لیبراڵیزم چییە؟

لیبراڵیزم لە کڵاوڕۆژنەی ڕامانەکانی کۆمەڵناسی کورد (عەبدوڵڵا ئۆجالان)ـەوە

 


میدیا ساسان

لە کرمانجییەوە: سوورێن ئیبراهیم

 

ڕەگوڕیشەی چەمکی لیبڕاڵیزم لاتینییە و بە واتای ئازادیخوازیی دێت، لە چاوگی Liberـەوە داڕێژراوە، ئەمە لە واتای ئازادیخوازییەوە ڕەنگڕێژ کراوە، ئەم وشەیە بە فەڕەنسیی پێی دەوترێت Liberte، چەمکی لیبراڵیزم لە سەدەی شانزەدا بۆ پێناسەی ئایدۆلۆژیای ناوەندگەرای مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی کەوتە سەر پێ، ئەم چەمکە یەکێکە لە درووشمەکانی شۆڕشی فەڕەنسیی، «Liberte, Egalite, Fraternite», واتە: «ئازادیی و یەکسانیی و برایەتیی»، لیبراڵیزم ئایدۆلۆژیایەکی نەرمە و دەتوانێت لە گشت هەلومەرجێکدا خۆی بگونجێنێت. بەپێی بنەوانی فەلسەفیی ئەم چەمکە، تاکەکەس شاتەوەرە. تاک مافی خۆیەتی چۆنی بوێت ئاوا بژی، نەک چۆنی لێ داوا دەکەن. تا تاک لە گۆڕی خۆی بیت، ئەوا دەتوانێت هەر هەڵوێستێکی بوێت، پێشی بخات و چۆنی بوێت ئاوا بژی. ئازادیی تاکەکەسیی لە سەروو هەموو شتێکەوەیە. ئەوانەی بەرگریی لە لیبراڵیزم دەکەن دەبێژن؛ ئامانجیان ئەوەیە تاک لە چەپۆکی سیاسیی و ئابوورییی و کەلتووریی، وەک سێ کۆڵەکەی دەسەڵاتگەریی، بپارێزن. لیبراڵیزم لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا وەک ئایدۆلۆژیای فەرمیی سەرمایەداریی هەڵڕەنگا. سەرمایەداریی ئەم بیرەی بە تانوپۆی جڤاکدا بڵاو کردووەتەوە و بەدەزگای کردووە.

ئێمە دەتوانین مێژووی لیبراڵیزم وەک قۆناغەکانی لیبراڵیزمی کلاسیک و نیولیبراڵیزم پۆڵێن بکەین. ئەوانەی ڕۆڵیان لە ڕسکاندنی لیبراڵیزمدا گێڕاوە 'جۆن لۆک و دەیڤد هیوم و جێرمی بێنسام و ئادەم سمس و جەیمس میڵ و جۆن ستیوارت میڵی کوڕییەتی، تیۆری لیبراڵی وان کەسان جیاوازییەکی وای تێدا نییە. تەنیا بڕێک جیاوازیی لە ڕووکەش و پراکتیکیاندا دەبینرێتەوە. ئامانجی هاوبەشیان ئەوەیە هەموو ئەو دامەزراوانەی وا دەوڵەت بنیاد دەنێن؛ جا هەر لە ئازادیی تاکەکەسییەوە تا سەربەخۆیی دەزگاکانی یاسادانان و دادوەریی و ئازادیی ئابووریی، بپارێزن.

کۆمەڵناسی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان لە پارێزنامەکانی خۆیدا لیبراڵیزمی ئاوا ناساندووە: «ناسینی ڕەهەندی فیکریی لیبراڵیزم گەلێك گرنگە. تەنیا تاکگەرایی و ئازادییخوازیی ئەم پێناسەیە تێر ناکات. لایەنی واتا لە شۆڕشی فەڕەنسییدا وەک چەمکەکانی یەکسانیی و برایەتیی دەرکەوتووە، زانایان 'Liberte, Egalite, Fraternite'ـیان وەک چەمکێکی سەرەکیی لای ڕاستی بناژۆخواز و چەپی دیموکرات و پاشانیش سۆسیالیستەکان بینییەوە. ئەو ئەمە وەک ڕامانێکی میانڕۆ و ڕەپێشخەری سیستەمی (پاوانخوازیی سەرمایەداریی) بەبێ پێویستیی شۆڕش» پێناس دەکات.

سەرباری ئەوەی لێکۆڵینەوە لە مێژووی لیبراڵیزم گرنگە، هاوکات تێگەشتن لەو هەلومەرجەی لیبراڵیزمی ڕەنگڕێژ کردووە، پێویستە. ئەودەم باشتر دەزانین لیبراڵیزم بۆ کێ واتای چییە. بەرێز ئۆجالان لە پارێزنامەکانی ئەم دواییەی خۆیدا ڕەهەندی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی لیبراڵیزمی شڕۆڤە کردووە و لیبراڵیزمی وەک ئایدۆلۆژیای سەرەکیی سەرمایەداریی لەپێناسە داوە. لیبراڵیزم بۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بەهایەکی هەنووکەیی هەیە، تا ئەمڕۆش ئایدۆلۆژیای سەرەکیی بزواندنی ئەم سیستەمەیە. گەر ئێمە لیبراڵیزم بەپێی جیهانبینیی تازەی خۆمان هەڵبسەنگێنین، ئەوا گەرەکە ڕەهەندی مێژوویی و کۆمەڵایەتییشی هەڵبسەنگێنین. لە جیهانبینیی کۆنی ئێمەدا پۆزەتیڤیزم و قەدەرگەرایی باڵکێش بوون، چونکە کاریگەریی جیهانبینیی مارکسیزم لە گۆڕێ بوو. بە پێودانگی ئەم جیهانبینییە کاتێك ئێمە ڕووداوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەمان نرخاند، ئەوا ئەو سیستەمەی ئەزموون کراوە وەک پێویستییەک دەبینرێت. ئێمە سەرمایەداریی وەک ئەو قۆناغە تەماشا دەکەین وا گەرەکە بۆ گەیشتن بە سۆسیالیزم ئەزموون بکرێت. ئێمە لە ڕووی هەلومەرجی مادییەوە پێشهاتەکانمان بەرباس دا، لە جیهانبینیی نوێدا، بەڕێز ئۆجالان پێشهاتەکان بەپێی کاکڵەی ماددیی و زەینیی هەڵدەسەنگێنێت. بەرێز ئۆجالان لە بەستێنی مێژووییدا کۆمەڵ وەک: کۆمەڵی سرووشتیی و کۆمەڵی شارستانیی و جڤاکی دیموکرات بەرباس دەدات. ئەمە شڕۆڤەیەکی سۆسۆلۆژیی مێژوویی و جڤاکیی نوێیە، بەپێی ئەم جیهانبینییە ئێمە دەتوانین ڕاستینەی هەموو سیستەم و ڕووداو و دیاردەیەکی مێژوویی باشتر بناسین. مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی وەک دواقۆناغی سیستەمی شارستانیی ئەزموون دەکرێت. بە گشتیی سیستەم بەپێی پێڤاژۆی لەدایکبوون و گەشە و پووکانەوە دەبزوێت. پێڤاژۆی پووکانەوە بە کایۆس (گێژاو)ـیش ناودێر دەکرێت. هەرچەندێک ئەنجامەکانی پێڤاژۆی کایۆس پێواریش بن، لێ کاتی هەرە گونجاون بۆ ئازادیی. کام هێز ڕێکخستووتر بێت، ئەوا ئەو هێزە ئەنجام یەکلا دەکاتەوە. ئێستا ئێمە لەدایکبوونی لیبراڵیزم بەپێی ئەم تێگەیشتنە مێژووییە شیکار دەکەین.

سیستەمی سەردەست لە ئەورووپای سەدەکانی ناوەڕاست دەرەبەگایەتیی بوو. کڵێسە و ئیمپڕاتۆرییەتەکان نوێنەرایەتیی ئەم سیستەمەیان دەکرد. ئەم سیستەمە کاتێك تووشی قەیران دەبوو، ئەوا بە شەڕی خاچپەرەستەکان گەرەکیی بوو تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، بەڵام سەر نەکەوت. ئەم قەیرانانە بوونە هۆی ئەوەی ناکۆکیی هەناوی سیستەمەکە داتەکێنێت. ئەو فشارانەی ئەم سیستەمە دەیخستنە سەر کۆمەڵگە، هەژاریی و نەخۆشیی و ئاڵۆزییان لە نێو گەلدا هەڵکشاند. پاش سەدەی سیانزە تا دەهات ئەم ڕەوشە سەنگینتر دەبوو. ئەم سەردەمە دەستپێکی قۆناغی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی دەرەبەگایەتییە. جا لە یەکگرتنی سێ پاوانکەری دەسەڵاتداریی پێک هات. ئەوانیش پاپا و ئیمپراتۆر و هێزە هەرێمییەکان بوون. بەپێی پەیوەندییەکی هیرارشیی گرێدراوی یەکتری بوون. پاپا سەرداری هەموویان بوو، کڵێسا وەک پاڵهێزی ئایدۆلۆژیی و مەعنەویی سیستەم، هەبوونی خۆی مسۆگەر دەکرد. لەبەر ئەمە کڵێسا لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا ڕێکخستنی خۆی دابین دەکرد. کڵێسا خاوەنی سامان و دەوڵەمەندییەکی فرە بوو. لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕێنینسانس و هەڵوەشانەوەی موتڵەقگەرایی پاپا، بناغەیەک بۆ چنینی تانوپۆی ڕامانی نوێ ڕەنگڕێژ بوو، پاشانیش ڕیفۆرمی کڵێسا دەستی پێ کرد. دوای ڕێنینسانس و سەرهەڵدانی ڕیفۆرم، بیرۆکەی نوێ بۆ زەمینەخۆشکەریی هاتنە گۆڕێ. لەو سەردەمەدا بزووتنەوەی دۆزینەوەی جوگرافیا سەریان هەڵدا. ئەو شانشینانەی ئاوا بوون، دەستیان بە داگیرکاریی کرد. شانشینەکان بۆ دۆزینەوە و داگیرکاریی پشتگیریی ماددیان پێویست بوو. ئەم هەلومەرجە دەرگای بۆ هەڵکشانی فرەتری چینی ناویین لە فۆرمی بازرگاناندا خستە سەر پشت. عەبدوڵڵا ئۆجالان پێی وایە چینی ناویین لەلایەن ئەم توێژەوە ڕەنگڕیژ کراوە و لە سەرهەڵدانی شارستانییەتەوە هەیە. لەبەر ئەوەی ئەم چینە دژی کۆمەڵگەیە و هەڵپەرەستە، کۆمەڵگە و دەسەڵات خۆشیان لە چارەی نایەت. ئەو ڕەوشەی توێژی بازرگان بەسەر چینی ناوینیدا دەیسەپاند ئەوە بوو؛ لە سەرەنی گەمەکردن بە نرخەکان و پاوانی بازاڕ لە نێو لەپی خۆیاندا؛ قازانجیان دەچنییەوە.

هێزە سەردەستەکانی تریش، لەبەر ئەوەی نەیاندەتوانی چینی ناویین بخەنە ژێر جڵەوی خۆیان، لە ناکۆکییدا بوون و ناکۆکییان بەگوژمتر دەکرد. ئەم چینە لە مێژوودا هەمیشە خۆی لە درزەکانی کۆمەڵگەدا دادەشارد، بە دەستپێچی ئەم قەیرانە خۆی لە گۆڕەپانەکەدا بە پێوە دەهێشتەوە. لە کاتێکدا پێشتر چینی ناویین بوونی خۆی لە دەسەڵاتدا دەبینییەوە، بەڵام بۆ ئەوەی سوود لەو قەیرانانە وەر بگرێت، ملی بۆ دەسەڵات پێوە نا. چینی ناویین جگە لەوەی هەوڵی دەدا بەپێی ئەو هاوپەیمانیێتییانەی لەگەڵ شانشینەکاندا گرێی دابوو، بەشی خۆی لە دەسەڵات داپچڕێ، ئەرستۆکراتە هەرێمییەکانیشی لە تەخت و بەختی دەسەڵات داگرتە خوارێ. لە ئەنجامی ئەم هاوپەیمانییەدا ئیمپراتۆر و پاپا و ئەرستۆکراتە هەرێمییەکان، کە دەرەبەگایەتییان دەنواندەوە، تارومار کرد. لەگەڵ داکشانی پاپا دەسەڵاتی کڵێسەی ناوەندیی چۆڵ بوو و لە جێی کڵێسای ناوەندیی گەلێک کڵێسە و ئایینزای تر ڕسکێنران.

هەرچەندە ئایینزای کاسۆلیک و پرۆتستانت و ئەنگڵیکان وەک پەرچەکرداری جڤاک دژی حکومەت سەریان هەڵدا، بەڵام لەبەر ئەوەی چینی ناویین بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان کردنی بە دەستپێچ، بوونە کۆڵەکەی هەڵڕەنگانی بیری لیبراڵیزم. چونکە دۆگماکانی سیستەمی کڵێسای ناوەندیی موتڵەقگەرا ڕێی پێشکەوتنی لیبراڵیزیمان نەدەدا چونکە لیبراڵیزم کەڵکەڵەی لێکترازانی شاپایەی دامەزراوەکانی لە کەلـلە دەگەڕا.

ئایینزای پرۆتستان لەبەر تێگەیشتنی بۆ تاک، پێش گەشت شتێك کۆڵەکەیەکی بۆ لیبراڵیزم پاوەجێ کرد. ئەم ئایینزایە لە ئەنجامی ئەو بزووتنەوەیەی لە سەدەی شانزە بە پێشەنگێتیی مارتن لۆسەر دەستی پێ کرد، ڕەنگڕێژ بوو. پرۆتستانت دژی ئەو وشکەبیرییەی پاپا ڕێی بۆ چاکسازیی لە ئایینی مەسیحییدا هەمووار کرد. جا بیری فێرگەیی (scholastic) لە ڕەگوڕیشە دەرهانیی، کە فەلسەفەی بنەڕەتیی کڵێسە بوو. پێکهاتەی کۆمەڵی سەدەکانی ناوەڕاستی هەڵگەڕاندەوە. ئەم ڕەوشە ڕێی بۆ سەردەمی ڕۆشنگەریی خۆش کرد. ئیدی لەبری ئەوەی پشت بە کڵێسە ببەستن، پشتیان بە ئەقڵ دەبەست. ئەوان ڕووداو و ڕاستییەکانیان بەپێی زانست و فەلسەفە شڕۆڤە دەکرد نەک شیکارییەکانی پاپا. لەم سەردەمەدا بیرمەندی وەک دیکارت و گالیلۆ و فرانسیس بیکۆن دەرکەوتن.

لە سۆنگەی ئەم زهنییەتە تازەیەوە کۆمەڵ لە گەلێک ڕەهەندەوە پێش کەوت. لە فەلسەفە و زانست و پزیشکیی و هونەردا پێشکەوتنی نوێدەم دەڕسکان. ئەستێرەناسیی و جوگرافیاناسییش باوەڕی خەڵکیان بە کڵێسە لاواز دەکرد. سەدان زانای وەک برۆنۆ و تۆماس مۆر قوربانیی مەزنیان لە ڕێی ئەم پێشکەوتنەدا دا. ئەم ئاستەی هۆشمەندیی بەرانبەر سیستەمە سەردەستەکان ڕابوونیان لە نێو گەلدا مشتوماڵ دا و شۆڕشیان خێراتر کرد. شۆڕش سەرەتا لە بەریتانیا (١٦٤٨) و هۆڵەندا (١٦٨٨) و ئەمریکا و پاشانیش فەڕەنسا هەڵگیرسان.

عەبدوڵڵا ئۆجالان لە پارێزنامەکانیدا بەم ڕەنگە شرۆڤەی ئەم پێڤاژۆیەی کردووە: «بێگومان ڕاست نییە گەر مرۆڤ هێزی ئەو زانین و فەلسەفەیەی لە سەدەی شانزە هەڵکشا، وەک هێزی پێشەنگی پاوانی سەرمایەداریی هەژمار بکات. ڕاستییەکەی زۆرینەی ئەوانەی لە هەر سێ بزاوتی مێژوویی (ڕینینسانس، چاکسازیی و ڕۆشنگەریی)ـدا ڕۆڵیان وازیی کرد و لە ڕووی چۆنێتییەوە زاڵ بوون، ماخۆی زهنێکی ئازاد و ژیر و ئەخلاقیین، ئێمە دەزانین چەمۆڵەیان لە چینایەتیی و شێوازی ژیانی سەرمایەداریی دەنا. بێگومان ئەو شۆڕشە زهنییەی لە ئەورووپا سەری هەڵدا، بۆ مرۆڤایەتیی لە هەر چوارقوڕنەی جیهان، بەهایەکە. بەشێکی مەزنیان هیومانیست بوون. تەرێزیان لە ئایین و نەتەوەپەرەستیی دەگرت. هەروەها خەباتی زانستیی و فەلسەفیی بۆ خۆی شۆڕشێک بوو. گەر ئەمە ڕەپاڵی توێژێکی کۆمەڵایەتیی بخەین، ئەوا گومانی تێدا نییە ئەوانەن وا زۆر پێویستیان بە ئازادیی و یەکسانیی و دیموکراتییە نەک ئەوانەی سەر بە بەهاکانی شارستانێتی کلاسیکیین. وەک چۆن ئابووریی جارێکی تر لە ژێر چەپۆکی پاوانی دەوڵەتدا بوو، بەو ڕەنگە بزووتنەوەی پاوانخوازیی ئایدۆلۆژییش کاریگەر بوو. ڕابوونی سیاسیی و زەینیی و ئابووریی بە چالاکییەکی فراوان سەرکوت کران. لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەدا نەک تەنیا لە بواری پاوانی ئابووریی (پیشەسازیی)ـدا، بەڵکوو لە بواری سیاسیی (شۆڕشی فەڕەنسیی) و بواری ئایدۆلۆژیی (نەتەوەپەرەستیی و دەوڵەت-نەتەوە)ـەشدا سەر کەوت. ئەوانەی بەزێنران کاتۆلیکی مەسیحیی و پاشایەتیی دێرین و ئیمپراتۆریی و هیومانیزم بوون. وەک چۆن ئابووریی لەلایەن پاوانخوازی دژبەریەوە هەڵلووشرا، ئاواش بزووتنەوە دیموکراتەکان و گەلان لەلایەن دەوڵەت-نەتەوە و نەتەوەپەرەستییەوە هەڵلوشران. ئەرکی ئەرستۆکرات و کڵێسای کاسۆلیک و هەموو مەسیحییەت ئەوە بوو لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان هاوپەیمانییەکی نوێ لەگەڵ کاربەدەستە نوێیەکان ببەستن. هەرچەندێک وەک پێشێ ڕۆڵیشان نەبێت، بەڵام تا دەکرێت بەپێی هەلومەرجی گونجاو لەگەڵیان ڕێک بکەون. لەبەر ئەمە تا سەدەی نۆزدە تەنیا پاوانی ئابوورییان نەکرد. بە ئەندازەی ئەمە سەرکەوتنی ئایدۆلۆژییش گرنگ بوو و وەچنگ خرابوو.»

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا لیبراڵیزم بە خستنەڕووی ئارگۆمێنتی پێویست خۆی بە دەزگا کرد و بوو بە ئایدۆلۆژیای فەرمیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی. دەوڵەت-نەتەوە وەک پەرگاڵی دەوڵەت باڵادەست بوو و ئەو پیشەسازییەی لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازییدا گەشەی سەند، بووە پیشەسازییگەراییەک کە تاکە ئامانجی قازانج بوو. بە ناوی دژایەتیی ئایین و پێشخستنیی سکۆلاریزمێکی دۆگماترەوە، چەمکی ئەخلاقیی لە جڤاکدا لاواز کرا. دەوڵەت لەنوێ چاوی بە پەیوەندییەکانی تاک و کۆمەڵدا خشاندەوە و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی تانوپۆی سیستەمێکی نوێی یاسایی مشتوماڵ دا. ئابووریی هەڵپڕووکاند و وەری گەڕاندە سەر ئابووریگەرایی. ئەخلاقی کۆمەڵگەی پووکاندەوە و بە دەساوێژی سێ (س)ـەکە[1] هەڵی وەشاندووەتەوە. لە سۆنگەی پێشخستنی نەتەوەپەرستیی وەک ئایدۆلۆژیای فەرمیی دەوڵەت-نەتەوە، پاکتاوی لە نێوان گەلاندا درووست کرد. لەبەر ئەوەی مۆدێرنیتە ناوەندەکەی ئەورووپای ڕۆژئاوایە، بە هەموو شوێنەکاندا ژاوەی کرد و شەڕی فرەلایەنی لێ کەوتەوە. لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا شەڕی زلهێزە چەپۆکسالارەکان و شەڕی چینایەتیی و جیهانیی شانیشانەی قەیرانی لیبراڵیزمی کلاسیکە.

لە ئەنجامی قەیرانی ئابووریی ساڵی ١٩٣٠ تێزی ئابووریی کینز2[2]، کە هی سۆسیال-لیبراڵەکان بوو، هاتە گۆڕێ، لە بنەوەڕا ئەو تێزە هەوڵی چارەسەری دوو خاڵی دەدا:

یەکەم: خاوەندارێتیی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانیان لە ژێر چەپۆکی دەوڵەتدایە.

دووەم: لەو قەیرانە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەی چین و توێژەکانی تێدا دەژێن، دەوڵەت ڕۆڵی ناوبژیوان دەگێڕێت و چارەسەر دەدۆزێتەوە. کینیزمی پراکتیکیی لە بنەوەڕا هەوڵی ئاشتکردنەوەی 'لۆژیکی سەرمایە' و 'لۆژیکی چینی کرێکار'ـە. ئەم تێگەیشتنەی لیبراڵ-سۆسیالەکان نەبوو بە چارەسەر و ساڵی ١٩٦٠ هەڕۆژا. جا لە بری ئەمە لە شەستەکاندا جێی بۆ نیولیبراڵیزم لێژ کرد. پایەکانی نیولیبراڵیزم پاش شەڕی دووەمی جیهانی داڕێژران. کاتێك خەڵک متمانەی بە تیۆری ڕزگاریی نەما، ساڵی ١٩٦٠ لە ڕێی کورسی خوێندنی خۆڕاییەوە فێرگەی خۆی لە ئەڵمانیای فیدراڵ کردەوە. ساڵی ١٩٧٨ نیولیبراڵیزم بۆرژوازیی بەگوڕ کرد و وەک ئەو «دەستە شاراوە»ـی بازاڕی لەنێو لەپ بوو، پێناسی کرد. لە ئەنجامدا ساڵی ١٩٧٨ دەستەی زانستیی وەزارەتی ئابووریی ئەڵمانیای فیدراڵ سیاسەتی نیولیبراڵیی خۆی ڕاگەیاند. لەو سەردەمەدا مارگرێت تاچەر لە بەریتانیا و ڕۆناڵد ڕیگان لە ئەمریکا بە پێودانگی نیولیبراڵیزم هاتنە سەر تەخت. بەپێی ئەم سیاسەتە دەوڵەت سەرپاک لە ئابووریی دەکشێتەوە و لە سۆنگەی تایبەتکردنەوە دەوڵەت نەختوپوخت دەبێتە سەرمایەداریی. سا بۆ ئەوەی بازاڕ هێزی بۆ بگەڕێتەوە و زەمینە بۆ جووڵە خۆش بێت. وەرن با ئەم بەشەی مێژوو بەم هەڵسەنگاندنەی عەبدوڵڵا ئۆجالان لەمەڕ نیولیبراڵیزم کۆتایی پێ بهێنین:

«تەنانەت گەر بە ئایدۆلۆژیی فەرمییش ناودێری نەکەین، بەڵام ڕەوتە ئایدۆلۆژییەکانی نزیکی دەرکەوتوون. لیبراڵیزم وەک ڕەوتێکی بۆرژوازیی نەیتوانیی زۆر کار لە دەوڵەت بکات. ئەزموونی سۆسیال دیموکراتەکانیش تووشی هەمان چارەنووس بوو. هەرچەند ئایدۆلۆژیای چەپ بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دژی حکومەتن، بەڵام ئاسۆی دەربازکردنی دەوڵەتپارێزیی لای ئەوان لەگۆڕێ نییە. هەموو ئەم ئایدۆلۆژیایانە ڕاستینەی خۆیان و ئەو ڕۆڵەی لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا دەیانگێڕا، ئاشکرا کرد. ئەم ڕاستییە بۆ ڕەوایەتیی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان مەترسییەکانی ڕژد بوو. جا ئەو لەو کاراماییە پێکۆڵە بێبەش نابێت وا باندۆر دەخاتە سەر کۆمەڵ. ناڕازییانی گەل باری سەرنج دەخەنە سەر ئەو بزووتنەوانەی وا نادەوڵەتین. هەرچەند شۆڕشی ١٩٦٨ کەموکووڕیی زۆری هەبوون، بەڵام دەرگای لەسەر ئەمە خستە سەر پشت، لە چەپڕەوەکانەوە تا فیمینیزم و بزووتنەوە ژینگەپارێز و کەلتوورییە خۆجێیەکان لە گەلێک گۆڕەپاندا دژبەرێتییەکی نوێیان دژی دەوڵەت پێش خست. لە سەرەنی ئەم هۆکارە بنەڕەتییەوە سیستەم بۆ نێو گێژاو سەرەولێژ بووەوە. لەلایەکی ترەوە هەڵکشانی قەیرانی ژینگەیی و زیادکردنی مووچە لە ئەنجامی سیاسەتی ئیمتیازات، بووە هۆی داکشانی خواست و تێچوون و خستنەڕووی زۆر بەهۆی هەژارییەوە. ناکۆکییەکانی سیستەمی هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئەورووپا و ژاپۆن هەڵکشان. پێشبینی دەکرا نیولیبراڵیزم پاش ساڵی ١٩٨٠ چارەسەری ئەم قەیرانە تازەیەی گێژاوەکە بکات. کەوتنی سۆڤێت لە ساڵی ١٩٩٠ بۆ ئەم سیستەمە سەرکەوتن نەبوو، بەڵکوو هۆکارێکی هەڵکشانی قەیرانەکە بوو. بزووتنەوەی نوێی جیهانیی نیولیبراڵیزم لەم هەلومەرجەدا خەتوخاڵی دا. لەژێر بۆردومانی میدیای پاوانکراودا، هەوڵ درا پەرە بە پارادیگمای ساختە بدرێت. پاڵپشتیی تیۆریی بۆ پێناسەی ئامانجە نوێیەکانی سیستەم خێرا کران. لەبری کۆمۆنیزم پەرەیان بە 'پێکدادانی شارستانییەتەکان' دەدا، بە تایبەت ناسازگاریی ئەو ڕژێمانەی لەسەر جوگرافیای ئیسلامیی درووست بوون لەگەڵ بەرژوەندییەکانی سیستەم، ڕۆژبەڕۆژ هەڵدەکشا.»

دواجار لیبراڵیزم بە پێشەنگێتیی چینی ناویین خۆی نۆێ کردووەتەوە و وەک لە زۆر گۆڕەپاندا خۆی وەک ئایدۆلۆژیای سەرمایەداریی خۆی سەپاندووە. سەرباری زهنییەتی فراوانخوازیی بێسنوور و لیبراڵیزم، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی نادیموکراتیش بوونی ئایدۆلۆژیی و ڕێکخستنی سیاسیی خۆیان پێش خستووە. هاوکات دژ بە ڕیشاژۆبوون و بڵاوبوونەووی لیبراڵیزم، زهنییەت و ڕێکخستنی سیاسیی دیموکراتیش تانوپۆ دەکوتن.





[1] مەبەست لە سێینەی (سێکس و سپۆر 'وەرزش' و سەنعەت 'هونەر')ـە. و

[2] ئابووریناسێکی سەدەی بیستە، تێزە ئابوورییەکانی ناوەکەیان بۆ ڕێبازێکی ئابووریی داشکاندووە، ئەم ڕێبازە پێداگریی لە جڵەوی ئابووریی و سەرمایە لە نێو لەپی دەوڵەتدا دەکات، کینز پێی وایە خواست خستنەڕوو ڕەنگڕێژ دەکات. ئەو دەڵێت؛ سەرمایە ناتوانێت خۆی بە تەنیا لەسەر پێ ڕابگرێت، بەڵکوو گەرەکە دەوڵەت و بانکی ناوەندیی هەماهەنگیی بسازێنن و جڵەوی بکەن. بەپێی ڕامانە ئابوورییەکانی کینز، دەبێت دەوڵەت ڕۆڵێکی ناوەندیی بگێڕێت و تێکڕای ئابووری لەسەر نووکەپەنجەی دەوڵەت هەڵسووڕێت. و

پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر