دژە جولەکەگەرایی و جیاکاری ڕەگەزی

ئەمە وتارێکی دوو ساڵ لەمەوبەری ژیژەکە، پێش ڕووداوەکانی ٧ـی ئۆکتۆبەر، تیایدا کۆمەڵێک سەرنجی گرنگ لەسەر ڕەگەزپەرستی و جوولەکە و هەڵبژێردراویی دەخاتەڕوو..

سلاڤۆی ژیژەک

وەرگێرانی شاڵاو یاسین

پێداگری ئەم دواییەی ئەنجومەنی جولەکەکانی ئەوروپا لەسەر سروشتی ئاوارتەی دژە جوولەکەگەرایی، کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ سەبارەت بە سروشتی ماف و ستەم لە کۆمەڵگا هاوچەرخەکاندا دەوروژێنێت. مەترسییەکە ئەوەیە کە چوارچێوەی بیری "ئەنجومەنی جولەکەکانی ئەوروپا" دەتوانێت زۆر بە ئاسانی ئەو خۆپەرستییە بەرهەمبهێنێتەوە کە هەوڵدەدات دژایەتی بکات..

لە 14ی ئایاری ساڵی 2023دا، کۆمەڵەی جولەکەکانی ئەوروپا کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی لە شاری پۆرتۆی پورتوگال ئەنجامدا و هەر لەوێ بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد و تێیدا داوای کرد، دژە جوولەکەگەرایی و ئەنتی-سیمیتیزم "بە جیا لە جۆرەکانی تری ڕق و هەڵاواردنی ڕەگەزی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت". ئەنجومەنی جولەکەکانی ئەوروپا، داوای لە ڕێکخراوەکانی دیکەی جولەکەکان کرد کە "ئینتەرسێکشناڵیت"یی یا پارچەبوون ڕەتبکەنەوە[1]، واتە ئەو چوارچێوە چەمکییەی کە مەیلی ئەوەی هەیە گرووپەکان یان وەک "ئیمتیازدار" یان وەک "چەوساوە" پۆلێن بکرێن. بە گوێرەی ئەنجومەنی جولەکەکانی ئەوروپا، ئەنتی- سیمیتیزم و دژە جولەکەگەرایی تایبەتە و دەبێت بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بە بیانوی ئەوەی لە زۆرێک لە وڵاتان سزای دەوڵەتی لەسەرە، هەروەها لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە پشگیری دەکرێت، و هەمیشەش لەلایەن گرووپەکانی دیکەوە کە کاریگەری ڕق و کینەیان لەسەرە وەک فۆرمێک لە ڕەگەزپەرەستی سەیر ناکرێت.

بەڵام، دەکرێت ئەو پرسیارەش بکەین، کە بۆچی هەمیشە لە ڕوانگەی جولەکەکانەوە "ئینتەرسێکشناڵت"یی و سنووردارکردنی نێوان ئیمتیازدار و چەوساوەکان کێشەیەکی گەورەیە؟ بەگشتی، ئینتەرسێکشناڵتی چەمکێکی بەسوودە لەناو تیۆرە کۆمەڵایەتی و شیکارییە پراکتیەکاندا. کاتێک تاک یاخود گرووپێکی تایبەت لەبەرچاو دەگرین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەزموونەکانی ئەم تاک و گرووپانە سەبارەت بە ستەمکردن یان ئیمتیازبەخشین ڕەنگدانەوەی کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆرە.

با کەمێک بێ شەرمانە پێناسەیەکی ویکیپیدیا سەبارەت بە "ئینتەرشێکشناڵت"یی وەربگرین:

"ئینتەرسێکشناڵتی چوارچێوەیەکی شیکارییە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن شوناسە کۆمەڵایەتی و سیاسییە جیاوازەکانی کەسێک کۆدەبنەوە بۆ دروستکردنی شێوازی جیاوازی جیاکاری و ئیمتیاز. بڕبڕەیی چەندین هۆکاری سوود و زیان دەستنیشان دەکات. نموونەی ئەم هۆکارانە بریتین لە ڕەگەز، کاست، ڕەگەز، ڕەگەز، نەتەوە، چین، ئایین، خوێندن، سامان، کەمئەندامی، کێش، تەمەن و ڕواڵەتی جەستەیی. ئەم ناسنامە کۆمەڵایەتییە یەکتربڕ و سەریەککەوتووانە ڕەنگە هەم بەهێزکەر بن و هەم چەوسێنەر بن".

ئارگومێنتەکە بە گوتەی "ئان سیسۆن ڕونیان"، کە لە زانکۆی سینسیناتیدا وانە دەڵێتەوە، ئەوەیە "جۆرەکانی ستەمکردن تەنها زیادکراو نین، وەک ئەوەی چینێکی تەواو پەرت و جیاواز بن لە زاڵبوون. بەڵکو ژنانی پێست ڕەنگاوڕەنگ لە ڕاستیدا فۆرمێکی تەواو جیاواز لە ڕەگەزپەرستی لە پیاوە پێست ڕەنگاوڕەنگەکان ئەزموون دەکەن، هەروەک چۆن فۆرمێکی جیاوازی سێکسیزم لە ژنانی سپی پێست ئەزموون دەکەن".

بە هەمان شێوە، ئایدیای جووبێزیی "جولەکە"ش، هەموو تایبەتمەندیەکانی وەک، ئاین و نەتەوە و سێکسواڵیتە و پەروەردە و سامان و ڕواڵەتیی جەستەیی تێکەڵ بەیەک دەکات. بۆ ئەوەی وەک جولەکەیەک ناوزڕاو بکرێیت، پێویستت بە گەڕاندنەوەی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جۆراوجۆری دیکە هەیە، بۆ نمونە وەک ناپاکی و پابەندبوونێکی دۆگماتیک بە ڕێسا ئاینییەکان و تێڕامانی دارایی بەدکارانە و کاریگەریی جیهانی شاراوە – هەموو ئەمانە پێکەوە پێستر بە شێوەیەکی بەرچاو لە پڕوپاگەندەی نازییەکاندا بانگەشەیان بۆ دەکرا. ئاکامی شیکارکردنی ئینتەرسێکشناڵ بریتیە لە هەموو ئەو تاکانەی کە بەهۆی پێکهاتەی ناسنامەکانیانەوە فۆرمی ناوازەی ستەم و ئیمتیازی جیاواز ئەزموون دەکەن. بۆ نمونە لەشفرۆشێک(لێزبیانێک)یی ڕەشپێستی کەم داهات لەبەرچاو بگرن، بە نزیکەیی لە هەموو شوێنێکی جیهان چوار هێندەی جاران لە دۆخیکی خراپدان. کەواتە بۆچی ئەوانەی پێداگری لەسەر تایبەتمەندی دژە جوولەکەگەرایی یاخود جووبێزی دەکەن، ئینتەرسێکشناڵیزم ڕەتدەکەنەوە؟ ئەو ستەمەی کە ڕووبەڕووی جوولەکەکان بووەوە بە تایبەت لە وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوادا، لەم سەردەمەدا تا ئەندازەیەکی زۆر تەمومژاوی و ناڕوونترە، چونکە جولەکەکان مەیلیان بۆ داگیرکردنی جۆریک لە ئیمتیازات هەیە (بە تایبەت لە ڕووی ئابووری و کولتوویی و هتدەوە)، هەروەها پەیوەستکردنی جولەکەکان بە سامان و کولتوورەوە ("هۆڵیود" وەک جولەکە) لە خەیاڵدانی گشتیدا خۆی لە خۆیدا سەرچاوەی مەجازی کلاسیکی دژە جولەکەیە. کۆمەڵەی جولەکەکانی ئەوروپا لەوە نیگەرانن کە ئەم تێکەڵە لە ستەم و ئیمتیازە دژە جولەکەگەراییە خەریکە دەبێتە فۆرمێکی دیکەی ڕق و کینەی ڕەگەزیی، نەک بە تەنها ناتوانرێت بەراورد بکرێت بەوانی دیکە بەڵکو تەنانەت هێمنترە کاتێک شانبەشانی شێوازەکانی تری ستەمکردن دادەنرێت. کاتێک چاویلکەیەکی ئینتەرسێکشناڵ بەکاردەهێنین، یان کاتێک لە ڕوانگەیەکی ئینتەرسێکشاڵ سەیر دەکەین، ڕق لە "جولەکە" کە کۆمەڵەی جولەکەکانی ئەوروپا لێیدەترسن، ئەودەبێتە حاڵەتێکی بچووک لە تاکسنۆمییەکی فراوانتری ڕقەکاندا.

ئایا ئەم ترسە ڕەوایە؟

پێداگیری کۆمەڵەی جولەکەکانی ئەوروپا لەوەدا لەسەر حەقە کە پێیان وایە شتێکی ئاوارتە لەبارەی دژە جولەکەگەراییەوە هەیە. ئەمەش هاوشێوەی هەر ڕەگەزپەرستییەکی دیکە نیە: واتە ئامانجی سەرەکی بریتی نیە لە ملکەچپێکردنی جولەکەکان بەڵکو قڕکردنیانە. دژە جولەکەگەراکان وەک غەریبەیەکی نزم سەیر ناکرێن بەڵکو وەک ئاغایەکی نهێنیئامێز درکیان دەکەن. هۆڵۆکۆست هەمان ئەو شتە نیە و جیاوازە لە داڕوخانی شارستانیەتەکان لە مێژووی کۆڵۆنیاڵیزمدا، بەڵکو دیاردەیەکی ناوازەی قڕکردنە کە بەرهەمی ڕێکخستنەکانی پیشەسازییە. بەڵام ئەوە هەر جووتبوونی "چەوساوە" و "ئیمتیازدار"ە کە کلیلی تێگەیشتن لە دژە جوولەکەگەرایی، لانیکەم لە فۆڕمە مۆدێرنەکەیدا، دابین دەکات. لە سەردەمی فاشیزمدا، "جوولەکە" وەک ئەو دەستدرێژیکارە دەرەکییە کاری دەکرد کە دەتوانرا زۆر بە ئاسانی بە گەندەڵی و پشێوی و ئیستغلالکردن تاوانبار بکرێت. پێشبینیکردنی ململانێی نێوان "چەوساوەکان" و "ئیمتیازدارەکان" لەسەر قۆچی قوربانی، ڕەنگە سەرنجەکانی خەڵک لەو ڕاستییە دوور بخاتەوە کە ئەم جۆرە ململانێیانە لە ڕاستیدا ناوەکین و لەناو سیستەمی سیاسی و ئابووری خۆیاندا شتێکی تا ئەندازەیەک سروشتین. بەم پێیە، لێرەدا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت بەوەی کە زۆرێک لە جولەکەکان "ئیمتیازیان" هەیە یاخود "ئیمتیازدارن"[2] کە ئەمەش زیاتر (بە مانای سامان و پەروەردە و کاریگەرییە سیاسییەکانیان) هەر سەرچاوەی دژە جوولەکەگەراییە: درککردنیان وەک ئیمتیازدار جولەکەکان دەخاتە ژێر ڕەحم و ئامانجی ڕق و کینە کۆمەڵایەتییەکان.

کێشەکان ئەو کاتە سەرهەڵدەدەن کە کەسێک دێت و دۆخی ئاوارتەی دژە جولەکەگەرایی بەکاربهێنێت بۆ پشتگیریکردن و برەودان بە ئیزدواجییەت، یان یاساغکردنی هەر شیکارییەکی ڕەخنەگرانە بۆ ئەو ئیمتیازاتانەی کە جولەکەکان بە تێکڕا چێژیان لێ وەردەگرن. لە یەکێک لە دیالۆگەکانی ڕۆژنامەی دێر شپێگڵی ئەڵمانی لە ساڵی ٢٠٢٠دا، تێیدا بابەتێکی ورووژاندبوو سەبارەت بە جووبێزی و دژە جولەکەگەرایی و بزووتنەوەی بایکۆتکردنی وەبەرهێنان و سەپاندنی سزاکان دژ بە ئیسرائیل، کاتێک کەسێک بیەوێت سەیری ئەو سەیری ئەو ڕاپۆرتە بکات لەوە تێدەگات کە، "جوولەکە، نەک بە تەنها لەڕێی دژە جولەکەگەراییەکی گریمانەکراوەوە، ئەوەمان بۆ دیاریدەکات کە کێ دژە جولەکەگەرایە" (هەر کەسێک ئەنتی سمیت بێت ئەوە لەلایەن خودی جولەکەوە دەستنیشان دەکرێت نەوەک لەلایەن ئەنتی  سیمیتە گریمانەکەوە[3]). بەڵام گەر بەو شێوەیە بێت، ئایا نابێت هەمان بنەما بۆ فەڵەستینیەکانی کەناری ڕۆژئاوا جێبەجێبکەین؟ کە تەنها بەهۆی فەڵەستینی بوونیان، لە خاک و مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکرێن. بەڵام، با زیاتر لەوەش بڕۆین، هەڵوێستی کۆمەڵەی جولەکەکانی ئەوروپا پشت بە چوارچێوەی ئینتەرسێکشناڵی خۆیان دەبەستن. هەر شیکردنەوە و ڕەخنەیەک لەو هەڵوێستە ئیمتیازدارانەی کە هەندێک لە جولەکەکان هەیانە، دەمودەست بە دژە جولەکەگەرا(ئەنتی سیمیت)یی ناوەزەد دەکرێت و تەنانەت ئەو ڕەخنانەی کە لە سیستەمی سەرمایەداری دەگیرێت هەر لەسەر هەمان بنەما ڕەتدەکرێنەوە. ئەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندییەی کە لەنێوان "جوولەکەبوون" و "سەرمایەدارە دەوڵەمەندەکان"دا هەیە. ئەو تێزە مارکسیستیەی کە دەڵێت، دژە جولەکەگەرایەی وەشانێکی سەرەتایی و شێواوی دژە سەرمایەدارییە ڕێک بەم شێوەیە پێچەوانە دەبێتەوە: دژە سەرمایەداری ڕووپۆش و دەمامکی دژە جولەکەگەراییە.

گەر گرفتەکە ئەوە بێت کە، جوولەکەبوون لەیەک کاتدا هەم ئاوارتە و هەم بە شێوەیەکی دانەبڕاو بەسترابێتەوە بە سیستەمی سەرمایەدارییەوە، ئایا ئەو کات ئێمە تەنها خۆمان بە چەشنە مەجازێکی کلاسیکی دژە جولەکە بەجێنا‌ێڵین؟ ئایا ئێمە بە ئاشکرا هانی چەوساو و هەژارەکان نادەین کە جولەکەکان بەرپرسیار بکەین لە بەدبەختییەکانیان؟ بۆیە ڕێکخراوەکانی دیکەی جوولەکە دەبێت هەڵووێستی (کۆمەڵەی جولەکەکانی ئەوروپا) ڕەت بکەنەوە، نەک لەبەر هەندێک پێویستی قێزەوەن بۆ "هاوسەنگ"یی لەنێوان فۆرمە جیاوازەکانی ڕەگەزییدا، بەڵکو بۆ پێسخستنی خودی خەبات بەرامبەر بە دژە جولەکەگەرایی.

 

سەرچاوە:

Anti-Semitism and Intersectionality, Slavoj Žižek, Project Syndicate

https://www.project-syndicate.org/commentary/anti-semitism-and-intersectionality-by-slavoj-zizek-2023-05

 

 

 



[1] Intersectionality:   پارچەبوون و کەرتبوون و یەکتربڕین..هتد ئەم جەمکە زیاتر باس لەو ڕێگایانە دەکات کە سیستەمی نایەکسانی لەسەر بنەمای کۆمەڵێک توخم دروست دەبێت بۆ نمونە لەسەر بنەمای ڕەگەز، جێندەر، ئیتنبیکی، ئاراستەی سێکسی، شوناسی ڕەگەزی، کەمئەندامێتی، چینایەتی و جۆرەکانی دیکەی جیاکاری، هەر لەسەر بنەمای ئەو توخمانە لە زۆر شوێندا "یەکئەبڕن" ئەمەش بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک دینامیک و کاریگەریی قووڵ.

[2] privileged

[3]  (“Wer Antisemit ist, bestimmt der Jude und nicht der potenzielle Antisemit”).

پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر