فرانسیس فۆکۆیاما
و. ئەرکان جەوهەر
بیرمەندی دیاری بواری زانستی سیاسی و تیۆرسێن و توێژەری گەورەی زانکۆی ستاندفۆرد، فرانسس فۆکۆیاما، لە تازەترین نووسینیدا لە ژێر ناونیشانی (چۆنچۆنی نابێت ڕژێم بگۆڕێت) لە گۆڤاری پێرسوەیژنی ئەمریکیدا ئاماژە بە ئەزموونە شکستخواردووە یەک لەدواییەکەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، عێراق و لیبییا، هاوکات لە دووبارەبوونەوەی هەمان هەڵە لە ئێستادا دەکات. وی هۆشداری دەدات و دەنووسێت ئیدارەی ترەمپ وەک بڵێی تازە لەدایک بووە و هیچ جۆرە تێگەیشتن و ئەزموونێکی پێشوەختەی لەبارەی دەستێوەردانەکانی پێشووی ئەمریکا لە [ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا] نییە، بەبێ هیچ پێشنیار و هەڵسەنگاندنێک ئەجێندای خۆی بەرەوپێش دەبات. فۆکۆیاما لەم نووسینەدا بارودۆخی ئێستای دنیا گەلێک بە مەترسی دەزانێت و دەڵێت: بەهێزترین دەوڵەتی دنیا کەوتووەتە دەست کوڕێژکەیەکی دەساڵان، کوڕێژکەیەک کە ئاگرهاوێژ(مۆلۆتۆڤ)ـێکی بەدەستەوەیە و چێژ لە سووتاندنی هەموو شتێک دەبینێت.
نزیکەی سێ هەفتەیە لە دەسپێکی ئۆپەراسیۆنەکە تێپەڕیوە، ئێستا ئیدی ئەوە ڕوون بووەتەوە جەنگە ناوچەییەکانی ترەمپ هیچ ستراتیژ و پلانێکی پێشوەختەی تێدانەبووە.
زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێم، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو کاتەوەی کە ترەمپ تیایدا جەنگی دژی ئێران بووە. ئاخر وی بە ئاشکرا لەو بڕوادا بوو هەر لەگەڵ بڕینی کەلەی سەری خامنەییدا کۆماری ئیسلامی دەمودەست هەرەس دەهێنێت و هاوکات ڕابەرێک جێگەی دەگرێتەوە کە خوازیاری ڕێکەوتن دەبێت لەگەڵ ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. دیارە وی وای دانابوو ئەزموونی ڤەنزوێلا بەسەر ئێرانیشدا سەرکەوتوو دەبێت، چونکە لەهەفتەی سەرەتای جەنگەکدا چەندین جار ئاماژەی بەمە کرد، [بەڵام دەرکەوت لەمەدا هەڵەیە]، چونکە هەم خۆی و هەمیش تیمی حکوومڕانیەکەی پێشبینی وەڵامدانەوەی ئێرانیان بەو شێوە نەکردبوو. خۆ دیارە ئێران بە هاوێشتنی دەیان مووشەک سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لەناوچەکە کردووەتە ئامانج و ئابووری وڵاتانی کەنداویشی دووچاری ئیفلیجبوون کردووە، هەر ئەمەیشە بووەتە هۆی هەڵکشانی نرخی نەوت لە ئەمریکا و هەموو جیهاندا.
ئەوەی دەبێتە مایەی ئازار یەوەیە، هەرکەسێک گەر ئاگاداری ڕابردووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژاوای ئاسیا بووبێت، دەبێت ئەوە بزانێت کە جەنگ چەندە لێکەوتەی نەخوازراو و ماڵوێرانکەر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر بۆ سەر هەردوو تاوەری بازرگانی لە نیۆرک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەلێک هۆکاری ڕەوای دەستکەوت بۆ هێرشکردنە سەر تاڵیبان، چونکە ڕێکخراوەکە ببووە هۆی داڵدەدانی ئەو تیرۆرستانەی ئەلقاعیدە کە ڕاستەوخۆ بەرپرسیاربوون لە مەرگی هەزاران هاوڵاتی ئەمریکی. دواتر بەڕواڵەت سەرکەوتنی ئەو ئۆپەراسیۆنە و خستنی ڕێژێمی تاڵیبان، ئیدارەی بۆشی هاندا بوێری ئەوەی هەبێت ساڵی ٢٠٠٣ هێرش بکاتە سەر عێراق و حیزبی بەعسی سەربە سەددام حسێن سەرنگوم بکات.
لێرەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی ئاڵێنگاری دوو ڕژێمی داڕماو بوویەوە، [بۆ ئەمریکا] کێشەکە کێشەی دیموکرایزەکردنی ئەو میلەتانە نەبوو، چونکە پێش ئەوەی دیموکراسی هەبێت، دەبێت دەوڵەت بوونی هەبێت. دەی ئەمریکایش بەتەواوی بێ توانابوو لە بونیادنانی دەوڵەتێک کە بەپێی پێناسە بەناوبانگەکەی “ماکس ڤیبەر” خاوەنی قۆرغکاری و بەکارهێنانی هێز بێت لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا. لێرە هەردوو ئەفغانستان و عێراقیش دوای داگیرکردنیان بوونە خاوەنی چەندین گرووپی میلیشیایی و کارەکتەری نا-دەوڵەتی کە ئاڵێنگاری ئەو حکوومەتە یەک لە دوای یەکانەیان دەکرد وا لەژێر هەژموون و چاودێری ئەمریکادا درووست دەبوون. ئەم هەڵەیە دیسان لەسەردەمی ئیدارەی ئۆباما و سەروبەندی بەهاری عەرەبیشدا دووبارە بوویەوە، کاتێک هێزی ئاسمانی ئەمریکا ویستی ڕێگری بکات لە هیزەکانی قەزافی لە کۆنترۆڵکردنەوەی شاری بنغازی دا، شەڕی ناوخۆی لیبیا کە بەهۆی ئەمەوە ڕوویدا و تا ئێستایش بەردەوامە. هاوکات بۆ جارەی دووەم بزووتنەوەی تاڵیبان بەوپەڕی هێزەوە لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست و عێراقیش لە ژێر دەسەڵاتی حکوومڕانییەکی گەندەڵ و ناسەقامگیرەوە بەڕێوە دەبرێت کە بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی زیاتر لە ئێرانەوە نزیک بووە تا ئەمریکا.
تاکە وانەیەک کە دەبێت لەم شکستانەوە فێربین ئەوەیە، بەکارهێنانی هێزی سەربازی بە تەنها بەس نییە بۆ هێنانەدی ئەو گۆڕانگارییە سیاسیانەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا خوازیارێتی. ئەمە هەم لە ئەفغانستان و هەمیش لە عێراق ڕاست دەرچوو، ئەمریکا ئامادەبوو بەهەزاران هێزی سەربازی جێگیر بکات، ئەویش بەتەنها بە پاڵپشتیکردنی هێزی ئاسمانی، ئاشکرایە ئەگەری سەرکەوتنی ئەمە لە هێنانە ئارای گۆڕانکاری سیاسیدا گەلێک کەمە.
دەبێت بە ڕوونی ئەوە بڵێم: زۆرجار گۆڕینی ڕژێم تاکە ڕێگەچارەی ئەو دەوڵەتە یاخی و دیکتاتۆرانەیە کە هاووڵاتیانی خۆیان سەرکووت دەکەن و ناسەقامگیری لە ناوچەیەکی فراوان بەرپا دەکەن. ئەو پشێوییەی کە ئەم جۆرە دەوڵەتانە درووستی دەکەن، ڕەنگە بە میکانیزمی تر ڕێگری لێ بکرێت، لێ ڕێگیری کردن کێشەکە بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر ناکات. کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لەو ڕژێمانەیە کە نزیکەی ٥٠ ساڵە بەشێوەیەکی تووند هاووڵاتیانی خۆی لەناوخۆ سەرکووت دەکات، هاوکات بەرپرسە لە درووستکردن و داڵدەدانی چەندین گرووپی وابەستەی شیعە مەزهەبی ترسناک لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەر بۆیە کێشەکە لە بنچینەدا لە خودی گۆڕینی چەمکی ڕژێمدا نییە بە تەنها، بەڵکوو لە پێویستیەکانی بەدیهێنانی ئەو گۆڕانکارییەدایە کە لەدوای گۆرینی ڕژێمەکەدا دێتە ئاراوە، چونکە سەرەڕای ناڕەزایەتی قووڵی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی هێشتا لە کۆمەڵگەی ئێرانیدا ڕەگێکی قووڵی داکووتاوە. سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج کە پارێزگاری لە مانەوەی ڕژێمەکە دەکەن بەرژەوەندیەکی زۆریان لە مانەو لە دەسەڵاتدا هەیە، چونکە لە دەستدانی دەسەڵات بۆ ئەوان نەک بەمانای لە دەستدانی بەرژەوەندی ئابووریان دێت، بەڵکوو بەمانای کۆتایی هاتنی ژیانیشان دێت لەلایەن خەڵکەوە. [سەربارەی ئەوەیش] هەڵسەنگاندنی ئاستی هەژموونییەتی ئایدۆلۆژی مەزهەبی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا کارێکی سەختە، چونکە ئەم ئایدۆلۆژیایە هێشتا وەک وزەی ناوکیە بۆ لایەنگرانی ڕژێم و پشتوانیکردنیان لە مانەوەی، بە جۆرێک شتی وا لە ئەزموونی «یەکێتیی سۆڤێت»یشدا هاوشێوەی نەبووە.
لەبەرانبەر ئەمەدا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی زیاد لە پێوسیت پەرشوبڵاون [بەجۆرێک لەناو حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێراندا] هیچ سەرکردایەتییەکی ڕێکخراو بوونی نییە، جا چجای بگات بەوەی بەراورد بکرێت بە سەرکردەیەکی دیموکراسیخوازی وەک: (ماریا کۆرینا ماچادۆ) کە لە فەنزوێلا بوونی هەیە. پاشان ئێرانیش هاوشێوەی لیبیا، عێراق و ئەفغانستان لە ڕووی نەتەوەییەوە لە چەندین پێکهاتەی جیاوازی وەک کورد، ئازەری، بلوچ، توورک و چەندین کەمینەی تر کە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا نیشتەجێن پێکهاتووە. لەلایەکی تریشوە لەکاتی ململانێی نێوان هەردوو بلۆکی ڕۆژهەڵات(یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو) و ڕۆژاوای ئەورووپا، ئەمریکا هاوکاری یەکێتیی ئەورووپای دەکرد، ئەمە ببووە هۆی مکووڕبوونی هێزە ئۆپۆزسیۆن و دیموکراتیەکانی ئەورووپا [کە پێداگریان لە چوونەتەرەوەی پارتی بەلشەفیک لەو وڵاتانە دەکرد]، لێ ئەمرۆ هاوکاری دەوڵەتێکی ڕاستڕەوی وەک ئیسرائیل دەکات کە بەقووڵی کەتووەتە بەر شەپۆلی ڕق و نەفرەتی میللەتانی تری ناوچەکە.
بەم شێوەیە جێگرەوەی ڕژێمی ئێستای ئێران بە حکوومەتێک کە دۆستی ئەمریکا بێت، فەرمانڕەواییەکی یەکجار مەزنە، فەرمانڕەواییەک کە ناتوانرێت تەنها بە هێزی ئاسمانی بەدی بهێنرێت. ڕاستیەکەی لە ڕابردوودا ئەزموون ئەوەی نیشانداوە تەنانەت بە هێزێکی زەمینیش ئامانجێکی لەوشێوە مومکین نییە بەدی بهێنرێت. هەروەک چۆن لە نووسینی پێشوومدا ئاماژەم بەوە کردووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل، تا ئێستا دامەزراوە سەربازیە سەرەکییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لێ لە ئێستا بەدواوە لە غیابی نەبوونی ئامانجی تردا ناچاربوون هێرش بکەنە سەر ئەو دامەزراوە خزمەتگوزاریانەی کە خزمەت بە خەڵکی ئاسایی دەکەن؛ ئەوانیش خۆی لە هەریەکە لە: کۆگاکانی نەوت، کەرەتی کارەبا، وێستگەکانی ئاوی خواردنەوە و هەندێک دامەزراوەی نا-سەربازی تر دەبینێتەوە. ئەم [ڕەفتارانە] ڕاستەوخۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی ئەو خەڵکە دەکاتەوە کە بانگەشەی ئەوەیان بۆ دەکات پارێزگارییان لێ دەکات و [دەیەوێت ڕزگاریان بکات لە چینێکی حکومڕانی خراپ.]
لەسەرەتاوە ئەمریکا خۆی لە هێرشکردنە سەر کەرتی سەرەکی نەوتی ئێران، واتە دوررگەی خارک بە بەدوور دەگرت. چونکە هەندێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ لەو بڕوادابوون گەر لە دوای کەوتنی کۆماری ئیسلامی هەر حکوومەتێکی تر بێتە سەر کار، ئەوان دەتوانن لەڕێیەوە بە ئاسانی دەستیان بە نەوتی ئێران بگات. بەڵام وەختێک بینییان پایەکانی حکوومڕانی کۆماری ئیسلامی زۆر بەهێزە و ئەگەری کەوتنی زۆر نزیک نییە، ئیدی ناچاربوون هێرشی سەربازی بکەنە سەر درووگەکە و کەرتی نەوتی ئێران بە تەواویوێران بکەن.
ئیدارەی ترەمپ بە جۆرێک ڕەفتار دەکات، وەک بڵێی دەوڵەتێکی تازە دایکبوو بێت و بێئاگا بێت لە مێژووی کەڵەکەبووی پڕ لە شکستی ئەمریکا و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەڕاستیدا ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بێمنەتە لە شارەزایانی فەرمی ناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت، واتە دبلۆماتکاران، شارەزایانی بواری هەوڵگیری، ئەفسەرانی سوپا و ئەوانیتری پەراوێز خستووە، لەبەرانبەر ئەمەدا پشتی بە بازنەیەکی بچووک لە دۆستانی ترەمپ بەستووە، کە پێ ناچێت ئەمانە بتوانن هەڵسەنگاندێکی واقعبینانە بۆ ئەو ڕێگەیە بکەن لە پێش ئەمریکایە.
لە کۆتاییدا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ [زیاتر ئەوە ڕوون دەبێتەوە] ئەم ئیدارەیە بەبێ پلانێکی ڕوون سیاسەتەکانی خۆی بەرەوپێشەوە دەبات. ڕۆژێک ترەمپ ڕایدەگەیەنێت: بە زوویی جەنگ کۆتایی دێت، کەچی ڕۆژی دواتر پیت هیگز دەڵێت: شەڕ تا ماوەیەکی تر بەردەوام دەبێت، ڕۆژێکی تر سەرۆککۆمار دەڵێت: ڕۆژانی داهاتوو ویلایەتە یەکگرتووەکان تەسلیمبوونی بێ قەیدوشەرتی ئێران ڕا دەگەیەنێت، کەچی ڕۆژی دواتر سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی “کارۆلین لیڤ” دەڵێت: ئەوە ئەمریکایە دیاری دەکات کەی ئێران بەبێ مەرج تەسلیم بووە. مرۆڤ چۆن دەتەوانێت دوای کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەوشێوەیە بڕوا بەو قسانە بکات، لە کاتێکدا ئێمە دەبینین هێشتا ئێران بەردەوامە لە هاوێشتنی موشەکی بالیستی و درۆن بە سەرانسەری ڕۆژاوای ئاسیا و خەلیجدا.
ئەمڕۆ جیهان بووەتە شوێنکی مەترسیدار، چونکە بەهێزترین دەوڵەت تیایدا کەوتووەتە دەست کوڕێژکەیەکی دەساڵان، کوڕێژکەیەک کە ئاگرهاوێژ(مۆلۆتۆڤ)ـێکی لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەبابی دۆزیوەتەوە و چێژ لەوە دەبینێت هەموو شتێکی پێ بسووتێنێت، دەبێت ماڵەبابی وی بووەستێنن [و چیتر ڕێگە نەدەن سەرکێشی بە لەو شیوەیە بکات.]
سەرچاوە:
https://deeyartelevision.com/44232/
