سیمۆن دی بۆڤوار و خەباتی ڕزگاریی ژنان

گفتوگۆیەک دەربارەی ژیان و کارەکانی


وەرگێڕانی: چرۆ محەمەد

ناوبانگی سیمۆن دی بۆڤوار وەکوو فێمێنیستێکی پێشەنگ جێی خۆی گرتووە، بەڵام کاریگەری مارکسیزم لەسەر بیرکردنەوەکانی هەمیشە جێی سەرنج بووە، ئەو دەیویست بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی وەها بنیات بنێت کە لە یەك کاتدا ڕووبەڕووی ستەمی چینایەتی و ڕەگەزیش ببێتەوە.

سیمۆن دی بۆڤوار زۆرجار لە ژیانی خۆیدا کاریگەری ژان پۆل سارتەری هاوبەشی ژیانی بەسەرەوە بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە دوای مردنییەوە لە ساڵی ١٩٨٦ەوە ناوبانگی دی بۆڤوار وەکوو یەکێك لە بیرمەندە گرنگەکانی سەدەی بیستەم و پێشەنگێکی فێمێنیزمی مۆدێرن تەواو جێگیر بوو.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو ئاڵنگاری سەرەکییانەی ڕووبەڕووی دی‌بۆڤواردا لە وەلاوەنانیدا نییە، بەڵکو لە هەڵەتێگەیشتندایە لێی. بەشێکی زۆری ئەو شیکردنەوانەی کە بۆ کارەکانی بۆڤوار کراون ئەو دیالۆگانەی لەگەڵ مارکسیزمدا خۆی پێوە خەریك کردبوون ڕەت دەکەنەوە. سیمۆن دی بۆڤوار چەندین ڕێگەی خستەبەردەست کە بەهۆیانەوە ناکۆکییەکانی نێوان جێندەر و چینایەتی پێکەوە کۆبکرێنەوە و گرێ بدرێن، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی و پێویستی هەبوونی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی فراوان کردەوە کە لەسەر بنەما سۆسیالیستییەکان دامەزرابێت.

 

دانیاڵ فین:- باسکردنی کار و بیرۆکەکانی سیمۆن دی بۆڤوار چۆن کاریگەری هەبووە لەسەر ئەو شتانە کە سەبارەت بە ژیانی تایبەتی بۆڤوار دەیانزانین؟ یان با بڵێن ئەو شتانەی کە پێمان وایە دەیزانین؟

ئێما مک‌نیکۆڵ: سیمۆن دی بۆڤوار کەسێکە کە ملیۆنان کەس هەمیشە هەستیان بە ئاشنایەتی و ناسیاوییەکی زۆر کردووە لەگەڵیدا، کەسێکیش بوو کە خەڵکی هەست دەکەن دەتوانن بە ئازادییەکی زۆرەوە قسە لەسەر هەڵبژاردەکانی ژیانی بکەن. بەر لە هەر شتێك دەشێت وەکوو هاوژینە جوانەکەی گرنگترین فەیلەسوفی ئەوروپی سەردەمەکەی خۆی ژان پۆل سارتەرناسرابێت؛ ئەوەیان زۆر جێی سەرنج بوو سەرەڕای ئەوەی خۆیشی فەیلەسوفێکی هەمیشە سەرقاڵ و تێکۆشەر بوو.

 نادیدەگرتنی دی بۆڤوار وەکوو فەیلەسوفێك هەر تەنیا لەسەر بنەمای ڕەگەزگەرێتی (سێکسیزم) نییە. لێرەدا پرسیارێك دێتە گۆڕێ، ئاخۆ کۆمەڵگە بە کارێکی هێندە زەحمەتی زانیووە ئەو ڕاستییە قبوڵ بکات، کە ژنێك سەرقاڵی فەلسەفەکارییە؟ چەندین کاریگەری بەرچاو هەن ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنن، کە بەراورد بە کارەکانی زیاتر جەخت و سەرنج لەسەر ژیانی تایبەتی دەکەینەوە، کارە فەلسەفییەکانی وەکوو پێویست بەهەند وەرنەگیراون. هەمیشە زانیارییەکی زیاترمان لەبارەی ژیانی ئەوینداری ئەوەوە هەبووە بەراورد بە کارەکانی، زیاتریش ئاشنایەتیمان لەگەڵ وێنەی نووسینەکانیدایە نەك تایبەتمەندی وردبینی و ڕەسەنایەتی فەلسەفەکەی. 

لە سەرەتادا کارەکانی وەکوو کارێکی ئەدەبی-خەیاڵی سەیردەکران، هەربۆیە وەکوو “نووسەر”ێک ناسرا، کاتێکیش لە کۆتاییدا وەکوو فەیلەسوفێك ناسێنرا، یاخوود تیشك خرایە سەر ڕەهەندە فەلسەفییەکانی کارەکانی، قسەوباسی ئەوە هەبوو  برەو بە بڵاوکردنەوەی چەمکی “بوونگەرایی” دەدات و لەو بڕوایەدا بوون هۆکاری کارکردنی لەسەر ئەم ڕێبازە کاریگەری و سەدا و دەنگدانەوەی دڵدارەکەیەتی نەوەك بەرکەوتن و پەیوەندی بەردەوامی خۆی لەگەڵ مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوادا. لەڕاستیدا دی بۆڤوارخۆی لە خۆیدا فەیلەسوف بوو، نەوەك کاریگەری و سێبەری بیرکردنەوەی سارتەربێت.

یەکێك لەو هۆکارانەی وایکردووە بەروارد بە کارەکانی زیاتر زانیاری و ئاشنایەتیمان لەبارەی کەسایەتی بۆڤوار خۆیەوە هەبێت، ئەوەیە کە چیرۆکی ژیانی خۆی لە چەشنە حەکایەتێکی ژیاننامەیی ساختەدا گێڕاوەتەوە و بە گرنگییەوە وردەکارییەکانی لە یاداشتێکی چوار بەشیدا خستووەتەڕوو. بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ژیانی خۆی بۆ چاندنی ناوبانگ و چەسپاندنی ئەفسانەی خۆی بەکارنەهێنا، هەرچەندە لەڕاستیدا ئەوەشی مسۆگەر کرد، ئەو یاری بە ژیانی و ئەزموونەکانی کرد، لەپێناو پیشاندانیان وەکوو فەلسەفە و بابەتێك کە شایەنی نووسینەوە بن.

حەز و خوولیا ئەدەبی-فەلسەفییەکانی ڕۆڵ و بەشدارییان هەبووە لە شکستی توێژەران لەوەی بە وردەکاری و گرنگی و سیستماتیکی و هاوسۆزییەوە لێکۆڵینەوە لە کارەکانیدا وەکوو فەلسەفە بکەن.

 وەکوو دەزانرێت، بەرگی “فەیلەسوف”ی ڕەتکردەوە؛ ئەو ئەرکەی بۆ سارتەر بەجێهێشت، بە پێداگرییەوە دەیگوت “سارتەر فەیلەسوفە، منیش نووسەرم.” دەشێت بڵێین ئەو ڕووبەڕووی ئاڵنگاری تێگەیشتنەکانمانی کردەوە بەوەی ئاخۆ فەلسەفە چییە؟ یاخوود لەسەر چی بنەمایەك بنیات دەنرێت؟ پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” لێکۆڵینەوەیەکی فەلسەفییە، گەڕانێکە بەدوای ئەوەی ژنبوون بە واتای چی دێت. هەروەها وەکوو دیاردەناسێك (فێمینۆلۆژیست) پابەند بوو بە جۆرێك لە جۆرەکانی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی-فەلسەفی. ئەو ئەزموونەکانی ژیانی خۆی لە بەرگی فەلسەفەدا خستەڕوو.

لە هەندێك ڕووەوە ناتوانین بڵێین بە شێوەیەکی سادە و ئاسایی سەرنجمان لەسەر ژیانی ئەوە و فەلسەفەکەیمان وەلاخستووە، چونکە خۆی هەردووکیانی تێکهەڵکێش بەیەک دەکرد، و وایدەکرد ئاڵنگاری بیرۆکەکانمان بینەوە سەبارەت بەوەی ئاخۆ فەلسەفە چییە؟ بێگومان ئەمە ڕەهەندێکیشە لە کارپێکردنە فێمێنیستییەکانی. وردەکارییەکانی ئەو ژیانەی دەخستەڕوو، کە لەو سەردەمەی بە ژیانێکی زۆر ناتەقلیدی و ئازاد و ئیلهامبەخش باسی لێوە دەکرا.  

لە کۆتاییدا ساڵی ١٩٨٦ و هاوکات لەگەڵ ساڵی مردنەکەیدا ئیدی کارەکانی کارەکانی وەکوو فەلسەفە پێناسەکران و ناسێنران. لە سەرەتادا واتا لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا بەردەوام مشتومڕ لە شیکارییە زانستییەکاندا هەبوو، سەبارەت بەوەی ئاخۆ کێ کاریگەری بەسەر کێوە هەبووە؟ و هەندێك لێکۆڵەری ڕیڤیزیۆنیستی فێمێنیستی سەیروسەمەرە هەبوون بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە بیرکردنەوەکانی سیمۆن دی بۆڤوار بنچینەی پەرتووکەکانی سارتەر بوون، بۆ نموونە پەرتووکی “بوون و نەبوون.” 

لەم ڕۆژگارەشدا شتەکان کەمێك زیاتر سەرنجیان دەخرێتە سەر، پرسیارەکە ئەوە نییە ئاخۆ دی بۆڤوارئەم هەموو بیرۆکەیەی لە سارتەرەوە وەرگرتووە؟ یانیش لەڕاستیدا هەر شتێك کە دی بۆڤواربیری لێ دەکردەوە سارتەر ڕاستەوخۆ دەینووسینەوە؟ شرۆڤەکاران لە کۆتاییدا ئەو ڕاستییەیان بۆ دەرکەوت کە کارەکانی بۆڤوار لە ژینگەیەکی ئەدەبی-فەلسەفی دیاریکراودا سەریان هەڵداوە و کاریگەرییان بەسەر چەندین بەرهەمی کەسانی جیاوازەوە هەبووە، بە هەمان شێوە کارەکانی ئەوانیش کارگەرییان بەسەر بۆڤوارەوە هەبووە.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا توێژینەوەکانی بۆڤوار بە تەواوی دەپووشکوێتەوە. لە کۆتاییدا ئەو بە ڕۆژی خۆی گەیشت و ئیدی وەکوو “فەیلەسوف” پێناسە دەکرێت.

 

دانیاڵ فین:- لە کۆتایی ساڵانی چلەکاندا ئەو زەمینە سیاسی و فیکرییەی پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم”ی تێیدا نووسی زەمینەیەکی چۆن بوو؟

ئێما ماکنیکۆل:- کۆتایی ساڵانی چلەکان فەڕەنسا بە ساڵانێکی گرنگدا تێدەپەڕی، خوێنەرانی نەوەی بۆڤوار ڕاستەوخۆ لە جەنگی جیهانی دووەم و داگیرکاری ئەڵمانییەوە پێیان نایە نێو جەنگی ساردەوە. بەدڵنیاییەوە تاوانکارییەکانی جەنگی جیهانی دووەم کاریگەرییان لەسەر کارەکانی سارتەر و بۆڤوار هەبوو،  بە مەزەندەی من ئەو کەشوهەوایە، وایکردووە فەلسەفەی بۆڤوار بە شێوەیەکی ناوازە خۆی لەگەڵ پەیوەندی دیالیکتی نێوان هەل و مەرج و ئازادیدا بگونجێنێت. لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٤٩دا دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” و دواتریش نووسینەکەی لە دوو بەرگی تەواودا بڵاوکردەوە.

ئەو خانمە بەشێك بوو لە ژینگەی ڕۆشنبیری “کەناری چەپ”، ئاماژەی بە زنجیرەیەكی بزۆك و داینەمیکی مۆسیقاژەن و نووسەر و فەیلەسوف و هونەرمەند دەدا کە لە کەناری چەپی پاریس پێکیان هەڵدەدا و ئاهەنگیان دەگێڕا و بیرۆکەکانیان لەگەڵ یەکدیدا باس دەکرد. گرنگیشە ئاماژە بەوە بکەین کە سارتەر و بۆڤوار دژی سەرمایەداری بوون و باوەڕیان بە جڤاتی سۆسیالیستی هەبوو.

لەگەڵ ئەوەشدا سارتەر و بۆڤوار لە ڕووی سیاسییەوە لە دۆخێکی تا ڕادەیەك ناجێگیردا بوون، ئەوان ڕۆژنامەی “Modern Times”یان بەڕێوەدەبرد، کە دەیانویست لە چوارچێوەی جەنگی سارددا بێلایەن بن، واتا دژی جیاکاری و ڕەگەزپەرستی بوون لە ئەمریکا، لە هەمان کاتیشدا دژی خراپ بەکارهێنانی مارکس بوو لە لایەن ستالینەوە، هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەش کە لەسەر گوولاکەکان دەهاتن.

بۆڤوار و سارتەر پەیوەندییەکی زۆر ئاڵۆزیان لەگەڵ “حزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسی” باڵادەستدا هەبوو، بۆڤوار گومانی لە لایەنگرە سەرسەختەکانی ستالین هەبوو، حیزبی کۆمۆنیستی فەڕەنساش بەهەمان شێوە گومانیان لە بۆڤوار و سارتەر هەبوو، پێیان وابوو ئەوان دوو ڕۆشنبیری بۆرژوازی بێ کەڵکن، کە نایانەوێت دەستیان پیس بکەن و سەرقاڵی و ئاگاییان وایلێ‌کردوون بە شێوەیەکی مەترسیدار لە خەم و نیگەرانییەکانی چینی کرێکار دوور بن.

بەڵام بۆڤوار باوەڕی وابوو کە حیزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسی هێشتا خراپەی کەمترە بەبەراورد بە ڕۆژئاوای سەرمایەداری و ئیمپیریالیستی. بۆڤوار ڕوونیکردەوە کە هاوخەمە لەگەڵ هەموو ئەو ترسناکی و مەترسییانەی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسی بەرانگاری دەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرگیز ناتوانێت ببێت بە ئەندامێکی حزبەکە. سارتەر دوای ڕزگاری هێشتا بەردەوام بوو لە کارکردن لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسیدا، هەرچەندە بە جۆرێك لە جۆرەکان لەنێو حیزبەکەدا بوو بەڵام لە دەرەوەی حیزبەکە لە پێگەیەکدا بوو کە هەم پشتگیری لێ دەکردن هەمیش ڕەخنەی لێ دەگرتن.

لە ڕۆژنامەی “Modern Times”دا، بۆڤوار و سارتەرهەوڵیان دەدا کەمترین سەرنج و بەرکەوتنیان لەگەڵ مارکسیزمێکی کەمتر جەبرگەرا و حەتمیەتگەرادا هەبێت، لەڕێی دووبارە داڕشتنەوە و لێکۆڵینەوە لەوەی ئاخۆ مارکسیزمێکی ناستالینیستی دەبێت چۆن بێت. حزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسی لەو بڕوایەدا بوون کە ئەو کارە کارێکی تەواو خۆپەرستانەیە.

بۆڤوار ساڵی ١٩٤٧ گەشتێکی بەرەو ئەمریکا کردووە گەشتە یاداشتێکی زۆر سەرنجڕاکێشی بە ناوی “ڕۆژ بە ڕۆژ ئەمرکا” نووسیووە، ئەو زیاتر بەرکەوتنی لەگەڵ ئەو کارانەدا هەبوو کە باسیان لە ستەمکاری لەسەر بنەمای نەژادی (race) دەکرد.

پێویستە قسەی کۆتاییشم لەسەر دەقە فەڕەنسییەکە بکەم، بەو پێشەکییانە هەڵمەخەڵەتێن کە سەرنووسەرەکان سەبارەت بە پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” نووسیوویانە، و دەڵێن گوایا ئەو دەقانە لە ساتەوەختێکی تایبەت بەو سەردەمە سەریهەڵداوە، کە ژنان تازە مافی دەنگدانیان پێدراوە. لەڕاستیدا ژنانی فەڕەنسا دەمێك بوو لەپێناو بەدەستهێنانی ئەو مافەدا خەباتیان کردبوو، کاتێکیش لە کۆتاییدا و لە ساڵی ١٩٤٤دا حکومەتەکەی (چاڕلز دی گۆول) ئەو مافەی پێیان بەخشی زیاتر، وەکوو دیارییەك بوو لە بەرامبەر بەشداریکردنیان لە هەوڵەکانی جەنگی ڕزگاریدا، نەك کارێك بۆ داننان بە پێگەی ئەوان وەکوو هاوڵاتییەکی یەکسان.

 بۆڤوار نووسینەکانی لە چوارچێوەیەکدا بوون تێیدا ژنان لە دەرەوەی ماڵدا کاریان دەکرد و پارەیان وەردەگرت، بەر لە جەنگی جیهانی دووەم ژنان لە بواری کشتوکاڵدا کاریان دەکرد و دوای جەنگیش بە پارەیەکی کەم لە کارە خزمەتگوزارییەکاندا تێوەگلابوون، بەڵام هێزی کار لە دەوری ئەو گریمانەیە داڕێژرابوو کە ژنان بەر لە هەر شتێك “دایك”ن.

لەڕاستیدا لە کۆتایی ساڵانی چلەکاندا ژنان چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرا و لە لایەن دەوڵەتیشەوە زۆر هان دەدران بۆئەوەی زەمینەی کار بەجێبهێڵن و ئابووریی کەمبووەوەی فەڕەنسا بەرەوپێش ببەن. ژنان دەرماڵە و خۆشگوزەرانی خانەوادەیان بۆ دەستەبەر دەکرا و لەگەڵ زیادبوونی هەر منداڵێکیشدا زیادی دەکرد. بۆڤواریش لە پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم”دا باسی کردووە کە بیرۆکەی ژن وەکوو دایك کە پیشەی سرووشتییان لە ماڵەوە بوو ڕەهەندێکی نەگۆڕ و بێبەزەیی ئەندێشەی فەڕەنسیی بوو.

 

دانیاڵ فن:- کاتی بڵاوبوونەوەی پەرتووکەکە کاردانەوەی فەڕەنسا چۆن بوو؟

ئێما ماکنیکۆل:- بەڕاستی پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” بەڕاستی لەدەماریانی دا، زۆر دنەدەر و ئیستیفزازیکەری ئەقلیەتی گشتی بوو، لە لایەن لایەنگرانی (چاڕلز دی گاول) و کاسۆلیك و چەپە کۆمۆنیستەکانەوە ڕەتکرایەوە. ساڵی ١٩٦٣ بۆڤوار بە ڕەتکردنەوەی پەرتووکەکەی هیچ سەرسام نەبوو، بەڵام شۆك بوو کاتێك بینی کۆمۆنیستەکان کاردانەوەیەکی هێندە توندوتیژیان هەبوو، و ڕایگەیاند کە تێزەکەی زۆر قەرزاری مارکسە و جێگەیەکی هێندە دیار و بەرچاوی پێبەخشی کە چاوەڕوانی بێلایەنی حزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسیی بوو.

بۆڤوار سێ لە ئاڵۆشترین بابەتەکانی بڵاوکردەوە، بە ناوەکانی "دایکایەتی"، "دەستپێکی مەیلی سێکسی"، “هاوڕەگەزخوازی_لیسبیانییەکان”. تەنانەت پێش ئەوەی تەواوی دوو بەرگەکە بڵاوبکاتەوە، فەزاحەت و ترس و تاسانیان بە دوای خۆیاندا هێنا. شرۆڤەکاران بەردەوام دەقەکانیان بە پۆڕنۆگرافی و یاخیبوون دەچوواند و قسەوباسی ئەوەیان دەکرد کە پەرتووکەکە مایەی بێ ئابڕوویی و پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانەوە.

خەڵکی هەردوو جەمسەری ئەمسەر و ئەوسەری پانتایی سیاسی پێیان وابوو کارێکی قێزەونە. ڕوون بوو کە هەندێك لە بابەتەکانی ئاڵۆسکاندبوو: وەك ئەوەی سەبارەت بە لایەنی سێکسی ژنان شتگەلێکی باس کردبوو، کە نەیویسترابێت باس بکرێن و نهێنییە قێزەونەکانی فەڕەنسا ئاشکرا بکات.

با لە یادیشمان ناچێت لەو کاتەدا پیاوانی فەڕەنسا هەستیان دەکرد هەستی پیاوسالاری و پیاوانەیان بریندار و ڕیسوا و زەلیل کراوە. فەڕەنسا ساڵی ١٩٤٠ تەنیا نەبەزێنرابوو، بەڵکو هاوکاری داگیرکاری نازییەکانی دەکرد. لە دوای جەنگ هەستیان بە شکست و شەرمەزاری دەکرد، وا دیارە بووە هۆی ئەوەی کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ پێی دەڵێین ساتەوەختی ژەهراوی شکستی پیاوێتی، نووسینەکانی بۆڤواریش خوێیان بەسەر ئەم برینەدا دەکرد.

دەتوانین تێبگەین لەوەی بۆچی پیاوان توڕە بوون. بۆڤوار هێرشی کردە سەر ئەخلاقی بۆرژوازی و ئەو نۆرمە فەرەنسییانەی کە پیاوان ڕاستەوخۆ سوودمەند دەبوون لێی. ئەو تەنها باسی ئەو شتانەی نەکرد کە تۆ نەتدەویست باسیان بکەیت، باسی بابەتی ڕەگەزێتی ژنانە و ئەو واقیعەی کە دەشێت ژنان بتوانن چێژ لە سێکس وەربگرن، کەچی زۆربەیان چێژی لێ نابینن. ئەو ڕاست و ڕەوان هێرشی دەکرد، بۆ نموونە ئاماژەی بەوەدا کە بەنا-یاساییکردنی لەباربردن دووڕوویییەکی گەورەیە.

ئەوەی جێگای سەرنجە، کارەکانی بۆڤوار لەسەر دایکایەتی هێندەی کارەکانی لەسەر سێکسییەتی مێینە دنەدەر بوون. ئارگومێنتەکەی سەبارەت بەوەی کە دایکایەتی لە بنەڕەتدا شتێکە لە فێڵ تەفرە، و ژنان بەو درۆیە هەڵدەخەڵەتێنرێن کە چارەنووسی سروشتی خۆیانە ببن بە دایك و دەبێت ئەو سرووشتەیان خۆشبوێت و لە هەمان کاتدا کۆنتڕۆڵ و ئیرادەیان لەسەر ئەو هەڵبژاردنە لاببرێت، ئەوەندە بە هێند وەرنەگیرا. تەنانەت ڕۆژنامەنووسە کۆمۆنیستەکان بۆڤواریان بەوە تۆمەتبار کرد کە ژنانی بێهیوا کردووە لەوەی ببن بە هاوژین و دایك، (هەرچەندە ڕوونیش نییە کە ئاخۆ لە ڕاستیدا ئەو کارەی دەکرد یاخوود نا.)

 ئەو ڕێگویەی لێوەی بۆڤوار بابەتی دایکایەتی دەکاتەوە لەڕێی ئەوەی بە هەست و سۆزەوە بەرگری لە لەباربردن بکات، هێشتاش هەتاکوو ئەم سەردەمە بە کارێکی بوێرانە باسی لێوە دەکرێت. تەنات هەتاکوو ئەمڕۆش بابەتی لەباربردن دەبەستینەوە بە دووگیانییەوە، بەڵام هێشتا وەکوو هەڵەیەکی بابەتی سەیردەکرێت ئەگەر بێتو بخرێتە چوارچێوەی باسێکەوە کە ڕاستەوخۆ لە پاڵ تەوەری دایکایەتیدا باس بکرێت.

بەڵام ئەو تێڕوانینە بەربڵاوەی کە گوایا دەقەکان یاخیگەرییان تێدایە هەر ئەوەیە کە لە سەرچاوە مێژووییە دەرەکییەکاندا بەرچاومان دەکەوێت. بە واتایەکی دیکە، ئێمە مامەڵە لەگەڵ شرۆڤە و پێداچوونەوەی ئەو بابەتانەدا دەکەین کە بە بابەتێکی نەشیاو دانراون و زۆربەی شرۆڤەکارەکانیش پیاو بوون. لەگەڵ ئەوەشدا بەرگی یەکەمی پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” زۆر ناوبانگی دەرکرد، لە هەفتەی یەکەمی بڵاوبوونەوەیدا لە فەڕەنسا بیست و دوو هەزار نوسخەی لێ فرۆشرا.

ئەم ناوبانگە و مێژووی کاریگەری کارەکە ئەوەمان پیشان دەدات کاتێك توێژەرانی فەلسەفەیەکی ورد و درشت، ئەدەبێکی باش، یانیش کلتوری فەڕەنسی پشتگیری کارەکەی نەکردبێت ئەوا ژمارەیەکی زۆر لە ژن پشتگیرییان کردووە.

 

دانیاڵ فن:- پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” چۆن کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی تیۆری فێمێنیست هەبوو لە جیهانی ئینگلیزدا؟

ئێما ماکنیکۆل:- زۆر جار پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” بەراورد دەکرێت بە “پەرتووکی پیرۆز” بۆئەوەی دەستنیشان بکرێت چۆن دەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر شەپۆلی دووەمی فێمێنیزمدا هەبێت، بەڵام ئەم بەراوردکردنە هەندێك کارلێکی هاوهێزی نەخوازراو بەڵام وردی هەیە. چەشنی “پەرتووکی پیرۆز” خاوەنەکانی پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” زۆرجار بە تاوانبارییەوە دان بەوەدا دەنێن کە تەواوی پەرتووکەکەیان نەخوێندووەتەوە، بەڵکو لەجیاتی ئەوە لەم بەرگ بۆ ئەو بەرگی پەرتووکەکە دەڕۆن و چەند بابەتێکی پەرتووکەکە دەزانن نەوەك تەواوی بابەتەکان، ئیدی تەنانەت بەبێ ئەوەی ئاگادار بن لە چۆنێتی بەکارهێنان و تەنانەت خراپ بەکارهێنانی ئەم بابەتانە.

هەروەها زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە بۆڤوار ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە پەرەپێدانی هۆشیاریی فێمینیستی ئەمریکیدا. ئەو نووسەر و چالاکوانانەی کە ئێمە بێ کێشە وەکوو دەستەی سەرەکی شەپۆلی دووەم دەیانناسێنین وەکوو (شولامیت فایریستۆن)، (کەیت مێڵیت) و (بێتی فریدان)، هەموویان چاوەڕێی ئەوەیان لێ دەکرا بە ئەرکەوە بە ڕێی بۆڤواردا بڕۆن. بۆ نموونە (بێتی فریدان) لە پەرتووکەکەیدا ساڵی ١٩٦٣ نووسیوویەتی و دەڵێت “پەرتووکی ڕەگەزی دووەم منی بەرەو هەر شیکارییەکی ڕەسەنی بوونی ژنان ئاڕاستە کرد، کە بەهۆیەوە توانیم لە بزووتنەوەی ژنان و سیاسەتە ناوازەکەیدا بەشداری بکەم.” (کەیت مێڵیت) کە زۆرجار وەکوو کچی بۆڤوار ناوی دەهێنرا، بۆی دەرکەوت کە دەشێت لە زۆر شوێنی ژیانیدا فێڵی کردبێت و بۆ ئەوەش قەرزاری هەر قسەیەکە کە لە دەمی بۆڤوارەوە دەرچووبێت. لە کۆتاییشدا (مێڵیت) دانی بەوەدا نا کە بۆ شرۆڤەکانی سەبارەت بە (دی ئێچ لاورێنس) قەرزاری شرۆڤەکانی بۆڤوارە لە پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم”دا.

(فایریستۆن) کە بە سیمۆن دی بۆڤواری ئەمریکی وەسفکرا، پەرتووکی “The Dialectic of Sex”ی پێشکەش بە بۆڤوار کرد، هەرچەندە قسەوباسەکانی جیاوازییەکی قووڵیان لەگەڵ قسەوباسەکانی نێو “ڕەگەزی دووەم”دا هەیە.  (جودیت باتلەر) کە کە ڕەنگە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا گرنگترین تیۆریستی جێندەر بێت لە ڕۆژئاوادا، لە یەکەم پەرتووکی خۆیدا بە ناوی “کێشەی جێندەر: فێمێنیزم و چەوساندنەوەی ناسنامە” ڕوون و ئاشکرا سوودی لە کارەکانی بۆڤوار بینیووە و کاریگەری ئەوی بەسەرەوە دیارە. ئەو تێزەی خستووەتەڕوو کە لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی دووبارەییەوە جێندەر بە ئەنجام دەگەیەنرێت و دەپارێزرێت و ڕێکدەخرێت.

کاریگەری بۆڤوار لەسەر جیهانی ئینگلیزی تیۆری فێمینیستی بێگومان تەنیا پەیوەست نەبوو بە ئەمریکاوە. بۆ نموونە، نووسەری ئوسترالی (جێرمەین گریر)، پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” وەکوو سەرچاوەیەکی گرنگی بڕواپێکراو  وەسف دەکات، وەك پەرتووکەکەی خۆی بەناوی “The Women Enuch” کە ساڵی ١٩٧٠ نووسیوویەتی. بە گشتی، پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” ڕێبازێکی نائاساییانە دەوڵەمەندی بۆ فەلسەفەی فێمینیست داڕشتووە و سوودی لێ بینراوە.

پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم”دا بۆڤوار ئاماژە بەوە دەکات کە مرۆڤ وەکوو ژن لەدایك نابێت، بەڵکو دەبێت بە ژن، ئەم دەربڕینە فۆرمولەکردنێکی زۆر زۆر بەناوبانگە، پێشنیاری ئەوە دەکات کە جێندەر پێکهاتەیەکی کلتوری و دەروونییە. بەڵام “ڕەگەزی دووەم” لە ڕاستیدا پێشنیاری دابەشبوونی سێکس و ڕەگەز ناکات، لەوانەیە گوێت لەو وەرگێڕانە باوە بووبێت کە دەڵێن “ڕەگەز بنیاتنراوە”، کە لەڕاستیدا ئەمە هەڵەتێگەیشتنە لە تێزەکەی بۆڤوار.

زۆر ئاسانە بەڵگە بدۆزرێتەوە کە پشتگیری لە خوێندنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بنیاتنەرانە بۆ دەقەکە بکات و لەگەڵ تێڕوانینێکی تایبەتی بەرنامەی ڕەخنەیی بۆڤواردا کۆیبکەینەوە، واتا ئەو دیدگایە پیشان بدات کە ئەوەی مرۆڤیان کردووە بە مێینە گوتار و دامەزراوە پیاوسالارییەکانن، بابەتە شیعرییەکانی بۆڤوار باس لەوە دەکەن کە چۆن جەستەی ئەفسانە مێینەکان وەرگیراون و ئەزموونی بەرجەستەکراو ئەو ئەفسانانەیان بەهێزتر کردووە.

لە پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم”دا بۆڤوار دەپرسێت “ژینکردن وەکوو ژنێك چی واتایەکی هەیە؟” وەکوو دیاردەناسێك دەپرسێت “ژینکردن لەم جەستەیەدا وەکوو ژنێك واتای چییە؟” لەم پرسیارانەوە، ڕەنگە ئیدی متمانەی ئەوەی پێ بکەین کە دیاردەناسی فێمێنیستی دەستیپێکردووە. هەروەها بۆڤوار بەشێوەیەکی بەرچاو سوودی لە بیرۆکەی ئەویترێتی یان ئەویتری هیگڵ وەرگرتووە، کە لە بنەڕەتدا لە ڕێگەی وانەوتارەکانی (ئەلێکساندەر کۆیڤ)ەوە لە پاریس دەستیپێڕا گەیشتبوون. دەتوانین بیرۆکەی ژن وەکوو هاوڵاتییەکی پلە نزم و وەکوو بەئەویترکراو لە هەموو شوێنێکی تیۆری فێمینیستی ئێستادا ببینین.

لە پێشەکی پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم”دا بۆڤوار بە ئاشکرا سوێند دەخوات کە تەحەدای تێگەیشتنی بایۆلۆژی-جەوهەرگەرایی لەبارەی ژنانەوە بکات، کە پێی وایە ئەناتۆمی (جەستە) چارەنووسی ژنە؛ یانیش لەڕێی چییەوە دەتوانین ژن لە ڕووی جەستەیەکی بەناو مێینەوە پێناسە بکەین. بۆڤوار خۆی لە چەمکی ڕەگەز وەك بنیاتێکی سادە بەدوور دەگرێت، هەروەها لەو چەمکە بایۆلۆژییەش کە مێینەبوون وەکوو پێکهاتەیەکی پێویستی ژن بوون دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەگوێرەی نێوکۆیی ڕۆژگاری ئەمڕۆ، “ڕەگەزی دووەم” چەند وەڵامێکی بەسوودی تێدایە سەبارەت بەوەی پێی دەڵێین فێمێنیزمی ڕادیکاڵ، کە مرۆڤە ڕەگەزگۆڕاوەکان بەدەر دەکات لە کاریگەرییەکانی بنچینەی بایۆلۆژی.

 

دانیال فن:- لە وتارەکەتدا بۆ پێگەی jacobin[1]، باس لە زۆرێك لەو ڕەخنانە دەکەیت کە هەندێك لە فێمێنیستە هاوچەرخەکان لە بۆڤوار و “ڕەگەزی دووەم”یان گرتووە. چۆن خاڵە سەرەکییەکانی ڕەخنەکان کورت دەکەیتەوە و پێت وایە ئەم ڕەخنانە تا چی ئاستێك شایەنی لێکۆڵینەوەن؟

ئێما ماکنیکۆل:- پەرتووکی “ ڕەگەزی دووەم” زۆر جار وەکوو پەڵەیەکی شەرمەزارکەری فێمینیزمی سپی پێستەکان کە لە مێژە ڕۆژگاریان بەسەرچووە سەیردەکرێت. زۆرجار وەکوو پەرتووکێکی ماوە بەسەرچووی لایەنگر و ڕەگەزپەرستانە و بکوژی ژن سەیر دەکرێت. کۆدەنگییەکی بەرچاو لەنێو شرۆڤەکارانی دنیای ئینگلیزی زماندا هەیە سەبارەت بەوەی کاتێك جیاوازی ژنان و ژنانی جوولەکە و ژنانی چینی کرێکار دێنە نێو باسەکەوە پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” خۆی لە باسەکە لادەدات و لە هیچ شوێنێکدا ئەو بابەتانە یەکناگرن.

بەپێی ئەم ڕەخنە زۆرانەی دنیای ئینگلیزی زمان،  “ڕەگەزی دووەم” مامەڵە لەگەڵ ئەو ژنانە سپی پێست و هاوڕەگەزخوازانەدا دەکات کە تەنیا لەسەر بنەمای ڕەگەز ستەمیان لێ دەکرێت، نەوەك لەسەر بنەمای چینایەتی و نەتەوە و ڕەهەندی سێکسی یان هەر هۆکارێکی دیکە. ئەو بۆچوونەی کە بۆڤوار و سارتەر دوو بۆرژوازی ڕۆشنبیر بوون و تەنها بۆ ژینگەی خۆیان دەیاننووسی و تەنیا خۆیان و هاوڕێکانیان لە مێشکیاندا بوون هێڵێکی تەریبی ڕەخنەییە کە بە درێژایی ژیانیان و بگرە هەتاکوو ئێستاش ئاڕاستەیان کراوە. ڕاستڕەوەکان ڕقێکی زۆریان لێیان هەبوو، تەنانەت تا ئەمڕۆش بەلای چەپەوە زۆر بۆژوازی و تاکگەرایی و خاوەن ئیمتیاز دەردەکەون.

بەڵام بە خوێندنەوەی من بۆ پەرتووکەکە پێموایە “ڕەگەزی دووەم” زۆر زیاتر فرە-بوارترە وەک لە خودی ڕەخنەگرە ئەنگلۆفۆنەکان و لەوان زیاتر ڕۆیشتووە. ئەو بوارەی کە بۆڤوار تێیدا زۆر سەرکەوتووە لە کاتێکدا فێمێنیستە ئینگلیزی زمانەکان بە گشتی تێیدا بێدەنگن؛ چینایەتییە. زۆرجار پێمان دەگوترێت کە “ڕەگەزی دووەم” ناتوانێت لە خاڵی بەیەکگەیشتنی جەور و ستەمێك بکۆڵێتەوە کە لەسەر بنەمای “نەژاد-جێندەر” یاخوود “چین و جێندەر” بکۆڵێتەوە، بەڵام ئەم ڕەخنەیە لە ڕاستیدا ئاوڕ بۆ ئەو ستەمانە ناداتەوە کە لەسەر بنەمای چینایەتی بەندن. سەرقاڵیی بۆڤوار بە (مارکس)ەوە و باسکردنی هەرگیز لە دەقەکەدا نابینرێت.

بە بۆچوونی من، پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” دەقێکی زیاتر خاوەن هۆشیاریی چیانەیەتیە بەراورد بەوەی خەڵکی بیری لێ دەکەنەوە.  پێم وایە دەرخەری ئەو مامەڵەکردنە عەجابەت و ناشرینەیە بەرامبەر بە کۆمۆنیزم و مارکسیزم لەم بازنانەدا. خەڵك ئامادەیی ئەوەیان تێدا نییە چاوێك بە سۆسیالیزمدا بخشێنن و تەنانەت ئامادە نین بە شێوەیەکی شیکاری لێی بکۆڵنەوە.

 

دانیاڵ فن:- ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەم خاڵە، بۆڤوار لە پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” و شوێنەکانی دیکەی کارەکەیدا چۆن مامەڵەی کردووە لەگەڵ نەریتی مارکسیستی تیۆری کۆمەڵایەتیدا؟

ئێما ماکنیکۆل:- لە هەندێك ڕووەوە شتێکی بەسوودە ئەگەر بیر لە نامۆیی و تا ڕادەیەك ناجێگیری پێگەی کۆمەڵایەتی ئەو کاتەی فەڕەنسا بکەینەوە کە ڕۆشنبیرەکانی سەرقاڵ کردبوو. ئەوان لەوە مایەپووچتر بوون کە بە چینی ناوەند هەژمار بکرێن، بەڵام چینی کرێکاریش بەگوومان بوو لێیان. سارتەر و بۆڤوار پەیوەندییەکی زۆر ئاڵۆز و پڕ کێشەیان لەگەڵ حزبی باڵادەستی چەپ لە فەڕەنسادا هەبوو، بە دوو کەسی هێندە بۆرژوازی دادەنران کە نەدەتوانرا بە دوو ڕۆشنبیری ڕاستەقینەی کۆمۆنیست ئەژمار بکرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، بۆڤوار باوەڕی بە مارکسیزم هەبوو. لە دوای خوێندنەوەی پەرتووکی “سەرمایە” کە لەڕاستیدا خاتوونێکی هێشتا گەنج بوو کاتێك ئەو پەرتووکەی خوێندوە گوتی “جیهان بە ڕووناکییەکی نوێ ڕووناك بووەوە، کاتێك بینیم کار سەرچاوە و جەوهەری بەهاکانە، ئیدی هیچ شتێك نەیتوانی وام لێ بکات نکۆڵی لەو ڕاستییە بکەم.” بەدرێژایی ژیانی جەختی لەوە دەکردەوە کە مارکسیزم کاریگەرییەکی زۆری هەبووە بەسەر خۆی و پەرتووکەکەشی “ڕەگەزی دووەم”ەوە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم”دا تەنها لێرە و لەوێ ئاماژە بە مارکس دەکات، لە کاتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە مارکس کاریگەرییەکی سەرەکی بەسەر دەقەکەدا هەبووە. لەو لێکۆڵینەوەیەیدا کە ساڵی ١٩٧٠ سەبارەت بە [شکستی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی بەساڵاچوودا لەژێر پیشەسازی سەرمایەداریدا] کردوویەتی زۆر بەڕوونی هەست بە کاریگەری مارکس دەکەین، کە دواتریش بە ناونیشانی “پیری” وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئینگلیزی. بەڵام با بەتایبەتی باسی “ڕەگەزی دووەم” بکەین.

ڕێگەی یەکەم کە تێیدا مارکسیزمی بۆڤوار لەم دەقەدا دەبینین بریتییە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی بۆڤوار لەگەڵ کارەکانی مارکسدا، هەرچەندە ئاماژەی ڕاستەوخۆیشی بە کارەکانی نەکردووە، بەڵام خوێندنەوەیەکی ورد بۆ مارکس دەخاتەڕوو، ئەمەش وەسفێکی ورد بۆ ئەو ڕێگە تایبەتە پێشکەش دەکات کە چینی کرێکار و ژن پێکەوە دەبەستێتەوە.

نووسەر لە بەشی پێنجەمی بەشی مێژوودا جەخت لەوە دەکاتەوە کە چۆن ژنان بەراورد بە ڕەگەزی بەرامبەریان بە شێوەیەکی شەرمەزارکەرانە زیاتر دەچەوسێنرێنەوە، و باس لە دەرئەنجامە ناڕوونەکانی شۆڕشی پیشەسازی دەکات. لە لایەکەوە دەرفەتی نوێ بۆ ژنان دەڕەخسێنرا، لە لایەکی دیکەشەوە دوانەی ڕەگەز و پێگەی چینی-کرێکاربوونیان بەو مانایە بوو کە لەڕادە بەدەر دەچەوسێنرانەوە.

بە سوودوەرگرتن لە مارکس، باس لەوە دەکات کە چۆن ژنان بە شێوەیەکی سەرەکی لە کارگەکانی ڕستن و چنیندا بەکاردەهێنران، کە ئەم چالاکییانە لە ژێر بارودۆخێکی پاکوخاوێنی زۆر خراپدا ئەنجام دەدران، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ژنبوون وا دەکات ژنان ڕووبەڕووی چەندین بارودۆخی ناسەقامگیر ببنەوە لە شوێنی کاردا، لەوانەش هەڕەشەی توندوتیژی سێکسی.

ئەم بڕگانەی کە تیایاندا بۆڤوار باس لە (مارکس) دەکات، بە چەند هۆکارێك گرنگن، یەکەم: ئەوە دەردەخات کە نە بۆڤوار و نە (مارکس) چینی کرێکاریان وەکوو تەنیا سپی پێست و نێر خەیاڵ نەکردووە، هەرچەندە دەبوو لە کارەکانی (مارکس)دا زۆر جدی بگەڕێت بۆ دۆزینەوەی ئەم ئاماژانە، هەندێك جار لە پەراوێزی تێبینییەکانی ئەوەوە قسە دەکات.

دووەم: لەم بڕگانەدا بۆڤوار دۆخی نالەباری ژنانی چینی کرێکاری لەبەرچاو گرتووە. باس لەوە دەکات کە چۆن ژنانی چینی کرێکار لەسەر بنەمای ژنبوونیان ستەمێکی زۆریان لێدەکرێت. لە ڕێکخستنە سیاسییەکاندا هیچ ئەزموونێکیان نییە، هەروەها ڕووبەڕووی دەستدرێژی و هەڕەشەی سێکسی دەبنەوە، لەبەرئەوەشی لەسەر ملکەچی و گوێڕایەڵی پەروەردە کراون ئامادە نین پێداگری لەسەر مافەکانیان بکەن و پارێزگاری لە ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانییان بکەن، بە واتایەکی دیکە؛ پێناچێت لەنێو خۆیاندا یەکگرتوو بن.

ژنانی کرێکاریش لەسەر ئەو بنەمایەی کە سەر بە چینی کرێکار بوون دەچەوسێنرانەوە، بەتایبەتی ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن زۆریی پێویستی ئەو ژنانەی هاوسەرگیرییان کردووە بۆ کار لەلایەن خاوەنکارە فێڵبازەکان وەکوو هەلێك وەرگیراوە و لەبەرژەوەندی خۆیان قۆستوویانەتەوە.

بە بڕوای من دەتوانین لە هەموو لایەکی پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم”دا شیکارییە فێمینیستەکانی بۆڤوار سەبارەت بە هۆشیاری چینایەتی بخوێنینەوە. ئەو بۆرژوازییانەی کە ژنی ماڵەوەن بەوە تۆمەتبار دەکات کە ستەم لە ژنانی چینی خوارووی خۆیان دەکەن. بە بڕوای ئەو لەباربردنی منداڵ بە پلەی یەکەم تاوانێکە هۆکارەکەی چینایەتییە، و ئاماژەش بەوە دەکات کەم بابەت هەن هێندەی ئەمە چینی بۆرژوازی دووڕوویی خۆیانی تیادا پیشان بدەن. هەروەها خاڵێکی گرنگیش دەهێنێتە بەر باس ئەویش ئەوەیە کە ئەزموونی ژنان لە لەباربردنی منداڵ بەتەواوی پەیوەستە بە بارودۆخی دارایی و جوگرافییانەوە.

جگە لەوەش (مارکس) دەرفەت و سەرچاوەی بە بۆڤوار بەخشی بۆ وێناکردنی ئەو شتەی ناوی لێنابوو جیهانی دیموکراسی ڕاستەقینە، مۆڵەتی ئەوەی پێدا خەیاڵی جیهانێکی یەکسان و ئازاد بکات، جیهانێك کە چەوسانەوە و جیاوازی چینایەتی تێدا نەبێت، توانای ئەوەشی پێدا بتوانێت لەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە تێبگات کە هەندێك گروپ دەخەنە بارودۆخێکی وەهاوە وابەستەی ماددە دەبن، و وایان لێ دەکەن بەرامبەر جەور و ستەم بێ دەسەڵات بن -  زۆر جار  هاوبەشی تاوان بن - لە ئەویتربوون و چەوساندنەوەی خۆیاندا بکەن.

ئەو ڕێبازە ئەدەبی-فەلسەفییەی کە بۆڤوار لە چیرۆکە خەیاڵیی و وتارەکانیدا ئاڕاستە کردووە زۆرجار مێژووگەریی و ماتریالیستی و دیاردەناسییە، هەموویان لە یەك کاتدا.   ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە کۆنکرێتییەکان و پرسیاری ئەوەی کە جەستەمان چۆن کارلێك لەگەڵ ئەو پەیوەندییانە دەکات و ئەزموونی دەکەن، دەخاتەڕوو. لەکۆتاییدا، بەو پێیەی بۆڤوار تێگەیشتبوو لەوەی کۆلۆنیالیزم فۆرمێکی تایبەتی ئاشکرای سەرمایەدارییە، دەتوانین نووسینەکانی بۆ پشتگیریکردن لە سەربەخۆیی جەزائیر بە مارکسیزمەکەیەوە ببەستینەوە.

 

دانیال فن:- کێشەکانی وەرگێڕان چی کاریگەرییەکیان لەسەر گەیاندنی پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” لەنێو خوێنەرانی ئینگلیزی زمان بە تایبەتیدا هەیە؟

 

ئێما ماکنیکۆل:- دوو وەڕگێڕان هەیە بە زمانی ئینگلیزی بۆ پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم”، با لە یەکەمیانەوە دەست پێبکەین کە ساڵی ١٩٥٣ لە لایەن (ئێچ ئێم پارشڵی)یەوە بوو کە زۆر خراپ بوو، کۆمەڵێك هەڵەی زۆری تێدایە، با بەوەش دەست پێبکەین کە (پارشڵی) خۆی گیانەوەرزان بوو نەك فەیلەسوف، لە بواری فەلسەفەدا هێندە بەتوانا نەبوو کە بتوانێت وەرگێڕان بۆ کارێکی ئاڵۆز، کلتور جیاواز، فەلسەفی، ئەدەبی بکات.

هەروەها نزیکەی لەسەدا ١٠ بۆ ١٥ی لە دەقە ئەسڵییەکەی بۆڤواری سڕیوەتەوە و لە نامەیەکدا کە بۆ بڵاوکەرەوەکەی نووسیویەتی بۆمان ئاشکرا بووە کە لە ڕاستیدا شانازی بەو کارەیەوە کردووە. هەر وەك ژمارەیەك لە توێژەران ئاماژەیان پێکردووە سڕینەوەکانی لە نائاگایی نەبوون، زۆرجار بابەتی فەلسەفی قووڵ و هەروەها کۆمەڵێك لە وتارە سۆزدارەکانی بۆڤوار لە دژی ژنکوژی سڕیووەتەوە. بە واتایەکی دیکە هەست دەکەین کەمێك لە ناوەڕۆکی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە فێمینیستەکانەوە بێزار بووە و لایبردوون.

هەروەها بە نزیکەیی هەموو سەرچاوەیەکی فێمێنیزمی سۆسیالیستی لابردووە، واتا ئەو ئینگلیزی زمانانەی پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” دەخوێننەوە لە مارکسیزمی بۆڤوار بێبەشن، بە لایەنی کەمەوە ناوی حەفتا و هەشت ژنە نووسەری سڕیووەتەوە، بەدەر لە فرەچەشنی دەوڵەمەندی دەنگی ژنان کە دەقەکە پێك دەهێنن، "ڕەگەزی دووەم" وەک کەشکۆڵێکی شتە جیاوازەکان بوو - ئەرشیفێکە ئەو دەقانەیە کە بۆڤوار کۆیکردوونەتەوە لە هەر شتێك کە لەبەردەستیدا بوون.

لەو کاتەشەوە لە ساڵی ٢٠١٠ وەرگێڕانێك لە لایەن (کۆنستانس بۆرد) و (شایلا مالۆڤانی شیڤالێر)ەوە کرا، لە ڕوویەکەوە ئەم وەرگێڕانە لە وەرگێڕانەکەی (پارشلی) باشترە، چونکە (بۆرد) و (مالۆڤانی شیڤالێر) هیچ شتێکیان لێی نەسڕیووەتەوە. بەڵام دەقەکە مەترسی ئەوەی لەسەرە کە زیادەڕەوی لە ڕاستکردنەوەیدا کرابێت و کەمێك بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا برابێت، وەرگێڕانێکی وردە، وشە بە وشە وەرگێڕدراوەتەوە، دەتوانین بڵێین گواستنەوەی وشەکانە. بێگومان هونەری وەرگێڕانیش پێویستی بە وەرگرتنی جۆرێك لە مۆڵەتی هونەری هەیە.

لە زۆر ڕووەوە وەرگێڕانی سەرەتایی وایکرد بۆڤوار ئامانجێکی ئاسان بێت بۆ ڕەخنەلێگرتن، دەقەکەی لە قووڵی فەلسەفە و ئاڵۆزی و پێکهاتەکەی داماڵی، دەقی زمانە ئینگلیزییەکە زۆر سادەتر و ئاسانتر و کەمتر لێهاتووانە دەردەکەوێت، وەك ئەوە وایە بۆڤوار لێدوانێکی گشتی بدات نەك دەق و دەنگی ئەوانی دیکە بگەیەنێت.

پێش هەموو شتێك، کاتێك (پارشڵی) ناوەڕۆکەی فەلسەفییەکەی پەرتووکەکەی تەرك کرد، ئەوە بەو واتایە دێت کە خوێنەران وەکوو فەیلەسوفێك لە بۆڤوار نەگەیشتوون و  پەرتووکەکەش وەکوو کارێکی فەلسەفی سەیر نەکراوە. بە لابردنی ئەو سەرچاوانەی کە باس لە فێمێنیزمی سۆسیالیست دەکەن، ناوەڕۆکی مارکسیزمی بۆڤواری نەهێشت. ونکردنی پێکهاتەی ئەدەبی و فەلسەفی و تێکڕای ئەو قسەکەرانەی کە بۆڤوار بەرکەوتنی لەگەڵیاندا هەبووە بەو واتایە دێت زۆرجار وەکوو ئەوە بەرچاو دەکەوێت کە یاسا و ڕێسا بۆ ژیان دابنێت و بانگەشەی پێوەری سەیر و سەمەرە بکات.

ڕەگەزی دووەم بەرهەمێکی ئەدەبی ڕەخنەییە، پڕە لە نموونەی دەقەکانی دیکە، دنیایەك دەنگ و ڕەنگی تێدایە، بەڵام بەشێکی زۆری ڕەخنەگرانی ئینگلیزی زمان ئەم لایەنەی دەقەکەیان لەدەستچووە، چونکە هیچ یەکێك لە وەرگێڕانەکان بەتەواوی نایانگێڕێتەوە. بۆڤوار پێناسە و نموونەی دەقەکانی دیکە دەخاتەڕوو، بۆ پیشاندان و ناساندنیان نا، بەڵکو بۆئەوەی پیشانی بدات کە شتەکان بۆ ئەو کەسە دیاریکراوە یاخوود ئەو کاراکتەرە دیاریکراوە لە پەرتووکێکی دیاریکراودا چۆنە. ئەگەر خوێندنەوەیەکی ورد و وەرگێڕانێکی بەهێز و متمانەپێکراوی بۆ نەکرێت ئەوەمان لەدەست دەچێت.

بە بۆچوونی من بەشێکی زۆر لەم میراتییەی لە بۆڤوارەوە بۆمان ماوەتەوە بەکارهێنراوەتەوە، بە تایبەتی لە ئەدەبیاتی فێمێنیستە سەرەتاییەکانی ئینگلیزی زماندا کە بە ئاشکرا لەژێر کاریگەری بۆڤواردا بوون. بۆ نموونە زۆر کەس پەرتووکی “The Feminine Mistyque”ی (فریدان) بە چاپی ئەمریکی “ڕەگەزی دووەم” ناو دەبەن، بەڵام زۆر قووڵترە لەوەی تەنیا دەق بێت.

 

دانیاڵ فن:- کۆتا پرسیارم بۆ کۆکردنەوەی بابەتەکان، بە بۆچوونی تۆ چی تەوەر و باس و خواسێك لە کارەکانی بۆڤواردا زۆرترین پەیوەندییان بەو مشتومڕانەوە هەیە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەڕێوەدەچن؟

ئێما ماکنیکۆل:- لە کەشوهەوای بان-سەرمایەداری (hypercapitalist) و  فێمینیستی بەرخۆریی ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا باسی ڕەگەز دەکەین، بەڵام پرسی چینایەتی بە بەردەوامی غیابی هەیە. لەبەر ئەم هۆکارە من پێموایە شیکاریی فێمینیست-مارکسیستی بۆڤوار بە گشتی بە پەیوەندیدار نازانرێت. یەکێك لەو هۆکارانەی وایکردووە شرۆڤەکاران چاو بخەنە سەر ئامادەگی مارکس لە “ڕەگەزی دووەم”دا و تێگەیشتنی فراوانی بۆڤوار سەبارەت بە چینایەتی ئەوەیە، کە کەش و هەوای بیروبۆچوونی ڕۆژگاری ئەمڕۆی ئینگلیزی-ئەمریکی هەموو جۆرە فۆرمێکی وەدەرنان وەك یەك گرنگ نابینێت.

ڕەخنەی هەمەجۆریی ئینگلیزەکان جەخت لەسەر ڕەخنەی ڕەگەز دەکاتەوە وەکوو کەلێنی سەرەکی “ڕەگەزی دووەم”. دیارە زۆر گرنگە لە کارەکانی بۆڤواردا سەرنج بخەینە سەر کێشەی ڕەگەز، بەڵام لەوانەیە باشتر بێت هەر ئەوە تاکە خەممان نەبێت. دەتوانین لە شیکاری کاریگەرییە سۆسیالیستییەکانی بۆڤوارەوە زۆر شت بەدەست بهێنین.

بۆڤوار لە ڕێگەی تەرخانکردنی “ڕەگەزی دووەم” بۆ مارکسەوە بەڕوونی هۆشداریمان دەداتێ دژی مەیلی جەختکردنەوە لەسەر جیاوازییە شوناس-بەبنەماگرتووەکان لە بەرامبەر ئەو نایەکسانییەی کە سەرمایەداری دروستی دەکات. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە دەرئەنجامی سەرەکی کۆبوونەوەی کرێکاران بۆ یەکگرتنیان ئەوەیە کە جیاوازییە جێندەرییەکان لە نێوانیاندا کەمتر فشاریان بخاتە سەر.

بە گوێرەی گێڕانەوەی خۆی، هەرچەندە ئەو ژنانەی مارکس باسی کردوون لەژێر بارودۆخێکی ناخۆش و ئیستیغلالکراودا کاریان دەکرد، بەڵام هیچ کامیان خۆیان وەکوو چینی کرێکار نەدەبینی و هەروەها لەلایەن هاوکارە نێرەکانیشیانەوە بەو شێوەیە تەماشا نەدەکران هەتاکوو پەیوەندییان بە کۆمەڵەکەوە کرد. ئەو دەڵێت کە ڕێکخستنی کۆمەڵەکە هۆشیارییەکی قووڵتری لەبارەی دۆخی هاوبەشی ستەمکاری لە نێوان کرێکاراندا بەرەوپێش بردووە و کێشەکە هاوشێوەی کێشەی هێزی کاری ڕەشپێستەکان بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.

بە بۆچوونی بۆڤوار ئەو کەمینەیەی کۆمەڵگە کە زۆرترین ستەمی لێ کراوە دەکرێت لەلایەن ستەمکارانەوە وەکوو چەکێك دژی هەمان چینی خۆیان بەکاربهێنرێن، هەروەها پێویستە هۆشیارییەکی قووڵتریان پێ بدرێت لەبارەی بارودۆخەکەوە، بۆئەوەی کرێکارە سپی پێست و ڕەش پێستەکان، یاخوود کرێکارە نێر و مێیەکان هاوکاری یەکدی بن و هاوپەیمان بن، لەجیاتی ئەوەی دژایەتی یەکدی بکەن. بە بۆچوونی بۆڤوار هاوپەیمانییەك لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاودەنگی بنیاتبنرێت نە بزووتنەوەی ڕەشت پێستە نە ژن، بەڵکو بزووتنەوەی کرێکارانی هەموو چین و توێژێکە.

بە واتایەکی دیکە، بۆڤوار ئاماژە بەوە دەکات کە دەشێت چینی سەرمایەداری بە شێوەیەکی ستراتیژی جەخت لەسەر تێڕوانینی جیاوازی نێوان گروپەکان بکاتەوە، لەکاتێکدا هاوکاری سیاسی لە پێناو گەیشتن بە یەکسانیدا دەتوانێت ئەو تێڕوانینە لاواز بکات. دەتوانین ئەزموونی هاوبەشی چەوسانەوە باس بکەین و دانپێدانانی لەو شێوەیە هەم پێشمەرجێکە و هەم دەستکەوتێکی ئەو هاوپەیمانییەیە کە ئەو ئارەزووی دەکات.

بە دڵنیاییەوە دەتوانین ڕەخنە لە پەرتووکی “ڕەگەزی دووەم” بگرین، بەوەی ئەزموونی ژنانی ڕەشپێستی پشتگوێ خستووە (باسی هەندێك لەو شتە ترسناکانە ناکەم کە لەسەر ژنانی موسڵمان دەیڵێت). بەڵام ناشبێت ئەوە لەبیر بکەین کە چەند گرنگی بە دۆخی نالەباری ژنانی چینی کرێکار داوە. هەر لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٩دا مەیلی ئێمەی دەستنیشان کرد کە خۆمان لەناو سیاسەتی شوناسدا گیربکەین و نایەکسانی چینایەتی لەبیر بکەین.

بەگرنگییەوە باس لەوە دەکات کە مەیلی جەختکردنەوە لەسەر جیاوازییە ڕەگەزی و نەژادییەکان تا ئەندازەیەک کە نایەکسانییە چینایەتییەکان تەمومژاوی بکات، تاکتیکێکی بنەڕەتی چینی دەسەڵاتدارە. بە بڕوای من شیکاریە سۆسیالیستی-فێمینیستیەکانی بۆڤوار پەیوەندییەکی نەپچڕاوی بە سەردەمی ئێمەوە هەیە.

 

سەرچاوە:

https://jacobin.com/2023/11/simone-de-beauvoir-the-second-sex-marxism-feminism-socialism-class-gender

 



[1] https://jacobin.com/2023/06/simone-de-beauvoir-second-sex-socialism-class

پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر