بنەما سەرەکییەکانی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی


ئامادەکردن: ئەکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتی

هەروەک عەبدوڵڵا ئۆجالان پێناسەی کردووە؛ کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی بریتییە لە کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی، سیاسی و کارگێڕیی، کە خودان بونیادێکی مێژوویی و کۆمەڵناسییانەیە، لە هەناوی خۆیدا شوناسگەلێکی جیاوازی لە خۆگرتووە، سا ئەمانەش لە ئاوازێکی هارمۆنی دیالەکتیکیدا یەکانگیر بوون. مەبەست لەم پێناسەیەش بونیادە کلاسیکە کۆنفیدڕاڵەکە نییە کە لە دەوڵەت پێکهاتووە، بەڵکو زێدەتر مەبەست لە کۆنفیدڕاڵیزمێکی کۆمەڵایەتیی جیاوازە.

دەمێک ئەم دۆخەش لە دەریچەیەکی مێژووییەوە تەماشا دەکەین، دەتوانین بێژین هەردوو مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی کە بنامەکەی دەوڵەتە، لەگەڵ مۆدێرنیتەی دیموکراتی، هێندەی ئاسمان و زەوی ناکۆکیی و جیاوازییان لە هەمبەر یەکدیدا هەیە. لەکاتێکدا مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پشتئەستوورە بە قازانجی زۆر، پیشەسازیگەرایی، دەوڵەت-نەتەوە، مۆدێرنیتەی دیموکراتی لە سەر بنەماکانی کۆمەڵگەی دیموکرات، کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی و ئیکۆلۆژی ڕەگی خۆی دادەکوتێت.

مۆدێرنیتەی دیموکراتی وەڵامێکە لەهەمبەر میتۆلۆدۆژیای حەتمیەتگەرایی (دیتەرمینیستی) دەوڵەت-نەتەوە، کە دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە هەژموونخوازیی بە سەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. لە بەرانبەردا وەڵامی مۆدێرنیتەی دیموکراتی ئافراندنی میتۆدۆلۆژییەکی فرەییە وا لەو ڕێگەیەوە ئاسۆی بینینی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات فراوانتر دەکات. ئەمەش بە چەندین ڕێگەی جیاواز لە چەشنی؛ کراوەیی لە هەمبەر پێکهاتە سیاسییە جیاوازەکان، فرەکەلتوورییەکەی، هەڵوێستە دژەقۆرغکارییەکەی، هەڵوێستە فێمینیستی و ژینگەییەکەی، هەروەها بونیادە ئابوورییەکەی کە بەندە بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە. بۆیە پێچەوانەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەوڵەت-نەتەوە، کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی ئەڵتەرناتیڤە سیاسییەکەی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە.[1]

مۆدێرنیتەی دیموکراتی ڕێبازێکی هەرە گونجاوە بۆ بونیادنانی نەتەوە. مۆدێرنیتەی دیموکراتی دەخوازێت لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا، زمان، ئیتنیک، باوەڕیی و پێکهاتە سیاسییە جیاوازەکان بێنێتە تەک یەک. بەمەش لە بنەوەڕا پێچەوانەی شێوازی دەوڵەتەکانی ئێستایە، کە تەنیا بەندن بە یەک دەوڵەت، یەک زمان، یەک ئایین و یەک ئیتنیک. هەبوونی ڕەهەندگەلێکی جیاواز لە ڕێبازەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیدا بنەڕەتێکی گرنگە بۆ نەتەوەکان کە دەیانەوێت دامەزراوەیەکی بە هێز بونیاد بنێن لەپێناو ئاشتی و یەکێتی هاوبەش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.[2]

زانستکارە کۆمەڵایەتییەکان فرە پێناسەیان بۆ کۆمەڵگە داناوە. هەرچۆنێک بێت، تێزی هەرە هاوبەش لەنێو زۆربەی ئەو پێناسانەدا ئەوەیە وا کۆمەڵگە تەنیا بریتیی نییە لە کۆبوونەوەی مرۆڤەکان لە چواردەوری یەکدی، بەڵکوو کۆمەڵگە دەزگا و ڕێکخستنێکی ئاڵۆزە و لەوە دەرباز بووە تەنێ پێکهاتبێت لە کۆکردنەوەی خەڵكی لە چواردەوری یەکدی. جا لە شێوە هەرە سەرەتاییەکەیەوە کە کڵانە تا شێوە هەرە ئاڵۆزەکەی کە نەتەوەیە، کۆمەڵگە لە بونیادی نەتەوە دانەبڕاوە و لە خواست و ویستەکاندا هاوبەشی یەکدی بوون. وەلێ نەتەوە، شێوە هەرە ئاڵۆز و پێشکەووتووەکەی کۆمەڵگەیە.

دەوڵەت و دیموکراسی

لێرەوەڕا، هەردوو چەمکی دەوڵەت و دیموکراسی، شایەنی تێڕامانە. هەردوو چەمکەکە خودان ڕەهەندێکی دیرۆکین. لەکاتێکدا دەوترێت دیرۆکی دەوڵەت، پێنج هەزار ساڵە، لێ دیموکراسی هێندەی خودی کۆمەڵگە کەڤنار و دێرینە. پەیوەست بەمە، تێگەیشتن لە پێشکەووتنە قووڵەکانی هەردوو ئەم چەمکە، پێویستییەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی؛ ئەمەش لەخۆیدا پڕۆژەیەکی  باڵایە بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە.

ناشبێت ئەوە لە بیر بکرێت چەمکەکان و تیۆرییەکانیش خاوەن تایبەتمەندی خۆیانن و بە تێپەڕبوونی سەردەمەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، دەوڵەت و دیموکراسی دوو چەمکی هەرە کاریگەرن بە سەر ئەو گۆڕانکارییە زیهنییانەی بە سەر تیۆر و چەمکەکاندا هاتوون. هەر چۆنێک بێت، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت وا ئەم دوو چەمکە پێچەوانەی باوەڕە باوەکان، نوێنەرایەتی یەک واتا ناکەن، بەڵكوو لە جەوهەردا نوێنەرایەتی چەند جەمسەری جیاواز دەکەن و لەیەکدی جودانە. بەدرێژایی هەزاران ساڵ دەوڵەت (کە لە هەر دامەزراوەیەکی دیکە زیاتر پێویستی بە دووبارە هەڵسانگاندنەوە هەیە) وەک [باوەڕیی] پێشکەش بە مرۆڤایەتی و کۆمەڵگە کراوە. سا لە سیاسەتمەدارە بە ئەزموونەکانەوە بگرە تا هونەرمەندە بەڕێزەکان، کەس بوێری ئەوەی نەبووە گومان لە بوون و ڕەوایەتیبوونی دەوڵەت بکات. ئەوەشی خودان ئەم بوێرییە بێت، لەلایەن دەوڵەتەوە، بە ئانارشی یان ئاژاوەچی ناودێر کراوە.

فرە بنیادەم هەوڵیان داوە دیموکراتی وەک ڕەهەندێکی گرنگی پێکهاتەی دەوڵەت بناسێنن. ڕاستییەکەی، ئەوە هەر خودی دەوڵەتە وەک یەکەم دەزگا، کە چینایەتی و پلەبەندیی بە دامەزراوە کردووە. بەتێپەڕبوونی کات، دەوڵەت بووەتە شێوەیەکی بەدەزگابوونی توندوتیژیی و هێز، لێرەشەوەڕا بەڕێگەی بونیادە سەربازیی، سیاسیی و ئیدۆلۆژییەکان ئەمەی بە سەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە. لەبەر ئەوەی شێوە و بونیادی دەوڵەت بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئەمە بووەتە هۆکارێک تا ناوەڕۆکی خۆی بپارێزێت. هەرچەندە لەڕێگەی پۆشینی ماسکەکانییەوە، شێوەی جیاوازی بە خۆی داوە، لێ دەوڵەت بەشێوەیەکی بنەڕەتیی دەزگایەکی دژەکۆمەڵگە و دژەدیموکراسییە. جا بۆ ئەوەی ئەم بنەڕەتەی خۆی بشارێتەوە، تەواوی دامەزراوەکانی وەک سیستمی دادوەریی، سیاسەت، کەلتوور و هونەر، تەنانەت باوەڕیی و ئایینەکانی خستووەتە خزمەت خۆیەوە. بە کورتی و کورمانجی؛ ئەو دامەزراوە پێی دەڵێین دەوڵەت هەمیشە هێزێک بووە بۆ پڕووکاندنی پانتاییە کۆمەڵایەتیی و ئازادییەکان، ئەمڕۆکەش دامەزراوەیەکی فرە مەزنی هێزە.

بە واتایەکی دیکە، ئەو دامەزراوە خودان دیرۆکە پێنج‌هەزار ساڵییەی ناوی ''دەوڵەت''ـە، گەمارۆی کۆمەڵگەی داوە، کە خودان مێژووییەکی سەدان هەزارساڵەیە. ڕێکخستنە سرووشتییەکەی کۆمەڵگە واتا [دیموکراسی] لەلایەن دەوڵەتەوە سنووردار کراوە، تا ئەو ڕادەیەی لە لێواری لەناوچووندایە. دەکرێت ئەوە بوترێت، ناکۆکیی نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەت، یان دیموکراسی و دەوڵەت، بەدرێژایی هەزاران ساڵ بەردەوام بووە. هاوکات دەوڵەت هەوڵ دەدات هەژموونخوازی خۆی فراوان بکات، کۆمەڵگەش لەپێناو پاراستنی خۆیدا بەرخودان دەکات.

ئەگەر بڕیار بێت پێناسەیەکی جەوهەریی بۆ دیموکراسی بکەین، پێویستە بێژین، دیموکراسی توانای کۆمەڵگەیە بۆ ئافراندنی ژیان و بەڕێوەبردنی خودی خۆی، هەروەها بۆ دامەزراندنی دامەزراوەگەلێک لەپێناو پاراستن و گەشەسەندنی ئەو بوونەدا.

لەو پەیوەندەدا، دیرۆکی دیموکراسی زۆر کەونارترە لە دیرۆکی بە دامەزراوەییبوونی دەوڵەت. بەهۆی شۆڕشی نیولیتیکەوە، مرۆڤایەتی قەڵەمبازێکی بایەخداری بە خۆوە بینیوە، هاوکات لە بوارەکانی وەک سیاسەت، ئابووریی، هونەر و باوەڕیی و کشتوکاڵ و بوارەکانی دیکەش پێشکەوتنی گرنگی بەدەستهێنا بوو. هەروەها دەکرێت دیموکراسی وەک کۆکردنەوەی ئەو بەهایانە هەژمار بکرێت کە خودان نەریتێکی دەوڵەمەندن. ڕێبازە لیبڕاڵ و پۆزەتیڤیستەکان دەیەوێت دەست بەسەر دیالەکتیکی کۆمەڵگە-دیموکراسیدا بگرن و میتۆدێک پێش بخەن کە پێی وایە، مێژوو لە شارستانییەتەوە دەستپێدەکات.

ئەم میتۆدەش پەراوێزخستن و دەستبەسەرداگرتنی مێژووی هەزاران ساڵەی کاری کۆمەڵایەتی و کەڵەکەکردنی دیموکراسییە. ناتوانرێت ئەم میتۆدە بە زانستی ناوببرێت، هەروەها لە ڕووی ئەخلاقیی و سیاسییشەوە کێشەدارە. هاوکات ناشتوانێت ببێتە یارمەتیدەری چارەسەرکردنی کێشەی نێوان دەوڵەت و دیموکراسی، یان لە واتایەکی دیکەدا، دەوڵەت و کۆمەڵگە. لەپێناو گەڕان بەدوای چارەسەریی بۆ دۆخی ئێستا کە دۆخی جەنگی جیهانی سێهەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستییەکی بنەڕەتیی و مێژووییە بۆ تێگەیشتن و بەکارهێنانی میتۆدۆلۆجییەکی نوێ.

ئەمەش لەبەر ئەوەی، ئەم ناوچەیە کە سەرمەشقی ڕوودانی کێشە و ناکۆکییەکانە، ناوچەیەکە بەدرێژایی هەزاران ساڵ لەنێو ئەم کێشانەدا ژیاوە. دەکرێت گریمانەی ئەوە بکەین و بێژین ئەم ناوچەیە کە لانکەی بەرهەمهێنان و خاکی بونیادە کۆمەڵایەتییەکان بووە، ئێستا ئەو شوێنەیە لێوانلێوە لە کێشە و قەیرانەکان. دەی خۆ ئەگەر وا نییە، ئەی ئەم دۆخە لەم ناوچەیەدا چۆن درووست بووە؟ سا بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە چنگ بخەین، دەبێت لە قووڵایی دەریای ناکۆکییە مێژووییەکانی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینە مەلەوانێکی شارەزا. بە تەک ئەمەوە، لە دووسەدساڵی ڕابردوودا کێشەیەکی دیکە هاتووەتە سەر ڕاسەری ئەم ناوچەیە؛ ئەویش کێشەی دەستتێوەردانە دەرەکییە ئیمپریالیستییەکانییە. هەروەها ڕۆڵی چەوسێنەرانەی ئەوروپا لە پەیوەند بە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە، ڕۆڵێکی دیاریکەرە. لەپێناو تێگەیشتن لە قووڵایی کێشە هەنووکەییەکان، تەنیا تێگەیشتن لە توندڕەوییە ئایینییەکان دەست نادات، بەڵكوو پێویستی بە تێگەیشتن لە مەقاشە بکوژەکەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی هەیە. کاولکاریی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵکوژیی، کۆچبەریی و کارەساتە ڕۆژانەییەکان نەوەک هەر لە بەردەرگاکانمان نییە، بەڵكوو وا شارستانییەتی ئەوروپی بە تەواوەتی دەڕووخێنێت. ئەم دۆخە، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئەوروپا وەکوو ئەوەی پێشتوور باس دەکرا، بەدەر نەبووە لە پێشکەووتنە جیهانییەکان. پرسیاری ئەوەی چی بکەین؟ پرسیارێکی جەرگبڕە. فاشیزم و کۆنەپەرستیی دەوڵەت بووەتە ترسی هەموو کەسێک و هەموو شتێک؛ هەر لە هێزە هەرە باڵادەستەکانەوە تا دەگاتە خەڵکانی سەر شەقام، ئەمەش فشارێکە بۆ هەمووان کە تا زووە وەڵامی پرسیاری ''چی بکەین''، زوو بدۆزرێتەوە.

چارەسەرییەکی دیموکراتیی ڕادیکاڵ

چارەسەریی پێویستە لەو شوێنەوە دەستپێبکات وا نەخۆشییەکەی لێوە درووست بووە. مرۆڤایەتی دەبێت لەو شوێنەوە بدۆزرێتەوە کە ون بووە. دیرۆک دەرخەری ئەوەیە کە بەبێ هەبوونی ئاشتی لە میزۆپۆتامیادا سەختە ناوچەکانی دیکە بتوانن لە ئاشتیدا بن. لەبەر ئەوەی سازان و هارمۆنی مرۆڤایەتی لێرەوە ڕسکاوە. هەتاوەکوو ئەم ناوچەیە ئاوێزانی بەڕێوەبردنێکی دیموکراتی نەبێتەوە، کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر نابێت. هەر ئەمەیە چارەسەریی دیموکراتیی ڕادیکاڵ. دیموکراسی ڕادیکاڵ ڕێبازێکە خاوەن شێوەڕوانینی خۆیەتی وا کۆمەڵگە وەک هێزی بنەڕەتی چارەسەریی کێشەکان دەخاتە ڕوو، و دەوڵەتیش وەک دامەزراوەیەکی ڕێکخراویی چەوسێنەر، لە خۆی دووردەخاتەوە. کاتێک دیموکراسی بە دامەزراوە دەکرێت، هەبوونی دەوڵەت دەبێتە خۆڵەمێش. کاتێک کۆمەڵگە خۆی ڕێک دەخات و خواستە دیموکراتییەکانی بە دامەزراوە دەبێت، داگیرکاریی دەوڵەت بوونی نامێنێت. ئەمەش ڕاستیی دەوڵەت-نەتەوە و ئەو واقیعەیە وا دەیسەپێنێت. ڕۆڵی دەوڵەت لە گەمارۆدان و چەوساندنەوەی کۆمەڵگەدا لە کردە ڕۆژانەییەکاندا زیاتر هەستی پێدەکرێت. تێگەیشتنیش لەم واقیعەش ڕێگەخۆشکەرە بۆ تێگەیشتن و بەرجەستەکردنی دیموکراسی ڕادیکاڵ و کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی.

بیرمەند و ڕێبەری زیندانیکراوی کورد؛ عەبدوڵڵا ئۆجالان، لە بەرگرینامەکانیدا بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بە ڕوونی باسی لەم دۆخە کردووە و دەنووسێت:

 ''لە ڕەوشێکی بەم شێوەیەدا، هێزی چارەسەریی دیموکراتی ڕادیکاڵ و کۆنفیداراڵیزمی دیموکراتی ڕوونتر دەردەکەوێت. کوردستان وەک لانکەی ژیار، نها بووتە شوێنگەی سەرهەڵدانی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی و دیموکراسییەتێکی ڕاستەقینە و ڕادیکاڵ. یاسایەکی سرووشت هەیە: هەر شت لە سەر ڕەگی خۆی دەڕوێتەوە. وا دەردەکەوێت جارێکی دیکە دیموکراسی لە سەر ڕەگە شاراوەکانی خۆی دەڕوێتەوە کە وان لەناواخنی شۆڕشی نیولیتیکدا. دەبینرێت کە ئەو هەرێمەی هێشتا لە لایەن شارستانییەتی ناوەندگەراوە هێرشی دەکرێتە سەر، دەکرێت دیموکراسییەکی نوێ لە ئامێز بگرێت. ئەم خاک و چیایانە، وا لەمێژەوە توانای خۆبەڕێوەبەری و بوون بە کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسییان لەدەستداوە، دەکرێت جارێکی دیکە ببنەوە ئەو شوێنەی خۆرێکی نوێی لێوە هەڵبێت؛ بێگومان لەلایەن کوردەکانەوە.''[3]

 

کۆنفیدڕاڵزیمی دیموکراتی وەک چارەسەرییەکی سیاسیی سەرەکی

کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی چارەسەرییەکی سەرەکییە بۆ ئەو کێشە مێژوویی و کۆمەڵایەتیانەی وا مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بونیادی ناون. بۆیە، دووبارە بونیادنانەوەی هەموو پانتاییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی پێویستییەکی ژیانییە. یەکە دامەزراوەکانی دووبارە ڕێکخستنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیش بریتییە لە نەتەوەی دیموکرات. لە بنەڕەتدا، نەتەوە بریتییە لە پێکهاتنی زیهنییەتەکان. دەوڵەت-نەتەوە لەڕێگەی پێکهاتە ناسیۆنالیستییەکانییەوە خۆی بونیاد دەنێت. هەروەها دەبێتە هۆی پەرەدان بە زایەندگەرایی (سێکسیزم)، ئایینگەرایی و زانستگەرایی لە پێکهاتنی سیستمەکەیدا. هەروەها لە دەوری پانتاییەکانی وەک زمان، کەلتوور، مێژوو و تەنانەت بازاڕیش شێوەی ئیدۆلۆژی خۆی بونیاد دەنێت. بەمەش، واقیعێکی مەجازیی دروست دەکات کە تێیدا نەتەوە و تاکەکان، دەبنە خزمەتکاری دەوڵەت. هاوکات شێوەیەکی ساختەی دیموکراسیش دەهێنێتە کایەوە. هەموو ئەمانەش وا دەکەن قەیرانەکان زیاتر بن نەوەک چارەسەر بن، بۆ هەر کەسێکیش هەر ئەوەندە بەسە بگەڕێتەوە بۆ مێژووی دوو سەدە لەمەوبەر تا لەم ڕاستییە تێبگات.

 لە هەلومەرجی مێژوویی ئێستادا ڕوونە کە دەوڵەت-نەتەوە لەپێناو کۆتایهێنان بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانێت شێوەیەکی چارەسەرییمان پێشکەش بکات. لەبەردەم تەوێڵی ئەم کێشانەدا، نەتەوەی دیموکرات چارەسەرییەکی هەرە بنەڕەتییە. نەتەوەی دیموکرات کە کۆمەڵگە و تاکەکان بە ئاگاییەکی دیموکراتییەوە ڕێکدەخات، کەلتووری جیهانی و ناوخۆیش ئاوێزانی یەکدی دەکات. مێژوو دەرخەری ئەوەیە کە ئەم جۆرە لە کۆمەڵگە لە قۆناغە جیاوازەکاندا بوونی هەبووە. هەتا ئەو کاتەی هێزە باڵادەستەکان دەستێوەردان ناکەن، بۆ نێو جووڵە ناوەکیی و هارمۆنییەکانی سرووشتیی کۆمەڵگەوە، ئەوا هەمیشە کۆمەڵگە دەبێتە بەشێک لە سەکۆی یەکە دیموکراتیکەکان.

عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەم ڕەوشە بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو:

"کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی خودان توانستی تێپەڕاندنی نەرێنییەکانی سیستمی دەوڵەت-نەتەوەیە. هەروەها ئامرازێکی کاریگەرە بۆ بە سیاسییکردنی کۆمەڵگە. سانایە و بە ئاسانیی جێبەجێ دەکرێت. هەموو یەکەیەکی کۆمەڵگە، یاخود یەکە ئیتنیکیی، کەلتووریی، ئایینیی، جوڵانەوەی ڕۆشنگەریی و ئابووریی سەربەخۆیانە خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن و وەک هەبوونێکی سیاسیی پێناسەی خۆیان دەکەن. بەم ڕەنگە دەبێت لە خۆبەڕێوەبەریی تێبگەین. هەر یەک لەوانە، خاوەن مافە لە ئاستی هەرە ناوخۆیی تا ئاستی هەرە جیهانیی خۆی بە ڕێکخستن بکات. خاوەن مافن کە دیموکراسی ڕاستەقینە لە سەر بونیادەکانیان جێبەجێ بکەن. ئەمەش ڕێک ئەو شوێنەیە کە هەموو هێزێکی لێوە وەردەگیرێت. بە هەمان ئەو شێوەیەی دەوڵەت-نەتەوە نکوڵی لە دیموکراسی ڕاستەوخۆ دەکات، کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی لوتکەی دیموکراسی ڕاستەوخۆیە.[4]

لە چوارچێوەیەی ئەم بەستێنەدا بە وردی دەتوانین تەماشای تایبەتمەندییەکانی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی بکەین:

 

کۆمەڵگەی سیاسیی و ئەخلاقی

واتای ڕاستەقینەی سیاسەت بە قووڵی شێوێندراوە، بە شێوەیەکی بنەڕەتی سیاسەت کردەی بیرکردنەوەیە لە پلاندان بۆ کارە هەرە گرنگەکانی کۆمەڵگە. ئەخلاق دەکرێت وا پێناسە بکرێت کە داڕشتنی ئەو پرەنسیپ و پێوانانەیە وا لە هەناویاندا ئەو بەهایانە هەیە کە لە سەرەوە باسمان کردن. هەروەک دەبینرێت، هەندێکیان پەیوەستن بە بەها مادییەکانەوە، هەندێکی تریشیان بە بەها مەعنەوییەکانی ژیانەوە. ئەم دوو چەمکە یەکجار پێویستن بۆ کۆمەڵگە. ئەو کۆمەڵگەیانەی لە ئەخلاق دوورن، زیاتر لە نەمان نزیکن، ئەوانەی لە سیاسەت بەدوور بن، لە ناپێشکەووتن زیاتر نزیکن. هەردووکیشیان دەبنە هۆکاری لەناوچوونی کۆمەڵایەتی. بۆیە، کۆمەڵگە بە شێوەیەکی سرووشتی؛ ئەخلاقی و سیاسییە.

سیاسەتی دیموکراتی و خۆبەڕێوەبەریی

کۆمەڵگە ڕێکخستنێکی زیندووە، مێژوویی و فرەڕەهەندە. بۆیە تشتێکی سرووشتییە بۆ کۆمەڵگە کە چاوی لە خواست و ئارەزووی سیاسیی جودا بێت. کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی ڕێگەی داوە بە تەواوی ئەو خواستە جیاوازانە تا بەشێوەیەکی هارمۆنی بوونیان هەبێت لەنێو چوارچێوەی دیموکراسی ڕادیکاڵ بەبێ ئەوەی وایان لێ بکات بگۆڕێن بۆ یەکەیەکی جێی ناکۆکیی و توندوتیژیی. ئەگەر هارمۆنی سرووشتی و جووڵەی ناوەکیی کۆمەڵگە لەلایەن هێزێکی چەوسێنەر و دەرەکییەوە نەشوێندرێت، ئەوا دەکرێت هەموو کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و کەشێکی ئاشتییانەوە چارەسەر بکرێن. ئەگەر ئەم دۆخە بێتە دی، ئەوا هەموو کۆمەڵە جێندەریی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و ئیتنکییەکان لەڕێگەی هەبوونی پرەنسیپەکانی سیاسەتی دیموکراتییەوە لەنێو دامەزراوە سیاسیی و ناوخۆییەکاندا جێگە دەگرن. لە کۆمەڵگەیەکدا ئەگەر دیموکراتی ڕادیکاڵ هەبێت ئەوا لە ڕێگەی ئەنجومەنە ناوخۆییەکانەوە هیچ کێشەیەک بوونی نابێت، کە نەتوانرێت چارەسەر بکرێت. لەم کۆمەڵگەیەدا، مرۆڤ و کۆمەڵە ئازادەکان توانای ئەوەیان هەیە ئازادانە خۆیان بەڕێوەببەن بەبێ ئەوەی فشاری چەوساندنەوە، زاڵبوون و داگیرکردنیان لە سەر بێت لەلایەن دامەزراوەیەکی باڵادەستەوە. لە بنەڕەتدا، یەکێتی لە هەمەڕەنگیدا، هەمەڕەنگی لە جیاوازیدا، یۆتۆپیا نییە، لێ زێدەتر واقیعێکی کۆمەڵایەتییە.

خۆسەریی ئابووریی

سەر بە هەر کوچەوکوڵانێکی مێژوودا بکەیت دەبینیت وا هێزە باڵادەستەکان هەردەم ئابوورییان وەک چەکێک بۆ کۆیلەکردنی کۆمەڵگە بەکارهێناوە. بەتایبەت لەم دەمەدا، کە سەردەمی ئەوەیە وا ئابووریی چووەتە نێو قۆناغی سەرمایەی فاینێنسەوە. سا کۆلۆنیالیزمی ئابووریی شێوە هەرە مەترسیدارەکەی چەوساندنەوەی کۆمەڵگەیە. کۆمەڵگەیەک کە نەتوانێت سامانە ئابووریی، هۆیەکانی بەرهەمێنان و چالاکییە ئابوورییەکانی بەڕێوەببات، هەمیشە لەژێر چەپۆکی ئەو هێزانەدا دەبێت، کە دەستیان بەسەر بوونیدا گرتووە. خۆسەریی ئابووریی بەواتای خۆسەریی سیاسیی دێت. ئەگەر وا نەبێت، ئەوا بێگومان داگیر دەکرێت. کۆمەڵگە و وڵاتی داگیرکراویش بەرەو ڕووی هەموو جۆرە تاڵانییەک دەبێتەوە. هەموو سامانە ژێرخان و سەرخانەکانی تاڵان دەکرێت. هەر بۆیە ئێژین دەوڵەت-نەتەوە مەقاشی دەستی سەرمایەدارییە لەپێناو بەدەستهێنانی قازانجدا.

لە پەڕگاڵی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیدا، ئابوورییەک کە بەند بێت لە سەر قازانج، گەندەڵی و بەکاڵاکردن نایەتە بوون. ئابووریی کۆمیناڵ و هەرەوەزیی لە سەر بنەمای پڕکردنەوەی پێویستییە کۆمەڵایەتییەکان درووست بووە. ئەمەش شێوەیەکی خۆسەریی ئابووریی کۆمیناڵە. جا جارێکی دیکە با ئاوڕ بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجالان بدەینەوە، بزانین لە پەیوەند بەم بابەتە چی ئێژێت:

"خۆسەریی ئابووریی نە لە سەر بنەمای سەرمایەداریی تایبەت دروست بووە، نە سەرمایەداریی دەوڵەت. بەڵکوو بەندە بە پیشەسازیی ئیکۆلۆژی و ئابووریی کۆمیناڵ کە لە بنەوەڕا لەنێو ئابوورییەکەیدا، دیموکراسی پاوەجێ بووە. سنووربەندییەکانی پیشەسازیی، گەشەپێدان، تەکنەلۆجیا، بازرگانی و موڵکییەت بەربەستەکانی بەردەم گەشەسەندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و ئیکۆلۆژیین. ئابووریی پانتاییەک نییە بۆ قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە. خۆسەریی ئابووریی مۆدێلێکە تێیدا قازانج و کەڵەکردنی سەرمایە تا کەمترین ئاست دابەزێندراوە. لەکاتێکدا دۆگماتیکانە، بازاڕ بازرگانی و جۆراوجۆری بەرهەم و کێبڕکێ ڕەت ناکاتەوە، بەڵام سەروەریی کەڵەکەبوونی سەرمایە ڕەتدەکاتەوە، جا سیستمی دارایی تا ئەو شوێنە لێی قبووڵ دەکرێت دەسەڵاتی هەبێت کە خزمەت بە بەرهەمهێنانی ئابووریی دەکات. هەروەها گریمانەی ئەوە دەکات کە کردەی بەرهەمهێنانی پارە لە پارەوە، کارێکی بێماندووبوونە و ئەگەریی چەوساندنەوە زیاد دەکات، بۆیە بە ڕاشکاویی ئەم جۆرە کردارە ڕەت دەکاتەوە."[5]

 

ژیانی کەلتووریی و کۆمەڵایەتی

ئەو کۆمەڵگەی وا بەدەستی دەوڵەت-نەتەوە دروستکراوە، ژیانی کەلتووریی و کۆمەڵایەتی تێیدا بەر گورزێکی مەزن کەوتووە. پێکهاتە شارییەکان کە ملیۆنان کەس ڕوویان تێکردووە، شوێنگەی گەرادانانی شێرپەنجەی کۆمەڵایەتین، کە بوونەتە هۆی درووستبوونی بێکاریی، نایەکسانی کۆمەڵایەتی، ململانێی ناوخۆیی و توندوتیژیی لە بەرزترین پلەدا. دەوڵەت-نەتەوە شاری کردووەتە ناوەندی قازانج، سەرمایە و پیشەسازیی، لەو نێوەندەشدا بەها کەلتووریی و کۆمەڵایەتییەکان هاوڕێ بە تاکەکان ڕۆژانە وەک کاڵا بەکاردەهێنرێن. بەها کۆمەڵایەتییە کەلتوورییەکان هاوشان بە مێژووەکەی بەکاڵاکراون و تاکەکانیش کۆنەپەرەستانە مەست‌وحەیرانی کەلتووری ڕەشۆک و بازاڕیی بوون. ژنان لە ڕادەبەدەر ڕووبەڕووی ئەم دۆخە دەبنەوە. دەوڵەت-نەتەوە مرۆڤەکانی وەک کارگە لێکردووە و ژنانیشی خستووەتە بەشی هەرە خوارەوەی ئەم کارگەیە. ئەوەش لەولاوە بوەستێت کە هەردەم جەستەی ژن پارچەپارچە دەکات و وەک کاڵایەکی بازاڕ نمایشی دەکات.

پەروەردە و تەندروستی بوونەتە مەیدانی چەوسانە ماددی و مەعنەوییەکان. لەکاتێکدا تەندروستی مرۆڤایەتی ڕادەستەی مەکینەی بەرهەمهێنانی قازانج کراوە، پەروەردەش بووە بە ئامرازێک بۆ درووستکردنی مرۆڤێک کە تا سەر ئێسقان دژەکۆمەڵایەتییە. بە شێوەیەکی بنەڕەتی کۆمەڵگە و تاکەکان خراونەتە نێو زەلکاوی ناسیۆنالیزم، توندڕەوی ئایینیی، سێکسیزم و زانستگەراییەوە.

نەتەوەی دیموکرات وەک چەمکی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی ئامانجی ئاشناکردنەوەی کۆمەڵگەیە بە بەها گەردوونی و ناخۆییەکانی خودی خۆی. ڕێکخستنکردنەوەی زیهنیەت و ڕۆح ئاماژەیە بۆ دووبارە بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی مرۆڤایەتی. دەبێت پەروەردە ئامرازێک بێت بۆ پێشخستنی پەیوەندی دیالەکتیکیی نێوان تاک و کۆمەڵگە. لەم ڕەهەندەوە نەتەوەی دیموکراتی ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵگە بۆ واقیعی خۆی.

ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژن

دەمێک لە پەڕگاڵی دەوڵەت-نەتەوە دەڕوانین، بە ئاسانی دەبینین کە هەر لە خێزانەوە تا هەموو پانتاییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، ژن کراوە بە ئۆبێکتێکی (Object) دژەکۆمەڵایەتی و لە هەر خواستێکی ئازاد بەدوورخراوەتەوە. ئەم دۆخەش، سەرپاکی کۆمەڵگەی گیرۆدە کردووە. ئەگەر لە سەرەتادا ئەم کێشەیە مێژووییە چارەسەر نەکەین، ئەوا ڕوون و ڕەوانە هیچ کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگە چارەسەر نابێت. نەتەوەی دیموکرات بە شێوەیەکی بنەڕەتی و ڕادیکاڵ لەم کێشەیە نزیک دەبێتەوە، هەروەها لە هەنگاوی سەرەتادا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ئەم تێزە بۆ هەمووان دەخاتە ڕوو: ئەگەر ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگەش ئازاد نابێت. سیستمی نەتەوەی دیموکرات سیستمێکە لەڕێگەی دامەزراوەکانی خۆسەرییەوە بەڕێکخستنکردنی ژن سەرپێ دەخات. ژنان، وەک بەشە داگیرکراوە هەرە دێرین و کەڤنارەکەی کۆمەڵگە، بونیادنەرێکی هەرە سەرەکی نەتەوەی دیموکراتن.

خودبەرگری

خودبەرگریی دۆخێکی سرووشتییە. هەموو زیندەوەران، خودان شێوەکانی خودبەرگرین. لە مرۆڤدا ئەم بەرگرییە هەم ئیدۆلۆجییە هەم کۆمەڵایەتی. هەر تاک و کۆمەڵگەیەکیش نەتوانێت بەرگری لەخۆی بکات، ئەوا ناتوانن بڕیار لەسەر خۆیان بدەن. تەنانەت ئەگەر بتوانن لە ژیاندا بمێننەوە، ئەوا بێگومان تەنیا وەک کۆیلەیەک دەتوانن بمێننەوە. لەم جیهانەشدا ئەوە تەنیا مرۆڤەکانن شێوەکانی چەوساندنەوە بەسەر ڕەگەزی خۆیان و هەروەها زیندەوەرەکانی دیکەشدا دەسەپێنن. لەم ڕەهەندەوە دەتوانرێت بێژین وا خودبەرگریی پرسێکی کۆمەڵایەتییە و هەر لەم چوارچێوەیەشدا دەتوانرێت خودبەرگریی بونیادبنرێت.

لەنێو ئەم بەستێنەدا، دامەزراندنی خودبەرگریی بۆ پێکهاتەکانی نێو نەتەوەی دیموکرات مافێکی سرووشتی و کۆمەڵایەتییە. بۆیە، لەکاتێکدا کۆمۆنەکان و ئەنجومەنە ناوخۆییەکان دادەمەزرێن دەبێت هاوکات خودبەرگریش دابنرێت.

لە سەردەمی ئێستادا، و بەدرێژایی مێژووش کورد پێکهاتەیەک بووە کە زۆرترین جار پێویستی بە خودبەرگریی هەبووە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە هەمیشە کورد و ناوچەکانی هەمیشە کەوتوونەتە بەر هێرشی جەستەیی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی. کوردان کە وا هەردەم لە بەردەم مەترسی هێرشدا بوون، پێویستە شێوەکانی خودبەرگریی پەرە پێبدەن. سا دەبێت خودبەرگریی هاوشان بە شێوەسەربازییەکەی لەنێو هەموو پانتاییە کۆمەڵایەتییەکاندا پەرەی پێبدرێت.

یاسای دیموکراتی

یاسا ئامرازە هەرە سەرەکییەکەی دەستی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. لەپێناو بەدەستهێنانی قازانج، ئەم سیستمە پێویستی بە یاسا هەیە. یاسا، سیستمە ئاسنینەکەی سەرمایەدارییە لەپێناو ڕەوایەتیدان بە خۆی. هەر بۆیە سیستمی یاسایی دەوڵەت-نەتەوە زۆر بە وریاییەوە ڕەچاوی بچووکترین تایبەتمەندییە جیاوازەکان دەکات. لێرەدا پرسی سەرەکیی، پرسە کۆمەڵایەتییەکان نییە، بەڵكوو بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە دەوڵەت-نەتەوە بەردەوام دەستتێوەردان لە کارە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکات، جا بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بەمە بدات پەڕگاڵە یاسایی و سیاسییەکان لە چنگی خۆیدا دەخنکێنێت.

لێ پێچەوانەی ئەمە، یاسا لە نەتەوەی دیموکراتدا، بەندە بە فرەیی و ڕەسەنێتییەوە. پێویستی بە داڕشتنە ناوەڕۆکدارەکانەوە نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەم سیستمە تایبەتمەندییە ئەخلاقییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە بەهەند وەردەگرێت. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، پێویستیی بە یاسای نووسراو ناکات ئەگەر بێتو کار بە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بکرێت. کۆمەڵگەی ئازاد کێشەکانی لەڕێگەی تایبەتمەندییە ئەخلاقییە مێژووییەکانەوە چارەسەر دەکات.

دیپلۆماتی نەتەوەی دیموکرات

بە تێكڕایی دیپلۆماتی پەیوەندییەکی ئاشتییانەیە لەنێو پانتاییە نێودەوڵەتییەکاندا کە بەندە بە ڕێزگرتنی هاوبەشەوە. کۆمەڵگە دیموکراسییەکان وا لە دیپلۆماتی دەڕوانن کە پانتاییەکە بۆ برەودان بە پەیوەندییە ئاشتیخواز و ڕێزلێگیراوەکان. هەر بۆیە دەخوازرێت کێشەکان لەم چوارچێوەیەدا چارەسەر بکرێن.

لەنێو دەوڵەت-نەتەوەدا کاری دیپلۆماتی ڕەهەندێکی دیکەی هەیە؛ لێرەدا کاری دیپلۆماتی ئەوەیە لەکاتی شەڕ و ئاشتیدا قازانجی زیاتر بەدەستبهێنێت. جا بۆ نموونە ئەگەر ئاشتی نەبێتە هۆکاری ئەوەی کە قازانجی زیاتر بەدەستبهێنن، ئەوا بێ‌یەک و دوو شەڕ دەستپێدەکات. لە دیپلۆماتی دەوڵەت-نەتەوەدا، گرنگی نادرێت بە بۆچوونی کۆمەڵگە. هەر تەنێ ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە جەنگەکانی سەدەی بیست بەسە بۆ ئەوەی لەم دۆخە تێبگەین.

لە سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیدا، دیپلۆماتی نەتەوەی دیموکرات بەندە بە بەها کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئازاد و ئاشتیخوازە. شەڕکردن بەتەواوەتی ڕەتکراوەتەوە تەنیا لەکاتی خودبەرگریدا نەبێت. هەموو هەوڵە دیپلۆماتییەکانیش سەرنجیان لەسەر نەهێشتنی ناکۆکیی و توندتیژییە.

سا ئۆجالان لەو بارەیەوە ئێژێت:

"لە نەتەوەی دیموکراتدا، دیپلۆماتی وەردەچەرخێتە سەر پانتاییەک کە تێیدا ئاشتی و یەکێتیی نێوان کۆمەڵگەکان پەرەی پێدەدرێت، هەروەها هۆیەکانی ئاڵوگۆڕ گەشەی پێدەدرێت و چارەسەریی کێشەکانیش دەخرێتە ڕوو. دیپلۆماتی نەتەوەی دیموکرات ئامرازێکە لەپێناو ئاشتی، نەوەک بۆ جەنگ. کارێکە کە لێوانلێوە لە بەهای ئەخلاقی و سیاسی و لەلایەن کەسانی شارەزاوە بەڕێوەدەبرێت. ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بەرانبەر دراوسێکاندا تا بتوانرێت بەرژەوەندی هاوبەش بەدەستبهێنرێت. هێزێکی پێکهێنەرە لە پشتی بونیادنانی پێکهاتنێکی کۆمەڵایەتی بەهێزتر لەنێوان کۆمەڵگەکاندا.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، کوردان لە هەر کات زێدەتر پێویستیان بە بونیادنانی دیپلۆماتییە لەنێوان خۆیان و دراوسێکانیاندا، تەنانەت لە سەر ئاستی جیهانیش. دیپلۆماتی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دڵنیاییدان و پاراستنی بونیاندا. لە ڕابردووییەکی نزیکدا، بەتایبەت لە دەورانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، کوردان لە هەر کەس زیاتر لە نێو گفتوگۆ دیپلۆماتییەکاندا شکستیان خواردووە. ئەمە ڕاستی سەدەی ١٩ و ٢٠ە، بەتایبەت لە کاتی هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا، کە چارەنووسی کوردان هەر تەنێ جینۆساید و کۆمەڵکوژیی بووە."[6]

 

خۆسەریی دیموکراتی وەک هێمای کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی

کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی وەک سیستمێک لە ڕێگەی خۆسەریی دیموکراتییەوە خۆی بونیاد دەنێت و ڕێک دەخات. هەموو یەکەکانی نێو بونیادی کۆنفیدڕاڵی سەربەخۆیانە خۆیان ڕێک دەخەن. ئەم بونیادانەش دەکرێت ئەنجومەنی خەڵكی، ئەکادیمیا و ڕێکخراوەکان بن. یەکە بنەڕەتییەکانی ئەم بونیادە کۆمینەکانن. لەم بەستێنەدا، دامەزراوە بنەڕەتییەکان لە جێبەجێکردنی دیموکراسی ڕادیکاڵ و ڕاستەوخۆدا بریتین لە ئەنجومەن و کۆنگرەکانی خەڵك. لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان و دابینکردنی پێویستییەکانی کۆمەڵگەدا، بونیادە هاوبەشەکان پێویستییەکی هەرە گرنگن. پەروەردە پانتایی سەرەکیی ئاگایی کۆمەڵایەتییە. ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتی دڵنیایی دەدات لە جێبەجێکردنێکی درووست و پاراستنی سیستمەکە لەڕێگەی دامەزراندنی ئاکادیمیاکانەوە، بۆیە پێویستە بگاتە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە.

دووەم ڕەهەندی نەتەوەی دیموکرات بریتییە لە ناساندنی جەستەی فیزیکیی کۆمەڵگە. خۆسەریی دیموکراتی گەوهەری ئەم بوونەیە. لە واتایەکی گشتیدا، خۆسەری دیموکراتی دیاریکەری نەتەوەی دیموکراتە. نەتەوەی دیموکرات دەکرێت لە چەمکی بەرفراوانتریشدا پێناس بکرێت. خودان ڕەهەندی دیپلۆماتی، یاسایی و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە. لە واتایەکی دیاریکراودا، خۆسەری دیموکراتی ڕەهەندێکی سیاسییە، یان دیاریکەری بەڕێوەبەریی و هێزی دیموکراتییە.[7]

 

با لە نزیکەوە تەماشای ڕەهەندەکانی خۆسەری دیموکراتی بکەین:

کۆمۆنەکان یەکەی هەرە بنەڕەتی خۆسەریی دیموکراتین. بەبێ کۆمۆنەکان، ئەنجومەنەکان دروست نابن. پەیوەست بەمە، کۆمۆن بچووکترین یەکەی بە ڕێکخستنکراوە لەنێو کۆمەڵگەدا. لە سیستمی دیموکراتیکدا، نابێت هیچ هاوڵاتییەک لە دەرەوەی کۆمۆنەکان بێت. دەبێت هەر هاوڵاتییەک بەلایەنی کەمەوە لە کۆمۆنێکدا جێگە بگرێت. ئەم کۆمۆنانە پێکهاتەیەکی گرنگی خۆسەری دیموکراتیکە کە تێیدا تاکە ئازادەکان دێنە تەک یەک و پێکەوەڕا گفتوگۆی هەموو ڕەهەندەکانی ژیان دەکەن، بڕیار دەدەن و پلان بۆ کارە گرنگەکان دادەڕێژن. کۆمۆنەکان دەکرێت لە هەموو لادێ و شارۆچکەکاندا دروست بکرێن. بەبێ دروستکردنی کۆمۆنی لادێ، ناتوانرێت ئەنجومەنی شارەکان دروست بکرێن.

ئەنجومەنەکان پێکهاتەی خۆبەڕێوەبەرین کە لەلایەن تاکە ئازادەکانەوە بونیاد نراون. بۆ نموونە، ئەنجومەنی گەڕەک لە نوێنەرانی هەموو کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکە تایبەتە پێکهاتووە. ئەگەر گەڕەکێک خاوەن ١٢ کۆڵان بێت، ئەوا ١٢ کۆمین دەبێت. لە ئەنجومەنی گەڕەکەکەدا یەک دەگرن. سا کۆمۆنەکانیش ڕێژەییانە دیاریی دەکرێن. دەکرێت کۆمۆنەکان لە دوو تا چوار کەس پێکهاتبێت، پێویستە لەو ڕێژەیەش ژن و پیاو یەکسان بن. دواتر ئەنجومەنی گەڕەک کۆمیسیۆنێک دروست دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت وەڵامی داواکاریی و پێویستییەکانی گەڕەکەی خۆی بداتەوە. لە واتایەکی گشتگیردا، ئەم ئەنجومەنانە شوێنی هەموو ڕێکخراوە سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکانی هەموو پێکهاتە ئیتنیکیی، باوەڕیی، جێندەریی و پیشەیی و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگەن. لە سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیدا، ئەنجومەنەکان لە سەر ئاستی گەڕەک، شار، هەرێمیی ڕێکخراون.

بنەماکانی خۆسەریی دیموکراتی لەنێو کۆمۆن و ئەنجومەکاندا دەکرێت بەم شێوەیە بخرێنە ڕوو:

·          گفتوگۆ و بڕیاردان، هەروەها جێبەجێکردنی بڕیارەکان هاوشانی دانیشتووان.

·          نوێنەرایەتی یەکسان، لە ڕووی (جێندەریی، گەنجان، کەمینەکان، هتد...) دەبێت جێبەجێ بکرێت.

·          لە هەموو لیژنە و کۆمیسیۆنەکاندا دەبێت سیستمی هاووتەبێژی جێبەجێ بکرێت.

·          لەنێو ئەو ناوچانەدا دەبێت ئەنجومەن و کۆمۆنی تایبەت بە ژنان دروست بکرێت.

·          لەنێو ئەو ناوچانەدا دەبێت ئەنجومەن و کۆمۆنی تایبەت بە گەنجان دروست بکرێت.

·          هەموو دامەزراوەکانی سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی دەبێت بنەماکانی خۆسەریی دیموکراتی جێبەجێ بکەن.

·          هەموو ئەنجومەن و کۆمۆنەکان دەبێت خۆسەریی و خودبەرگریی خۆیان پێش بخەن.

 

 عەبدوڵڵا ئۆجالانیش کارکردنی سیستمەکەی بەم شێوەیە، ڕەنگڕێژ کردووە:

"گرنگە هەمووان بزانن، تەنانەت هەر لادێ و گەڕەکێک پێویستی بە یەکەی کۆنفیدڕاڵیی هەیە. بە ئاسانی دەکرێت هەر لادێ و گەڕەکێک ببێتە یەکەیەکی کۆنفیدڕاڵی. بۆ وێنە؛ لە لادێیەکدا، هەر لە یەکەکانی ژنان، خودبەرگریی، گەنجان، پەروەردە، کەلتوور، تەندروستی، هاریکاریی و ئابووریی یەکێتییەک لەنێوان خۆیان ئاوا بکەن. یەکێتی نێوان زۆر بە سانایی دەکرێت ببنە پێکهاتەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی. کاتێک هەمان سیستم لە سەر ئاستی لۆکاڵ، هەرێمی، نەتەوەیی و جیهانیی جێبەجێ دەکەین، دەتوانین ئەوە ببینن سیستمی کۆنفیدڕاڵزیمی دیموکراتی، سیستمێکی گشتگیرە.

ڕۆژئاوای کوردستان وەک نموونەی کۆنفیدڕاڵیزیمی دیموکراتی-نەتەوەی دیموکرات

لە ٢٠١٢وە، پێواژۆیەکی شۆڕشگێڕیی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە. ئەزموونی ئەم شۆڕشە، ئەزموونێکی شۆڕشگێڕییە و شایەنی ئەوەیە کە لە نزیکەوە لێی ڕابمێنین.

فاشیزمی دەوڵەت-نەتەوە و ڕێکخراوەکەی بەناوی داعش کە بوونە هۆی ئاژاوەی گەورە، سوریایان کردە گەرماوی خوێن. لە ٢٠١١وە لانیکەم بەهۆی توندوتیژییەکانەوە نیو ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە. بە ملیۆنان کەس بێحاڵ‌وماڵ بوون. وڵاتەکە وێران کرا و تا هەنووکە ناکۆکییەکان بەردەوامن. ڕۆژئاوای کوردستان دەکەوێتە باکووری سوریاوە، لە هەناوی ئەم ئاژاوەیەدا بووەتە نموونەیەک بۆ مرۆڤایەتی. ڕۆژئاوای کوردستان بە ڕێکخستنی خودبەرگریی، پەیامێکی دا بە هەموو جیهان. ئەمە جگە لەوەی سەرکەووتنی مەزنی بەدەستهێنا لە بەرانبەر ئەو چەتەگەرانەی تا ئێستاش لە ناوچەکەدا چالاکن. پەیامەکەی ڕۆژئاڤا دەرخەری ئەوە بوو کە لە هەناوی جەنگێکی خوێناویشدا بێت، خەڵک و پێکهاتەکان دەتوانن پێکەوە لە سیستمی نەتەوەی دیموکرات هەڵ بکەن، شوێنێک کە تێیدا ئازادیی، یەکسانی و دادپەروەریی شتی هەرە باڵایە.

سەرەڕای هێرش و داگیرکارییەکانی هەردوو دەوڵەتی تورک و سوریا لە کانتۆنەکانی جزیرە، کۆبانێ و عەفرین، بەڵام بە گشتی پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، ئاشووریی، تورکمان، موسڵمان، کریستیان، یەزیدیی و عەلەوییەکان و هەموو گرووپە ئایینیی و ئینتنکییەکان لە هەوڵدان پێکەوە لەنێو سیستمی دیموکراتیکدا ژیان بکەن. لە ئێستادا، لە هەموو کانتۆنەکانی ڕۆژئاڤا، کۆمۆن، ئەنجومەن و یەکەی هاریکاریی دروستکراون. تەنانەت لە شوێنێکی وەک کۆبانێ کە تێیدا داعش بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، بەزێنرا، هەموو ئەم کردارانە جێبەجێکراون. بێگومان پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت تاوەکوو ئێستا هەموو دامەزراوەکان بەگوێرەی بنەماکانی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی لە کاردان. بە ئێستاشەوە هەندێک پێیان وایە ناواقیعییە کە لە دۆخێکی بەو چەشنەدا هێشتا ئەم دامەزراوانە بەردەوامن. بەڵام هیچ کەسێکیش نابێت پێی وابێت کە دامەزراوە یان زیهنییەتی دەوڵەت-نەتەوە کە بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر بوونی هەبووە، هەروا بە سانایی هەڵدەوەشێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی هێرش و بەربەستی سەخت و دژوار دەبێتەوە، بەڵام ئەم شۆڕشە توانیوێتی گۆڕانێکی مێژوویی و واتابەخش بهێنێتە ئاراوە. ڕۆژئاڤا نموونەیەی نەتەوەی دیموکرات لە چوارچێوەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیدا پێشکەش بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لەم ڕێگەیەشەوە، بەهۆی دامەزراندنی کۆمۆن، ئەنجوومەن و کۆنگرەکانەوە، چارەسەریی کێشەکان دەدۆزێتەوە. ڕۆژئاڤا بەهایەکی مرۆییە، هەروەها چاو لەڕێی بەدەستهێنانی پشتیوانیی و هاوسۆزییە لەلایەن خەڵکانی دیموکرات و پێشکەووتووی جیهانەوە.

هاوشانی ڕۆژئاوای کوردستان، سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی و خۆبەڕێوەبەریی لە باکووری کوردستانیش پێش خراوە. بەڵام دەوڵەتی تورک ئەم دەستپێشخەرییە مەدەنییەی بە زەبری هێزی سەربازیی سەرکوت کردووە. لە هەریەک لە شارۆچکەکانی وەک جزیرە، سلۆپی، هەزەخ، شرناخ، نسێبین، دێریک، کەربۆران، حیلوان، سور، گمگم، دەوڵەتی تورک تەنیا لەبەر ئەوەی دەیخواست کۆتایی بە دەستپێشخەریی خۆبەڕێوەبەریی بهێنێت، بەسەر دانیشتوانی مەدەنیدا کۆمەڵکوژیی سەپاند. هەرچۆنێک بێت، بەدەر لە هەوڵەکانی جینۆساید لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، پێکهاتەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی لە باکووری کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی گرنگ و بایەخدار.

دەرئەنجام

بۆ مرۆڤایەتی، کاری کۆمەڵایەتی هەردەم بەرپرسیارێتییەکی ڕەگداکووتاو بووە. هەوڵەکان لەپێناو گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا هەردەم بەجۆش و چڕ بووە. بۆیە، کاری کۆمەڵایەتی نزیکە لە واقیعە مێژووییەکانی کۆمەڵگەوە، هەر بۆیە کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی زیاتر لەوەی پارادایمێکی فەلسەفەی، سیاسیی، ئەخلاقی، کەلتووریی و کۆمەڵایەتیی بێت، پێشنیار و دەستپێشخەرییەکە لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانە هەنووکەییەکانی مرۆڤایەتی.

لە کۆتایدا، بەم ڕەنگە بیرمەند و کۆمەڵناسی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان، هزرین، هەست و جۆش‌وخرۆشی خۆی بۆ کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی وەک پارادایمی ئازادیخوازیی ژن، ئیکۆلۆژی، دیموکراتی دەخاتە ڕوو:

"بۆ وێنە؛ ئەگەر من بوامایە و ڕێم بکەوتایەتە هەر جێگەیەک، سا گوندەکەم بێت، یانژی چیای جودی، بنارەکانی کێوی جیلۆ، یاخود دەوروبەری دەریاچەی وان، شاخەکانی ئاگری، مونزر و بینگۆل یان کەنارەکانی ڕووباری فورات، دیجلە و زاپ تا دەگەیشتە دەشتەکانی ڕەحا، موش و ئیغدیر، سا ڕێگەم بکەوێتە هەر شوێنێک، هەر وەک بڵێی تازە لە کەشتییەکەی حەزرەتی نوح دابەزیوم، کە لە تۆفانە سامناکەکە دەرچووە، وەک چۆن حەزرەتی ئیبراهیم لە دەستی نەمورد ڕای کرد، حەزرەتی موسا لە دەستی فیرعەون، حەزرەتی عیسا لەدەستی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی و حەزرەتی محەمەد لە دەستی جەهالەت؛ منیش بەو چەشنە لە دەستی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ڕام دەکرد. پشتم بە عەشقی زەردەشت بۆ کشتوکاڵ و دۆستایەتی ئاژەڵان دەبەست. لەڕادەبەدەر ئەرکم دەبوو. سا ڕاستەوخۆ لە گوندەکاندا دەستم بە دروستکردنی کۆمۆنەکان دەکرد. چەندە هەژێنەر، تەندروست و ڕزگارکارانە دەبوو، ئەگەر کۆمۆنەی نموونەیی لە لادێیەکدا پاوەجێ ببوایە. چەندە داهێنەرانە و ڕزگارکارانە دەبوو، ئەنجومەن یانژی کۆمۆنەی شارۆچکەیەک پاوەجێ و پارێزراو ببوایە. دەرئەنجامەکانی چێبوونی کۆمۆنەی ئەکادیمی، کۆمەڵە و کارگەکان، ناکۆتا دەبوو. چەندە شادیهێن و شەرەفمەندانە دەبوو، ئەگەر ئەنجومەنی دیموکراتیکانەی گەل چێ ببوایە و هاوکار و پشتیوانی بونایە. دەکرێت ببینرێت وا هیچ سنووربەندییەک بۆ هیوا و ئارەزووەکان نییە، هەروەها هیچ بەربەستێکی دیکەش جگە لە خودی خۆمان بوونی نییە، تاوەکوو هەموو ئەمانە لە واقیعدا پاوەجێ ببن؛ هەتا ئەو کاتەی خاوەنی کەمۆکەیەک شەرەفمەندیی کۆمەڵایەتی، کەمۆیەک دانانی و ئەڤین بین(9).

 

سەرچاوەی وەرگێڕان: https://democraticmodernity.com/the-main-principles-of-democratic-confederalism/

 



[1] Abdullah Öcalan, Sociology of Freedom (Manifesto for a Democratic Civilisation, Volume III)

[2] Abdullah Öcalan, The Democratic Civilisation – Ways out of the Civilisation Crisis in the Middle East (Manifesto for a Democratic Civilisation, Volume IV)

[3] Abdullah Öcalan, Manifesto for a Democratic Civilisation, Volume V [The book was published in Turkish in 2011. It was written by Öcalan on the prison island of Imrali. An English translation is not yet available].

[4] Abdullah Ocalan, Sociology of Freedom, Manifesto for a Democratic Civilisation, Volume III.

[5] 5-7 Abdullah Ocalan, Democratic Nation (brochure)

[6] Abdullah Ocalan, Sociology of Freedom, Manifesto for a Democratic Civilisation, Volume III

[7] Abdullah Öcalan, Manifesto for a Democratic Civilisation, Volume V

پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر