سیاسەتی پاکتاویی زایەندی!



شاتوو محەمەد

داخۆ هیچ بیرتان لەوە کردووەتەوە بۆچی پێوانەی خۆشەویستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرێدراوی چەمکەکانی "کوشتن" و "مردنە"؟ واتا تا ئەو ڕادەیە خۆش بوێت کە بمرێت یان بیکوژیت! دەکرێت ژنێک تەنێ لەبەر ئەوەی پیاوێکی ڕەتکردووەتەوە کە خۆشی ویستووە، بە لێدانی بیست‌وسێ چەقۆ بکوژرێت.

پیاوێکی دیکە کە گوایە ژنێکی خۆش دەوێت، ئامادەیە ئەو ژنە لە باڵكۆنێکەوە فڕێ بداتە خوارەوە و بیکوژێت. ڕەنگە ملیۆنان ژن لە سەرانسەری جیهاندا لەپێناو 'خۆشەویستی' و 'عەشق'دا گیانیان لەدەستبدەن. گەلۆ دەکرێت ببپرسین لەکاتێکدا خۆشەویستی یان خۆشویستن بەهایەکی ژیانییە، بۆچی بووەتە کوژەرێکی ڕاستەقینە؟ بۆچی؟

بە گشتی ئەگەر ئاوڕێک لە هەموو گۆرانییەکان و بەتایبەت گۆرانییە سۆزدارییەکان بدەینەوە، هەمیشە تەوەری گۆرانییەکان “لە خۆشەویستی ئەو دا دەمرم” یان “من لەپێناو عەشقدا دەیکوژم” گەلێک بەرچاوە. لە هەمووی زێدەتر زمانی گۆرانییەکان مرۆڤەکان فێری مردنی عەشق و کوشتنی خۆشەویستی دەکات. بۆچی ئەم جوانترین و واتادارترین هەبوونی سۆزدارییەی کە چروسکەی ژیان بووە و دایکە-خوداوەند بە دیاریی بەخشیوێتی بە مرۆڤایەتی چۆن گۆڕا بۆ تاریکییەکی سەربڕین؟ چۆن گۆڕاوە؟ هەربەڕاستی بکوژی ڕاستەقینە کێیە؟ بەڕاستی؟ ئەو ژن و پیاوانە مێشک و دڵیان بە پەڕگاڵی پیاوسالاری شۆردراوەتەوە، یان ئەمە هەر خودی پەرگاڵیی پیاوسالارییە؟

لەو سۆنگەیەوە دەکرێت بێژین ئەمە ڕاستییەکی زۆر ئاڵۆز و کارەساتبارە. ڕاستییەکەی جەوهەری مرۆڤ مەیلی بەرەو خۆشەویستی و جوانییە. لە هەبوونەوە هەموو مرۆڤێک بە جۆرێک لە جۆرەکان بەدوای ئەمەدا دەگەڕێن. بەڵام پەرگاڵی پیاوسالاری تۆڕەکانی خۆی بە شێوەیەک بونیاد ناوە کە هەر ڕێگایەک بگریتە بەر، دەبینرێت خاوەندارێتی موڵک، سەروەریی، کۆیلایەتی و دەسەڵات بە جۆرێک لە جۆرەکان کەوتووەتە نێو ناخی خودی مرۆڤەکانەوە. مرۆڤ – پیاو یان ژن – بەشێوەیەک لەم تاڵاوەدا لە گەڕان بەدوای خۆشەویستی و جوانیدا پەنگ دەخوات و گیر دەبێت، درەوشانەوەی خۆشەویستی و عەشق دەبێت بە گۆڕینی تاریکی بۆ مردن.

چونکە لەم ڕێگایەی کە مرۆڤەکان هەڵیانبژاردووە، هەستێک هەیە کە "تۆ یان هی منیت، یان تۆ نیت". واتە: ئەگەر تۆ هی من بیت مافی ژیانت هەیە، ئەگەر نا تۆ بوونت نییە. ئەم کاردانەوەیە کە زیاتر لە ڕەگەزی پیاودا گەشە دەکات، لە شێوەی لەناوبردنی ژندا دەردەکەوێت کاتێک ناتوانێت خاوەندارێتی لەو ژنە بکات. هەندێکیان بە شێوەیەکی جەستەیی ژن دەکوژن، هەندێکی دیکەش بە بەدبەختکردنی ژیانیان ژن دەکوژن. مرۆڤێک هەرگیز ناتوانێت بە تەواوی ببێتە خاوەنی مرۆڤێکی تر، چینێک هەرگیز ناتوانێت بەتەواوی ببێتە خاوەنی چینێکی تر، بوونەوەرێک هەرگیز ناتوانێت بە تەواویی ببێتە خاوەنی بوونەوەرێکی تر. ڕەنگە بتوانێت بە زۆر و فشار هەوڵی خاوەندارێتیکردنی بدات، بەڵام خاوەندارێتییەکی تەواوەتی هەرگیز پێک نایەت. هاوکات ئەم خاوەندارێتیکردنە پێچەوانەی یاساکانی سروشتە.

بەو هۆیەوە لە هەموو جۆرە پەیوەندییەکانی مرۆڤدا بۆ وێنە؛ پەیوەندیی خۆشەویستی، عەشق، خاوەندارێتیکردن، دروستکردنی فشار، ستەم و وابەستەکردنی تەواوەتی بە خۆتەوە، ڕێبازگەلێکن کە پێچەوانەی جەوهەری مرۆڤ و سروشتن. لە ڕابردوو و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ئەم دڕندەییە بووەتە هۆی کوشتنی زۆرێک لە ژنان. ئەمەش شێوازێکی کۆمەڵکوژیی ڕەگەزییە،  کە هەم ژیان و هەم مردن بە ژنانەوە دەبەستێتەوە بەهۆی نەدانی دەرفەتێکەوە لەوپێناوەی ئیرادەی خۆیان نیشان بدەن.

هەروەک چۆن ناسیۆنالیزم لە ڕووی پەیوەندیی نێوان گەلانەوە کۆمەڵکوژیی، کوشتار، چەوساندنەوە و هەژموونگەرایی دەهێنێتە ئاراوە، ڕەگەزگەرایش لە ڕووی پەیوەندی نێوان ڕەگەزەکانەوە دۆخێکی هاوشێوە دەئافرێنێت. لە ڕاستیدا ڕەگەزپەرستی لە زایەندپەرستییەوە دەڕسکێت، جەوهەری خۆی لە ڕەگەزگەراییەوە وەردەگرێت. سەرچاوەی سەرەکی خۆراک بۆ نەتەوەپەرستی لە تورکیا، ڕەگەزگەراییە. گەر سەرنج بدەن دەربڕینەکان چەند هاوشێوەی یەکترن: قسەکانی پیاوێک بۆ ژنێک کە دەڵێت "لەپێناو تۆدا دەمرم" یان "ئەگەر تۆ هی من نەبیت دەتکوژم" هاوشێوەی قسەی ڕەگەزپەرستێکە بۆ نەتەوەکەی کە دەڵێت "من لەپێناو تورکیا و سوریا و ئێران دەمرم". ئەو وشانەی کە بەبیری یەکتر دەهێننەوە، وشەکانی "بۆ خۆشەویستی" یان "خۆشت بوێت یان وازی لێ بێنە یان بمرە" ئەم وشانە تەنها دەربڕین و قسەکردن نین، بەڵكوو لە ڕاستیدا واتای مردن و کوشتنیان هەیە. بەگشتی لە پێناو ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستیدا، دەستیان چووە خوێنی گەلێک بنیادەمەوە.

داخۆ ناتوانرێت ڕەگەزەکان و گەلان بەبێ گوێدانە موڵک و بە ئازادیی و یەکسانی یەکتریان خۆش بوێت؟ ناکرێت خۆشەویستی لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر بۆ ئیرادەی یەکتر گەشە بکات؟ ئایا ناتوانین خۆمان لە ڕەنگدانەوەی هزری کۆنەپەرستانە لە بیر و زماندا ڕزگار بکەین و ژیانێکی شەرەفمەندانە و جوان بئافرێنین؟ گەلۆ ناتوانین لەم جۆرە خۆشەویستییەی کە دەمرین یان دەکوژرێیت ڕزگارمان بێت؟ کە بە شێوەیەکی هەڵە و چەوت پێشکەش دەکرێت؟

دەتوانین ڕزگارمان بێت؛ گەشەسەندنێکی بەرفراوانی سۆز و هۆشیاریی و خەباتێکی زۆر بەهێز لە دژی خود. هاوکات بڵاوکردنەوەی  چالاکی و ڕێکخستنی ئەم خەباتە ناوخۆییە تا ئەو جێگایە سەرچاوە دەگرێت کە ببێتە هۆی ئەوەی سیاسەتی پاکتاوکاریی لەنێوبچێت کە لە ئەم سیاسەتەش لە خۆشەویستی و سۆزەوە سەرچاوەی گرتووە. لە کاتێکدا خۆشەویستی یەکێکە لە هۆکارە واتادارەکانی  بوونی مرۆڤ، بەڵام ناتوانێت ببێتە پاساوێک بۆ مردن و کوشتن. حەقیقەتی خۆشەویستی و عەشق هەرگیز لە ڕێگەی مردن و کوشتنەوە دەرنابڕدرێت. هەندێک لەو وشانەی کە بەشێوەیەکی ئاسایی دەوترێن یان هەندێک جار لەگەڵ گۆرانییەکدا بە چێژەوە ئاوازیان بۆ دادەنرێت، ڕەنگە ڕۆژێک بێت  ژیانی مرۆڤێک یان بەشێوەیەکی گشتی ژیانی ژنان  لەو پێناوەدا زیاتر بکەوێتە مەترسی و لە ناویان دەبات.

 لەبیرمان نەچێت کە هەموو وشەیەک دەیەوێت کردارێک بێت کە ئەمەش بەدەر نیە لە تاوان. چونکە وشەکان بە بەربەستێک لە ناو قوڵایی مێشک و دڵی مرۆڤدا خۆیان دەردەبڕن،  بۆیە لەو پێناوەدا گوزارشت لە خۆیان دەکەن تاوەکوو بە کردار خۆیان دەرببڕن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە دەبێت ڕۆژانە لە تێکۆشاندابین بۆ بەهێزکردنی هزر، دڵ و زمانمان لەپێناو سڕینەوەی هزرگەلە پاشڤەڕۆکاندا.

پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر