هەردی دولبەر
لە دیرۆکی هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەکدا ڕۆڵ و کاریگەری گۆڕەپانی ئەدەب دیاریکەرە، ئەمەش بۆ ئێمەی کوردیش ڕاستە. بەجۆرێک گۆرەپانی ئەدەبیاتی کورد پەیوەندێکی ڕاستەوخۆی بە شوناسی ئێمەوە هەیە! ئەدەبیات پەیوەندێکی دانەبڕاوی بە ڕاستینەی ژیانمانەوە هەیە و ئامڕازێکی ڕزگاریشی لە هەگبەی خۆیدا هەڵگرتووە، لەبەرانبەر ئەو لێشاوە لە هێرش و نابووتکردنی ژیانمان و حەقیقەتی بوونمان!
هایدگەر لە وەسفی زماندا وەختێک دەڵێت: "زمان ماڵی بوونە"، ئەوا بێ دوودڵی دەکرێت بڵێین کە ڕۆمانی داگیرکردنی بەختیار عەلی دەخوازێت باس لەو بوونە بکات کە ئەوی دی دووژمن "دەوڵەتی تورک"، هەموو هەوڵی خۆی دەدات تاوەک ئەو بوونە "زمان"ی کوردی داگیر بکات.
وەک دەروازەیەک بۆ باشتر تێگەیشتن لە پەیامی ئەم ڕۆمانە پێویستیمان بە ڕوانگەیەکی فیکری دەبێت لەبارەی داگیرکاریی "کۆڵۆنیالیزم"، لە سەد ساڵی ڕابردوو لە بەرانبەر نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەبێ تێگەیشتن لەو هێرشە کوشندانەی کە لەسەر کۆمەڵگە-تاکی کورد بەڕێوە چوون ئەستەمە لە ناوەڕۆکی ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی تێبگەین. دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە پڕۆسەی داگیرکاریی لەسەر خاکی کوردستان تەنیا ڕەهەندێکی دیموگرافی و ئابووری نییە، هاوکات پڕۆسەیەکیش نییە کە لەسەر بنەمای داگیرکردنی زێدەبەها بەڕێوە بچێت وەک ئەوەی کە مارکس دەیڵێت! هەر ئەمەش پڕۆسەی داگیرکاری دووژمنانی کورد جیاواز دەکاتەوە لەو شێوە داگیرکارییە کلاسیکانەی دیکە. ڕاستینەی کوردستان لە چاو هاوردەی ئەو مۆدێلە لە دەوڵەت-نەتەوە کە لەگەڵ هیچ ڕاستینەیەکی ئەو فرە دەنگ و ڕەنگ و... لە ناوچەکەدا هەبوو نەدەهاتەوە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ڕۆژئاواوە وەک پێویستێکی ستراتیژی خۆیان لە، دەسخستنی ژێرخان و سەرخانی ناوچەکە دەرگایان بۆ دەیان شێواز لە کۆمەڵکوژی و توانەوە "ئاسیمیلاسیۆن" کردەوە، بەتایبەت لەبەرانبەر نەتەوەی کورد، تاوەکو ئەوەی ئەم نەتەوەیە یان تەواو پاکتاو بکرێت یاخود لەنێو کولتوور و زمانی ئەوی دی دوژمندا نامۆ بکرێت بە حەقیقەتی بوونی هەمەگیری خۆی!
بەختیار هۆشیاری ئەوەی هەیە لەم ڕۆمانەدا گەر داواکاری بۆ شوناسی نەتەوەیی لە ڕێگەی داخوازی زمانێکی زگماکییەوە دەرببڕدرێت، ئیتر زمان بەتەنیا نابێتە چەمکێکی زمانەوانی کە لەسەر بنەمای پەیوەندییە کولتوورییەکان دامەزرا بێت. بەڵکوو چیدی زمان بوونێکی سیاسیشە. هەر ئەمەشە وایکردووە لەمڕۆدا داواکاری ئۆتۆنۆمی بە زمانی دایک وەک ئامرازێک سەیربکرێت بۆ بەسیاسیکردنی زمان. زمان هەروەک ئەتنیک ئامرازێکە بۆ بەرگریکردن و ڕەوایەتیدان بە بوون و داواکاری نەتەوە؛ بەهۆکاری ئەوەی زمانی دایک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی کۆمەڵگە لە دەرەوە و هەم لە شەرعیەتدان بە کۆمەڵگە لەناو خۆیدا. بوونی گروپی ''دووی نیوەشەو'' لەنێو ڕۆمانەکەدا گوزارشت لەو ڕاستییە دەکات کە خواستێکی بەهێز لەنێو لاوانی کورد-دا هەیه بۆ فێربوونی زمانی کوردی. هۆکاری ئەمەش هۆشیاری و تێڕوانینێکی دەستەجەمعییانەی گەنجانە کە زمان و نەتەوە و کولتوور و مێژوو و شارستانیەت لە نێو شوناسێکی بەکۆمەڵدا بە گرنگ دەزانن. ڕاستە لە ڕابردوودا نەتەوە و زمان وەک ئامرازێک لەلایەن هەندێک کەسەوە بەکارهێنراوە. بەڵام کاتێک دەڵێم کەرەستەی شەرعیەتدانە، باس لە پێکهاتەیەکی فراوانتر دەکەم و ئامرازێکی شەرعیەتدانی کۆمەڵایەتییە وەک دەربڕینی بانگەشەی نەتەوەبوون.
گرینگترین ڕەهەندی ناسنامەی کورد لە تورکیادا، بەرخۆدانی سیاسی و کولتوورییە لە بەرامبەر ستەمکاریدا. بەڵام پێموایە ئەم خۆڕاگرییە دەبێت ڕەهەندی جیاوازی هەبێت؛ بەرخۆدان تەنها وەستانەوە نییە بەرامبەر بە ئامراز و میکانیزمی فشارە دەرەکییەکان. بێگومان ئەمە ڕەهەندێکی گرنگە. بەڵام بەرخۆدانی کاریگەر پێویستی بە زانستیش هەیە. بڕیار بدە چۆن بەرەنگاری دەبیتەوە. پێش ئەوەی بەرەنگاری ببیتەوە، پێویستە بزانیت بەرەنگاری کێ دەبیتەوە. بۆ نموونە کاتێک ڕۆشنبیرێکی کورد شیعر، ڕۆمان، شانۆنامە، مێژوو یان فەلسەفە دەنووسێت، فیلم یان مۆسیقا دروست دەکات، ئەگەر بینی کارەکانی بەرەو سیاسەتی بەرخۆدان ئاراستە کراوە، ئەرکی تەنیا بەرگریکردن نییە لە گەلەکەی لە بەرانبەر ستەم، بەڵکوو هەروەها بۆ تێگەیشتن لە مێژوو، ئابووری، ئەنترۆپۆلۆژی، دەروونناسی و دەروونناسی ئەوانەی ستەم دەکەن، دەبێت لەوە تێبگات کە پێویستە کولتووری باو بناسێت.
ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە گوزارشت لە دوو قۆناخی جیاوازی باکووری کوردستان و تورکیا دەکات لە ناوبەری ساڵانی ١٩٤٥ تا بە چرکەساتی ئاوابوونی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە ساڵی ١٩٧٨. بە دەستەوەگرتنی ناوبەری ئەم ساڵانە بۆ ئەو کێشە و ئاریشە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە دەگەڕێتەوە کە لە هەناو زیهنیەتی فاشیزمی دەوڵەتی تورکەوە لە بەرانبەر نەتەوەی کورد وەک داینەسورێک دەردەکەوێت و دەخوازێت کۆی بوونی ئەم نەتەوەیە لوش بدات! بەختیار عەلی دەخوازێت بەشێوازێکی جادوویی لە تەواوی ئەم شاکارە ئەدەبیەدا وێنەی ڕاستەقینەی داگیرکاریمان بۆ بکێشێت. نووسەر دەخوازێت بەم کارە ئەو ڕاستییەمان بۆ بەیان بکات کە لە بەرانبەر نەتەوەی ئێمەدا تەنیا کۆمەڵکوژیی دەرسیم، گەلی زیلان و ئاگری ڕووینەداوە بەڵکوو سەر بە لەهەر گۆشەیەکی ئەو جوگرافیایەدا بکەیت دەبینیت وا دەوڵەت-نەتەوەی تورک، گەر کوردێکی هۆشیار ببینێت وا لە بەرانبەر خۆیدا بەئاگا و هۆشیارە، ئەوا بێگومان کەوتۆتە بەر نەفرەتی فاشیزمی دەوڵەتی تورک. دەوڵەت-نەتەوەی تورک بە هەموو دەرفەت و ئامڕازەکانیەوە سەرقاڵی پڕۆسەی توانەوەی کورد بووە، لە منداڵێکی نێو بێشکەوە تا دەگات بە مرۆڤیکی سەد ساڵە، لەو قۆناغەشدا چەندین بەکرێگیراو هاوشێوەی عیسمەت ئۆکتای و تاوەکو بە عیسمەت ئینۆنوو و لەمڕۆشدا کەسێتێکی لۆمپەنی وەک هاکان فیدان درێژە بەو میراسی نۆکەرییە دەدات بۆ فاشیزمی دەوڵەتی تورک. دامەزراندنی دادگای ئیستیقلال لە ئامەد لەسەر دەستی ئینۆنووی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات شاهیدی هەزاران تاوانی مرۆییە لەبەرانبەر نەتەوەی کورد، لەمڕۆدا مەگەر چەند یادداشتێکی کەمی جەلادەکانی کۆمار لە نموونەی ئەحمەد سورەیا پەی بە ماهیەتی ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی بەرین؛ کە لەساڵی ١٩٥٧دا نووسیویەتەوە کە چۆن گاڵتە بە ژیان و شکۆی هەزاران کوردەوە کراوە بەهۆکاری ئەوەی کە کوردبوون و زمانی تورکیان نەزانیوە!
پێنووسی نووسەر وەک کامێرایەک خوێنەر ڕووبەڕووی سیستەمێکی دڕندەی دوونیای مۆدێرن "دەوڵەت-نەتەوە" دەکاتەوە، تاوەکوو حەقیقەتی مێژوویەکی خوێناوی و پڕ نەفرەت و دڕندە پیشانی هەموو دونیا بدات، بەشێوازێک زۆر ڕوون و ڕاشکاو بەبێ ئەوەی نوسەر بکەوێتە نێو هیچ جۆرە سۆزێکی نەتەوەکەی، ئەم خەسڵەتەش هێندەی تر فراوانی مەعریفەی نوسەرمان بۆ دەردەخات. بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پەتایەک لەنێو جەستەی کوردێکی نەگبەت کە دەخوازێت هەرجۆرە ئاژەڵێک بێت تەنیا کورد نەبێت، ئەو وتەی ئەدۆرنۆمان وەبیر دێنێتەوە کە دەڵێت: "ژیانێکی هەڵە، ڕاست ناژییەنرێت!" دەرکەوتن و بڵاو بوونەوەی هەوڵی نەخۆشیەک، عەرشی ئەو سیستمە بەجۆرێک دەلەرزێنێت کە تاوەکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان لە لەرین و کەوتنی تەواوەتی نەوەستاوە!
پێویستە خوێندنەوەی فراوان بکرێت بۆ ئەو وتەی عەبدوڵڵا ئۆجالان کە دەڵێت: "کوردستان جوگرافیای داگیرکراوە!" دیرۆکی ئەم داگیرکاریەش لە ئەکەدییەکانەوە دەستی پێکردووە تا بە ڕژگاری ئەمڕۆشمان بەردەوامی هەیە. ئەوەی سەرنج ڕاکێشە لە سەرەتای ئەم ڕۆمانەوە تاوەکوو بە کۆتایی پێکەوە بوونی دوالیزمی داگیرکردن و بەرخۆدانە؛ ئەمەش حەقیقەتی ئەشقی کورد بۆ بوون بە خاوەن بوونی خۆی و مسۆگەرکردنی ژیانێکی ئازادانە.
بەختیار دەخوازێت لەڕێگەی ئەو چارەنووسەوە کە ئینۆنووی تێکەوتووە لەسەر خاکی داگیرکراوی کوردستان، پێمان بڵێت دەسەڵات هیچ کات لەبەرانبەر حەقیقەتی ژیانێکی ڕاستەقینەدا سەرناکەوێت، هەرچەندە خاوەن چەک و جبەخانەی دوونیاش بێت! لەم ڕۆمانەدا نووسەر ئێمەی خوێنەر ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە مێژووییە دەکاتەوە تاوەکو پێمان بڵێت، هیچ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نەهێڵراوەتەوە کە دەستی فاشیزمی پێنەگەیشتبێت، بەجۆرێک فاشیزم خۆی ڕێکخستووە کە ترس و تۆقاندنی گەیاندۆتە لوتکە. دایکانی کورد تا سەرەتایی ساڵانی نەوەدەکانیش بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بخەون، دەیان گووت جەندرمە لە کۆڵانە زوو بنوون تا نەیەت بۆمان! ئەم نموونەیەم بۆ ئەوە هێنایەوە تاوەکو باشتر ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرکەوێت کە ترس و دڕندەی جەندرمەکانی کۆماری تورکیا لە کوردستاندا درێژدەبێتەوە تا نێو زیهن و دڵ و دەروونی منداڵان و جێگیر دەبێت؛ منداڵانی کورد بەم ڕۆحیەتەوە گەورە دەبن. لێرەدا ئێمە رووبەڕووی ئەو پرسە دەبینەوە کە بۆچی دایکان یان گەورەکان لە ترسی جەندرمە منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن؟ چونکە ئەو وێنانەی کە بە هۆی ئەو دڕندەییانەی لە کاتی کۆمەڵکوژییەکاندا خراونەتە ڕوو و ئەو فشارە نەبڕاوەی جەندرمەی کە لە پرۆسەکانی دواتردا دەخرێنە ئاراوە، هەمیشە ترسەکە بە زیندووی دەهێڵنەوە تا ئەوەی لە پڕۆسەی قڕکردنی کورداندا مسۆگەر بکەن و ترسناکترین شت بۆ هەموو مرۆڤێکی ئەو قۆناغە کە ڕۆمانەکەی لەسەر داڕێژراوە جەندرمەیە. بەختیار دەخوازێت پێمان بڵێت کە جەندرمە بە واتای دەوڵەت، بەڵام پێویستە وریا بین لەو حەقیقەتەی کە لە باکووری کوردستاندا دەوڵەت ئەو بوونە نییە کە خزمەت دەکات، بەڵکوو ئەو دەوڵەتەیە کە ترس و جینۆساید بڵاو دەکاتەوە. ئەم تابلۆیەی نێو ڕۆمانەکە گوزارشت لەو ڕاستیە دەکات کە ئاماژەمان پێکردووە، وەختێک عیسمەت ئۆکتای لە "دوای چەند دەقیقەیەک دەرگاکە کرایەوە و پیرەمێردەکە دەرکەوتەوە و لەسەر سینییەک نانی بەیانی بۆ هێنا، پێدەچوو ئەمڕۆ بە تەنیا بێت. خواردنەکەی دانا و سەیری کرد و بە دەنگێکی کز و ئەسپایی پرسی «تینووت نییە». عیسمەت ئۆکتای کەمێک ڕەنگی زەرد بوو، زمانی وشک بوو، سەراسیمە سەیری پیرەمێردەکەی کرد و دڵی بە توندی کەوتە لێدان. دوای چەند ڕۆژ یەکەم جار بوو لە قسەی یەکێک تێبگات. بە سەرسامییەوە گووتی «لە تۆ تێدەگەم». پیرەمێردەکە لێی پرسی «خەڵکی کوێیت، خەڵکی چ شارێکیت؟». عیسمەت دەستیگرت بەسەرییەوە و گووتی «ئەم زمانەی قسەی پێدەکەیت، تورکی نییە، وا نییە تورکی نییە، بەڵام هەمان ئەو زمانەیە کە من قسەی پێدەکەم». پیرەکە گووتی «بەدبەخت تورکی چی، تۆ تورکیت بزانیایە بۆ لێرە دەبوویت، ئەوانەی لەم ژێرزەمینەدان هەموو تورکییان بیرچۆتەوە». «بەڵام ئەمە چ زمانێکە من فێری بووم، تۆ چۆن ئەو زمانە دەزانیت». «بێدەنگ بە، بەدبەخت تۆ کوردیی قسە دەکەیت، باشترە بێدەنگ بیت و هەر هیچ نەڵێیت، ئەگین تووشی دەردەسەری گەورە دەبیت. من؟ من چۆن کوردی قسە دەکەم؟ من کوردم، من لە شاری وانەوە هاتووم... تێدەگەیت. من خەڵکی ئەوێم؟"
گفتوگۆکەیان بە سوکی و بە چرپە بوو، وەک گفتوگۆی دوو دز لە تاریکیدا. عیسمەت وەک ئەوە بوو لە ئاسمانەوە بەربێتەوە زەوی. خەیاڵی بۆ هەموو زمانێکی دونیا دەچوو ئەوە نەبێت. شەش ساڵ لەمەوبەر دوای تەواوکردنی مەشق لە کامپی گورگەبۆرەکان، بردیانن لەسەر شەقامەکانی ئەستەنبوڵ ڕاوی ئەوانە بکەن بەو زمانە قسەدەکەن، تەقەیان لەوانە دەکرد بەو زمانە گۆرانی دەڵێن. زمانێک بوونی نییە و تەنیا خەیاڵێکی پوچە لە سەری هەندێ هۆز و ئێڵی نەخۆشدا کە توانایان نییە تورکی فێرببن، لەوە گەمژەترن زمانێکی مەزنی وەک تورکی قسە بکەن. عیسمەت بە هەموو هێزی یەخەی پیرەمێردەکەی گرت و گووتی «درۆدەکەیت... تۆ درۆدەکەیت. زمانێک نییە ناوی کوردی بێت». چاوانی پڕبوون لە فرمێسک، دەنگی گڕ بوو، وەها هەناسەی تەنگ بوو خەریکبوو دەخنکا. پیرەمێردەکە ترسا و دەستیکردەوە بە تورکی قسەکردن، بەڵام عیسمەت هیچ تێنەگەیشت. قیژاندی «بەو زمانە قسەم لەگەڵ بکە تێیدەگەم». پیرەمێردەکە بە تورکی هەندێک شتی تری پێگووت، بەڵام ئەویش ترسابوو، هەستیکرد هەڵەیەکی گەورەی کردوە، پشتی تێکرد و بە ڕیتمێکی خێراتر لە ڕیتمی ڕۆژانی پێشوو لە ژوورەکە چووە دەرێ. عیسمەت ویستی هەستێ و دوای بکەوێت، بەڵام پیرەمێردەکە دەرگاکەی داخست و لەودیوەوە کلیلیدا.
یەکەم شت بە خەیاڵیدا هات ئەوە بوو، چ ئابڕوچونێک دەبێت، گەر برادەرانی لە مەهەپە و گورگەبۆرەکان بزانن بووە بە کورد. دەبێت ژەنەراڵ هەقی سونای چۆن بیری لێبکاتەوە کاتێک ببیستێت تورکی بیرچۆتەوە و زمانی ئەو خەڵکە کێوییانە قسە دەکات، کەس هیچ دەربارەی ئەسڵ و نەژادیان نازانێت؟. هەموو شتێکی قەبووڵ بوو ئەوە نەبێت، هەموو شتێکی پێ باش بوو ئەوە نەبێت.
لێرەوە دەرگیری ئەو جۆرە لە ڕۆحی بەزیوی کورد دەبین کە دەخوازێت ببێتە هەڵگری هەموو ناسنامەیەک جگە لە ناسنامەی کوردبوون! چونکە چیدی لەوە گەیشتووە کە کوردبوونی بەسە بۆ هەموو دەستدرێژیی و قڕکردنێکی مادی و مەعنەوی! ئامانجی کۆمار داڕوخانی کەسێتی کورد بوو. لە ڕووی دەروونییەوە ناسنامەی داڕماو و بێ کەسایەتی دابڕێژرێت و دواتر بە شێوەیەکی داڕێژراو بە پێکهاتەی چینی دەسەڵاتداری تورکیاوە ببەسترێتەوە و تا ڕادەیەکی زۆر مسۆگەر دەبێت. بەم شێوەیە هەر نیشانەیەک یان یەکپۆشییەک کە نوێنەرایەتی دەوڵەت بکات، ئەنجامێک دروست دەکات کە ترس لە هۆشی کورد-دا دەوروژێنێت و بەرخۆدان بۆ بەرەنگاربوونەوە پووچەڵ دەکاتەوە. تاکە بژاردە بۆ کەسایەتی کۆیلە گەر بخوازێت بژی، ئەوەیە کە بە خێرایی لە زمان و کولتووری کوردیی دوور بکەوێتەوە و لەگەڵ زمان و کولتووری تورکیدا تێکەڵ ببن. زۆرتر لەبەر ئەوەی زمانی تورکیی بە زۆر و دووبارە فێر دەکرێت بەو پێیەی مرۆڤی کورد قوڕگێکی کوردیی هەیە، تەنیا دەتوانێت لە قوڕگییەوە وشەی تورکی بڵێتەوە و ئەو شێوازە لە بێژەکردنیشی دەبێتە مایەی گاڵتەپێکردنی. دۆغی عیسمەت ئۆکتای ئەو ڕاستیەمان پیشان دەدات، بۆ قبوڵکردنی مرۆڤی کورد بەتەنیا فێربوونی زمانی تورکی بەس نییە. تەنانەت ئەگەر فێری زمانی تورکیش بێت، ئەو ڕاستییەی کە شێوازێکی سەیر و سەمەرەی بێژەکردنی وشەکانی هەیە (کە سروشتییە) دەکرێتە مایەی پێکەنین و بە زەلیلکردنی لە هەمبەر ژەنەراڵەکانی هاوشێوەی هەقی سونایدا!.
بۆیە گرنگی زمان هاوشێوەی ئەو مەلوولەیە کە خودی کۆمەڵگە پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەم ڕاستییەش وایکردووە لەنێو ڕۆمانەکەدا سەرەڕای فراوانی ئەو داگیرکارییە بەڵام شوێنێک مابوو کە نە داگیرکرا بوو نە لە ئێستا و داهاتووشدا داگیر دەکرێت ئەویش ئەشقی مرۆڤی کوردە بۆ بوونی خۆی! لەڕاستیدا گرووپی ''دووی نیوەشەو'' بە وردی و قووڵیی لەوە تێگەیشتوون کە "داگیرکردنی خاک بە داگیرکردنی ئەقڵدا دێتەدی، داگیرکردنی ئەقڵیش بەداگیرکردنی زمان دێتەدی". بۆیە گروپی ''دووی نیوەشەو'' ئەرکیان هەڵوەشانەوەی ئەو سیستمە دژە پەروەردەییە بوو کە بە درێژای دامەزراندنی کۆمار، لە باکووری کوردستان ئامانجی فێرکاریی و گەیاندنی زانست نەبووە بە مرۆڤی کورد، بەڵکوو ئەرکی لە مێژینەی پەروەردەی کۆمار لە ڕێگەی سەپاندنی زمانی تورکییەوە گورزێکی کەمەرشکێن لە زیهن و ڕۆحی مرۆڤی کورد دەدات، تاوەکوو وەک مرۆڤێکی بێناسنامە و کەسایەتی ئامادەی بکات بۆ هەموو شێوە ژیانێکی کۆیلایەتی!
مەرامی ئەم ڕۆمانە دەخوازێت لەدوای تێپەڕبوونی زیاد لە ٥٠ ساڵ بەسەر ئەو دۆخە دژوارە دەروونیەی باکووری نیشتیماندا، وەڵامی هەموو ئەو مەقۆمەقۆیانە بداتەوە کە وەک بەشێکی ژیانی ڕۆژانەی لێهات بوو هەر کەس دەیپرسی؛ "ئایە کورد و کوردستان حەقیقەتێکی هەیە"؟ تەنانەت خودی ئەم پرسانەش زۆر بە ترس و لەرزەوە لەنێو ماڵەکاندا دەکران، بەهۆکاری ئەوەی کۆمار گەیشتبووە ئەو باوەڕیەی کە کێشەی کورد بە چەندین قۆناغی پاکتاوکاریی، بن خاک کردووە و شتێک بەناوی کوردەوە لەنێو کۆماردا نەماوە تاوەکوو لێی بترسێ! زڕیەتەکانی کەمالیزم کە بە هەموو توانایانەوە سەرقاڵی لەناوبردنی نەتەوەی کوردبوون و، نکۆڵیان لە بوونی دەکرد، لەمڕۆدا دەبینین کە چۆن مەهەپەیەکان گوتاریان لەبەرانبەر بوونی کوردا گۆڕاوە، بەجۆرێک باخچەلی دەڵێت: "هەر تورکێک کوردی خۆش نەوێت، ئەوا تورک نییە"! هەڵبەت بەختیار زۆر بە شێوازێکی هونەری وێنای کەسێتی باخچەلی کێشاوە لەنێو ڕۆمانەکەدا! هەڵبەت هۆشیاری کورد گەیشتووە بەوەی کە لە زیهنیەتی فاشیزمی دەوڵەت باخچەلی تێبگات بەوەی کە تەنیا لە ڕووی گوتارەوە گۆڕانکاری ڕوویداوە، وەگەرنا لەڕووی زیهنیەوە هەمان زیهنیەتی فاشیزمی ئەتاتورک لە هەمبەر کوردا هەیە! هەڵبەت گۆڕنی گوتاریش گرنگی خۆی هەیە لەبەرانبەر کوردا. بەڵام دەنگۆی بڵاوبوونەوەی پەتایەک لەنێو جەرگەی فاشیزمدا خەونی فاشیزمی بۆ هەمیشە لەنێو بردووە، لەمڕۆدا دەبینین ئەم پەتایە چۆن بۆتە ناسنامەی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز و ژینگەپارێز و دیموکراتخواز و لە هەر کوچەوکۆڵانێکی ئەم سەر زەویەدا پڕ بە گەروی هاواردەکات ژن ژیان ئازادیی!
دواجار وەک ناگیهان ئاکارسەل دەڵێت: "تێگەیشتم، لەناکاو تێگەیشتم، هیچ ڕێگایەکی دیکەم نییە جگە لە خۆشەویستییەکی شێتانە؛ درەخت، باڵندە، ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، تێکۆشان، گۆڕانکاری، شۆڕش، خۆشەویستی درووست دەکات، خۆشەویستی مرۆڤ دەگەیەنێتە ناوەڕۆکی بوون. ئەوە، ئەو ڕاستییەیە، کە هەموو ئەو ساڵانە بە سەرمانەوە بووە. هەموو جارێک نوێ دەبینەوە، کە نوێ دەبینەوە و نوێ دەکەینەوە، هەموو جارێکیش لەدایک دەبینەوە.