جەبار ئەحمەد[1]
ئۆجالان وەک بیرمەندێکى سیاسی هاوچەرخ بەشێکى زۆری تێزەکانى پەیوەندیدارە بە ریشەدارکردنى ستراکچەرى جڤاکى و ئیکۆلۆژی، لەمانا بەخشین بە چەمکەکانى هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ دوو قوڵایی بونیادى، ئەوانیش دوورترین بنەماى پێکهاتەیی چەمکەکە و ڕیشەییترین مەهام و ناوکۆییەکانیەتى، واتا هەم لە قوڵایی مێژوویی و هەمیش لەقوڵایی ستراکچەرى چەمکەکەوە دەستپێدەکات.
تێزەى سەرەکى ئۆجالان (کۆنفیدرالیزمى دیموکراتیک) وەکو ئەلتەرناتیڤێکى ڕادیکاڵ و گرنگى پارادایمە سیاسی و سۆسیۆلۆژى و ئیکۆنۆمى و فیمینیستى و ئیکۆلۆژییەکانە، لەم تێزەیەوە ئۆجالان کۆی کێشە بونیادییەکانى مرۆڤایەتى دیدەدەگرێت و ڕێگەى چارە یاخود ڕێگەى پابەستى باشترین بژاردەى خۆی دەخاتەڕوو، لەو میانەیەوە هەوڵدەدات حەتمیەتگەرایی و دێتەرمینیستى ڕەگداکوتاوى ئایدۆلۆژیا و سیستەمە هەرە سەرەکییەکان بلەرزێنێت و ڕێگەى ئاوابوونیان بکاتەوە، ئەوانیش دەوڵەت نەتەوە و کاپیتالیزم و جیاوازى کۆمەڵایەتى و ڕەگەزى و ئیتنیکییەکانن.
سەرهەڵدانى چینایەتى و پلەبەندى کۆمەڵایەتى و زاڵبوون و مۆنۆپۆڵى مرۆیی لە قۆناغە بەراییەکانى مێژووەوە تادەگات بە سەرمایەدارى ئیمپریالی، بۆ ئۆجەلان جێگەى هەڵوەستەیە، لەم ڕێگەیەوە سەرنج دەخاتە سەر سەرەتاکانى سەرهەڵدانى چینایەتى، کە یەکەمجار لە کۆنترۆڵى پیاو بۆ ژن و دواتر بۆ سروشت، سەرهەڵدەدات، تادەگات بە کۆنترۆڵی کۆی سروشت و ئاژەڵان و وێرانکردنیان، کۆنترۆڵى تەواوەتى ژنان لەڕوى جەستەیی و زیهنیەت و بیرکردنەوەیان، کۆنترۆڵى مرۆڤەکانى ترى وەک پرۆلیتاریا و جوتیاران و چین و توێژەکانى تر لەڕێگەى بازاڕ و کار و وەبەرهێنانى کاپیتالییەوە، کۆنترۆڵى نەتەوەکانى تر، ئایینەکانى تر، کۆمەڵگاکانى تر و ...هتد لەڕێگەى سەردەستەبوونى نەتەوە و ئایین و کۆمەڵگەى ترەوە، بەم چەشنە چینایەتى لە کۆمەڵگادا ڕەگداکوتاوبوو و بووە شتێکى حەتمى و سروشتى و تێنەپەڕێندراو، دواتریش دەوڵەت نەتەوە و سەرمایەدارى ئەوەندەى تر ئەو حەتمیبوون و چەسپاوییەیان تۆختر و ڕەگداکوتاوتر کردەوە. بۆیە بەدیهاتنى کۆمەڵگەى دیموکرات و ئازاد، و سڕینەوەى پلەبەندى کۆمەڵایەتى گرێدراوى نەهێشتنى سەرمایەدارى و ئیمپریالیزم و دەوڵەت نەتەوە و ئایدیاکانى ستەمگەرى سەر ژنان، و سڕینەوەى بیرۆکەى بینینى سروشت وەکو سەرچاوەى داهات و پارەدار کردنە. واتا دوو لە ڕیشەییترین پرسەکان بۆ ئۆجەلان پرسی ئازادى ژن و ژینگەیە، کە بە ئیکۆ فیمینیزم گوزارشتمان کردووە.
ئیکۆلۆژیا لە فکری ئۆجەلاندا تەنیا پرسی پاراستنی سروشت نییە، بەڵکو ڕێگای ژیان و سیستمی کۆمەڵایەتیە کە دژی دەسەڵاتدارێتی و داگیرکارییە، و ھەوڵدەدا پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، و مرۆڤ و سروشتدا دروستبکات، ئەم تیۆرییە پاڵنەرێکی سەرەکی بووە بۆ دروستبوونی مۆدێلی خۆسەرى دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژاوای سوریا. هەروەها پرسی ئیکۆلۆژیا پێکهاتێکى گرنگ و ناوەکی فکری ئۆجەلانە و گرێدراوى تیۆریی دیموکراسییە، کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێوەندیدارە بە بە کۆمەڵگاى دیموکراتیک و ئازاد کە لە ئاشتی و پەیوەندى ئاڵوگۆڕ لەگەڵ سروشتدا دەژیت، و گرنگترین خاڵەکانی بریتین لە: ئیکۆلۆژیا وەک بنەمایەکی سیاسی و جڤاکى: ئۆجەلان لە پەیوەندى نێوان ئیکۆلۆژیا بە جڤات و سیاسەتەوە هەڵوەستە لەسەر چەمکێک دەکات کە بە (ژینگەزیان) گوزارشتمان کردووە، و باوەڕی وایە کە کێشەی ژینگەزیان جیا نییە لە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکان، و پێیوایە کە تێکچوونی سروشت لە ناوەوە پەیوەستە بە دەوڵەت نەتەوەى مۆدێرنەوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی خاوەنی سەرکردایەتی و ناوەندگەرایی مۆنۆپۆڵییە و سروشت وەک کەرەستە و سەرچاوەى ئابورى و داهات دەبینێت کە دەبێت کۆنتڕۆڵی بکات و بەکاریبهێنێت بۆ مەبەستە ئابورییەکان، و کاپیتاڵیزم کە سیستەمێکی بەرھەمھێنانی بێ سنوور و خەمی قازانجی زیاترە، بووەتە ھۆی وێرانکردنى سەرچاوە سروشتییەکان و لەناوبردنی ژینگ، هەروەها دەسەڵاتى پاتریارکى پیاوسالاری کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە لەگەڵ مۆنۆپۆڵ و داگیرکاریی سروشتدا.
سۆشیال ئیکۆلۆژی: ئەم ڕوانگەیە پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگاى مرۆڤایەتی و سروشت. و گرنگترین بنەماکانى سۆشیال ئیکۆلۆژى لاى ئۆجەلان بریتین لە: کێشەی ژینگەزیان ڕیشەی کۆمەڵایەتی ھەیە و بۆ چارەسەرکردنی نابێت تەنیا فۆکەس بخەینە سەر ڕەهەندى تەکنیکی یان یاسایی ، بەڵکو دەبێت پێکھاتە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان بگۆڕدرێن، و دەستێوەردانی مرۆیی لە سروشت وەک داگیرکاری و وێرانکردن، ھاوشێوەی دەستێوەردانی مرۆی لە مرۆڤی ترە (وەک ڕەگەزپەرستی، پیاوسالاری، دەسەڵاتخوازى – تسلط).
دیموکراسیی ڕیشەیی و خۆسەرى: ئۆجەلان چارەسەری کێشەی ژینگەزیان لە ڕێگەی (دیموکراسیی ریشەىى - ڕاستەوخۆ و ئۆتۆنۆمی خۆبەڕێوەبەری – خۆسەرى دیموکراتیک)ەوە دەبینێت، واتا کۆمەڵگاى بچووک و خۆبەڕێوەبەر، کۆمەڵگای ناوچەیی کە لەسەر بنەمای دیموکراسی و یەکسانی دروستبوون، باشتر دەتوانن سروشتی ناوچەکەیان بپارێزن و بە شێوەیەکی بەردەوام بەکاریبهێنن، لەبەرامبەر دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکان کە تەنیا خەمی قازانجی زۆر و کەڵەکەبوویان ھەیە، و ئابوریی کۆمەڵایەتی، جیاواز لە ئابوریی بازاڕی کاپیتاڵیستی، ئابوریی کۆمەڵایەتی خەمی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و ھاوسەنگی لەگەڵ سروشت ھەیە، نەک قازانجی بێسنوور، واتا بەپێچەوانەى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارییە و بەرهەمهێنان بۆ پڕکردنەوەى پێدویستییەکانە نەوەک بۆ کەڵەکەکردنى سامان و قازانجى زیاتر.
ژینگەپارێزی ژنان – ئیکۆ فێمینیزم(Feminist Ecology): ئۆجەلان پەیوەندییەکی نزیک لەنێوان ئازادی ژنان و ئازادی سروشت دەبینێت و پێیوایە ھەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی پاتریارکی پیاوسالای و سیستەمێکی مۆنۆپۆڵ و داگیرکەردا لەدۆخێکى ناهەمواردان، بۆیە جەختدەکاتەوە کە شۆڕشی ژنان بەشێکی سەرەکییە لە شۆڕشی ئیکۆلۆژی، و کۆمەڵگایەکی ئازاد و ھاوسەنگ لەگەڵ سروشت دەبێت لەسەر بنەمای یەکسانیی ڕەگەزی دروستببێت.
پراکتیک و جێبەجێکردن - نموونەی ڕۆژاوا - ئەم بیرۆکە ئیکۆلۆژییە لە ناو سیستمی خۆسەرى دیموکراتیکدا هەوڵی جێبەجێکردنی دەدرێت، لە چەند ڕێگەیەکەوە، وەک دامەزراندنی کۆمیتەی ئیکۆلۆژی لە ناو حکومەتی خۆسەریدا، و ڕێکخستنی کەمپین و چالاکى هۆشیاری بۆ بەرزکردنەوەی ئاگایی خەڵک لەبارەی پاراستنی ژینگە، دانانی یاسا و ڕێسا بۆ پاراستنی دارستانەکان و کەمکردنەوەی بەکارھێنانی پلاستیک، ھاندانی کشتوکاڵی بەردەوام و ئۆرگانیک لەژێر ناوی ئابوریی هاوسەنگ، دروستکردنی کۆمەڵگا ئیکۆلۆژییەکان (Ecocommunes) وەک نموونەیەکی پراکتیکی.
ئیکۆ فێمینیزم لاى ئۆجەلان دەکەوێتە پانتایی ئیشکردنى تیۆرەکەى بۆ کۆنفیدرالیزمى دیموکراتیک، واتا بەتەواوى گرێدراوى سەرهەڵدانى جڤاکى دیموکرات و خۆسەرە، بۆیە ناتوانرێت لەدەرەوەى تێزەى کۆنفیدرالیزمى دیموکراتیک ئومێد لەسەر کۆمەڵگایەکى سروشت پارێز و دەستەبەرکەرى ئازادى ژن هەڵبچندرێت، واتا ئازادى لیبرالی و مافی پرۆلیتاریای سۆشیالیستى ناتوانن بەتەواوى دەستەبەرى ژینگەیەکى سروشتى و پارێزارو بکەن و ئازادى ژن دەستەبەر بکەن، واتا ناکرێت شەڕی چینایی پرولێتاریا - بورژوا چارەسەری کێشەی ژن و ژینگە بکات، چونکە هەردوو لایەنی شەڕەکە لە ناو هەمان سیستەمی پاتریارکیدان، بۆیە ئۆجەلان بۆ پرسی ئیکۆ فێمینیزم فۆکەسی سەرەکى لەسەر کۆنفێدراڵیزمی دیموکراتیکە (Democratic Confederalism)، کە ئەم مۆدێلە سیاسییە بە پێچەوانەى مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە پێشنیاری سیستەمێکی خۆڕاگری خۆبەڕێوەبەری خۆجێیی (self-administration) (لۆکاڵى و ناوچەیی) دەکات، کە لەسەر بنەمای کۆمۆن و کۆمەڵگە ناوخۆیییەکان دروست دەبێت و ئامانجەکە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ئیکۆلۆجی و ئازادیخوازە لە ڕێگەی ئیرادەى خەڵکەوە. هەروەها کۆنفیدرالیزمى دیموکراتیک هەڵگرى دیموکراسیی جڤاکییە، کە پشت دەبەستێت بە بەهێزکردنی کۆمەڵگە ناوخۆیییەکان و دامەزراندنی دەستەگەلی خۆبەڕێوەبەری خۆجێیی، لەم مۆدێلەدا، ژن، گەنج و کۆمەڵە جیاوازەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە پرۆسەی بەڕێوەبردندا، هاوکات دەستەبەرکەرى ئازادى ژنانە کە ئۆجەلان لەڕێگەى چەمکى ژنۆلۆژی (Jineology)ەوە گوزارشتى لێدەکات و باوەڕی وایە کە ئازادیی ژنان پێوەرێکی سەرەکییە بۆ ئازادیی کۆمەڵگەیی. بیرۆکەی ژنۆلۆژی وەک زانستێکی کۆمەڵایەتی تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ژن لە مێژوودا. هەروەها لەمیانەى کۆنفیدرالیزمى دیموکراتیکەوە ئۆجەلان ڕێگە و مۆدێلی نادەوڵەتى یاخود ڕێگەچارەى نادەوڵەتى (Non-State Solution) بۆ کێشەی کورد پێشنیار دەکات، واتا ئۆجالان چارەسەری کێشەی کورد لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردەوە بەگونجاو و پێویست نازانێت، بەڵکو لە ڕێگەی سیستەمێکی کۆنفێدراڵی و دیموکراتیک بۆ ناوچە کوردنشینەکان و تەنانەت بۆ نەتەوە و پێکهاتەکانى تریش بە دروست و شیاو دەزانێتکە بتوانن لەڕێگەیەوە پەیوەندییەکی ئاشتیانە لەگەڵ پێکهاتەکانى ترى ناوچەکەیان دروستبکەن.
ئۆجالان ژنۆلۆژى وەک پێوەری سەرەکی ئازادی کۆمەڵگە دەبینێت. لەبەرئەوەیە، دەربارەی پرسی ژن بە شێوەیەکی زۆر قووڵ و ڕادیکاڵ دەڕوانێت، و پێیوایە ژن پێکهاتەیەکى سەربەخۆ و سەرەکی کۆمەڵگەیە و ململانێی ئازادی ژن جیاوازە لە ململانێیەکانی تر وەک ململانێیەکانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، و ژن یەکەم یەکەى داگیرکراوى مێژووە، یەکەم وەرچەرخانى کۆمەڵگا ڕووەو پلەبەندى لە کۆنترۆڵکردنى ژن لەلایەن پیاوەوە دەستیپێکردووە، واتا پێش ڕامکردنى سروشت و ئاژەڵان، پێش سەرهەڵدانى کۆیلایەتى، پیاو هەوڵى داگیرکردنى ژنى داوە، دواى داگیرکردنى ژن ئینجا بیریان لە داگیرکردنى سروشت و ئاژەڵان، داگیرکردن و کۆیلەکردنى پیاوەکانى تر کردووەتەوە، بۆیە یەکەم پنتى نەهێشتنى چینایەتى و پلەبەندى کۆمەڵایەتیش دەبێت لە ئازادکردنى ژنەوە دەستپێبکات و ئازادکردنی ژن پێویستی بە شۆڕشێکی سەربەخۆی هزری و کۆمەڵایەتی هەیە. هەروەها دەبێت بۆ ئازادى ژن بەرەنگارى دەوڵەت نەتەوە ببینەوە کە ڕەمزێکى هەرە لەپیشینەى دەسەڵاتى پارتریارکى پیاوسالارییە و بنچینەی سەرەکی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ژن و جەستەی ژن دامەزراوە، هەروەها جەخت لەسەر ژنۆلۆژى وەک زانستێکی کۆمەڵایەتیی نوێ دەکاتەوەو و پێیوایە لە کاتێکدا کە زانستە کۆمەڵایەتییە ڕۆژاواییەکانى وەک سۆسیۆلۆژیا، هزرینە فەلسەفییەکان لەلایەن پێکهاتەی دەسەڵات مەعریفەى پاتریارکییەوە کۆنترۆڵکراون و ڕەچاوی ژن و ئەزموونەکانی ژنیان نەکردووە، ئەوا ژنۆلۆژى دەبێتە ئەلتەرناتیڤێک بۆ دروستکردنی زانستێک کە لە ئەزموون و پێشەنگی ژنەوە دەست پێدەکات و جیهانێکی ڕەنگاڵەتر و ئازادتر دەڕەخسێنێت. لەلایەکى ترەوە پییوایە پەیوەندی نێوان کاپیتاڵیزم و دەسەڵاتى پاتریارکی نێرسالارى وەک دوو سیستەمى یەکگرتوون، کاپیتاڵیزم بە شێوەیەکی ستراتیژی کۆنتڕۆڵی ژن بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بێبڕیار و بێڕۆڵ و کەمکاریگەر، و دەستەبەرکردنى سوپایەک لەکرێکارى هەرزان، بەجۆرێک ئۆجەلان کۆمەڵگەی پاتریارکی وەک وڵاتی ژنە داگیرکراو و کۆیلەکراوەکان دەبینێت. لێرەوە ئۆجەلان تێزەکەى خۆی لەسەر بنەماى (ئازادیی ژن = ئازادیی کۆمەڵگا) دادەڕێژێت، و بیرۆکەی سەرەکی ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی ئازاد بە ئازادی ژنەوە گرێدراوە، و پێیوایە کۆمەڵگە ئازاد نابێت مەگەر ژن ئازاد بێت، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ململانێی ئازادی ژن تەنیا بۆ مافەکانی ژن نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی ئازادکردنی کۆمەڵگایە لە هەموو لایەنەکانییەوە، و ئازادى ژن لاى ئۆجەلان لە بوونى دەسەڵاتی ژن لە بوارى سیاسى و لەکایە گشتییەکانى ناو کۆمەڵگادا ڕەنگڕێژ دەبێت، لەسەر ئەو بنەمایە سەرسامى خۆی بۆ مۆدێلی یەکێتیی ئازادیی ژن – یەژا ستار (YJA-Star) نیشان دەدات و دەڵێت پێویستە ژن هەموو بوارێکی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی بەڕێوەببات، بەتایبەت لەبوارەکانى هێزی پاراستن (ھێزە چەکدارەکان)وەکئەوەى کە هێزەکانی یەکینەکانى پاراستنى ژنان - یەپەژە (YPJ) لە سووریا ژنن. هەروەها بوارى سیاسی کە ژن دەبێت لە هەموو ئاستەکانى بەرپرسیارێتیدا بەشدار بێت. و بوارى ئەکادیمیا و زانست، لەنمونەى وەک دامەزراندنی ئینستیتیوتی ژنۆلۆژى بۆ پەرەپێدانی زانستی ژنان. و بوارى دادەورى و یاسایی وەک دامەزراندنی دادگای تایبەت بە کێشەکانی ژنان.
بە کورتی، بینینی ئۆجالان لە پرسی ژن شۆڕشگێڕانەیە و پەیوەستە بە گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگاوە. و ژنۆلۆژى تەنیا بیرۆکەیەکی تیۆری نییە، بەڵکو پرۆسێسێکى پراکتیزەیی شۆڕشگێڕانەیە کە دەیەوێت کۆمەڵگایەکی نوێ دروست بکات کە لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی و ئاشتی خوازی ژنانە.
پەیوەندى نێوان کێشەی ژن و چینایەتی کۆمەڵایەتى ناو کۆمەڵگا بەلاى ئۆجەلانەوە پەیوەندییەکى کاریگەرە، ئۆجالان دەسەڵاتى نێرسالارى پاتریارکی (patriarchy) وەک یەکەمین و قورسترین فۆرمی چینایەتی دەبینێت کە پێش هەموو جۆرە چینایەتییەکی تر سەریهەڵداوە، و باوەڕی وایە کە کۆنتڕۆڵکردنی جەستە و کارەکانی ژن لەلایەن پیاوانەوە، یەکەمین و بنەڕەتیترین فۆڕمی موڵکداری و دەسەڵاتداری بووە. ئەم کۆنتڕۆڵە سەرەتاییە دەبێتە بناغەی دروستبوونی دەوڵەت و چینایەتیی ئیکۆنۆمی و ڕەگەزی دواتر. واتا، چینایەتییەکی سەرەکی لە نێوان پیاو و ژن دروست دەبێت پێش ئەوەی چینایەتی لە نێوان چینەکانی ترەوە دروست ببێت، ئەمەش دەبێتە بناغەى دەوڵەت نەتەوەى سەرمایەدارى، پەیوەندی نێوان دەسەڵاتى پاتریارکی و دەوڵەت نەتەوە پەیوەندییەکى پێکهاتەییە، دەوڵەتی مۆدێرن لە سەر بنەمای پاتریارکی دروست بووە، و دەوڵەت بە شێوەیەکی سیستەمی لەسەر بنەماى بڵاوکردنەوەی دەسەڵاتی پاتریارکی کاردەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەموو کۆمەڵگا، ژنیش وەکو یەکەمین کۆلۆنی (مستعمرە) سەیر دەکرێت کە دەوڵەت دیل و کۆنترۆڵى دەکات، بەتایبەت دەوڵەت نەتەوەى پاتریارکى و کاپیتاڵى، چونکە ئۆجالان کاپیتاڵیزم وەک کاپیتاڵیزمی پاتریارکی ناودەبات. ئەم دوو سیستەمەش پشت بە یەکتری دەبەستن، بۆنمونە کاپیتاڵیزم خێزاندارى و کارە خێزانییەکانى ژن وەک کارێکی ئاسایی و سروشتی دەبینێت و بەهاى پێنادات، هەروەها کاپیتاڵیزم جەستە و بوونى ژن وەک کاڵایەک دەبینێت کە دەتواتدرێت بفرۆشرێت و بخرێتە بازاڕەوە و نرخى لەسەر دابندرێت، ئەمەش پلەبەندى و چینایەتی ژن قوڵتر دەکاتەوە، بۆئەمەش ئۆجەلان شۆڕشی ژنانە (Women's Revolution) وەکو ڕێگەچارە دەبینێت، لەبەر ئەوەی کێشەی ژن تەنیا کێشەیەکی چینایەتی نییە (وەک ئەوەى مارکسیزم پێدگیری لەسەر دەکات)، بۆیە چارەسەری تەنیا لە ڕێگەی شۆڕشێکی چیناییەوە نییە. بەڵکو پێویستی بە شۆڕشێکی سەربەخۆی ژنان هەیە، کە ئەم شۆڕشە دەبێت هزری و کولتووری بێت، واتا ڕەتکردنەوەی هزری پاتریارکی لە زیهنیەت و بیرکردنەوەى خەڵکدا، و دەبێت شۆڕشێکى کۆمەڵایەتی بێت، واتا دامەزراندنی ڕێکخراوە و کۆمۆنەى سەربەخۆی ژنان، هەروەها ئیکۆنۆمیک بێت، واتا دامەزراندنی ئەنجومەنى کارگەکانی ژنان بۆ سەربەخۆیی ئابوری، دواجار دەبێت دیموکراسیی کۆمەڵایەتی وەک ئەلتەرناتیڤ بخاتەڕوو کە ئامانجەکەى تەنیا ڕزگاربوونی ژن نەبێت، بەڵکو ڕزگاربوونی هەموو کۆمەڵگابێت، بۆئەمەش وەک پێشتریش خستمانەڕوو، ئۆجالان پێشنیاری کۆنفێدراڵیزمی دیموکراتیک دەکات، کە تیایدا:خۆسەرى ژنان یەکێکە لە ستوونە سەرەکییەکانی سیستەمە نوێیەکە.
هەروەها ئەوەى لەم باسەماندا پێویستە بیخەینەڕوو، بریتییە لە پەیوەندى نێوان ژنۆلۆژى و ئیکۆلۆژى، لە دونیابینى ئۆجالاندا، پەیوەندی نێوان ژن (ژنۆلۆژى) و ژینگە (ئیکۆلۆژی) پەیوەندێکی ناوەکییە، و ئەم دوو بەشە وەک دوو پایەى یەک شۆڕشی گەورە دەبینێت کە پێکەوە ڕێگەی ئازادبوونی مرۆڤایەتی دەڕخسێنن. ئۆجالان بە شێوەیەکی سیستەمی و قووڵ لەم پەیوەندییە دەڕوانێت، کە تیایدا دەسەڵاتى پاتریارکی وەک ڕەگی تێکدانی ژینگە و کۆمەڵگا دەستنیشان دەکات و پێیوایە سیستەمی پاتریارکی لە سەدان ھەزار ساڵ پێش ئێستاوە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، بەڵام نەیتوانیوە بنەماى کۆمەڵگای مرۆڤی بێت، بەڵکو ڕێبازێکی فکرییە کە سەیری سروشت وەک ئامرازێک بۆ دەستکەوت و داگیرکردن دەکات. سروشت وەک ئامرازێک دەبینێت کە دەبێت ڕابەرایەتی بکرێت و لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بێت. و ژن وەک بەشێک لە سروشت دەبینێت، و ھەر دووکیان وەک کەرەستەیەک بۆ دەستکەوت و قازانج سەیر دەکات. بۆیە، مێنتاڵیەتی پاتریارکی ھەمان ئەو باوەڕەیە کە دەڵێت: (سروشت داگیرکراوە و ڕابەرایەتی دەکرێت) و (ژن داگیرکراوە و ڕابەرایەتی دەکرێت). لەبەرامبەر مێنتاڵیەتی پاتریارکیدا ئۆجالان ژنۆلۆژی وەک زانستی (ژیان پارێز)دەبینێت، واتا ژنۆلۆژی بەلای ئۆجالانەوە ڕێبازێکە بۆ ژیان، نەک تەنیا زانستێکی تیۆری بێت، و ئەم زانستە لە سروشت فێر دەبێت کە ژن لە مێژوودا پەیوەندییەکی نێزیکی ھەبووە لەگەڵ سروشت و کشتوکاڵ و پزیشکی سروشتی، و ژنۆلۆژی دەیەوێت ئەم پەیوەندییە بێنێتەوە ئارا و پەرەى پێبداتەوە. هەروەها ژنۆلۆژی ژیان و بەرهەمهێنانی ژیان وەک کارێکى پیرۆز سەیردەکات، ئەمەش پێچەوانەی مێنتاڵیەتیی پاتریارکیە کە تەنیا بەرهەمی ئابوری و سوودە ماددییەکان دەبینێت. و ژنۆلۆژی پەیوەندی نێوان کۆنتڕۆڵکردنی جەستەی ژن و کۆنتڕۆڵکردنی سروشت دیاری دەکات و ھەڵدەستێت بە دروستکردنی کۆمەڵگایەک کە ھەردووکیان ئازاد بکات. بەمجۆرە دیدى ژنۆلۆژى پێماندەڵێت ژن ئازاد نابێت ئەگەر ژینگە ئازاد نەبێت، و ژینگە ئازاد نابێت ئەگەر ژن ئازاد نەبێت.
ئیکۆ-فێمینیزمی ڕادیکاڵ لە فکری ئۆجالاندا ناوەڕۆکی فەلسەفی و پراکتیکییەکی زۆر قووڵی هەیە و لە چەندین نووسینیدا بە ووردی شیکردووەتەوە، وەک پڕۆژەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ڕادیکاڵى نوێ. ئۆجالان لە شیکردنەوەکانی خۆیدا کە لە مێژووی شارستانیەتی نیولیتیک (Neolithic Civilization)ەوە سەرچاوە دەگرێت پێیوایە کۆمەڵگا سەرەتاییەکان کۆمەڵگای هاوسەنگ بوون لەگەڵ سروشتدا، و هەڵگرى ماهیەتى دەسەڵاتی ژن و پەرستنی دایک بوون، بەڵام بە هاتنی دەسەڵاتى نێرسالارى پاتریارکی و دەوڵەت نەتەوەى کاپیتالی مۆدێرن گۆڕانکاری لەم پارادایمەدا ڕوویدا. واتا گۆڕنەکارییەکە بەمجۆرە بووە (دەسەڵاتى نێرسالارى پاتریارکی - دەوڵەت نەتەوە – کاپیتاڵیزم) دەرئەنجامەکانیش بریتیبوون لە (داگیرکاریی سروشت - داگیرکاریی ژن - داگیرکاریی کۆمەڵگا - تێکچوون و لەناوبردنی سیستماتیک)، بەواتایەکى تر دەسەڵاتى پاتریارکی هەڵگرى خەسڵەت و مێنتاڵیەتیی داگیرکارییە، کە دەبێتە هۆی پلەبەندى لەهەمبەر ژنان، پلەبەندى لەهەمبەر سروشت، پلەبەندى و چینایەتى ئابوری، پلەبەندى ڕەگەزی. لەهەمبەر ئەو نەزمەدا ئۆجالان پێشنیاری بەرەنگارى دەکات بەم چەشنە: شۆڕشی ژن(ژنۆلۆژی) - شۆڕشی ژینگە (ئیکۆلۆژی) - دیموکراسیی کۆمەڵایەتی، تادەگات بە کۆنفێدراڵیزمی دیموکراتیک کە هەڵگرى بونیادى کۆمەڵگەیەکى بێ چینایەتى و ناپلەبەندییە. واتا ئیکۆ-فێمینیزمی ڕادیکاڵ لە فیکری ئۆجالاندا پرۆسێسێکى ژیانى و ژیارییە کە دەیەوێت هەموو سیستەمێکی دەسەڵاتدارێتی - تسلطى (نێرسالارى پاتریارکی، دەوڵەت نەتەوە، کاپیتاڵیزم)هەڵوەشێنێتەوە لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و هاوسەنگ لەگەڵ سروشت.