سەڵاح حسێنپوور
ژن لە کۆمەڵگادا بە درێژایی مێژووی نووسراو و نەنووسراوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، مەسەلەیەکی پڕبایەخ بووە و بە تایبەت لە مێژووی نوێدا مشتومڕ و ململانێی زۆری لەسەر پەیدا بووە کە تا ئێستاش درێژەی هەیە...
ژن لە قۆناغی سەرەتای درووستبوونی شارستانیەتدا ڕۆڵێکی سەرەکی لە پێکهێنانی ژیان و کۆمەڵگا گێڕاوە. ژن سەرەڕای ئەوەی بەخێوکەری منداڵ بووە و لە ئامادەکردنی خۆراک و ماڵیکردن و دۆزێنەوەی دانەوێڵە و کشتوکاڵ و کاری هونەری و ڕستن و چنین دەستپێشخەر بووە؛ ئەم قۆناغە بە (قۆناغی دایکایەتی) بەناو دەکرێت. بەڵام هێدیهێدی بە زیادبوونی کاڵا و بەروبوم و دروستبوونی موڵکداری تایبەتی کۆیلایەتی دەبێتە دیاری بۆ مرۆڤ؛ لەسەرووی هەمووشیانەوە دەسەڵات کە گرێدراوی سەرمایەیە دەکەوێتە دەست پیاو و ئەقڵیەتی پیاوسالاریش ناتوانێ بە وێنەی دایک کە کوڕ و کچی ئافڕاندووە بە چاوێکی هاوسەنگ سەیری دوو رەگەز بکات. بەم شێوەیە دەسەڵاتی نێرینە کە گوتمان گرێدراوی سەرمایەیە بەسەر مێیینەدا سەردەکەوێ هەنگاو بە هەنگاوی وەک کاڵایەک سەیر دەکرێت.
عەلی مەولود لە پێشەکی سۆسیالیزم و پرسی ژندا لەبارەی سەردەمی دایکەوە دەڵێت: لە قۆناغی دایکایەتیدا ژن پلە و رێگا و جێگای بەرزی خۆی دژی پیاو بەکار نەدەهێنا و پیاوی نەدەکرد بە پلەی دوو لە چاو خۆیدا، لە قۆناغی دایکایەتی یەکسانی هەبووە، سەردەمی دەسەڵاتی دایک هاوکات بووە لەگەڵ کۆمۆنیزمی سەرەتایی، جیاوازی و چەسانەوە نە تەنها لە نێوان دوو رەگەزی نێر و مێ، بەڵکو لە نێوان هیچ بەشێکی کۆمەڵگا نەبووە.
عەباس ساڵح عەبدوڵا لە نامەی دکتۆراکەیدا لەسەر زمانی ئەنگلسـەوە باس لە قۆناغی دایکایەتی دەکات: مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ بووە، هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان، سەرەتاییترین قۆناغیش (کۆمۆنی سەرەتایی)ـە، کە نیشەنەکانی بریتییە لەنەبوونی چەوسانەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە. کارکردن لەو قۆناغە بە گوێرەی توانا دابەشکراوە، مرۆڤایەتیش بە یەکسانی سودی لەبەروبومی کشتوکاڵی وەرگرتووە. لەم قۆناغە دایک سەرچاوەی پتەوبوونی هەر خێڵێک بووە و منداڵ بۆ ژن گەڕاوەتەوە و هەر ئەوەش وای لە ژن کردووە، پلەی بەرزتر بێت لە پیاو، چونکە بایەخی بە نەوەکانی دەدا و لە ترسی ئاژەڵی دڕندە و سەرما و سۆڵە دەیپاراستن.
شەهلا دەباغی لەبارەی پەرستنی پڕەنسیپی ژنانە لە میزۆپۆتامیا لەسەر زمانی گوڵدمان دەڵێت: گوڵدمان وەک ریدۆ ویگنێر پێی وایە لەم ناوچەیە کە بە میزۆپۆتامیا دەناسرێت، شارستانیەتێک هەبووە کە لەوێندەرێ پڕەنسیپی ژنانە دەپەرسترا.
وێل دورانت مێژوونووسی بەناوبانگی کتێبی هەزاران لاپەڕەیی (مێژووی شارستانیەت) لە بارەی کۆمۆنەوە وەها دەدوێت: کۆمۆنە کەسانێکی خاترجەم کردووە و ژیانیان لە کارەساتی هەژاری و نەزانی و دەرهاویشتەکانیان رزگار کردووە، دەرهاویشتەکانیان بە هەموو ئەو نەخۆشیانەوە کە لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا بەربڵاوە، بەڵام بە تەواوەتی لەو هەژاریە دەری نەهێناون. بەڵام هەرچی تاکگەراییە ئەوە دەوڵەمەندی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و لە هەمانکاتدا دڵەڕاوکێ و کۆیلایەتیشی هێناوە. لەبارەی کۆیلایەتییەوە دەتوانین بڵێن کە پێوەندی بە لاسەنگی ئابوریەوە هەیە و ئەمەش لە موڵکدارێتی تایبەتیدا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە و کۆمەڵێک مرۆڤ لە رێگەی پارەوە کە بنچینەی دروستبوونی دەسەڵاتە کۆمەڵێکیتر دەچەوسێنێتەوە.
عەبدوڵا ساڵح باس لە دۆزینەوە هەندێک مادە دەکات لە سروشتدا، کە کاریگەری لەسەر کۆیلایەتی ژن داناوە و دەڵێت: دوای ئەوە میتاڵی ئاسن و بڕۆنز دۆزرایەوە، کەرەستە جەنگ دۆزرایەوە و شەڕ دەستی پێکرد. ئەمانە سەرچاوە بوون بۆ کۆکردنەوەی سەروەت و سامان، لێرەدا نرخی نێر پەرەی سەند و دابەشکردنی کار هەڵگەڕایەوە و ژن کەوتە پەراوێزەوە و کاروباری ناوماڵی بۆ مایەوە، ئیتر پیاو بوو بە خاوەنی ئامێرەکانی جەنگ و گا، کوتاڵ و بەندە؛ مناڵیش کە بەرلەوە هی ژن بوون دەبنە موڵکی پیاو و میرات لە باوکەوە بۆ کوڕ مایەوە، هەرچەندە ژن بە درێژایی مێژوو لە هەوڵی وەدەستهێنانەوەی رۆڵی خۆی بوو، بەڵام بێ ئەنجام بووە، چونکە لە هەوڵدانێکی بێوچاندا بوو بۆ پتەوکردنی هێز و دەسەڵاتی خۆی بۆ ئەوەی لەگەڵ بارە ئابوریە نوێیەکەدا خۆی بگونجێنێ.
هێدیهێدی دەوڵەت چەکەرەی خۆی لەسەر موڵکداری دادەڕێژێت و لاسەنگی ئابوری هێز بەدوای خۆیدا دێنێت و زەمینە بۆ ئەوە دەرەخسێت، کە دەوڵەت لەسەر بنەمای هێز خۆی دامەزرێنێ. لاسەنگی ئابوری لە سەردەمی دایک نەدەبینرا و هێزێک لەئارادا نەبووە کە زەمینە بۆ دەسەڵات بکاتەوە. ئەم هێزە بە گەشەکردنی هەنگاوەکانی شارستانیەت لە چوارچیوەی دەوڵەتدا خۆی دەنوێنێت. سیستمی دەوڵەت سیستمێکە بۆ چەوسانەوەی مرۆڤەکان لە لایەن تاقمەیەکی کەمینەوە کە هەمان شوانەکانن، بەڕێوە دەچێت.
نیچە لەبارەی دەوڵەتەوە دەدوێت و دەڵێت: کۆمەڵە ئاژەڵی سرکی دڕندەی سپی پێست، گروپێک لەشکرکەشی بەرێز! بە هەموو سیستمە شەرئەنگێز و هێزە رێکخراوەکەیانەوە بە چنگە ترسناکەکانیانەوە، شاڵاو دەبەنە سەر خەڵکێکی زۆر کە رەنگە لە رووی ژمارەوە زۆر لە خۆیان زۆرتر بن، بەڵام هێشتا سیستمێکیان بۆ خۆیان دانەڕشتووە کە بارودۆخی خۆیانی پێ دیاری بکەن، ئەمە بنچینەی دەوڵەتە.
لیسەر ۆردیش هەر لەسەر دەوڵەت بەم شێویە قسە دەکات: دەوڵەت وەک شتێکی جیاواز لە سیستمی هۆزگەرایی - ئەو کاتە دەست پێدەکات کە رەگەزێکی مرۆیی پەلاماری رەگەزێکی دیکە دەدەن. سیمنەریش دەڵێت دەوڵەت ئەنجامی هێزە و هەر بەزەبری هێزیش دەمێنێتەوە.
یەکەمین دەوڵەت کە بەناو دەکرێ وەک فۆڕم دەوڵەتی ڕاهیبەکانی سۆمەڕە، راهیبەکانی سۆمەڕ خاوەن دەوڵەت و مێژووی نووسراون. لەم جوگرافیایەدا ئاوەکانی دیجلە و فوڕات رێگەی بۆ بەرهەمی زیادە کردۆتەوە. تایبەتمەندی سەرەکی ئەم جوگرافیایە ئەوەیە کە زیاتر لە پێداویستییەکانی دەستڕەنجی مرۆڤ بەرهەمی هەبووە و رێگەی بۆ موڵکایەتی و کۆیلایەتی کردۆتەوە.
لە میانەی پێشکەوتنی نووسینی بزماری لە (٣٠٠٠) ساڵ پ.ز بەمڵاوە قۆناغی مێژووی نووسراو، مێژووی سەردەستی پیاوە. دەوڵەت لە منداڵدانی زیگوراتەکانی سۆمەڕ، بەهێز و پاڵپشتی میتۆلۆژیا گەورە دەبێت و کۆیلایەتی لە فۆرمی پتەوی دەوڵەتدا بە پشتیوانی سەرمایە و میتۆلۆژیا بە شێوەیەکی سیستماتیک ئاوا دەبێت. ئەو داهێنانە نوێیە بە دەوڵەت ناوبرا واتا زیگوراتەکان بە هۆی ئەو بەرهەمە زۆرەی لێی کەوتبۆوە هەر لە سەرەتاوە لە لایەن ئایدۆلۆگەکانەوە ئەو سەردەمەوە لە لایەن راهیبەکانەوە بە پیرۆز گەیاندرا، بەو جۆرە وەکو نوێنەری سیستمە پیرۆزەکانی ئاسمان لەسەر زەوی لە بیر و هزری خەڵک جێگر کران و دەکران بەکاریگەرترین سەرچاوەی دەسەڵات، (Me) واتا یاسا، دەشێ بە تایبەتمەندییەکانی شارستانیەتیش بەناو بکرێت. تاکو ئێستا (١٠٤) یاسا دۆزراونەتەوە و نەوەد و نۆ تایبەتمەندییەکانی خۆی لەو یاسایانەوە دەردەگرێ.
ئازادی ژن لە مێژوودا شاراوەیە، بۆ ئازادی ژنیش دەبێ مێژووی ژن بزاندرێ. میتۆلۆژیاکانی سۆمەڕیەکان باس لە ململانێی نێوان ناکۆکی سەردەمی دایکایەتی و باوکسالاری دەکات.
گیلگامێش کۆنترین لەوحی نووسراو و بەجێماوی سەردەمی سۆمەڕیەکانە کە باس لە شەڕی خواوەندەکان دەکات. دەبێ ئەوەش بڵێین کە هەموو ئاینەکان کە بە میتافیزیکی ناوزەد دەکرێن، کەرەستەی خاوی خۆیان لە سۆمەڕیەکان وەرگرتووە و هەڵقوڵاوی سەردەمی باوکسالارین. ئەو مێژووە مێژوی خواوەندەکانی نێرینە و سەرمایەدارەکانە، مێژووی نووسراو ئەو راستیە دەردەخات.
چیرۆکی دروستبوونی حەوا لە پەراسووی چەپی ئادەم و فێرکردنی ناوەکان بە ئادەم، شکاندنی ئیرادەی ژن، ئەدەبیاتی باوکسالاری، رەتکردنەوەی داواکەی زولەیخا لە یوسف، هەموو ئەمانە لە ئێستادا ئیرادەی ژنانی پێ شکاوە. هەروەها منداڵبوونی حەزرەتی مەریەم بێ ئەوەی پێوەندی جنسی هەبووبێ، منداڵی دەبێت، گشت ئەو نمونانە زهنیەتی خۆیان لە میتۆلۆژیاکانی سەردەمی سۆمەڕ و بابل وەردەگرن و ئەمڕۆش کاریان لە شکاندنی ئیرادەی ژن داناوە.
ئەو ئوستورانە کە چەندها ساڵ لەمەوەبەر خوڵقاون، باس لە داڕمانی قۆناغی دایکایێتی و خودایانی ژن و هەروەها دەستپێکردنی قۆناغی باوکسالاری و جێگۆڕکێی ئاینەکانی سروشتی بەرەو باوەڕی تاکەخوداوەندی نیشان دەدەن.
ئانینا گوڵدمان لە وەسفی ئاینە تاکخوداوەندییەکاندا دەنووسێت: هەرچی نەجاتدەر و پێغەمبەرن هەموویان پیاون، و مێژوو و بەسەرهاتەکانی ناو کتێبە ئاسمانیەکان، هەموویان پیاوانەن، ژن بێوڵات و مێژوویە هیچ کەسایەتییەکی نییە، لە کاتێکدا مێژوو و ببنەماڵەی پێغەمبەران کە پیاون دیارە و ئەو ژنانەی کە منداڵیان نابێ خواوەند سزایان دەدا.
ژن نە تەنها لە مەیدانی چالاکی و ژیان دوور خراوەتەوە، بەڵکو بە گەوهەری راستینەی خۆی نامۆ کراوە، ژن ئەمڕۆ لە رێگەی زەواجی کلاسیکەوە تایبەتمەندی خۆی لەدەست دەدات و دەکەوێتە ژێر رکێفی پیاوەوە، ژنە نووسەر و فێمێنیستی فەڕەنسی لەبارەی زەواجەوە دەڵێت: ژن لە رێگەی یاساییەوە زەواج دەکات، هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی هاوسەرەکەی هەیەتی دەبێتە خاوەنی و بە وێنەی روبارێک لە دەریادا ون دەبێت و دوای مردنیش شوێنی هەر لە ئاسمانەکانە.
مێژووی ژن تا رادەیەک لەگەڵ میرات تێکەڵ بەیەک دەبن، ژنیش وەک میرات سەیر دەکرێت و لە ڕیزی کەرەستە و مەڕ و ماڵات دەبینرێ، لە ریزی کالا لۆکەکانە و پەردەی کچێنی بە هێمای لۆکی کالاکە دەبینرێ. هەموو ئەو میراتەش بۆ پیاوانە، دنیای دنیای پیاوانە. تەنانەت قورئانی کەریمیش بەم شێوەیە باسی لە میرات بۆ پیاوان کردووە: "ئازەزووی ژن و منداڵ، زێو و زێڕی زۆر، ئەسپی راهێنراو، هەروەها مەڕ و ماڵات و کێڵگە؛ کە ئەمانە خۆشی ژیانن لەبەر خاتری پیاو جوان رازێنراونەتەوە".
ژن لە سەردەمی باوکسالاری وەکو مرۆڤ سەیر نەکراوە، بەڵکو وەک بەشێک لە کەرەستەکانی پیاو بە ئەژمار هاتووە و بە جێناوی (ئەو - ئەویتر) ئەماژەی پێکراوە، وەک بڵێی ناو هێنانی ژن عەیبە.
ژن لە قۆناغی دەرەبەگایەتی لە چوارچێوەی ماڵدا خزمەتکاری دەرەبەگە، ئەم رەوشە لە کوردستاندا تا رادەیەک ئاسەواری هەر ماوەتەوە، تەنانەت چیرۆکنووس و شاعیران باسیان لە دەرەبەگایەتی کردووە. نمونەیەک لەم بەرهەمە ئەدەبیانە، چیرۆکی (خازێ)ی برایم ئەحمەدە کە باس لە زوڵم و زۆری ئاغا و دەرەبەگەکان دەکات کە جوتیار و ژنیان بە ئارەزووی خۆیان چەوساندۆتەوە.
عەباس ساڵح عەبدوڵا لە لێکۆڵینەوەی نامەی دوکتۆراکەیدا لەبارەی قۆناغی دەرەبەگایەتی دەڵێت: "ژنانی چینی دەرەبەگ وەکوو زیندانی لە ماڵ و حەرەمسەراکاندا ماونەتەوە و لە خزمەت خاوەنەکانیاندا بوون، وەکوو بەشێک لە کێڵگە کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە".
کتێبە پیرۆزەکان سەرچاوەیەکی زۆر بەنرخن لەسەر دۆخی ژن و وێنەی ژنان زۆر بە جوانی دەردەخن، کە چۆن کۆیلە بوون: لە قورئاندا سورەیەک بەناوی سورەی یوسف هەیە و باسی داستانی یوسف و زولەیخا دەکات، لەم چیرۆکەدا کە یوسف گوایە ئەمانەتدارە داواکەی خەدیجە رەتدەکاتەوە؛ لەم سورەیە ناوی خەدیجە وەک خەدیجە نایەت و بە جێناوی "ئەو" ئاماژەی پێکراوە، بەڵام حەوت جار ناوی یوسف لە سوڕەتەکەدا هاتووە. (من کیدیکن ان کیدیکن عظیم)، واتا ئەوە لە هەندێک فێڵی ئێوەیە، فێڵی ئێوەش زۆر گەورەیە. لەم ئایەتەدا باس ئاماژە بە خەدیجە کراوە و دەڵێ فێڵ دەکەی و فێڵت گەورەیە، واتا لێرەدا پێناسەیەک کە بۆ ژن کراوە فێلبازییە. هەی ژنی فێڵباز!
لە سیستمی کۆیلایەتیدا تاکە کۆیلە بە هەموو شتێکەوە تاکو مردن موڵکی خاوەنەکەی بێت، ژنە؛ ئەگەر بیهەوێ کاری پێدەکات، مەیلی لێ بێ دەیفرۆشێ و تەنانەت دەتوانێ بیکوژێ. لەم قۆناغەدا پیاوانی کۆیلەش خاوەن زەوی نین و لە خاک دابڕاون و ژنانیش کۆیلەی کۆیلەکانیشن.
لە قۆناغی سەرمایەداری تەنها شێوەی کۆیلایەتی دەگۆڕێت. فاکتەری سەرەکی لە گەشەکردنی سەرمایەداریدا پیشەسازی و ئامێرەکانی بەرهەمهێنانن. لە قۆناغی سەرمایەداریدا تاک گرێدراوی هیچ کەسێک نییە، مرۆڤ دەتوانێ بەرانبەر بە پارەیەکی دیاریکراو ڕەنجی خۆی بفڕۆشێ و هەر کەسێک کە خوازیار بێت.
لە قۆناغی سەرمایەداری شوێنی کارکردن دەکەوێتە دەرەوەی ماڵ، ژنان لە دەرەوە دەرفەتی کارکردنیان نەبووە و کاری ناوماڵیش وەک کار تەماشا نەکراوە. پاش شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی و لەناوچوونی هێزی کاری دەرەوە واتا پیاوان کە لە شەڕدا کوژران، کارخانەکان پێویستیان بە هێزی کار دەبێت و لە فەراغی پیاواندا ژنان دەچنە مەیدانی کارەوە، بەڵام بە دەستڕەنجی کەمتر لە پیاوان کاریان پێ دەکەن.
دیسان کارکردنی ژنان لەناو ماڵ و دەرەوەی ماڵ چەسانەوەی دووبارەی ژنان نیشان دەدات. لە سیستمی سەرمایەداریدا چەساندنەوە زیاتر دەبێت، بە ملیونان ژن لە پێناو بژێوی کەس و منداڵەکانیدا لە کارگە و کارخانەکان دەچەسێندرێنەوە و بە چاوی سوک تەماشایان دەکرێت. لە سەرمایەداریدا ژن زۆر بە شێوەیەکی ئارام بێرۆح دەکرێت و جەستەی دەهێڵدرێتەوە، ژن دەبێتە بوونێکی مادی و جەستەیی و لە بەهای مرۆڤایەتی دادەماڵرێت. سیستمەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ژن دەکاتە ئامرازێک بۆ پڕۆپاگەندەی کالاکان. لەسەر کەناڵەکانی راگەیاندن دەبنە ئامێری ریکلام و هەندێکجار پاشکۆی دەسەڵات و هەندێکجار تەواو وەک ئەقڵیەتی دەسەڵاتدار - پیاو- خۆیان دەنوێن، هەندێک هەوڵ دەدەن وەک پیاو بن. بەگشتی تا رێژەی ناهاوسەنگی ئابوری و جیاوازی ئابوری لە نیوان ژن و پیاو زیاتر بێت، ئەوە مرۆڤ زیاتر دەبێتە کۆیلە، لەسەرووی پیاوەوە ژن زیاتر کۆیلە دەبێت.
لە راستیدا ژن بە گەوهەری سروشتی خۆی نوێنەرایەتی ئابوری هاوسەنگ دەکات و لەگەڵ رۆحی نابەرابەریدا تەبا نییە. هەموو ئەو قۆناغانەی کە ژنی تێدا کۆیلە بووە، زهنیەتی پیاوسالاریدا تێدا سەردەست بووە، بەڵام لە ئێستادا ژن لە میزۆپۆتامیا بە شێوەیەکی تر تێکۆشان درێژە پێدەدەن کە فوو لە هەموو ئەو چیرۆکانە دەکات کە ژن بە فێلباز دەنرخێنێت.
سەرچاوەکان:
ئارام رەشید - جەهالەتی ئیسلام و دنیای هاوچەرخ
ئیبراهیم ئەحمەد - کوێرەوەری
سیمۆن دی بۆڤوار - رەگەزی دووەم
شەهلا دەباغی - ژمارە (١٨ - ١٩)ی گۆڤاری رەهەند
عەباس ساڵح - عەبدوڵا فێمینیزم لە شێعری کوردیدا
عەلی مەولود - سوسیالیزم و پرسی ژن
قورئان - وەرگێڕدراوی مامۆستا هەژار
ویل دورانت - مێژووی شارستانیەت
