فێرکاری: پراکتیزەکردنی ئازادی یان ئامرازی چەوساندنەوە

نووسینی جميل سالم

ئەم سەرناوە هاوشێوەی یەکێک لە کتێبە ناودارەکانی پاولۆ فرێیرییە بە ناوی "فێرکاری وەک پراکتیزەکردنی ئازادی"، بەڵام لێرەدا نووسەر پرسیارێک دەخاتە ڕوو کە ئایا فێرکاری پراکتیزەکردنی ئازادییە یان ئامرازێکە بۆ چەوساندنەوە، کە ئەمەش ڕێک ئەو بیرۆکە سەرەکییەیە کە لە فەلسەفەی فرێیریدا باسی لێ کراوە.

 

وەرگێڕانی لە عەربییەوە: ڕێواس ئەحمەد بانیخێڵانی

بیرمەندی پەروەردەیی بەڕازیلی پاولۆ فرێیری (١٩٢١-١٩٩٧) یەکێکە لە دیارترین لەو کەسایەتیانەی بۆچوونێکی نوێی سەبارەت بە پرۆسەی فێرکاری هێنایەکایەوە. بۆ ئەو پرۆسەی فێرکاری ئامرازێکە بۆ ڕزگاری کۆمەڵایەتی. فرێیری لە واقیعی هەژاری و نەخوێندەواری لە بەڕازیل دەستی پێکرد، بەڵام توانی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی ڕەخنەگرانە پەرە پێبدات کە ئامانجی دروستکردنی هۆشیاری ڕەخنەگرانەیە لای (قوتابییان/فێرخوازان)؛ واتە گەشەپێدانی تێگەیشتنیان بۆ واقیعی کۆمەڵایەتییان و بارودۆخی ستەملێکراوییان، بە جۆرێک کە فێرکاری دەبێتە پرۆسەیەکی ڕزگارکردن نەک تەنها تەلقینکردن. لەو کاتەدا کە فرێیری ڕەخنەی لە شێوازی فێرکاریی نەریتی "بانکی" گرت کە قوتابیان وەک لاپەڕەیەکی سپی(یان قوتوویەکی بەتاڵ) وێنا دەکات کە زانیاری تێدا "دادەنرێت"، ئەو مۆدێلێکی جێگرەوەی بۆ فێرکاریی ڕزگارکەر پێشکەش کرد کە لەسەر دیالۆگ و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کاری بەکۆمەڵ بەندە. بیرۆکەکانی فرێیری لەگەڵ تێزەکانی بیرمەندانی تری مێژوودا یەکدەگرنەوە. بۆ نموونە، ژان ژاک ڕۆسۆ لە کتێبی "ئێمیل"دا ڕەخنەی لە پەروەردەی نەریتی گرت و بانگەشەی بۆ پەروەردەی سروشتی ئازادانە کرد، هەروەها خەلیل سەکاکینی لە فەلەستین مۆدێلێکی پەروەردەیی ڕزگارکەری پیادە کرد، کە ڕەخنەی لە فێرکاریی (تەلقینی) لەبەرکردن دەگرت. هەروەها دەکرێت دەنگدانەوەی فەلسەفەی فرێیری لە تیۆری هەژموونی کلتووری لای ئەنتۆنیۆ گرامشی ببینرێت (بەتایبەت چەمکی ڕۆشنبیری ئۆرگانیک)، و لە شیکاری پیێر بۆردیۆ بۆ توندوتیژی سیمبۆلی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی چینایەتی لە ڕێگەی پرۆسەی فێرکاریەوە، هەروەها لە کارەکانی هێنری جیرۆ کە پەروەردەی ڕەخنەگرانەی پەرە پێدا بە ئیلهام وەرگرتن لە فرێیری. ئەم وتارە ئەم چەمکانە دەخاتە ڕوو، لە چوارچێوەی فەلسەفەی فرێیریدا کۆیاندەکاتەوە، لە ڕێگەی باسکردنی بەشەکانەوە کە ئەمانە دەگرێتەوە: شیکاری چەمکە سەرەکییەکان (هۆشیاری ڕەخنەگرانە)، بەراوردکردن لە نێوان فێرکاریی بانکی و ئازادکەر، ڕۆڵی دیالۆگ، و ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی پەروەردە.

شیکاری چەمکەکان: دروستکردنی هۆشیاری ڕەخنەگرانە و کرداری

فرێیری دروستکردنی هۆشیاری ڕەخنەگرانە (هۆشیارییەک کە بەشیوەیەکی ڕەخنەگرانە بڕواننە بە واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی) بە ناوەڕۆکی پرۆسەی پەروەردەییەکەی دادەنێت. فرێیری چەمکی conscientization (هۆشیارکردنەوە) پێناسە دەکات وەک پرۆسەیەکی گۆڕان لە هۆشیاری تاکدا لە ڕێگەی ناسینی ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە واقیعی خۆیدا و هەوڵدان بۆ گۆڕینیان. فێرخواز بە چاوێکی ڕەخنەگرانە سەرەتا خۆی و ژینگەکەی دەبینێ؛ بارودۆخی سەرکوتکردن یان ستەم (چ چینایەتی، نەژادی، ڕەگەزی یان شتی تر) دەرک دەکات کە تێدا دەژی، و تێدەگات ئەوانە دروستکراوی مرۆڤن و چارەنووسێکی حەتمی نین. ئەم هۆشیارییە نوێیە مرۆڤ لە بوونەوەرێکی نامۆ و ملکەچی واقیعەوە دەگۆڕێت بۆ بکەرێکی کارا کە توانای گۆڕینی واقیعی هەیە. بەڵام هۆشیاری ڕەخنەگرانە لای فرێیری تەنها پرۆسەیەکی فیکری تێڕامان نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بە کردارەوە بەستراوەتەوە، واتە هۆشیارییەکە، کە کردار بەدوایدا دێت. لێرەوە چەمکی (praxis) سەرهەڵدەدات کە فرێیری جەختی لەسەر کردووەتەوە، مەبەست لێی تەواوکاری کردار و تێڕامانە لە هەمان کاتدا بۆ گۆڕینی جیهان. کردار(کار) لای فرێیری پراکتیزەکردنی ئازادی مرۆڤە لە ڕێگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەوە کە ڕێنوێنی دەکات بۆ کردارێکی ڕزگارکەر، و کردارەکەش بە نۆرەی خۆی پەیوەست بە تێڕامان و ڕەخنە دەبێت بە ئامانجی پەرەپێدانی هۆشیاری. بەم شێوەیە فرێیری دووانەیی نەریتی نێوان تیۆری و پراکتیک تێدەپەڕێنێت، تا کرداری هۆشیارانە (کە هاوشانی تیۆری ڕەخنەگرانەیە) ببێتە جەوهەری پەروەردەی ڕزگارکەر.

فرێیری پێی وایە کە "هەموو مرۆڤێک لە سروشتەوە ڕۆشنبیرە"، بەو مانایەی کە توانای بیرکردنەوە و کرداری هەیە، بەڵام کلتووری زاڵ زۆر جار وا لە گروپە چەوساوەکان دەکات کە بارودۆخی خۆیان بەبێ ڕەخنە قبوڵ بکەن. لێرەدا، فرێیری لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گرامشی یەکدەگرێتەوە لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە هەژموون تەنها سەرکوتکردنی ماددی نییە بەڵکو هەژموونی کلتووری و ئایدیۆلۆژیشە، چونکە بەها و بیرۆکەکانی چینی زاڵ لە هۆشیاری هەمووان ڕەگ دادەکوتن و وا دەردەکەون وەک ئەوەی "فیترەت، لە سروشتەوە" یان "هەستی دروست" بن. پرۆسەی دروستکردنی هۆشیاری ڕەخنەگرانە شکاندنی "کۆدەنگی" ساختەیە دەگرێتەوە، کە هەژموونی کلتووری دەیسەپێنێت، لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی ئەوەی کە وەک بنەما سەلمێنراوەکان دانراون و تێگەیشتن لەوەی کە ئەوانە ئامرازی کۆنترۆڵکردنن. بۆیە دەکرێت بوترێت کە conscientization لای فرێیری پرۆسەی لابردنی پەردەیە لەسەر واقیع بۆ ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی هێز کە تێیدا شاراوەن، ئەمەش وا لە چەوساوەکان دەکات کە "هۆشیاری ڕاستەقینەی" خۆیان وەدەست بهێننەوە وەک مرۆڤێک کە توانای گۆڕانی هەیە.

فێرکاریی بانکی لە بەرامبەر فێرکاریی ڕزگارکەر

فرێیری ڕەخنەی لە مۆدێلی فێرکاریی باو گرت و بە مۆدێلی فێرکاریی بانکی وەسفکرد. لەم مۆدێلەدا مامۆستا ڕۆڵی دانەری زانیاری دەبینێت کە مێشکی قوتابییەکان بە زانیاری ئامادەکراو پڕ دەکات، و مامەڵە لەگەڵ زانین دەکات وەک ناوەڕۆکێکی جێگیر کە ئاڕاستەیەکی یەک لایەنە لە مامۆستاوە بۆ فێرخواز دەگوازرێتەوە. ئەم مۆدێلە بە شاراوەیی پێشگریمانەی ئەوە دەکات کە قوتابییەکان بە تەواوی نەزانن و مامۆستا هەموو شتێک دەزانێت، ئەمەش پەیوەندییەکی نایەکسانی نێوان هەردوو لایەن چەسپ دەکات. فرێیری دیاردەکانی ئەم مۆدێلەی ئەژمار کرد: مامۆستا قسە دەکات و قوتابییەکان بە بێدەنگی گوێدەگرن، مامۆستا بیردەکاتەوە و قوتابییەکان تەنها بابەتێکن(ئوبێکت) بۆ بیرکردنەوە، مامۆستا بڕیار دەدات و قوتابییەکان جێبەجێدەکەن، مامۆستا بکەری چالاکە لە پرۆسەی فێرکاریدا و قوتابییەکان تەنها شتگەلێکن. لەسایەی ئەم بارودۆخەدا، فێرکاری دەبێتە کردارێکی لەبەرکردن(تەلقین) و تیایدا داهێنان دەکوژێت و قوتابییەکان دەکاتە فۆرمێک(دەفرێک) بۆ پڕکردنی زانیاری. خراپتر لەوەش ئەوەیە، ئەم مۆدێلە توانای قوتابییەکان بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پەکدەخات؛ چونکە هەرچەندە قوتابییەکان زیاتر هەوڵبدەن بۆ لەبەرکردنی ئەو زانیارییانەی پێیان دەدرێت، دەرفەتەکانی پەرەپێدانی هۆشیاری ڕەخنەگرانەیان بەرامبەر بە جیهان کەمتر دەبێتەوە. پەروەردەی بانکی لە جەوهەریدا تاکەکان بۆ گونجان لەگەڵ واقیعی ئێستا ڕادەهێنێت، لەبری ئەوەی هەوڵی گۆڕانکاری بدەن. لێرەوە فرێیری پێی وایە فێرکاریی بانکی ئامرازێکە لە دەستی هێزە زاڵەکان بۆ بەردەوامبوونی دۆخی هەنووکەیی، و هۆشیاری قوتابییەکان "سڕ دەکات" و دەیانکات بە بوونەوەرێکی ئامادە بۆ گونجان و ملکەچی، ئەمەش بەرژەوەندی ئەو گروپە زاڵانەی تێدایە کە نایانەوێت ڕاستییەکانی ستەم ئاشکرا ببن یان هیچ هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە هاندەربێت کە هەڕەشە لە دەسەڵاتیان بکات. هەروەک فرێیری بە مەجازەوە دەڵێت، فێرکاریی بانکی زۆر لە کردارێکی "نێکرۆفیلی" (خۆشەویستی مردووان) دەچێت، چونکە مامەڵە لەگەڵ زانیاری دەکات وەک ماددەیەکی مردوو، و فێرخوازان دەکات بە شتگەلێک کە ژیانیان تێدا نییە.

