سلاڤۆ ژیژەک
وەرگێڕانی شاڵاو یاسین
پەتای کۆرۆنا ڕووبەڕووی دوو فیگەری جیاوازمان دەکاتەوە، کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا باڵادەستن. یەکەم فیگەر ئەوانەن کە بەهۆی زێدە-کارکردنەوە تا ئاستی پڕووکان ماندوون (وەک ستافی پزیشکی، چاودێرییکاران..هتد). هەروەها دووەم فیگەریشیان ئەو کەسانەن کە هیچ ئیش و کارێکیان نیە بیکەن، و بە ویستی خۆیان لە ماڵەکانیاندا قەتیس و گۆشەگیربوون. من خۆم وەک کەسێک کە سەر بە پۆلی دووەمیانم، هەست بە ئەرکێک دەکەم کە دۆخەکە بقۆزمەوە بۆ تەرحکردنی تێڕامانێکی کورت لەسەر ئەو شێوازە جیاوازانەی کە تێیاندا ماندوو دەبین و دەپڕووکێین. لێرەدا کەمێک چاوپۆشی لەو پارەدۆکسە ئاشکرایە دەکەم کە خودی بێکاری و هیچنەکردنی زۆرەملێ ماندوومان دەکات، جا بۆیە با واز لەوە بێنین و بە بیۆنگ چوول هان دەست پێبکەم. چوول هان لە یەکێک لە لێکۆڵینەوە سیستەماتیکەکانیدا پرسیارێک دەوروژێنێ بەوەی بۆچی و چۆن ئێمەی مرۆڤ لە "کۆمەڵگەی پڕتووکاو"دا دەژین. با لێرەدا کورتەیەک لە شاکارەکەی کە کەمێک بێشەرمانە لە ویکیپیدیا وەرمگرتووە بهێنمەوە:
"لەژێر پاڵنەری پێویستیی کۆڵنەدان و شکستنەهێناندا، هەروەها لە پێناو گەیشتن بە لوتکەی کارایی و بەرھەمداری، لە یەک کاتدا ئێمە هەم دەبینە ئەنجامدەر و هەم دەبینە قوربانیش؛ هەروەها دەکەوینە ناو جۆرێک لە گێژاوێکی بێپایان لە خۆ-چەوسانەوە و داڕمان.."کاتێک کایەی بەرهەمهێنان لە فۆرمە ماددییەکەی دادەماڵرێت، ئەوکات هەر تاکێک بۆ خۆی دەبێتە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان. سیستەمی نیۆلیبڕاڵیش چیتر سیستەمێکی چینایەتی نییە بە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی؛ چونکە چیتر لەو چینە دژبەرانە پێکنایەت کە ململانێی یەکتری بکەن، ڕێک هەر ئەمەشە هۆکاری مانەوە و سەقامگیریی سیستەمەکە". هان جەخت لەوە دەکاتەوە کە سوبێکت لەم سیستەمەدا دەبێتە جۆرێک لە جەلاد و چەوسێنەری خۆیان، هەروەها دەڵێت "ئەمڕۆ هەموو کەسێک کارکەرێکی خۆ-چەوسێنەرە لە ناو دامەزراوەکەی خۆیدا؛ جا بۆیە مرۆڤەکان ئێستا لە یەک کاتدا هەم ئاغان و هەم کۆیلەشن. سەرباری هەموو ئەوانە تەنانەت ململانێی چینایەتیش گۆڕاوە بۆ ململانێیەکی ناوەکی لە دژی خودی مرۆڤ".. تاکەکان وەک ئەوەی هان ناوی دەنێت بوونەتە سوبێکتەکانی دەستکەوت، بەو مەفهوومەی ئەوان وا لە خۆیان ناڕوانن کە سوبێکتێکی ملکەچ و ژێردەستە بن، بەڵکو لەبری ئەوە خۆیان وەک "پڕۆژە" دەبینن. هەروەها هەمیشە خەریکی سەرلەنوێ داڕشتنەوە و داهێنانەوەی خۆمانین، کە ئەمەش لە ڕاستیدا خۆی لەخۆیدا جۆرێکە لە فشار و ناچاریی دەروونی؛ لرگرڵیذیفس ئەمە لەخۆیدا شێوازێکی کاراترە لە ملکەچیی و کۆتوبەندبوونی مرۆڤ. هەروەها هەرچەندە خودی "من" هەمیشە وەک پڕۆژەیەک کە خۆی لە کۆتوبەندە دەرەکی و بێگانەکان ئازاد دەبینێت، بەڵام لەولاشەوە خەریکی ملکەچکردنی خۆیەتی بۆ کۆمەڵێک سنووردارێتی و فشاری ناوەکی، کە لە فۆرمی ناچاری بۆ دەستکەوت و گەشتن بە باشترین ئاست لە کارایی و چالاکیی خۆیان دەردەکەوێ"..
هەرچەندە هان تێبینیگەلێکی ورد و ڕوونمان دەربارەی شێوازی نوێی سوبێکتسازی و سوبێکت-بوون پێ دەڵێت کە لەڕاستیدا دەتوانین زۆر شتی لێوە فێر بین – بۆ نموونە ئەوەی ئەو بەدیی دەکات لە ڕاستیدا وێنایەکی جیاوازی سوپەرئیگۆی ئەمڕۆیە - بەڵام لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە ئەو فۆرمە نوێیەی سوبژێکتیڤیتە کە هان وەسفی دەکات، مەرجدارە یان بەندە بە قۆناغە نوێکەی سەرمایەداریی جیهانی، کە هێشتا هەر وەک سیستەمێکی چینایەتی و پڕ لە نایەکسانیی گەورە ماوەتەوە. با لێرەدا کەمێک وردبین، هەرگیز خەبات و ئەنتاگۆنیزمەکان تەنها لە "خەبات و ململانێی ناوەکی لە دژی خود"دا کورت نابنەوە. هێشتا ملیۆنان کرێکاری دەستیی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا هەن، هەروەک چۆن جیاوازییەکی یەکجار گەورە لە نێوان جۆرە جیاوازەکانی کرێکارانی نامادیدا بوونی هەیە، (بۆ نموونە، تەنها ئەوە بەسە کە ئاماژە بە کایەی ڕوولەگەشەی خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بدەین، وەک چاودێرانی بەساڵاچووان). هەروەها دەکرێ ئەوەشی بۆ زیاد بکەین کە درز و کەلێنێکی قووڵ جیاوازی دەخاتە نێوان بەڕێوەبەرێکی باڵا کە خاوەنی کۆمپانیایە یان بەڕێوەی دەبات، لەگەڵ کرێکارێکی بێدەرەتان و بێگەرەنتی و لەرزۆک کە ڕۆژەکانی بە تەنهایی لە ماڵەوە لەبەردەم کۆمپیوتەرەکەیدا بەسەر دەبات: ئەمانە بە دڵنیاییەوە بە هەمان مانا هەم "ئاغا" و هەم "کۆیلە" نین.[1]
زۆر شت لەسەر ئەوە دەنووسرێت کە چۆن مۆدێلی کارکردنی کۆنی فۆردیستی (هێڵی بەرهەمهێنانی فۆردیستی) پێگە و جێگەی خۆی داوە بە مۆدێلێکی نوێی کاری هەرەوەزیی داهێنەرانە، کە مەودا و فەزایەکی زۆر زیاتر بۆ داهێنانی تاکەکەسی دەڕەخسێنێت. بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا ڕوودەدات و لە واقیعدا دەگووزەرێ شتێکی دییە، واتا هێندەی ئەوەی گواستنەوە و دەرەکی-کردنی کارە، ئەوەندە جێگرتنەوە نییە. بەجۆرێکی دی، ئەمە ئەوەندەی سپاردنی کارە بۆ دەرەوە، ئەوەندە گۆڕینی خودی مۆدێل و شێوازەکە نییە: بۆ نموونە، ڕەنگە کارکردن لە کۆمپانیایەکی وەک مایکرۆسۆفت و ئەپڵ بە شێوازێکی هەرەوەزییانەتر و بەکۆمەڵتر ڕێکخرابێت، بەڵام دواجار بەرهەمە کۆتاییەکان لە چین یان ئەندەنوسیا هەر بەو شێوازە فۆردیستیە کۆنە کۆدەکرێنەوە بەیەکەوە دەلکێنرێن. لێردا کاری هێڵی بەرهەمهێنان تەنها بۆ دەرەوە گواستراوەتەوە و ڕەوانەی دەرەوە کراوە. کەواتە بەو پێیە بێ، ئێمە ڕووبەڕووی دابەشبوونێکی نوێی کار دەبینەوە: کرێکارانی سەربەخۆ و خۆ-چەوسێنەر (ئەوانەی هان باسیان دەکات) لە ڕۆژئاوای پێشکەوتوودا، کاری تاقەتپڕووکێنی هێڵی بەرهەمهێنان لە جیهانی سێیەمدا، لەگەڵ کایەی ڕوو لە گەشەی کرێکارانی چاودێریی مرۆیی بە هەموو جۆرەکانییەوە ( وەک چاودێرانی تەندروستی، خزمەتکار و گارسۆنەکان...) کە تێیدا چەوساندنەوە تا ئاستێکی زۆر بوونی هەیە. لەڕاستیدا، تەنها گرووپی یەکەم واتا (کرێکارانی سەربەخۆ، کە زۆرجاریش لە دۆخێکی نادیار و ناجێگیردان) لەگەڵ وەسفەکەی هاندا دەگونجێن.
هەر یەک لەم سێ گروپە، مۆدێلێکی تایبەت لە ماندووبوون و شەکەتی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت. هەروەها کاری هێڵی بەرهەمهێنانیش، بەهۆی دووپاتبوونە بێزارکەرەکەی، تابڵێی کارێکی تاقەتپڕوکێن و هەڵتەکێنەرە بۆ مرۆ[2]. جا بە دڵنیاییەوە مرۆڤ زۆر نائومێد و بێزار دەبیت لەوەی جار لە دوای جار لە پشت مێزێکەوە لە کارگەیەکی وەک فۆکسکۆن و لە قەراغی شاری شەنگەهای، کە سەرقاڵی بەستن و بەرهەمهێنانی هەمان ئایفۆنە کە لەشوێنانی دی هەیە، لەڕاستیدا ئەمە بەتەواوی تۆ ماندوو دەکات و لەدونیا داتدەبڕێ. بە پێچەوانەی ئەم جۆرە ماندووبوونەشەوە، ئەوەی زۆر کاری چاودێری و خزمەتگوزاریی مرۆیی هەنێد بێزارکەر دەکات، ڕێک بریتیە لەو ڕاستییەیەی کە تۆ (دیسان) پارەت پێ دەدرێت تا وا نیشان بدەیت کە کارەکەت بە سۆز و خۆشەویستیەکی ڕاستەقینەوە دەکەیت، هەروەهاش وا دەربکەویت کە بە ڕاستی خەمی ئەو "بابەتانەتە" کە کارت لەسەر دەکەن. نموونەیەکی دی، کارمەندی باخچەی ساوایانە کە پارە وەردەگرێت تا سۆز و خۆشەویستیەکی دڵسۆزانە بۆ منداڵان نیشان بدات، هەر هەمان شت بۆ ئەوانەش ڕاستە کە چاودێریی خانەنشینە بەساڵاچووەکان دەکەن. ئایا کەس دەتوانێت وێنای ئەو فشارە زۆرە بکات کە "باشبوون و ڕووخۆشیی" بەردەوام و بێبڕانەوە دروستی دەکات؟ ئەمە لە کاتێکدا لە دوو کایەی یەکەمدا، لانی کەم دەتوانین جۆرێک لە مەودای ناوەکی بەرامبەر بەو کارەی دەیکەین بپارێزین (تەنانەت ئەو کاتەشی کە پێشبینی ئەوەمان لەسەرهەڵدەچنرێ بە جوانی مامەڵە لەگەڵ منداڵێک بکەین، کە هەر تەنها دەتوانین نواندنی بۆ بکەین)، کەچی کایەی سێیەم شتێکی زۆر ماندووکەرتر و تاقەتپڕوکێنترمان لێ دەخوازێت. تۆ بەس وێنای ئەوە بکە کە من گریمان بە کرێگیراوم تا پلانی ئەوە دابڕێژم چۆن ڕیکلام یان پاکێجینگ بۆ بەرهەمێک بکەم بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندن و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ کڕینی. تەنانەت گەر من بەشێوەیەکی تایبەت یان وەک کەسێک بایەخ بەمە نەدەم، یان تەنانەت ڕقم لە بیرۆکەکەش بێت، نئەوە اچارم زۆر بە چڕی بچمە ناو پڕۆسەیەکەوە کە هیچ ڕێگەیەکی ترم بۆ ناهێڵێتەوە جگە لەوەی هێزی داهێنانم وەئاگا بهێنم تا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕەسەن بدەم. بۆیە هەوڵ و تەقالایەکی لەو شێوەیە، دەتوانێت زۆر زیاتر لە کاری بێزارکەریی دووباتبووەوەی هێڵی بەرهەمهێنان شەکەت و ماندووم بکات: ئەمە ڕێک ئەو ماندووبوونە تایبەتەیە کە هان باسی دەکات.
لەکۆتاییدا، دەبێ ئاماژە بە خاڵێکی گرنگتر بدەین. بەوەی دەبێت خۆمان لەو فریوە دوور بخەوینەوە کە سەرکۆنەی خود-دیسپلینی توند و خۆبەخشی بۆ کار دەکا لە بەرامبەردا بانگەشە بۆ جۆرێک لە هەڵوێستی "تەنها ئارام بگرن!" بکەین[3].. سەرباری ئەوە، دروشمی "کار مرۆڤ ئازاد دەکات" هێشتا دروشمێکی ڕاستە؛ هەرچەندە نازییەکان ئەم درووشمەیان بە شێوەیەکی دڕندانە و خراپ بەکار هێنا. جا بۆیە، بۆ ئەوەی کۆتایی بە باسی ئەم پەتایە بهێنین: دەکرێ بڵێین بەڵێ، کارێکی تاقەتپڕوکێن و سەخت هەیە بۆ زۆرێک لەوانەی ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی دەبنەوە، بەڵام ئەمە لەخۆیدا دیسان هەم کارێکی پڕ لە مانا و بەسوودیشەە بۆ کۆمەڵگە، کە لە بنەڕەتدا جۆرە ڕەزامەندیی و ئاسوودەییەکی دەروونی دەبەخشێت؛ نەک ئەو هەوڵە گەمژانە و بێمانایانەی بۆ سەرکەوتن لە ناو بازاڕدا دەدرێت. جا بۆیە کاتێک کارمەندێکی تەندروستی بەهۆی کاری زێدەوە تا لێواری پڕووکان و مردن ماندوو دەبێت، یان کاتێک سەرپەرشت و چاودێرێک دادەهێزرێت و هەپروون دەبێ لە ماندووبون، ئەوە شەکەتیی ئەوان بە تەواوی جیاوازە لەو داهێزرانەی کە لە ئەنجامی خولیای پلەبەرزکردنەوە و ڕاکردن بەدوای کاردا دروست دەبێت.
ئەوەتا دەبینی کە چۆن هاوڕێکەم ئەندریاس ڕۆزنفیڵدەر، کە ڕۆژنامەنووسێکی ئەڵمانییە لە ڕۆژنامەی دی وێڵت دەنوسێ، وەسفی ئەو دیدگا نوێیە دەکات کە بەرامبەر ژیانی ڕۆژانە خەریکە سەر هەڵدەدات: " بە ڕاستی من هەست بە ڕەهەندێکی قارەمانانە دەکەم لەم ئیتیكە نوێیەدا، تەنانەت لە بواری ژوورناڵیزمیشدا – هەمووان شەو و ڕۆژ لە ماڵەوە کار دەکەن، خەریکی کۆنفرانسی ڤیدیۆیین و لە هەمان کاتدا ئاگایان لە منداڵەکانیانە و دەرس و وانەیان پێ دەڵێنەوە، بەڵام هیچ کەس ناپرسێت بۆچی ئەم خەڵکە ئەمە دەکات؛ چونکە چیتر مۆتیڤەکە ئەوە نییە کە دەڵێ "من پارە دەسدەخەم تا بچم بۆ گەشت و پشوو"، لەبەر ئەوەی کەس نازانێت ئایا جارێکی تر هەلی گەشت و پشوو چێ دەبێتەوە یان پارە بوونی دەمێنێت. ئا ئەمە ڕێک وێنای ئەو جیهانەیە کە تێیدا تەنها خاوەنی ماڵێکیت، پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراکت هەیە، لەگەڵ میهر و خۆشەویستیی ئەوانی تر و ئەرکێک کە بە ڕاستی بایەخی هەیە – ئێستا زیاتر لە هەر کاتێ. ئەو ئایدیایەی کە پێی وایە مرۆڤ پێویستی بە "زیاتر" و بەکاربردنی زۆرترهەبێت، لە ئێستادا وەک شتێکی ناواقیعی دەردەکەوێت".. جا بۆیە من هەرگیز ناتوانم وێنای وەسفێکی باشتر بکەم بۆ ئەوەی کە بکرێ ناوی بنێین: ژیانێکی بەشکۆ و شایستەی بێ-نامۆیی.[4]
سەرچاوەی وتارەکەی ژیژەک: https://thephilosophicalsalon.com
[1] [i] Byung-Chul Han, The Burnout Society, Redwood City: Stanford UP 2015.
[2] Assembly line work
[3] Just take it easy: لێرە ژیژەم ئەم دەستەواژەیە وەک تەڵە و سەرلێشوان دەبینیت، چونکە هەر لەڕێی ئەم دەستەواژەشەوە دەبێتە پرێزەری جۆرێک لە دیسپلین و زەبت و ڕەبت، چونکە پێی وایە کە ئازادی ڕاستەقینە لەڕێگەی کارێکی ڕێکخراو و بەدیسپلین و ماناقدارەوە دێ، نەک لە تەمەڵیی و بێبەرنامەیی. هەروەها ڕەخنە لەو کولتوورە پۆستمۆێرنەیە دەگرێ کە دەڵێ ژیان تەنها بۆ چێژ و خۆشییە و ئەوەندە خۆت ماندوو مەکە، بەڵآم لەڕاستیدا ئەمە خۆی جۆرێک لە لاوازی ئیرادە و پەکخسوتنی مرۆڤ لەناو بێمانیی ژیان.
[4] non-alienated decent life
