عەبدوڵڵا ئۆجالان
ئەمە دەقی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجالانە بۆ “کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی”، کە لە زیندانی جۆری Fـی ئاسایشی باڵای ئیمڕاڵییەوە پەیامەکەی ناردووە و پەیامەکە لەلایەن وەیسی ئاکتاشەوە خوێنرایەوە، هێژای گونتە وەیسی ئاکتاش بۆ ماوەی دە ساڵ لە زیندانی ئیمڕاڵیی ماوەتەوە و مانگی تەمموزی ئەمساڵ ئازاد کرا.
دەقی پەیامەکە:
هزرمەندانی قەدرگران، هاوڕێ، زانا و نوێنەرانی خۆشەویست و هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە سۆسیالیزمە.
لە قۆناغێکدا لەگەڵتان قسە دەکەم، کە لە دوڕگەی ئیمراڵیی لە ژێر هەلومەرجی گۆشەگیریی ٢٦ ساڵەدا، بۆ پرسی کورد لە تورکیا بە لێگەڕینی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەرلەنوێ دانوستان لەگەڵ دەوڵەت دەستی پێ کردووەتەوە. زۆر گرنگ و ماناداری دەبینم کە ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتییدا دەربارەی سەرلەنوێ بنیادنانەوەی سۆسیالیزم قسەتان بۆ دەکەم.
وەک کورد، کۆتاییمان بە تێکۆشانی ٥٢ ساڵەی پەکەکە بۆ بوون و شکۆ هێنا و لە ئێستادا پێمان ناوەتە قۆناغێکەوە کە کۆماری دیموکراتییی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی سەرلەنوێ بنیاد بنرێتەوە.
پەکەکە بە مسۆگەکردنی بوونی نەتەوەیی گەلی کورد ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێ گەیاند، هاوکات بنبەستی سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوەی خستە ڕوو. سۆسیالیزمی سەدەی بیستەم، وەک هەنگاوێکی شۆڕشگێریی نێگەتیڤ (نەفیکەر) دەرکەوت، بەڵام نەیتوانی جێگەی خۆی بگرێت. لە ساڵانی نەوەدەکاندا، کە زۆرینەی خەڵکی لە سۆسیالیزم هەڵدەهاتن، من گوتم؛ ‘سووربوون لەسەر سۆسیالیزم، سووربوونە لەسەر مرۆڤبوون’ و هەموو ژیانی خۆم بۆ سەرلەنوێ درووستکردنەوەی هیوا تەرخان کرد. ئەم تێکۆشانە بە قوربانی مەزن بەڕێوە بردرا، لەمڕۆدا بووە بە میراتێک و بە ڕەخنە مێژوویی و پراکتیکییەکان درووست کراوە. بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی درووست خاوەنداریی لەم میراتە بکەین، دەبێت سۆسیالیزم لە یادەوەرییەوە وەرچەرخێنین بۆ هێزێکی زیندووی کۆمەڵایەتیی و لە ناو گەلدا دەنگ بداتەوە.
دەبێت نەریتی سۆسیالیستی لە مێژوودا، بۆ بنیادنانی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی وەک میراتێک هەژمار بکرێت و ڕێگەی بەدەستهێنانی ئەمەش، بە جێبەجێکردنی ئەرکە نێونەتەوەییەکان لە تیۆر و پراکتیکدا دێتە دی.
هەرچەندە سۆسیالیزمی یۆتۆپیایی و مارکسیست لە سەدەی نۆزدە بە دواوە ڕەخنەی لە سیستەمی هەژموونگەرای سەرمایەداریی گرتبێت، بەڵام نەیتوانیوە پەرە بە هەڵوێستێکی ئەنجامگیر بدات. لە ئێستادا سەرمایەداریی بە تەنها قەیرانێک نییە، بەڵکوو گەیشتووە بە ئاستێک و هەڕەشە لە چەشنی مرۆیی دەکات. قۆرخکاریی توندوتیژیی لە شێوەی دەوڵەت-نەتەوە لەم داڕمانەدا یەکلاکەرەوەیە.
هەروەک چۆن سەرمایەداریی لەسەر بنەمای ئابووریی ڕاڤە ناکرێت، ئاوهایش ناتوانین شکستی بزووتنەوە سۆسیالیستییەکان تەنها بە ستەم و چەوساندنەوەی سەرمایەداریی ڕوون بکەینەوە. هەڵە مێژوویی و هەنووکەییەکانیش لەم دابەزینەدا کاریگەرن.
دەبێت بە درووستیی لە ڕەخنەکانم لە مارکسیزم تێبگەن. من مارکس تاوانبار ناکەم؛ لە سەردەمی ئەودا مێژوو وەک ئەمڕۆ ڕۆشن نەکرابووەوە، قەیرانی ئیکۆلۆژیی لە ئارادا نەبوو، سەرمایەدارییش لەسەردەمی گەشەکردنی خۆیدا بوو. وێڕای هەموو ئەمانەش، مارکس ئایدیۆلۆژیستێکی زۆر متمانەبەخۆبوو بوو، بەردەوام ڕەخنەی لە خۆیشی دەگرت. هەستی بە ڕزگاریی ژنان دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی گشتگیرانە شرۆڤەی دەکرد، لە قوڵاییەکەی تێنەدەگەشت، پێی وابوو گەر ڕەنجخۆریی ئابووریی تێبپەڕێنرێت، ئەوا پرسەکانی ژنیش تێ دەپەڕێنرێت. هەوڵی دەدا تەنها لە ڕێگەی ‘چینایەتیی’ـەوە مێژووی کۆمەڵایەتیی ڕاڤە بکات و نەیتوانی وەک پێویست شیکاری دەوڵەت و دەوڵەت-نەتەوە بکات. بەم هۆکارە دەرەنجامی سەختی لێ کەوتەوە و خۆی دەرخست. لەگەڵ هەموو ئەم ڕەخنانەشدا، دەمەوێت بڵێم، ڕێز لە کارەکانی مارکس دەگرم، هیچ گومانێکم لە نیازەکانی نییە و مارکسیزم بە شێوەکی جیاواز لە مارکس هەڵدەسەنگێم. تەنانەت گەر لەسەر هەندێک بابەتی بنەڕەتیی ڕەخنە لە مارکسیزم و سۆسیالیزمی بنیادنراویش بگرین، ئەوەی وەک سۆسیالیست هەستی پێ دەکەین، خۆڕەخنەکردنە.
پێویستە هێزە دژەسیستەمەکان، ماتریاڵیزمی مێژوویی سەرلەنوێ پێناسە بکەن، کە لەگەڵ ڕاستیی مرۆڤەکاندا بێتەوە. گرنگە مرۆڤ لەوە تێبگات کە سەرمایەداریی لە سەدەی ١٦ـدا “لە ئاسمان نەکەوتە خوارەوە”، ڕەگوڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرەوپێشچوونی شارستانییەتی ١٠ هەزار-١٢هەزار ساڵی میزۆپۆتامیای خواروو. ناوەندەکانی وەک گردی مرازان و گردی کەچەڵ ئەم دەستپێکە مێژووییە ڕوون دەکەنەوە. لەبەر ئەوە من ڕاستتر دەبینم کە سیستەمی شارستانییەتی هەنووکەیی بە “سیستەمی بکوژی کاستیکی کۆمەڵایەتیی” ناو ببەم. بەڵگە ئارکیۆلۆژیی و ئەنترۆپۆلۆژییەکان نیشانی دەدەن کە کاستە ڕاوچییە پیاوەکان، بە بەکارهێنانی ئەو تەکنیکانەی کوشتن وا پەرەیان پێ داوە، دەستیان بە سەر کۆمەڵگەی کڵانە ژنسەنتەرەکاندا گرت و ژنانیان کردە کۆیلە. ئەمە قووڵترین شکستی مێژووی مرۆڤایەتییە. هاوکات شۆڕشێکی پێچەوانەی گەورەیە و هەموو پێشکەوتنەکانی شارستانییەتەکانی پێش خۆی دیاریی کردووە.
شیکردنەوەی سەرمایەداریی لە دیدگایەکی مێژووییەوە ئاسۆمان زۆر فراوان دەکات. ئەم سیستەمە نەک تەنها ناکۆکییە ناوخۆییەکان لەناو کۆمەڵگەدا قووڵ دەکاتەوە، بەڵکوو هاوکات بە پەرەپێدانی سیستەمەکانی چەکی کیمیایی و ئەتۆمیی، کە دەتوانن گەلەئەستێرەیەک وێران بکەن، بە پیسکردنی ئاووهەوا و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی ژێر زەوی و سەر زەوی ژینگە وێران دەکات و بەم شێوەیە کۆتایی بە مرۆڤایەتیی دەهێنێت. ئەرکێکی سەرەکیی نێونەتەوەییە کە سەبارەت بەم ڕاستییە، شیکارێکی سەرمایەداریی نوێ پێشکەشی مرۆڤایەتیی بکرێت.
پێویستە مێژووی ژێردەستان بە دیدگای ئەو کۆمۆنەی وا پێکهاتەیەکی خۆپاراستنە و لە چین لەپێشترە، لێی بکۆڵدرێتەوە. بۆ ئەمە دیدگایەکی مێژوویی پێویستە کە کڵانە سەرەتاییەکان وەک سەرەتای کۆمۆنەکان دەبینێت و دەیگەیەنێتە ئەو چینەی ئەمڕۆ ئێمە پێی دەڵێین؛ چینی پرۆلیتاریا یاخود دەیگەیەنێتە هەموو گەلانی ژێردەست.
لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە دەڵێین؛ مێژوو تەنها بۆ تێکۆشانی چینایەتیی سنووردار نییە. ئەمەش لەخۆ دەگرێت و ڕاستترە مێژوو وەک پرۆسەی پەیوەندیی و پێکدادانی نێوان پێشکەوتنی کۆمۆناڵ و پێشکەوتنی دژەکۆمۆناڵ بخوێنرێتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٣٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر.
من بڕوام وایە کۆنفرانسەکەتان لەسەر بنەمای ئەو شیکارییە تیۆرییانەی پێشکەشم کردوون، گفتوگۆی گرنگ پێش دەخات کە بەشداریی لە تێگەیشتنێکی نوێ بۆ بەرنامە و ڕێکخستنی سیاسیی دەکات. ڕێبازی بنەڕەتیی لەم پڕۆسەیەدا ماتریاڵیزمی دیالەکتیکە. بەڵام دەبێت قاڵبەکانی دیالەکتیکی کلاسیک تێپەڕێنرێن. دەبێت ئێمە ناکۆکییەکان نەک وەک ئەو بەشانەی یەکتر لەناو دەبەن، بەڵکوو وەک ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەی یەکتر بەهێز دەکەن، ببینین، چونکە بەبێ کۆمۆن دەوڵەت بوونی نییە، بەبێ بۆرژوازییەت پرۆلیتاریا بوونی نییە. لەبەر ئەوە، دەبێت ئێمە ناکۆکییەکان نەک بە ئەقڵیەتێکی وێرانکەر، بەڵکوو بە ڕوانگەیەکی مێژوویی وەرچەرخێنەر دەستنیشان بکەین.
پێشکەوتنە زانستییەکانیش نیشانی دەدەن کەڕێبازی دیالەکتیک تاوەکوو ڕەها نەکرێت، لە شیکاریی کۆمەڵایەتییدا ئامڕازێکی کاریگەرە. لەم چوارچێوەیەدا، نوێکردنەوەی دیالەکتیکی کۆمۆن-دەوڵەت و چین-دەوڵەت پێویستە. شکستخواردنی سۆسیالیزمی ڕاستەقینەی سەدەی ٢٠ لە شیکارکردنی هەڵەی ئەم دیالەکتیکە مێژووییەوە سەری هەڵدا: هەرچەندە سۆسیالیزمی دەوڵەتگەرا دەوڵەتی بەدەست خست، بەڵام لە کۆتاییدا لە بەرانبەرییدا تێک شکا. بە بەستنەوەی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان بە دەوڵەتی نەتەوەییەوە، لە نێو سنووری سیاسەتەکانی بۆرژوادا خنکا. چەمکی “دەوڵەت-نەتەوەی پرۆلیتار” جگە لە بەرهەمهێنانەوەی زیهنیەتی دەوڵەتگەرا ئەنجامێکی تری لێ نەکەوتووەتەوە.
من ئەم هەقیقەتەم بە شێوەیەکی ڕاست شیکار کرد و گوتم: سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوە مرۆڤ بەرەو شکست دەبات، سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیی، مرۆڤ بەرەو سەرکەوتن دەبات. ئەمڕۆ کاتی ڕێپێوانە بەرەو ڕزگاریی دیموکراتیی بە پێودانگی سۆسیالیزمی دیموکراتیی.
من لەم ڕێیەدا باوەڕم وایە کە ئێمە لەبری دەوڵەت، بە دیدگای کۆماری دیموکراتیی، نەتەوەی دیموکراتیک و بە پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیی بۆ ژنانی ئازادیپارێز، ئیکۆلۆژیی و دیموکراتیی، سەردەکەوین.
ئەو زیهنییەتە تەڤگەرەکەمانی گەیاندووەتە نۆژەنبوونەوەی ئایدۆلۆژیی و سیاسیی، داینامیزمی ڕێکخراوەیی و گەلپارێز و بەرەو بەرنامەیەکی سۆسیالیستی بردووە کە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی ئەم سەدەیە بێت.
پەیوەندیی سۆسیالیزمی دیموکراتیی لەگەڵ دەوڵەت لە پرۆسەی ئاشتیی و چارەسەردا سەرلەنوێ شێوە دەگرێت. من پەیوەندیی خۆم لەگەڵ دەوڵەتدا وەک پەیوەندییەکی دیموکراتیکبوون پێناسە دەکەم. لە تێڕوانینی کۆماری دیموکراتییدا وا پێویست دەکات دەوڵەت وەک هێزێکی ئیلاهیی لە سەر کۆمەڵگە نەبێت، لە چوارچێوەی پەیمانێکی دیموکراتییدا لەگەڵ کۆمەڵگە کار بکات. بە ستراتیژی سیاسیی دیموکراتیی، دەشێت لەناو دەوڵەتدا گۆڕان و گۆڕانکاریی ڕوو بدات و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دیموکراتیی سەرلەنوێ دابمەزرێنرێت.
جێگیرکردنی ئەم ستراتیژە لە یاسادا، بناغەیەکی هەمیشەیی بۆ ئاشتیی دادەنێت. یاسا، وەک میکانیزمی پاراستن و هاوسەنگیی پەیوەندیی دیموکراتیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە، ئامڕازێکی چارەسەرە و ڕێ لە توندوتیژیی دەگرێت. هاوکات ڕۆڵی لە ڕێکخراوەییکردنی دامەزراندن و ڕەوایەتیی کۆماری دیموکراتیی و سەرلەنوێ دامەزراندنی سیستەمی کۆمەڵایەتییدا دەبێت.
یەکێک لەو ئارگومێنتانەی من وەک ستراتیژێکی سەرەکیی تێکۆشان پێشکەشم کرد، ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیی و چەمکە یاساییەکەی بوو. یاسای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیی، کە تێیدا یاسا لە ڕێی نۆرمە تاکەکەسیی و جیهانیی و مافە کۆلەکتیڤەکانەوە بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵگە سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، پێویستە لەسەر سێ پرەنسیپی سەرەکیی دابڕێژرێت:
- -یاسای هاووڵاتییبوونی ئازاد
- -یاسای ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی
- -یاساکانی ئازادیی
یاسای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیی هەم دەوڵەت دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی نۆرمەکان و هەم بوونی کۆمەڵگەی وەدەستهاتوو بە شێوەیەکی دامەزراوەیی مسۆگەر دەکات، بەم شێوەیە ئازادیی خۆی بەدەست دەهێنێت. پرۆسەی “بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی” کە من دەستم پێ کرد، پرۆسەیەکی دیالۆگە. لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئیتنیک، ئایین و مەزهەبی جۆراوجۆری لێیە، زۆر شت هەیە لە ڕێی دیالۆگ و دانوستانی دیموکراتییەوە بەدەست بهێنرێت. بە ڕاستیی، من باوەڕم وایە سۆسیالیزمێکی مانادار لەبری مامەڵەیەکی شۆڕشگێڕیی توندوتیژ، گونجاوترە و خۆی وەک سیستەمێکی ئەرێنیی دامەزراندن و بوون ڕێکخراو بکات، ئەمەش بە شێوەی دیالۆگی دیموکراتیی پێک بێنێت. زەحمەتە مرۆڤ باوەڕ بەوە بکات کە سۆسیالیزم بەبێ دیالۆگێکی دیموکراتیی بەرفراوان و قووڵ دابمەزرێنرێت؛ گەر داشبمەزرێت هەمیشەیی بێت.
لینینیش گوتوویەتی، “سۆسیالیزم بەبێ دیموکراسییەکی بەرفراوان و پێشکەوتوو دانامەزرێت”.
بەم بیر و باوەڕە، هیوادارم کۆبوونەوەکەمان بە سەرکەوتوویی تێپەڕێت و سڵاو و خۆشەویستیی هەڤاڵێتیی بێپایانی خۆمتان پێشکەش دەکەم.
٦/١٢/٢٠٢٥
عەبدوڵڵا ئۆجالان،
دوڕگەی ئیمراڵیی
سەرچاوە: ANF