لە بەرامبەردا، فرێیری مۆدێلی فێرکاریی ڕزگارکەر پێشکەش کرد کە بە فێرکاریی بنیاتنراو لەسەر خستنەڕووی کێشەکان (Problem-Posing Education) ناسراوە. فرێیری پێی وایە کە پەروەردەی ڕاستەقینە دەبێت لە چارەسەرکردنی دژیەکی(ململانێی) نێوان مامۆستا و قوتابی دەست پێبکات، لە ڕێگەی دامەزراندنی هاوبەشییەکی یەکسان کە تێیدا هەردووکیان لەهەمان کاتدا دەبنە مامۆستا و فێرخواز. لە پۆلی(ئازادکەر) ڕزگارکەردا، بارودۆخی ستوونی کە لەسەر فەرمان و گوێڕایەڵی بنیاتنراوە وەلادەنرێت، تا بارودۆخێکی ئاسۆیی جێگەی بگرێتەوە کە تێیدا هەموو کەسێک لە گفتوگۆ و بیرکردنەوەدا بەشداری دەکات. مامۆستای ڕزگارکەر چیتر ئەو کەسە نییە کە "هەموو شتێک دەزانێت" و زانین دەسەپێنێت، بەڵکو بووەتە ئاسانکار و ڕێکخەری گفتوگۆیەک کە قوتابییەکان بە چالاکی تێیدا بەشدارن. مامۆستا لە قوتابییەکانەوە فێر دەبێت بە هەمان ڕادەی ئەوەی کە فێریان دەکات، و قوتابییەکان بە هەمان ڕادەی ئەوەی کە فێر دەبن، فێریش دەکەن؛ هەموو بەشدارن لە دروستکردنی زانیندا و تەنها وەرگر نین. ئەم مۆدێلە پشت بە خستنەڕووی کێشە واقیعییەکان لە ژیانی فێرخوازانەوە دەبەستێت ، تاکو ببنە بابەتی گفتوگۆ، لە جیاتی ئەو ڕێبازەی کە لە سەرەوە بەبێ ڕاوێژکردن سەپێنراوە. بەم شێوەیە فێرکاری دەبێتە پرۆسەیەکی توێژینەوە و دۆزینەوەی هاوبەش؛ کە تێیدا مامۆستا و فێرخوازان هاوکاری دەکەن لە دۆزینەوەی واقیع و هێنانەئارای پرسیار و لە ڕێگەی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ هەوڵدەدەن تا وەڵامەکان بدۆزنەوە. زانین لەم پێوەندەدا پاکەتێکی زانیاری ئامادەکراو نییە، بەڵکو هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانەی نوێبووەوەیە کە لە کارلێک لەگەڵ جیهان و تێگەیشتن لێی بۆ گۆڕینی سەرهەڵدەدات. هەروەک فرێیری جەختی لێدەکاتەوە، "فێرکاریی ڕزگارکەر کردارێکی زانینی تێڕامانییە، Acts of cognition، و تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە". ئەوە فێرکاریێکە کە هۆشیاری هاندەدات لە جیاتی ئەوەی سڕی بکات؛ لە کاتێکدا فێرکاریی بانکی هەوڵدەدات هۆشیاری لە ژێر چینی زانیاری وشکدا نوقم بکات، فێرکاریی ڕزگارکەر کار لەسەر وریاکردنەوەی هۆشیاری و هاندانی دەکات بۆ ژیان لەگەڵ واقیع و دەستێوەردانی ڕەخنەگرانە تێیدا.

کۆمەڵێک لە بیرمەندان و پەروەردەکاران پێشی فرێری کەوتوون لە ڕەخنەگرتن لە فێرکاریی لەبەرکردندا. بۆ نموونە، ژان ژاک ڕۆسۆ (١٧١٢-١٧٧٨) لە سەدەی هەژدەیەمدا هێرشی کردە سەر شێوازی پەروەردەییەی ئەو کات لە ئەوروپا باوبوو و لەسەر لەبەرکردنی توندوتۆڵی منداڵان، کە لە ژینگەیەکی داخراو و توندڕەوانەدا بنیات نرابوو. لە کتێبی "ئێمیل یان لە بارەی پەروەردە"دا ڕۆسۆ وێنای پەروەردەیەکی سروشتی کێشا کە ڕێز لە بێگەردی منداڵ و ئازادی دەگرێت، و وای لێدەکات کە لە ڕێگەی ئەزموون و تێکەڵبوون بە جیهاندا فێر ببێت لە جیاتی پڕکردنی مێشکی بە زانیاری. ڕۆسۆ دەڵێت منداڵ دەبێت "لە کتێبی ئەزموونەوە فێر ببێت نەک لە کتێبی قوتابخانەکان؛ و زانینی خۆی لە سروشت و واقیعی هەستپێکراوەوە وەربگرێت لە جیاتی ملکەچبوون بۆ فەرمانەکانی کۆمەڵگا". ئەم تێڕوانینە لەگەڵ بینینی فرێیریدا یەکدەگرێتەوە لەو گۆشەنیگایەوە کە هەردووکیان بیرۆکەی منداڵ/قوتابی وەک پاسیڤ و وەرگر ڕەت دەکەنەوە. ڕۆسۆ وەک فرێیری فێرخوازێکی چالاکی دەویست کە خۆی لە پێوەندی ژیانی واقیعیدا زانینی خۆی بنیات بنێت، نەک فێرخوازێکی ملکەچ کە بە زۆر وانەی پێ بوترێتەوە. هەروەها دەنگدانەوەیەکی سەرەتاییش بۆ فێرکاریی ڕزگارکەر لای خەلیل سەکاکینی (١٨٧٨-١٩٥٣) لە فەلەستین دەبینین. سەکاکینی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕەخنەی لە بەرنامە نەریتییەکانی قوتابخانەکانی قودس گرت کە لەسەر لەبەرکردنی بێ بەرهەم و سزای جەستەیی و نەبوونی پەیوەندی فێرکاری بە ژیانی قوتابییەکانەوە بنیات نرابوون. سەکاکینی دەستی لە کارکردن لە قوتابخانە میسیۆنارییەکان کێشایەوە و لە ساڵی ١٩٠٩دا قوتابخانەیەکی ناوخۆیی دامەزراند، کە ناوی نا قوتابخانەی دەستووری بۆ بەدیهێنانی ڕەهەندی پەروەردەیی خۆی. لە قوتابخانەکەیدا بەرنامەیەکی پێشکەوتووی بێ وێنەی لە ناوچەکەدا پەیڕەو کرد: سیستەمی سزای جەستەیی و خەڵات و پلەبەندی هەڵوەشاندەوە، و جەختی لەسەر مۆسیقا و وەرزش و چالاکی ئازاد کرد وەک بەشێک لە پەروەردە. هەروەها زمانی عەرەبی (زمانی دایکی قوتابییەکان) کردە زمانی فێرکاری و هەوڵی دا فێرکاری بە ناسنامە و کلتووری قوتابییەکانەوە ببەستێتەوە. دروشمی سەکاکینی ئەوە بوو کە قوتابی مرۆڤە و دەبێت بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و ئازادی بیرکردنەوەی پێ ببەخشرێت، نەک دەفرێک( فۆرمێک) بێت کە بە زانیاری پڕ بکرێت.

سەکاکینی بە کردەوە بنەمای فێرکاری بە گفتوگۆ و بەشداری پیادە کرد، و دەبینین قوتابییەکانی باس لەوە دەکەن چۆن بەشداری پێکردوون لە چیرۆک و گفتوگۆی سەرنجڕاکێش لە جیاتی وانە وتنەوەی ڕێزمانی وشک، کە ئەمەش خولیایەکی فێربوونی لایان دروست کرد کە لەگەڵ کەسانی تردا ڕانەهاتبوون. ئەم ئەزموونە پێشەنگە لە فەلەستین نموونەیەکی سەرەتایی بوو بۆ فێربوونی ڕزگارکەر و پێش فەلسەفەی فرێیری کەوت، لە ڕووی ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی پەروەردەیی سەرکوتکەر و بەرزڕاگرتنی ئازادی قوتابی و بەستنەوەی فێرکاری بە پرسەکانی کۆمەڵگا (سەکاکینی لەو کاتەدا بانگەشەی بۆ بەکارهێنانی فێرکاری لە بوژاندنەوەی هەستی نیشتیمانی و بەرەنگاربوونەوەی خورافات و نەزانی لە کۆمەڵگادا کرد). بۆیە، تێبینی دەکرێت کە مۆدێلی ڕزگارکەری فرێیری ڕەگوڕیشەی مێژوویی و فیکری لە گۆشەنیگا پەروەردەییەکان هەیە، کە پێش سەردەمی خۆی کەوتوون، هەروا فرێیری بەوە جیاواز بوو کە بنەمایەکی فەلسەفی ڕەخنەگرانەی بۆ ستەمی کۆمەڵایەتی بەم مۆدێلە بەخشی و ڕاستەوخۆ بە هۆشیاری چینە چەوساوەکانەوە بەستییەوە.

لای فرییری بەردی بناغەیە لە پەروەردەی ڕزگارکەر، پێچەوانەی فێرکاریی بانکی کە تایبەتمەندی گوتارێکی یەک ئاڕاستەیە لە مامۆستاوە بۆ قوتابی، فرێیری جەخت لەسەر ئەوە دەکات. کە فێربوونی ڕاستەقینە لە کارلێکی گفتوگۆیی نێوان هەموو لایەنەکانی پرۆسەی فێرکاریدا سەرهەڵدەدات. گفتوگۆ لای فرێیری تەنها تەکنیکێکی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو ڕێبازێکی پەروەردەیی ڕزگارکەرە کە لەسەر ڕێزی دووقۆڵی نێوان مامۆستا و فێرخواز بنیاتنراوە، و لەسەر باوەڕهێنان بەوەی کە ڕاستی تایبەت نییە بە کەسێک بەڵکو لە ڕێگەی گەڕانی بەکۆمەڵەوە ئاشکرا دەبێت. لە دۆخی گفتوگۆییدا مامۆستا پرسیار دەخاتە ڕوو لە جیاتی دانی وەڵامی ئامادەکراو، و گوێ لە ئەزموونەکانی قوتابییەکان و زانینی شاراوەیان دەگرێت، و هانیان دەدات بۆ دەربڕین و ڕەخنەگرتن. بەم شێوەیە قوتابییەکان دەبنە توێژەری بەشدار لە زانیندا، و پەیوەندییان بە زمان و زانینەوە لە وەرگرتنی پاسیڤەوە بۆ بەکارهێنانی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە دەگۆڕێت. فرێیری لەو باوەڕەدایە کە گفتوگۆ مەرجێکی پێویستە بۆ پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە؛ چونکە بە گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیرۆکەکان، توانای شیکاری و بەراوردکردن و دۆزینەوەی پەیوەندییەکان لە واقیعدا گەشە دەکات. هەروەها گفتوگۆ متمانە بە خۆ و مرۆڤبوونی فێرخوازان دەگەڕێنێتەوە، چونکە هەست دەکەن کە دەنگەکانیان بیستراون و بەهایان دانی پێدا نراوە، ئەمەش بە پێچەوانەی فێرکاریی دەسەڵاتخوازە کە فێری بێدەنگی و ملکەچییان دەکات. لە گۆشەنیگای فرێیرییەوە، گفتوگۆ کردارێکی خۆڕزگارکەرە، چونکە خۆشەویستی و متمانە بە مرۆڤ لە خۆ دەگرێت؛ بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ کەسێک بکەم پێویستە باوەڕم بە توانا مرۆییەکانی هەبێت و ئامادە بم لێی فێر بم هەروەک چۆن فێری دەکەم. بەم مانایە مامۆستا و قوتابی لە گفتوگۆدا دەبنە "هاوڕێی ڕێگا" بەرەو ڕاستی، هەڵە دەکەن وبۆ یەکتری ڕاست دەکەنەوە و بەشداری لە گەشەکردن دەکەن.

گفتوگۆ و پەیوەندی دیالۆگی کە فرێیری بانگەشەی بۆ کرد، بەردەوامی لە کارەکانی بیرمەندانی تری پەروەردەدا هەیە. بۆ نموونە، پەروەردەکاری فەلەستینی خەلیل سەکاکینی لە پۆلەکانیدا، بە ڕێزگرتن لە بۆچوونی قوتابییەکانی و هاندانیان بۆ دەربڕینی تێبینییەکانیان، گیانی گفتوگۆی بەرجەستە کرد ، و دوورکەوتنەوە لە شێوازی ترساندن. یەکێک لە قوتابییەکانی (واسف جەوهەرییە) شایەتی داوە کە وانەکانی سەکاکینی زیاتر لە گفتوگۆیەکی چیرۆکئامێزی سەرنجڕاکێش دەچوون وەک لە لەبەرکردن، و قوتابییەکان لە ڕێگەی نموونە و چیرۆکەکانەوە بە پەرۆشەوە کارلێکیان لەگەڵی دەکرد تێدەگەیشتن. هەرچەندە ، ڕۆسۆ لە ئێمیلدا بە شێوازێکی جیاواز پشتی بە گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆ نێوان منداڵ و ژینگەکەی بەست: ڕۆڵی پەروەردەکار لای ڕۆسۆ ئەوەیە کە دەرفەت بۆ منداڵ بڕەخسێنێت بۆ "گفتوگۆ لەگەڵ سروشت" و لەگەڵ ئەزموونە تایبەتییەکانی خۆی تا لە جیهان تێبگات، لە جیاتی ئەوەی فەرمانی پێ بکات. ئەم نموونانە ئاماژە بەوە دەکەن کە جەوهەرەکە یەکە: فێرکاریی مرۆیی لە پەیوەندی و کارلێکردندا خۆی دەبینێتەوە نەک لەبەرکردن و فەرمان. لەوانەیە نموونەی باشترین بەرجەستەکردنی گفتوگۆی پەروەردەیی ئەوە بێت کە لە "بازنەکانی کلتوور"دا بینرا کە فرێیری بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری جووتیارە بەڕازیلییەکان دروستی کرد؛ کە تێیدا لەگەڵ فێرخوازە گەورەکان لە بازنەی گفتوگۆدا کۆ دەبووەوە و قسەیان لەسەر وشە لە واقیعی ڕۆژانەیان و واتاکانیان دەکرد، لە ئەنجامی پرۆسەی فێربوونی بەکۆمەڵی گفتوگۆییدا، ئاستی هۆشیاری لای هەمووان بەرزکردەوە - مامۆستا و فێرخوازەکان پێکەوە.

ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی پەروەردە

فرێیری جەختی کردووەتەوە کە پەروەردە کردارێکی سیاسییە بە تەواوی، یان دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ یان ئامرازێک بۆ بەزۆر تێکەڵکردنی لە سیستەمی ستەمی بەردەوام. ئەو بیرۆکەی "بێلایەنی" پەروەردە ڕەت دەکاتەوە، و جەخت دەکاتەوە کە هەموو کردارێکی پەروەردەیی لە ناوەڕۆکدا یان بە شێوەیەکی شاراوە کار دەکات لەسەر چەسپاندنی واقیعی کۆمەڵایەتی یان گۆڕینی.

لەم ڕوانگەیەوە، فرێیری پێی وایە مۆدێلی پەروەردەی بانکی (واتە قوتابی وەک بەتاڵیەک کە پڕ دەکرێت بە زانیاری) تەنها مەسەلەی شێوازی وانە وتنەوە نییە، بەڵکو بەشێکە لە پێکهاتەی زۆرداری کۆمەڵایەتی. کاتێک قوتابی وەک بابەتێکی پاسیڤ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، و کاتێک زانینی فێرگەیی لە واقیعی ژیان دادەبڕێت، ئەنجامەکەی کەسێکی نامۆ دەبێت لە ژینگەکەی و ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لە بارودۆخەکەی تێبگات. کەسێکی لەم جۆرە زیاتر ئامادەیی هەیە بۆ ملکەچ بوون بۆ ستەم یان پاساو هێنانەوە بۆی، واتە - بێ ئەوەی بزانێت - دەبێتە بەشدارێک لە بەرهەمهێنانەوەی سیستەمی زۆرداری.

ئەمەش مەبەستی فرێیری بوو کاتێک گوتی کە سیستەمی ستەمکار لە ڕێگەی پەروەردەی بانکییەوە هەوڵ دەدات "هۆشیاری چەوساوەکان بگۆڕێت نەک واقیعەکەیان، بۆ ئەوەی بە ئاسانتر بتوانن خۆیان لەگەڵ ئەو واقیعە بگونجێنن". بە پێچەوانەوە، پەروەردەی ڕزگاریخواز پرۆسەیەکی سیاسی کردنی هۆشیارییە، بەو مانایەی کە پەیوەندی دروست دەکات لە نێوان زانین و ژیانی ڕۆژانە و سیاسەت .فرێیری هەمیشە پەیوەندی دروست کردووە لە نێوان پەروەردە و هۆشیاری چینایەتی و خەباتی بەکۆمەڵ. کاتێک تاک هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانەی هەبێت سەبارەت بە چینەکەی و بارودۆخەکەی، تێدەگات کە کێشە کەسییەکانی دانەبڕاو نین بەڵکو بەشێکن لە شێوازێکی فراوانتری ستەم کە گرووپە کۆمەڵایەتییەکەی دەگرێتەوە.

ئەم تێگەیشتنە هەستی هاوپشتی بەکۆمەڵ دروست دەکات؛ کاتێک تاکە چەوساوەکان تێدەگەن کە ڕزگاربوونیان پێویستی بە کاری هاوبەشیان هەیە. فرێیری لە پرۆگرامەکەی بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لە نێو هەژارانی بەڕازیل، جگە لە ئامانجی فێربوونی خوێندنەوە و نووسین ئامانجێکی تری هەبوو - ئەو دەیویست سەبارەت بە واقیعی چەوساندنەوەیان و هانیان بدات بۆ ڕێکخستنی خۆیان بۆ داواکردنی مافەکانیان، هۆشیارییان لا دروستبکات.

ئەمەش بەڕاستی ڕوویدا؛ بازنەکانی فێرکاریی گەورەساڵان گۆڕان بۆ بازنەی گفتوگۆ سەبارەت بە کێشەکانی جوتیاران و کرێکاران و ڕێگەکانی گۆڕانکاری، کە ئەمەش نیگەرانی دەسەڵاتەکانی بەڕازیلی ئەو کاتەی دروستکرد و هۆکاربوو تا پرۆگرامەکەی فرێیری قەدەغەبکرێت و لە ساڵی ١٩٦٤ دەستگیری بکەن، لە ترسی بڵاوبوونەوەی "هۆشیاری مەترسیدار" لە نێو خەڵکدا.

لە ڕوانگەیەکی تیۆرییەوە، دەکرێت فەلسەفەی سیاسی فرێیری لەسەر ڕۆشنایی چەمکەکانی بیرمەندانی وەک ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١-١٩٣٧) تێبگەین. گرامشی ڕوونی دەکاتەوە کە هەژموونی چینی حوکمڕان تەنها بە هێزی ڕاستەوخۆ بەدەست نایەت، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگە قەناعەتپێدەکات کە بەها و پێوەرەکانیان وەک شتی ئاسایی و سروشتی قبوڵبکەن. قوتابخانە بە بۆچوونی گرامشی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەم هەژموونە کولتوورییەدا؛ قوتابخانە، قوتابیان دەناسێنێ بە سیستەم بە کولتووری گشتی یان زانینی هاوبەش، بەڵام لە ڕاستیدا بە ڕەنگدانەوەی کولتوور و بەرژەوەندییەکانی چینی باڵادەست دەیانناسێنێت. بەم مانایە، پەروەردەی بانکی کە فرێیری ڕەخنەی لێ گرتووە، بەرجەستەکردنی پرۆسەی هەژموونە: ئەو زانینانەی کە مامۆستا (وەک نوێنەری دامەزراوەی فەرمی) فێری فێرخوازی دەکات، لەناو خۆیدا جیهانبینیە باوەکان دەبینێت کە خزمەت بە مانەوەی هەلومەرجی چینایەتی ئێستا دەکەن. لەبەر ئەوەی قوتابیان لەم مۆدێلەدا وەرگرن نەک ڕەخنەگرن، ئەوان ئەم جیهانبینیانە دەخەنە ناو مێشکیانەوە تاکو ببێتە بەشێک لەوەی کە گرامشی ناوی ناوە "بیری گشتی یان هەستی هاوبەش".

بەم شێوەیە پەروەردە دەبێتە میکانیزمێک بۆ بەرهەمهێنانی ئەوەی کە گرامشی ناوی ناوە "ڕۆشنبیری نەریتی" کە خزمەت بە چینی باڵادەستە دەکات. لە هەر چینێکی کۆمەڵایەتیدا، کۆمەڵێک لە "ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی" دروست دەبن کە گوزارشت لە جیهانبینی ئەو چینە دەکەن و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان دەکەن؛ قوتابخانەی نەریتی یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە چینە باڵادەستەکان لە ڕێگەیەوە ڕۆشنبیرانی خۆیان بەرهەم هێناوە و هەژموونی خۆیان بەردەوام کردووە.

لێرەوە گرامشی بانگەشەی کردووە بۆ دروستکردنی ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی کە لە چینە ڕەنجدەرەکانەوە سەرچاوەهەڵدەگرن، داواکارە کە هۆشیار بن و گوزارشت لە بەرژەوەندییەکانی ئەو چینە بکەن و توانای ڕابەرایەتی خەباتی فکری ئەوانیان هەبێت. ئەم بیرۆکەیە بە تێکەڵبوونێکی بەهێزی هەیە لەگەڵ ئامانجی فرێیری بۆ گۆڕینی فێرخوازی چەوساوە بۆ ڕۆشنبیرێکی هۆشیار، کە واقیعی خۆی دەخوێنێتەوە و ڕەخنەی لێ دەگرێت. بازنەی گفتوگۆ و ڕۆشنبیرکردن کە فرێیری لەگەڵ جوتیاران بەڕێوەی دەبرد، دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ پێگەیاندنی ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی لە ناوخۆیان تێبگەین - واتە کەسانێک کە تێگەیشتنێکی بنەڕەتییان هەیە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگەکەیان و توانای پەیوەندیکردن و ڕێکخستنیان هەیە، لە جیاتی چاوەڕێکردنی ڕۆشنبیرانی "دەرەکی" کە ڕابەرایەتیان بکەن.

هێنری جیرۆ بە ڕوونی ئاماژەی بەم نزیکییە کردووە کاتێک گوتی کە فرێیری "بە شێوازی گرامشی، تێگەیشت کە هەر پەیوەندییەکی زاڵبوون پەیوەندییەکی پەروەردەییە"؛ وەک هەر هەژموونێک چەوساوە فێردەکات کە ملکەچ بێت لە ڕێگەی ئامرازی کولتووری و پەروەردەییەوە، بۆیە بەرەنگاربوونەوەی هەژموون دەبێت هەروەها لە ڕێگەی پرۆسەیەکی پەروەردەیی دژەڕەوتەوە بێت کە هۆشیاری ڕەخنەگرانە بڵاو دەکاتەوە.

هەروەها کۆمەڵناسی فەرەنسی پیێر بۆردیۆ (١٩٣٠-٢٠٠٢) شیکارییەکی پێشکەش کردووە کە یارمەتیدەرە لە تێگەیشتنی ڕۆڵی سیاسی پەروەردە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی چینەکان. بۆردیۆ پێی وایە کە سیستەمی پەروەردەی باو جۆرێک لە "توندوتیژی سیمبولی" پەیڕەو دەکات کاتێک بە شێوەیەکی شاراوە کولتوور و هێماکانی چینی باڵادەست بەسەر هەموو قوتابیاندا دەسەپێنێت، وەک ئەوەی کە تەنها کولتووری "ڕەوا" بێت. ئەمە بە شێوەیەکی نەبینراو و بەبێ هۆشیاری قوربانییەکان ڕوودەدات؛ قوتابیانی چینە نزمەکان ئەم پێوەرە سەپێنراوانە قبوڵ دەکەن و خۆیان پێ هەڵدەسەنگێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی شکستی خوێندن و هەستکردن بە کەمتری لەبەر ئەوەی لە شێوازی کولتووری باڵادەست دوور کەوتوونەتەوە. بە واتایەکی دیکە، پەروەردەی نەریتی لایەنگری چینایەتی وێرانکەری تێدایە. بە واتایەکی تر، فێرکاریی نەریتی هەڵگری لایەنگیری چینایەتی وێرانکەرە. قوتابییەکی خاوەن پێشینەی دەوڵەمەند (ئەوەی کە بوردیۆ پێی دەڵێت "سەرمایەی کولتووری" لەگەڵ کولتووری قوتابخانە دەگونجێت) سەرکەوتوو دەبێت و پێش دەکەوێت، لە کاتێکدا قوتابی هەژار دوا دەکەوێت نەک بەهۆی کەمی هۆشیارییەوە بەڵکو لەبەر ئەوەی قوتابخانە دانی بە سەرمایەی کولتووری جیاوازی ئەودا نەناوە و بە نەزانی داناوە. بەم شێوەیە، قوتابخانە جیاوازییە چینایەتییەکان نەوە لە دوای نەوە بەرهەم دەهێنێتەوە لە ژێر پەردەی لێهاتوویی و شایستەییدا. ڕەخنەی فرێری بۆ فێرکاریی بانکی لەگ بۆ بنیاتنانی زانیارییەکی ڕەخنەیی هاوبەش بۆ بنیاتنانی زانیارییەکی ڕەخنەیی هاوبەش بۆ بنیاتنانی زانیارییەکی ڕەخنەیی هاوبەش لەگەڵ ڕوانگەی بوردیۆدا یەک دەگرنەوە لەوەی کە هەردووکیان ساختەی بێلایەنی قوتابخانە ئاشکرا دەکەن: چونکە فێرکاریی بێ ڕەخنە کە پێشینە و زانیاری پێشووی فێرخواز پشتگوێ دەخات، لە ڕاستیدا میکانیزمێکە بۆ بەردەوامی زاڵبوونی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی پەراوێزخستنی دەنگی پەراوێزخراوەکانەوە. بەڵام فرێری هەنگاوێکی دوورتر دەڕوا، بەدیلێکی ڕزگارکەر پێشنیاردەکات کە بازنەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم دۆخە دەشکێنێت. فێرکاری دیالۆگی ڕەخنەیی کە بانگەشەی بۆ کردووە، دەرگایەک دەکاتەوە بۆ دانپێدانان بە ئەزموونەکانی چەوسێنراوان و کولتوورە دەوڵەمەندەکەیان، و وەک خاڵی دەستپێکی پرۆسەی فێربوون مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. فرێری جەختی لەسەر گێڕانەوەی نرخ بۆ زانیاری و ئەزموونەکانی هەژاران کردووە، و پێی وایە هەر کولتوورێک بەها و مانای هەیە، و پەروەردەی ڕزگارکەر دەبێت زمانی فێرخوازان و کولتووری میللیان وەک خاڵی دەستپێک بەکاربهێنێت. ئەم ئاراستەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی دژی ئەوەیە کە بوردیۆ ناوی ناوە توندوتیژی سیمبولیک، چونکە هاوکێشەکە پێچەوانە دەکاتەوە: لە بری سەپاندنی کولتووری نوخبە بەسەر جەماوەردا، بۆ بنیاتنانی زانیارییەکی هاوبەش لە کولتووری جەماوەرەوە دەست پێ دەکرێت. بەم شێوەیە، فێرکاری دەتوانێت ببێتە هێزێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی نایەکسانی لە جیاتی بە نەمری کردنی.

فەلسەفەی ڕزگاریخوازی فرێری کاریگەری هەبووە لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە پەروەردەکاران لە سەرتاسەری جیهاندا، لە دیارترینیان بیرمەندی ئەمریکی-کەنەدی هێنری جیرۆ بووە (لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٣). جیرۆ بە یەکێک لە پێشەنگەکانی پەروەردەی ڕەخنەیی (Critical Pedagogy) دادەنرێت لە سەردەمی نوێدا، و ئیلهامی لە زۆرێک لە بیرۆکەکانی فرێری وەرگرتووە، بۆ چوارچێوەی کۆمەڵگا پیشەسازییە پێشکەوتووەکان گواستوویەتەوە. جیرۆ هاوڕا بووە لەگەڵ بۆچوونی فرێری کە فێرکاری لە سیاسەت جیا ناکرێتەوە، هەروەها شیکردنەوەی بۆ پێگەی پەروەردە لە ژێر سایەی سەرمایەداری دواکەوتوو و کولتووری بەکاربەرایەتی زیاد کردووە. جیرۆ جەختی کردەوە کە قوتابخانەکان دەبێت گۆڕەپانی دیموکراسی و بیرکردنەوەی ئازاد بن، نەک کارگەی بەرهەمهێنانی ملکەچی، و بانگەوازی مامۆستاکانی کرد بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی "ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیک" یان "ڕۆشنبیرانی گۆڕانکاری" کە کار لەسەر گەشەپێدانی هۆشیاری ڕەخنەیی لای قوتابیان و بەرەنگاری کولتوری زاڵبوو بکەن. جیرۆ چەمکی مامۆستای وەک ڕۆشنبیرێکی ڕەخنەگر داڕشتووە کە دەبێت گومان لە بەرنامە فەرمییەکان بکات ئەگەر لایەنگیریان تێدا بوو، و پەیوەندی لە نێوان فێرکاری و بابەتەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی وەک ڕەگەزپەرستی و کێشەکانی جێندەر و ژینگە و هی تر دروست بکات. هەروەها شانازی بۆ جیرۆ دەگەڕێتەوە لە بڵاوکردنەوەی خودی زاراوەی "پەروەردەی ڕەخنەیی" لە هەشتاکانی سەدەی بیستەم، کە تێیدا بیرۆکەکانی فرێری لەگەڵ تیۆرییەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت (ماکس هۆرکهایمەر و هاوڕێکانی) و لەگەڵ شیکردنەوە کولتوورییە هاوچەرخەکان تێکەڵ کرد.

لە بۆتەکردنی ڕەوتێکی پەروەردەیی ڕەخنەیی کە دژی مەیلەکانی تایبەتکردن و سوودگەرایی بەرتەسکی فێرکارییە. جیرۆ بەڵگە دەهێنێتەوە کە پەیامی باڵای فێرکاری ئامادەکردنی هاوڵاتیانی ڕەخنەگرە کە توانای بەشداریکردنی کاریگەریان هەیە لە کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و بەرەنگاری پێکهاتە ناعادیلەکان دەبنەوە. ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە فرێری لە چوارچێوەیەکی تردا هەوڵی بۆ داوە - واتە کردنی فێرخواز بە بکەرێکی کۆمەڵایەتی کە بتوانێت پەیوەندییەکانی هێز لە کۆمەڵگەکەیدا تێبگات و هەوڵی گۆڕینیان بدات. جیرۆ ستایشی میراتی فرێری کردووە و جەختی کردۆتەوە کە فرێری "هەمیشە پەیوەندی لە نێوان هۆشیاری و زانیاری لە لایەکەوە و کاری سیاسی لە لایەکی ترەوە دروست کردووە، و پێی وابووە کە پەروەردە بەشێکە لە خەباتی بەرفراوانتر دژی سەرمایەداری و دەسەڵاتخوازی". بەهۆی هەوڵەکانی جیرۆ و هاوبیرەکانیەوە، بنەماکانی پەروەردەی ڕەخنەیی لە بەرنامەکانی کۆلێژەکانی پەروەردە لە زانکۆکان بڵاوبۆتەوە، کە کاریگەری بیرۆکەکانی فرێری لە ئاستی جیهانیدا فراوانتر کردووە تەنانەت دوای مردنیشی.

بە کورتی، فەلسەفەی پەروەردەیی پاولۆ فرێری لە سنوورەکانی پۆلی وانەوتنەوە تێدەپەڕێت بۆ پرۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی. لای ئەو، فێرکاری یان کرداری ڕزگاریخوازییە یان دەستەمۆکردنی سیاسییە؛ یان هزرەکان ڕزگار دەکات و ڕۆشنیان دەکاتەوە، یان بێهۆشیان دەکات و بەپێی پێوانەکانی سیستەمی باو فۆرمیان دەدات. فرێری چوارچێوەیەکی پەروەردەیی تەواوکاری بۆ دەستەبەرکردنی بژاردەی یەکەم پێشکەش کردووە: لە دروستکردنی هۆشیاری ڕەخنەییەوە دەست پێدەکات لە ڕێگەی هۆشیارییەک کەبیرکردنەوە و کردارکۆدەکاتەوە، بە ڕووخاندنی دیواری یەکلایەنەی دەسەڵات لە پۆلدا لە ڕێگەی دیالۆگ و بەشداریکردن، و گەیشتن بە وەبەرهێنانی فێرکاری وەک سەکۆیەک بۆ وروژاندنی پرسیارە کۆمەڵایەتییە گەورەکان و پتەوکردنی هاوپشتی گشتی لە بەرامبەر ستەمدا. ئەم دیدە بە میراتی بیرمەندانی جیهانی پاڵپشتی دەکرێت. ڕوسۆ بانگەشەی بۆ پەروەردەیەکی سروشتی کرد کە ڕێز لە سروشتی ئازادی مرۆڤ دەگرێت، سەکاکینی پەروەردەیەکی ڕزگاریخوازی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و نەریتی کۆن جێبەجێ کرد، گرامشی ڕۆڵی بیرکردنەوەی لە ململانێی چینایەتیدا ئاشکرا کرد و بانگەشەی بۆ گەڕاندنەوەی زانیاری بۆ چەوسێنراوەکان کرد، بوردیۆ لایەنگیری دامەزراوەی پەروەردەیی ئاشکرا کرد و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هانی داین بۆ گەڕان بەدوای فێرکاریێکی دادپەروەرانەتر، و جیرۆ مەشخەڵی فرێری بۆ مەیدانی نوێ وەک گۆڕەپانە ئەکادیمییەکان و بزووتنەوەکانی چاکسازی پەروەردەیی هاوچەرخ برد. ئەم ڕۆژگارەش، پەروەردەی ڕزگاریخوازی کە فرێری و هاوشێوەکانی مژدەیان پێدا، پڕۆژەیەکی هاوچەرخ دەمێنێتەوە هەتا ستەم و نایەکسانی بەردەوام بن. لە بەرامبەر دنیای ئەمڕۆماندا، ئاستەنگەکانی وەک فراوانبوونی کەلێنە چینایەتییەکان و قووڵبوونەوەی کولتووری بەکاربەری و پاشەکشەی بەهاکانی مرۆیی لە پرۆسەی فێرکاریدا، پێویستییەکی بەهێز دەخوڵقێنن بۆ ئەوەی گڕی هۆشیاری ڕەخنەیی بەردەوام کڵپە بکات. هەروەک فرێری جەختی کردووەتەوە، بنیاتنانی جیهانێکی دادپەروەرانەتر و مرۆڤانەتر لە پۆلێکی خوێندنەوە دەست پێ دەکات کە تێیدا مرۆڤ وەک مرۆڤێکی ئازاد و بیرکەرەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. چونکە فێرکاری یان پیادەکردنی ئازادییە یان ئامڕازی چەوساندنەوەیە.

 

سەرچاوە:

ئەمە وتارێکە بە ناوی "فێرکاری: پراکتیزەکردنی ئازادی یان ئامرازی چەوساندنەوە" کە لە لایەن "جەمیل سالم"ەوە لە ئەپرێلی ٢٠٢٥ نووسراوە.

 

اهم المراجع:

1. فريري، باولو. تعليم المقهورين. ترجمة يوسف نور عوض. بيروت: دار القلم، 1980.

2. فريري، باولو. التعليم من أجل الوعي الناقد. ترجمة حامد عمار. القاهرة: الدار المصرية اللبنانية، 2007.

3. روسو، جان جاك. إميل أو التربية. ترجمة عادل زعيتر. القاهرة: لجنة التأليف والترجمة والنشر، 1956.

4. غرامشي، أنطونيو. دفاتر السجن. ترجمة صبا قاسم. بيروت: دار الفارابي، 2010.

5. بورديو، بيير، وجان كلود باسرون. إعادة الإنتاج: في سبيل نظرية عامة لنسق التعليم. ترجمة ماهر تريمش. بيروت: المنظمة العربية للترجمة، 2007.

6. عبد الله، غسان. أي تعليم نريد؟ حوار التعليم التحرّري في فلسطين. رام الله: مؤسسة روزا لوكسمبورغ، 2016.

7. حشوة، ماهر، التربية التحررية النقدية، معهد مواطن جامعة بيرزيت، 2010.

8. فريري، باولو، مازن الحسيني مترجم. نظرات في تربية المعذبين في الأرض. (رام الله: دار التنوير، 2003).

9.H. Giroux, "The Kids Aren't Alright: Youth Pedagogy and Cultural Studies" in Fugitive Cultures.

10. Henry A. Giroux, The New Henry Giroux Reader: The Role of the Public Intellectual in a Time of Tyranny, ed. Jennifer A. Sandlin and Jake Burdick, foreword by Antonia Darder (Gorham, ME: Myers Education Press, 2018).

 


پەیامێک جێبهێلە

تێبینیەک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر