هیوا
محەمەد
هانا ئارنێت له کتێبی (بنەمانی تۆتالیتاریزم) دا سەرنج دەخاتەسەر بێ مافکردن و به
ئاژەڵکردن ــ ئەنیماڵیزەکردنی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتی مۆدێرنەوە، کاتێک دەوڵەت
بیەوێت گروپێکی ئەتنی یان ئاینی جیاواز قڕ بکات و جینۆسایدیان بکات، دەبێت سەرەتا
بیانکات بە دەعباو و ئاژەلی مەحروم لە ژیانکردن، وەک قڕکردنی جولەکەکان لەلایەن نازییەکانی ئەڵمانییەوە،
لێرەوە دەوڵەت پێش ئەوەی جینۆسایدەکانی
بکات دەبێت پێشتر پاساو و شەرعیەت بۆ کوشتارگەکانی بهێنێتەوە، ئەوەیش لەڕێگەی داڕنینی
هەموو ماف و بەهایەکی ئینسانی و کردنی مرۆڤەکان بە
بوونەوەرێکی موجەڕەد ـڕووتی بێ مافی بێ بەهای وا، کە بێ بەزەییانە کوشتنیان هیچ
سزایەکی یاسایی لەسەر نەبێت، وەک ئەوەی ئێستا زۆرجار لەژێر ناونیشانی لەنێوبردنی
تیرۆرو مەترسی بۆسەر دەوڵەت خۆی لە جینۆسایدەکاندا مانیفێست دەکات، ئەمە ئەمانباتەوە بۆ
چەمکی هۆمۆساکەری جۆرجیۆ ئاگامبێن، هۆمۆساکەر لە یاسا و ڕژێمی حوکمی ڕۆمانی کۆندا بە
مرۆڤێکی دەرە یاسا و دەرە ماف دەگوترا، کە دەکرا بکوژرێت و هیچ کەسێکیش لەپای کوشتنیدا
سزا نەدەدرا، چونکە پێشوەختە مرۆڤێک بوو داماڵرا بوو لە هەموو مافێکی یاسایی و مرۆیی،
وەک ئەنفالی کورد لە ڕابردوو و ئەمڕۆش وەک دەبینین لە سایەی دەوڵەتی مۆدێرن و بە
پارێزبەندی ئەمریکاو ڕۆژئاوا ئیسرائیل تاک بەتاکی غەزەی کراوەتە هۆمۆساکەر ــ و
جینۆسایدیان دەکات، تێزە دۆستۆفیسکییەکە:
ڕاسکۆلینۆکۆف پێش ئەوەی پیرەژنەکە بکوژێت لە خەیاڵدانی خۆیدا دەیکاتە کێچ و دەعبا،
تاوەکو هەست بە تاوان نەکات و سۆزی ئینسانی نەیجوڵێنێت، لای دەوڵەتی مۆدێرنیش ئەوانەی
دەکوژێن ئیدی مرۆڤ نین، بەڵکو تیرۆریست و تێکدەری نەزمی دەوڵەتین.
میشێڵ فۆکۆ لە سیاقێکدا لە تەنیشت باسی بیۆ-سیاسەتدا باسی ساناتۆ -سیاسەت دەکات، ساناتۆ سیاسەت ئەو جۆرەیە لە سیاسەتی دەوڵەتی مۆدێرن کە بیەوێت هەموو ئەو شتانە وێران بکات, کە دەسەڵات نایەوێت بوونیان هەبێت و وەک ناحەزی دەسەڵات دەیانبینێت، ئەمڕۆ غەزەیییەکان دووچاری جۆرێک لە ئاپارتایت و پاکتاوی نەژادی بێ قەیدومەرجی هاوشێوەی وا بوونەتەوە، کە مانەوەیان وەک کۆسپێکی گەورە لە بەردەم بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل دەبینرێت، ترامپییش پشگیری تەواوی ئەم پاکتاوە دەکات تاوەکو دواجار غەزە بدرێتە کۆمپانیا عەقارییەکانی ئەمریکا و بۆ کۆمەڵگە جولەکەنیشینەکان ئاوەدان بکرێتەوە، بەکورتی غەزەییەکان زێدەیەکن دەبێت لەوێدا بوونیان نەمێنێت، ئیدی بە کۆچپێکردن بێت یان کوشتنی بە کۆمەڵ و برسیکردنیان بێت، سیستمی جیهانی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری کاتێک جینۆسایدی موسڵمانە ئەلبانییە نەژادەکانی کۆسۆڤۆ لە نەوەتەکان ڕوویدا خێرا میدیا حکومییەکانیان کردیانە هەڵاو وەک جینۆساید ناساندیان، کەوا هەزارەها موسوڵمان لەلایەن دەوڵەتی سربیاوە قەتڵ و عام کراوە، ئەوە بوو دوا جار نەتەوە یەکگرتووەکان هێزی پارێزبەندی بۆ ناردن و دواتریش دەوڵەتی کۆسۆڤۆیان بۆ بوونیاد نان، لێرەدا چانسی ئەلبانیەکان تەنها ئەوە بوو دەوڵەتێک جینۆسایدی کردن، کە لەدەرەوەی ناتۆ بوو، چارەڕەشی غەزەییەکانیش لە ئێستادا ئەوەیە،کە ئیسرائیل و ناتۆ خۆیان جینۆسایدەکە ئەکەن، کورد لە مێژووی هاوچەرخدا زۆر خراپتر لە غەزە قەتڵ و عام کراوە، بۆیە بەر لە هەر نەژادو ئەتنیەکی دی دەبێت دژی ئەم قەتڵ و عامە ئاشکراو بێ شەرمانە بێت، چونکە برینی خۆی زۆر قوڵترە کە ئێستا لە غەزەدا ڕوودەدات، بۆ نموونە لە شۆڕشی ئاگریداغدا 1927_1931 تەنها لە دۆڵی زیلاندا زیاتر لە پەنجا هەزار خەڵکی مەدەنی لە سەدان گوندو لادێدا جینۆساید کران، کە بەهۆی ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی حکومەتی ئەو دەمەی کەمال ئەتاتورکەوە هیچ ڕۆژنامەوان و میدیایەک بۆی نەبوو بڕواتە ئەو ناوچانە، تاوەکو حەجم و قەبارەی ئەو کوشتارگانە ببینێت و بیگوازێتەوە و دۆکۆمێنتی بکات، وەک ئەفسەرە خانەنشینەکانی ئەم دوایەی تورکیا خۆیان لە یاداشتەکانیاندا باسیان کردووە، کەوا لە لادێکاندا فیشەکیان لە کوشتنی منداڵ و ژناندا بە فیڕۆ نەداوە بەڵکو فڕێدراونەتە نێو ڕووبارەکان و لە چیاکانەوە خراونەتەوە خوارەوە، لە هەشتاکانیش بەدواوە پرۆژەی (گاپ)ی تورکییایان هێنایە گۆڕێ، کە یەکێک لە ئامانجەکانی سڕینەوەی تەواوی شوێنەواری ئەو گۆڕه بەکۆمەڵانه بوو، دواجاریش زۆرینەی شوێنەوارەکانی دیزەبەدەرخۆنە کران و کوێر کرانەوە و بوون بەژێر ئاوەوە.
ئەمڕۆ قوربانیەکانی غەزە زۆر لە جینۆسایدەکەی دۆڵی زیلانەوە نزیکە، برینەکان و کارەساتە مرۆییەکەیان هاوشێوەن، هەر یەکەیان زیاد لە پەنجا هەزار قوربانیان داوە، بەڵام پێچەوانەی کوردەکان چانسی فەلەستینیەکان تەنها ئەوەیە، کە سەردەمەکە سەردەمی وێنەکان و ڤیدیۆ دۆکۆمێنتارییەکانە، تاوەکو لەڕێگەیانەوە حەجمی قوربانییەکان ببینین و مەحکوم و پڕوتۆستۆیان بکەین.
ئەمڕۆ لە سوریاش درورزییە مەدەنییەکان دووچاری هەمان چارەنووس لەلایەن حکومەتی کاتی سوریا بۆتەوە، که ئەمریکاو تورکیا تەبەنیان کردووە، دیارە کەمینەیەکی شێعی وەک دروزییەکان بۆ ئەمریکاو ڕۆژئاوا وەک شێعەکانی عێراق و لوبنان جێگەی متمانە نین، تاوەکو بەرگری جدییان لێ بکەن، پشگیری ڕیاکارانەی ئیسرائیلیش لە درورزییەکان دەرکەوت تاکتیکی بوو بۆ لێدان لە بەرژەوەندی تورکیا لە سوریا، نەک ستراتیژی و هەمیشەیی بێت، هەڵوێستی ئیسرائیل لەڕابردووشدا دەرهەق بە کوردەکان هەمان شت بووە، لێرەوە جینۆسایدی درورزییەکان وانەیەکی باشە تاوەکو ڕۆژئاوای کوردستان لێوەی فێربێت و ئامرازو میکانیزمی باشتر بۆ خۆپارێزی بدۆزنەوە، لەبەرامبەریشدا ڕۆژئاوای کوردستان بۆ درورزییەکان ئەو ئاوێنەیەیە، کە دەبێت شکستی خۆیانی تێدا ببینن.
ڕانسێر بە گەڕانەوە بۆ هانا ئارنێت لە شوێنێکدا پێیوایە: گەڵاڵەنامەی مافەکان مرۆڤ، مافی ئەوانەیە، کەوا ئەو مافەیان نیە، ئەوان ئەو مافانەیان هەیە، کە نیانە! وەک دەبینین ئەمڕۆش لەژێر سایەی سیستمی نیولیبرالیزمی جیهانیدا بە ئاسانی بڕیاری ئەوە دەدرێت مرۆڤەکان لە شوێنێکدا مافیان هەبێت و لە شوێنێکی تردا بێ ماف بن و لە هەموو تایبەتمەندییەکی مرۆیی دابماڵرێن