کورتەیەک دەربارەی کۆمین-کۆمیناڵێتی


ئامادەکردنی: زاگرۆس ئاکۆ 

کۆمۆن-کۆمیناڵێتی یەکێک لە پرەنسیپەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە، چەمکێکە بۆ نیشاندانی کۆمیتە یاخود گروپێکی کار. ئەمەش لە ناوەخنیدا بە واتای ڕێکخستنی، کۆمەڵایەتی و خۆبەڕێوبەری دێت.       لە ڕووی واتاییەوە کۆمۆن بە واتای "کۆم و کۆبوونەوە" دێت.لە زمانی کوردیدا کۆم بە واتای "گروپ"یش دادەندرێت. لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە ڕووداوێکی کۆمیناڵە، کۆمەڵگەبوون لە کۆمۆنەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکەم فۆرمی کۆمەڵگە کڵانە، کڵانەکان سەرەتایترتین کۆمۆنەن. کۆمەڵگەی کڵان جەوهەری کۆمەڵگەیە، گەر لە کڵان تێبگەین ئەوا لە تەواوی کۆمەڵگە تێدەگەین. پێش چوونە ناو بابەتەکە بە کورتی ئاماژەیەک بە کڵان دەدەین.

كڵان: کڵانەکان یەکەم فۆرمی خێزانن کە بە نزیکەیی لە ١٥ کەس پێکهاتوون. بە پرەنسیپی پێکەوەژیان، پێکەوە خۆپاراستن و پێکەوەبەرهەمهێنان ژیاون. واتا کۆمیناڵێتی بنەمای سەرەکییان بووە. لە کڵاندا موڵکایەتی، تاکگەرایی، دەسەڵاتداری و پیاوسالاریی بوونی نەبووە. بە زیهنییەتی یان بۆ هەمووان یان بۆ هیچ کەسێک درێژەیان بە ژیان دەدا. لە كڵاندا هەمووان خۆیان بە بەرپرسیار دەبینی بەرامبەر بە کڵانەکە، سەلامەتی و تەندروستی کڵانەکە. چونکە سەلامەتی کڵانەکە بەهەمان شێوەی سەلامەتی تاکەکان گرنگ بووە.

لەم کۆمەڵگەیەدا ژن وەک ئافرێنەر و بوونەوەرێکی پیرۆز تەماشا دەکرا. وەک هێزی سەرەکی کۆمەڵگا، مامۆستا و سەرکردەی کۆمەڵگا ڕێزی لێ دەگیرا و بیرۆکە و پێشنیارەکانی جێبەجێ دەکران.    لە ژیانی کڵاندا نە ژن نە پیاو وەک باڵادەست و دەسەڵاتدار دەرنەدەکەوتن. نە ژن نە پیاو زیهنییەتی ئەم منداڵە هی منە و هی تۆ نییەیان بەکار نەدەهێنا، بەڵکو پێکەوەژیانیان بە بنەما گرتبوو، ژیانێکی       ئەخلاقی و سیاسییان بە بنەما گرتبوو. بە باشترین شێوە پەروەردەی منداڵەکان دەکرا، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە تەواوی زیندەوەران و پاراستن و بینینی خۆیان وەک بەشێک لە سروشت پەروەردە دەکران. لە کۆمەڵگەدا سەردەست-ژێردەست، دەوڵەمەند-هەژار بوونی نەبوو، بەڵکو پێکەوە بەرهەمەکان دەئافرێندران، پێکەوە دەدۆزرانەوە و بە هاوبەشی دابەش دەکران. کەواتە بۆمان ڕوون بۆوە کە شێوازی ژیانی کڵانەکان کۆمیناڵ بووە و لەسەر پرەنسیبی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی بووە.

با دووبارە بگەڕێینەوە سەر بابەتی کۆمۆن و کەمێك بچینە ناوەخنی کۆمۆنەوە. هەر گوند، گەڕەک و ناوچەیەک دەتوانێت کۆمۆنی تایبەت بە خۆی دروست بکات. لەناو هەر کۆمۆنێکدا گەل بە خۆبەڕێوبەری خۆی بە بڕیار و فکری خۆی کار و خەبات و تێکۆشان و پیلانەکانی جێبەجێ دەکات. لەناو کۆمۆنەکاندا دەتواندرێت گفتوگۆ لەسەر سەرجەم بابەتەکان بکرێت. وەک بابەتەکانی "ئیکۆلۆژیا، ئازادی ژن، پیشەسازی، ئیکۆ-پیشەسازی، ئابووری، خێزان، کولتوور و هونەر، پەروەردە، ئەخلاق و سیاسەت، کۆمەڵگە و کۆمەڵگەبوون، نەتەوەی دیموکراتیک و چارەسەرە دیموکراتیکیەکان". لەناو کۆمۆندا گفتوگۆ لەسەر سەرجەم بابەتەکان دەکرێت و گرفت و کێشە و چارەسەرە دیموکراتیکیەکان دەخرێتە ڕوو، لەهەمان کاتدا ستراتیژی بە پراکتیزەکردنیان ئامادە دەکرێت. لە کۆمۆندا تاک بڕیار لەسەر کۆمەڵگە نادات، بەڵکو لەسەر بنەمای هاوبەشی نێوان کۆمەڵگە و تاک بڕیار دەدرێت، واتا نە تاک زاڵ دەبێت بەسەر کۆمەڵگەدا و نە کۆمەڵگە زاڵ دەبێت بەسەر تاکدا، بەڵکو بە هاوبەشی و لیکتێگەیشتن بڕیار دەدرێت و ئەنجام بەدەست دەخرێت. چونکە کۆمەڵگاو تاک تەواوکەرو پۆتانسێڵی یەکن، بەبێ بوونی یەکێکیان ناتەواوی و کێشە قوڵەکان بەئەنجامگیر دەبن. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم دەستەواژەیە پێویستە باس لەو مۆدێلە بکرێت کە کۆمۆن-کۆمیناڵێتی تیادا جێبەجێ دەکرێت، ئەویش کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە.

کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک

بێگومان زانراوە بۆ تێگەیشتن لە ئێستا تێگەیشتن لە مێژوو گرنگە، بۆ گەیشتن بە حەقیقەت و سۆسیۆلۆژییەکی ڕاستەقینە و چارەسەرە دیموکراتیکەکان و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی-سیاسی و شارستانێتی دیموکراتیک، گەڕانەوە و تێگەیشتن و شرۆڤەیەکی ڕاستی دوور لە هەموو جۆرە دۆگمایەک بۆ مێژوو پێویستییەکی دەستلێبەرنەدراو و گرنگە، گەر نا بەپێچەوانەوە هەموو جۆرە چارەسەرییەک و هەر جۆرە ڕیگایەک و میکانیزمێکی خەباتکردن بەتاریکی و دوور لە چارەسەری و بێ ئەنجامی دەمێنێتەوە.

بۆ تێگەیشتن لە گرنگی دەستەواژەی "لەسەر بنەمای هاوبەشی نێوان کۆمەڵگە و تاک بڕیار دەدرێت " پێویستە سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان کە پێچەوانەی ئەم دەستەواژەیەی تیادا پەیڕەو کراوە. لە سەردەمی شارستانییەتی سۆمەرییەکاندا سیستەمێک ئاوا کرا ئەویش سیستەمی زیگۆرات (زەقوورە) بوو. ئەم سیستەمە بناغەو پایە بنەڕەتییەکانی سەرهەڵدانی سەرمایەداری، بەکۆیلەکردنی کۆمەڵگە و سەرجەم پاوانخوازییەکانە. ئەم سیستەمە بۆ کۆنترۆڵکردن، بەڕێوەبردن و بێکاریگەرکردنی کۆمەڵگە ئاوا کراو پێشخرا. ناوەندی زیگۆرات دەستپێکی سەرهەڵدانی کێشە و چینایەتی و پاوانخوازییەکانە. سەرەتای دروستبوونی چینی ژێردەست و سەردەستە.

لەم سیستەمەدا ڕاهیبەکان بە بیانووی پاراستن میلیتاریزمیان ئافراند. پاشان بە بیانووی زیرەکییان کشتوکاڵیان کۆنترۆل کرد. بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر جۆرە یاخیبوونێک  ئایینیان بەکارهێنا و دینی سیاسییان ئافراند. زانستیان خستە ژێر ڕکێفی خۆیان و قوتابخانەیان بۆ داگیرکردنی زیهنییەتی کۆمەڵگە ئافراند. لە کۆمەڵگەی سۆمەردا بۆ یەکەم جار ژنان بیکاریگەر کران، بێهێزکران و ئازادی و پیرۆزییان لێسەندرایەوە، ئەمەش بەو ئامانجەی بە ئاسانترین میکانیزم کۆمەڵگە کۆیلە بکەن و زیهنییەت و ژیانیان کۆنترۆڵ بکەن. بۆ یەکەمین جار لەم سیستەمەدا دەوڵەت بەشێوەی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی پاشا-کاهین ڕێکخرا. بۆ یەکەمین جار ئابووری بەشێوەی سۆسیالیزمی دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەت لەناو یەکتردا ڕێکدەخرێن و بەم جۆرە دەخرێتە ژێر کۆنترۆڵەوە. شوێنی تەواوی ئەم ئافراندنانە و سەرجەم پاوانخوازی و چینایەتییەکان زیگۆراتە.

زیگۆرات لە سێ نهۆم پێک دێت " نهۆمی سەرەوەی زیگۆرات پانتائۆنە، یەکێتی خوداوەندەکان،دەسەڵاتی چینی سەرووی هیرارکی. نهۆمی ژێر واتا ناوەند شوێنی پاشا کاهینە، خوڵقێنەری سیستەم و یەکەمین فەرمانڕەوای هەژموونگەرا. نهۆمی خوارەوەش بۆ پیشەکار و کۆیلەکان جیاکراوەتەوە کە بەرهەمی زێدە و بەهای زێدە بەرهەم دەهێنن."

ئێستاش با بێینە سەر باسی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و پەیڕەوکردنی سیستەمی کۆمین-کۆمیناڵێتی. هەر وەک زانراوە ئەڵتەرناتیڤی سیاسی مۆدێرنیتەی دیموکراتی بەرامبەر بە دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکە. لەم سۆنگەوە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، شێوەی سیاسی سەرەکی تازەگەری دیموکراتییە و لە کارو خەباتەکانی ئاواکردنەوەدا ڕۆڵێکی چارەنوسساز دەبینێت و گونجاوترین ئامڕازی سیاسەتی دیموکراتییە کە ڕێگەچارە بۆ پرس و کێشەکان دەدۆزێتەوە. کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک هەڵبژاردەی نەتەوەی دیموکراتی وەک ئامڕازیکی سەرەکی چارەسەر بۆ پرسە قەومی، ئەتنیکی، ئایینی، شاری، خۆجێی و هەرێمیانە دەخاتە ڕوو کە لە مۆدێلی کۆمەڵگەی فاشیستی یەکڕەنگ، هۆمۆژەن و مۆنۆلیتیکەوە سەرچاوە دەگرن کە مۆدێرنیتە بەدەستی دەوڵەت-نەتەوە بەڕێوەیان دەبات. لە نەتەوەی دیموکراتدا هەر ڕاستینەیەکی ئەتنیکی، چەمکی ئایینی، شاری، خۆجیی، ناوچەیی و قەومی مافی خۆیەتی بە ناسنامەکەیی و بونیادە فیدڕاڵیە دیموکراتییەکەی جێگەی خۆی تێدا بگرێت.

لە ڕوانگەی ئەم کورتە باسەوە کە بۆ ئەم دوو سیستەمە کردمان، ئێستاش زیاتر ئەچینە ناوەڕۆکی هەردوو سیستەمەکە و بەڕوونی جیاوازییان و گرفتی زیگۆرات و گرنگی کۆمیناڵ دەردەکەویتە روو.

لە شارستانییەتی سۆمەردا لەڕێگای سیستەمی زیگۆراتەوە بناغەی سەرمایەداری دانرا، کۆمەڵگە کۆنترۆڵ کرا و بەڕێوەبردرا، کۆمەڵگە و تاک لە سروشتی خۆی دابڕێندرا و ئایدیۆلۆژیای لیبڕاڵ پێشخرا. تاکگەرایی بەئامانج گیرا، بەبێ گوێدانە بۆچونی کۆمەڵگە و گەل ڕاهیبەکان بڕیاریان لەسەر کێشە و ژیانی گەل دەدا، بەناوی گەلەوە قسەیان دەکرد و هیچ گرنگییەکیان بە ڕاوبۆچونی گەل نەدەدا. سیستەمێکی هۆمۆژەنیان پەیڕەو دەکرد. لەم سیستەمەدا بڕیاری تاک گرنگتربوو لە بڕیاری کۆمەڵگە، لەسەر بنەمای تاک بەسەر کۆمەڵگە و گەلدا بڕیار دەدرا.

لە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکدا تەواو پێچەوانەی ئەمە پەیڕەو کرا، لەم سیستەمەدا بڕیار لەسەر بنەمای هاوبەشی نێوان کۆمەڵگە و تاک دەدرێت. تەواوی هێز لەدەستی گەلدایە، کەس بەناوی گەلەوە قسەناکات، کەس بەناوی گەلەوە بڕیار لەسەر کێشە و ژیانی گەل نادات، بەڵکو گەل خۆی خاوەن بڕیارە و گەل بڕیار لەسەر کێشە و چارەسەری و چۆنیەتی ژیانکردنی دەدات، گەل خۆی خۆی بەڕیوە دەبات و لێپرسینەوە لەخۆی دەکات، گەل بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات. لەم سیستەمەدا ژن و سروشت خاوەن ڕۆڵ، پێگەی پیرۆز، جوانی، ئەتیک و ئەستاتیکن. لەم سیستەمەدا ژن لە پێشەنگایەتی تەواوی کۆمەڵگەدا هێزی خۆی بەدیار دەخات، لە کارو چالاکیە کۆمەڵایەتییەکان بەشدارە، خاوەن ئازادییەکی جوان و واتادارە و یەکانگیرە لەگەڵ سروشت.

کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک سیستەمێکی فرە ئەنجومەنییە، لە ژمارەیەکی زۆر ئەنجومەن پێک دیت.  واتا گەل لەکوێ بێت ئەنجومەن لەوێ دەبێت. بەڵام لە سیستەمی دەوڵەتی، سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە لە چەند ئەنجوومەنێکی کەم پێک دێت، دیمەکراتییەکەی دیموکراتییەکی شکڵی و بێکاریگەرە، هیچ میکانیزمێک بوونی نییە کە گەل نوێنەرایەتی خۆی بکات و بڕیار بدات، گرنگی بە بڕیار و بۆچوونی گەل نادرێت، لە ئەنجوومەنەکاندا بەبی ئامادەبوونی گەل بێ گوێدانە بڕیاری گەل بڕیار دەدرێت. بەڵام لە ئەنجوومەنەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکدا گەل گفتوگۆی خۆی دەکات و بڕیار وەردەگرێت و پێکی دەهێنێت.

لە سروشتی کۆمەڵگەدا سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرقەرارە، بڕیار و هێز لە دەستی گەلدایە، لە ناوەخنی کۆمەڵگەدا خوارەوە-سەرەوە، سەردەست-ژێردەست بوونی نییە. لە هەموو شوێنێک گفتوگۆ، بڕیار و پراکتیک هی گەلە. بەڵام لە دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوەدا بە پێچەوانەی سروشتی کۆمەڵگە بەردەوامی بەخۆی دەدات. ئازادی بوونی نییە، لیبراڵیزم بەرقەرارە، سۆسیالیزم سۆسیالیزمێکی شکڵیە، سۆسیالیزم کراوە بە دەفرێک و پڕکراوە لە ئایدیۆلۆژیای مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و چەکە بەهێزەکەی کە دەوڵەت-نەتەوەیە. سەرەوە و خوارەوە وەک هیرارکی(پلەبەندی) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڕێوبەریش بەهەمان شێوە وەک پلەبەندیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لەم بارەیەوە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان دەڵێت "دەوڵەت بەڕێوبەری ناکات، بەشێوەیەکی شکڵیە، بەڵکو کۆمەڵگا بەڕێوبەری دەکات".

بێگومان بەڕێوبەری پێویستییەکە و خوازراوە کە هەبێت، بەڵام پێویستە چۆن بێت؟

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کۆمەڵگەی کۆمەڵکاری، کۆمەڵگەی سروشتی ژن-دایک کە ڕۆڵی پیرۆزی و بەڕێوبەری هەبوو، شێوازی بەرێوبەرییەکەی پاوانخوازی نەبوو، دەسەڵاتخواز نەبوو، سەردەستو داگیرکار نەبوو، ئیندوستریاڵێکی ئابووریپەرست نەبوو، دژی کۆمەڵگا و ئیکۆلۆژیا نەبوو، دۆستی ژینگەو تەواوی زیندەوەران بوو، ئافرێنەری جوانی و ئازادی بوو، بونیادنەری هاوبەشێتی و پێکەوەژیان بوو، بوونیادنەری ئابوورییەکی کۆمیناڵ و پێشەسازییەک کە دۆستی ژینگە بوو، بەڕێوبەرییەک بوو کە لەسەر بناماکانی سۆسیالیزم و دیموکراتیک دامەزرابوو.

لەو بڕوایەدام ئەگەر بەشێوازێکی تێروتەسەلیش نەبێت تا ڕادەیەکی باش گرنگی کۆمیناڵێتی کە لەناو مۆدێلی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکدا بەرجەستەیە باس کرا، هەروەها لە لایەنی گرنگی و ستراتیژی پراکتیزەکردنی و یەکبوونی لەگەڵ کۆمەڵگەدا ئاماژەی پێکرا. لەهەمان کاتدا بەشێوازێکی کورت و پوخت باس لە پاوانخوازییەکانی دەسەڵاتی مێری سەردەست کرا و گێژاو و کێشە بنەڕەتییەکانی باس کرا، ئاماژە بۆ زیهنییەت و ئایدیۆلۆژیای شارستانییەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کرا کە بووەتە هۆکاری بێکاریگەرکردنی ژنان، بێڕۆڵکردنی تاک،وێرانکارییەکانی ئیکۆلۆژی و لەناوبردنی سروشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە.

لەم ڕووانگەیەوە دوو پرسیار گرنگ دێتە پێشمان ئەویش "کۆمین چییە و میکانیزمی کارکردنی   کۆمین چۆنە؟ گرنگی سروشتی و پەیوەندی نێوان کۆمۆن و تاک چییە؟ "

کۆمین چییە و میکانیزمی کارکردنی کۆمین چۆنە؟

کۆمین یاخود دەتوانین بڵێین سیستەمی کۆمین بەشێوازی هەر بەڕێوبەرییەک لەناو سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکدا بوونی هەیە. کۆمین زیهنییەتی هاوبەشە. کۆمین کار، پێکەوەژیان، هێزو بڕیاری هاوبەشە، کۆمین بنەمای سەرەکی بەردەوامبوونی سروشتی کۆمەڵگەیە، نەبوونی کۆمین نەمانی هێزی ڕاستەقینەی گەل و کۆمەڵگەیە.

هەرکەس ئازادە و مافی خۆیەتی کە لەناو کۆمیندا جێبگرێت و بەشدارببێت. واتا هەرکەس مافی بەشداربوونی لە کۆمیندا هەیە بەبێ بوونی هیچ جیاوازییەک لەڕووی ئایین، کولتوور، زمان،          ناسنامە و نەتەوە. یەک لە خاڵە گرنگەکانی کۆمین هەبوونی سیسستەمی هاوسەرۆکایەتییە کە هەمیشە لە ژنێک و پیاوێک پێکدیت. بەپێچەوانەی زیهنییەتی دەسەڵاتی سەردەست، کە ئەگەر سیستەمی هاوسەرۆکایەتیش تیایدا بوونی هەبێت ئەوا تەنها لە پیاو پێک دێت کە ئەمەش پێچەوانەی سروشتی ڕاستەقینەی کۆمینە. لەهەر کۆمینێکدا کۆمیتەی تایبەت بەخۆی هەیە، بۆ نموونە "کاروباری ژنان، کولتوور، هونەر، پەروەردە، ئاسایش، تەندروستی، ئابووری، ئیکۆلۆژی، پیشەسازی، کاروباری گەنجان، شەهیدان" و هتد......

کۆمینەکان لەئەنجامی کۆبونەوە و ئاڵوگۆڕی زانییارییەکان و بەگرنگ تەماشاکردنی سەرجەم ڕاوبۆچوونی ئەو تاکانەی کە لە کۆمینەکەدا بەشدارن، لەئەنجامدا کۆتێزێکی هاوبەش یاخود دەتوانین بڵێین فیکر و زیهنییەتێکی هاوبەش لەئەنجامی سەرجەم گفتوگۆو ڕاوبۆچونە جیاوازەکان    پێکدەهێندرێت و کاروبارەکانیان لەئەنجامی ئەو زیهنییەتە هاوبەشەوە هەڵدەسەنگێندرێت و پێکدەهێندرێت و بەئەنجام دەگەیەندرێت.

لە ئەنجامی ئەم کورتە باسەی کردمان گرنگی کۆمین و میکانیزمی کارکردنی زانرا، هەروەها گرنگی هەبوونی کۆمین لەناو کۆمەڵگەدا و بە پراکتیزەکردنی لەلایەن سەرجەم تاکەکانەوە زانرا. گەر بەشێوازێکی گشتگیریش باسمان لە بابەتەکە نەکردبێت بەڵام گەر زیاتر و وردبینانە لەو باسە کورتەی کە کردمان وردببینەوە ئەوا تێدەگەین کە " کۆمین سروشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیە، کۆمین پۆتانسێڵی بەردەوامیدانی کۆمەڵگەیە، ڕۆحی شاراوەی کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگە ئاشقی کۆمەڵایەتیبوونی کۆمینە، کۆمەڵگەیەک گەر کۆمینی نەبێت ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە ناتەواو و لاسەنگ دەبێت بێ ڕۆڵ و دوور لە سروشتی ژیان دەبیت."

پاش باسکردبی کۆمین و گرنگیەکەیی و شێوازی کارکردنەکەی، ئێستاش دێینە سەر بابەت و پرسێکی گرنگ کە پێویستە بایەخی پێبدرێت ئەویش:

گرنگی سروشتی و پەیوەندی نێوان کۆمۆن و تاک چیە؟

تاک بەڕادەی ئازادیەکەی ناچارە کۆمیناڵیش بێت. چونکە ئایدیۆلۆژیای لیبراڵ وێنایەکی وەهای بۆ هەر تاکێک دروست کردووە وەک بڵێی ئەو تاکە لەناو کۆمەڵگەدا خاوەنی ئازادیەکی بێپایان و ژیانێکی جوان و واتادارە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو تاکە تاکێکی بێکاریگەر و کۆیلەی ڕەنجی بەکرێیە، بەجۆرێک مەیلی زۆرترین قازانج بەدەست دێنێت کە لەهیچ سەردەمێکی مێژوودا بەدینەهاتووە و بۆ سیستەمێکی هەژموونگەرایی گۆڕیوە و نوێنەرایەتی پەرەپێدراوترین شێوەی کۆیلایەتی دەکات. تاکگەرایی سەرمایەداری لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە کۆمەڵگە شێوەی گرتووە، لەو بڕوایەدایە کە بەوڕادەیەی نکۆڵی لە هەرجۆرە نەریت و کولتوورێکی کۆمەڵگەی مێژوویی بکات بوونی خۆی فەراهەم دەکات. بە دروشمە سەرەکییەکەشی "کۆمەڵگە بوونی نییە تاک هەیە" بەردەوامی و درێژە بە زیهنییەتەکەیی و پاوانخوازییەکانی دەدات.

لەبەرامبەر ئەمەشدا تاک یاخود کەسی نەتەوەی دیموکرات ئازادی خۆی لە کۆمیناڵێتی کۆمەڵگەوە وەردەگرێت، واتە ئازادی خۆی لە کۆمەڵگە بچوک و چالاکەکان وەردەگرێت. بە واتایەکی تر کۆمەڵگە یاخود کۆمۆنی ئازاد و دیموکرات سەرەکیترین قوتابخانەیە کە تاکی نەتەوەی دیموکراتی تێدا پێدەگەیەندرێت. بۆیە ئەوەی کۆمۆنی نەبێت و بە هەرەوەزی نەژی ئەوا تاکایەتیشی نابێت. چونکە کۆمۆنەکان تا دواڕادە هەمەڕەنگن و لەهەر بوارێکی ژیانی کۆمەڵگەدا لە ئارادان. تاک بەجیاوازییەکانیەوە دەتوانێت بەشێوەیەکی گونجاو لە چەندین کۆمۆن و کۆمەڵگەدا بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات.

ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە تاک بتوانێت بەگوێرەی لێهاتوویی، ڕەنج و جیاوازییەکان لەناو کۆمەڵگەی کۆمیناڵ یاخود هەرەوەزیدا بژی. تاک بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر ئەو کۆمۆن یاخود یەکە کۆمەڵایەتییەی تێیدا ئەندامە بە سەرەکیترین پرەنسیپی ئەخلاقیبوون دادەنێت. چونکە ئەخلاق مانای ڕێزگرتنی کۆمەڵگەو ژیانی هەرەوەزی و پابەندبوونە پێیانەوە. هەروەها کۆمۆن یاخو کۆمەڵگەش تائەوپەڕی خاوەندارێتی لە تاکەکانی دەکات، دەیانپارێزێت و ژیانیان دابین دەکات. لە ڕاستیدا سەرەکیترین پرەنسیپی دامەزراندنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئەو پرەنسیپەی بەرپرسیارێتی ئەخلاقییەیە. هەرچی کارەکتەر یان خەسڵەتی کۆمۆن یاخود کۆمەڵگەکانە ئازادی کۆمەڵگە دێنێتە ئاراوە، بە مانایەکی تر، کۆمۆن یاخود کۆمەڵگەی سیاسی دەئافرێنێت. هەربۆیە ئەو کۆمۆن و کۆمەڵگەیەی دیموکرات نەبێت سیاسی نابیت. هەروەها ئەو کۆمۆن یاخود کۆمەڵگەیەی سیاسیش نەبێت ئازاد نابێت. لەسەر ئەو بنەمایەش هاوتابوون و یەکسانبوونێکی بەهێز لەنێوان دیموکراتبوون، ئازادی و سیاسیبوونی کۆمۆن یان کۆمەڵگەدا هەیە.


پەیامێک جێبهێلە

تێبینیەک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر