ئاوازی فۆلکلۆری کوردی

 

کۆدۆ نزار
 
کاتێک بە زەینێکی مۆسیقییەوە گوێ لە ئاوازی فۆلکلۆری کوردی دەگریت، یەکەم شت کە سەرنجت ڕادەکێشێت ئەو پانتاییە گەورەیەیە کە مەقامی بەیات لەناو کلتووری مۆسیقی و تەنانەت دەروونی ئینسانی کوردیشدا داگیری کردووە. بەڕای من، هۆکارەکەی ئەوەیە کە نۆتەکانی ئەو مەقامە، وەک ئینسانی کورد، نامۆ و شازن، لە هەمان کاتدا هەم لە یاسا و دەنگە سروشتییەکانی نۆتە لایاندەدات، هەم بەشێکن لە یاساکان. ئەمە وەک دۆخی بوونی ئینسانی کورد و بەرکەوتنی لەگەڵ جیهاندا وایە، کە هەم لە سیستەمی جیهانی لادەدات، هەم بەشێکیشی لەگەڵ سیستەمەکەدا دەمێنێتەوە. ئەوەندەت بەس بێت تا بزانیت کورد خۆی خاوەنی مەقامەکەیە. مەبەست لە مەقام (یان تەرز) تەنها گۆرانی نییە، بەڵکو مەقام پەیژەیەکە لە نۆتە کە دواتر گۆرانی خاو و خێرا و بەستەکانیشی لەسەر دروست دەکرێت. لاوک و بەیت و حەیران و سۆزە گەرمیانیکە و قەتار، ئەمانە هەموویان بەیاتن. جگە لەوەش، نزیکەی سەدا ٦٠ی بەستە و گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکانیش هەر لەسەر ئەو مەقامە دروست کراون. 
لە مۆسیقادا جۆرێک یەکێتی و یەکگرتوویی لەنێوان هەموو شێوە وتنەکانی هەموو ناوچەکانی کوردستاندا هەیە، کە ڕێک ئەو شتەیە کە ئێمە لە بوونی زمانی ستانداردییشدا دەستمان ناکەوێت. ڕەنگە بچیتە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، هەرکەسە و بە شێوەگۆیەک بدوێت و لەنێوان هەر دۆڵ و شاخێکدا بە شێوەزارێک قسەبکات، بەڵام لە هەر ناوچەیەک پرسیاری فۆلکلۆرترین گۆرانی و شێوە وتن و مۆسیقا بکەیت، ئەوەی گوێت لێدەبێت لەسەر مەقامی بەیاتە. سەرنجڕاکێشە کە لە گەرمیان کەسێک هۆرەی جافی بڵێت و کەسێک لە باکوور لاوکێک بڵێت، هەردوکیان لەسەر مەقامی بەیاتن. هەورامییەک و سۆرانییەک بە دوو شێوەزاری جیا قسەدەکەن، بەڵام سیاچەمانە و حەیران لەسەر یەک مەقام دروست بوون. ئەو کاتەی زمانی مرۆڤ توانای وتنی نامێنێت و وشە دەستەودامێن دەبێت لە ڕوونکردنەوەی حاڵی مرۆڤ، ئەوکاتە مۆسیقا دەدوێت و شەرحی حاڵ دەکات. هەر لێرەشدا ئەو کاتەی ئینسانی کورد ناتوانێت شەرحی حاڵی بە زمان بکات یان زمان بکاتە چارەسەر، مۆسیقا شیکردنەوە دەکات و پێت دەڵێت کە کورد یەک چەشن و یەک بوونە، بەڵام لە شێوە و شێوەزار و شێوەگۆی جیاوازدا. بەشێوەیەکی سەرسامکەر کە بتوانیت بڵێیت ئەم نەتەوەیە مۆسیقای هاوبەش کۆی دەکاتەوە. لە هەمووی گرنگتر لای من ئەوەیە کە لایەلایەی دایکی کورد کە بۆ کۆرپەکەی کردووە و بە گوێیدا خوێندوویەتی هەر لەسەر ئەو مەقامەیە. ئەمە ڕێک تێکەڵکردنی مەقامەکەیە لەگەڵ ڕۆح و نائاگای ئێمەدا. کۆرپەلە نزیکەی لە دوای ٧ مانگ لەناو سکی دایکیدا توانای بیستنی دەنگەکانی هەیە، وە هەر لەو کاتەوە مرۆڤ کاردانەوەی بۆ مۆسیقا دروست دەبێت، بەو پێیەی هەموو دەنگەکان بەشێکن لە مۆسیقا. بەشێوەیەکی تر دەتوانین بڵێین جیهان لەناو نۆتەی مۆسیقادایە، چونکە لە هەر جێیەک گوێت لە هەر دەنگێک دەبێت، با سروشتی و ڕێک و پێکیش نەبێت، دەنگەکە هەر بەشێکە لە نۆتەکان، واتە جیهان ئاوازێکی درێژخایەنە تەنانەت لە ساتە بێدەنگەکانیشدا، چونکە مۆسیقا چەندێک بریتی بێت لە دەنگ، ڕێک ئەوەندەش بریتییە لە بێدەنگی؛
 هەر لەناو سکی دایکدا ئەو دەنگانەی کە گوێی لێدەبێت لەو ماوەیەدا کاریگەری لەسەر دوای لەدایکبوونی هەیە، تەنانەت لە چەندێتی و چۆنیەتی گریانەکەشیدا. بەو پێیەی مێشکی مرۆڤ هیچ ون ناکات، ئەوەی کە لە یادهێنەی ڕۆژانەشدا بوونی نەماوە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی مرۆڤ و کاریگەری لەسەر دنیابینی و ڕەفتار و بڕیارەکانی مرۆڤ دەبێت. ڕەنگە تۆ لە گەنجیتدا بڕیارێک بدەیت لەسەر بابەتێک بەهۆی مۆسیقایەکەوە کە لە منداڵیتدا گوێت لێی بووە. کاتێک ئینسانی کوردیش گوێی سواغ درابێت بە لایەلایە کە لەسەر مەقامی بەیاتە، بێگومان کاریگەریی لەسەر دەمێنێتەوە، بەجۆرێک ڕەنگە گوێت لە چەند پارچە مۆسیقایەک بێت، یەکێکیان زیاتر هەست و ڕۆحت بجوڵێنێت و تا فەنابوونت بڕوات، دواتر کە گوێ زیاتر هەڵدەخەیت و ورد دەبیتەوە دەزانیت گوێت بەر بەیات کەوتووە، ئەو مەقامەی کە وەک دۆخی بوونت و بەرکەوتنت لەگەڵ جیهاندا نامۆ و شازە و لەنێوان سروشتێتی و ناسروشتێتیدایە.

پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر