ئێران لە هایدگەرەوە بۆ کانت

ئێران لە ئێستادا بە کردەیی تەنها بۆ سەروەریی خۆی ناجەنگێت، بەڵکو بۆ پرەنسیپە جیهانییەکەی سەروەریش دەجەنگێت

سلاڤۆی ژیژەک

وەرگێڕانی شاڵاو یاسین

دوابەدوای 1ی ئازاری ساڵی (2026) لە لایەن میدیاکانەوە هێرشێکی زۆرم کرایە سەر و [بۆمباران کرام] تاوەکو شتێک سەبارەت بە هێرشی بەردەوامی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بڵێم. هەندێک لەو میدیایانە ئەوەیان بیر هێنامەوە کە لە 11ی ئابی  (2005)دا، لە گۆڤاری (In These Times) بابەتێکم بە ناونیشانی "هەلی چەکی ئەتۆمی بدەن بە ئێران: لە جیهانێکی دێوانەی لەم شێوەدا، لۆژیکی لەنێوچوونی مسۆگەری یەکتر هێشتا کاردەکات" بڵاوکردبووەوە؛ بۆیە بەرمەبنای ئەم وتارەم لێیان پرسیم ئایا هێشتا ئەمە هەڵوێستی منە لە ئێستایە؟[1] ڕاستی لێرەدا دەبێت بە دوو ڕێگە بەشیکی ئەم میدیایانە نائومێدیان بکەم: یەکەم، نەخێر، ئێستا ئەمە هەڵوێستی من نییە. من ئەو کات لە تێکستەکەمدا ئاماژەم بەوە دابوو کە ڕۆژئاوا دەستی هەبووە لە هێرشەکەی عێراق بۆ سەر ئێران (تەنانەت ئەمریکا وێنەی مانگی دەستکرد و گازی ژەهراوییشی دابوو بە عێراق بۆ دەستنیشانکردن و کوشتنی هێزە ئێرانییەکان). پاشان، ئەو هێرشە ئەو کات بۆ ئەوە ئەنجامدرا تاوەکو لە نێو ئەو شڵەژان و پاشاگەردانییەی دوای شۆڕشەکەی خومەینی دروست ببوو، عێراق دەست بەسەر ئەو ناوچە دەوڵەمەندانەی نەوتدا بگرێت کە لە سنووری ئێرانەوە نزیکبوون. کاتێکیش سەدام حوسێن دەستگیرکرا و ڕاپێچی دادگا کرا، ئێران زۆر بە لۆژیکی داوای کرد کە هێرشکردنەکەی سەر ئێرانیش بخرێتە لیستی تاوانەکانیەوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ملیۆنێک کەس، بەڵام ئەمریکا ئەم داوایەی ئێرانی ڕەتکردەوە، چونکە دەبوە هۆی ئاشکرابوونی دەستتێوەردان و دەستتێدابوونی ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا.[2]

سەرباری ئەوەش، ئەو ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەی کە لە ساڵی 2022 لە ئێران ڕوویدا - ئەوەی بە ناڕەزایەتییەکانی مەهسا ئەمینی ناسراوە - گرنگییەکی مێژوویی-جیهانی هەبوو. ناڕەزایەتییەکان کە دەیان شاری ئێرانی گرتەوە، لە 16ی ئەیلوولی ساڵی 2022 یەکەمجار لە تارانەوە دەستیپێکرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە گیانلەدەستدانی ئەمینی بوو، مەبەستم ئەو ژنە کوردە تەمەن 22 ساڵەی کە لە کاتی بەندکردن و دەستبەسەریدا لای پۆلیس گیانی سپارد. مەهسا لە لایەن "دەورییەی ئیرشادە"وە، کە بە "پۆلیسی ڕەوشت"ی ئیسلامی ناسراوە، تا مردن لێی درابوو، ئەمەش دوای ئەوەی بوو کە بە تۆمەتی پۆشینی حیجابێکی "نەگونجاو" دەستگیر کرابوو. وەک بینیمان ناڕەزایەتییەکان چەندین شێوازی جیاوازی خەبات و تێکۆشانیان (دژی سەرکوتکردن و چەوسانەوەی ژنان، ستەمی ئایینی و هەروەها لە پێناو ئازادیی سیاسی دژی تیرۆری دەوڵەتی) لە چوارچێوەی یەکگرتنێکی ئۆرگانیدا کۆکردەوە. خۆی لە ڕاستیدا ئێران لە ڕووی کولتوورییەوە لە "ڕۆژئاوای پێشکەوتوو" جیاوازترە، هەر بۆیە دروشمێکی وەک (ژن، ژیان، ئازادی) زۆر جیاوازە لە بزووتنەوەیەکی وەک "Me Too" کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا سەریهەڵدا.[3]

ناڕەزایەتییەکانی ئێران ملیۆنان ژنیی ئاساییان مۆبیلیزە و ڕێکخست و هێنایە مەیدان، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ لینکێکی نەپچڕاوی درووستکرد بۆ هەموو جۆرە خەبات و تێکۆشانێک لەپێناو هەمووان، تەنانەت بۆ خودی پیاوانیش. هاوکات لەم ناڕەزاییەتیانەدا هیچ جۆرە مەیل و ئاراستەیەکی دژە-نێرانە بوونی نەبوو، بەپێچەوانەی ئەوەی زۆرجار لە بەشێکی زۆری ناڕەزایەتییە فێمینیستیەکانی ڕۆژئاوا دەیبینین. دەرئەنجام دەبێ ئەوە دووبارە بکەمەوە کە من هەنووکە هەڵوێست و تێڕوانینم بەرامبەر بە ئێران گۆڕاوە: هاوکات باوەڕم بەوەش نەماوە کە ئێران لە ئێستادا خاوەنی هیچ جۆرە چەکێکی ناوەکی بێت، هەروەک چۆن ئەوەشی بۆ زیاد دەکەم کە ئیسرائیل نەیبێت.. کەواتە لێرەدا لەگەڵ عەلی خامنەیی کۆک و هاوڕام کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا فەتوایەکی دژی بەدەستهێنان و پەرەپێدان و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەرکرد. ئەوەش ڕاستە، بەشێکی زۆری توندڕەوەکان لەو کات و زەمانەدا دژی ئەم هەڵوێستەی خامنەیی بوون. لە ئازاری 2025دا عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری خامنەیی، ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی هێرش بکەنە سەر ئێران، ئەوە وڵاتەکەمان هیچ بژاردەیەکی تری نامێنێت جگە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی – بەڵام هەر بەڕاستی کێ دەتوانێت لەسەر ئەم قسەیە لۆمەی بکات؟

هەڵووێستی من سەبارەت بەو جەنگەی ئێستا لە ئارادایە، هیچ شتێکی نوێی تێدا نییە: من زۆر بە ڕوونی دژی ڕژێمی "کەلێرۆفاشیست"ی (فاشیزمی ئایینی) ئێرانم، و لە هەمان کاتدا دژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیشم؛ چونکە ئەگەر ئەم ڕژێمە [بەو شێوەیە] بڕووخێت، ئەوا بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەچێت. جا بۆیە لێرە هەڵبژاردنی یەکێک لە هەردوو ڕژێمی ئێران و ئەمریکایەکی ترەمپیستدا، هەڵبژاردنێکی هەڵە و چەواشەکارانەیە، چونکە هەردووکیان سەر بە هەمان سیستەمی جیهانین. بەڵێ، من سەرکۆنەی ئەو کارە دڕندانەییانەی ئێران دەکەم کە لە سەرکوتکردنی دوا شەپۆلی ناڕەزایەتییەکاندا ئەنجامی دان، بەڵام لە لایەکی ترەوە، ئەو هەڵوێستەش بە قێزەون دەبینم کە لە 4ی ئازاری 2026دا لە لایەن وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، واتا ئیسرائیل کاتزەوە ڕاگەیەندرا:

"هەر سەرکردەیەک کە لە لایەن ڕژێمی تیرۆریستی ئێرانەوە دەستنیشان بکرێت، بۆ ئەوەیە کە بەردەوامیی و سەرپەرشتیی پلانی لەناوبردنی ئیسرائیل بکات، یان بۆ هەڕەشەکردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و جیهانی ئازاد و وڵاتانی ناوچەکە و سەرکوتکردنی گەلی ئێران؛ بۆیە ئەم هەڕەشانە بۆ ئێمە دەبێتە ئامانجێکی ڕوون و بێ ئەملا و ئەولا بۆ نەهێشتن وسڕینەوەی. جا بە هیچ شێوەیەک گرنگ نییە ئەم هەڕەشانە ناویان چییە و لە چ شوێنێکدا خۆیان حەشار داوە."

لە لایەکی دیکەوە، مرۆڤ دەتوانێت بە باشی لەو "زۆرینە بێدەنگە"ی نێو ئێران تێبگات (ئەوانەی لە لایەن ڕژێمەوە دەمکوت کراون)، ئەم زۆرینە بێدەنگە سەرباری ئەوەی کە دەسەڵاتی ڕژێم ڕەت دەکەنەوە، لە هەمان کاتیشدا بە گومان و بێ متمانەییەوە دەڕواننە ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامی دەدەن، هاوزەمان هەڵوێستی ئەم زۆرینە بێدەنگە نە ئومێدە و نە بێئومێدی، بەڵکو جۆرێکە لە دڵەڕاوکێ و ترس. هەروەک لە کەیسی ڤەنزوێلادا بینیمان، کاتێ ترەمپ لە 6ی ئازاری 2026دا بە (CNN)ی ڕاگەیاند کە سەرکردایەتی ئێران "خەسێنراوە" یان [بێهێز کراوە]، بۆیە ئیتر ئەو بە دوای سەرکردایەتییەکی نوێدا دەگەڕێت کە مامەڵەیەکی باش لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بکات، تەنانەت ئەگەر ئەو سەرکردەیە کەسایەتییەکی ئایینی بێت و دەوڵەتەکەش دیموکراسی نەبێت... ئا ئەمەیە مانای ئازادی و دیموکراسی لای ئەوان!

جا سەرەڕای هەموو کارە ترسناک و دڕندانەکانی ڕژێمی ئێران (کە بە نزیکەیی هێندەی ڕژێمی سعودیە چەوسێنەرە)، ئێستا دەبێت پشتگیری لە ئێران بکەین. ئێران لە ئێستادا بە کردەیی تەنها بۆ سەروەریی خۆی ناجەنگێت، بەڵکو بۆ پرەنسیپە جیهانییەکەی سەروەریش دەجەنگێت. غەمگینترین شت لێرەدا ڕۆڵی ئەوروپای ڕۆژئاوایە، کە تەنها ئیسپانیای شەرەفمەندی لێبەدەربێ، دیسانەوە دەرفەتەکەی لەدەست دا و وەک نۆکەر و خزمەتکارێکی ئەمریکا ڕەفتاری کرد. خودی ئەمریکا، کە لە واقیعدا کۆلۆنییەکی ئیسرائیلە، بە زنجیرە و یەک لەدوای یەک سەروەریی وڵاتانی تر پێشێل دەکات، تەنانەت ئێستاش وا خەریکە سەروەریی ئیسپانیاییش پێشێل دەکات. کەواتە بەڵێ، گۆڕینی ڕژێم لە ئێران جێگەی دەستخۆشییە - بەڵام ئەی سەبارەت بە گۆڕینی ڕژێم لە خودی ئەمریکادا؟

