ڕقم لە سەری ساڵە!

ئەنتۆنیۆ گرامشی

"هەموو سپێدەیەک کاتێک لەژێر ئەم ئاسمانە پان و بەرینەدا لە خەو ڕادەبم، ئیدی ئەوە بۆ من سەری ساڵە!"

ڕقم لەو سەری ساڵەیە چونکە بەستراوەتەوە بە بەروارێکی دیاریکراوی زەمەنەوە، و ژیان و ڕۆحی مرۆڤی کردۆتە بابەتێکی بازرگانی کە بە حساباتێکی ڕێک و بێخەوشی کۆتایی و پارە نەدراوەکان و بودجەی بەڕێوەبردنێکی نوێ. لەدواجاردا وادەکات ڕەوتی بەردەوامیی ژیان و ڕۆحمان ببچڕێنن. ڕەنگە پێت وابێت ناوبڕێک هەیە لەنێوان ساڵێک و ساڵێکی دیکەدا، یان پێت وابێت مێژوویەکی نوێ دەستپێدەکات؛ بڕیاری نوێ بدەیت و داخ بۆ بەدبەختییەکان بخۆیت، و هتد. بە شێوەیەکی گشتی ئەمە کێشەی بەروارە دیاریکراوەکانە.

باس لەوە دەکرێت کرۆنۆلۆژیا (ڕێک-بەدوای-یەکدا-هاتنی زەمەن) بڕبڕەی پشتی مێژووە. زۆر باشە، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە چوار بۆ پێنج بەرواری بنەڕەتی هەن کە هەموو کەسێک لە زەینی خۆیدا لەبەریکردون، بەڵام لە ڕاستیدا مێژوو فریو دەدەن، ئەوانیش: سەری ساڵەکان بێگومان; سەری ساڵی ڕۆمانی; سەدەکانی ناوەڕاست; سەردەمی مۆدێرن.

ئەم بەروارانە هێندە دەست‌درێژکەرانە و بەبەردبوون، کە هەندێک جار پێمان وایە ژیان لە ئیتاڵیا ساڵی 752 یان 1490 یاخود 1492 دەستیپێکردووە. هەندێک جار پێمان وایە ئەم بەروارانە هەندێک زنار بوون کە مرۆڤایەتی لە سەریاندا هەلکشاوە و کتوپڕ خۆی لەنێو جیهانێکی نوێ یاخود ژیانێکی نوێدا دۆزیوەتەوە. هەربۆیە، ئەم بەروارە دیاریکرانە دەبنە بەربەستێک و ناهێڵێن تێبگەین لەوەی مێژوو بەردەوام دەبێت هاتنەئارای خۆی لەسەر هەمان ڕێچکە بنەڕەتییە نەگۆڕەکە، بەبێ هاتنەپێشی دابڕان و بچرانی کتوپڕ، وەک ئەوەی لە سینەما بۆ ساتێک فیلمەکە دەبچڕێت و ناوبڕێک لە ڕووناکیی بەهێز و شەوقدار دێتە بەر چاومان.

ئا لەبەر ئەمەیە ڕقم لە سەری ساڵە، من دەمەوێت هەموو ڕۆژێک بۆ من سەری ساڵێکی نوێ بێت. دەمەوێت هەموو ڕۆژێک خودی خۆم بدۆزمەوە و هەموو ڕۆژێک خۆم نوێبکەمەوە. هیچ ڕۆژێک دیارینەکرابێت پشوودان. دەمەوێت خۆم کاتی پشوودانی خۆم هەڵبژێرم، کاتێک باری گرانی ژیان گێژ و وڕم دەکات و پێویستم بەوەیە خۆم بخەمە ناو زیندوێتییەوە، تا جارێکی تر لەوێوە وزە و گەرموگوڕییەکی نوێ بدۆزمەوە.

هیچ کاتێکی دیارکراو بۆ شتە ڕۆحییەکان نا. دەمەوێت هەموو سەعاتێک لە ژیانمدا نوێ بێت، وێڕای ئەوەی ئەم نوێیەش بێگومان پەیوەندیی بە پێش خۆیەوە هەیە. ڕۆژێکم ناوێت تا گۆرانی و ئاهەنگی بەکۆمەڵی زۆرەملێی تێدا بگێڕدرێت و لەگەڵ ئەو کەسانەدا هاوبەشیی تێدا بکەم کە هیچ پەیوەندییەکم پێیانەوە نییە. ئێمە ناچار نیین ئاهەنگ بگێڕین تەنها لەبەرئەوەی باپیرە گەورەی باپیرەگەورەمان کاتی خۆی لەم ڕۆژەدا ئاهەنگیان گێڕاوە. بە ڕاستی ئەمە جێگەی قێزە.

لەبەرئەمە چاوەڕێی لە سۆسیالیزمم. چونکە هەموو ئەم بەروارە تایبەتانە فڕێدەداتە زبڵدانەوە، کە هیچ جێگە و سەدایەکیان لە قووڵایی ناخماندا نییە، لەوێوە کۆمەڵە بەروارێکی دیکە دەئافرێنێت، لانی کەم دەبنە بەروار و مێژووی ئێمە، نەوەک ئەو بەروارانەی بە زۆر دەرخواردمان دەدرێن و لە پێشینانی گەمژەمانەوە بۆمان ماوەتەوە.

ئەم نووسینە بۆ یەکەمجار ڕۆژی (١/١/١٩١٦) لە ڕۆژنامەی “ئاڤاتی”ی ئیتاڵییدا بڵاوکراوەتەوە.

سەرچاوە:

https://viewpointmag.com/2015/01/01/i-hate-new-years-day/

v  تێبینی ئەم وەرگێڕانە لەسەر ئینتەرنێت بەردەست بوو، بەبێ ئەوەی ناوی  وەرگێڕ بەدیاریکراوی نوسرابێت، ئێمەش پێداچوونەوە و بەراوردکاریمان بۆ کردووە و بەدەستکارییەوە دامان ناوەتەوە. –ژیانەوە.

 

پەیامێک جێبهێلە

تێبینیەک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر