تێڕوانینێکی ڕەخنەیی بۆ زەوی سەخت و ئاسمان دوور
هاوژین محەمەد
ئالان بادیۆ دەڵێت؛ کەسێک کە به پڕۆسەی سینەمادا دەڕوات بەشێوەیەک دەبێتە بەشێک لەو ڕووداوە و لەوانەیە لە ڕێگای ئەم ڕووداوەوە بوونێکی نوێ بە دەستبهێنێت و ببێتە ئەکتەر.
فیلم وەک ئاوێنەیەکی شکاو ئیمکانی هەیە بوونی مرۆڤ تەوزیف بکات. فیلم دەتوانێت لە یەک کاتدا داتەپین و گەشەکردنی فەرد وێنا بکات. لە فیلمێکی تایبەتدا خاڵە پۆزەتیڤەکە ئەوەیە: کارەکتەر تەنها بوکەڵەیەک نییە، بەڵکو میتۆدێکە دونیای ناوەوە و دەرەوەی خۆمان بۆ شیدەکاتەوە. بە مەفهومێکی دیکە فێرمان دەکات لە کوێوە دەست بە گەشتێکی بوونگەرایی بکەین. بۆ ئەوەی پتر بابەتەکە ڕوونبێتەوە نموونەیەک دێنمەوە: سەرەتای فیلمی 'باوکی ڕۆحی' لە دیمەنێکی تاریکەوە دەکرێتەوە، کە تێیدا دەنگێکی ترساوی پیاوانە دەڵێت "باوەڕم بە ئەمریکا هەیە". کاتێک ژوورەکە ڕووناکبدەبێتەوە و کارەکتەرەکە دەبینین درێژە بە قسەکانی دەدا: "لێرە گەورەبووم، هەموو سامانێکم تیایدا بەدەستهێناوە." لەگەڵ تۆنی دەنگی و کزبوونەوەی چاوەکانی وردە وردە دەخلیسکێین بۆ ناو دڵی مۆڕاڵییەت و دادپەروەری. دەستبەجێ پرسیارێک لامان چەکەرە دەکات. پیاوێک کە باوەڕی بە ئەمریکا هەیە: بۆ پەنای بۆ دەرەوەی یاسا هێناوە؟ لەگەڵ تێپەڕبوونی هەندێک کاتی زیاتردا: تێدەگەین پیاوەکە کچەکەی ڕفێنراوە و پێویستی بە هاوکارییە. لێرەوە یەکەم فیکەی کارەکتەرەکە گڵۆپێکی سەوز هەڵدەکات بۆ هاتنە ناوەوەی تارمایی کارەکتەری کۆرلیۆن (ڤیتۆ کۆرلیۆن). ڤیتۆ کۆرلیۆن ئەوەندە کەم نییە، پێش ئەوەی خۆی بێت تارماییەکەی دێت. تارماییەکی کاریگەر کە لە ڕێگای وەسفی کارەکتەری بەرامبەرەوە دەزانین ئەو باوکێکی بە هێز و میهرەبانە. کەسێکە خاوەن ئابڕووە و هاوڕێکانی لە تەنگانەدا بەجێناهڵێت. مافیایەکە گرنگی بە خێزان و شەرەف دەدات. ڕۆڵی کارەکتەرەکەی بەرامبەری ئایکۆنی ئەو کارەکتەرە دروستدەکات. قسەکانی تەنها وەسفێک نین؛ بەڵکو "بونیادی ڕەوشتێکە" کە لە دوایدا بینەر لە چوارچێوەی بێ یاساشکێنی و دادپەروەری وەریدهگرێت. بینەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەم بونیادە ڕهوشتییەدا دەژی. بونیادێک کە وا لێیەوە بەهاکان ڕوون و ڕۆشنن. بونیادێک وەک ڕێبەر لە سەفەرەکەماندا پشتیوانیمان دەکات. ئێستاکە کۆرلیۆنمان دروستکرد؛ بەڵام لە نیوەی فیلمەکەدا تێدەگەین ئەزموونی سینهمایی کۆپلا زۆر لەوە زیاترە بەوەندە ڕازی بێت. فیلمەکە بەردەوام دەبێت و بینەر ڕووبەڕووی تێکشکانی ڕەوشتی(Moral Brokenness) کارەکتەری کۆرلیۆن دەبێتەوە. کۆرلیۆنی گەورە بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە لاواز دەبێت و ئیتر ناتوانێت پارێزگاری لە هەموو شتێک بکات کە بونیادی نابوو. ئەمە دەریدەخات کە بابەتەکە تەنها لاوازیی جەستەیی نییە، بەڵکو وێنەدانەوەی بارگۆڕینێکی فەلسەفییە، ئایا هێز بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت؟ لە دواییدا وەڵامەکە دەدرێتەوە و میراتەکەش دەکرێت بە ناوی مایکڵەوە. خاڵێکی وەچەرخان ڕوودەدات و تێیدا هەست بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکەین. مایکڵیش هاوشێوەی باوکی گۆڕانی ڕەوشتیی بەسەردادێت. چۆن گۆڕانێک! هەمووان دەزانین گۆڕانێکی دراماتیکییە، کە درێژە بە پڕۆسەیەکی فیکری مرۆیی دەدات. وا پێمان دەڵێت ڕەوشتەکان ئەبەدیی نین لەناو ململانێ و بارودۆخی ژیاندا دێن و دروستدەبن. ئیدی تێمای فیلمەکە دەبێتە دیالۆگی نێوان (ڕابردوو ئێستا). بەوەش دیالەکتیکێک دەورژێت کە شوناس و هەڵبژاردە مرۆییەکان دەناسێنێت.
لەبەرامبەردا فیلمە کوردییەکان بەگشتی کێشەی ئەو جۆرە لە شوناسیان هەیە. لە زەوی سەخت و ئاسمان دووردا کارەکتەری پاڵەوان خۆی دەبێتە ڕێگر لە گەیاندنی پەیامە فەلسەفییەکانی، کارەکتەری هاروون هەر لە داخڵبوونییەوە ڕەوشتی خۆی بە ئێمە ناناسێنێت. یانی بە مەفهومێکی دیکە هیچ ئەکتێکی نامۆ یان کردەیەکی تایبەتی نییە وا لەبینەر بکات لێی تێبگات. هاروون بەس سەرقاڵی ژیانی ڕۆژانەی خۆیەتی، خاوەن سەگێک و ستاوتێکە. دێت و دەچێت وەلێ هیچ جیاوازییەک لە ژیانیدا نییە. ئەم پۆینتە گرنگە کەلێنێک دروستدەکات؛ لەوانەیە پرسیارێکی هونەرییش بێت، داخۆ گەر کەسێک جیاواز (نامۆ) نەبێت چۆن دەکرێت شەرەفی سوژەیەکی بینراوی پێبدرێت؟ چونكه مەبەستەکە ئەوەیە: گەر هاروون لەوانیتر بچێت! ئەوا تووشی کەمیی پێکدادان دەبێت لە ناوەوەیدا. لەلایەکی دیکەوە ژیانی هاروون ڕێگە خۆشکەر نییە تا خودی خۆیمان بۆ دەربکەوێت. هەموو ئامڕازەکانی دەوروبەری کارەکتەر خەریکن "ساد" داماو خۆیان نیشاندەدەن. هیچ شتێک لەخزمەتی هارووندا نییە. لە ژیانی ئاسایی خۆماندا دەبینین دواکەوتنی موچەی مانگێک پەتی سێدارەی بۆ دەروونی مامۆستایەک هەڵواسیوە. لە فیلمەکەدا هیچ شتێک کارگەی بەرهەمهێنانی ڕەوشتی کارەکتەر نییە و زهمینه بۆ ڕهفتارێكی نامۆ ناڕهخسێنێت، تەنانەت دیلەکەش زۆر کەسایەتییەکی لاوازی هەیە.
هاروون ڕەوشتی شکڵ ناگرێت، ئەخلاقی دروست نابێت. بەمەش لۆژیکی تێکشکاندن باوی نامێنێت؛ چونکە لە سفرەی بەتاڵ، بسمیلا ناکرێت. شتێک کە دروست نەبووە چۆن تێکدەشکێت. ئەمە کێشەی بوون (Being) و نەبوونە Non Being)) لە فەلسەفەدا، بۆ ئەوەی شتێک تێکبشکێنرێت دەبێت سەرەتا دروستبکرێت. کارەکتەرەکە هیچ بوونێکی ئەخلاقی دیاریکراوی نییە. بەمەش ناتوانێت هیچ تراژیدیایەکی ئەخلاقی ئەزموون بکات، لەبەر ئەوەی ئەو هیچ شتێکی نییە بۆ لەدەستدان یان دەستپێکردنی گەشتێکی دەروونی. فیلمی باش تەنها کارەکتەر نیشان نادات، بەڵکو ڕێنوێنی دەکات بۆ گەڕان بە دوای مانای بوون. یانژی بە دەلیلێکی دیکە لەسەر ئاڵۆزییەکانی سروشتی مرۆڤ دەوەستێت. باوکی ڕۆحی بە تێکشکاندنی کارەکتەر و لێدان لە خەتی ئەخلاقیی ڕەهەندێکی گرنگی فیکری و مرۆی دەگەیەنێت. بەڵام هاروون نە ڕاچڵکینی خەوەکەی، نە تارمایی ژن و منداڵەکەی، نە ڕۆحی ئەو دیلەی کوشتوویەتی، نەیانتوانیوە پاڵنەربن بۆ دروستبوونی بونیادێکی ئەخلاقی لەودا.
بوون لە جیهاندا بە شێوەیەکی بنەڕەتیی پەیوەستە بە فەزاوە - مارتین هایدیگەر
واڵتەر بینامین شەقام و باڵەخانەکانی شاری پاریسی وەک زمانحاڵێک بۆ شارستانییەت و مێژووی سەردەمەکەی سەیر دەکرد. بینامین پێیوابوو کە "سیحری شار" لە توانایدایە گوزارشت لە کۆمەڵگا و سەردەمەکەی بکات. ئەو بە چەمکی "کەسی پیاسەکەر"دا هاتەخوارەوە، کەسی پیاسەکەر کەسێکە بێ ئەرک و بێ هیچ کارێکی تایبەت بەنێو ئەم شارەدا دەگەڕێت، تا ئەو هەناوە کولتوورییەی کە پاریس لە خۆیدا هەڵیگرتووە کەشفبکات. ئەو سەرنجی دابوو کە کافێ و دوکانە جاماخنەییەکان وەک هێمایەک بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵگای بەکاربەر دەردەکەون، ئەمەش ڕوانگەیەک بوو کە کاریگەریی لەسەر ئیریک ڕۆمێری دەرهێنەری فەرەنسی دروستکرد. ڕۆمێر لە فیلمەکانیدا دەروونی کارەکتەرەکانی لەناو کافێ و پارک و شوێنە بچووکەکانی پاریس دەخستەڕوو. لە فیلمی "کچێک بە دوای خۆیدا دەگەڕێت"، ڕۆمێر بەراوردێک لەنێوان دوو شێوە ژیاندا دەکات: شێوە ژیانی گوندیی لە سادە و ساکاریی ژیانی ڕۆژانە پێكهاتووە، بەڕادەیەک هێشتا ئەخلاق تێرمێک نییە تا کاریگەری لەسەر پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت. بەڵام لەشێوە ژیانی شاریدا ڕۆمێر زیاتر جەخت لەسەر تەنیایی و ئازادی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە.
تیۆری بینامین و سینەمای ڕۆمێر ئەوە نیشاندەدەن کە "فەزا" هەڵگری ناسنامەی تایبەت بە خۆیەتی. ئێستا ئەگەر فەزا وەک ڕۆمێر بە شێوازێکی کارسازانە نیشان نەدرێت، ئەوا دەکرێت بینەر گومڕا بکات. واتە: فەزا توانای ئەوەی هەیە چیرۆکێک بگێڕێتەوە کە دانەر نایەوێت بیگێڕێتەوە، هاوشێوەی ئەوەی لە "زەوی سەخت و ئاسمانی دوور"دا هەبوو، هەردەم فەزا شتێکی تری دەوت. چارەکی یەکەمی پلۆتەکە بەجێگای ئەوەی بینەر فەزای شەڕی ناوخۆ و کۆژیتۆی گەڕانەوە ببینێت، دیمەنی دڵڕفێن و دڵگیری سروشتی کوردستانی بینی. ئەم شوێنە گەشتیارییانە ئەوەندە جوان بوون کە خەڵکی بۆ مانگی هەنگوینی و سەیرانیش شوێنی وایان دەستناکەوێت. فەزا نەک هەر یارمەتیدەر نەبوو لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە، بەڵکو چیرۆک و هێڵی درامیشی دەشکاند، چونکە سروشتەکە تووشی "خودشەیدایی" ببوو لەگەڵ خۆیدا. سەرنجی بینەر زیاتر دەچووە سەر ماهییەتی وروژێنەری فەزا، ئەوەی بینامین لە کافێ و بازاڕدا دەیبینی. ئەمەش وای کردبوو نەرجسییەتی فەزا میزانسێن داگیر بکات. بە ڕادەیەک بینین لە چەقدا نەمێنێتەوە، بینین شوێنگۆڕکێ بکات. لەلای عەباسی کیارۆستەمی لە فیلمی "تامی گێلاس"، چاوەکان لەسەر هومایۆنی ئەرشەدی تیژدەکرێنەوە. کیارۆستەمی بە لێهاتووییەوە ئەندازیاریی بۆ فەزا دەکات، بە شێوەیەک کە ناڕەحەتی و تەنگیی جێبەکە ئەتمۆسفێرێکی زۆر وجوودیی و خنکێنەر دەبەخشێت. هومایۆنی داماو تەنیا ئەو کاتانە بۆی هەیە دابەزێت کە فەزا خاڵییە، واتە فەزا نەتوانێت لە گەشتەکەی پەشیمانی بکاتەوە. بۆ نموونە، هومایۆن نیوەڕۆیەک و ئێوارەیەک دێتەخوارەوە لە ئۆتۆمبێلەکەی، بەڵام لە هەردوو کاتدا فەزاکان ناتوانن ئایدیای ڕزگاریی ببەخشن، چونکە بۆ یەکەمیان گردێک لە لم بەرزکراوەتەوە و کرێکاران کارێکی زۆریان ماوە کارەکەیان تەواو بکەن. لە دووەمیشدا عەسرێکە و چەند کاتژمێرێکی کەم ماوە، بەڵام هێشتا ئاغای باقری ناتوانێت کارەکەی بەجێبهێڵێت. لە فیلمە کوردییەکەدا هاروون دەرگای لەسەر دانەخراوە، ئەو ئازادانە کەی بیەوێت دەست لەکار هەڵدەگرێت، جیهانەکەی زۆر کراوەیە بۆ هەر جێگەیەک بیەوێت دێت و دەچێت و سروشت تەی دەکات.
لە ڕاستیدا لێرەدا گرفتێک هەیە: لە سینەمادا ئایدیای ڕۆیشتن جیاوازە لەگەڵ گەڕانەوە. بێلاتار لە "ئەسپی تۆرین"دا بە گەڕانەوەی کارەکتەرەکەی فەزا قوفڵ دەکات. فەزا چیتر هاوڕێی مرۆڤەکان نییە، فەزا ئەبسۆردێکە سوکنایی پێمان نادات. ڕیشەی ئەم دووبارەبوونەوە و بازنەییە لە ڕوانگەی ڕانسێرەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هیچ دەریچەیەکی گۆڕانکاری یان هەڵاتن نییە. لە "زەوی سەخت و ئاسمانی دوور"دا تێمەکە پێچەوانەیە؛ فەزاکان و سروشتەکان ئەوەندە کراوەن کە هیچ شتێک ناتوانێت عاسی بێت. هەموو کەسێک دڵدانەوەی خۆی و دەرچوونی خەمەکەی ڕوو دەکاتە ئەو شوێنەی وا هاروونی لێیە. هاروون گلەیی لە دەریاچەکەی لای خۆی دەکات بەوەی چەند جارێک ئەم ڕازەی لادرکاندووە و سوودی نەبووە، بەڵام ئەو مەوقیفە سروشتییە ڕوون ناکرێتەوە و ئێمە تێناگەین بۆ دەبێت سروشت هەڵوێستی هەبێت؟! لەکاتێکدا سروشت و فەزا نەناسێنراون، شاخێک هەر ئەوەی لە فیلمەکەدا هەیە؛ وەزیفەکەی ڕوون نییە، هەم بازاڕێکە کۆڵبەران کاڵای خۆیانی لێ ساغ دەکەنەوە، هەم پهناگەیەکە بۆ گەریلا دژ بە خواستی کۆڵنیاڵیزەکردن. لەشوێنێکدا کارەکتەرەكه هەر بە ڕوونی دەڵێت: "شاخ هەموو شتێکە" کەوایە دەکرێت بزانین ئەو خواستی دەستەمۆکردنەی فەزا لە کوێدایە؟؟ ئایا بەڕاستی فیلمەکە توانی فەزاسازی خۆیبکات و، تێکڕای ئەو ئامڕازانە پێناسەبکات کە لەنێویدان؟ یان نەخێر ئەو دوای تێرمە ئەبستراکتەکەی ژیان کەوت و وەک تووتی هەموو واقیعی دووبارە کردەوە کە ئێمە دەیزانین؟!.
فیلم تەنها لاساییکردنەوەی جیهانی دەرەوە نییە، بەڵکو خولقاندنی جیهانێکە لەناو خۆیدا - ژان لۆک-گۆدارد
ڕۆسۆلینی و هاوڕێکانی لەو دەرهێنەرانە بوون کە چیرۆکی مرۆڤی دوای جەنگیان دەگێڕایەوە؛ کەوا مرۆڤێکە ئیتر ڕێک نابێتەوە. مرۆڤێکی بریندار و بێ لانە، تەنیا و پەراوێزە. ڕۆسۆلینی لە ڕۆما شاری کراوەدا چیرۆکێکی دەگێڕێتەوە وا مرۆڤ بە ئاستێک گەیشتووە کە ترسی گەورەی لە لەدەستدانی ماڵ و حاڵییەتی، بەمەش تێکڕای چیرۆکەكه سکێچی نیگەرانیی و ماڵوێرانی مرۆڤ دەکات. هەر ئەوەندەش نا، لە فیلمەکەدا نیگاری شارە خاپوورەکەی ڕۆما و پاشماوەکانی جەنگ وەک وێنەی ڕۆحێکی نامۆ دەکێشرێت. یان بە تێگەیشتنێکی دیکە هەموو ئەو چیرۆکانە ژینگەیەکی سارد دەگێڕنەوە، ژینگەیەک ئەوەی وا سەر لەبەری پەیوەندییە مرۆییەکانی تێک ترشاندووە. مرۆڤی دوای جەنگ مرۆڤێکە بێهیوا و سەرگەردانە، متمانەی بەکەس نییە و لە تەک کەسدا هەڵناسێت و دانانیشێت. لە زەوی سەخت و ئاسمان دووردا بونیادی چیرۆکەکە وانییە؛ هەرچەندە هاروون قوربانیی دوای جەنگە، بەڵام زۆر بە ئاسانی متمانە بە هاوڕێکەی دەکات و دەڕواتە لای تەمبوورژەنەکە، لەوێوە متمانە بە پیاوی تەمبوورەکە دەکات و ناونیشانەکەی لە کچە چایچیەکە وەردەگرێت، هاروون هەرچەندە یەکەمجاریەتی ئەو کارەکتەرەش دەبینێت. بەڵام بۆ دۆزینەوەی ماڵی خاتوونی خاڵ کووتەکە متمانەی پێدەکات. سەرلەبەری چیرۆکەکە بە متمانە خۆی ڕازاندۆتەوە، بە شێوەیەک سوڕە بزوێنەرەکە لەسەر ئەوە خۆی بونیاد نابوو. لە کاتێکدا دەبوو پێچەوانەکەی ڕاستبوایە. هاروون چاوی کەسی نەدیبایە، دەبوو زۆریان لێکردبایە. جیاواز لەو خاڵەش مرۆڤ دوای جەنگ لە شەڕدا پاشماوەی برین و برینداریی هەیە؛ بۆیە ڕۆسۆلینی هەوڵی تیمارکردنی دەدا، لە کاتێکدا هاروون و ئەو کەسەی شەڕی دژی دەکرد، هیچیان ئاسەوارێک و برینێکی شەڕیان پێوە دیار نییە، ئەوان لە دوو کرێکار دەچن کە لەدوای تەواوبوونی کارەکەیانەوە وادەی شەڕیان دانابێت، هەردووکیان پاک و قۆز و ڕێک و پێکن، تەنانەت هاروون قژیشی داهێناوە. بەراورد بە ڕۆسۆلینی کە ئاماژەی بەوە کردبوو دوای جەنگ ئەخلاقەکانیش دەگۆڕێن. هاروون و دوژمنەکەی هیچیان شەڕەکە ئەوەندە کاریگەریی لەسەر دانەناون کە ئەخلاقێکی تر بنوێن. ئەسڵهن دەمارگیر نین و لایەنگیریشیان پێوەدیار نییە. پتر دوو کەسی سارد و سڕن ئەوەی پێیان وتراوە ئەوە دەکەن. هەژاری و سەختی و بێهیوایی دەپەڕێتە گەرووی کارەکتەرەکانی ڕۆسۆلینی، بەوەدا کە شارەکان وێران دەبن و نەزمیان دادەچۆڕێت. بەڵام لێرەدا وانیە؛ نەک ئەوەی هەژاریی ڕووماڵ ناکرێت. هاروون دەبێتە مرۆڤێک لە ڕێی مانگایەکی دابەستەوە یادەوهری جهلادییەکەی خۆی بیردەکەوێتەوە. ئەمەش وادەکات لادێکان زیاتر بدرەوشێنەوە و پڕ بەرهەمتر دەربکەون، وەک ئەوەی جەنگ هیچ لێکەوتەیەکی خراپی نەبێت. ڕۆسۆلینی چیرۆکی دوای جەنگی ئیتاڵیای گێڕایەوە؛ کە ئێمەش هەمان چاوەڕوانیمان لە هاروون هەبوو، هاروون دەبوو سەپتۆمی لێکەوتەکانی جەنگ بکات. بە گشتی وێنەیەکی شەفافمان لەو بارەیەوە پێبدات. بەڵام وەها دەرنەچوو؛ تێمای چیرۆکەکە لەناو فیلەمەکەدا لەگەڵ ماڵئاوایی کچە گەریلایەک هەموو شتێکی هەڵوەشاندەوە، چونکە دەردەکەوت هێشتا جەنگ تەواو نەبووە.
کلتور چیدیکە بەرهەمێکی هونەری نیە کە بەهایەکی ناوەکی هەبێ، بەڵکو دەبێتە شتێک دەفرۆشرێت و قازانجی لێوەردەگیرێت. - تیدۆر ئەدۆرنۆ
پیشەسازیی کولتووری ئەوەی ئەدۆرنۆ باسی دەکات بریتییە لەوەی چۆن هونەری ڕەسەن نەزۆک دەکرێت، تا کاڵایەک کە چیتر هونەر نییە جێگەی بگرێتەوە. کاتێک دونیای سەرمایداریی دەست دەبات بۆ پیشەسازیکردنی کولتوور ئەوا دەستبەجێ دەیکات بە شتێکی بازرگانی، بەمەش ژێستی ڕادیکاڵی خۆی لەدەستدەدات و دەبێتە تەنها بەرهەمێک بۆ کات بەسەربردن. بە دیوێکی تردا دەکرێت والێکبدرێتەوە کە سەرمایەداری بە سروشتی خۆی دەتوانێت هەموو شتێک بکاتە کاڵا. لە زەوی سەخت و ئاسمان دووردا وەها فێڵێک کرابوو؛ زۆرێک لەگۆرانییە فۆلکلۆریی و جلوبەرگە نەریتییەکان، تەنانەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەکارهێنانی کەسایەتییە دیارە کوردییەکان؛ وەک هێمایەکی کولتووریی بۆ ستراتیژی بهبازاڕكردن بەکاردەهاتن. بە جێگای ئەوەی وەک ناسنامەی ڕاستەقینە گهل و نهتهوهیهك پارێزگارییان لە بوونی ڕەسهنێتی ئەو مێژووه بکردایە، بهڵام لە مێژوو و زێدی باوانی خۆیان ئاوارەیان کردن. دیمهنهكانی ناو فیلمەکە بەو چاوێكی قازانجویست و پۆپۆلیستییەوه لەگەڵ کولتووردا مامەڵەی دهکرد، جگه لهوهی به ناهۆشیارییەوە دهستی هاوكاریی بۆ هەموو ئەو فیلمە کوردییانە درێژكردبوون کە لە ڕابردوودا بەرهەم هاتبوون. بۆ نموونە ویستبوویان دیمەنەکانی (یەڵماز گۆنای و بەهمەنی قوبادی و کازم ئۆز و شەهرام عەلیدی.... هتد) لە تەنها فیلمێکدا دووبارەبکەنەوە، كه ئهمه وای كردبوو نهتوانێت هێڵی ئیشكردنی خۆی جیابكاتهوه. بەهۆی ئەوەی ئەو فیلمانە خاوەنی جەوهەرێکی ڕەسەنی خۆیانن و هێڵی ئیشكردنی خۆیان دیاره، دهستبردن بۆ ئهم ئهمجۆره كارانه له فیلمێكی لاوازدا وادهكات بە کاڵایی ببن و له ماهییەتەکەیان کەمبکرێتەوە و سەنگییان لەبەرهەمێکی کولتووریدا بۆ نەمێنێتەوە. ئەمەش زۆر ترسناکە، لەبەر ئەوەی وادەکا خەڵکی هەست بە داهێنانی هونەریی نەکەن و پێیان وابێت ههركات بتهوێت دهتوانیت چهند دیمهنێك لهچهند شاكاكرێكی سنهما وهربگریت و فیلمێك دروستبكهیت، واتا هەمان چیرۆک و هەمان قەوانمان بۆ لێبدەیتەوە بهناوی فیلمی نوێوه. ئاکامەکەشی وادەکەوێتەوە؛ کولتوور لەبری ئەوەی بکرێتە پاڵنەرێک بۆ فەراهەمکردنی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی؛ دەبێتە لەمپەرێک لەبەردەم دۆخی ئێستا و دەبێتە درێژهدان بە هزری چەقبەستوویی. لێرهدا دهمهوێت بهكورتی لهسهر دیمهنی كۆتایی فیلمهكه بهتایبهت لەسەر مەفهومی پاكبوونەوە قسهبكهم، كه به بڕوای من تێگهیشتن له چهمك و مهفهومی لێخۆشبوون و پاكبوونهوه زۆر كڵێشهیی و ساده بوو. دیمهنی ڕووتبوونهوهی ژێر درهخت و بارینی بارانهكه بهسهریدا كه وهك هێمای دووباره لهدایكبوونهوه و پاكبوونهوه و بێگهردیی دێت، دەمەوێت بەراوردی بكەم بە پاكبوونەوە لای بهختیار عهلی له كهشتی فریشتهكاندا. لە كەشتیی فریشتەكاندا بەرگی سێ، لەكۆتاییەكەیدا وەفای ڕەفعەت بەگ، لەودیو شوشەیەكەوە سپی وەك چۆڕی شیر دەردەكەوێت، ئەمەش له ڕۆمانهكهدا وەك هێمایه بۆ پاكبوونەوە. لە فیلمی زهوی سهخت و.... دایكی كوژراوەكە لە بكوژەكە خۆشدەبێت و ئەویش لە دیمەنێكدا بەڕووتی نیشاندەدرێت، وەكئەوەی سەرلەنوێ لەدایك بووبێتەوە و پاكبووبێتەوە. ئەمە لای من نا تهبیعی بوو زیاتر له سوڵحی عهشایهری و ڕێككهوتنی نێوان دوو خێزان دهچوو، زیاتر فۆرمێكی دینی ههیه، له دینیشدا تاوانبار دهتوانێت به تۆبهكردنێك لێخۆشبوون بهدهستبهێنێت. دەتوانم بڵێم بهرههمهێنانهوهی لێخۆشبوون بوو له فۆرمێكی خێڵهكی و عهشایهری و دینیدا. ئهگهر تاوان و لێخۆشبوون ئهمهبێت بهیانی ههر یهك له ئێمه دهتوانێت تاوانێك بكات، چونكه لێخۆشبوون ئاسانه و لهسهر قسهی كهسێك وهستاوه، لهكاتێكدا كارهكتهری سهرهكی لهسهرهتاوه وادهردهكهوێت تووشی دهروونپهشێویی و عهزاب ویژدان بووه!. له كهشتیی فریشتهكاندا پاكبوونەوەی وەفا لەسەر بڕیاری لێخۆشبوونی كەسێكی دیاریكراو نەوەستاوە، بەپێچەوانەوە پاكبوونەوەی وەفا بەپرۆسەیەكی دوور و درێژی وەك دۆزەخدا تێدەپەڕێت. وەفا بە دۆزەخی ئەو دەزگایەدا دەڕوات كە خۆی ساڵانێك دروستیكردووە، ههموو ئهو زهبرانهی بهردهكهوێت، كه دهبێت كهسێك بهریبكهوێت و دهكهوێته خهبات دژی ئهو ماشێنه و ئهو سیستمه.
کارە هونەرییە خراپەکان خۆیان قوربانین و دەبێت لە لایەن کارە باشەکانەوە جارێکی دیکە بگێڕدرێنەوە. - نیچە
هەردەم ئەگەرەکانی دروستنەبوون زیاترن؛ هەر کاتێک فیلمێک دروستنەبووبێت، یان شیعرێک و نیگارێک و سترانێک نەگەیشتبێتە دوایین وێستگەی خۆی، مانای کۆتایی گوژمەکە نییە، بەڵام ناتەواوییەک لە ئارادایە، ڕەنگە ئیتر خۆیشی بکاتەوە بە قوربانی؛ خۆیشی پێویستی بەوە بێت لە کارێکی هونەریدا دیسان باس بکرێتەوە؛ زەوی سەخت و ئاسمان دوور، لە ڕۆشنە پێکهاتنی فیلمدا ناتەواوە؛ کارەکتەر و فەزا و چیرۆک نایهێنن. کارێکە لە هیچ ڕوویەکەوە دروستنەبووە؛ سیناریۆکەی کاغەزێکی سپییە کە هێشتا لە قۆناغی ڕەشنووسدایە. دەکرا تۆکمەتر و قامیتر دابڕێژرێتەوە، تا ئێمە لەگەڵیدا ناونشین تر بینەوە؛ بەوەدا کە فیلمێکی لەبارەی کوردانەوە. دەبوو زیاتر ڕۆبچین؛ نەک مامەڵە لەگەڵ ئەبستراکتدا بکەین. لەمە زیاتر تێگهیشتنی خۆم ناخەمەڕوو؛ بەڵام لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێکی جەوهەریی بکەم، دەمەوێت ستایشی ئایدیاکەی بکەم، ئەمیان لە ئاستێکی تردایە؛ دەشێ بە جیا لە لایەن کەسێکی تر بیری لێکرابێتەوە؛ کە جیاواز لەوانی تر گۆشەکان دەبینێت؛ بەڵام هەوڵەکەیان لێ خەسار کرد؛ دەکرێت ئەمەش کۆتاییەکی تاتراژیدیی بێت بۆ کەسێکی بیرکەرەوە، وەک لەنگەرگرتنی کەشتییەک وایە لە ناوەڕاستی دەریادا؛ کە تەنیا کە شتیوانەکەی دەزانێت چی دەکات و بۆکوێ دەچێت، ئەوانی دیکە لێی بێ خەبەرن، بەو شێوەیە پەککەوتنێک ڕوو دەدات چوون کەسیان ئاسۆ ناناسن. لێرەدا نووقتەی کۆتایی دادەنێم و هیوام وایە؛ بەبوێرییەوە ڕووبەڕووی نادیارییەکان بووبێتمەوە و دەلاقەیەکم بۆ دونیای ڕەخنەکردن کردبێتەوە، یا باسی جۆرێک لە بەدڵ نەبوونم کردبێت؛ کە دەتوانێت ئیدی هانمان بدات بۆ ڕاشکاوی، چاکترە هاوڕێیەتیمان تێکەڵ بە ڕوانگەی هونەریی نەکەین، دەبێت شتەکان جیا بکەینەوە و کۆتایی بە موجامەلەی سەتحی بێنین.
سەرچاوەکان
کتێبی بوون و کات. نووسینی مارتن هایدگەر. وەرگێڕانی محەمەد کەمال.
Badiou, A. (2009). Cinema as a Philosophical Symptom. In A. Badiou, Logics of Worlds: Being and Event II (pp. 521-530). Continuum.
The Gay Science.Chris Janaway - 2013 - In Ken Gemes & John Richardson, The Oxford Handbook of Nietzsche. New York: Oxford University Press.
"Review: Béla Tarr, The Time After – Jacques Rancière". The Art(s) of Slow Cinema. 23 May 2014. Retrieved 4 May 2017.
Benjamin, Walter. The Arcades Project (Das Passagen-Werk). Edited by Rolf Tiedemann, translated by Howard Eiland and Kevin McLaughlin. Harvard University Press, 1999.
Dialectic of enlightenment: philosophical fragments.Max Horkheimer - 2002 - Stanford, Calif.: Stanford University Press. Edited by Theodor W. Adorno & Gunzelin Schmid Noerr.