دیداری ئیزابێل ئۆرتیز و بێرنادێتێ گروبنەر لەگەڵ ئالێنکا زوپانچیچی فەیلەسووف لەسەر نایەکانگیری ئۆنتۆلۆژی.. (ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)
سازدانی: ئیزابێل ئۆرتیز و بێرنادێتێ گروبنەر
و. دێرسیم فایەق
[بەشێوەی فایلی PDF بیخوێنەرەوە]
ئالێنکا زووپانچیچ فەیلەسووفێکی لاکانی و تیۆریسیانێکی کۆمەڵایەتییە. وەک بەشێک لە "قوتابخانەی دەروونشیکاری لوبیانا"، پێرسکپێکتیڤ و تێڕواونینی مارکسی و دەروونشیکاری کۆدەکاتەوە، و لەسەر زۆرێک لە مژارەکانی وەک کۆمیدی، ڕەگەزێتی، و تێگەی 'ڕیاڵ'ـی لاکانی، و هەروەها بیرمەندان – بە تایبەتی نیچە و کانت، دەخاتەبەرباس.
لە دوا کتێبیدا ڕەگەزێتی چییە؟ (٢٠١٧) دەپەرژێتە سەر پەیوەندی نێوان ڕەگەزێتی و ئۆنتۆلۆژیا و نەست، تێگەیشتنێکی فرۆیدی بۆ ڕەگەزێتی وەک شتێک کە لە بناغەوە ناجێگیر و ناتوانراو بەوەی بە دەستەواژەی چەسپاو پێناسبکرێت، دادەنێت. زوپانچیچ پێیوایە ئەمە ئاماژەیە بۆ نایەکانگیرییەکی ئۆنتۆلۆژی کوترنەکراوە هەروەها مژاری مومکینی پرسی سیاسی ناو ڕەگەز.– و
ئیزابێل ئۆرتیز و بێرنادێتێ گروبنەر: لە کارەکانتدا، پێداگیری لەسەر پەیوەستی هەردوو دەروونشیکاری لاکانی و تیۆری مارکسی بە خەباتی فێمینیستییەوە دەکەیتەوە. چۆن لە پەیوەندی ئەو تیۆرییانە بە فێمینیزمەوە تێدەگەیت؟
زوپانچیج: من لەو باوەڕەدام نزیکایەتییەکی زۆر بەهیز هەیە، گەر وا لە فێمینیزم تێبگەین بەوەی شتێکە کورتناکرێتەوە بۆ ململانێی نێوان دوو ڕەگەز یا جێندەری – وەک پیاو ژن – بەڵکو بزووتنەوەیەک و تیۆرییەکە دەرخەری و پێداگیرکەرە لەسەر ئەو خاڵە تەکتۆنیکییانەی [ئاماژەیە بۆ ئەو خاڵە پلێتیانەی زەوری کە هەژان و بوومەلەرزە درووستدەکەن] کە ئەمە هەروەها خەبات و ململانێی کۆمەڵایەتی دیکەش بونیادگیردەکات. فێمینیزم بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە. ناتوانرێت کورتبکرێتەوە بۆسەر باسی جۆرێک لە هەڵواردن[1]ـی [ڕەگەزی] جیاواز. دەبێت هەمیشە پرسیاری ئەوە بێنێتە بەرباس: چییە دەبێتە هۆی درووستکردن و ڕاگیرکردنی ئەم جۆرە هەڵواردن و دابەشکارییە، بۆ نموونە، بۆ ناو هیراشییەتە جێندەریەکان؟ و خزمەت بە چی ئامانجێک دەکات؟ گەر بوترێت خزمەت بە ئامانجی ژێردەستەیی و ملکەچی ژنان دەکات، وەڵامێکی تاوتۆلۆژی [خۆ-دووبارەکەر] دەبێت. فێمینیزم هەروەها شتێک نیە لەمەڕ دەروونزانی ڕەگەزەکان. بەڵکو پێداگیری دەکات لەوەی شتێک لە بوونیادی کۆمەڵایەتی خۆیدا هەیە، کە وادەکات ئەم دابەشکارییە بخاتەوە و ڕایبگرێت [واتە، پێویستە بوونیادەکە خۆی بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بێتە کایەوە]. ئەمە بە گشتی خەسڵەتی خەباتی ڕزگارییە، و هەروەها لەبەرئەمەش، باشترە هەر کاتێک کە بگوونجێت، بێنەپاڵیەکتر و پاڵپشتی یەکتر بکەن، لە جیاتی ئەوەی شەڕی ناکۆکییەکانیان بکەن. گەر بەڕاستی ڕزگاریخواز بن، ئەوا ئەم خاڵە جیهان-بوونیادگیرییانەی نەفی (نێگەتیڤیتە)[2] بەکاردەهێنن و چالاک دەکەنەوە، نەوەک سەرنج و وزەیان بخەنە سەر پرسی شوناس (Identity)[3].
کتێبی 'ڕەگەز چییە؟'ـی تۆ بەدەوروخولی ئەم مەفهووم و تێگەیەی (notion) نەفی (نێگەتیڤیتە)دا، کە لەناو جەرگی تیۆری دەروونشیکاری ڕەگەزێتیدایە، دەسووڕێتەوە. ئایا دەکرێت نێگەتیڤیتە وەک چەمکێک زیاتر شیکاربکەیت؟ چۆن بتوانین ڕەگەزێتی لە دەرەوەی چوارچێوەی شوناسدا، تیۆریزەبکەین؟
دەستەواژەی "ڕەگەزی(sexual)" یا "ڕەگەزێتی(sexuality)" تێگەیەکی کرۆکیی دەروونشیکارییە. تێگەیەکی کرۆکیی، کە هەرگیز دەرهەق بە ناونان لە شتێک نەبووە، کە لەوانەیە باس لەو شێوازە بکات لێوەی چالاکییە ڕەگەزییەکان دەچەسپێت بە شوناسەکانەوە. ئەم تێگە پۆزەتیڤیستەی ڕەگەزێتی – هەروەک هەموومان دەیزانین – لەمڕۆدا باڵادەستە.[4] بەڵام ڕەگەزێتی، بەلای فرۆیدەوە، وەک ئەوە نیە کە هەندێکجار دەوترێت، بەوەی لە بنەڕەتی هەموو کێشەکانی دیکەدا بێت کە هەیە؛ بەڵکو شتێکە، کە خۆی و لەخۆیدا پێکهێنەری کێشەیەکە. کێشەیەک کە هەموو سوبێکتەکان تێوەی گلاون، و هەموو سوبێکتەکانی دابەشکردووە. ئەو کرۆکێکی نێگەتیڤی هەموو شوناسەکانە، نەک ئەوەی بناغەیەکی پۆزەتیڤیستییان بێت.
سابۆیە، هیچ شوناسگەلێکی ڕەگەزی ڕاستەوخۆ و بێنێوەگیری (immediate) بوونی نیە. تەنانەت کاتێک یەکێک خۆی لەگەڵ ئەناتۆمی لەشیدا هاوشوناس دەکات، ئەوا ئەمە پێشوەختە هاوشوناسبوونێکە و هیچ شتێکی بێنێوەنگیر لەمەدا نیە. ڕەگەز زۆر زیاترە لە ئەناتۆمی، تەنانەت لەو کاتەشدا کە هاوتای ئەناتۆمی جەستەشمان دەبێت. بەرهەڵستی باوی نێوان جێندەر وەک شتێکی بایۆلۆژی یاخود داڕێژراوێکی کۆمەڵایەتی، بەرهەڵستییەکی هەڵەیە: لە واتا شوناسییەکەیدا هیچ 'جێندەرێکی بایەلۆژی' بوونی نیە، چونکە شوناس هەروەک لە پێناسەکەیدا دیارە هەرگیز بێنێوەندگیر، لەم تێگەیشتنەدا واتە "بایەلۆژی"، نیە. بێگومان بایەلۆژیا و ئەناتۆمی فاکتەرێکن، کە زۆر زیاترن لەوەی نادیدەبگیرێن. بەڵام سوبێکتێکی ڕەگەزی هەروا بە سادەیی لەم یاخود ئەو ئەناتۆمییەوە سەرهەڵنادات، بەڵکو بەڕەمزیکردنەوەیەتی[5]، کە لە نێوەشیدا ڕەتکردنەوەکەشی [هی ڕەمزیکردنەوە] لەخۆدەگرێت. لەمڕووەوە پرسی بایۆلۆژی بەرامبەر بە پرسی کۆمەڵایەتی بەرهەڵستییەکی سەرلێتێکدەرە، گەر تەنیا وا لە پرسی "کۆمەڵایەتی" تێبەگین کە ئاماژەیە بۆ پۆزەتیڤییەکی ئاڵتەرناتیڤ و نا-بایەلۆژی، و ئەوە لە بیربکەین کە پرسی کۆمەڵایەتی لەسەر نا-نێوەندگیرییەکی بنچینەیی بارکراوە (predicated) – ئەمە ئەو شتەیە کە من پێی دەڵێم نێگەتیڤیتە. پرسی کۆمەڵایەتی بە سادەیی دژ یا ئەویتری بایەلۆژیی نیە. پەیوەستە بە پەیوەندی (relationship)یەکەوە بە بایەلۆژییەوە. و هەروەها دەستەواژەی پەیوەندییەتی لە خۆیدا گەواهیدەری کەلێن و وچان و نا-بێنێوەندگیرییەکی پێکهێنەرە. یەکێک هەمیشە [لە سەیرورەدا] دەبێت-بە (becomes)[6] ئەوەی هەیە، پێویستە ئەمە بە مانا حەرفییەکەی وەربگرین. ئەمە بە واتای ئەوە نایەت، کە لە لە کۆتایی پرۆسەیەکی درێژ و تاقەت پرووکێنی شەکڵگرانەدا ئێمە دواجار دەبین بەوەی کە هەین: بەڵکو بە واتای ئەوە دێت، تەنانەت "بێنێوەندگیرترین" شوناسمان پێشوەختە پەیوەستە بە بوون-بە [سەیروورە]یەکەوە، لەو واتایە کە کانت پێی دەوت "بڕیاری ترانسێندێنتاڵی[7]" یاخود هەڵبژاردنی خەسڵەتێکی تراسێندێنتاڵی.
پێم وایە دەروونشیکاری یەکەم تیۆر بوو گەنگەشەی ئەوە بکات، هیچ شتێک بەناوی شوناسێکی سرووشتی ڕەگەزی بوونی نیە. ئەمە مژاری سەرەکی کتێبی 'سێ وانەوتار لەسەر تیۆری ڕەگەزێتی' فرۆید بوو. فرۆید بە بەردەوامی جەختی لەوەدەکردەوە هیچ شتێکی خۆکرد یا ڕاستەوخۆ بەرجەستە لەو شوناسە ڕەگەزییانەدا نیە، کە ئێمە لە تەمەنی باڵغبووندا، گەر نەشڵێین زووتریشدا، لە خۆمانی دەگرین. لەبەر ئەمە بوو زۆر بە وردی لە بەناو ڕەگەزێتی ساوایان (Infatile sexuality) ڕاما، و بەهۆی ئەمەوە زۆر سەرکۆنەکرا. لە ڕاستیدا پرۆسەیەکی تەواوی هاوشوناسی و چەپاندن و ئارەزوو، و بێگومانیش ئەو شێوازەی تایبەتانەی لێوەی چێژوەرگرتن ڕوودەدەن، هەن تاوەکو بەڕەگەزبوون بەرقەرار بێت. بەڵام تەنانەت گەر بەرقەراریش بێت، ئەوا بە سادەیی پاڵنەرە لادەرە فرەشێوەییانە وەلاوە نانێت، کە بەلای فرۆیدەوە خەسڵەتگیری ڕەگەزێتی ساوایین. ئەوان وننابن، کاتێک ئێمە لەڕووی ڕەگەزێتییەوە پێدەگەین. لەگەڵ ئەوەشدا من وای نابینم ئەم لادانە فرەشێوەییە لە خۆیدا پێکهێنەری ئەم توخمە تێکدەرە یا "ڕزگاریبەخش"ـەی ڕەگەزێتی مرۆیی بن. نەک هەر بە سادەیی تێکدەر بەڵکو زیاتر وەک کارکردێکی چەسپئاسان لەناو پینەدۆزی شوناسە ڕەگەزێتییەکەماندا؛ گەر فۆرمولا لاکانییەکە بەکاربهێنین، وەک بڵێی قەرەبووی غیاب و نائامادەیی هەردوو "پەیوەندی ڕەگەزی" بایەلۆژی و هەروەها ئەوەی پێشتر لەڕووی ڕەمزییەوە دامەزراوە یا گەرەنتیکراوە، دەکەن. ئەوە ئەمەی دواتریانە – نەبوونی پەیوەندییەکی ڕەگەزی بێنێوەندگیر و "گەرەنتیکراو" – کە پێکهێنەری ئەو توخمە تێکدەر و سەرلێشێوێنەرەی ڕەگەزێتییە.
پوختەی باسەکە، تیۆری دەروونشیکاری وا لە ڕەگەزێتی تێدەگات کە شتێک بێت کە لە بنچینەواڕا بوونی مرۆیی تووشی سەرلێشێوان کردووە، نەک ئەوەی شتێک بێت کە شوناسێکی پتەوی بۆ دابین بکات. گەر تێگەی ئەوەی ڕەگەزێتی بنچینەی شوناسە، مانایەکی هەبێت، ئەوا تەنیا لەمڕووەوە دەبێت: ئەو لە بنچینەی شوناسمان دایە، چونکە سوبێکت لە بێنێوەندگیری بوونی خۆی هەڵدەکێشێت. ئەم لەڕەگهەڵکێشانە، ئەم نا-بێنیوەندگیرییە، پێشمەرجی هەر شوناسێکی ڕەمزییە. لە ڕاستیدا، دەتوانین خودی دەروونشیکاری، هەم لەڕووی چەمکایەتییەوە و هەمیش وەک زەمینەییەک بەکاربهێنین بۆ خەباتی کۆمەڵایەتی.
لە هەمان کاتدا، دەروونشیکاری هێشتا درێژە بە شرۆڤەی چەمکی "جیاوازی ڕەگەزی" دەدات، کە ئەوندەش ڕۆشن نیە. لە زمانی ڕۆژانەدا، خەڵک زۆربەی کات وەک "جیاوازی نێوان ژن و پیاو" سەیری دەکەن. بەلام دەروونشیکاری لاکانی بە شێوەیەکی کەمێک جیاوازتر، وەک "کەلێن" (Split)ێک کە سوبێکتی بڕیوە، سەیریدەکات.
لە ئاستی ئەبستراکت یاخود فەلسەفیدا ئەم تێگەی تاقانەییەی جیاوازی، شتێکی زۆر ڕیشەیی نوێ و دانسقە نیە. ئێمە لە مێژووی فەلسەفەدا بەدیدەکەین، بۆ نموونە دۆلۆز لە جیاکارییەکەیدا لە نێوان جیاوازی تاکەکەسی و جیاوازی بەتاکبووندا بەکاریدەهێنێت. بەسادەیی ئەمە جیاکاری دەبێت لە نێوان ئەو جیاوازیگەلەی کە لە نێوان بوونە تاکەکەسییەکاندا هەیە، لەگەڵ جیاوازییەکی ڕادیکاڵتر کە پەیوەستە بە خستنەوە و هێنانە ئارای ئەو بوونە تاکییانە وەک بوونگەلی تاکەکەسی یاخود وەک ئەوەی کە هەن. ئەوەی دانسقەیە لە دەروونشیکاریدا، ئەوەیە چۆن ئەم جیاکارییەی دواتریان لە دۆزینەوەکانی پەیوەست بە ڕەگەزێتی و بەڕەگەزبوونەوە گەشەدەسەنن.
جیاوازی ڕەگەزی هەروا بە سادەیی جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان وەک بوونی تاکەکەسی نیە، بەڵکو لە ئاستێکی بنەڕەتیدا، مەبەست لە جیاوازییەیە – نێگەتیڤیتی کە لە پێکهاتنی ئەم بوونە تاکەکەسییانەدایە. ئەو کێشەیەی زۆرێک ئەمڕۆ لەگەڵ دەروونشیکاریدا هەیانە، لەم جیاکارییەوە سەریهەڵنەداوە، بەڵکو لەو ڕاستییەوەی کە لە دوو (یاخود لە "نە-بەتەواوەتی-دوو" بەڵام هێشتا پەیوەستە بەیەکەوە)دا دەوەستێت. ئەی بۆچی فرەیی نا؟ لە ئاستی لۆژیکدا، وەڵامەکە زۆر سادەیە: کاتێک مامەڵە لەگەڵ فرەییدا دەکەیت تەنیا جیاوازییە تاکەکەسییەکان دەبینیت، واتە جیاوازی نێوان بوونە تاکەکەسییەکان. ئەو نێگەتیڤیتییە یا ئەو بنبەستە نابینی کە (ئیمکانی هەیە) بیانڕسکێنێت و خەسڵەتگیریان بکات. لە کاتێکدا لەگەڵ جیاوازی ڕەگەزیدا، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەیانبینیت: بەڕەگەزیبوون ئەو ڕێگەیە لێوەی ئەم نێگەتیڤیتییە یاخود جیاوازییە (ئەو جیاوازییەی کە جیاوازی درووستدەکات)، لەڕێی ئەوەی یەکێکیان بەهەمان شێوەی ئەوانەی تر هەبوونێک پێکنەهێننەوە، ناواخندەکرێتەوە بۆناو هەبوونە پۆزەتیڤییەکان. گەر وانەبێت ئەوا دەگەڕێینەوە سەر جیاوازی وەک جیاوازی نێوان هەبوونە تاکەکەسی و پۆزەتیڤییەکان.
هەردوو ڕەگەزەکە بەڕوونی بەشێکن لەو ئەنتاگۆنیزمە ڕەگەزییە یا لەو ئەنتاگۆنیزمی پرسی ڕەگەزییە، بەڵام لە هەمان ئاستدا نین. پێگەی ژنانە بەرجەستەکەری – بێگوومان، لە واتا جەوهەرییەکەیدا نا – خودی ئەم لێکدژییەی ڕەگەزێتییە لە خۆیدا. لەم واتایەدا، ئەوە جیاوازییە کە جیاوازی درووستدەکات.
لێرەدایە کە چەندین ڕەخنە لە دەروونشیکاری دێنە ئاراوە. تیۆرییەکە پێداگیری لەسەر جۆرە ناچوونیەکییەکی (asymmetry) ڕەگەزکان دەکات، و پۆتێنسیال و ماتەوزەی ڕزگاری دەدات بە جیاوازی ڕەگەزی، چونکە ئەم ناچوونیەکییە وەک لەمپەڕێکی پانتایی ڕەمزی خۆی دەهێنێتە بەرچاوان. باسی نایەکسانی ناکەم، بەڵکو باسی ناچوونیەکی ڕەمزی و نەزمی کۆمەڵایەتی، و جۆرە نایەکانگیرییەک دەکەم کە نەزمەکە لە ململانێدایە لەگەڵیدا. کاتێک لە ململانێدایە هەموو ئەو وێنە و ڕۆڵە پۆزتیڤانەی پیاو، هەروەها بەتایبەتیش ژن درووستدەکات – ژنان چین؟ دەبێت چی بکەن؟ دەبێت چۆن ڕەفتار بکەن؟ هتد. – بۆ ئەوەی دەستوپەنجە نەرم بکات لەگەڵ ئەوەی لەوێدا نیە، کە ئەو خاڵە نێگەتیڤیتەی خودی پانتایی ڕەمزییە.
وتت ماتەوزە کردەیبوون و پۆتێناسیالێکی ڕزگاریبەخش لەم ناچوونیەکییەی ڕەگەزەکاندا هەیە. ئایا لەم تێگەیشتنەوە چی جۆرە خەباتێکی فێمینیستی لە واقیعدا دێتە ئاراوە؟ فێمینیزم دەتوانێت چی لەگەڵیدا بکات؟
فێمینیزم وەک ململانێیەکی کۆمەڵایەتی و توانای هەبوو، خۆشبەختانە هێشتاش هەیەتی، ڕووبەڕووی ئەو کارکردە بێخەوش دەرکەوتووەی نەزمی کۆمەڵایەتی، بە خۆی و پێشگریمانە شاراوەکان و وەدەرنانەکانی، ببێتەوە. لەمڕۆدا زۆر باسی تووندوتیژی دەکەین (دژ بە ژنان و کەمینەکان)، کە بە زۆری لە ڕوانگەی کردەوە تایبەتمەندەکانی تووندوتیژییەوەن (دەستدرێژی، گێچەڵی سێکسی)، بەڵام زۆر بە کەمی باسی بەناو تووندوتیژی-سیستەمی دەکەین: واتە، ئەو تووندوتیژییە کە ئاخنراوە تێیدا و ناچارییە بۆ ئەوەی کارکردی بێخەوش و ئاشتییانە هەر جۆرە نەزمێکی کۆمەڵایەتی بەردەوام ببێت. نادیدگرتنی ئەم تووندوتیژییە عادەتەن سەرچاوەکەی لەو ڕاستییەوە هەڵدەقوڵێت کە ئەمە لەناو لەچوارچێوەنانی نادادیدایە وەک شتێکی تری جگە لە نادادی، بۆ نموونە وەک دابەشبوونێکی سرووشتی لە فەزای کۆمەڵایەتیدا. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمە، هەر ئەوە بەس نیە کە ئەم چوارچێوەنانە وەک پەردەیەکی دووکەلاوی ئایدۆلۆژی دەربخرێت، کە لەودیوەیەوە شتەکان بە شێوە ڕاستییەکەیان هەبن. هیچ "ئەودیو"ێک نیە؛ چوارچێوەیەکە ڕاستەوخۆ لەبەردەمی هەموو کەسێکدایە بیبینێت. بەڵام ئێمە نایبینین، چونکە بەشێوەیەکی نێگەتیڤ وێنەکەی لە چوارچێوە ناوە، بۆ نموونە لەڕێی ئەوەی پێت بڵێی لە کوێوە دەستپێبکە. بۆیە دەبێت وابکەیت ئەم چوارچێوەیە لەناو وێنەکە خۆیدا دەربکەوێت و کێشەسازی بکەیت.
خەباتی فێمینیستیش ئەمەی کرد. کاتێک وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی دەرکەوت، جەختیکردەوە سەر ئەوە ئەم کەلێنە، وەک دابەشبوونێک لە نێوان جیهانە جیاوازەکانی (تایبەت و گشتی، ژنانە و پیاونە هتد)، لە نێو هەر یەکێک و هەمان جیهاندا تۆماربکرێت.کۆمەڵگە لە ژن و پیاو پێکنەهاتووە؛ ئەوە لەتبوونێک، و ئەم کەلێنەوە چەپێنراوە. ئەمە بەهەمان شێوەی ئەوە نیە کە بڵێی ژن چەپێنراوە. ژنان سەرکووتکراون و دەکرێن، بەڵام ئەمە هەمان شتی چەپاندن نیە، لە واتا دەروونشیکارییەکەی Verdrängungدا، لە واتای ئەو کەلێنە ناوەکییەی ناو بونیادنان و نوشتانەوەی فەزای کۆمەڵایەتیدا. بەبێ هێنانە ناو وێنەکەی ئەم لەتبوونەی نێگەتیڤیتە، ناتوانرێت وەچەرخانێکی ئەوتۆ لە بوونیادەکەدا بکرێت. ئەمە کۆی باسە سەرەکییەکەی فێمینیزمە؛ ئەو لەبنەڕەتدا دەرهەق بە هاوسەنگکردنەوەی جیاوازییە کۆمەڵاتییەکان نیە، بەڵکو دەرهەق بە تیشکخستنەسەریان و تەقەلادانە بۆ ئەوەی شوێنەوار و کاریگەری لەسەر خودی بوونیادگرتنی ئەم فەزا کۆمەڵایەتییە. بۆ ئەوە شتێک لەگەڵ/بۆ دابەشبوونە بکرێت؛ و هەوا بە سادەیی هەوڵنەدرێت سواری لایەنە ڕاستەکە ببن.
هێشتا ئەم وێنا باوە باڵادەستەی لیبراڵەی فەزای کۆمەڵایەتی ماوە: بەوەی هەموو کێشە کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکان چارەسەرکراون، تەنها چەند تۆپەڵە (pocket) پنتێکی نایەکسانی لێرە و لەوێدا ماوەتەوە و دەتوانین لەڕێی سیاسەتی شوناس[8] و درووستی سیاسییەوە[9] مامەڵەیان لەگەڵ بکەین. بەڵام، من پێموایە هەر هیچ چارەسەرنەبوون، و هەروەها ئێمە شایەتی گەشەسەندنی پێوانەی نایەکسانی کۆمەلایەتی دەبین. فێمینیزم، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەبێت پرسیاری ئەوە بکات: دەیەوێت لە کام بەرەوە، خەبات و تێکۆشان بکات؟
ئایا هیچ هەوڵێک هەیە بۆ تیۆریزکردنی ئەو خەباتە لە ڕوانگە نێگەتیڤیتییەی ناو فەزای کۆمەڵایەتی کە تۆ باست لێوەی کرد؟
بەڵێ بەدڵنیاییەوە، چەمکی پرۆلیتاریای مارکسییانە! هەمان شێوە کارکردی هەیە، چونکە تێگەی پرۆلیتاریا هەروا بە سادەیی ئاماژە نیە بۆ ئەو خەڵکانەی لە کارگەکاندا کاردەکەن. پرۆلیتاریا چینێکە، کە لەم تێگەیشتنەدا، هیچ چینێکی نیە، بەڵکو نوێنەرەوەی ئەو نێگەتیڤیەیەیە کە ئەنتاگۆنیزمە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی بوونیادگیرکردووە. گەر تەنیا یەکێک بوایە لە چینەکان، ئەوا دەبووینە خاوەن جیهانێک کە تیایدا بەسەر چەند چینێکدا و ئەوانەی لە خوارخوارەوەدا بوون ململانێیان دەکرد بۆ ئەوەی بگەنە شوێنێکی بەرزتر. بەڵام ئەمە نوسخە و ڤێرژنێکی زۆر سادەی مارکسزیمە. نەخێر، دیدە مارکسییە لەوەدایە کە فەزای کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی ئەنتاگۆنیستی دابەشبووە: هەروا بەسادەیی وەک بوونێکی پۆزەتیڤ لە چینەکان پێکنەهاتووە، کە وا خەریکی ململانێ بن لەگەڵ یەکتردا؛ بەڵکو پەیوەستە بە نێگەتیڤیتە یا دابەشبوونێکی بنەڕەتی، کە خودی ئەو فەزایەی تیایدا چینەکان وەک چینگەلی جیاواز دەردەکەون بوونیادگیر دەکات. بەلای مارکسەوە پرۆلیاتریا هەروا بەسادەیی چینێک لە چینەکان نیە: وەک چینێکی کە هیچ چینێکی نیە، خودی پنتی ئەنتاگۆنزیمی کۆمەڵایەتی بەرجەستە دەکات؛ و سیمپتۆم و دەردەنیشانەی پانتایی کۆمەڵایەتییە. نەک هەر ئەوەی جۆرە یەکانگیرییەکی تەجریبی (ئیمپریکی) هەبێت، بەڵکو لە خودی ئەو خاڵەدا جێگیر بووە کە دەرخەری نایەکانگیرییەکی بوونیادی نایەکسانییەکە کە دەتوانرێت بەشیوەیەکی تەجریبی قابیلی تێگەیشتن بێت. ئەو بەدەقیقی لەو شوێنەدایە کە دەکرێت شتەکان تیایدا وەربچەرخێنرێن.
بۆیە پرسیارەکە ئەوەندە دەربارەی ئەو ستراتیژیانە نیە کە دەبێت پیادەیبکەین، یا دەبێت چی جۆرە داخوازییەک دابڕێژینەوە، ببین بە هاوپەیمانی کێ. مەبەستەکە لەوانەیە ئەوە بێت: هەرچییەک بکەین، دەبێت ببین چقڵێک لە چاودا، کە دەرخەری کێشە ناوەکییەکانی گشت(whole)ـە بێت کە وابیر لەخۆی دەکاتەوە وەک ئەوەی گشتێک بێت بەبێ جیاوازی و بەبێ لەتبوون. ئایا پێشنیاری ئەمە دەکەیت؟
بە لایەنی زۆرەوە بەڵێ، هەرچەندە ئەو دوانەش لێکدژی یەکتر نین. ستراتیژی و هاوپەیمانێتی گرنگن. لێرەدا، لەوانەیە من لە واتا دەروونشیکارییەکەیدا زۆر ئۆرسەدۆکس نەبم. من زۆر بە قووڵی مارکسیانە یا مارکسیستم، بەو پێیەی پێموایە فێمینیزم لە ڕاستیدا خەباتێکی سیاسییە، و هەروەک تۆش ئاماژەت پێدا، خەباتە ڕزگاریخوازییەکان هەمیشە دەرهەق بە فشارخستنە سەر خودی ئەو خاڵە [بیمار] سیمپتۆماتیکییانەی بوونیادەکەن. بەڵام زۆرجار ئەمە ئەوە نیە کە بەدوای ئەو خاڵەنەدا دەگەڕێین و دواتر بڕیار بدەین ئایا ئەمە ڕێگەکەیە. عادەتەن هەندێک سیمپتۆمگەل بەسادەیی لەم خاڵە دەقیقانەوە دەردەکەون: ئەوەی کە دەبێت بیکەین، ناسینەوەیانە و بوونە بە هاوپەیمانی ئەو خەباتانەی کە لێوەی بەدیاردەکەون.
فێمینیزم ڕووبەڕووی تەنگژەی کا ئایا دەیەوێت دان بەو خاڵانەدا بنێت – من پێم وایە پێویستە وابکات – کە تیایدا پرسگرێکە فێمینیستییەکان بۆ غەدرلێکراوترین توێژەکانی دانیشتوان هاتوونەتە بەرباس. نموونەیەکی بەرچاو کاری چاودێری و بەخێوکردنە (care work). بەدەقیقی لێرەدایە، لەو شێوەیەی ئەم کارەی تیادا ڕێکخراوە و بەشێوەیەکی سیستەماتیکی بەڕێوەدەبرێت، کە تیایدا هەڵواردن دژی ژنان هێشتا بە قەبەیی درێژەی پێدەدرێت.
یاخود، گەر بیر لە [10]#MeToo دەکەیتەوە، ئەوا زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت گەر تەنیا لەبارەی هەوڵی ئەکتەرە ژنەکانی هۆڵیودەوە نەبێت لە وەستاندنی هەندێکی ڕەفتاری سێکسیدا، بەڵکو هەروەها یەکبخرێت لەگەڵ هەموو جۆرە نادادیە کۆمەلایەتییەکاندا، کە هەموو ئەمانە و زیاتریشن، چونکە مژارەکە دەرهەق بە ژنانە. ئەوا دەربڕینەکە واتایەکی دیکە وەردەگرێت. چەند مانگێک لەمەوبەر، خوێندمەوە کرێکارانی مكدۆناڵ جوولانەوەیەکی #MeTooیان ڕێکخستووە. کاتێک ئەمە ڕووبدات، خەباتەکە بەجۆرێک دەردەبڕدرێت کە زۆر نزیکترە لەو دۆخە کتوپڕە، چونکە دەرهەق بە نایەکسانی و فشارەکانە – کە لەم حاڵەتەدا فشاری ئابوورییە. بەڵام من بەداخەوەم کە نەمزانی ئایا هیچ شتێکی ئەنجامگیر لەم حاڵەتە لێکەوتەوە یا نا.
بە دەربڕینێکی سادەتر، ئەو پرسیارە ئامادەیە بۆ هەموو خەباتێکی ڕزگاریخوازی بریتییە: ئایا پێیان وایە ئێمە کەم تا زۆر لە تاکە جیهانی مومکیندا دەژین، و تەنها هەندێک پنت و شوێنی نادادی و هەڵاواردنکاری ماون هێشتا چارەسەرنەکراون، و هەموو ئەوەی کە دەبێت بیکەین گرنگیدانە بەوانە؟ یاخود، پێمانوایە ئەم پنتانە سیمپتۆم هەندێکی کێشەی قووڵتر، و ناچوونیەک یاخود ئەنتاگۆنیزمێکن کە تەنانەت ئەو کاتەشی کە بتوانین شتێکی دیکەش بکەین لاناچن؟ بێگومان نایەکسانی کۆمەڵایەتی هەروا بەسادەیی ناڕوات. من ناڵێم نابێت خەریکی ئەم، وەک دەردەکەوێت، چاکسازییە گەردوونیانەی وەک سیاسەتەکانی دژە-هەڵواردن بین. ناڵێم دەبێت هەموو شتێک بوەستێنین و شۆرشێکی جیهانیگیر ئەنجام بدەین. وەها شتێک قسەی بەتاڵە.
بەڵام پێموایە، کە هەرچییەک لەناو ئەم خەباتە بەشەکییانەدا ئەنجام بدەین، دەبێت هەروەها ئەم ئاسۆ گشتییە هەر بەکراوەیی بهێڵینەوە. بیرکردنەوە لە ڕوانگەی کەلێنەوە دەکرێت شێوەیەکی باش بێت لە ئاڕاستەکردنمان لەناو خەباتە کۆنکرێتییەکاندا دەستنیشانی بکەین کامیان شایەنی ئەوەیە خەباتی بۆ بکەین و کامیانیش – هەرچەندە داخوازییەکانی بچووکیش بن – لەوانەیە وابەستەبێت بە شێکەوە کە بتوانێت وەچەرخان بکات و دەکرێت وەک تەقینەوەیەک بێت و زەروورەتی هێنانە ئارای هەندێک گۆڕانکاری دووبارە بوونیادنانەوەی فەزاکە بهێنێتە ئاراوە. پێموایە ئەمە پرسیارە گەورەکەی چەپیشە.
بۆیە گەر کرێکارانی مکدۆناڵ بتوانن جووڵانەوەی #MeToo لەخۆبگرن، ئەوا دەریدەخات ئەو شتانەی کەسانی بەناوبانگ و ژنانی خاوەن ئیمتیاز دەیخەنەبەرباس شتێک نیە تەنیا پەیوەند بێت بە پیشەسازی فیلمی هۆڵیودەوە. کاتێک بابەتە دێتە سەر کارکردنی ژنان لە دۆخی چەقبەست و بەربەستداردا، ئەوا زیاتر ئەگەری تێگەیشتن هەیە لەوەی تووندوتیژی ڕەگەزی (سێکسوال) هەمەگیرە، و وەک دیاردەیەکی ڕەنگڕێژکەری-جیهانی خودی پانتایی کۆمەڵایەتی نوێدەکاتەوە؟
بەڵێ، ئەمە بە سادەیی ئەوە کە دەمەوێت بیڵێم. لەڕاستیدا، پێموایە لەوانەیە هەموومان هاوڕابین لەوەی زۆرێک لەو شتانەی کە لە ڕێی #MeTooوە لە هۆڵیود ئاشکراکران هەروا بەسادەیی هەڵەبوون. پێم وایە وەچەرخانێکی گەورە ڕوویدا و لە ئێستادا هەندێک ڕەفتار چیتر وەک بەشێک لە ڕەوتی ئاسایی کارەکە قبووڵکراو نیە. بەڵام لە هەمان کاتیشدا، گەر وا سەیری کێشەکە بکەین بەوەی لە "نێرینەی ژەهراوییەوە" سەریهەڵداوە، ئەوا ئەمەش زۆر کێشەسازە. هەموو پرسە کۆمەڵایەتییەکان لەڕوانگەی "شەڕی ڕەگەزەکان"ـەوە پێناسە دەکاتەوە و ئێمە بەدەقیقی لایەنە فێمینیستییەکەی لەدەستدەدەین. کێشەکە هەروا بەسادەیی لەوە سەرچاوە ناگرێت کە پیاوان نێچیروان و لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە هاندەدرێن وابن. ئەمە سادکردنەوەوەیەکی قەبەیە، کە دەبێتە دەرئەنجامێکی کارەساتباری مومکین بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازەکان.
کێشەکەی تر ئەوەیە کە پێگەی قوربانیبوون (victimhood) ناتوانێت پێکهێنەر بێت، بۆ ئەو بزووتنەوەیەی لێوەی سەرهەڵدەدات. گەر ئەمە ڕووبدات، ئەوا هیچ ڕزگارییەکی ڕاستەقینە ڕووینەداوە. پێوستمان بە شتێکی زۆر زیاتر ئەرێنیتر و دەربڕاوترە بۆ درووستکردنی خەبات، نەک تەنیا داننان بەوەی کە ئێمەش قوربانین. ئەو شێوەی کە ئێستا شتەکان هەن، ئەم جۆرە لە پیشاندانە جۆرە سەرمایەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیدا دێنێت، و ئەمەش وادەکات بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکان، تەنانەت پێش ئەوەی پۆتێنسیالە ڕزگاریخوازییەکەشیان پەرەپێبدەن، بوەستێنێت.
کەواتە تۆ دەڵێیت فێمینیزم دەبێت لێپێچینەوە لە خۆتەرخانکردنی خۆی بۆ پێشکەوتنی لیبراڵی بکات، تاوەکو بەرەو پێشەوە بچێت؟
بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. دەبێت لە خۆمان بپرسین: ئایا ئەو چوارچێوە لیبراڵە دیموکراسییە سەرمایەدارییەکان خستوویانەتەڕوو، دواهەمین چوارچێوەیە و ئێمە تەنیا پێویستە لەسەرمان لە چوارچێوەی ئەوەدا هەندێک چاکسازی زیاتر بکەین؟ یاخود تەنانەت بە شێوەیەکی زۆر خاکەڕاتر، ئایا هەر لە بنەڕەتەوە کار دەکات؟ شتێکی ڕێکەوت نیە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان، دیموکراسی لیبراڵ زۆر لایەنگیری، هەروەها یەکسانیکەرێکی زۆر باشی جیاوازییە کەلتوورییەکان و هەروەها جیاوازییە ڕەگەزییەکانیش بوو. شێوازێکی دیاریکراو هەیە تیایدا ئێمە و جیاوازییەکانمان هەموومان شوێنێکی باشی بازاڕین، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە فرەییە لە ڕاستیدا هان بدرێت و لە زۆر ئاستدا دژی سیاسەتی هەڵاواردن کاربکەن. هەندێک شوێنەواری ڕگاریبەخشی پەیوەست بە دیموکراسی لیبراڵ و سەرمایەدارییەوە هەیە. بەڵام بە تایبەت نایەکسانییە ئابوورییەکان لانەچوون، بەڵکو تەنها چڕکرانەوە و چەرخانە سەر شوێنە جیاوازەکانەوە. و لەناویشیاندا، جۆرەکانی دیکەی هەڵاواردن دەکرێت درێژپێبدرێن بەبێ ئەوەی بەڕاستەوخۆی وەک خۆیان لەبەرچاودا بن. لەوەش زیاتر، کێشە کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژییەکان کە لەمڕۆدا ڕووبەڕووی دەبینەوە، گەواهیدەری قەیرانە جدییەکانی ئەم سیستەمەن. واپێدەچێت گەیشتۆتە دوا سنووری خۆی و پێویستی بەوەیە خۆی وەربچەرخێنێت، بەهەمان شێوەی ئەوەی لە ڕابردوودا ئەنجامیدا، ئەم "وەچەرخان"ـە دەکرێت رێچکەیەکی زۆر جیاوازتر بگرێت، لەنێویشیاندا ڕێچکەیەکی کارەساتبار، بەتایبەت گەر ڕەتمانکردەوە ڕۆڵی خۆمان وەک بریکارێکی گۆرانکاری کۆمەلایەتی بینین. لەبەر ئەمەیە دەبێت لەڕووی سیاسی و ستراتیژی و جیهانییەوە بیرلێبکەینەوە.
سەرچاوە:
https://lareviewofbooks.org/article/sex-without-identity-feminist-politics-sexual-difference/
[1] Discrimination: مەبەست لە هەڵواردن و جیاکارییە لەسەر بنەمای ڕەنگی پێستی و ئاین و نەتەوە، هتد. چونکە خۆی هەر هەڵواردنێکە لەناو هەموو ئە هەڵاواردنەشدا، و بەناو هەموویاندا تێپەڕدەبێت. -و.
[2] negativity: دوور لە هەموو بەکارهێنانە سادە و ڕۆژانەییەکانیان (وەک: ئەرێنی و نەرێنی بوون گەشبینی و ڕەشبینی) چەمكیکی سەرەکی ناو فەلسەفە و بە تایبەت فەلسەفەی هیگڵە، بە پێچەوانە پۆزەتیڤیتییەوە کە ئاماژەیە بۆ جێگرتن (position) و پڕێتی و سەرڕێژبوون، ئەمیان دەرخەری ناکامڵێتی و بەس-نەبوویی و نا-هەموو هەر سیستەمێک دەکات، بەوەی کە چەندێک شتەکان پڕیش دەربکەون هێشتا هەر پنتێکی خاڵی هەیە جیاوازییەک درووست بکات.
[3] مەبەست لێی شوناسە ئیتنی، ڕەگەزەی، نەژادیی هتد.کانە، کە شەڕی ئەوە بکەن لەناو نەزمەکەدا نوێنەرایەتیان هەبێت و پانتایی سیستەمەکە نوێنەرەوەی ئەمان بێت. ئەوەی لێرەدا زوپانچیچ بەلایەوە گرنگی، ئەو لایەنەی خەباتی ژنانە کە بتوانێت کۆ ئەم لۆژیکە تێپەڕێنێت و پێویستی بە نوێنەرایەتی و دانپیدانان نەبێت، بەڵکو کار لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەم شوناسانە بکات.
[4] بۆ نموونە ئەوەی ڕەگەزێتی بریتی بێت لە هەندێک جەوهەری پێشوەختەی چەسپاو بەکەسەکانەوە، بۆ نموونە تەواو فترەتێکی بایەلۆژی هتد.؛ یاخود لە دۆخە پێچەوانەکەیدا، بۆ نموونە وەک تیۆری پیادەکاری(Performative) باتلەر، بەوەی جێندەر بریتییە لەو شێوازەی ڕۆژانە پیادەی دەکەین وخۆمانی لەگەڵدا هاوشوناس دەکەین. -و
[5] Symbolization: پانتای ڕەمزی کۆی ئەو نەزمە کۆمەڵایەتی و یاسای و ڕێساگەلەکانی ژیانی ڕۆژانەیە، لەوەی چۆن هەڵسوکەوت دەکەین و ئەوەی دەیکەین ئەویتری بەرامبەرمان چۆن لێیتێدەگات و چۆن لەناو سیستەمە گشتییەکەدا کە لە دەروونشێکاریدا پێیدەوترێت ئەویتری گەورە، تۆمار دەکرێت. لێرەدا، کاتێک یەکێک خۆی وەک ڕەگەزێک پیشاندەدات و هاوشوناس دەکات، ئەوە هەر تەنیا خۆی نیە کە بڕیار لەوە دەدات، بەڵکو هەروەها چۆن لە سیستەمەکەدا، لە لای ئەویتری گەورە تۆمار دەکرێت. نموونەیەکی زۆر زەق و بەرچاوی ئەمە، بۆ نموونە ئەو کەسانەن کە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن و بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕەتدەکرێنەوە، بەوەی سەرەڕای ئەوەی هەموو خەسڵەتە بایەلۆژییەکانی ئەو ڕەگەزە لەخۆیان بەرجەستە دەکرێن بەڵام هێشتا هەر ئەو ڕەگەزە دانیان پێدانانرێت.
[6]چەمکێکی سەرەکی هیگڵە، تیایدا بوون و نەبوون دەکەونە ناو پیەوەندییەکی دیالەکتیکی نێوەدگیرەوە لەگەڵ یەکتردا و شتێکی نوێ دێتە ئاراوە
[7] چەمکێکی فەلسەفەی کانتە، مەبەست لێی ئەو پێشمەرجە لە پێشینە a priori یە، کە وادەکەن ئەزموون و زانینەکانمان موومکین بێت.
[8] identity politics
[9] political correctness
[10] جووڵەیەکی کۆمەڵایەتییە، لە ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی دەربڕینەکانی ئەکتەری ئەمریکی ئەیلانۆر بۆڵتزەر برەوی سەند. ئامانجی ئەم جووڵانەوەیە بریتییە لە هاندانی ژنان و پێدانی دەرفەت بۆ ئەوانەی کە تووشی گێچەڵ یان دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە، بۆ ئەوەی بە ئاشکرا باسی ئەزموونەکانیان بکەن و ئاگاداری گشتی بڵاوبکەنەوە لەسەر ئەو کێشەیە. ناونیشانی #MeToo وەک هێمایەک بۆ پشتگیریکردن لەو کەسانەی کە ئەزموونی وەهاویان هەبووە بەکاردەهێنرێت.