گۆڤاری ژیانەوە پەیوەند دەبێت بە ژیانی خوێندکاران و گەنجانەوە. ئەم پڕۆژەیە وەک هەڵوەستەیەک لە بەرانبەر دۆخی ناهەموار و پەرتبوونی زیهنییەتی خوێندکارانی زانکۆ و گەنجانی کۆمەڵگەکەمان ڕادەگەیەنین، هەروەها وەک نواندنی کردەیەکی ڕادیکاڵ؛ بە ڕۆحییەتێکی گەنجانە لە بەرانبەر ئەو نەهامەتییانەی کە سیستم و بەتایبەت مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بە سەر شێوەژیان و شێوەبیرکردنەوەی ژنان، گەنجان و تەواوی توێژەکانی دیکەدا هێناویەتی.
هاوکات بە دیاریکراوی لە بەرانبەر ئەو زیهنییەتەی وای کردووە خوێندکارانی زانکۆ و گەنجان تووشی دابڕانێکی قووڵی زیهنیی و کردەیی ببنەوە بەرانبەر پرسە نیشتیمانیی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە. دەخوازین لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیە ببینە وەڵامێکی ڕژد لە بەرانبەر زیهنییەتی دەسەڵاتگەر، توندوتیژ، فاشیست و پیاوسالار و زیاتر لە مێژوو، فەرهەنگ و کەلتووری کورد تێبگەین.
بڵاوکراوەکە هەوڵدەدات تاوەکوو هزرێکی نوێ و ئەڵتەرناتیڤ بۆ کۆی کێشە هەبووەکانی ناو کۆمەڵگە و زیهنییەتی خەڵک بخاتە ڕوو. دەیەوێت ڕەخنەیەکی ناونشینی و ڕادیکاڵی کێشەکان بکات، ئەمەش لەنێو خودی کێشەکان خۆیەوە؛ تاوەکوو ئەو بنبەست و گرێکوێرانە بخاتەبەرباس کە وایکردووە کۆمەڵگە لە ڕەوشێکی چەقبەستووەدا بمێنێتەوە. مەبەستمان لە ئاڵتەرناتیڤیش، سیاسەتێکی ڕزگارییە، وا هەموو ئەو پێدراوە دووانییانەی سیستم و دژبەرەکەی، کە هەر خودی سیستەم خۆی بەم شێوەیە ڕەنگڕێژی کردووە و وەک بژاردەیەکی هەڵبژاردنی ئازاد (Free Choice) خستوویەتییە بەردەستمان، وەلاوەدەنێت. بەوەی کە خودی ئەم هەڵبژاردنە ئازادە هەر لەنێو چوارچێوەی تاوپۆی سیستەم خۆیدایە.
پێڕست
- ئاسمانێكى ترى پڕ ئەستێرە، هاوار محەمەد.
- «واقیع» و دیوە مەجازییەکەى، وەلید عومەر.
- ڕۆڵی گەنج، لە بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد-دا، هەردی دولبەر.
- قڕکردنی ژن- فێمیساید، شەڕێکی سیستەماتیک و ئایدۆلۆژییە! نەجیبە قەرەداغی.
- سەرمایەداریی و ڕەهەندی داگیرکاریی، شادیار شۆڕش.
- چیمان لە سووریادا لە بەرچاو نەگرت؟ سلاڤۆی ژیژەک.
- له نمایشی تروومهندا، مەنسوور تەیفووری.
- دەربارەی پرسی سیاسەت، دێرسیم فایەق.
- ڕاڤەیەكی دەروونشیكارانە بۆ دیاردەی ترامپ، سلاڤۆی ژیژەک.
- لیبراڵیزم چییە؟ میدیا ساسان.
- گەنجان و دۆخی کورد، سیروان هۆرامی.
- کولتوور و هەبوون، مزگین محەمەد .
- ئایا زانکۆ ناوەندێکە بۆ بەرهەمهێنانی پێشەنگی جڤاکی؟ ئاراز گووڵزار.
- چەند یادداشتێک دەربارەی کێشەکانی زانکۆ، هادی ئەحمەد.
- خۆنەبوونی ژنان لەنێو بتخانەی کۆمەڵگە و زانست و پەروەردەدا، ئامەد سەعید.
- بنیادنانی زانکۆ جێگرەوەکان لە نێوەندی شەڕ و شۆڕشدا، لوقمان گووڵدڤێ.
- کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و ئەزموونی فەلەستین، یواف هەیفاوی.
- ڕانانی ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی، هەردی دولبەر.
- کافکا و نهێڵیزم، ئەریڤان نەعمان.
- پشت پەردەی سینەمای گەلی کورد، سوارە شاهۆ.
- شاماران، لە مێژووی ژیاریی کوردستاندا، کەمال ڕەمەزانی.
- بەکەڵکی هیچ شتێک نایەت! مارک فیشەر.
- دەنگبێژی چییە؟ پێشەوا ڕەمەزان.
- هونەری كاریكاتێر، بەکر عەبدولڕەحمان.
- پرسەکانی گۆڤار بۆ گفتوگۆ.