەبرد تێیدا، بەش بە بەش، سیمیناری بیستەمی لاکانم بۆ ٢٥٠ کەس شرۆڤە دەکرد. ڕوونە کە خەڵکەكە تامەزرۆییان هەیە. لەوانەیە ئەمە قسەیەكی باو بێت، بەڵام من متمانەی قووڵم بە نەوەی گەنج هەیە، بەوانەی کە هێشتا خوێندکارن. ئەوەش هەر مایەی دڵخۆشییە کە ژمارەی خوێندکارانی دەروونناسی زۆرە، ئەمە بۆ پەیوەندیمان لەگەڵ کلینیک لە ساڵانی داهاتوودا گرنگە. یاسای زاڵ هەتا ئێستاش بواری باشی پێ داوین- بۆ ئەوەی ببیتە کلینیکی پێویست ناکات پزیشک بیت، بەڵکو تەنیا دەبێت لە بواری دەروونناسیدا خوێندبێتت لەگەڵ خولێکی ڕاهێنانی پسپۆڕیی کلینیکی لە ساڵی دووەمی خوێندن.
لۆران: چەند کەس لە گرووپەكەتان شیكرنەوەی دەروونی کردووە؟
ژیژەک: هەندێکیان كردوویانە. زۆرجار بە هۆکاری کەسی، پێش ئەوەی ببنە دەروونشیكاری لاكانی.
لۆران: دوایین کۆنفرانستان لەسەر چی بوو؟
ژیژەک: کۆبوونەوەیەک بوو سەبارەت بە فێمینیزم لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٨٦. لە سلۆڤینیا، فێمینیزم ڕەوتێکی بەهێزە لای هەندێک کەس کە دەیانەوێت لەڕێگەی نووسینەکانی "لوس ئیریگاری"ـەوە دژی لاکان بوەستنەوە. ئێمە بە پشوودرێژییەوە توانیمان چەندین نموونە زەقبكەینەوە بە كۆمەكی شیکردنەوەکانی "ئۆتۆ واینینگەر"، لە كتێبی "ڕەگەز و كەسایەتی"دا. ئەو کەسەی کە تیۆرە دژە فێمینیستی و جووبێزییەكانی ڕۆڵێکی گەورەیان لە سلۆڤینیا و سەرتاسەری ئەوروپا گێڕا لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانیدا. وێڕای كۆمەڵێك نموونەی دیكەی وەرگیراو لە ژانری لێکۆڵینەوە/پۆلیسی، هەڵبەت بە ئاوڕدانەوە لە نەریتی ژنە نووسەرەكان لەم بوارەدا، بە تایبەت شێوازی پاتریشیا هایسمیس و گوتەزای "نا-هەموو"[12] لە ڕۆمانی " حوكمە بەردینە"ـی ڕوس ڕێندێلدا. لەم بەرهەمانە هەر بڕگەیەك ئاماژەیە بەوە دەكات كە لە كۆتاییدا ڕوودەدات، سەرەتا وامان لێ دەكات هەست بكەین گیرۆدەی جیهانێكی داخراوین كە لە بندەستی چارەنووسە، بەڵام دواجار هەڵكەوتی ڕیشەیی پرۆسەی مێژوویی دەخاتەڕوو.
ئەم نموونانە ڕێگەمان پێدەدەن فۆرمولەی "ژن بوونی نییە" یان تەنانەت "مێژوو بوونی نییە شیبكەینەوە. ئێستا لە بزووتنەوەی فێمینیستیدا، دروشمەکه ئەوەیە ژن بۆ ڕزگاربوونی گەرەكە سەرەتا دان بە نەبوونی خۆیدا بنێت! گاڵتە دەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵە زۆر گرنگە کە خەسان واناگەیەنێت کە پیاو خاوەنییەتی و ژن نییەتی، بەڵکو هەر ئامادەیی فالوس، بەرجەستەبوونی نوقسانییە. تایبەتمەندیی ئێمە ئەوەیە کە هەمیشە نموونەی بەرجەستە بەکاردەهێنین - وەک ئۆپێراکانی مۆزارت یان فیلمەکانی هیچکۆک، نەک تەنیا بۆ مەبەستی فێرکاری بەڵکو هەروەها بۆ چێژ و ژویسانسی خۆیشمان.
تێبینی: ئەم چاوپێكەوتنە لەگەڵ سلاڤۆی ژیژەك یەكەمجار لە ژمارە 39ـی بڵاوكراوەی " Ornicar? " ساڵی (1986-1987) چاپكراوە.