لەم ساتەدا، دەمەوێت تیشک بخەمە سەر بابەتێکی بە ڕواڵەت لاوەکی، کە لەگەڵ ئەوەشدا بۆ تێگەیشتنمان لە ئێران زۆر گرنگە. گەر سەرنج بدەن دەبینی کە بازنەی ناوەوەی دەسەڵاتی ئێران ئاستێکی سەرسوڕهێنەری باڵا لە گفتوگۆی فیکرییان پاراستووە - لەڕاستیدا ئەوان تەنها کۆمەڵێک توندڕەویی گەندەڵ نین. بۆ نموونە، خودی خامنەیی چەندین کتێبی لەسەر ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی، حوکمڕانی و ژیانی ڕۆحیی تایبەت نووسیوە، لەوانەش "کورتەیەک لە بیری ئیسلامی لە قورئاندا" و "خێزانی میهرەبان". هەر سەبارەت بەم پرسە، تا ناوەڕاستی نەوەدەکان، کەسی سەرەکی لەم بوارەدا سەید ئەحمەد فەردید (1910 – 1994) بوو، کە پرۆفیسۆر و فەیلەسوفێکی دیار بوو لە زانکۆی تاران. فەردید وەک یەکێک لە ئایدیۆلۆگەکانی فەلسەفەی حکومەتی ئیسلامیی ئێران دادەنرێت کە دوای شۆڕشی 1979 هاتە سەر دەسەڵات. فەردید بەردەوام لە ژێر کاریگەریی مارتن هایدێگەردا بوو، هاوکات پێی وابوو کە هایدگەر "تاکە فەیلەسوفی ڕۆژئاواییە" کە گوایە لە جیهان تێگەیشتووە، و تاکە فەیلەسوفێکیشە کە تێڕوانینەکانی لەگەڵ بنەماکانی کۆماری ئیسلامیدا تەبا و هاومیزان و گونجاو بوون. ئەم دوو فیگەرە، واتا خومەینی و هایدێگەر، یارمەتیدەری فەردید بوون بۆ چەسپاندنی هەڵوێست و بۆچوونەکانی.

فەردید لە کتێبەکانیدا هەمیشە سەرکۆنەی ئەو "مرۆڤتەوەرەیی" و "ئەقڵانییەتە"ی دەکرد کە یۆنانی کلاسیک هێنایە ئاراوە، چونکە پێی وابوو کە لەچەرخ و زەمانی گریکدا ئەقڵی مرۆڤ خرایە شوێنی دەسەڵاتی خودا و ئیمان[4]. هەر لەم ڕووەوە، ئەو تەنانەت ڕەخنەی لە فەیلەسوفە ئیسلامییەکانی وەک "فارابی" و "مەلا سەدرا"ش دەگرت بەوەی کە نووقمی فەلسەفەی گریک بوون یان بەجۆرێکی دی فەلسەفەی یۆنانییان هەرس و تێکەڵی بیروڕاکانیانیان کردووە. ئەوە هەر خودی فەردیدیش بوو کە چەمکی "ڕۆژئاوامەستی و غەربزەدەگیی" (Westoxication)ی داهێنا، کە دوای شۆڕشی 1979 ئێران، بوو بە یەکێک لە بنەما و فێرکارییە ئایدیۆلۆژییە سەرەکییەکانی حکومەتە ئیسلامییە نوێیەکەی ئێران.

هاوزەمان نەیاری سەرەکیی لیبڕاڵ-ڕیفۆرمیستی ئەم هێڵە توندڕەوە ئیسلامییە، سەرۆک محەمەد خاتەمی بوو، کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە فەلسەفەی ڕۆژئاوادا لە زانکۆی ئەسفەهان بەدەستهێنابوو. ئەو لە ساڵی 1997 تا 2005 وەک سەرۆک لە پۆستەکەیدا خزمەتی کرد. خاتەمی لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی تایبەت بە لیبڕاڵیزەکردن و ڕیفۆرم خۆی کاندید کردبوو. هەروەها لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، خاتەمی بیرۆکەی "دیالۆگی نێوان شارستانییەتەکان"ی وەک وەڵامێک بۆ تیۆرییەکەی ساموێل هەنتینگتۆن(1992) سەبارەت بە "پێکدادانی شارستانییەتەکان" پێشنیاز کرد. دواتر نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر پێشنیازەکەی خاتەمی، ساڵی 2001ی وەک "ساڵی دیالۆگی نێوان شارستانییەتەکان" ڕاگەیاند. لە ماوەی دوو خولی سەرۆکایەتیدا، خاتەمی داکۆکی لە ئازادیی ڕادەربڕین، لێبوردەیی، کۆمەڵگەی مەدەنی و پەیوەندییە دیپلۆماسییە بنیاتنەرەکان لەگەڵ وڵاتانی تردا دەکرد، لەوانەش وڵاتانی ئاسیا و یەکێتی ئەوروپا. لە ئێستادا میدیاکانی ئێران، بە فەرمانی داواکاری گشتیی تاران، قەدەغەیان خستووەتە سەر بڵاوکردنەوەی وێنەکانی خاتەمی یان ئیقتیباسکردن و گواستنەوەی گوتەکانی، ئەمەش بەهۆی پشتگیریکردنی لە کاندیدە ڕیفۆرمیستە بەزیوەکان لە هەڵبژاردنە مشتومڕاوییەکەی ساڵی 2009دا بوو، کە تێیدا مەحموود ئەحمەدی نەژاد دووبارە هەڵبژێردرایەوە.

لەڕاستیدا خودی خاتەمی سوودی لە تیۆرییەکانی یۆرگن هابەرماس بینی سەبارەت بە "کردەی کۆمیونیکاسیۆن" و دیالۆگ، ئەمەش زیاتر بۆ پێشنیازکردنی "دیالۆگی نێوان شارستانییەتەکان" بوو، بەو ئامانجەی چیتر پێکدادان و ململانێ بگۆڕێت بۆ گوتار و گفتوگۆ لە نێوان ڕۆژئاوا و جیهانی ئیسلامی[5]. هابەرماس لە ئایاری ساڵی 2002دا سەردانی تارانی کرد، ئەم سەردانەش بۆ خۆی ئاڵوگۆڕێکی فیکریی گرنگ بوو لە سەردەمی سەرۆکایەتییە ڕیفۆرمیستیەکەی محەمەد خاتەمیدا. هاوکات سەردانەکەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕۆشنبیران و بەرپرسانی ئێرانی لەخۆگرتبوو، کە تێیدا هابەرماس باسی لە دیموکراسی، کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆڵی تیۆریی دەکرد. ئەو زۆرجار لەگەڵ ئەو فیگەر و کەسایەتییانەدا دەهاتە ئاخافتن کە هەوڵیان دەدا بیری ئیسلامی لەگەڵ چەمکە مۆدێرن و لیبڕاڵەکاندا ئاشت بکەنەوە. بەڵام، دواجار ئەم ئاراستەیە وەک هێزێکی فیکریی جیدی پاشەکشەی کرد و نەما، کە بەشێکی زۆری بەهۆی سەرکوتکاریی توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە بوو. هەروەها لەنێو ئاراستە نوێیەکانیشدا، پێویستە ئاماژە بە عەلی لاریجانی بکرێت، کە بۆ چەندین دەیە ڕوخسارە ئارام و پراگماتییەکەی ناو دەسەڵاتی ئێران بوو - لاریجانی ئەو کەسە بوو کە دانوستانی لەسەر ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا دەکرد. بەڵام لە 1ی ئازاردا، تۆنی دەنگی ئەم سکرتێرە 67 ساڵەیەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بە یەکجاری گۆڕا. لاریجانی، تەنها 24 کاتژمێر دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە تێیدا ڕێبەری باڵا عەلی خامنەیی و فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران، محەمەد پاکپوور کوژران، لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتەوە دەرکەوت و پەیامێکی ئاگرینی ڕاگەیاند:

"ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی [ئیسرائیل] دڵی نەتەوەی ئێرانیان سوتاند. لەبەرامبەردا ئێمەش دڵیان دەسوتێنین. ئێمە تاوانبارانی زایۆنیست و ئەمریکییە بێشەرمەکان پەشیمان دەکەینەوە لە کارەکانیان."

لاریجانی لە ڕووی سیاسییەوە کۆنەپارێزێکی میانڕەوی پراگماتیست بوو کە سەرۆکایەتی تیمی ئێرانی دەکرد لە دانوستانەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئەمریکا. بەڵام ئێستا زیاتر وەک توندڕەوێک دەرکەوتووە. دوا بە دوای تیرۆرکردنی خامنەیی، چیتر ئەم فیگەرە سیاسییە بە شێوەیەکی دی فاکتۆ وەک سەرۆکی دەوڵەتی ئێران هەژمار دەکرێت. بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، عەلی لاریجانی لە کانوونی دووەمی 2026ەوە بە کردەیی ئێران بەڕێوە دەبات. هەروەها ئەو بەرپرس بووە لە "سەرکوتکردنی ئەم ناڕەزایەتییانەی دواییش بە دەستێکی پۆڵایین و بە هێزێکی کوشندە، کە داوای کۆتاییهێنان بە حوکمی ئیسلامییان دەکرد". هاوکات ئەو ئێستا کارەکتەری سەرەکیی و ماستەر پلانی پشتپەردەی پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتە لە ئێراندا؛ هەرچەندە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کێبڕکێی گەیشتن بە پۆستی باڵا [ڕێبەر] دۆڕا و کوڕەکەی خامنەیی سەرکەوت.

لاریجانی خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستی کۆمپیوتەر و ماتماتیک لە زانکۆی تەکنەلۆژیی "ئاریامهر"، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراشە لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا لە زانکۆی تاران. لاریجانی  لە سەرەتادا دەیویست خوێندنی باڵا لە زانستی کۆمپیوتەردا تەواو بکات، بەڵام دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ مورتەزا موتەهەری، بابەتەکەی گۆڕی. لاریجانی چەندین کتێبی لەسەر ئیمانوێل کانت، ساول کریپکی و دەیڤید لویس بڵاوکردووەتەوە. ئەو تێزی دکتۆراکەی لەسەر کانت نووسیوە و دوای ئەوەش ئەم سێ کتێبەی چاپ و بڵاوکردۆتەوە: (میتۆدی ماتماتیک لە فەلسەفەی کانتدا)، (مێتافیزیک و زانستە وردەکان لە فەلسەفەی کانتدا)، و (شهوود و حوکمە پێشوەختە لێکدراوەکان لە فەلسەفەی کانتدا). (پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە لاریجانی کتێبەکانی لەسەر لایەنە زانستی و مەعریفییەکانی بیری کانت نووسیوە، نەک فەلسەفە پراکتیکییەکەی)[6]. ستیفن هیکس، کە لیبڕاڵێکی دژە-پۆستمۆدێرنیستە، سەبارەت بە لاریجانی نووسیویەتی: "وا بزانم نابێت سەرسام بم بەوەی ئەم پیاوانە هەرگیز قوتابی جۆن لۆک، ئادەم سمس، یان جۆن ستیوارت میڵ نەبوون". بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ستیفن هیکس لەو گومان و گریمانەیە ڕاست بوو کە پێی وابوو فیکری پراکتیکیی کانت دەتوانێت پاساو بۆ دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتخوازیی توندڕەو (Authoritarianism) بهێنێتەوە؟

هانا ئارێنت لە کتێبەکەیدا ئایشمان لە ئۆرشەلیم، وەسفێکی وردی ئەو وەرچەرخانە دەروونییەمان بۆ دەکات کە جەلاد و بکوژە نازییەکان ئەنجامیان دەدا تاوەکو بتوانن بەرگەی ئەو کارە ترسناکانە بگرن کە دەستیان دەدایێ و نمایشیان دەکرد. فیگەرە نازییەکان بەشی زۆریان کەسانی "خراپ" نەبوون؛ بەڵکو ئاگاداری ئەوەش بوون کە خەریکی ئەنجامدانی کارێکن کە سوکایەتی و ئازار و مەرگ بۆ قوربانییەکانیان دەهێنێت. هاوکات ڕێگەی دەربازبوونی ئەم جەلادانە لەم تەنگژە دەروونییە ئەوە بوو، کە لەبری ئەوەی بڵێن: "چ کارێکی ترسناکم بەرامبەر ئەم خەڵکە کرد!"، ئەوە دەیانتوانی بڵێن: "چ دیمەنێکی ترسناکم بینی لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانمدا؛ ئای کە ئەم ئەرکە چەندە قورس بوو لەسەر شانم!". بەم شێوەیە، ئەوان توانییان لۆژیکی بەرەنگاربوونەوەی نەفس و ئارەزوو پێچەوانە بکەنەوە: ئەو نەفسەی دەبوو بەرەنگاری ببنەوە، ڕێک بریتی بوو لەو نەفسەی کە دەیویست خۆی بەدەست ئەو بەزەیی و هاوسۆزییە سەرەتاییە بدات کە لە کاتی بینینی ئازاری مرۆڤدا دروست دەبێت، ئا بەم جۆرە هەوڵە "ئەخلاقی"یەکەی ئەوان ئاراستە کرابوو بەرەو بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەفس و ئارەزووەی کە پێی دەوتن مەکوژن، ئەشکەنجە مەدەن و سوکایەتی مەکەن. هەر بەم پاشگەزبوونەوەیەش، پێشێلکردنی غەریزە ئەخلاقییە خۆڕسکەکانی وەک بەزەیی و هاوسۆزیی، دەگۆڕا بۆ بەڵگەیەک لەسەر "شکۆمەندیی ئەخلاق"ی بکوژەکە: واتە بۆ ئەوەی ئەرکی سەرشانم جێبەجێ بکەم، ئەوە ئامادەم بەرگەی ئەو بارە قورسە بگرم کە بریتییە لە ئازاردانی کەسانی تر[7].

لەگەڵ ئەوەشدا، هانا ئارێنت لەوەدا تووشی هەڵە بوو کاتێ کە وەسف و خۆ-پێناسەکردنەکەی ئایشمانی وەک کانتخوازێک قبووڵ کرد، کە تەنیا پەیڕەوی لە فەرمانی ڕەها دەکرد و ئەرکی خۆی لە گوێڕایەڵیی و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی هیتلەردا کورت کردبووەوە[8]. پێویستە لێرەدا زۆر ورد بین: دەبێ بزانین کە ئەخلاقی کانت لەسەر بنەمای سەربەخۆیی ویست دامەزراوە، واتا ئەخلاقێکی زیهنی و مەعریفی نییە؛ هاوکات تەنیا بریتی نییە لە ناسینەوە و پەیڕەوکردنی یاسایەکی ئەخلاقیی پێشوەختە و ئامادەکراو. بەپێی ڕەخنە باوەکان، کێشەی سنوورداربوونی ئەخلاقی گەردوونیی کانت و «فەرمانی ڕەها»کەی (کە فەرمانێکی بێ مەرجە بۆ جێبەجێکردنی ئەرک) لە فۆرمە نادیار و ناڕوونەکەیدایە: لێرە یاسا ئەخلاقییەکە پێمان ناڵێت ئەرکمان چییە، بەڵکو تەنیا دەڵێت دەبێت ئەرکەکانت وەک خۆی جێبەجێ بکەیت، ئەمەش دەرگا بۆ ئیرادەگەراییەکی پووچ واڵا دەکات کە تێیدا هەرچییەک خۆم بڕیاری لەسەر بدەم وەک ئەرک، دەبێتە ئەرکم.

ئەم تایبەتمەندییە نەک هەر سنووردارکردن و کەموکوڕی نییە، بەڵکو دەمانباتە نێو چەق و ناوەرۆکی سەربەخۆیی ئەخلاقیی کانت: جا بۆیە کەمێک مەحاڵە بتوانین ئەو نۆرم و نەریتە کۆنکرێتییانەی کە دەبێت لە دۆخێکی تایبەتدا پەیڕەویان بکەین، لە خودی یاسای ئەخلاقییەوە وەربگرین؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە خود (سوبێکت) خۆی دەبێت بەرپرسیارێتیی وەرگێڕانی فەرمانە ناڕوون و ئەبستراکتەکانی یاسای ئەخلاقی بۆ زنجیرەیەک پابەندیی دیاریکراو و کۆنکرێتی بگرێتە ئەستۆ. قبوڵکردنی تەواوەتیی ئەم پارادۆکسە، ناچارمان دەکات هەر پەنابردنێک بۆ "ئەرک" وەک پاساو ڕەت بکەینەوە، کە ئەمەش وەک ئەوەیە بوترێت: "دەزانم ئەمە کارێکی قورس و پڕ ئازارە، بەڵام چی بکەم - ئەمە ئەرکی سەرشانمە...". زۆرجار ئەخلاقی "ئەرکی بێ مەرجی کانت" بە چەشنێک لێک دەدرێتەوە کە پاساو بۆ ڕەفتار و هەڵوێستێکی لەو شێوەیە دەهێنێتەوە – جا بۆیە جێگەی سەرسامی نییە کە ئەدۆلف ئایشمان کاتێک هەوڵی دەدا پاساو بۆ ڕۆڵی خۆی لە پلاندانان و جێبەجێکردنی تاوانەکانی هۆلۆکۆستدا بهێنێتەوە هەمیشە ئاماژەی بە ئەخلاقی کانتی دەکرد؛ بەوەی دەیگووت کە ئەو تەنها ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی پێشەوا (فوهرەر) بووە. بەڵام لەڕاستیدا، مەبەستی کانت لە جەختکردنەوە لەسەر سەربەخۆیی و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی تەواوی خود (سوبێکت)، ڕێک بۆ ڕێگریکردنە لە هەر مانۆڕێکی لەو شێوەیەی کە دەیەوێت لۆمە و کاروکردەوەکانیان بخاتە ئەستۆی فیگەر و هێزێکی دەرەکی یان ئەوی تری گەورە - Big Other. (ئەویتری گەورە لەلای ژیژەک بریتیە لەهەر هێزێکی دەرەکیی وەک خودا، دەوڵەت، پێشەوا، یان یاسا کە مرۆڤ بەردەوام بەرپرسیارێتیی کارەکانی دەخاتە ئەستۆی ئەو تا خۆی لە لۆمە ڕزگار بکات. وک).

دروشمی باوی توندوتیژیی ئەخلاقی ئەوەیە کە دەڵێ: "هیچ پاساوێک بوونی نییە لە جێبەجێ-نەکردنی ئەرکێک"! هەرچەندە درووشم و وتە بەناوبانگەکەی کانت کە دەڵێت: «دەتوانیت، چونکە دەبێت بیکەیت!» وا دەردەکەوێت نوسخەیەکی نوێی ئەم دروشمەیە بێت، بەڵام کانت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە پێچەوانەکردنەوەیەکی زۆر سەیرتر تەواوی دەکات: "هیچ پاساوێک بوونی نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەرک!. لێرەدا پەنابردن بۆ خودی "ئەرک" وەک پاساوێک بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکەم، دەبێت وەک ڕەفتارێکی دووڕووانە و دووفاقییانە ڕەت بکرێتەوە. ئەمەش ڕێک نموونە باوەکەی ئەو مامۆستا سادیستە توندەمان بیر دێنێتەوە کە قوتابییەکانی دەخاتە ژێر دیسپلین و ئەشکەنجەیەکی بێبەزەییانەوە؛ و تاکە پاساوی ئەو بۆ خۆی و بۆ کەسانی تریش ئەمەیە: «بۆ خۆشم قورسە کە ئەم فشارە بخەمە سەر ئەم منداڵە فەقیرانە، بەڵام چی بکەم - ئەمە ئەرکی سەرشانمە!» جا ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە ئەخلاقی کانتی بە تەواوی قەدەغەی دەکات: چونکە لای کانت، من نەک هەر بەرپرسیارم لە ئەنجامدانی ئەرکەکەم، بەڵکو هەروەها بەرپرسیاری تەواویشم لەوەی کە دیاری بکەم ئەرکەکەم چییە. هەر بۆیە، ئەنتۆن ئالیخانۆڤ، پارێزگاری ناوچەی کالینینگرادی ڕووسیا، ڕاستی کرد کاتێک لەم دواییانەدا وتی کانت کە تەواوی ژیانی لە ناوچەی کالینینگراد یان کونیگسبێرگی ئەڵمانی بەسەر بردووە، "پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ"ی بە جەنگی ئۆکرانیاوە هەیە. بە قسەی ئالیخانۆڤ، ئەوە فەلسەفەی ئەڵمانی بوو کە "بێخودایی و سڕینەوە و ونکردنی بەها باڵاکان" تێیدا لە کانتەوە دەستی پێکرد، و ئەو "بارودۆخە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە"ی دروست کرد کە لەپاڵ هۆکارەکانی تردا بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەم و چەندین کارەساتی تریش. ئالیخانۆڤ دەبێژێت:

«ئەمڕۆ لە ساڵی 2024دا، ئێمە تا ئەو ئەندازەیە بوێریی ئەوەمان هەیە کە ڕایبگەیەنین نەک هەر جەنگی جیهانیی یەکەم لە کارەکانی کانتەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵکو ململانێی ئێستای ئۆکرانیاش بە هەمان شێوە لە فەلسەفەکەی کانتەوە سەری دەرهێناوە. لێرە لە کالینینگراد، بوێری ئەوەمان هەیە پێشنیازی ئەوەش بکەین کە - هەرچەندە لە ڕاستیدا تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیاین لێی - ئەوە ڕێک لە کتێبەکانی "ڕەخنە لە ئەقڵی پەتی" و "بناغەسازی بۆ مێتافیزیکیای ئەخلاق"ی کانتدا بوو، کە بنەما ئەخلاقی و بەهاییەکانی ئەم ململانێیەی ئێستای تێدا داڕێژران»..

