سلاڤۆی ژیژەک
و. بۆتان بەختیار
«ئەوەی لەمڕۆدا لە هەمووشت زیاتر خەمبارم دەکات، تەقینەوەی بێشەرمی (shamelessness)یە لە پانتایی گشتیدا. ئەو شتانەی دە ساڵ لەمەوبەر تەنانەت بیریشیان لێ نەدەکرایەوە، ئەمڕۆ بەکراوەیی باسدەکرێن، یان پیشاندەدرێن». (ژیژەک)
لە سەردەمی گەنجییمدا ئێمە کۆمەڵێک چەپی کۆنباو بووین. پێمان وابوو ئەوانەی لە دەسەڵاتدان شکۆیان هەیە، کەچی ئێمە ژێستی ڕووتەڵە دەنوێنین، ئیستیفزازییانە قسەدەکەین و وشەی ناشرین بەکاردەهێنین. بەڵام بۆمان دەرکەوت ئەوانەی دەسەڵات لەوە ڕووتەڵەترن ئێمە وێنامان کردبوو.
لە کۆتا هەڵبژاردنەکاندا زۆر بەهەڵە لە شتەکان تێگەیشتبووین. بۆ نمونە، شتێکی سەرنجڕاکێشە بەڕاستی دیموکراتەکان ناتوانن فێری هیچ ببن. زۆر شەرەفمەندم لێرەم و هەوڵدەدەم بەکورتی بدوێم (نوکتەیەکی خراپ نیە)- چونکە حەزدەکەم قسەی زۆر بکەم.
ئەمانە کۆمەڵێک سەرنجی بەرایین تاکو ئایدیایەکتان بدەمێ لەمەڕ ئەوەی لەکوێداین. حەزم بە قنەقنکردن هەیە لەگەڵ کوانتەم میکانیکدا، بەڵام ئەوەی پتر سەرنجم ڕادەکێشێت ئەوەیە چۆنچۆنی چەمکەکانی- فرەجێیی[1]، داکەوتن و هتد- بەسەر ڕووداوە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکاندا پیادەبکەین. ئایدیا بنەڕەتییەکەم ئەمەیە: هەرچەندە بە مانایەک وەک چەپێکی ڕادیکاڵ ماومەتەوە، بەڵام بەفەرمی خۆم وەک «کۆمۆنیستێکی نیوە-کۆنزەرڤاتیڤ» دەخەمەڕوو. ڕوونیدەکەمەوە بۆچی.
بڕوام وایە پێویستە هەردوو خەونە لیبراڵ و مارکسییەکە لەمەڕ مێژوو وەلابنێین، کە پێیانوایە هەرچەندە مێژوو ڕێکەوتە و هیچ گەرەنتییەکی نیە، بەڵام بەرەو خاڵێکی دیاریکراو ملدەنێت. با فۆکۆیاما وەک نمونە وەربگرین: وی لەبارەی کۆتایی مێژووەوە شتی نووسی. فۆکۆیاما گەمژە نیە. ئێستا پشتگیریی بێرنی ساندەرز دەکات و ڕایگەیاندووە تیۆرییەکەی چیتر بەهێز نەماوەتەوە.
بە سەرێکی تر، ئێمە مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکانمان هەیە، کە بڕوایان وایە وێڕای ئاڵۆزییەکان، کۆمۆنیزم شتێکی حەتمییە. ڕەنگە جەبرگەراییەکەی خۆیان دابپۆشن، کۆمەڵێک ڕستەی وەک وتە بەناوبانگەکەی ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ بڵێنەوە: «داهاتوو یان بۆ سۆسیالیزمە، یان بەربەریزم». بەڵام دەزانن ڕۆزا چ شتێکی نەبینی؟ لە ستالینیزمدا هەردوو سۆسیالیزم و بەربەریزممان لە یەک کاتدا هەبوو.
ئەمە ئایدیاکەی منە، تا ئەوپەڕەکەی سادەم کردۆتەوە: دەزانن چەمکی فرەجێیی کوانتەم[2]ـی چیە؟ گەردیلەی A لە خاڵی ئەلفەوە بەرەو خاڵی بێ دەڕوات. بۆ ئەوەی تێبگەین چی ڕوودەدات، پێویستە گریمانەی ئەوە بکەین گەردیلەکە لە دۆخی مەجازیی شەپۆلەکاندا پێش ئەوەی بکەوێتە ناو یەک ڕێگە، هەموو ڕێگە مومکینەکان دەبڕێت.
پێموایە ئێستا لە دۆخێکی وادا دەژین. کێ دەزانێت بەرەو کوێ دەڕۆین؟ ڕووبەڕووی سێ یان چوار قەیرانی کوشندە بووینەتەوە- ئیکۆلۆژیا، جەنگ، کۆچ (یان جووڵەی دانیشتوان) و هتد.
قووڵ ڕۆناچم ئەم بابەتە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە چۆنچۆنی ئەم قەیرانانە پەیوەندیی بە یەکترەوە دەبەستن. هەندێک کەس پێیانوایە خراپتربوونی قەیرانە ئیکۆلۆژییەکان جەنگ کەمدەکاتەوە. من دڵنیا نیم.
دۆخەکە بەتەواوی کراوەیە. باوەڕم وایە لە دۆخی فرەجێییداین. دەشێت سەربکێشێت بۆ فۆرمێکی نوێی سۆسیالیزم، یان دەشێت سەر بۆ بەربەریزم بکێشێت، ڕووخسارەکەی وا بێت کۆمەڵێک پارچەی شارستانییەت لەناو توندوتیژییەکی بکوژدا بن. بەڵام ئەمە هەواڵە خراپەکەیە؛ دەتوانن دواتر پرسیارم لێ بکەن، بەڵام ئەوەی من بێتاقەت دەکات ئەمەیە: مومکینترین دەرەنجام ئەو شتەیە من پێی دەڵێم «فاشیزمی نەرم[3]».
کە دەڵێم نەرم، مەبەستم لە فاشیزم نیە بە ستایلە نازییەکەی، یان کەمپی قڕکردنی ئاشکرا. بەڵکو مەبەستم ئەمەیە: باشترین پێناسەی فاشیزم لای من ئەوەیە فاشیزم شۆڕشێکی کۆنزەرڤاتیڤە. واتە بەشداریکردن لە دینامیکی گەشەی سەرمایەداریدا، وێڕای ئەوەی درک بەوەش دەکرێت کەوا سەرمایەداری و لیبراڵیزمی بێسنور سەر بۆ هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتی دەکێشێت. فاشیستە زیرەکەکان لەمە تێگەیشتن. هەر بۆیە ئابورییەکەیان بەرمەبنای سەرمایەداری بونیادنا، بەڵام دەوڵەتێکی بەهێز کۆنترۆڵی دەکرد کە بە هانابردنەبەر نەریتە داهێنراوەکان شەرعیەتی بە خۆی دەدا- عادەتەن ئایین بوو، بەڵام بەزەروورەتیش نا.
ڕەنگە ئێستا هەندێکتان توڕە بکەم، بەڵام دەزانن کێ نمونەیە بۆ ئەم باسە؟ وڵاتی چین. بەوردی چاودێریی ڕووداوەکانی ئەوێم کردووە. سەرۆکەکەیان دوو مانگ لەمەوپێش وتارێکی پێشکەشکرد. بەمە دەستیپێکرد: «گەنجەکانمان بەشی پێویست خوێندەوار نین؛ پێویستە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە ڕاهێنانیان پێ بکەین». چاوەڕێی ڕیتۆریکە ئاساییەکەیان بووم دەربارەی خوێندنەوەی زیاتری مارکس یان ماو.
بەڵام نەخێر، جەختی لە نەریتی کۆنفۆشیۆسی کردەوە، دەیوت ئەو نەریتە بۆ یەکپارچەیی کۆمەڵگە گرنگە. مۆدیش لە شتێکی هاوشێوە لە هیندستان ئەنجامدەدات- سەرمایەدارییەکی دڕندە لەگەڵ چیرۆکەکانی نەریتدا یەکیگرتووە.
پێموایە ئەمە ڕێتێچووترین ئاڕاستەیە کە زۆربەی جیهان پێیدا بچێت. مەیلێکی تری کێشەدار سەرهەڵدانی دەوڵەتە چەپەڵ (rogue)ـەکانە. بەهەڵە لێم تێمەگەن، ئەم وشەیە بە مانا ڕۆژئاواییە ئیمپریالیستییەکەی بەکارناهێنم.
بەداخەوە مێژوو لە بەرەی ئێمە نیە. کە دەڵێم دەوڵەتی چەپەڵ، مەبەستم لە شتێکی تایبەتە: دەوڵەتێک کە نەزمەکەی چیتر ناتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی یان ئایدۆلۆژی درێژە بە خۆی بدات، بەڵکو پشت بە توندوتیژیی نایاسایی و دڕندانە دەبەستێت.
دیارترین نمونە وڵاتی هایتییە؛ کاتێک دەوڵەتەکە ڕووخا، لە ٪٨٠ی خاکەکە کەوتە بندەستی چەتەکانەوە. لەوێشدا ناوەستین، با سەیری شوێنێکی تر بکەین. ڕووسیا وەربگرن: گرووپی ڤاگنەر ڕێکخراوێکی نیوە-یاسایی و نیوە-نایاسایی بوو، دەوڵەت بەتەواوی لە ڕووی داراییەوە پشتگیری دەکرد، بەڵام زۆر لە خۆیشی نزیکی نەدەکردەوە. جا سەیرێکی ئیسرایلیش بکەن. دانیشتووانی کەرتی ڕۆژئاوا زۆرجار نایاساییانە مامەڵە دەکەن، بەڵام هێشتاش بە شێوەیەکی نائاشکرا لەلایەن دەوڵەتی ئیسرایلەوە پشتگیری دەکرێن. ئەمە تراژیدیای ئیسرایلە لەمڕۆدا.
ئیتامار بن-گڤیر، پیاوێک بوو لەلایەن دادگاکانی ئیسرایلەوە وەک تاوانبارێکی ڕەگەزپەرست ناسێنرا، ئێستا وەزیری ئاساییشی نەتەوەییە. گرووپی پراود بۆیز لە ئەمریکا نوێنەرەوەی دەرکەوتەیەکی تری ئەمەن. ترەمپ ئەم گرووپانە لە دوورەوە دەهێڵێتەوە، بەڵام بەردەوامیشە لەوەی بیانقۆزێتەوە.
لای ئەمە نیشانەی دەوڵەتێکی شکستخواردووە- دەوڵەتێک کە ناتوانێت لە چوارچێوە یاسایی و ئایدیۆلۆژییەکەدا درێژە بە خۆی بدات. گەرەکە ئاگاداری ئەوە بین دۆخی ئێستامان چەندە بە ڕادیکاڵی کراوەیە. شتێک ڕوونە: واقیعی ئێستا تا ئەبەد بەردەوام نابێت. بەڵام داهاتووش پێشوەختدیاریکراو نیە. گەر قەرز لە زاراوە کوانتەمییەکان بکەین، نازانین دۆخێکی ئێستامان دەکەوێتە ناو چ تاقە واقیعێکەوە.
لێرەدا ناچمە ناو بابەتە هیگڵییە دڵخوازەکانمەوە، بەڵام با ئەمە بڵێم: هیگڵ لە سرووشتی ڕیترۆئەکتیڤی ڕووداوەکان تێگەیشت. هەر کە نوسخەیەکی مێژوو شکڵی گرت، بە شێوەیەکی ڕیترۆئەکتیڤ و پاشەوپاش پێناسەی ڕابردوو دەکاتەوە- نەک بە شێوەیەکی ئەزموونی، بەڵکو لەو ڕووەوە چۆن دەیگێڕینەوە و لێی تێدەگەین. مە بەردەوام ڕابردوو دەنووسینەوە. مارکس کە عادەتەن وەک پێشکەوتنگەرایەکی ساویلکە ڕەتدەکرێتەوە، خاڵێکی زۆر گرنگی لە گرۆندەریسەکەیدا تۆمارکردووە: «هەروەک چۆن ئاناتۆمیی مرۆڤ ئاناتۆمیی مەیموون ڕووندەکاتەوە، ئاواش سەرمایەداری کلیلی تەفسیرکردنی فۆرمە کۆمەڵایەتییە سەرەتاییەکانمان دەداتێ».
ئەمە بەو واتایە نایەت مێژوو پێشوەختە مەحکومە بەوەی سەر بۆ سەرمایەداری بکێشێت. بەڵکو هەر کە سەرمایەداری سەریهەڵدا، بە جۆرێک دەستمان بە تەفسیکردنی مێژوو کرد وەکبڵێی هەمیشە بەم ئاڕاستەیەدا هاتووە [یان وەکبڵێی مێژوو "بەزەروورەت" دەبوو بگاتە سەرمایەداری].
لەبەر ئەم وێناکردنە ڕێترۆئەکتیڤەی مێژووە، کە من کاری بیریارانی وەک دەیڤد گرەیبەر بەرز دەنرخێنم. وی دەریخست کۆمەڵگە ئینکاییە دێرینەکان چۆنچۆنی هەم هیرارشیەتی توند و هەم بونیادی دیموکراتییانەی دیاریان لەخۆگرتبوو.
بۆ ئەوەی بە ڕاستی لە مێژوو تێبگەین، گەرەکە سەرنج بخەینە سەر ئەو شتەی دەشیا ڕووبدات، بەڵام ڕووینەدا. ئەم ئەگەرە بەدینەهاتووانە هەروا بەسادەیی ون نابن- وەک خەون درێژە بە خۆیان دەدەن، ئیتر چ کۆنەپارێزانە بن یان پێشکەوتنخواز.
با بە سەرنجێک لەسەر زیرەکیی دەستکرد (ئەیئای) کۆتایی پێ بهێنم. پێموایە بە شێوازێکی هەڵە لە پرسەکە نزیکبووینەتەوە. عادەتەن دەپرسین: ئایا ئەیئای دەتوانێت وەک ئێمە بیربکاتەوە؟ بۆچی پرسەکە بەم شێوەیە لەقاڵببدەین؟ دەشێت فۆرمێکی نوێی زیرەکی سەرهەڵبدات، بەڵام پێویست ناکات لاسایی بیرکردنەوەی مرۆڤ بکاتەوە.
بە تێڕوانینی من، ئەو سیفەتە ڕاستەقینانەی مرۆڤ وا ئەیئای ناتوانێت دووبارەیان بکاتەوە، سرووتە بێمانا ڕۆژانەییەکانمان و توانای جنێودانمانە. ئەم خواروخێچییانە- بۆ نمونە وەک ئەوەی بە شێوەیەکی ناچاری دوو جار سەیردەکەیت بزانیت بەلووعەکەت گرتووەتەوە، یان خەریکی کۆمەڵێک خووی سەیروسەمەرەیت- کۆمەکمان دەکەن نەزمێکی ناسک لەسەر فەوزا ناوەکییەکەی ژیان جێگیربکەین. بەتایبەت جنێودان سەرنجی من ڕادەکێشێت. شتەکە تەنیا ڕووتەڵەیی نیە. جنێودان ڕەنگدەرەوەی نامورادییمانە لەگەڵ زماندا؛ بێتواناییمانە لەوەی بتوانین بەتەواوی ئەزموونەکانمان دەرببڕین. بڕوام وایە ئەمە لە کرۆکی ئەو شتەدایە، کە بە مانای مرۆڤبوون دێت.
بۆ نمونە، بەم دواییانە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرایل کۆبوونەوەیەکیان دەربارەی پاسەوانانی زیندانێک کرد، کە تێیدا زیندانییانی حەماس بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دەدران. ئەوەی منی تاساند تەنیا کردارەکانیان نەبوو، بەڵکو تۆنی کۆبوونەوەکە بوو: زۆرێکیان پێیانوابوو شەرمە پاسەوانەکان سزادراون. وان ئەندامانی حەمەسیان بە کەمتر لە مرۆڤ دەبینی. بەداخەوەم بێشەرمییەکی لەم جۆرە لە هەموو جیهاندا گەشەیسەندووە. ئەو پرسیارەی گەرەکە لە خۆمانی بپرسین ئەوەیە: چۆن دەکرێت لەم سەردەمی ڕێپێدراوێتییەدا هەستی شەرم جێگیربکەینەوە؟
سەرچاوە:
ئەم بابەتە وتارێکی ژیژەکە لە یەکێتیی ئۆکسفۆرد. دواتر لە ڕۆژنامەی گاردیانی سریلانکا بڵاوکراوەتەوە.
