کایتلین کلارک
و. سان
لە وەرزی نوێی پڕ لە دڵەراوکێی زنجیرە بەناوبانگەکەی نێتفلێکس سکوید گەیمدا، بارودۆخی خراپی یاریزانەکان پاڵیان پێوەدەنێت گرەوێکی مەترسیدار و کوشندە لەپێناو سەرکەوتنی تاکەکەسی بکەن، تەنانەت لەکاتێکدا ڕەنگە کردەی بەکۆمەڵ ڕزگاریان بکات.
گەر وەرزی یەکەمی زنجیرەی نێتفلێکسی کۆری سکوید گەیم، ئامانجەکانی سەرمایەداریی مۆدێرنی ئاشکرا کردبێت، ئەوا وەرزی دووەمی ،کە هەمووان بە تاسەوە چاوەڕوانیان دەکرد، دەبێت ڕەنگدانەوەی ئاڵنگاریی ڕێکخستنە لە دژی.
سکوید گەیم، کە سەرەتا لە ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکرایەوە، لە شەوێکدا بوو بە دیاردەیەکی جیهانی. لە نمایشێکی دیستۆپیایی مانەوە لە ژیانی مەترسیدارانەدا، یاریزانە بێهیواکان (ئەو یاریزانانەی لایەنی داراییان خراپە) دەچنە ناو زنجیرەیەک ئاڵنگارییەوە، کە لە یاری مناڵانی کۆریاوە وەرگیراون، بە هیوای بردنەوەی خەڵاتێکی دارایی زۆر. گرەوەکانی کوشندەن: سا یارییەک بدۆڕێنە، بۆ هەتا هەتایە وەدەردەنرێیت [لەژیان].
هەر کاتێک یەکێک لەو نزیکەی چوارسەد یاریزانەکە بمرێت، کۆی پارەی خەڵاتەکە بە بڕی ١٠٠،٠٠٠،٠٠٠ وانی کۆری (نزیکەی ٧٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی) بەرزدەبێتەوە. دوای هەر یارییەک یاریزانان بژاردەی دەنگدانی جەماوەرییان پێدەدرێت لەسەر بەردەوام بوون یان نەبوون لە یارییەکاندا. ئەگەر یاریزانەکان دەنگ بدەن بۆ کۆتاییهێنان بە یارییەکە، پێش تەواوبوونی هەر شەش یاریەکە، ئەوا پارەی خەڵاتەکە بە یەکسانی بەسەر یاریزانەکاندا دابەش دەکرێت.
لە وەرزی یەکەمدا یاریزانەکان بە سەرکەوتوویی دەنگ دەدەن بۆ وەستاندنی یارییەکە، دوای تەنها قۆناغی یەکەم. بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ واقیعی قەرز و نائومێدی دارایی ژیانی ڕۆژانەیان، بڕیار دەدەن بگەڕێنەوە بۆ یارییەکان. یاریزانەکان لەبری ئەوەی لە جیهانی ڕاستەقینەدا بەدوای یەک عانەدا بگەڕێن، ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی هەلی ڕزگاربوونیان لە هەژاری و قەرزەکان هەبێت. ئەمەش ئیستغلالکردنی لەناوبەرە و نادادپەروەری سیستەمی سەرمایەدارییە کە جارێکی دیکە یاریزانەکان دەهێنێتەوە ناو یارییەکە.
یاری سکوید گەیمی ٢ زیاتر سوود لە دەنگدان وەردەگرێت، ڕۆڵی هەڵبژاردنەکان لە بەرزڕاگرتنی سەرمایەداریدا دیار و بەرچاوە. (ئەگەر دەتەوێت خۆت لەوە بەدوور بەگریت کە چی لە زنجیرەکەدا ڕوودەدات، ئێستا واز لە خوێندنەوە بێنە.) لە وەرزی دووەمدا، پاڵەوانەکە سیۆنگ گی-هون دەگەڕێتەوە دوای بردنەوەی یاریی وەرزی یەکەم و پارەی خەڵاتی ٣٨ ملیار وان (نزیکەی ٢٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی). ئامانجی ئەو سامانی زیاتر نییە؛ ئەو دەیەوێت ئەو بازنەی بێبەزەیییە دەوڵەمەندەکان بدۆزێتەوە، کە یارییەکان بەڕێوەدەبەن و بۆ هەمیشە کۆتاییان پێبهێنێت. دوای ئەوەی ستراتیژی نیمچە سەربازی یاخیبوون شکست دەهێنێت، (بۆ جاری دووەم، گی هون خۆی دەگەڕێتەوە یارییەکە.) تاکە بژاردەی گی-هون دەبێتە هۆی ئەوەی یاریزانەکانی دیکە ڕازی بکات دەنگ بدەن بۆ وەستاندنی یارییەکە.
"سەرۆکی یارییەکە" کە شاراوەیە، وتارێک پێشکەش بە گی-هون دەکات، سەبارەت بە "خێرخوازیی" یارییەکان، کە یارمەتی پێشکەش بە هەژار و چەوساوەی کۆمەڵگەی کۆری دەکەن، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەم یاریە خوێناوییەوە، خۆیان ڕزگار بکەن. گی-هونیش دەیەوێت هەڵەبوونی ئەوان بسەلمێنێت. ئەم یاریزانانەش کە بەهۆی نەخۆشییەوە قەرزیان کردووە یان فێڵیان لێکراوە لە وەبەرهێنانی پارەی کریپتۆدا، لەبری ئەوەی دەنگ بدەن بۆ ڕزگارکردنی خۆیان، بەردەوامن لەوەی کورتبینانە دەنگ بدەن بۆ مانەوە لە یارییەکاندا. یاریزانەکان بەهۆی ئەو گۆزەی پارەی خەڵاتەوە کە هەمیشە گەشە دەکات لە بانکی بەرازێکی زەبەلاحی درەوشاوەدا، ڕازی دەبن، خۆیان و یەکتر قەناعەت پێبکەن کە دەتوانن "تەنها یارییەکی دیکە" بکەن پێش ئەوەی واز لە یاریەکە بێنن.
سەرۆکی یاریەکە کە خۆی وەک یاریزانێک پۆشیوە، بە گاڵتەجاڕییەوە بە گی-هون دەڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان خاڵەکەی دەسەلمێنن: یاریزانەکان خۆپەرستن، گەمژەن، برسی پارەن و شایەنی پاراستن نین ئەگەر تەنانەت ئامادە نەبن خۆیان ڕزگار بکەن. بە واتایەکی تر یاریزانەکان "دەنگ بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن" سا هەرچییەک بێتە ڕێیان شایەنی ئەوەن.
بەڵام دوورە لە وێناکردنێکی بنەڕەتیی گەمژەیی خەڵکی ئاسایی، هەڵبژاردنە بێهودەکانی سکوید گەیمی ٢ لێکچوونێکی تەواون بۆ ئەوەی کە چۆن سەرمایەداریی کردەوەکانی چینی کرێکار سنووردار دەکات و ناچاری دەکات.
لە کتێبی "ئاخێزگەی چینایەتی[1]"دا، کۆمەڵناسی مارکسیستی ڤیڤێک چیبەر دەڵێت، کاتێک کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری فۆڕمێکی باوەڕپێکراوی ڕێکخستنی چینی کرێکاری نییە، بەدواداچوونی کرێکاران بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی بڕیارێکی عەقڵانییە. بەبێ سەندیکای کرێکاری و حزبە کرێکارییەکان، تێچووی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەکۆمەڵ لە دژی چینی سەرمایەداری، بە شێوەیەکی ناعەقڵانی بەرز دەبێتەوە. تەنیا کاتێک ڕێکخراوی چینی کرێکار بوونی هەبێت، ئاڵنگاری سیستماتیکی و بەکۆمەڵ بۆ سەرمایەداری دەبینین.
چیبەر لێرەدا دژی بیرۆکەکانی هۆشیاری ساختە و هەژموونی کولتووری گفتوگۆ دەکات. ئەوە نییە کە کرێکاران سەریان لێ شێواوە (پێشمەرجی بنەڕەتی چەمکی هۆشیاری ساختەی فریدریش ئەنگڵس)، بەڵکوو ئەوە ئەوەیە کە ئەوان لە بەرژەوەندی ماددی خۆیانەوە بڕیاری عەقڵانی دەدەن، بە گرتنەبەری کردەوەی تاکگەرایانە، لە کاتێکدا هیچ فۆرمێکی ڕێکخستنی هەبوو نییە کە کردەوەی بە کۆمەڵ ئەنجامبدات.
ئەمە گێڕانەوەی ماتریالیستییە بۆ چیرۆکێک کە زۆرجار کولتوور زاڵە بەسەریدا، تەنانەت لە نێو بیرمەندانی مارکسیستیشدا. لای ئەنتۆنیۆ گرامشی، لە خوێندنەوەیەکیدا کە لای زۆربەی کەس پەسەندە باس لەوە دەکات، چینی سەرمایەداری پێگەی باڵادەستی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ داڕشتنی بیرۆکە و باوەڕ و بەهاکانی کۆمەڵگایەک بۆ پشتیوانیکردنی سەرمایەداری - پرۆسەیەک کە پێی دەوترێت کولتووری سەرکردایەتی، کە دیسانەوە ئەوە پیشان دەدات کە کرێکاران فێڵیان لێ کراوە. بەڵام بۆ چیبەر، لە ڕاستیدا ئەوە پێکهاتەی ماددی کۆمەڵگاکەمانە کە بە پلەی یەکەم دیاری دەکات کە کرێکاران چی دەکەن، نەک بیرۆکەکانیان، داخۆ ئەمە ڕاستە یان هەڵە؟ بە وتەی چیبەر، “کرێکاران سیستەمکە قبوڵ دەکەن نەک لەبەر ئەوەی کە بە ڕەوا یان خوازراوی دەزانن بەڵکوو لەبەر ئەوەی هیچ بژاردەیەکی دیکە نابینن.” سەرمایەداری "جێگیر دەمێنێتەوە، چونکە 'ناچاریی بێزارکەری پەیوەندییە ئابوورییەکان' بەردەوام کرێکاران دەهێنێتەوە سەر کارەکانیان، جا دڵخۆش بن یان نا، ڕازی بن یان نا."
لە یاری سکوید گەیمی ٢ دا، لە بەر چاوماندا ئەوە دەبینین کاتێک یاریزانەکان چەندین جار دەنگ بۆ بەردەوامبوون لە یارییەکان دەدەن. تەنانەت ئەوەش دەبینینن کەسانی دیکە ڕێک لەبەردەم چاویاندا دەکوژرێن. لە ڕێگەی قسەکەرە ترسناکەکانەوە (ئەو یاریزانانەی دەنگیان بە بەڵی داوە)، بێژەرە نەناسراوەکە، داوا لە یاریزانەکان دەکات کە ڕێز لە شەرعیەتی هەڵبژاردنە "ئازاد و دادپەروەرانەکە" بگرن، لە هەمانکاتدا هەڕەشەی سزادانی یاریزانانی وەک گی-هون دەکات، بەهۆی ئەوەی هەوڵی ڕازیکردنی یاریزانەکانی دیکەیان داوە، تاوەکو واز لە یاریکردن بهێننن. لە کاتێکدا کە پاسەوانە چەکدارەکان بە ڕیزێک لەبەردەم یاریزانەکاندا وەستاون.
ئەوان بە شێوەیەکی ناعەقڵانی بیر ناکەنەوە. هەڵبژاردنی ئەوان لە یارییەکەدا لە چوارچێوەی نەبوونی هەڵبژاردنە بەسەر بارودۆخی ئابوورییان لە دەرەوەی یارییەکەدا. ئەوان "دەنگ نادەن دژی بەرژەوەندییەکانی خۆیان"، بەڵکوو بە وریاییەوە ئاسۆی تاریکی خۆیان بۆ بەرخۆدان هەڵدەسەنگێنن، و لەبری ئەوە گرەو لەسەر سەرکەوتنی تاکەکەسی دەکەن. ئەرکی گی-هون - ئەرکی سیاسەت - ئەوەیە کە کردەی بە کۆمەڵ بکاتە هەڵبژاردەیەکی سەرکەووتوو و عەقڵانی.
سەرچاوە:
https://jacobin.com/2025/01/squid-game-2-capitalism-resistance