واقیعی خێزان



گۆڤاری ژیانەوە 

ئازادی ئامانج و تێکۆشانێکە، لە پێناویدا کۆیلە دژ بەکۆیلایەتی یاخی دەبێت، و لە چوارچێوەی ئەم ئامانجەیدا وێڵە، لەسەر پێداگیریکردن لە ئازادی. لێرەدا، پێناسەکردنی کۆیلایەتی بەس نیە. چونکە پێناسەی کۆیلایەتی کردن هەر تەنها هەنگاوی یەکەمە. شتی هەرە گرنگ پێناسەکردنی ئازادییە. پێناسەی ئازادیش لەڕێی خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و ئازادبوونەوە دەکرێت. لەم سۆنگەیەوە لە هیچ ڕوانگەیەکی ترەوە ناتوانرێت پێناسەی بکرێت. تێکۆشانی مرۆڤ بۆ  گەیشتن بە ناسینی خۆی، خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە ململانێی چینایەتی و خەباتی نەتەوەی سەدان ساڵەیە. ناتوانین بڵێین مرۆڤایەتی و مرۆڤ لە ئێستادا گەیشتۆتە ڕادەی ناسینی خۆی. ئەو شەڕە بنەڕەتییەی مرۆڤایەتی لەپێناویدا تێدەکۆشێت، شەڕی ناسینی خۆی و ماناپێدانییەتی. خەباتی کۆمەڵگە و لەنێویشیدا بەتایبەت ژنان، هێشتا  بەم ئاڕاستەیەدایە.  پەیوەست بە هەموو ئەمانەوە، دامەزراوەکانی سیستەم، بووەتە هۆی ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەوەی ژیانێکی هەڵە لە ژنان و کۆمەڵگە بخاتەوە و دووچاری دۆگماگەلێکی کردووینەتەوە؛ و زەروورە پێناسەی ئەوەی بکەین، کە پێویستە بۆ تێکشکاندنی ئەمە بکرێت. ئەوسا پێناسەی ژن چۆن بکرێت، ژن لەم واقیعە هەبووەدا چۆن خۆی پێناسەدەکات؟ بەدڵنیاییەوە، وەڵامی ئەم پرسیارانە بەرەو ژیانێکی ئازاد و خاوەن ناسنامەمان دەبات. لەم خەباتەدا هەقیقەتێکمان دەردەکەوێت کە لەگەڵ ئازادبوونماندا جوانمان دەکات، و لەگەڵ جوانبوونیشماندا، وامان لێدەکات خۆشویستراو بین.

سۆسیۆلۆژیای باڵادەستی هەتاوەکو ئەمڕۆ، پێناسەیەکی کافی و قایلکەری بۆ خێزان نیە. بە ناوی کۆنکرێتیبوونەوە، پێناسەیەکی، دابڕاو لە مێژوو و شکڵی/فۆرماڵ و دوور لە جەوهەر و لە نزمترین ئاستدا بۆ خێزان دەکرێت؛ و ئەمەش وەک ئەوەی دیاردەیەک بێت لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا ڕەوا بێت، دەخرێتەڕوو. بەپێی ئەم پێناسەیە، کە لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆژییەوە پەسەندکراوە و خزاوەتەوە ناو ئاگاییەوە، خێزان لە مانا باوەکەیدا لە دایک و باوک (ژن-مێرد) و منداڵەکانیان پێکدێت و بچووکترین یەکەی کۆمەڵگەیە. لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆژییەوە ئەم پێناسەیە هەر لە یەکەم نیگاوە چاو دەکەوێتە سەر دوولایەنیەکەی. یەکەم، لە مانایەکی بەرتەسکدا پەیوەندیەکی خوێنی بوونی هەیە؛ دووەم، دیسانەوە لە مانایەکی بەرتەسکدا، یەکەیەکی بوونیادیی کۆمەڵایەتییە.

لێرەدا لە پەیوەست بە پەیوەندی خوێنیەوە، لە واتا فراوان یا بەرتەسکراوەکەیدا، هەرچەندە لە پێناسەکردنی خێزاندا گرنگیش بێت، جەوهەری بنەڕەتەکەی مژارەکە پێکناهێنێت. ئەوەی گرنگە لێرەدا، بەکارهێنانی لایەنی یەکەمە، بەشێوەیەک کە لایەنی دووم پشتڕاست بکاتەوە و وەک بەڵگەیەک بێت بۆی؛ و هەروەها لەم واتا بنەڕەتییەوە دەستەواژەی "بچووکترین یەکەی سۆسیۆلۆژی" کە پێکهێنەری لایەنی دووەمە، بە چی مەبەستێک بەکاردەهێنرێت. بە ئەگەری زۆرەوە، بە بەکارهێنانی ئەم پێناسەیە مەبەستیان لێی خێزانی "تاکلانە[1]"یە. دیسانەوە ئەم پێناسەیە بە ڕوونی جەخت لەسەر ئەم دوو ڕاستییە دەکاتەوە و زەقی دەکاتەوە، کە تەواوکەری یەکترن، ئەوانیش: خێزانی تاکلانە وەک بنەڕەتیترین یەکەی پێکهاتەیی بوونیادی کۆمەڵایەتی؛ و خێزانی تاکلانە وەک دیاردەیەکی بەرپێنەگیراوی هەبوونی کۆمەڵایەتی.

وەک دیارە ئەوەی وەک "بچووکترین یەکەی سۆسیۆلۆژی" پێناسەدەکرێت، پەیوەندە بە یەکەیەکی ئۆرگانیی داسەپاو و بەرپێنەگیراوی خێزان. لە ڕاستیدا گەر لەوە گەڕێین ئەم پێناسەیە چەندێک وەسفی دامەزراوەی خیزان دەکات یا نا؛ ئەوەی لێرەدا ئاوەژووی دەکاتەوە، ئەوەیە لە ڕوانگەیەکی سۆسیۆلۆژییەوە دیاردەی خێزانی تاکلانە وەک پەرەسەندێکی زەروور و سرووشتی دەخاتەڕوو. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوەی ئەو پێناسەیە دەستی بۆ نابات، چییەتی خێزانی تاکلانە و چۆنیەتی پەرەسەندیەتی.

ڕیشەی خێزان لە ژیانی مرۆڤدا، جا بێ گوێدانە ئەوەی لە چی دیدگایەکەوە دەنرخێنرێت، لە دەرئەنجامی کۆمەڵێک هەلومەرجی تایبەتمەند بە دۆخی مرۆییەوە سەرچاوەی گرتووە. لەپێش هەموو شتێکەوە، خێزان یەکەیەکی زەرووری و مەفروز و ئۆرگانیکی بناغەی بەکۆمەڵایەتیبوون (جڤاکبوون) نیە. گەر لە مێژووی کۆمەڵایەتیدا لە لۆژیکی پێکهاتن و گەشەسەندنی خێزان بکۆڵدرێتەوە، دەبینرێت کە ئەم دامەزراوەیە وەک یەکەیەکی بوونیادێکی سەربەخۆ بوونی نەبووە. بۆ ئەوەی ئەم بەبوونیادیبوونە تایبەتە دروست بێت، پێش هەموو شتێک پێویستی بە هەبوونی کەڵەکەبوونێکی کۆمەڵایەتی هەبووە. واپێدەچێت بەبێ پێکهاتنی بوونیادێکی تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی، لە هەردوو ڕووی کەڵەکەکردنی زانین و ماددییەوە، قورس بوو بۆ بوونیادێکی تایبەتمەندی وەک خێزان سەرهەڵبدات. پەرەسەندنی جڤاکی، یەکێکە لەو فاکتۆرانەی کە پێشمەرجی سەرەکی دامەزراندنی خێزانە.

بنچینەی سەرەکی ڕیشەی خێزان بریتییە لە پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی تایبەت. لە پێش هەموو شتێکەوە، هەست و هۆشیاری خاوەندارێتی لەناو ئەم دامەزراوەیەوە سەریهەڵداوە. خێزان و خاوەندارێتی تایبەت پێشمەرجی پێکهاتنی یەکترن. لە بنەڕەتی خاوەندارێتی تایبەتدا خێزان هەیە، و هەروەها لە بنەڕەتی خێزانیشدا خاوەندارێتی تایبەت هەیە. ئەم دوو دیاردەیە تێکئاڵاون بەیەکدا. سەرهەڵدانی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت، هاوکات بە تەریبی وەک هەمان پرۆسەی کۆمەڵایەتی هاوتای یەکدەبن. هەر یەکەیان بووتە هۆکاری بوونی ئەویتریان. ئەمەش پەیوەستە بە دیاردەی ئاگایی گەشەسەندنەوە. خێزانی تاکلانە، کە لە چاخی باوکسالاری مێژووی کۆمەڵگەدا سەریهەڵداوە، بەتەواوەتی سەر بەم  چیەتیەیە (ماهیەت). خێزانی تاکلانە، بە پێچەوانەی بانگەشەکانییەوە، بە هۆکارگەلی ناچارییەکی سرروشتی وەک درێژەپێدان بە جۆری بایەلۆژی مرۆییەوە سەرچاوەی نەگرتووە.   بەبنچینەگرتنی خێزان بەوەی بەتەنیا لەسەر بنەمای ناچاری بایۆلۆژی درێژەدان بە چەشنەکەیەتی، واتای بەلاڕێدابردنی هەقیقەتە، کە تەنانەت لە ئاستی گریمانەیشدا ناسەلێمێندرێت. گەر بەم شێوەیە بوایە، دەبوو زیندەوارانی تریش هەمان دامەزراوەی خێزان-ئاسایان هەبوایە، بەڵام هیچ شتێکی وەها ڕووینەداوە. بێگوومان مرۆڤ وەک هەموو چەشنێکی دیکە لە ناچارە پەیڕەوی ئەو یاسا سرووشتییانە بکات کە دەبنە هۆی مانەوە و زۆربوونی. بەڵام ئەمە بەتەنیا هۆکارێکی کافی نیە بۆ ڕوونکردنەوەی بنەچەی خێزان. ناچاری درێژەدان بە چەشنەکەی خۆی لە هەموو چەشنێكدا شتێکی ڕەوا. لە چەشنی مرۆییدا، ئەمە پێویستی بەهەبوونی بوونێکی جڤاکی سەر بە خۆی هەیە، کە بەبێ هەبوونی ئەم بوونە کۆمەڵگەیییە ئیمکانی هاتنە ئارای خێزانەوە، مەحاڵە. لێرەدا، ڕۆڵی بە جڤاکبوون لەوەدایە، لە دەرەوەی کارتێکەرە سرووشتییەکانەوە، کە دیاردەی ئاگاییەک (Consciousness) بێنێتە ئاراوە، تیایدا خەڵک بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ شتتێکدا دەکات، و بە ئاگاییەوە خۆی ئاڕاستەدەکات و بە ئاگاییەوە درک بەوەدەکات کە لە چواردەوریدا ڕوودەدات. بەوپێیەی ئاگایی وەک پرۆسەی درککردن بە ژینگە دەرەکی، کە بەبێ بەجڤاکبوونی مرۆییش ناتوانرێت پێکبهێنرێت، بۆیە بەجڤاکبوون و ئاگایی دوو پێشمەرجی دیالەکتیکێکی مێژووین. ئەوەی لێرە جێی سەرنجە، بەدەقیقی لە واتایەکی تایبەتدا، ئەوەیە ئەم کەکەڵەکەکردنە کۆمەڵایەتی بۆتە هۆی پێکهێنانی خیزان. بەمجۆرە خێزان بوونیادێکە لە ئاگاییەوە سەرچاوەی گرتووە و پێکهاتووە. خێزان هەرگیز دابڕاو نەبووە لە ئاگایی مرۆیی، و هەرگیز تەنیا وەک کاریگەری و شوێنەوارێکی زەرووری سرووشتی بەتەنیا نەبووە. بەپێچەوانەوە دامەزراوەی خێزان، دامەزراوەیەکە تیایدا فاکتەر سرووشتییەکان و فاکتەرە ئاگاییەکان زۆر بە چڕی لێکئاڵاون. ئەو ڕاستیەی بوونیادی خێزان زۆر ئاڵۆزە و شیکاریکردنیشی بوارێکی زەحمەتە، لەم ماهیەتەی پێکهاتنەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت.

بەم‌پێیە، ناچاری بایۆلۆژی مرۆڤ بۆ درێژەدان بە چەشنی خۆی مەرجێکی بنەڕەتی و زەروور نییە بۆ ئەوەی خێزان دابمەزرێنێت. ئەوەی کە بەردەوامی چەشنەکە پێویست دەکات، پەیوەندییەکی سروشتییە نێوان ژن و پیاوە. ئەم هۆکارە سروشتییە بەشێوەیەکی زەرووری نابێتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکی هاوسەرگیری بەدامەزراوەیکراو دروست بێت؛ پەیوەندییەکی هاوسەرگیری بەدامەزراوەیکراو بەتەواوی لە هۆکاری کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت. دامەزراوەی هاوسەرێتی کلتوری ژن و مێردایەتی دروست کردووە. کلتوری ژن و مێردایەتی، لە بنەڕەتیدا پەیوەندییەکی خاوەندارێتی و دەستبەسەرداگرتنە. سەرەڕای ئەوە، ئەم پەیوەندییە بە بیانووی سروشتیترین هۆکار، کە ئەویش ناچاری بەردەوامی چەشنەکەیە، ڕەوایەتی بە خۆی دەدات. لە کاتێکدا، ڕوونە مرۆڤ دەتوانێت بە بێ هاوسەرگیری و خێزانێکی بەدامەزراوەیکراو، بەردەوامی بە چەشنەکەی خۆی بدات.

لە ڕاستیدا، لە ڕێگەی هەندێک دۆزینەوەی گرنگەوە دەزانین کە یەکەم کۆمەڵە مرۆڤەکان، کە بە شێوە سەرەتاییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤ ناسراون، زۆر پێشتر لە دەرکەوتنی خێزانەوە بوونیان هەبووە. لە ڕێگەی هەندێک دۆزینەوەی ترەوە دەزانین کە مرۆڤەکان پێش پێکهاتەی تایبەتمەند (وەک خێزان) بە شێوەی کۆمەڵە و بە شێوەی نیشتەجێبوون دەژیان. لەم کۆمەڵە سەرەتاییانەی مرۆڤدا، بە شێوەیەکی تایبەتی پەیوەندی هاوسەرگیری و خێزانی تایبەتمەند و ڕێکخراو نەدۆزراوەتەوە.

ئەم کۆمەڵە مرۆڤانەی سەرەتایی، کە بەرەبەرە ناسنامە و هەستی سەربەیکتربوونیان (عایدیەت) زیاتر ڕوون دەبێتەوە، بە "خزمایەتی" یان "خێزانی گێنس ([2]Gens)" ناودەبرێن. کۆمەڵە کلانەکان یان گێنسەکان، کە لە مانایەکی فراواندا، تایبەتمەندییەکانی خێزانێکی فراوانیان هەیە، بەڵام لە پەیوەندییەکی توندی خزمایەتیدا ناسێنراون. خزمایەتی دەتوانرێت بە مانای هاتن لە هەمان نەژاد یان هەمان گێنس بەکاربهێنرێت، کە ئەمەش پەیوەندییەکی دیاریکراوی بوونەوەر دەگەیەنێت. هەرچەندە گێنس لە مانایەکی فراواندا وەک یەکەیەکی پێکهاتەی خزمایەتی ناو دەبرێت، بەڵام نابێت لەبیر بکرێت کە خزمایەتی لە مانایەکی سنورداردا پێویستی بە هەمان دایک و باوک هەیە. بەڵام ئەوەی تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی بوونیادی گێنس دیاری دەکات، هەرگیز پەیوەندی خوێنایەتی لەم شێوەیە نەبووە. تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی بوونیادی گێنس، ئەوەیە بە پێی یاساکانی دایکایەتی زنجیرە نەژادییەکان دیاری دەکرێت. چونکە بوونی باوک هێشتا ڕوون نەبووە، زنجیرەی نەژاد بە پێی بنەماکانی دایکایەتی دیاری دەکرێت، و بێگوێدانە ئەوە منداڵەکان لە چی کەسێکەوە بووبێتن، بە پێی یاساکانی دایکایەتی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و سەر بە گێنسی دایکەکەیانن. زنجیرەی نەژادی دایکی کە تایبەتمەندییەکانی بوونیادی گێنس دیاری دەکات، ڕێگە نادات بە پەیوەندی خزمایەتییەک کە پێویستی بە هەمان دایک و باوک هەیە. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت، تەنانەت بەبێ بوونی خێزانێکی تایبەتمەندی وەک خێزانی ژن-و-مێردایەتی، مرۆڤەکان دەتوانن نەژادی خۆیان بەردەوام بهێڵنەوە و بوونیادێکی کۆمەڵایەتی دروست بکەن.

ئەنگلز، بەشێوەیەکی سنورداریش بێت، پشتبەستوو بە لێکۆڵینەوەکانی مۆرگان لەسەر کۆمەڵە سەرەتاییەکان، گەیشت بە دۆزینەوەگەلی گرنگ دەربارەی بنچینەی خێزان، هەردوو پێکهاتەی گێنس و ئەو پەیوەندییە هاوسەرگیریەی لە ناو گێنسدا بوونی هەبووە، و لە کتێبی "بنەچەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت"داا باس لەوە دەکات کە ئەو پەیوەندییە چەندە لەو خێزانی ژن-و-مێردایەتی (هاوسەرگیری)دا جیاوازە کە دواتر دروست دەبێت.

" وشەی (gens جنس)ـی لاتینی، مۆرگان بەگشتی بۆ گرووپەکانی ژن و مێرد بەکاری دەهێنێت و هەمان واتای genos یۆنانی هەیە، ڕەگ و ڕیشەی بۆ ئارییەکان دەگەڕێتەوە کە وشەی (گانgan)ـە، (بە ئەڵمانیش دەبێتە kan، چونکە پیتی G دەبێتە بە K) واتای خستەنەوە یان درووستکردنی منداڵ. وشەی Gens و genos بە سانسکریتی دەبێتە canas، هەروەها بە گۆتی (بەپێی بنەماکەی سەرەوە) دەبێتە kuni، هەروەها بە ئەسکەندەناڤی کۆن و ئەنگلۆسەکسۆنی kyn، بە ئینگلیزی kin، و بە ئەڵمانی ناوەندی سەروو künne، ئەمانە هەموویان لە وشەی "گان"ـەوە سەرچاوە دەگرن. بەڵام Gens لاتینی و genosـی گرییکی، بە تایبەتی بەو گرووپە ژن و مێردە دەگوترێت، کە سەر بە هەمان بنەمالەن (لێرەدا لە یەک بەرەبابەوە پەیدابوون)، هەروەها گرێی دامەزراوەی تایبەتی کۆمەڵایەتی و ئاینی هاوبەش پێکەوەیان دەبەستێت، کە سرووشت و چۆنیەتی درووستبوونی، سەرەڕای مێژووی تا ئێستا نوسرومان، بە تاریکی ماوەتەوە.

گێنس بریتتیە لە سەرجەم ئەو کەسانەی سەر بە خێزانێکن و ڕێسا سەپاوەکانی سەبارەت بە دانپێدانانی نەوەکای داهاتوو برەی هەر یەک لە داپیرەگەورەیەک، کە دەبنە بیاتنەری ئەو خێڵە. لەبەرئەوەی لە سایەی ئەم شێوەخێزانەدا باوک نادیارە، بۆیە تەنها هێڵی برەی ژنان دەسەپێت. لەبەرئەوەی برا بۆی نەبوو خوشکی خۆی بخوازێت، دەبوایە ژنانی بێگانە بخوازن، بۆیە ئەو منداڵانەی لە ژنە  بێگانەکە دەکەوتەوە، بەپێی مافی دایکسالاری سەر بەو خێڵە نەبوون. بەو پێیە نەوە لە دوای نەوەی لە دوای کچان لەناو خێلەکەدا دەمانەوە. بەڵام وەچەی کوڕەکان سەر بە خێڵی دایکیانن... (ل. ١٤٦-١٤٧)

تەنانەت نەک هەر گرۆت بەڵکو نیبوور و مۆمزن و سەرجەم مێژوونوسان، ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لە گێنس کردوو، لە سەردەمە کلاسیکییە دێرەکاندا و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، تێیدا گیریان خواردووە. چونکە سەرەرای ئەوەی زۆربەیان شقڵەکانیان بەڕاستوڕەوانی دیاریکراووە، بەڵام بە نیگای کۆی کۆمەڵە خێزانێک لێیان ڕوانیوە. بۆیە نەیانتوانیوە لە سرووشت و بنەچەی گێنس تێبگەن. لە سایەی سیستەمی گێنسدا هەرگیز نە دەشێت و نەدەبێت بشێت خێزان ببێتە یەکەیەکی ئۆرگانیکی، چونکە ژن و مێرد، هەر یەکەیان سەر بە دوو خێڵی جیاوازبوون. جا بە گشتی گێنس سەر بە خێڵ (قەبیلە) بوو، و خێڵیش سەر بە هۆز بوو، بەڵام ئەندامانی خێزان نیوەیان دەگەڕانەوە بۆ گێنسی مێردەکە و نیوەکەی دیش بۆ گێنسی ژنەکە. هەروەها لە میانەی مافی گشتیدا، دەوڵەت دان بە خێزاندا نانێت؛ تاکو ئێستاش خێزان تەنها دەخرێتە بواری مافە کەسێتییە تایبەتەکانەوە. سەرەڕای ئەوەش سەرپاکی زانستی بواری مێژوو، لە بۆچوونێکی پووچ و گەلۆرەوە دەستپێدەکات و بێ گۆڕان جێگیربووە، بە تایبەت لە سەدەی هەژدەهەمدا، کە دەڵێت خێزانی یەکلانە کە لە یەک ژن و مێرد پێکهاتووە و تەمەنی بڕۆکەیەک لە چاخی ژیاری کۆنترە، بریتییە لەو گەردیلە کریستاڵەی پلەبەپلە کۆمەڵگا و دەولەتی لێوە درووست بووە. (ل. ١٧٢-١٧٣)

مافی باوکسالاری لەگەڵ بە میرات گرتنەوەی موڵکداری بۆ وەچەکان، ڕێگا خۆش دەکات لەبەردەم کەڵەکەبوونی سەروەت و سامان لە نێو خێزاندا، و هەروەها خێزان لەبەرامبەر گێنسدا زیاتر بەهێزتر دەکات. جیاوازی موڵکداری لەلای خۆیەوە کاردەکاتە سەر ڕێکخستنی شێوەی بەڕێوەبردن، ئەویش درووستکردنی ئاوەڵمەی ئەرستۆکراسی میراتگیری و دەسەڵاتی موڵکدارییە. (ل. ١٨٣)[3]

وەک دەبینین، پرۆسەی پێکهاتنی خێزان خاوەنی تایبەتمەندییەکی گەشەسەندنیی هاوتا و هاوشێوەی پڕۆسەی گەشەسەندنی دەسەڵاتی باوکسالارییە. پڕۆسەی باوکسالاری هەنگاو بە هەنگاو بناغەکانی ئەو ڕێگایەی کە بەرەو سیستەمی هیراشی و دەوڵەتداری دەڕوات، دادەڕێژێت. خێزان لەم مانایەدا ناتوانرێت وەک کرۆکێکی کۆمەڵگەی ئۆرگانی پێناسە بکرێت، بەڵکو لە هەموو ڕووەکەوە، دەگاتەوە بە کارکردی کرۆکێکی بنچینەیی کۆمەڵگەی هیراشی و دەوڵەتداری. سیستەمی هیراشی و دەوڵەتداری لە هەموو ڕووەکەوە جۆرێکی تایبەتی کۆمەڵگەیە و لە بنەڕەتدا جیاوازە لە جۆری کۆمەڵگەی ئۆرگانیکی. هیچ کۆمەڵگەیەک لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە بێ بناغە نیە، و چونکە ناتوانرێت بەبێ ئەوە پێناسە بکرێت، کۆمەڵگەی هیراشی و دەوڵەتداری ناچارە کۆمەڵناسییەکی تایبەتی خۆی هەبێت. سیستەمی هیراشی و دەوڵەتداری، وەک جۆرێکی جیاوازی کۆمەڵگە، نەیدەتوانی خۆی لەسەر یەکە بوونیادییەکانی کۆمەڵگەی ئۆرگانی بنیات بنێت. بۆیە خێزان، کە لەلایەن پیاوەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، دەبێت وەک ناوکێکی بنەڕەتی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە شێوەی گرتووە. تەنیا پێناسەکردنێکی چینایەتی کافی نیە بۆ ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندی ڕاستەقینەی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە. لەم ڕووەوە، هەتا چۆنییەتی پێکهاتنی دامەزراوەی خێزان لە مێژوودا تێنەگەین، تێگەیشتن لە چۆنییەتی دامەزراندن و گەشەسەندنی سیستەمی هیراشی و دەوڵەتداریش قورس دەردەکەوێت.

 

سیستەمی هیراشی-دەوڵەتی لەپێش هەموو شتێکەوە، خۆی لە ناو خێزاندا بەرجەستەکردووە.

کاتێک پێناسەی خێزان دەکرێت، زۆربەی جار ئەو لایەنە نادیار دەگیرێت. سا بۆیە، بنەڕەترین هەڵەتێگەیشتن لە خێزان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، کە تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندییە نزیکەکانی خزمایەتییەوە پێناسە بکرێت. بەڵام ئەم جۆرە پێناسەیە هەرگیز ناتوانێت ماهیەتی ڕاستەقینەی دامەزراوەی خێزان دەربخات. ئەگەر بارودۆخەکە تەنیا لەوە پێکهاتبایە، بێگومان دەبوو ئەم دامەزراوەیە وەک سروشتیترین بوونیادی کۆمەڵایەتی سەیر بکرایە.  ئەگەر تەنیا لەم لایەنەوە لێی‌بڕوانین، ئەوا پرسیاری ئەوەی چۆن پەیوەندییەکانی دەسەڵات و باڵادەستی توانیویانە دزەبکەنە ناو وابەستە خزمایەتی(خوێنی)ـەکانەوە، کە لە هەموو ڕوویەکەوە وەک شتێکی سرووشتی چاوی‌لێدەکرێت؟ زۆر بەبێ بەرچاوڕوونی دەمێنێتەوە. بۆیە، یەکەم پرسیار کە بە مێشکدا دێت ئەوەیە: ئەم دامەزراوەیە کە بەتەواوی ژنانی بەکۆیلەکردووە و برەوی پیاوانی بە باڵادەستی داوە، لە چی ڕووێکەوە دەتوانرێت وەک بوونیادێکی سروشتی سەیر بکرێت؟

شتێکی ڕێکەوت نیە، یەکەمین بناغەی ئەو دامەزراوە کۆمەڵایەتییەی ئەمڕۆ وەک یەکەیەکی بوونیادی خێزان دەیبینین لە سۆمەردا دامەزرا، کە یەکەمین کۆمەڵگای دەوڵەتی و چینایەتی بوو. لە ڕاستیدا، ئەمە بەشێوەیەک بنچینە سەرەتاییەکانی ئەم دامەزراوەیەی خستەبەرچاو. بەتەنیا ئەمە بەڕوونی خستیەڕوو، کە خێزان وەک بوونیادێکی سروشتی بوونی نەبووە لە مێژوودا، بەڵکو دروستکراوی مێژووە. هەندێک بەڵگەی گرنگی میتۆلۆژی کە لە سۆمەریانەوە بە ئەمڕۆ گەیشتوون، دەرخەری ئەوەن چۆن بنەماڵە وەک بوونیادێکی کۆمەڵایەتی دروست بووە. لەمڕووەوە، پێویستە بنەماڵە وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بەردەوام ئافرێنەری کێشە قوڵەکانی مێژووی کۆمەڵایەتی دەستنیشان بکرێت. هەروەها پێویستە بزانین کە کۆیلایەتی ژنان لە ڕێگەی ئەم پێکهاتەوە (خێزان) بناغەی بۆ دانرا، و بوو بە شوێنەوارێکی کۆمەڵایەتی؛ هەروەها کۆیلایەتی کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی و موڵکایەتی، هەروەها چەرخی دەسەڵات و هەمژموون لە ڕاستیدا لە ناو ئەم پێکهاتەیەدا بەرهەمهاتوون.

ڕیشەی کۆیلایەتی ژنان کە لە بەشێوەیەک لە شێوەکان لە کۆمەڵگای سومەرییەوە هاتووە، بابەتێکی دەست‌بۆنەدراوە. ئەو پێکەوەبەستنەوە کە لە کۆمەڵگای هیراشیدا دەستی پێکردووە، بە نێو پەرستگای ڕاهیبەکاندا تێپەڕبووە و دواتر ئاخنراوەتە ناو کوخی پیاوەوە، و بە ئاخنرانی لەناو قورسترین پێگەدا تەواو دەبێت. لەو کاتەوە تا ئێستا هەر ئەو پێگەیە گەشەی پێدراوە. هەموو هەست و ڕەفتارەکانی ژن - کە توانای بیرکردنەوەی بۆ نزمترین ئاست دابەزێنراوە – بریتیی بووە لە چۆنیەتی خزمەتکردنی پیاوەکەی، و ئەمە بووەتە بابەتی سەرەکی ئەدەب، پەروەردە و ئەخلاق. کۆیلایەتی پیاو، زیاتر لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی زیادە-بەرهەم و بەکارهێنانی هێزی زۆرەوە بۆ بەدەستهێنانی پێگەوە بووە. کۆیلایەتییەکی ئابووری برەوی سەندووە. بەڵام ژن بە هەموو جەستە، دەروون و بیرکردنەوەکەیەوە کۆیلە کراوە. ئەگەر کۆیلەیەکی پیاو سەربەست بکەیت، دەتوانێت ببێتە مرۆڤێکی ئازاد. بەڵام ئەگەر ژنێک سەربەست بکەیت، دەچێتە ناو کۆیلایەتییەکی قورسترەوە. ئەم ڕاستییە ڕەنگدەرەوەی قوڵی ئەو کۆیلایەتییە دەردەخات، کە ژنان تێیدا چەقیان بەستووە. گەر چاودێرێکی وریا سەیری ژن بکات، بە ئاسانی بۆی دەردەکەوێت، چۆن هەموو شتێکی بەشێوەیەکی بێ بەزەییانە و بەپێی ئارەزوی پیاو بۆ داڕێژراوە. هەر لە دەنگیەوە تا ڕێکردنی، لە سەیرکردنەوە تا دانیشتنی، وەک ئەوە وایە بڵێت "من لێبوومەتەوە". هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە شیکردنەوەی کۆیلایەتیی ژنان پەرەی نەسەندووە، بریتییە لە ئارەزوی تێرنەبووی پیاوان و ڕۆحی دیکتاتۆرییانەیان لەم بابەتەدا. شێوەی پرۆتۆتایپیی پاشا-خودا لە ناو کۆمەڵگادا، بریتییە لە پیاو وەک خاوەنی ژن لەناو ماڵدا. ئەو تەنها هاوسەر نییە، بەڵکو "خودا-مێرد"ـە. ئەم تایبەتمەندییە بەبێ ئەوەی هیچ شتێک لە جەوهەرەکەی لەدەستبدات، هەتا ئەمڕۆ کاریگەری خۆی هێشتا پاراستووە.

ژنان، هاوشان بە کۆمەڵگای سروشتی، بەشێکی سەرەکی دۆڕاوە گەورەکان بوون. ئەفسانە سۆمەرییەکان وەک لاواندنەوەی ژنانی دۆڕاو دەردەکەون. کەلتوری ئینانا هەڵگری نیشانەکانی کۆمەڵگای ژن-سالاری پێشووترە؛ و لە هەمان کاتدا ڕەنگدانەوەی ململانێیەکی گەورەیە بەرامبەر کۆمەڵگای پیاو-سالاری. لە کاتێکدا زۆربەی خواوەندەکانی یەکەم شارەکان لە ڕیشەی ژنانەوە بوون، بە تێپەڕبوونی کات هەموویان شوێنیان بە خواوەندە نێرینەکاندا بەجێهێشت. پەرستگاکان هەر لە دامەزراندنیانەوە یەکێک بوون لە دامەزراوە سەرەکییەکان، کە ئامادەکارییان بۆ شکست پێهێانی ژنان کرد. پەرستگاکان، کە لە سەرەتادا لە ژێر سەرپەرشتی ڕاهیبە ژنەکاندا بوون، و بە ناوی ئینانا دایک-خواوەندەوە کرابوون، بەکاوەخۆی داگیرکران و لە کۆتاییدا بوونە سۆزانیخانە. نەزمی ماڵداری بەدەوری دایک-ژندا، لە کۆمەڵگای سروشتیدا جیاواز بوو. هەروەک چۆن ژن هیچ خاوەنێکی نەبوو، دایک-ژن‌یش خۆی بەڕێوەبەری منداڵەکانی و هەر پیاوێک بوو کە دەیویست. دامەزراوەی ژنایەتی-مێردایەتی لە مانا کلاسیکییەکەیدا، گەشەی نەکردبوو. لەگەڵ درووستبوونی کۆمەڵگای باڵادەستی پیاو لەسەر بنەمای شکڵگرتنی دامەزراوەیی دەوڵەت، خێزانی باوکسالاری کە لەلایەن پیاوەوە بەڕێوەدەبرا، بوو بە شتێکی بەربڵاو. دامەزراوەی خێزان بە گۆڕینی چۆنیەتییەکەی، ئەو شێوەیەی بەدەستهێنا کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. هەروەک چؤن پیاو خاوەنی ژن بوو، منداڵەکانیشی هەر هی ئەو بوون. ژن بەرەبەرە لاوازکرا و بوو بە موڵکیەتێک، و ئەو خێزانەی کە دەچووە ناوی لە بنەڕەتدا قەفەسێک بوو.

لەم قۆناغەوە بەدواوە، ڕۆڵ و ئەرکی بەردەوامی خێزان ئەوەیە کە مۆدێلێکی (مایکرۆ)بچووکی سیستەمەکە بێت. سیستەمی دەوڵەت-دەسەڵاتگەری ئێستا لە ڕێگەی خێزانەوە، خەسڵەتی کۆمەڵایەتی بە خۆی دەبەخشێت. لە نموونەی کۆمەڵگای سۆمەریدا، ئەوەی کە زۆر سەرنجڕاکێش دێتە بەرچاو ئەوەیە، هەروەک چۆن سیستەمی پەرستگاکان، وەک فۆرمێکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، بەرەو پاشایەتی و خودا لە لوتکەدا پەرەیسەندووە؛ مۆدێلی مایکرۆی ئەمەش لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، بریتییە لە پەرەسەندنی پیاوە بۆ بەخودابوون، و بوون بە تاکە ئۆتۆریتە و دەسەڵاتی حوکمڕانی ناو خێزان. وەکوتر، پێدەچێت زەحمەت بێت سیستەمی دەوڵەتگەرایی خۆی بەردەوام بکات یان کۆمەڵگا بەڕێوە ببات. کولتووری بەناو ژن-و-مێردایەتی لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە. بناغەی دابەشبوونی چینایەتی و زایەندگەرایی کۆمەڵایەتییە. سەرەتا، بناغەکانی دابەشبوونی چینایەتی لەگەڵ دروستکردنی زایەندگەرایی کۆمەڵایەتی لەناو دامەزراوەی بنەماڵەدا، دانرا. لێرەدا ئەو پێگەیەی کە بۆ ژنانی ناوماڵ دادەنرێت ئەوەیە: ببێت بە کۆیلەی کۆیلە! بەم شێوەیە لە مێژوودا پێگەی کۆیلەیی ژن و هەروەها کۆیلەکردنی کۆمەڵایەتی، دامەزراوە. خەسڵەتی ڕاستەقینە و تاکە ڕێگە بۆ ئەوەی سیستەمەکە بە بەردەوامی خۆی بەرهەمبهێنێتەوە، لە ڕێگەی خێزانی بەدامەزراوەیبووەیە. هەرچەندە لێکچوواندنەکان شێوازێکی ڕوونکردنەوەی بێ‌کەموکوڕی نین بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردەکان، بەڵام پەیوەندی نێوان سیستەمی هیراشی-دەوڵەتگەرایی کە ئێمە پێی دەڵێین "کۆمەڵگەی باڵا" و دامەزراوەی خێزان هاوشێوەی پەیوەندی نێوان خانە و زیندەوەر(ئۆرگانیزم)ـە: خانەکان، زیندەوەری زیندوو پێکدەهێنن. هەروەها سیستەمە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان هاوشێوەی زیندەوەرە زیندووەکانن. تێکڕژانێکی بەردەوام لە خانەوە بۆ زیندەوەران و لە زیندەوەرانەوە بۆ خانەیەکی تر هەیە. ئەوەی لە خانەدا ڕوودەدات، زیندەوەریشدا ڕوودەدات، هەروەها بە پێچەوانەشەوە. بەم شێوەیە خانە و زیندەوەر دەبنە تەواکەری یەکتر لە بوون و ژیانیاندا. لەسەر بنەمای ئەمەش دامەزراوەی خێزانیش وەک خانەیەکی کۆمەڵگەی سەرەوە وەسف دەکرێت. و ئەمەش وەسفێکە کە بەهایەکی زانستی بەرزی هەیە. دیسانەوە هەروەک چۆن لە نمونەی خانە و ئۆرگانیزمدا دەبینرێت، ئەوەی لە کۆمەڵگەی سەرەوەدا ڕوودەدات لە خێزاندا بوونی هەیە و ئەوەی لە خێزاندا ڕوودەدات لە کۆمەڵگەی سەرەوەدا بوونی هەیە. پەیوەندییەکی دوولایەنە و نەشکاو لە نێوان دامەزراوەی مێژوویی گەشەسەندووی بنەماڵە و کۆمەڵگەی سەرەوەدا هەیە. سیستەمی باڵادەست-دەسەڵاتگەری و دامەزراوەی بنەماڵە بە دڵنیاییەوە هۆکاری بوون و ژیانی یەکتریان لەم جۆرە کارلێککردنە هاوبەشەدا پێکهێناوە.

لەمڕوەوە، خێزان، لە پڕۆسەی کۆمەڵگەی چینایەتیدا، ڕۆڵی وێنەی بچووکی (میناتۆر) دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی پێدراوە. ئەم ڕۆڵە بەدرێژایی مێژوو بەشێوەیەکی بەردەوام قووڵتربووەتەوە. بەتایبەتی لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریدا، هاوتا بە سروشتی دامەزراندنی دەسەڵاتەوە، ئەم بارودۆخە گەیشتووە بە ئاستێکی قووڵتر. پێویستە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی گشتگیر، لەوەی چۆن دەسەڵات لە سیستەمی سەرمایەداریدا فۆرمێکی بوونیادی لە ناو خێزاندا وەردەگرێت، و پەیوەندی نێوان خێزان و دەسەڵات، دامەزراوەی هاوسەرگیری و خێزان چی دەگەیەنن بۆ ژنان، و ئەو کێشەیەی کە دامەزراوەی خێزان لەم سیستەمەدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بکرێت.

گرنگترین نوێکارییەکانی سەرمایەداری کە بەسەر بوونیادی دەسەڵاتدا هێناویەتی، قووڵاییی سروشتی دامەزراوەییەکەیەتی: گواستنەوە لە دەسەڵاتێکەوە کە بە کەسێکەوە بەسترابوو، بۆ سیستەمێک کە تیایدا کەسەکان، حیزبەکان، و تەنانەت کۆمەڵگاکان بە دەسەڵاتەوە بەستراون. سروشتی نادیار و ئەبستراکتی دەسەڵات گەشەی پێدراوە. لەمەدا ئایدۆلۆژیا، سیاسەت، و ئابووری ڕۆڵی چەند ڕەهەندییان هەیە. نەتەوەپەرستی، کە لە چەمکی نەتەوەوە سەرچاوە دەگرێت، تەواوی نەتەوەکە دەخاتە باوەڕی ئەوەی کە دەسەڵات بۆ خۆیەتی. لە بنەڕەتدا، دەسەڵاتگەری هەرگیز ناتوانێت بەڕاستی بە نەتەوەوە بەسترێتەوە. لە هەموو شوێن و کاتێکدا، کەمینەکانی ناو گرووپە ئەتنیکیەکان و خانەدانەکان و نەتەوەکان خاوەنی ڕاستەقینەی دەسەڵاتن. بەڵام سیستەمێکی وەها درووست کراوە، تیایدا هەموو تاکێک، تەنانەت ئەو کەسانەی لە نزمترین پلەبەندیشدان، بەجۆرێک خۆیان وەک خاوەنی دەسەڵات ببینن. لە خێزانێکی هەرە کەمدەرامەتدا، مێردێکی هەژار دەتوانێت بە ئاسانی خۆی وەک "ئیمپراتۆرێکی بچووک"، لە بەردەم ژنەکەیدا ببینێت. ژنیش بە هەمان شێوە ئەم ڕۆڵە لە بەردەم منداڵەکانیدا دەگێڕێت. منداڵەکان چی؟ ئەگەر گەورە بوون، چی دەتوانن بکەن، جگە لەوەی هەمان سیستەم بەرهەمبهێننەوە؟ درووستکردنی زنجیرەی دەسەڵاتدارێتی بەم شێوەیە، تایبەتمەندییەکی سیستەمە.

دەتوانین لە زۆر حاڵەتدا، بەتایبەتی لە پیاوان، خێزان، کار، کارگێڕی، پەروەردە، تەندروستی، یاسا و چەندین بواری دیکەی هاوشێوەدا، چاودێری دروستکردن و شێوازی بەڕێوەبردنی سەرمایەداری بکەین لە کایەی کۆمەڵایەتیدا. ئەگەر پێناسەیەکی کورتی خێزان بکەین، دەتوانین بڵێین کە خێزان بناغەی کۆمەڵگای هیرارشی و دەوڵەتداریە، وەک خانەیەکی ئاخێزگەیی و بچووکترین مۆلیکیولی سیستەمە. ڕەنگدانەوەی ئیمپراتۆر لە لوتکەدا، لەناو خێزاندا ‘ئیمپراتۆری بچووک’ـە.  ئەو  دەزگا بنچینەییە، کە کۆیلایەتی کۆمەڵگای تیایدا ڕەنگ داتەوە، بریتییە کە دامەزراوەی خێزان. کۆیلایەتی ناو خێزان، گەرەنتی بنەڕەتی کۆیلایەتی کۆمەڵایەتییە. سیستەمەکە بە شێوەیەکی کتومت هەموو ڕۆژێک، هەموو کاتژمێرێک لە خێزاندا بەرهەم دەهێنرێتەوە. خێزان قورسترین بارگرانی لە ئەستۆ دەگرێت. خێزان کەرێکی گوێڕایەڵی کۆمەڵگەی هیرارشی و دەوڵەتگەراییە. دەتوانیت بە بەردەوامی سواری بیت و خۆت بگوازیتەوە. هەر بەهۆی ئەم پەیوەندییە نزیکەی نێوانیانەوەیە، بەگشتی ئەبڵەقکەرترین ڕەنگدانەوەی سیستەمی سەرمایەداریی لە خێزاندا دەبینرێت.

لە جەمسەرێکی پێچەوانەی دیکەی سیستەمەکە، بوونیادە کۆمەڵایەتییەکانیش بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی داخوران و ئاڵۆزی دەبنەوە. لە پێش هەموویەوە، خێزان لە مێژوویدا لە قورسترین قۆناغی تێکشکانی خۆیدایە. نزیکەی نیوەی هاوسەرگیرییەکان لێکهەڵدەوەشێنەوە، و پەیوەندییە سێکسییە نائەخلاقی و بێکۆنترۆڵەکان وەک هەرەس و ڕەنووی بەفر کەڵەکە دەبن. هاوسەرگیریی "پیرۆز" بە تەواوی کۆتایی هاتووە. لە ناو ئەم هاوسەرگیرییانەدا، ئەرکی ژن وەک مەکینەیەکە بەردەوام بێت لە منداڵبوون و گەورەکردنی نەوەی پیاوەکەی. منداڵان، پیر، و پەیوەندییەکانی دایک و باوک، وەک قوربانییەکانی ئەم لێکهەڵوەشانەوە خێزانییە، لە ڕووە کۆمەڵایەتییەکەوە کەوتوونەتە ناو بێماناترین و تێکشکاوترین بارودۆخەوە. کاتێک کۆنترین چەوسانەوە و دەستدرێژییەکان بۆسەر ژنان دەخرێتەڕوو، کێشەی ژنانیش بە تەواوی دەبێتە قەیرانێکی گەورە. کاتێک ژن خۆی دەناسێت، بەهۆی تووڕەییەکەیەوە لە دۆخە داڕزێنراوەی تێیخراوە، دەبێتە ئۆبێکتێکی تەواو کاریگەر لەناو ئەو پەیوەندییە بێسەروبەر و کایۆسە کە هەیە. کردنەوەی گرێکوێرەی ژن دەبێتە هۆی کردنەوەی گرێکوێرەی کۆمەڵگا، کردنەوەی گرێکوێرەی کۆمەڵگاش دەبێتە هۆی کردنەوەی گرێکوێرەی سیستەم.

پرسیارێک کە پێویستە بکرێت ئەوەیە کە بۆچی کۆیلایەتیەکی وەها قووڵ؟ وەڵامەکە بە دڵنیاییەوە پەیوەندی بە دیاردەی دەسەڵاتەوە هەیە. سروشتی دەسەڵات پێویستی بە کۆیلایەتییە. ئەگەر سیستەمی دەسەڵات بەدەست پیاوەوە بێت، نەک تەنها بەشێک لە چەشنی مرۆڤ، بەڵکو دەبێت هەموو ڕەگەزەکە بەپێی ئەم دەسەڵاتە لە قاڵب بدرێت. وەک چۆن ئەوانەی دەسەڵاتدارن سنووری دەوڵەت وەک سنووری نێوماڵ دەبینن و هەموو پراکتیزەیەک لە چوارچێوەی ئەم سنوورانەدا وەک مافێکی ڕەوا دەبینن، لە خێزانیشدا، کە مۆدێلی بچووکی دەوڵەت خۆیەتی، نێر خۆی وەک خاوەنی دەسەڵات و مافی هەموو پراکتیکێک دەبینێت – بە کوشتنیشەوە - ئەگەر بە پێویستی بزانێت. ژنی ناو ماڵ موڵکێکی هێندە کۆن و ڕیشەیەکی قووڵە، پیاوەکە بە هەستێکی بێ سنووری خاوەندارێتیەوە دەڵێت "ژنەکە هی منە." ژن - کە بە هاوسەرگیرییەوە بەستراوەتەوە- ناتوانێت داوای بچووکترین ماف بکات بەسەر  پیاودا. بەڵام مافی پیاو بەسەر ژن و منداڵدا بێ سنوورە. دیسانەوە، پێویست بۆ لێگەڕین لە سەرچاوەی بنەڕەتیترین خاوەندارێتی بگەڕێینەوە بۆ خێزان، بۆ مەیلی بەکۆیلەیکردنی ژنان. سەرچاوەی خاوەندارێتی لە ژنە کۆیلەکراوەکەدایە. کۆیلایەتی و مافی خاوەنداریەتی شەپۆل-شەپۆل بەسەر هەموو ئاستە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبێتەوە. بەم شێوەیەش، هەست و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی خاوەنداریەتی و کۆیلایەتی دەبنە بەشێک لە شێوازی بیرکردن و ڕەفتاری کۆمەڵگە و تاکەکان. کۆمەڵگە بەشێوەیەک ڕێکدەخرێت کە بۆ هەموو جۆرە بوونیادە هیرارشی و دەوڵەتییەکان گونجاو بێت. بەم شێوەیە، تەنیا ژنان نین کە دۆڕاون، بەڵکو هەموو کۆمەڵگە بەشێوەیەکی گشتی، جگە لە مشتێک لە کەسانی ناو هێزی دەسەڵاتی هیرارشی و دەوڵەتیەکان.

گرنگترین کێشەی ئازادی ناو کایەی کۆمەڵایەتی، واقیعی خێزان و هاوسەرگیرییە. ئەمانە ڕەوشێکی خەرەندئاسای بێبن دەخەنەڕوو. ئەم دامەزراوانە کە بۆ ژنان وەک ڕزگارییەک دەردەکەون، بە ئەقڵیەتی ئێستای کۆمەڵگاوە، جگە لە گواستنەوە لە قەفەسێکەوە بۆ قەفەسێکی دیکە هیچ مانایەکی تریان نییە. جگە لەوەش، ناچار بووە زیندووێتییە گەنجێتیەکەی بۆ عەقڵیەتی قەسابێک جێبهێڵێت. پێویستە خێزان وەک ڕەنگدەرەوەی دامەزراوەیەکی سیخوڕێتی بۆ کۆمەڵگەی سەرەوە - سیستەمی حوکمڕان - لەناو خەڵکدا چاوی‌لێبکرێت. نێر دەربڕی نواندنەوەی و چڕبوونەوەی دەسەڵاتی کۆمەڵگایە لەناو خێزاندا. کاتێک ژن هاوسەرگیری دەکات، لە ڕاستیدا دەبێتە کۆیلە. زەحمەتە بتوانین وێنای هیچ دامەزراوەیەکی تر بکەین کە هێندەی هاوسەرگیرێتی مرۆڤ بەکۆیلە بکات. گشتگیرترین کۆیلایەتی بەمانای ڕاستەقینەکەی، لەم دامەزراوەیە بنچینەدەگرێت و بە ڕەگ‌وڕیشەگرتن لە خێزاندا بەردەوامی بە خۆی دەدات. بەگشتی باسی پێکەوەبوون یان پێکەوەژیان وەک هاوسەری ناکەین. ئەمە بابەتێکی تایبەتمەندە و بەپێی تێگەیشتنی ئازاد و یەکسانی کەسەکان دەتوانرێت مانا پەیدا بکات. ئێمە باسی هاوسەرگیری و خێزان دەکەین بە مانای کلاسیکیە جێکەوتووەکەی. کە ئەویش بە موڵکییەتبوونی ڕەهای ژنان و خۆ-کشانەوەیان لە هەموو بوارە سیاسی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، بەشێوەیەک کە نەتوانن جارێکی تر بەئاسانی بێنەوە سەر خۆیان. بەبێ لێپرسینەوە و بەکێشەسازکردنێکی ڕادیکاڵ و بەبێ دڵنیابوون لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی ڕەگەزیی بنیاتنەری ژیانی هاوبەش، ئەو هاوسەرگیری و پەیوەندیگرتنانەی، کە لەسەر بنەمای کێشە تاکەکەسی و غەریزەیی و تێگەیشتنە نەریتییە خێزانییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، دەتوانن ڕۆڵی مەترسیدارترین لادان بگێڕن لە ڕێچکەی گەیشتن بە ژیانی ئازاددا. پێویستی ئەم جۆرە یەکگرتنانە نییە، بەڵکو پێوتیسمان بەوەیە کێشە زەینی و ئەقڵی و دیموکراسی و سیاسییەکان چارەسەر بکرێن، تا ئازادیی ڕەگەزی بەتەواوی دابین بکرێت و ویستەکانی ژیانی هاوبەشی گونجاو جێبەجێ بکرێن.

لە ئەنجامدا، کاتێک خێزان تەنها لە چوارچێوەی بەرتەسکی بوونیادی تایبەتی خۆیدا پێناسە بکرێت، بەڕاستی تێناگەین کە چ جۆرە پێگەیەک لە بواری کۆمەڵایەتی پێک دەهێنێت. هەربۆیەشە، هیچ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ناتوانرێت بەجیا لە کۆی تێکهەڵکێشی مێژوویی-کۆمەڵایەتی پێناسە بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، کاتێک ماهیەتی مێژوویی خێزان و پێگەکەی لە بواری کۆمەڵایەتیدا، دەکەونە ژێر لێپرسینەوەی ڕەخنەییەوە، نابێت ئەمە وەک ڕێگایەک بۆ پێشنیارکردنی سێکسوالێتی کۆنتڕۆڵنەکراو لە جیاتی پێکەوەنانی خێزان تەماشابکرێت، یان وەک هاندان بۆ گەڕانەوە بۆ بەرایترین شێوازی ژیان سەیر بکرێت. ئەوەی لێرەدا بە توندی ڕەتدەکرێتەوە خێزانە تەقلیدیەکە، کە بەو فۆرمە دامەزراوەییەی ئێستای خۆی هاتۆتەکایەوە. ئەوە کەلتووری ژن و مێردایەتییە پێگەی ئەم دامەزراوەیەی هێناوەتە بوون. ئەوە پەیوەندی خاوەندارێتی و کۆیلایەتی سێکسییە، کە ئەم کەلتوورەی دروستی کردووە. لە لایەکی ترەوە، ناکرێت نکۆڵی لە ڕاستیەکانی وەک هاوژیانی ئازاد، هەبوونی منداڵ و هتد بکرێت، کە لە پێویستی سروشتییەوە سەرچاوە دەگرن. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ئایا ئەم بوارە کۆمەڵایەتییەی کۆمەڵگا لەگەڵ ئەخلاقی ئازادی و یەکسانی و ئەرکەکانی سەرهەڵدانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و پرەنسیپەکانی ژیانی هاوبەش دەگونجێت، یان نا؛ ئەگەر خێزانێکی ئازاد و یەکسان هەبێت، دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش بێت، نەک لەسەر بنەمای زاڵبوون بەسەر یەکتردا. ئەو ئاگاییەی کە دەسەڵاتداران پێناسەی خێزان دەکەن و ئەو ئەرکانەی دەیدەنەی پاڵی، کێشە کۆمەلایەتییەکان قووڵتر دەکاتەوە. پێویستە خێزان لە چەرخی سیستەمەکە دەربهێنین و بەرەو زەمینەیەک ڕابکێشرێت کە بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان تێیدا دروست ببن. لەم ڕووەشەوە زاڵبوون بەسەر ئەو کلێشە و قسانەی کە ڕۆحمان زیندانی دەکەن، و ئامێزکردنەوە بۆ تێگەیشتنی ئازادانەی ڕۆحیی لە خێزان لەسەر بنەمای ژیان ئازاد و یەکسان، وادەکەن لەم بنەبەستە دەربچین. بەم پێیە، وەک چۆن تاریکی-ڕووناکی، گەرم-سارد، ئەلکترۆن-پرۆتۆن، ئەرێنی-نەرێنی بۆ سروشتن، ژن و پیاویش هەروا. واتا پیاوێتی و ژنێتی ڕاستییەکی سروشتن. بۆیە پێویستە پەیوەندیگرتن لەسەر ئەم بنەمایە بێت و گەر بخوازرێت خێزانێک درووستبکرێت زەروورە لەسەر ئەم بنەمایانە بێت.

 



[1]Nuclear family: ئەو خێزانەی تەنها لە پیاوێک و ژنێک پێکهاتووە.

[2]مۆرگان بە گشتی بۆ گرووپەکانی ژن و مێرد بەکاریدەهێنێت. (بڕوانە، خاوەندارێتی تایبەت و بنەچەی خێزان، ئەنگڵز، ل. ١٤٦، چاپی ٢٠١٧)

[3] بنەچەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت، فریدریک ئەنگڵس، و. کەریم مەلا ڕەشید، دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان، ٢٠١٧. [بەدەستکارییەوە]

پەیامێک جێبهێلە

تێبینیەک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر