کورتە مێژوویەکی نیوڵیبرالیزم


ویلیەم دەیڤیس

و. سەرفراز ئودیش

دەستەواژەی "نیولیبڕاڵیزم" لەم ساڵانەی دوایدا بەشێوەیەکی زیاتر ئاشنا و باو بووەتەوە. ئەم دەستەواژەیە تا دەیەی 1990 تا ئەندازەیەک نەناسراو بوو، واتە تا ئەو کاتەی کە چەمکی نیولیبڕاڵیزم بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ڕەخنەگرانی بیرۆکەی بازاڕی ئازادی باوەوە بەکاردەهێنرا، بیرۆکەیەک کە بە پشتیوانی "کۆدەنگی واشنتۆن"ەوە لە سەرانسەری جیهاندا لە دۆخی بڵاوبوونەوەدا بوو. "بزوتنەوەی دژە جیهانیبوون" کە بەهۆی خۆپێشاندانەکانی سیاتڵ لە ساڵی 1999 دژ بە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییەوە ناوبانگی بەدەستهێنا، نیولیبراڵیزمی زیاتر وەک دەستەواژەیەکی نزمکردنەوەی/سوکایەتیپێکەری جۆرێک لە بناژۆخوازی بازاڕ زیاتر گەشەی کرد، کە لەلایەن حوکمەت و دامەزراوە فرەلایەنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لەسەر گەلانی گەشەسەندوودا دەسەپێندرێت. گریمانە بنەڕەتییەکەی ئەم گێڕانەوەیەی نیولیبڕاڵیزم بەتایبەتی ئەوەیە کە نیولیبڕاڵیزم هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرکردە سیاسییەکانی "ڕاستڕەوی نوێ"، بەتایبەتی مارگرێت تاچەر و ڕۆناڵد ڕیگان، لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا سەریهەڵداوە. بەڵام لەم قۆناغەدا تا ئەندازەیەک لێکۆڵینەوەی کەم لەسەر مێژووی درێژتری بیری نیولیبڕال لە پێش ئەم گۆڕانکارییە سیاسییەوە هەبووە. دەستپێکی قەیرانی دارایی جیهانی لە هاوینی ساڵی 2007 دا، واتا و مێژووی نیولیبڕاڵیزم بە شێوەیەکی نوێ خستەوە ناوندی سەرنج/هێنایەوە بەرچاو، هاوکات تیشکی خستە سەر ئەو پێشینەیەی کە سیاسەتی نیولیبڕاڵ بە بازاڕ و دامەزراوە داراییەکان دەدات. هۆکاری  ئەو ڕاستییەی ئەم قەیرانە له ناوەند و هێزی بزوێنەری ئاشکرای نیولیبڕاڵیزمەوە واتە "وۆڵ ستریت" سەرچاوەی گرتووە، وایکرد سەرنجی لە لایەنە نیو-کۆلۆنیاڵیزم و جیهانگیرییەکانی ریفۆرمی نیولیبڕالیزمەوە وەربچەرخێتە بۆ سەر پرسی ناوەندی ئەقڵانی و بنەچەی نیولیبڕاڵیزم. تا ئەندازەیەک بەم هۆکارە بەبێ گومان، شەپۆلێکی لێکۆڵینەوەی نوێ سەریهەڵدا، کە زۆر زیاتر گرنگی بە مێژووی درێژتری بیری نیولیبڕاڵ دەدا، مێژوویەک کە ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی 1920. ئەم شەپۆلە بەرهەمە توێژینەوەییەکانی دەربارەی دامەزراوە فیکرییەکانی وەک کۆمەڵەی مۆن پیلارین و نەریتە ئەکادیمییەکانی وەک قوتابخانەی ئابووری شیکاگۆ لەخۆ دەگرێت. لە هەوڵی ڕزگاربوون لە بەکارهێنانی تاوانبارکردن/سوکایەتیپێکردنی زاراوەی نیولیبڕاڵیزم کە دەتوانرێت بەبێ جیاکاری بۆ فۆڕمەکانی هەمەجۆری هێزە دژە دیموکراسی و کۆمپانیاگەرایی بەکاربهێنرێت، ڕوانگەیەکی مێژوویانەتر بۆ چەمکی نیولیبڕاڵیزم، تایبەتمەندی شل و ڕێڕەوی ڕێکەوتەیبوونی پێشکەوتنەکەی دەردەخات. بەڵام، ئەم ڕوانگەیە ڕووبەڕووی ئەو مەترسیە دەبێتەوە کە بکەوێتە کەلێنی وێناکردنی مێژوویی تەواو، ئەمەش بەبێ هیچ ڕەخنە و ڕوونکردنەوەیەک کە چۆن بیرۆکەکان دەگۆڕدرێن بۆ ڕێوشوێنە سیاسی و ستراتیژیەکان. هەندێکیتریش ڕێبازێکی کۆمەڵناسی و ڕەخنەگرانەتر دەگرنەبەر، ڕێبازێک کە ئامانجی ئەوەیە بزانێت کام لایەنی نیولیبڕالیزم لە ئەمڕۆدا لەناو نوخبە و حوکمەتەکاندا کاریگەرە. ئەو پرسیارەی کە ئەو ڕێبازە پێشی دەخات ئەوەیە کە نیولیبڕاڵیزم تا چەند توانیوویەتی لە قەیرانی دارایی جیهانی ڕزگار بێت و ئەم ڕزگارییەی لە ڕێگەی چ ئامرازێکەوە بەدەستهێناوە.

لەم بەرهەمە توێژینەوەیەدا ئێمە ڕووبەڕووی پێناسەی هەمەجۆری نیولیبڕاڵیزم دەبینەوە. بەڵام لە چوار شتدا هاوبەشن:

1.        لیبڕاڵیزمی ڤیکتۆریایی وەک سەرچاوەی ئیلهامی نیولیبڕایزم دەبینرێت، بەڵام وەک نمونەیەک نا. نیولیبڕاڵیزم هێزێکی داهێنەر، بنیاتنەر و نوێکەرەوەیە کە ئامانجی دروستکردنی پارادایمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێیە نەک زیندوکردنەوەی پارادایمێکی نوێ. نیولیبڕاڵیزم پڕۆژەیەکی کۆنەپەرستانە و نۆستالۆژیک نییە.

2.        لەسەر ئەم بنەمایەش، سیاسەتە نیولیبڕاڵەکان ئەو دامەزراوە و چالاکییانە دەکەنە ئامانج کە لە "دەرەوەی" بازاڕدان، دامەزراوەکانی وەک زانکۆ، یەکەی ئابووری ماڵەکان، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، سەندیکاکانی کرێکاران. ئەمەش بە مەبەستی هێنانیانە بۆ ناو بازاڕ لە ڕێگەی تایبەتکردنەوە؛ یان بۆ دووبارە دروستکردنەوەیان لە چوارچێوەی "بازاڕ"دا؛ یان تەنها بۆ بێ کاریگەرکردنیان یان تواندنەوەیان.

3.        بۆ ئەم کارەش پێویستە دەوڵەت هێزێکی چاڵاک بێت، ناتوانێت بە تەنها پشت بە "هێزەکانی بازاڕ" ببەستێت. لێرەدایە کە جیاوازی نیولیبڕاڵیزم لەگەڵ لیبڕاڵیزمی ڤیکۆتۆریایی لە هەموو شوێنێکی دیکە زۆرترە. دەوڵەتە نیولیبڕاڵەکان دەبێ ڕێسکانی ڕەفتاری دامەزراوەکان و تاکەکان بە شێوەیەک بەرهەم بهێنن و دووبارە بەرهەمیان بهێننەوە کە لەگەڵ دیدگایەکی ئەخلاقی و سیاسی دیاریکراودا بگونجێت.

4.        ئەم دیدە ئەخلاقی و سیاسییە لەژێر دەسەڵاتی بیرۆکەی چالاکی ڕکابەریدایە، واتە بەرهەمهێنانی نایەکسانی. لەناو نیولیبڕاڵیزمدا ڕکابەری و نایەکسانی بەهایەکی ئەرێنیان بۆ دادەنرێت، واتە وەک جۆرێک لە بنەمای ناسۆسیالیستی بۆ کۆمەڵگا بە گشتی، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت بەها و زانیاری زانستی بە باشترین شێوە پەیڕەو بکرێت.

ئەم گوتارە تیشک دەخاتە سەر ئەو دەقانەی کە لە کۆمەڵناسی، مێژووی ئابووری و نەریتە مێژوویی و کولتووریەکانی ئابووری سیاسی وەرگیراون، هەوڵدەدات بیرۆکەکان و ئەقڵانییەت و سیاسەتانە لەبەرچاو بگرێت کە نیولیبڕاڵیزم لە ڕێگەیانەوە بنیات دەنرێت و پارێزراو و بەردەوام دەبێت. لەم بابەتەدا باس لەو پرسیارە سیاسی-ئابوورییە ناکرێت کە چۆن لە ڕاستیدا ئابوورییە نیولیبڕاڵەکان بە شێوەیەکی ئەزموونی جێبەجێکراون و بەدی هێنراون. 

 

پێشەنگەکانی بیری نیولیبڕاڵ

 سەرچاوەکانی نیولیبڕاڵیزم دەتوانرێ لە ساڵەکانی پێش قەیرانی گەورە و لە نووسینەکانی لودڤیگ ڤۆن میزسدا بدۆزرێتەوە، کە ڕەخنەیەک بوو لە ئەقڵانییەتی سۆسیالیزم. کارەکەی میزس کە بووە هۆی درووستبوونی "مشتومڕی حیسابی سۆسیالیستی" لە دەیەکانی 1920 و 1930 مشتومڕێک کە فرێدریک ڤۆن هایکیش بەشداری تێدا کردبوو، بەرگریکردنێک بوو لە لیبراڵیزمی ئابووری. باوەرەکە ئەوە بوو کە لیبڕاڵیزم، کە نموونە بەرچاوەکەی لە ئابووری بازاڕی ئازادی ڤیکتۆریاییدا دەبینرا، لە دەوروبەری ساڵی 1870 گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی، بەڵام لەو کاتەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینی، هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمپانیاکان، سەندیکاکانی کرێکاران و سیاسەتی کۆمەڵایەتی و سۆسیالیزمی دەوڵەتی. ئەو ئەرکەی میزیس و هاییک و شوێنکەوتووانیان ڕووبەڕووی بوونەوە بریتی بوو لە دووبارە دانانەوەی لیبڕاڵیزمی ئابووری بە شێوەیەک یان لەگەڵ ئەم پێشهاتە تازانە بگونجێ یان بتوانن لە پراکتیکدا ئەوان ڕەتبکەنەوە. لە دەیەی 1930دا، واتا لەگەڵ دەرکەوتنی سیاسەتی پارێزگاری لە پیشەسازییە ناوخۆییەکان، ئابووری گشتییەکان، "نیو دیل" لە ویلایەتیە یەکگرتووەکان و تۆتالیتاریزم لە ئەوروپا، ڕەوتە دژە لیبڕاڵییەکان توندتر بوون. ئەم پێشهاتانە بوونە هۆی زیادبوونی نیگەرانی لیبڕاڵەکان لەم وڵاتانەدا، کە بە شێوازی میزس دەستیان کرد بە دووبارە دروستکردنەوەی بابەتی سیستەمی نرخی بازاڕ. لە ساڵی 1938 فەیلەسوفی فەرەنسی "لویس ڕۆجێر" بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژنامەنوسێکی ئەمەریکی کە ڕەخنەگرێکی ڕاشکاویی "نیو دیل" بوو، کۆنفرانسی واڵتەر لیمپانی لە پاریس ڕێکخست. باوەڕ وایە کە لەم بۆنەیەدا بۆ یەکەمجار دەستەواژەی "نیولیبڕاڵیزم" بەکارهاتووە. لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا و دوای ئەوەش، بیری نیولیبڕاڵ فۆرمێکی ڕوونتری وەرگرت، لە ساڵی 1944 کتێبی پڕفرۆشی هاییک بەناوی "ڕێگای کۆیلایەتی" چاپ کرا، که بۆ چەند دەیەیەک وەک پێشەنگێک بۆ بیرۆکە نیولیبڕالەکان کاری کردووە. لە ساڵی 1947دا، هایک کۆمەڵەی "مۆنت پێلرین"ی دامەزراند، کە دامەزراوەیەکی بیرکردنەوە و تۆڕێک بوو بۆ ڕۆشنبیرە لیبڕاڵەکان لە سەرانسەری جیهان. دامەزراوەی فیکری وەک ناوەند و کەناڵێکی گرنگ لە نێوان بیرمەندە نیولیبڕاڵەکان و سیاسەتکارەکاندا مانەوە. سەردەمی دوای جەنگ شایەتی جیابوونەوە/درزێکی گەشەسەندوو بوو له نێوان لقی "ئەوڕوپی نیولیبڕاڵیزم" و لقە ئەمەریکییەکەی "ئۆردۆلیبڕاڵیزم" بەخۆیەوە بینی.

 

 ئۆردۆلیبڕاڵیزم و "بازاڕی کۆمەڵایەتی"

تا دەیەی 1950 زۆرێک لە بیرمەندە نیولیبڕاڵەکان وایان دەزانی کە زۆرێک لە توخمەکانی سۆسیالیزم، یان لانی کەم سۆسیال دیموکراسی ناچاری و پێویستن. لەبەر ئەوە، ئەرکی سەرەکی شتێک نەبوو جگە لە دۆزینەوه یان دروستکردنی بۆشاییەک بۆ بازاڕی ئازاد شانبەشانی دامەزراوەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەروەری بەهێزی یاسا. لە ئەڵمانیا ئەم هەڵوێستە لەلایەن قوتابخانەی ئۆردۆلیبڕالیزمەوە نوێنەرایەتی دەکرا، قوتابخانەیەک کە لە دەیەی 1930 لە شاری فرایبۆرگ بە ڕابەرایەتی واڵتەر ئۆیکن سەریهەڵدا، ئۆردۆلیبڕاڵەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە پارێزەران و فەیلەسوفە لیبڕاڵەکان پێکهاتبوون، کە پشتگیریان لە ئەپستمۆلۆجی نیو-کانتی دەکرد، پێیان وابوو کە یاسا دەبێت بۆ سەپاندنی بیرۆکەکانی فۆڕمی لەسەر کۆمەڵگا بەکاربهێندرێت. بیرۆکەی کێبڕکێ، بەو شێوەیەی کە لە بازاڕی ئازاددا بینراوە/بەرجەستەبووە، وەک زامنکاری مافە سیاسییەکان سەیر دەکرا، بەڵام بازاڕ بە تەنها نەیتوانی ئەم مافانە بپارێزێت. لەبەر ئەوە بوونی دەوڵەت بۆ سەپاندن و جێبەجێکردنی سیستەمێکی ڕکابەری پێویست بوو. ئەم بازاڕە لەژێر سەرپەرشتی یاساوە لەگەڵ دامەزراوە بەهێزەکانی وەک ئاسایشی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی گشتیدا تەواو گونجاو بوو، ئەوەی بەرهەم هێنا کە پێی دەگوترا "بازاڕی کۆمەڵایەتی". هاییک لە سەرەتاوە لەگەڵ هەڵوێستی ئۆردۆلیبڕاڵیدا زۆر هاوسۆزی هەبوو. ئۆیکن و هاوکارەکانی ڕۆڵێکی کاریگەریان لە دیزانکردنی ئابووری بنیاتنانەوەی ئەڵمانیا لە کۆتایی دەیەی 1940دا هەبوو. جێگیرکردنی مەرج و مادەی یاسایی دژ بە تاکڕەویی بەهێز لە دەستووری ئەڵمانیا (1949) و پەیمانی ڕۆما لە ساڵی (1957) کە شێوەی دا بە کۆمەڵگای ئابووری ئەوڕوپا، هەندێکجار لە دەستکەوتەکانی ئۆردۆلیبڕاڵیزم دادەنرێن 

.

قوتابخانەی شیکاگۆ و "ئیمپریالیزمی" ئابووری

 قوتابخانەی شیکاگۆ لە دەیەی 1970کانەوە کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر سیاسەتە نیولیبڕاڵەکان هەبووە. ئەم قوتابخانەیە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئابووری نیوکلاسیکی بۆ بوارە نوێیەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی، و لە ڕێگەی چەمکەکانی وەکو "سەرمایەی مرۆیی"ـەوە، بێگومان ڕۆڵی گرنگی هەیە لە داڕشتنی بیرکردنەوەی نیولیبڕاڵ بە شێوەیەکی فراوانتر. قوتابخانەی ئابووری شیکاگۆ لە ساڵانی یەکەمی خۆیدا لە دەیەکانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠دا، لایەنە لیبراڵیستییەکەی زۆر ناسراو نەبوو، هەرچەندە شێوازێکی بەرهەمهێنانی بوێرانە و گومانگەرانەیان بە ئەندامانی نەوەی یەکەمی ئەم قوتابخانەیە، کە کەسانی وەکو فڕانک نایت و جەیکۆب ڤاینەر بوون، دەدا، هەروەها بووبوونەە سەرچاوەی ئیلهامی نەوەی دووەم، بەتایبەت میلتۆن فریدمەن و جۆرج ستیگلەر. ئەم نەوەی دووەمە، کە لە سەرەتادا ڕابەرایەتی ئەیرۆن دایرێکتۆری بوو، بەم هۆیەوە زیاتر ناسراوە: باوەڕی قووڵ بە توانای زانستی ئابوورییەوە لە ڕوونکردنەوەی هەموو شێوەکانی ڕەفتاری مرۆیی، جا لە ناو بازاڕەکەدا بێت یان لە دەرەوەی. بەم هۆیەوە لە زانکۆدا وەکو "ئیمپریالیستی ئابووری" ڕەخنەیان لێ گیراوە.

قوتابخانەی شیکاگۆ لە ماوەی ساڵانی ١٩٥٠دا لە ڕوانگەی نۆرماتیڤ و ئایدیالیستی زۆرێک لە نیولیبراڵەکانی ئەوروپا جیا بووەوە. بە تایبەتی، ئەوان زیاتر گومانیان لە ڕۆڵی ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردن لە ئابووریدا هەبوو، و لە بەرژەوەندی کارایی پۆتانسێلی قۆرخکاری و ڕێککەوتنە نائابوورییەکاندا قسەیان دەکرد؛ ئەم ئارگومێنتە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرپرسانی دژە قۆرخکاری ئەمەریکا هەبوو. فریدمان پێشبینی کرد کە کینزیزم لە ئابووریی گەورەدا دابەزێت. بانگەشە بۆ جۆرێک لە سیاسەتی دراوی دەکرد کە لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەکارهێنرا. و گاری بێکەر بە بەکارهێنانی ئابووریی نیوکلاسیکی بۆ دیاردە "کۆمەڵایەتییەکان" وەک پەروەردە، تاوان و خێزان، جۆرێک لە تێڕوانینێکی ژمێریانرانەی دەروونناسی پەرەپێدا کە زۆر کەس بە کاریگەرترین دەستکەوتی نیولیبراڵیزمی دەزانن. لەم ڕووەوە دەتوانرێت قوتابخانەی شیکاگۆ وەک میراتگری جێرمی بێنتام سەیر بکرێت.

 

نیولیبرالیزم لە پراکتیکدا

قەیرانی ئابووریی گەورەی کینیزی (کە بەهۆی سەرهەڵدانی هەڵاوسانی بەرزەوە) و بەرهەمی فۆردیستی (کە بە دابەزینی گەشەکردن و قازانجی بەرهەمهێنان دیار بوو) دەرفەتێکی بۆ پارادایمێکی نوێی داڕشتنی سیاسەتی ئابووری ڕەخساند. ئەم پارادایمە سەرەتا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا و بەریتانیا بەکارهێنرا، پێش ئەوەی سیاسەتە نوێیەکان لە ڕێگەی دامەزراوە فرەلایەنەکان و شارەزایانی ئابوورییەوە هەناردە بکرێن بۆ سەرتاسەری جیهان. پێش ئەم پێشکەوتنە گەورەیە، قوتابخانەی شیکاگۆ پێشتر سیاسەتی ڕژێمی پینۆشێتی لە شیلی داڕشتبوو، ئەمەش بەهۆی ڕاهێنانی ئابووریناسانی شیلی لە شیکاگۆ و ئەو ئامۆژگارییانەی کە فریدمان بە حکومەتی شیلی دا.

شیکارییە مارکسیستییەکان بۆ نیولیبراڵیزمی پراکتیکی، ئەم دیاردەیە وەک جووڵاندنەوەی دەوڵەت بۆ زیندووکردنەوەی ڕێژەی قازانج دادەنێن. لە ئەنجامدا دەوڵەتی نیولیبراڵ لە ڕێگەی سیاسەتی گرژبوونەوە و دراو و لە ڕێگەی ڕێکخستن و پۆلیسی و بە تایبەتکردنی لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاری، بەرەنگاری هەڵاوسان دەبێتەوە. کاریگەرییەکەی گەڕانەوەی زۆر زیاترە بۆ سەرمایە و گەڕانەوەی کەمتر بۆ کار، کە بووەتە هۆی زیادبوونی گەورەی نایەکسانی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە. لەگەڵ کەمبوونەوەی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە دوای قەیرانی فۆردیست-کینیز، دەوڵەتی نیولیبراڵ سەرکەوتوو دەبێت لە دۆزینەوەی ڕێگەی بێ بەرهەم بۆ بەدەستهێنانی قازانجی تایبەت لە ماڵەکان و کەرتی گشتی و کەرتی داراییدا.

ئەو شیکاریانەی کە زیاتر لەژێر کاریگەری پاش-بوونیادگەرییەکان (پۆست ستراکچەرالیزم)، بە تایبەتی فوکۆ، نێولیبراڵیزم بە هەوڵێک دادەنێن بۆ بنیادنانەوەی تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی و کەسی لە دەوری جۆرێکی ئارمانجی کردار و جێبەجێکردن. لێرەدا، تایبەتمەندی پێشبڕکێ بە کولتوور، پەروەردە، پەیوەندییە کەسییەکان و بیرکردنەوەمان سەبارەت بە خۆمان دەگرێتەوە، ئەمەش بە ڕێگایەک کە نایەکسانی دەکاتە نیشانەی بنەڕەتیی بەهای ئەخلاقی یان ئارەزوو. لە ڕوانگەی زۆرێک لەم تیۆریستانە، خودی ئابووریناسان وەک ئەکتەرێکی سیاسی سەیر دەکرێن کە سنوورەکانی ژمێریاریکردن فراوان و درێژ دەکەنەوە. بەپێی ئەم دیدگایە، دەوڵەت هێشتا ئەکتەرێکی ناوەندی دەمێنێتەوە، چونکە دامەزراوەکان پاڵ پێوە دەنێت تا خۆیان بنیادنانەوە بکەن و خۆیان لەسەر بنەمای ئەم جۆرە تەماشاکردنە بەرامبەر بە کارایی هەڵبسەنگێنن. سیاسەتە نێولیبراڵییە جیاواز و دیارەکان هەمان سیاسەتەکانن کە تاک، کۆمەڵگا، خوێندکار و ناوچە جیاوازەکان هاندەدەن تا دەست بە هەوڵی پێشبڕکێ بدەن، پاداشت بە براوە و دۆڕاوەکان بدەن.

بابەتی هاوبەش لەنێوان شیکارییە ماڕکسیستی و پاش-بوونیادگەری لەمەڕ نیولیبڕاڵیزم، خۆی لە باڵادەستبونی  دەسەڵاتی ئەکتەرانی کۆمپانیا گەورەکان (کۆرپۆرەسیۆن) و نیمچە کۆمپانیاکان و پسپۆڕاندا دەبینێتەوە بەسەر ژیانی گشتیدا. لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکاندا، هەستکردن بەوەی کە ژیانی کۆمەڵایەتی زیاتر لەلایەن ناوەندە نادەوڵەتییەکان و کۆمپانیا تایبەتەکانەوە ڕێکدەخرێت و کۆنترۆڵ دەکرێ، بووە هۆی پەرەسەندنی هۆشیاری لەبارەی "حوکمڕانی"، "بەڕێوەبردن" و ئەو مەترسیانەی کە لە تەکنیکە ژمێردراوەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا نیولیبراڵەکان یان "لیبراڵە پێشکەوتووەکان"ەوە سەرچاوەیان گرتبوو. بێگومان ئەوە ئازادی بەڕێوەبردنی ئەکتەرانی کۆمپانیایی و نیمچە کۆمپانیاکانە کە لە نیولیبرالیزمی پراکتیکیدا زۆرترینە نەک ئازادی بازاڕەکان خۆیان.

 

قەیرانی دارایی و داهاتووی نیولیبڕاڵیزم

 لە ساڵانی دوای قەیرانی دارایی جیهانی ٢٠٠٧ تا ٢٠٠٩ و "پاشەکشە گەورەکە"ی دواتر، لە توێژینەوەکانی پەیوەست بە نیولیبراڵیزم چەندین پێچ و پەنا ڕوویداوە. یەکەم، هۆشیارییەکی زیادبوو لەسەر ئەوەی کە نیولیبراڵیزم لە ڕاستیدا بووەتە "دارایی‌کردن". ئەمەش بەو مانایەیە قازانجەکانی کەرتی دارایی پشکی قازانجەکان بە گشتی زیاد دەکات، ئەمەش بەهۆی ڕێکخستنەوەی دارایی و گەشەی قەرزەکانی خێزان، بەکارهێنەران و قوتابیانەوە بەدەست دێت. یارمەتییە داراییەکانی حکومەت بۆ بانکەکان لە ساڵی 2008 ڕۆڵی گرنگی حکومەتی لە بیمەکردن و پشتگیری کردنی بەشی داراییدا دەرخست، ڕۆڵێک کە دەرفەتی تایبەتکردنی قازانجەکان و کۆمەڵایەتی‌کردنی زیانەکان فەراهەم دەکات. نیولیبرالیزم لەبری بەرهەمهێنانی قازانج، سەرچاوەی نوێی قازانج دەدۆزێتەوە بە درێژکردنەوەی حیساباتی مەترسی بۆ بوارە نابەرهەمهێنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، کە دواتر دەتوانێت ئەوان ڕابکێشێتە ناو ئابووری داراییەوە. کاتێک ڕوون دەبێتەوە کە ئابووریی دارایی تایبەت ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ هەندێک لەو مەترسیانەدا بکات، ئەوا دەگوازرێنەوە بۆ دەوڵەت. هاوژیانی ئاڵۆزی نیولیبراڵ لە نێوان دەوڵەت و کۆمپانیاکان (لەم دۆخەدا بانکەکان) فۆرمێکی نوێ وەردەگرن.

دووەم: بەردەوامیی نیولیبرالیزم بابەتێکە کە خۆی پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە. وادیارە قەیرانی دارایی جیهانی نیولیبرالیزم و داکۆکیکارانی بەهێزتر کردووە نەک لاواز کردنیان. وا دیارە حکومەتەکان تەنانەت زیاتر لە پێشتر خۆیان بە پابەند دەزانن بە بەرگری لە بەرژەوەندییە داراییەکان، لە بەرامبەر بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دیکە، و مەودای دەسگەیشتنی بەشی دارایی بۆ ژیانی ڕۆژانە زیاد دەکەن. لەم نێوانەدا، حکومەتی ژێر باری قەرز وەک هۆکار دەناسرێنرێت، نەک وەک ئەنجام، بۆ ئەم قەیرانە، شتێک کە دەبێتە هۆی لابردنی پشتگیری کۆمەڵایەتی و دامەزراوە بەشە گشتییەکان. لە لایەکی دیکەوە، ئایدیۆلۆژیا، ڕەوایی-بوون یان هەژموونی نیۆلیبراڵیزم، وەک سیستەمێکی پابەند بە دروستکردنی دەرفەتی یەکسان و دابینکردنی سامان، ئێستا زۆر لاوازترە لە پێش قەیرانەکە. لەبەر ئەوە، گفتوگۆکان دەکرێن دەربارەی ئەوەی کە ئایا نیولیبراڵیزم "زیندووە" یان "مردووە" یان لە جۆرێک لە دۆخی زۆمبیی پارادۆکسیکاڵدایە.

 

سەرچاوە:

http://thesis11.com/Article.aspx?Id=6450

https://www.theoryculturesociety.org/william-davies-a-bibliographic-review-of-neoliberalism/

 

پەیامێک جێبهێلە

تێبینیەک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر