یۆڤاڵ نوح هەراری
وەگێڕانی شاڵاو یاسین
بۆ هەزاران ساڵ مرۆڤ باوەڕی وابوو کە دەسەڵات لە خوداکانەوە هاتووە. پاشان دوای ئەوە، و لە سەردەمی مۆدێرنەدا، مرۆڤ وردە وردە گۆڕانی بە سەردا هات و دەسەڵاتی لە خوداوەندەکانەوە گۆڕی بۆ مرۆڤەکان. ژان ژاک ڕۆسۆ لە کتێبی (ئیمیل)دا، کە لە ساڵی ١٧٦٢ سەبارەت بە پەروەردە نوسیویەتی، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم شۆڕشەی کورت کردووەتەوە. ڕۆسۆ کاتێک بەدوای یاساکانی ڕەفتاری مرۆڤ لە ژیاندا دەگەڕا، ئەمەی دۆزییەوە کە دەڵێت "لەناو قووڵایی دڵمدا، کە سروشت لە کارەکتەرەکاندا شوێنپێی هەڵگرتووە، هیچ شتێک ناتوانێت بیسڕێتەوە. تەنیا پێویستم بە جۆرێک لە ڕاوێژکردنە بە خۆم سەبارەت بەوەی کە ئارەزووی چی دەکەم؛ یان ئەوەی هەست دەکەم باش بم باشە، ئەوەی هەست دەکەم خراپم بم خراپە”. بیرمەندە مرۆڤدۆستەکان[هیومانیستەکان]یی وەک ڕۆسۆ قەناعەتیان پێکردین کە هەست و ئارەزووەکانمان سەرچاوەی کۆتایی مانا و ئیرادەی ئازادی ئێمەیە، بۆیە، دواجاریش ئەم هەست و ئارەزوانە یاخود ئەم ئیرادەیە دەسەڵاتی باڵای هەمووانە.
ئێستا، گۆڕانکارییەکی نوێ لە ئارادایە. گۆڕانکارییەک ڕووی داوە، کە هەموو شتێکی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆی. هەروەک چۆن دەسەڵاتی ئیلاهی بە ئەفسانەی ئایینی شەرعیەتی پێدرا، دەسەڵاتی مرۆڤیش بە ئایدۆلۆژیای مرۆڤدۆستانە شەرعیەت پێدرا، بە هەمان شێوە مامۆستای تەکنەلۆژیا بەرزەکان و پێغەمبەرانی دۆڵی سلیکۆن خەریکی دروستکردنی گێڕانەوەی حیکایەتێکی گەردوونی نوێن، کە شەرعییەت بە دەسەڵاتی ئەلگۆریتم و بیگ داتا دەدات. ئەم عەقیدە نوێیەش ڕەنگە ناوی “داتایزم” بێت. لایەنگرانی جیهانبینی داتایستەکان، لە فۆرمە هەرە توندەکەیدا، تەواوی گەردوون وەک لێشاوی داتایەک دەبیننن و هەست پێدەکەن، تەنانەت زیندەوەران بە کەمێک زیاتر لە ئەلگۆریتمەکانی بایۆکیمیایی دەبینن و پێیان وایە کە پیشەی گەردوونی مرۆڤایەتی بریتیە لە دروستکردنی سیستەمی پرۆسێسی داتاکان کە هەموو شتێک لەخۆدەگرێت — و دواتر تێکەڵ بە ئەوی دەکات.
ئێمە لە ئێستا بەدوا، دەبینە چیپێکی بچووک لەناو سیستەمێکی زەبەلاحدا، کە کەس بەڕاستی لێی تێناگات. هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی ئیمەیڵ و پەیوەندی تەلەفۆنی و بابەتەکانەوە، بایتی بێشوماری داتا هەڵدەمژین، پرۆسێسکردنی داتاکان، و گواستنەوەی بایتی نوێ لە ڕێگەی ئیمەیڵ و پەیوەندی تەلەفۆنی و بابەتی زیاترەوە، دروست دەبێت. لە ڕاستیدا من نازانم ئەو کات لە کوێی پلانە گەورەکەی شتەکاندا جێ دەبمەوە، و چۆن پارچە داتاکانم پەیوەست دەبن بەو بایتانەی کە لەلایەن ملیارەها مرۆڤ و کۆمپیوتەرەکانی دیکەوە بەرهەم دەهێنرێن. لە ڕاستیدا هەر ئەو کات کاتم نییە بزانم، چونکە بە زۆری سەرقاڵی وەڵامدانەوەی ئیمەیڵەکانمم. ئەم هەڵقوڵینەی داتاکان [داتافلۆیە] بێوچانانە دەبێتە هۆی داهێنان و تێکچوونی نوێ، کە هیچ کەس پلانی بۆ دانانێت و کۆنتڕۆڵی ناکات و لێی تێناگات.
بەڵام پێویست ناکات کەس تێبگات. تەنها ئەوەی لێرەدا پێویستە، ئەوەیە کە خێراتر وەڵامی ئیمەیڵەکانت بدەیتەوە. وەک چۆن سەرمایەدارە بازاڕگەرە ئازادەکان باوەڕیان بە دەستی نەبینراوی بازاڕ هەیە، بەهەمانشێوە، داتایستەکان باوەڕیان بە دەستی نەبینراوی لێشاوی داتاکان و داتافڵۆ هەیە. یان هەر وەک چۆن سیستەمی جیهانی داتا-پڕۆسێس دەبێتە هەمە شتزان و هەمە توانا، بە هەمان شێوەش ئەو کات پەیوەندیکردن بە سیستەمەوە دەبێتە سەرچاوەی هەموو ماناکان. یەکێک لەدروشمە نوێکانی ئەمڕۆ دەڵێت: “ئەگەر شتێکت ئەزموون کرد — ئەوە تۆماری بکە. ئەگەر شتێکتیش تۆمار کرد — باری بکە [واتە ئەپڵۆدی بکە بۆ نێو تۆڕی ئینتەرنێت]. ئەگەر شتێکتیش بار کرد — دەمودەست بڵاوی بکەرەوە.
داتاناسان زیاتر پێیان وایە کە بە پێدانی داتای بایۆمەتری و دەسەڵاتی پێویستیی کۆمپیوتەری بەم سیستەمە، ئەوە ئەو کات سیستەمەکە هەموو شتێک لەخۆدەگرێت، و بگرە دەتوانێت زۆر باشتر لە مرۆڤ تێبگات لەوەی ئێمە لە خۆمان تێدەگەین. کاتێکیش ئەم پرۆسەیە ڕوویدا، مرۆڤەکان چیتر دەسەڵاتی خۆیان لەدەست دەدەن و پراکتیزە مرۆڤدۆستەکانی وەک هەڵبژاردنی دیموکراسی، هەر وەک سەمای باران و چەقۆی بەردە چەخماخ بەسەر دەچێت.
کاتێک مایکل گۆڤ، لە پاش دەنگدانی برێگزیت، واتا دەنگدان بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا، لە مانگی حوزەیراندا، کاندیدبوونی کورتخایەنی خۆی بۆ بوون بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕاگەیاند، و ڕوونیکردەوە: "لە هەموو هەنگاوێکی ژیانی سیاسیمدا یەک پرسیارم لە خۆم کردووە، ‘چی کارێک دروستە بۆ ئەنجامدان'؟" دڵت چ شتێکت پێدەڵێت؟ هەر بۆیە بە گوتەی مایکڵ گۆڤ خۆی، زۆر بە توندی شەڕی بۆ برێگزیت و دەرچوون لە یەکێتی ئەروپا کردبوو، هەر بۆیەش هەستی بە جۆرێک لە ناچاری کردبوو کە لە پشتەوە لە هاوپەیمانی پێشووی خۆی واتا بۆریس جۆنسۆن بدات و داوای پێگەی سەگی ئەلفا بکات - چونکە دڵی پێی وتووە کە ئەو کارە بکات[1].
گۆڤ لە گوێگرتن لە دڵی خۆی لە ساتەوەختە گرنگەکاندا بە تەنیا نییە. لە ماوەی چەند سەدەی ڕابردوودا، هیومانیزم یان مرۆڤگەرایی ناخ و دڵی مرۆڤی وەک سەرچاوەی باڵای دەسەڵات بینیوە، ئەمەش نەک بە تەنیا لە سیاسەتدا بەڵکو لە هەموو بوارێکی تری چالاکییدا. ئێمە هەر لە منداڵییەوە بە درووشمی مرۆڤدۆستانە بۆردومان دەکرێین، کە ئامۆژگاریمان دەکەن بە درووشمەکانی وەک: "گوێ لە خۆت بگرە، ڕاستگۆبە لەگەڵ خۆت، متمانە بە خۆت بکە، شوێن دڵت بکەوە، ئەوە بکە کە تێیدا هەست بە خۆشی دەکەیت.
لە سیاسەتدا، ئێمە پێمان وایە دەسەڵات پشت بە هەڵبژاردنی ئازادانەی دەنگدەرانی ئاساییەوە دەبەستێت. لە ئابووری بازاڕدا، ئێمە پێمان وایە کە کڕیار هەمیشە ڕاست دەکات، هەمیشە لەسەر حەقە. هونەری مرۆڤدۆست[هیومانیست]یی پێی وایە جوانی هەمیشە لە چاوی بینەردایە؛ پەروەردەی مرۆڤدۆستی فێرمان دەکات هەمیشە بۆ خۆمان و لە پێناو خۆماندا بیربکەینەوە، و ئەخلاقی مرۆڤدۆستانە ئامۆژگاریمان دەکەن کە ئەگەر لە شوێنێکدا هەستێکی خۆش هەبوو، ئەوە پێویستە بچینە پێشەوە و بیکەین.بێگومان زۆرجار ئەخلاقی مرۆڤدۆستانە لەو بارودۆخانەدا تووشی جۆرێک لە سەختی دەبێت، کاتێک هەندێک شتێک هەستی خۆشیم پێدەبەخشێت، ئەوە لە هەمان کاتدا هەستێکی خراپت پێدەبەخشێت. بۆ نموونە، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا هەموو ساڵێک کۆمەڵیی ئێڵ جی بی تی ئیسرائیلی نمایشێکی هاوڕەگەزبازانیان لە شەقامەکانی قودس ئەنجامداوە. ئەوە ڕۆژێکی ناوازەی هارمۆنییەتە لەم شارە پڕ لە ململانێیەدا، چونکە ئەوە تەنها یەک بۆنەیە کە جولەکەکان و موسڵمانان و مەسیحییە ئایینییەکان لەناکاو دۆزی هاوبەش دەدۆزنەوە - هەموویان بە یەکسانی دژی نمایشی هاوڕەگەزبازان تووڕە دەبن. بەڵام ئەوەی بەڕاستی لێرەدا سەرنجڕاکێشە ئەو ئارگیومێنتەیە کە کۆنەپەرستانی ئایینی بەکاریدەهێنن. ئەوان ئەوە ناڵێن کە: "نابێت نمایشی هاوڕەگەزبازان ئەنجام بدەیت، چونکە خودا هاوڕەگەزبازی قەدەغە کردووە". بەڵکو بە هەموو مایکرۆفۆن و کامێرای تەلەفزیۆنی بەردەستەکان ڕوونی دەکەنەوە کە "بینینی نمایشێکی هاوڕەگەزبازانە کە بە شاری پیرۆزی قودسدا تێدەپەڕێت، هەستەکانمان ئازار دەدات. وەک چۆن هاوڕەگەزبازەکان دەیانەوێت ئێمە ڕێز لە هەستەکانیان بگرین، ئەوانیش دەبێت ڕێز لە هەستەکانی ئێمە بگرن". گرنگ نییە بیرکردنەوەت چییە و چۆنە لەسەر ئەم مەسەلە تایبەتە، ئەوەی زۆر گرنگترە لەوە، دەبێت تێبگەین کە لە کۆمەڵگایەکی مرۆڤدۆستانەدا، مشتومڕی ئەخلاقی و سیاسی بەناوی هەستە ناکۆکەکانی مرۆڤەوە بەڕێوەدەچێت، نەک بە ناوی فەرمانە ئیلاهییەکانەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، مرۆڤدۆستی یان هیومانیزم لە ئێستادا لەبەردەم تەحەدایەکی وجوودیدایە و ئایدیای "ئیرادەی ئازاد" لەژێر هەڕەشەدایە. تێڕوانینە زانستییەکان سەبارەت بە شێوازی کارکردنی مێشک و جەستەمان ئەوە پیشان دەدەن کە هەستەکانمان کوالیتیەکی ڕۆحی ناوازەی مرۆڤ نین. بەڵکو لەبری ئەوە کۆمەڵێک میکانیزمی بایۆکیمیایین کە هەموو شیردەرەکان و باڵندەکان بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی لە پێناو خێرایی حیسابکردنی ئەگەرەکانی مانەوە و زاوزێ، بڕیار بدەن.
بە پێچەوانەی بۆچوونی باوەوە، هەستەکان پێچەوانەی عەقڵانییەت نین؛ بەڵکو ئەوان عەقڵانییەتی پەرەسەندنن کە لە گۆشت درووست بوون. کاتێک مەیمونی بابون و زەڕافە یان مرۆڤ، شێرێک دەبینن، جۆرێک لە ترسیان بۆ دروست دەبێت، چونکە لەو کاتەدا ئەلگۆریتمێکی بایۆکیمیایی کۆمەڵێک داتای پەیوەندیدار حیساب دەکات و دوجار بەو ئەنجامە دەگات کە لەو کاتەدا ئەگەری مردنی زۆرە. بە هەمان شێوە، هەستکردن بە سەرنجڕاکێشانی سێکسی ئەو کاتە سەرهەڵدەدات کە ئەلگۆریتمەکانی تری بایۆکیمیایی کۆمەڵێک حیسابکاری دەکەن، بەوەی تاکێکی نزیک لەخۆیان ئەگەرێکی زۆر بۆ جووتبوونی سەرکەوتوو پێشکەش دەکات. ئەم ئەلگۆریتمە بایۆکیمیاییانە لە ڕێگەی پەرەسەندنی ملیۆنان ساڵەوە پەرەیان سەندووە و باشتر بوون. ئەگەر هەستەکانی هەندێک لە باپیرە کۆنەکانمان هەڵەیەکیان کردبێت، ئەوا ئەو جینانەی کە ئەم هەستانە شێوەگیر دەکەن، بە هیج شێوەیەک ناگوازرێنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
هەرچەندە هیومانیستەکان لەوەدا هەڵە بوون کە پێیانوابوو هەستەکانمان ڕەنگدانەوەی هەندێک "ئیرادەی ئازاد"ی نهێنین، بەڵام لەو کاتەوە تاکو ئێستا هیومانیزم هێشتا مانایەکی پراکتیکی باشی هەبوو. چونکە هەرچەندە ئەو کات هیچ شتێکی ئەفسوناوی لە هەستەکانماندا بوونی نەبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش باشترین شێواز بوون لە گەردووندا بۆ بڕیاردان - و هیچ سیستەمێکی دەرەکی نەیدەتوانی هیوای ئەوە بخوازێت کە لە من باشتر لە هەستەکانم تێبگات. تەنانەت ئەگەر کەنیسەی کاسۆلیکی یان دەزگای هەواڵگریی یەکێتی سۆڤیەت لە هەر خولەکێکی هەموو ڕۆژێکدا سیخوڕییان بەسەرمدا کردبا، ئەوا زانیاری بایۆلۆژی و هێزی کۆمپیوتەرییان نەبوو کە پێویست بوو بۆ حیسابکردنی ئەو پرۆسە بایۆکیمیاییانەی کە ئارەزوو و هەڵبژاردنەکانم لە قاڵب دەدەن. لێرەوە هیومانیزم بە جۆرێک لە جۆرەکان لەسەر حەق بوو کە بە مرۆڤەکانی دەگوت شوێن دڵی خۆیان بکەون. ئەوکاتیش ئەگەر ناچار بوویت لە نێوان گوێگرتن لە کتێبی پیرۆز و گوێگرتن لە هەستەکانت یەکیان هەڵبژێریت، زۆر باشتر بوو گوێ لە هەستەکانت بگرێت. ئینجیل نوێنەرایەتی بۆچوون و لایەنگری چەند قەشەیەکی قودسی کۆنی دەکرد. لە بەرامبەردا هەستەکانت نوێنەرایەتی حیکمەتی کەڵەکەبووی ملیۆنان ساڵەی پەرەسەندنیان دەکرد کە لە وردترین ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی کۆنترۆڵکردنی کوالیتی هەڵبژاردنی سروشتی دەرچوو بوون.بەڵام لەگەڵ ئەوەی کەنیسە و دەزگای هەواڵگری یەکێتی سۆڤیەت لە ئێستدادا، جێگەی خۆیان بۆ گووگڵ و فەیسبووک چۆڵکردووە، ئەوە هیومانیزم سوودە کردارییەکانی خۆی لەدەست داوە. چونکە ئێمە ئێستا لە یەکگرتنی دوو شەپۆلی زانستی مەل و باداین، واتا هاوڕێژگەی دوو شەپۆلی زانستیی گەورەی وێرانکەرین. لە لایەکی دیکەوە، زانایانی بایۆلۆجی لە ئێستادا خەریکی شیکردنەوەی نهێنییەکانی جەستەی مرۆڤ و بە تایبەتی مێشک و هەستەکانی مرۆڤن. لە هەمان کاتدا زانایانی کۆمپیوتەریش هێزێکی بێ وێنەی پرۆسێسی داتامان پێدەبەخشن. بۆیە کاتێک بتەوێت ئەو دووانە پێکەوە ببەستیت، ئەوە سیستەمی دەرەکیت دەست دەکەوێت کە دەتوانێت زۆر باشتر لە من چاودێری هەستەکانم بکات و لێی تێدەگات. کاتێک سیستەمی بیگ داتا [داتای مەزن] زۆر باشتر لە خۆم بمناسێت، ئەوە چیتر دەسەڵات لە مرۆڤەوە دەگۆڕێت بۆ ئەلگۆریتم. پاشانیش بیگ داتا دەتوانێت بە هەموو شێوەیەک برا گەورە بەهێز بکات[2].
لە ڕاستیدا ئەمە پێشتر لە بواری پزیشکیدا ڕوویداوە. تادێت گرنگترین بڕیارە پزیشکییەکان، کە ئەمڕۆ لە ژیانتدا دەدرێت، زیاتر لەسەر بنەمای هەستەکانی نەخۆشی یان تەندروستی، یان تەنانەت پێشبینییە ئاگادارکەرەوەکانی پزیشکەکەت نیە — بەڵکو لەسەر بنەمای حیساباتی ئەو کۆمپیوتەرانەن کە باشتر لە خۆت دەتناسن. نموونەیەکی ئەم دواییەی ئەم پرۆسەیەش، دۆسیەی ئەکتەری ناوداری ئەمریکی ئەنجلینا جولییە. لە ساڵی ٢٠١٣دا ئەنجلینا جۆلی هەڵسا بە ئەنجامدانی پشکنینی بۆماوەیی و سەلماندی کە هەڵگری گۆڕانکارییەکی مەترسیداری جینی BRCA1 بووە[3]. بەپێی داتابەیسە ئامارییەکان، ئەو ژنانەی هەڵگری ئەم گۆڕانکارییەن ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک لەسەدا ٨٧ هەیە. هەرچەندە لەو کاتەدا ئەنجلینا جۆلی تووشی شێرپەنجە نەبوو بوو، بەڵام بڕیاریدا پێشوەختە بەر بە نەخۆشییەکە بگرێت و دوو جار مەمکبڕینی بۆ بکرێت. جولی هەرگیز هەستی بە نەخۆشی نەدەکرد، بەڵام بە شێوەیەکی ژیرانە بڕیاریدا گوێ لە ئەلگۆریتمەکانی کۆمپیوتەر بگرێت. ئەلگۆریتمەکان دەڵێن: “ڕەنگە هەرگیز هەست بەوە نەکەیت هیچ شتێک هەڵەیە، بەڵام بۆمبێکی کاتی لە [DNA]یی تۆدا هەیە گینگڵ دەدات. بۆیە هەر ئێستا شتێک لەو بارەیەوە بکە — هەر ئێستا!”. بۆیە ئەوەی لە ئێستادا لە بواری پزیشکیدا ڕوودەدات، پێدەچێت لە تەواوی بوارەکانی دیکەشدا زیاتر و زیاتردا ڕووبدات. سەرەتا بە شتی سادە دەست پێدەکات، وەک ئەوەی کام کتێب بکڕیت و بخوێنیتەوە. هیومانیستەکان [مرۆڤدۆستەکان] چۆناهی کتێبێک هەڵدەبژێرن؟ دەچنە کتێبفرۆشێک، لە نێوان ڕێڕەوەکاندا دەسووڕێنەوە، کتێبێک هەڵدەگێڕنەوە و چەند ڕستەی یەکەمی کتێبێکی دیکە دەخوێننەوە، تاوەکو هەندێک هەستی غەریزی بە بەرگی کتێبێکی دیاریکراوەوە دەیانبەستێتەوە. داتاناسەکان ئەمازۆن بەکاردەهێنن. هەر لەگەڵ چوونە ژوورەوەم بۆ فرۆشگای مەجازی ئەمازۆن، پەیامێکم بۆ دێتە پێشەوە و پێم دەڵێت: “دەزانم لە ڕابردوودا کام کتێبت بەدڵ بوو. هەروەها ئەو کەسانەی کە سەلیقەیان هاوشێوەیە، زیاتر ئەم کتێبە نوێیە یان ئەو کتێبە نوێیەیان خۆشدەوێت".
لە راستیدا، ئەوە تەنها سەرەتایە. ئامێرەکانی وەک Amazon’s Kindle کە تایبەتە بە خوێندنەوەی کتێب بە شێوەی ئۆنلاین، توانای ئەوەیان هەیە بەردەوام زانیاری لەسەر بەکارهێنەرەکانیان کۆبکەنەوە بە تایبەت لەوکاتەی کە کتێب دەخوێننەوە. بۆیە Kindleـــەکەت دەتوانێت چاودێری ئەوە بکات کە کام بەشەکانی کتێبێک بە خێرایی دەخوێنیتەوە، و کامیان بە هێواشی؛ لە کام لاپەڕەدا پشوویەکت وەرگرتووە، و لەسەر کام ڕستەش وازت لە کتێبەکەت هێناوە، بۆ ئەوەی هەرگیز جارێکی تر نەگەڕێیتەوە سەری. ئەگەر Kindle بە نەرمەکاڵای ناسینەوەی دەموچاو و هەستەوەری بایۆمەتری نوێ بکرێتەوە، ئەوا دەزانێت کە هەر ڕستەیەک چۆن کاریگەری لەسەر لێدانی دڵ و پەستانی خوێنت هەبووە. دەیزانێت چی شتێک دەتخاتە پێکەنین، چی دڵتەنگت دەکات، چیش توڕەت دەکات. بۆیە ئیتر بەم زووانە، کتێبەکان دەتخوێننەوە لەکاتێکدا تۆش دەیانخوێنیتەوە. لە کاتێکدا زۆربەی ئەو کتێبانەی کە دەیخوێنیتەوە بە خێرایی لەبیرت دەچێتەوە، بەڵام بەرنامەکانی کۆمپیوتەر پێویست ناکات وەک تۆ هەرگیز لەبیری بکەن. لە کۆتاییدا، ئەم جۆرە داتایانە دەتوانن وا لە ئەمازۆن بکەن بتوانێت بە وردبینییەکی نادیار کتێبت بۆ هەڵبژێرێت. هەروەها ڕێگە بە ئەمازۆن دەدات بە تەواوی بزانێت تۆ کێیت، و چۆن دوگمەی سۆزداریت دابگریت.
گەر ئەمە تا دەرئەنجامە لۆژیکییەکەی خۆی ڕابکێشین، ئەوە لە کۆتاییدا ڕەنگە مرۆڤەکان بە تەواوی دەسەڵات بە ئەلگۆریتمەکان ببەخشن بۆ ئەوەی گرنگترین بڕیارەکانی ژیانیان بدەن، وەک ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کێدا بکەن. لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستدا قەشە و دایک و باوک دەسەڵاتی ئەوەیان هەبوو کە هاوسەرێکت بۆ هەڵبژێرن. لە کۆمەڵگا مرۆڤدۆستانەکان[هیومانیستەکان]دا ئەم دەسەڵاتە بە تەواوی دەبەخشین بە هەستەکانمان. بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەوە، لە کۆمەڵگەیەکی داتایستیدا داوا لە گووگڵ دەکەم کە شتەکانمان بۆ هەڵیبژێرێت. من دەڵێم: “گوێ بگرە گووگڵ، هەردوو جۆن و پاوڵ داوای هاوسەرگیریم لێدەکەن. من حەزم لە هەردووکیانە، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز، و زۆر قورسیشە بڕیاریاریان لەسەر بدەم. بۆیە، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو شتانەی کە دەیزانیت، ئامۆژگاریم بکە چی بکەم؟”
وە پاشان گووگڵ وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: زۆر باشە، من هەر لەو ڕۆژەوە دەتناسم کە لەدایک بوویت. من هەموو ئیمەیڵەکانتم خوێندووەتەوە، هەموو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانتانم تۆمار کردووە، فیلمە دڵخوازەکانتان و دی ئێن ئەی و تەواوی مێژووی بایۆمەتریی دڵتان دەزانم. من کۆمەڵێک داتای وردم هەیە سەبارەت بە هەر ژوانێک کە بەستووتە، و دەتوانم گرافیکی چرکە بە چرکەی لێدانی دڵ و پەستانی خوێن و ئاستی شەکرت پیشان بدەم، بە تایبەت هەرکاتێک لەگەڵ جۆن یان پۆڵ چوویتە ژوانبەست لەگەڵیاندا. و بەشێوەیەکی سروشتی سروشتی، وەک چۆن تۆ دەناسم، ئەوانیش دەناسم. بۆیە، بە پشتبەستن بە هەموو ئەم داتا و زانیاریانە، لەسەر ئەلگۆریتمە نایابانە و بە پشت بەستن بە ئاماری دەیان ساڵ سەبارەت بە ملیۆنان پەیوەندی — ئامۆژگاریت دەکەم لەگەڵ جۆن هاوسەرگیری بکەیت، هەروەها بە ئەگەری لەسەدا ٨٧ کە لە دوورمەودادا زیاتر لەگەڵ جۆن دڵخۆشتر بیت.
- بەڕاستی من ئەوەندە باش دەتناسم تەنانەت ئەوەش دەزانم کە ئەم وەڵامەت بەدڵ نییە. پۆڵ زۆر لە جۆن قۆزترە و، لەبەر ئەوەی تۆ بەها و کێشێکی زۆر بە ڕواڵەتەکانی دەرەوەی مرۆڤ دەدەیت، بۆیە بە نهێنی ئەوەت لێم ویست بڵێم "پاوڵ". بێگومان ڕوخسار گرنگە، بەڵام بەو شێوەیەش نییە کە تۆ ئەوەندە بیری لێدەکەیتەوە. ئەلگۆریتمە بایۆکیمیاییەکانی ئێوە - کە دەیان هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ساڤانای ئەفریقادا پەرەی سەندووە – لە هەڵسەنگاندنی گشتی خۆیان کێشی لەسەدا ٣٥ دەدەن بە جوانی دەرەکیی بۆ هاوسەرە گریمانەییەکانیان. ئەلگۆریتمەکانم - کە لەسەر بنەمای نوێترین توێژینەوە و ئامارەکان دامەزراوە – ئەوەمان پێدەڵێن کە ڕوخسار تەنها لەسەدا ١٤ کاریگەری لەسەر سەرکەوتنی درێژخایەنی پەیوەندییە سۆزداریەکان هەیە. بۆیە، هەرچەندە جوانی و چەلەنگیی ڕوخساری پاوڵم لەبەرچاو گرت، بەڵام هێشتا پێت دەڵێم کە لەگەڵ جۆن هاوسەرگیری بکەیت، و هەر لەگەڵ ئەویش دڵخۆش دەبیت. مەرج نیە هەمیشە گووگڵ تەواو پێرفێکت بێت. هەروەها مەرجیش نییە بەردەوام ڕاست بێت. تەنها دەکرێت بە ڕێژە لە من باشتر بێت. واتە لە ڕێژەدا لە من باشتر بێت. لە راستیدا ئەوەش ئەوەندە قورس نییە، چونکە زۆربەی خەڵک خۆیان بە باشی ناناسن و زۆربەی خەڵک زۆرجار لە گرنگترین بڕیارەکانی ژیانیاندا هەڵەی ترسناک دەکەن.
جیهانبینی داتایستەکان [داتاگەراکان] جیهانبینییەکی زۆر سەرنجڕاکێشە بۆ سیاسەتمەداران و کەسانی بازرگانی و بەکاربەرە ئاساییەکان، چونکە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و دەسەڵاتی نوێی بێئەندازە پێشکەش دەکات. بۆ ئەو هەموو ترسەی سەبارەت بە لەدەستدانی تایبەتمەندی[خسووسیەت] و هەڵبژاردنی ئازادانەمان، کاتێک بەکاربەران دەبێت لە نێوان هەردوو پاراستنی نهێنی خۆیان و دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی زۆر باڵاتر یەکیان هەڵبژێرن — ئەوە زۆربەیان تەندروستی هەڵدەبژێرن.
بۆ زانایان و ڕۆشنبیران، داتاگەرایی بەڵێن ئەوەمان پێدەدات ئەو جامی پیرۆزە زانستییە دابین بکات، کە بۆ چەندین سەدەیە لە ئێمە دوور بووە: یەک تاکە تیۆری سەرتاسەری کە هەموو دیسیپلینە زانستییەکان ئیتر هەر لە مۆسیقازانییەوە تاکو ئابووری، تا دەگاتە بایۆلۆجیش، یەکدەخات. بەپێی داتاییزم، سەمفۆنیای پێنجەمی بیتهۆڤن، بڵقی ئاڵوگۆڕی پشکەکان و ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا تەنها سێ شێوازی قوڵپدانی داتان [داتافلۆین] کە دەتوانرێت بە بەکارهێنانی هەمان چەمک و ئامرازە بنەڕەتییەکان شیکارییان بۆ بکرێت. ئەم ئایدیایە لە ڕادەبەدەر سەرنجڕاکێشە. زمانێکی هاوبەشیش بە هەموو زاناکان دەبەخشێت، پردێک لەسەر درزەکانی کایەی ئەکادیمی دروست دەکات و بە ئاسانی تێڕوانینەکان بۆ سنوورە دیسیپلینییەکان هەناردە دەکات.
بێگومان وەک دۆگما گشتگیرەکانی پێشوو کە هەموو شتێکیان لەخۆدەگرت، داتاگەراییش بە هەمان شێوە، ڕەنگە لەسەر تێنەگەیشتنێکی هەڵە لە ژیان دامەزرابێت. بە تایبەتی داتایزم لە ئێستاداهیچ وەڵامێکی بۆ "کێشەی سەختی هۆشیاری" بەدناو نییە. لە کاتی ئێستادا ئێمە گەلێک دوورین لەوەی بتوانین ڕوونکردنەوەی هۆشیاری بببەخشین لە ڕووی داتا-پڕۆسێسکردنەوە. بۆیە دەپرسم، بۆچی کاتێک ملیارەها دەمار لە مێشکدا سیگناڵی تایبەت بە یەکتری دەنێرن، هەستێکی سوبێکتیڤیی خۆشەویستی یان هەستی ترس و توڕەیی دەردەکەوێت؟ ئێمە تا ئێستا هیچ دەلیل و زانیارییەکمان لەسەر ئەوە نییە.
بەڵام تەنانەت ئەگەر داتایزمیش لەبارەی ژیانەوە هەڵە بێت، ئەوە ڕەنگە هێشتا هەر بتوانێت بە شێوەیەک لە شێوەکان کۆنترۆڵ و جیهان داگیر بکات. بەشێکی زۆر لە عەقیدەکانی پێشوو سەرەڕای هەڵە زۆرەکانیان سەبارە بە ڕاستییەکانیان، حەشامتێکی جەماوەری و دەسەڵاتێکی زۆریان بەدەستهێنا. ئەگەر مەسیحیەت و کۆمۆنیزم توانیبێتیان ئەو کارە بکەن، بۆچی داتایزم نەتوانێت؟ داتایزم بە تایبەتی هیوا و ئاسۆیەکی باشی هەیە، چونکە لە ئێستادا لە تەواوی دیسپلینییە زانستییەکاندا بڵاودەبێتەوە. ڕەنگە پارادایمێکی زانستی یەکگرتوو بە ئاسانی ببێتە دۆگمایەکی بەرپەرچنەدراوە و لەشکاننەهاتوو. ئەگەر ئەمەت بەدڵ نییە، و دەتەوێت لە دەرەوەی دەستی ئەلگۆریتمەکان بمێنیتەوە، ڕەنگە تەنها یەک ئامۆژگاری هەبێت کە پێت بدەم، کۆنترین ئامۆژگاری کە لە یەکێکی لە کتێبەکاندا هەیە: خۆت بناسە. لە کۆتاییدا، ئەمە پرسیارێکی ئەزموونی زۆر سادەیە. تا ئەو کاتەی کە تێڕوانین و خۆناسینێکی زیاترت هەبێت بەراورد بە ئەلگۆریتمەکان، ئەوە هەڵبژاردنەکانت هەر باڵاتر دەبن و لانیکەم هەندێک دەسەڵات لە دەستتدا دەهێڵیتەوە. ئەگەر سەرەڕای ئەوەش، وا دەرکەوێت کە ئەلگۆریتمەکان ئامادەن بۆ دەست بەسەردا گرتنت، ئەوە بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەر ئەوەیە کە زۆربەی مرۆڤەکان بەزەحمەت خۆیان دەناسن.
سەرچاوە:
Financial Times: Yuval Noah Harari on big data, Google and the end of free will
[1] alpha dog: زاراوەی سەگی ئەلفا، یا سەگی گەورە، زیاتر ئاماژەیە بۆ جۆرە سەگێک کە زاڵ و بە دەسەڵاتە. ئەو سەگەیە کە سەگەکانی دیکە ملکەچی دەبن. ئەم سەگە زۆر بەهێز و دڕندەن، یان لە ڕیگەی دڕندەبوونیانەوە یان هێزی کۆمەڵایەتی و درووستکردنی هاوپەیمانییەوە پێگەی خۆیان بەدەست دەهێنن.
[2] Big Data could then empower Big Brother
[3] ئەو جینانەن کە هەڵگری جینی شێرپەجەن لە سینگ و مەمکی ئافرەتدا، هەروەها هەڵگری ئەو جینانەشن کە پرۆتی بەرهەم دەهێن.