پارێزگارەکە [ئایلخانۆف] لە قسەکانیدا بەردەوام بوو و کانتی بە یەکێک لە "خوڵقێنەرە ڕۆحییەکانی ڕۆژئاوای مۆدێرن" ناو برد، و وتی "بلۆکی ڕۆژئاوا، کە لە لایەن ئەمریکاوە لەسەر وێنەی خۆی داڕێژراوە،" بریتییە لە "ئیمپراتۆرییەتی درۆ"[9]. هەروەها ئەو وتی کە لە ڕۆژئاوادا کانت وەک "باوکی نزیکەی هەموو شتێک" تەماشا دەکرێت، لەوانەش ئازادی، چەمکی سەروەریی یاسا، لیبڕاڵیزم، ئەقڵانییەت، و "تەنانەت ئایدیای یەکێتیی ئەوروپاش". جا ئەگەر ئۆکرانیا لە پێناو ئەم بەها ڕۆژئاواییانەدا بەرەنگاری ڕووسیا ببێتەوە، کەواتە کانت بە کردەیی بەرپرسیاریشە لەو بەرەنگاربوونەوەیەی ئۆکرانیا بەرامبەر ڕووسیا. بەم پێیە، ئەم لێدوانە "شێتانە"یانەی ئالیخانۆڤ یادخستنەوەیەکی بەسوودن بۆ ئەو ڕەهەندە مێتافیزیکییە باڵایەی کە لە پشت جەنگی بەردەوامی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاوەیە. خۆی لەڕاستیدا ئالیخانۆڤ لە ڕوویەکی تریشەوە ڕاست دەکات: کانت بە شێوەیەکی توند و بێبەزەییانە ئەفسانەی "سەرچاوە پیرۆزەکان"ی سەروەریی یاسای پووچەڵ کردەوە، ئەو ئەوەی ڕوون کردەوە کە سەرچاوە و بنەڕەتی هەر نەزمێکی یاسایی توندوتیژییەکی نایاساییە[10] - ئا ئەمەش بۆ خۆی وانەیەکە بۆ ئەو "ڕۆحیانەتە ڕووسییەی" کە ئالیخانۆڤ داکۆکی لێ دەکات و قەبووڵ ناکرێ. کەس ناتوانێت لێرەدا ئاماژە بەو وتەیە نەکات کە بە هەڵە خراوەتە پاڵ ئۆتۆ ڤۆن بسمارک کە دەڵێت: "ئەگەر یاسا و سۆسجت خۆش دەوێت، هەرگیز تەماشای چۆنیەتی دروستکردنی هیچ کامیان مەکە".

پێموایە ئەو ناکۆکی و نەگونجانەی لە نێوان ئەخلاقی کانت و سنووردارکردنی سەربەخۆیی خوددا هەیە، وادەکات هەر جۆرە ئەخلاقێکی ئایینیی کانتی ناکۆک و نایەکگرتوو بێت. کەواتە ئەوەی لە بیر و فیکری ئێرانیی نزیک لە ڕژێمدا ونە، لیبڕاڵیزمی ڕۆژئاوایی نییە، بەڵکو سەربەخۆیی ڕادیکاڵی خودە؛ کە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانمانەوە، ئەم جۆرە سەربەخۆییە دەبێتە بناغەیەک بۆ ئەخلاقێکی زۆر توند و تۆکمە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاستییەکە ئەوەیە کە زۆرجار گفتوگۆی فیکریی چڕ و زۆر جیدی بەردەوام لە ناو جەرگەی نوخبەی شیعەی دەسەڵاتداری ئێراندا ڕوودەدەن - ئایا هیچ کەسێک دەتوانێت وێنای ئەوە بکات لاریجانی، ئەگەر وەک ڕێبەری باڵا هەڵبژێردرێت، بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ترەمپ؟ کەسێک کە هیچ ئایدیا و سەرەداوێکی نیە لەوەی بزانێ لاریجانی باسی چی دەکات. بۆیە من لێرەدا بڕیارەکە بۆ خوێنەران جێدەهێڵم کە ئایا ئاستی بەرزی ڕۆشنبیریی دیبەیتکردنی ناو سەرکردایەتی ئێران شتێکی باشە یان خراپ، واتە ئایا شتێکە کە وەرچەرخان بەرەو دەسەڵاتخوازیی دڕندانە ئاسانتر دەکات؟ دواجار کەیسی ئالیخانۆڤ و ڕەخنەگرتنی لە کانت، دەکرێت وەک بەڵگە و ئارگومێنتێک بەکاربێت بۆ ڕێگری لەوەی سیاسییەکان دیبەیت و گفتوگۆی فەلسەفی بکەن - بەڵام ئەی ئەگەر گفتوگۆیەک لە نێوان لاریجانی و ئالیخانۆڤدا ڕووبدات، دەبێت چۆن بێت؟ ئەو دەرەنجامە غەمگین و خەمناکەی دەتوانین لەم بارودۆخەوە بەدەستی بهێنین ئەوەیە: کە هێرشەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا، کەسانی میانڕەوی ناو ڕژێمەکەی وەک لاریجانیی گۆڕی بۆ توندڕەوێکی بکوژ، کە بە نزیکەیی هێندەی نەتەنیاهۆ و کاتز خراپن.

 

 

سەرچاوەی وتارەکەی ژیژەک:

https://slavoj.substack.com/p/iran-from-heidegger-to-kant-da4

 

سەرچاوەی ناو وتارەکەی ژیژەک:

https://en.wikipedia.org/wiki/Ali_Khamenei%27s_fatwa_against_nuclear_weapons#cite_note-forein_policy-2.

https://www.newsmax.com/newsfront/israel-katz-iran/2026/03/04/id/1248261/?ns_mail_uid=d3eb84e7-3327-44fa-afd8-06c52f8c6f61&ns_mail_job=DM930194_03042026&s=acs&dkt_nbr=010124wpf87o.

https://edition.cnn.com/2026/03/06/politics/trump-interview-iran-cuba-dana-bash.

https://en.wikipedia.org/wiki/Ahmad_Fardid.

https://en.wikipedia.org/wiki/Mohammad_Khatami.

https://en.wikipedia.org/wiki/Ali_Larijani.

https://www.stephenhicks.org/2026/03/02/irans-transition-power-broker-ali-larijani-is-a-kant-scholar/.

Governor of Russia’s Kaliningrad says German philosopher Immanuel Kant ‘directly tied’ to war in Ukraine — Meduza.

I owe this reference to Yuval Kremnitzer.

 

 

 



[1] MAD – ژیژەک لێرەدا وشەی MAD بە پیتی کاپیتەڵ نوسییووە کە ماناکەی جیاوازە لە وشەی mad کە بە سمۆڵ دەنووسرێ. ئەم MADـە کورتکراوەی (Mutually Assured Destruction)ـە، کە زیاتر وشەیەکی سەربازییەو بە واتای ئەوە دێت ئەگەر دوو وڵاتی ئەتۆمی بەشەڕ بێن هەردووکیان بە تەواوی لەناو دەچن، هەر ئەمەش وای کردووە بۆ نموونە ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەت لە جەنگی سارددا هیچ کامێکیان هێرش نەکەنە سەر ئەوی تریان. وک

[2] Complicity

[3] Zan, Zendegi, Azadi: ژیژەک لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دروشمە ڕیشەیەکی قووڵتر و جیاوازتری هەیە لە چاو بزووتنەوەی "Me Too"ی ڕۆژئاوایی، چونکە لێرەدا پرسی ئازادیی سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتێکی ئایینی لە پشتە. بەڵام بزوتنەوەی "me too" لە ڕۆژئاوا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی دژی ژنان و شکاندنی بێدەنگیی قوربانیان لە شوێنی کار و کۆمەڵگەدا سەری هەڵدا. مەبەستی سەرەکی ئەم ڕاپەڕینەش بەدیهێنانی جۆرێک لە دادپەروەری، سزادانی تاوانباران و گۆڕینی ئەو کولتوورە بوو کە چاوپۆشی لە توندوتیژی بەرامبەر ڕەگەزی مێینە دەکرد. وک

[4] anthropocentrism and rationalism

[5] theories of communicative action

[6] مەبەست لە فەلسەفەی پراکتیکی لای کانت بریتیە لە "ئەخلاق و سیاسەت". ژیژەک دەڵێت لاریجانی لەسەر زانست و مەعریفە و لۆژیکی کانت نووسیویەتی، نەک لەسەر ئەخلاق و سیاسەت و لایەنە ئازادیخوازیەکەی... وک

[7] Resisting temptation  دەکرێ لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە لای نازییەکان بەزەیی و هاوسۆزی یان هەر شتیکی لەو جۆرە وەک لاوازی و ئارەزووی خراپ سەیر دەکرا، بۆیە دەبوو بە هەر جۆرێک بێ مرۆڤی بەهێز بەرنگاریی ئەم نەفس و ئارەزووە ببێتەوە، تا بتوانێ ئەرکە نەتەوەییەکەی کە کوشتن و لاقەکردنە جێبەجێ بکا..وک

[8] Categorical Imperative: لێرەدا ژیژەک دەڵێت ئایشمان کە یەکێک بوو لە سەرکردە نازییەکان، بۆ ئەوەی تاوانەکانی بشارێتەوە خۆی وەک پەیڕەوکارێکی فەلسەفەی کانت نیشان دەدا، بەڵام لەڕاستیدا ئارێنت نەدەبوو باوەڕی بەم خۆ-پێناسەکردنە ساختەیەی ئایشمان بکردایە. وک

[9] empire of lies

[10] لێرەدا ژیژەک مەبەستی ئەوەیە کە هیچ سیستەمێکی یاسایی بە شێوەیەکی "یاسایی" لەدایک نابێت، بەڵکو لە ئەنجامی شۆڕش، جەنگ یان کودەتایەک دروست دەبێت کە یاساکانی پێش خۆی شکاندووە و هەڵوەشاندۆتەوە. لێرەدا ئەو توندوتیژییە نایاساییەی کە دەبێتە تاوانێکی سەرەتایی، بناغەی نەزمێکی نوێ دادەڕێژێت و دواتر ئەو نەزمە ڕەوایی بە خۆی دەدات و وردە وردە یاساکانی تێدا درووست دەبن. وک

پەیامێک جێبهێلە

تێبینیەک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر