ئالان بادیۆ
وەرگێڕان: زەردەشت نورەدین
سەرنجی وەرگێڕ:
ئالان بادیۆ فەیلەسووفی هاوچەرخی فەڕەنسی لە کتێبی «فەلسەفە بۆ خەباتگێڕان» لە بەشی دوو دا دەپرژێتە سەر فیگەری سەرباز (soldier) و جەنگاوەر (warrior) – کە لە خوارەوە لە پاش ئەم کورتە پێشەکییە دەیخوێننەوە. بەر لەوەی لە ئەدگارەکانی هەرکامیان ورد ببێتەوە؛ باس لەوە دەکات، مرۆڤ لە هەر سەردەمێکدا بژی پێویستە بەردەوام ئەو ڕایەڵانە بدۆزێتەوە کە بوونە مرۆڤ-ئاژەڵییەکەی تێپەڕێنێت. مرۆڤ-ئاژەڵ لەلای بادیۆ پانتایی مانەوەی مرۆڤ لە چوارچێوەی غەریزەکانیدا دەنوێنێتەوە لە پێگەی جۆردا، وەک هەر جۆرێکی تری ئاژەڵ کە لەناویدا ململانێ دەکەن و لەڕێگەی ئەو ململانێیانەوە جۆرەکەیان بەردەوام دەکەن. بەدەربڕینێکی تر مرۆڤ-ئاژەڵ جۆری مرۆڤ یان بوونە بایۆلۆژییەکەی مرۆڤ دەنوێنێتەوە لەسەر ئاستی پێویستییەکانی مانەوە. بادیۆ پێی وایە لەودیو سنوورەکانی مرۆڤ-ئاژەڵەوە پانتاییەکی تر هەیە کە دەشێت بە نا-مرۆڤایەتی یان توخمە نامرۆڤەکانی مرۆڤایەتی ناوی ببەین؛ مرۆڤ تەنیا لەڕێگەی پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئەو توخمە نامرۆڤانەی ناو مرۆڤایەتی ئەو ئیمکانەی بۆ دەڕەخسێت زیاتر بێت لەو مرۆڤ-ئاژەڵ کە پانتایی سەرکێشییە پەیوەست بە مانەوەوە دەنوێنێتەوە.
پێش سەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، جەنگاوەر ئەو فیگەرە بوو بەجۆرێک لە جۆرەکان سنوورەکانی مرۆڤ-ئاژەڵی تێدەپەڕاند و لەڕێگەی یاری بە مەرگەوە لەپێناو بەهایەکی باڵاتر لە مانەوەی ڕووت -جوامێری – ئەو ڕایەڵەی بە نەمری یان ئەبەدییەتەوە دروست دەکرد. وەک بادیۆ ئاماژەی پێ دەدات فیگەری جەنگاوەر لەگەڵ دەرکەوتنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا دەکەوێت. پاش ئەوە و لەگەڵ شۆڕشی فەڕەنسادا (1879) فیگەری سەرباز دەردەکەوێت. لە وتاری ناوبراودا بادیۆ بەدوورودرێژی فیگەری سەرباز شی دەکاتەوە و ئەگەر و ئیمکانەکانی دەپشکنێت. فیگەری جەنگاوەر فەزیڵەتی وەک جوامێری و سوارچاکی دەیبزواند و مانای بە ژیانی دەبەخشی و لەنێوان خوا و مرۆڤدا نیشتەجێی دەکرد؛ بەڵام فیگەری سەرباز چیدی فەزیڵەت نایبزوێنێت و لە هەناوی کەوتنی فەزیڵەتەکانەوە (مەرگی خوا) هاتووەتە دەرێ و چیدی لەنێوان خوا و مرۆڤدا نیشتەجێ نییە، ڕاستە هەوڵ دەدات مەرگ تێبپەڕێنێت و تا ئەندازەیەکی زۆر لە سەرەتاکاندا ئەو کارە دەکات بەڵام هەردوو جەنگە جیهانییەکە فیگەری سەرباز دەپوکێننەوە و لە مانا قووڵەکانی ژیان بەتاڵی دەکەنەوە؛ چیدی ئەوەندەی مەرگێکی پووچ دەنوێنێتەوە ئەوەندە ناتوانێت ئاماژە بێت بۆ ئافڕاندنی مانای نوێ لەپاش جەنگاوەر.
ناسیۆنالیزم بەپلەی یەک و پاشان ئایین دنەدەر و ماناپێدەری فیگەری سەرباز بوون بەڵام لەگەڵ هەرەسهێنانی هەردوو بزوێنەرەکەوە وەکوو ئایدیۆلۆژیای سەرتاپاگیر، فیگەری سەربازیش لەگەڵیاندا کەوت و بەها گەردوونییەکانی خۆی لەدەست دا. لەئێستادا بەڕوونی دەبینین سەرباز تەنیا لەپێناوی پارەدا شەڕ دەکات وەک پیشە لێی دەڕوانێت یان ئەوەتا سەربازی زۆرەملێیە. جەنگەکانی ئێستای جیهان بەڕوونی داڕمان و داڕووخانی فیگەری سەرباز ڕوون دەکەنەوە. جگە لەوەش خودی جەنگەکانیش جگە لە مانەوەی ڕووت وەک ئامڕازی سەرمایە هیچی تر نانوێننەوە.
بادیۆ کەوتنی فیگەری سەرباز وەک ئاماژەیەک بۆ دەرکەوتنی فیگەرێکی نوێ دەبینێت بەڵام تەنیا ئاماژەکە دەبینێت و لەوە زیاتر پەنجە بۆ هیچ شتێکی تر درێژ ناکات وەک بڵێی هەر ئەوەندەی لێ دیارە کە فیگەری سەرباز بەسەر ئاستانەی دەرکەوتنی فیگەرێکی نوێدا دەکەوێت؛ تەنانەت هەندێک خسڵەتی ئەو فیگەرە نوێیەش دەبژێرێت بەڵام لەوە زیاتر هەلومەرجی بینینی ئەو بەرایی نادات فیگەرە نوێکە ببینێت و ئەمەش خۆی بەشێکە لە پرۆسەی دەرکەوتنی. دەبێت بە پەژارە و خەمێکی زۆرەوە پێ لەو ڕاستییە بنێین کە چیدی فیگەری پێشمەرگەش لەداڕماندایە و لەڕووی ماناییەوە هەرەسی هێناوە؛ فیگەرێک کە لەناو سیاق و گەلەکەی خۆیدا کەوتبێت هەرگیز ناتوانێت گەردوونێتی بەها بەدەست بهێنێت؛ گەرچی تا پێش ڕاپەڕین؛ فیگەری پێشمەرگە هاوشێوەی فیگەری سەرباز پێش دوو جەنگە جیهانییەکە هەڵگری ئەو بەهایە بوو کە بتوانێت سنوورەکانی مرۆڤ-ئاژەڵ تێبپەڕێنێت و بەهای نوێ دابهێنێت کەچی لەئێستادا کەوتووە و لە بەها داماڵڕاوە و بۆ پارێزەری دەسەڵاتی چەوسێنەر داکشاوە. پێشمەرگە لە سەنگەری خەڵکدا نەماوە و لەبەرانبەردا سەنگەری لە خەڵک گرتووە؛ جگە لەوەش سیستەمە بەهاییەکەی کە «کوردایەتی» بوو بەتەواوی هەرەسی هێناوە و ئەو مۆدێلە لە خەبات نەک هەر کەوتووە بەڵکوو بۆ گەوجاندن و چەوساندنەوەی خەڵک وەرگەڕاوە. چیدی بە دیوە مرۆییەکەیدا و لەسەر ئاستی گەردوونی ناکرێت لەڕووی تیۆرییەوە داکۆکی لێ بکرێت.
بەتەنیشت فیگەری سەرباز و پێشمەرگەوە فیگەری تری وەک «موجاهید» یان شەڕکەری ئیسلامی لە ئارادایە کە هیچ پەیوەندییەکی بە جەنگاوەری موسڵمانی پێش مۆدیڕنەوە نەماوە؛ ئەو جۆرە لە جەنگاوەر لەگەڵ هاتنی مۆدێرنەدا لە جیهاندا ئاوا بوو. ئەمەی ئێستا لەهەناوی کاردانەوەی نەخۆشانەی ئیسلامی سیاسی و مۆدێرنیتەی سەمایەدارییەوە وەک دومەڵێک دەرپۆقیوە؛ کە جگە لە جەنگاوەری فاشیزم، ناتوانێت جەنگاوەری هیچی شتێکی تر بێت، هەربۆیەش جگە لە ماڵوێرانی و مەرگ هیچی تر ناخاتەوە. فیگەری «موجاهید» تەنانەت ڕەوایەتی داکۆکیکردن لە مرۆڤ-ئاژەڵیش نییە و فیگەرێک نییە بە ئاڕاستەی مانەوەی ڕووتیش کار بکات؛ تەنیا و تەنیا فیگەری مەرگە و لەوە زیاتر لەڕووی بەهاییەوە هیچ هەڵناگرێت. سەرباز (جەندرمە، عەسکەر) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر لەسەرەتاشەوە هەڵگری هیچ بەهایەکی گەردوونی نەبوون و هەر لە بنەڕەتەوە بۆ سەرکووتکردنی کەمینەکان و جیاوازەکان و لەخۆیان-نەچووەکان هاتوونەتە ئاراوە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو فیگەرەی بادیۆ چاوەڕێی دەکات لەدوای کەوتنی سەرباز دەربکەوێت، لەڕاستیدا ساڵانێکە دەرکەوتووە، ئەویش «فیگەری شەڕڤان»ـە کە بە ئینتیمایەکی دیاریکراوی نەتەوەیی یان ئایینی یان هەر ئینتیمایەکی ترەوە گرێ نەدراوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا بەمانای ئەوە نایەت کە ناکۆک یان دژی هەر ئینتیمایەکی ئایینی یان نەتەوەیی بێت. بەپێچەوانەوە ئاین و نەتەوە لە چەوساندنەوەی ئامڕازی دەپارزێت کە ڕەوتە نەتەوەیی و ئایینییەکان هەرکامیان بەشێوەی خۆی ئایین و نەتەوە بۆ مەرامی خۆیان بەکار دەهێنن؛ دژ بە ئایین و نەتەوەکانی تر. فیگەری شەڕڤان وەکوو یەک و بەیەکسانی ڕێز لە ئینتیما نەتەوەیی و ئایینییەکان دەگرێت و هاوکات خۆی بۆ هیچیان کورت ناکاتەوە و هەموویان بەکەرامەتەوە لەخۆیدا دەپارێزێت. فیگەری «شەڕڤان» ماتەئەگەری ئەوەی تێدایە لە جیهاندا بتەنرێتەوە وەک دەبینین پێکهاتەکەی بەکردەوەش لەسەر ئەرزی واقیع جۆراوجۆر و فرەڕەگەزە. لە هەمووی گرنگتر شەڕڤان ئەو فیگەرەیە لەودیو مرۆڤ-ئاژەڵەوە هەوڵ دەدات بەهای نوێ دابهێنێت و لە مرۆڤ و ژیان بەرگری بکات بەبێ ئەوەی هیچ ئینتیمای نەتەوەیی یان ئایینی بەسەر دانەیەکی تردا زاڵ بکات؛ هەر لە بنەوەڕا دژ بە زاڵێتی و هەڕەمیبوونی پێکهاتەکانە.
فیگەری شەڕڤان ئەوەندە داهێنەرانە و ڕزگاریخوازانە، ئەوەندە نوێ و ناوەختە، دەبێتە هەڵگری توخمێکی تر کە تەنانەت لە پێشبینی و بینینی فەیلەسووفێکی مەزنی وەک بادیۆدا بۆ فیگەری داهاتووی جەنگ ئامادەیی نییە؛ ئەویش دووڕەگەزکردنەوەی جەنگاوەر و جەنگە. هەتا پێش دەرکەوتنی فیگەری شەڕڤان، سیمای جەنگاوەر و جەنگ سیمایەکی تەواو نێرانە بوو؛ ئەم نێرانەبوونەی جەنگە کاریگەرییە کووشەندەکانی لە دوای جەنگ دەردەکەوێت، دەرەنجامی جەنگەکە دۆڕان بێت یان بردنەوە، شتێکی ئەوتۆی لە چارەنووسی مێینە نەدەگۆڕی؛ ژن تێیدا یان دەبووە غەنیمە و کەنیزە (لە باری شکستدا) یان دەبووە خزمەتکاری نێری جەنگاوەر (لە باری بردنەوەدا)؛ چوونکە پاراستوویەتی؛ بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی شەڕڤاندا ئەو پارادایمەی جەنگ و جەنگاوەر کۆتایی پێدێت، دەرفەتێک دێتەپێشێ تا کەوتنی چەندین هەزار ساڵەی ڕەگەزی مێینە، هەستانەوە بەخۆیەوە ببینێت و ژن خۆی لە چارەنووسی خۆیدا بەشدار بێت هاوشانی پیاو؛ نەکەمتر و نە زیاتر. ئەم ڕەهەندەی فیگەری شەڕڤان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنچینەییترین و ژیانیترین ڕەهەندی ئەم دەرکەوتنەیە... لەم وتارەی بادیۆوە دەتوانین دەرکەوتنی شەڕڤان وەکوو فیگەرێکی نوێی ڕزگاری ببینین. (وەرگێڕ)
دەقەکەی بادیۆ:
لە هەر سەردەمێکدا بین یان لە هەر برگەیەکی مێژووییدا، گرنگ ئەوەیە، [بتوانین] لە ڕێگەی شتێکەوە، شتێک وەک ئایدیایەک کە لەودیو پێویستییە سروشتییەکانی مرۆڤ-ئاژەلەوە[2] بێت، درێژە بەو پەیوەندییە بدەین کە سنورەکانمان تێدەپەڕێنێت. لە ئەزموونە حەیاتییەکانی وەک ئەشقکردن، داهێنانە هونەرییەکان، دۆزینەوە زانستییەکان یان پێشهاتە سیاسییەکان، دەرفەتی تێپەراندنی سنورەکانی ژیان و قەدەرە کۆمەڵایەتیەکانمان پێشکەش کراووە. لەناو پانتایی مرۆڤایەتی خۆماندا دەبێت مامەڵە لەگەڵ چەند تێرمێکی نامرۆڤانەی ناو خودی توخمی مرۆڤ بکەین کە تەموومژاوی و توندوتیژە لەگەڵ ئەوەشدا درەوشاوە و ئاشتیخوازانەیە. هەر لەبەر ئەوەشە هاوڕێم ژان فرانسیس لیۆتارد توانی ئەوە بنووسێت کە جاڕنامەی «مافەکانی مرۆڤ»[3] لە ڕاستیدا مافی ناکۆتایە[4][١]. هەربۆیەش مرۆڤایەتی تا ئەو شوێنەی کە نامرۆڤ بەشێکی داهێنەرانەیەتی، بۆ ئاژەڵێتی کورت نابێتەوە. لە توخمە نامرۆڤانەکەدایە ئەو بەشەی "سرووشتی" مرۆڤ کە مرۆڤ دەیئافرێنێت دەردەکەوێت کە هێشتا بوونی نییە بەڵام پێویستە ببێت. مرۆڤایەتی وەکوو سەرجەمێتییەکی سروشتی[5] لەئاردا نییە، چونکە مرۆڤایەتی چوونیەکە لەگەڵ ئەو سەرکەووتنە ناوچەییانەی کە بە زاڵبوون بەسەر توخمە ناونشینە نامرۆڤانەکاندا دەستەبەردێن. بۆ قەبوڵکردن و پشتیوانی کردنی ئەزموونی ئەم توخمە نامرۆڤانەی هەناومان دەبێت، هەموومان؛ ئەو مرۆڤ-ئاژەڵەی کە هەین، سود لە کەرەستە نامادییە دیاریکراوەکان ببینین. دەبێت بۆ ئەم مرۆڤایەتییە [بەرباسە] نواندنێکی ڕەمزی لەناو توخمی سامناک و بەپیتی نامرۆڤانەدادابهێنین کە لەودیو خۆیەوە لەئارادا بێت.
ئەو جۆرە نواندنەوە ناو دەنێم فیگەری قارەمانێتی. «فیگەر»ـە، لەبەرئەوەی ئەو چەشنە کردارەی کە لێرەدا بەرباسە بەشێوەیەکی بنچینیەیی فۆڕمێکی ناسراوە. «قارەمانێتی»ـە لەبەرئەوەی قارەمانی بەدروستی، کردەیەکی ناکۆتا و دواینەهاتووە لە کردارە ئەنجامدراوەکانی مرۆڤدا. «قارەمانی» لە دۆخێکی دیاریکراودا، دەرکەوتنێکی درەوشاوەی شتێکە، کە مرۆڤایەتی لەودیو سنورە سروشتییەکانی مرۆڤ-ئاژەڵ گریمانە دەکات.
باوەڕی پتەوم بەوە هەیە کە، ئەم ساتە مێژووییەی ئێستامان شێواوئاراستەیە[6]. سەدەی پێشوو هەر لە بنەوەڕا سەدەی ئاراستە نەرینییەکانی قارەمانێتی بوو. [ئەم ئاراستانە] بەوە ناسرا بوو کە ئیرادەیەکی تۆکمە لە ژێر ناوی «بەدیهێنانی مرۆڤایەتی»دا[7] پاڵپشتی هەموو فۆڕمەکانی [توخمە] نامرۆڤانە ناونشینەکەی دەکرد. ئایدیاکە ئافراندنی مرۆڤی نوێ و جیهانی نوێ بەهەر تێچونێک بوو. لە هەموو شوێنیک بانگهێشکردن بۆ فیگەری قارەمانانە لەئارادابوو، هەندێ جار ترسێنەر و هەندێ جار خەمهێنەر بوو. وشەی «شۆڕش» سەنتێزی ئەم ئەزمونە وێرانکارانە بوو؛ شۆڕشی کۆمۆنیست، ویڕانکردنی هونەرییانەی هەموو هونەرەکان، شۆڕشی زانستی و تەکنۆلۆژی، شۆڕشی سێکسوال... فیگەری کۆتایی پێهێنانی هەموو نەریتە کۆنەکان، قارەمانێتی وێرانکەرانە و هێنانەبوونی واقیعێکی نوێ لە هیچەوە بوو. مرۆڤایەتی خۆی خودایەکی نوێ بوو.
ئەمڕۆ ئەم بیچمە[8] لە دۆخێکی تەواو قەیراناویدایە. یەکێک لە دەردئاماژەکانی[9] ئەم قەیرانە، گەڕانەوەی نەریتە کۆنەکان و زیندووبوونەوەی ڕواڵەتیانەی خوا کۆنە مردووەکانە. هەموو فیگەرەکانی قارەمانێتی، فیگەرە کۆنەکانە؛ بۆ نمونە قوربانیدانی ئایینی و دەمارگیری[10] خوێناوی. لە کەوڵی ئەم فیگەرانەدا هێچ شتێکی نوێ ناتوانێت ڕوو بدات. ئەمانە ئاماژەن بۆ لێکترازانێک[11] لە نێوان مرۆڤ و نامرۆڤدا نەوەک تێکەڵبوونی [توخمی] نامرۆڤانە بە زنجیرەیەکی نوێی وجودی مێژوویی مرۆڤایەتی. غیابی هەر جۆرە فیگەرێکی قارەمانێتی، بەدڵنیاییەوە نەبوونی هیچ بەهایەکی ترە جگە لە قوربانی کۆن. لەجیاتی ئەوە، نامرۆڤایەتیی زۆرداری تەکنۆلۆژیای کوشەندە و چاودێری بیرۆکراتیانەی هەموو لایەنەکانی ژیانمان هەیە.
شەڕی خوێناوی یان لانی کەم چەشنێک لە پۆلیسمان هەیە شەڕ دەکات، بەبێ ئەوەی زەڕەیەک بیروباوەڕ یان بڕوای هەبێت، بۆ دەوڵەت دژ بە خەڵکی خۆی شەڕ دەکات. لە ڕاستیدا بەبێ فیگەرێکی چالاک کە توخمێک لە بەهای ڕەمزی داهێنەرانە لە خۆ بگرێت، تەنیا ناکۆکیەکی بێ فۆرمی نێوان قوربانی کۆنی دینیی و ویستێکی کوێری کۆنترۆڵی سەرمایەداریمان هەیە. ئەم شەڕە لە هەموو شوێنێک شێواندنی ئاراستەی لێ دەکەوێتەوە؛ بە تایبەت [ئاراستەی] توێژە دیارەکانی لاوانی خەمخۆر بۆ ئاراستەی هیوابڕاوەکان دەگۆڕێت کە لە هەموو ئایدیایەک بەتاڵیان دەکاتەوە و نیهیلیزم لە خراپترین فۆرمیدا دەخاتەوە.
راستی «ئاراستەشێواوی» ئەوەی کردە ئەرک لەسەرمان کە لە بارەی چارەنووسی فیگەری قارەمانێتی بیربکەینەوە. دەکرێ کێشەکەمان لە زاراوەی[12] نوێدا ڕێک بخەین کە وەک هەمیشە تەنگژە-ئاسا دێتە پێشچاو. لە سەردەمی ئاراستەشێواویدا، ئێمە ناتوانین گەڕانەوەی فیگەرە کۆنە مردووەکانی قوربانیدانی دینیی قەبووڵ بکەین، هەروەها ناتوانین نەبوون و ئاوابوونی تەواوەتی هەر جۆرە فیگەر و ئایدیایەکی قارەمانێتی قەبوڵ بکەین. دەرنجامی هەردوو گریمانە کە لە ڕاستیدا کۆتای هەموو پەیوەندیە دیالەکتیکییەکانی نێوان مرۆڤایەتی و تۆخمە نامرۆڤانەکانی ناویێتی و ئەمەش بە توانەوەی هەموو ڕەهەندە داهێنەرەکان لە جیهانی ناهەموار و تووندوتیژی بەڕێوەبردنی هەموو شت کۆتایی دێت. لە هەر دوو حاڵەتەکەدا، بە واتایەکیتر ئەنجامەکە تەنیا دەتوانێت سەرکەوتنی خەمگینانەی ئەوە بێت کە نیچە پێی دەڵێت کۆتا-مرۆڤ[13]. کۆتا-مرۆڤ[14] فیگەری پرتووکاوی مرۆڤە کە لە هەموو فیگەرێک بەتاڵی دەکاتەوە. ئەمە وێنەی نیهیلیستی سروشتی نەگۆری مرۆڤ-ئاژەڵە کە لە هەموو ئیمکانە داهێنەرانەکانی تێپەڕاندن بەتاڵ بووەتەوە.
ئەرکمان دۆزینەوەی فیگەری قارەمانێتی نوێیە، کە نە، گەڕانەوەی فیگەری کۆنی دینیی یان قوربانیدانی نەتەوەیی بێت؛ هەروەها فیگەری نیهیلیستانەی کۆتا-مرۆڤیش نەبێت. ئایا لە دونیای ئاراستە شێواودا، شوێنێک بۆ ستایلێکی تازەی قارەمانی هەیە؟
با لە سەرەتاوە دەست پێ بکەین. دەبێت گرنگترین پێکهاتەی فیگەرەکان بەدرێژایی دوا قۆناغی مێژوویی شی بکەینەوە. وا پێشنیار دەکەم بەم شێوەی لای خوارەوە بیانژمێرین:
١- پارادایمی بەرەی قارەمانی، جەنگ بووە.
٢- پارادایمی هەموو فیگەرە قارەمانەکان، بە درێژایی شۆڕشە یەک لە دوایی یەکەکان، لە ١٧٨٩(دەستپێکی شۆڕشی فەرەنسی) تا ١٩٧٦(کۆتایی شۆڕشی کەلتوری چین) سەرباز بووە.
٣- فیگەری سەرباز دروستکراوەی دوو سەدەی ڕابردووە، لەبەرئەوەی لە جەنگەکانی پێش ئەودا، فیگەری قارەمانێتی، سەرباز نەبووە بەڵکو جەنگاوەر بووە.
٤- بەهای داهێنەرانەی فیگەری جەنگاوەر، لە حەماسەدا ڕوون کراوەتەوە و فیگەری سەرباز لە شیعری لیریکی ڕۆمانتیک و پاش ڕۆمانتیک ڕوون کراوەتەوە.
٥- لە وێنەی هاوچەرخدا (سینەما، تیڤی و... هتد) دەتوانین نۆستالژیا بۆ جەنگاوەرەکان تێبینی بکەین، کە نیشانەیە بۆ داڕزاوی فیگەری سەرباز، لە ژێر فشاری نیهیلیستانەی تاکگەراییدا.
٦- گەورەترین کێشە، دروستکردنی پارادایمی قارەمانە لەو دیو جەنگەوە، فیگەرێک کە نە هی سەرباز بێت و نە هی جەنگاوەر بێت، بۆ ئەم مەبەستەش نابێت [بەهیچ شێوەیەک] گەڕانەوە بۆ تەلسیمخوازی[15] مەسیحیەت کە فۆرمێکی پاسیڤی قوربانیدانە، هەبێت.
فیگەری کۆنی قارەمانێتی پێش شۆڕشی گەورەی فەرەنسا، فیگەری جەنگاوەری تاک بوو. ئەمە فیگەری سەرەکییە لە هەموو شیعرە گەورە حەماسیەکانی هەموو وڵاتەکاندا و بەشێوەیەکی دیاروبەرچاو، پاڵپشتی پاشایەتی و ڕوانگەی خانەدانانەی بۆ هەڵسەوکەوت و [مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر] کردوە کە لەسەر شانازی شەخسی بەندبووە. ئەم فیگەرە پەیوەندیەکی دیسپلینداری بە ئایدیایەوە شكڵ پێ نەداوە. فیگەری خود-زەقکردنەوە و دەرخستنی سەروەری خود بووە. قارەمانی کلاسیک لە فۆرمی جەنگاوەردا، زیاتر چارەنووس یان بەرگەگرتنی هەلومەرجی چەسپاوی لەپێشچاو بوو، هەربۆیە فیگەری ئازادی داهێنەرانە نەبووە. فیگەری جەنگاوەر تێهەڵکێشی سەرکەوتن و چارەنووسی سەروەری و گوێڕایەڵی بووە. جەنگاوەر بە هێزە، بەڵام هەڵبژاردنی ڕاستەقینەی سەبارەت بە بەکارهێنانی هێزەکەی نەبووە. زۆر جار توشی مەرگی بێرەحمانە و دوور لە هەر مانایەکی ڕوون بووە. بەدڵنیایەوە فیگەری جەنگاوەر دەکەوێتە ئەودیو پانتایی مرۆڤایەتییەوە؛ لەبەرئەوەی جەنگاوەر، لە نێوان مرۆڤ-ئاژەڵ و خوداکاندا نیشتەجێ دەبێت. ئەمە بەڕاستی ئافراندن نییە، زیاتر جۆرە پێگەیەکە لە ئەنجامی حەزی دەرە-ئەرزیەوە[16] پەیدابووە. فیگەرێکی ئەرەستۆکراتیە.
شۆڕشی فەرەنسی فیگەری دەستەجەمعی و دیموکراسیانەی سەربازی لە شوێن فیگەری فەردانی و ئەرەستۆکراتیانەی جەنگاوەر دانا. ئەمە وێنایەکی نوێی بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤ و نامرۆڤ دروست کرد. بیرسا مەزنەکە بریتی بوو لە «راپەڕینی جەماوەر» یان بزواندنی خەڵکی شۆڕشگێر بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ لە دژی دوژمنی هاوبەشیان. ڕەهەندی دەستە جەمعی ئەم فیگەرە زەروری بوو.
سەرباز ناوێکی شیاوی نیە و ئەمەش بەشە ئاگامەندەکەی دیسپلینی تۆکمەی ژێر دەسەڵاتی ئایدیایە. دواجار سەرباز ونە یان نەناسراوە. دەزانین لە پاریس لە ژێر تاقی سەرکەوتندا[17] بڵێسەیەکی ئەبەدی لێیە کە ئاهەنگی سەربازە ونەکانی لێ دەگێردرێت. لەراستیدا ئەمە بۆ جەوهەری فیگەری ڕەمزیی سەربازە دەگەرێتەوە کە بە نەناسراوی دەمێنێتەوە. ڕەهەندی بنەڕەتی فیگەری سەرباز ڕێک بریتیە لە یەکگرتنی دیالەکتیکانەی نێوان مردنێکی بوێرانە و نەمرانە، بەبێ بچوکترین گەرانەوە بۆ هیچ کام لە ڕۆحی شەخسی یان بۆ خودا. ئەمە بیرسای دیموکراسیانەی شکۆدارییە کە شتێکی نەمەر لە بوێری دەستەجەمعی و نەناسراوی دروست دەکات. دەتوانین لێرەدا، لە نەمری ناونشین قسە بکەین.
خۆڕسکانە ئەمە ئایدیایەکی شیعرییە. لە شیعری ڕۆمانتیکەوە ئاشنای ئایدیای شتێکی ئەبەدی دەبین کە دەکەوێتە ناو ئەزموونی شیعریانەی جیهانمانەوە، بەڵام نەک لە دونیایەکی تری پیرۆزدا [بەڵکو لە خودی ئەم دونیادا]. هەربۆیەش شاعیری زۆرمان هەیە هەر لە ڤیکتۆر هۆگۆوە تا واڵاس ستێڤن، بە هەمان شێوەی جێرارد مالینی هۆپکینز و چارلز پێگۆی کە سترانییان بۆ سەرباز وەک فیگەرێکی شکۆدار و نەناسراو چڕیوە.
وەرچارخانی هونەریانەی فیگەری سەرباز زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی لە ڕاستیدا [سەرباز] ژێستێکی سیاسیشە. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی فیگەری سەرباز پارادایمی ئەڵقەی شۆڕشگێڕیی سیاسەت بووە. بوون بە سەربازی شۆڕش، باوەرێکی هاوبەشی گشتی بووە. کەواتە شیعر لێرەدا وەک زۆرجار کە ڕووی داوە، سوبێکتیڤیتەی سیاسی پێشبینی و ڕوونی کردووەتەوە. لەبەر ئەم هۆکارەشە لێرەدا بۆ پاڵپشتی شیعری دەگەرێم.
تەنیا دوو شیعرم بۆ هەڵبژاردوون: یەکەمیان ئینگلیزییە لەلایەن جێرارد مالینی هۆپکینزەوە لەساڵی ١٨٨٨ دا نوسراوە و دووەمیان ئەمەریکییە و لە لایەن ستیڤن واڵاسەوە، لە ساڵی ١٩٤٤ دا نوسراوە. ئەوەی ئەم دوو شیعرە بە هاوبەشی هەیانە، بریتیە لە ئایدیای جۆرە پەیوەندیەکی دوو لایەنە لە نێوان قارەمانێتی سەرباز و سەرکەوتن بەسەر مرگدا کە هەردووکیان [گوزارشت لە] نەناسراوی و نائایینی دەکەن – تەنانەت ئەگەر هۆپکینز ڕاستەوخۆ مۆتیفە[18] دیاریکراوەکانی مەسیحی بە شیعر بکات [نابێتە هۆی ئەوەی کە نائاینی نەبێت]. ئەمە شیعرەکەی هۆپکینزە:
سەربازەکە
بەڵێ. بۆچی هەموومان بە بینینی سەربازێک، پارێزراوبێت؟ [خوا]بیپارێزێت
پۆشاکە سوورەکانمان، ڕوخسار ڕەشکردنمان؟ هەردووکیان، باشترین بەشن،
بەڵام، نەرمە گڵ، نا، بەڵام گڵی پیس. ئەوەتا: دڵ،
بەو پێیەی، بە شانازییەوە، بانگەوازەکە دەڵێت پیاوانە، پێشبینییەک دەدات
جا، شانازیکەرەکە، پیاوانە بانگ دەکات، پیاوانە پێشبینی دەکات؛
سا، دەخوازێت، باوەڕدەهێنێت، پیاو نابێت لەمە کەمتر بێت؛
دوای هونەرەکە، هونەرمەند، وەها خەیاڵ، نیشان، دڵبەستی، دەبێت؛
جا دڵخۆش دەدۆزێتەوە نایاب هەموو لەناو هەموو زیرەکی،
جا ئاڵ گیانی جەنگ دەپۆشێت لەوێ دەربڕین.
مەرقۆس مەسیحی پاشامان. دەزانێت بەدرێژایی جەنگ سوودی بەم سەربازگەرییە گەیاند؛
لە نێو هەموویاندا ئەو دەتوانێت پەتێک بە باشترین شێوە ڕابهێڵێت. لەوێ بە شادی دەمێنێتەوە
ئێستا، جا لە شوێنێک ببینی هەندێک پیاو هەموو ئەو کارانە دەکات کە مرۆڤ دەتوانێت بیکات،
بۆ ئەشق بەرەوپێش دادەکشێتەوە، پێویستی دەبێت ملی بکەوێتە سەر، ماچ،
جا هاوار بکا "ئەی کرداری-مەسیح کرد! کەواتە خوای-بوو-بە گۆشتیش دەیکات:
ئەگەر جارێکی تر گەڕامەوە" مەسیح هاوار دەکات "دەبێت ئەمە بێت[19].
تەنیا سێ سەرنج:-
١- تا ئەو شوێنەی بۆ هۆپکینز بایەخدارە پرسەکە بەڕوونی پرسی فیگەرە، پرسی پارادایمە. هەمووان بۆ سەرباز دەپارێنەوە، هەموو کەس دوعا بۆ دەرکەوتنی بێگەردانەی سەرباز دەکات. «قەمسەڵە سورەکانمان، ڕەشەکانمان»؛ ئەمە بۆیە وایە چونکە دەرکەوتنی «ڕۆحی شەر»ـە. سەرباز سەر بە دونیای بینراوە، سەر بە دونیای بێ میدیۆم یان هەستپێکراوە، سەر بە دونیای نواندنی ڕەمزیە. سەرباز دیدەکیبوونەوەی فەرمی ڕۆحی شەرە.
٢- بۆچی ئەم «ڕۆحی شەر»ـە ئەوەندە گرنگە. لەبەر ئەوەی دەرخەری توانستی[20] مرۆڤە لە دیو ڕیسک کردن و مردنەوە. ئەمە هەڵوێستێکە کە بوونی مرۆڤ لە ناویدا کامڵ و سەرکەوتووە؛ وەک خودی خودا لە ژێر ناوی «مەسیح»دا. بەو پێیەی کە مەسیح دەرکەوتنی خودایە لە فرمانە نەجاتدەرییەکەیدا لەودیو شوناسە سادەیەکەی خوابوونەوە، بەهەمان شێوە لە سەربازی ون یان نەناسراودا، دەتوانین ئەوە بینین «هەندێ مرۆڤ هەموو ئەوانە دەکەن کە مرۆڤ دەتوانێت بیکات»، ئەمە دەرکەوتنی مرۆڤایەتییە لەناو سەیرورەکەیدا لەودیوو بوونە ئاژەڵییە ناپایەدارەکەیەوە، لەودیو ترس و لەرزی پێش مردنییەوە. بەم هۆیەوە وەک چۆن جەوهەری ڕاستەقینەی خودا کە لە کەوڵی مەسیحدا بەدەستهاتووە، بە هەمان شێوە جەوهەری مرۆڤایەتی لە فیگەری سەربازدا دراوە.
٣- بەڵام ئەم جەوهەری مرۆڤایەتییە، دەرواتە ئەودیو بەدیهاتووی بێگەردەوە. ئەمە زیاتر وجوودییە وەک لەوەی جەوهەری بێت. سەرباز فیگەرێکە کە فیگەرگۆڕکێ[21] بە مرۆڤایەتی دەکات. ئەمە بە هۆی ئەوەوەیە کە لە کرداری سەربازدا شتێکی نەمر بەدەست دەهێنین؛ ژیانێکی نوێ – ڕێک وەک ئەوەی لە مردنی مەسیحدا، زیندووبوونەوەمان هەیە. گریانی خودا خۆی شایەتی بینینی سەربازە! «ئایا مەسیح ئەنجامی داوە!»
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە سەرباز میتافۆرێکە کە سێ پێکهێنەری بنەرەتی بوونی مرۆڤی تێدایە، لەو کاتەی کە حەقیقەت دەست بەسەر بوونیدا دەگرێت. یەکەم؛ نموونەیەکە بۆ هەمووان، ناونیشانێکی گەردوونییە. دووەم؛ ئەمە ئەو جۆرە شتەیە کە دەشێت کەسێک ئەنجامی بدات لەکاتێکدا ئەو بیرە چەسپیوە کە هیچ شتێک مومکین نییە – ئەمە ئافراندنی ئیمکانی نوێیە. سێیەم؛ ئەمە نموونەی ئە شتەیە کە نەمرە یان هەرمانە، لە کردەیەکدا کە دەڕواتە خزمەت ئایدیای ڕاستەقینەوە – ئەمە ئافراندنی نەمری ناونشینە.
بەهەمان شێوە دەتوانین هەموو ئەمانە لە ستێڤن واڵاسدا بدۆزینەوە بەڵام بە شێوەیەکی مالیخۆلیاییتر. بە بۆچوونی من واڵاس ستێڤن گەورەترین شاعیری ئەمەریکی سەدەی بیستە. لە ساڵی ١٨٧٩دا لەدایک بووە، بەمپێیەش لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا گەنج بووە. لە ساڵی ١٩٥٥دا مردووە، هەربۆیە کوشتارە ترسناکەکانی جەنگی جیهانی دووەمیشی بینیوە. ئەو هاوکاتی لوتکە و هەروەها کۆتایی گەردونێتیی فیگەری سەرباز بووە. دەتوانین ئەمە لە ناونیشانی شیعرەکانی ئەو برگەیدا ببینینەوە. ستێڤن لە ساڵی ١٩٤٣دا کۆمەڵە شیعرێکی بە ناونیشانی «پارچەکانی جیهانێک[22]» بڵاو کردوە. وەک دەبینین، ئەم ناونیشانە بەرجەستەبوونی ئایدیای کۆتایی جیهانە وەک سەرجەمێتییەکی تەواو. لە کۆمەڵە شیعرەکەدا پرسیاری ڕاشکاو سەبارەت بە قارەمان دەبینین. یەکێ لە گەورەترین شیعرەکانی لە کۆمەڵەکەدا تەرخانکردووە بۆ قارەمانی سەردەمی شەر، کە درەنجامەکەی گومانە لە دەسەڵات یان بەهای فیگەری سەباز[23]. هەرچەندە ئەو شیعرەی کە هەڵم بژاردووە هی کۆمەڵەی دواترە، واتە [هی کۆمەڵەی] «گواستنەوە بۆ هاویین»[24]ـە. لای ستێڤن هاویین هەمیشە ناوێکی ترە بۆ بەڵێگۆی[25]، خۆر ناوێکە بۆ خاڵێک لە شوێنێکدا کە بوون و دەرکەوتن لێک جیانابنەوە. بۆ ستێڤن، جەنگ وەکوو شوێنی سروشتیی قارەمانی نوێ کۆتایی پێهاتووە، چونکە شەر بەڵگەی کۆتایی خۆرە و هەروها بەڵگەی دیارنەمانی هاوینی بێگەردی بەڵێگۆیانەیە. پاشان پرسیارەکە بەم شێوەی لای خوارەوەی لێدێت: چۆن پاش ئەو هەموو شەرە، کە ماتریاڵ و ئیمکانی مرۆڤی تێدا تا ناکۆتا بە فیرۆ چووە، دەشێت هێشتا «گواستنەوە بۆ هاوین» فەهم بکرێت؟ ئایا دەتوانین جارێکیتر پاش مردنی پارادایمی سەرباز هیوامان هەبێت بۆ شتێک وەک دەرکەوتنی ڕاستەقینەی بوون و بیرکردنەوەی بەڵێگۆیانە؟ بۆ ستێڤن سەرباز بریتیە لە قارەمانێک کە وەستاوە لە ئاستانەی زەرورەتی ئاواکردنی[26] بوونی خۆی لە لایەن فیگەرێکیترەوە کە لە شیعرەکەدا بەرەمز نوسراوە.
ناونیشانی شیعرەکە بە فەرەنسی بریتیە لە «ئێستاتیکای خراپە[27]» کە ڕستەیەکی بۆدلەرە. ئەم ناونیشانە پێمان دەڵێت کە شیعرەکە لە نێوان ئێستاتیکا و خراپەدا وەستاوە لە نێوان جەوهەری مەجازی جوانی و ئاوابونێکی مالیخۆلیایانەی. فیگەری سەرباز لە حەوتەم کۆپلەدا دەرکەوتووە وەک لە خوارەوە هاتووە:
شلێرە چەندە سورە برینی سەربازەکەش ئەوەندە
برینی زۆرێک لە سەربازەکان، برینی هەمووان
ئەو سەربازانەی کە کوژراون، سوور لەناو خوێن،
سەربازی کات بێشومار بێمەرگ زۆربوون.
کێوێك کە هەرگیز ئاسودەیی تێدا نادۆزرێتەوە،
مەگەر بێباک لە مەرگی قووڵتر
ئاسودەیی، لە تاریکیدا خۆی مەڵاسداوە، وەک سێبەری گردێك
جا لەوێ سەربازی کات پشوویەکی بێمەرگی هەیە.
بازنەی هاوچەقی سێبەرەکان، بێ جووڵە،
بە لایەن خودی خۆیانەوە، بەڵام لەسەر با دەجووڵێن،
لە خەودا پێچی تەماویی پێکدەهێنێت
لەسەر چرپای سەربازە سوورە بێمەرگەکەی کات.
سێبەری هاوڕێکانی بە دەوریدا کۆڕ دەبەستن
لە نیوە شەودا، هاوین هەناسەیان بۆ دەدات
بۆنەکەی، خەوەنوچکێیەکی قورس، سا بۆ ئەویش،
بۆ سەربازی کات، خەوی هاوینەی لێ دەخات،
لەو خەوەدا برینەکەی باشە چونکە ژیان بوو.
هەرگیز هیچ بەشێکی ئەو بەشێک نەبووە لە مەرگ.
ژنێک بە دەستی هەنیەی نەرم دەکا
جا سەربازی کات لە ژێر ئەو لاواندنەوەیەدا هێور ڕادەکشێت.ا[28]
جارێکیتر سێ سەرنج:-
١- سەرباز لێرەدا بە شێوەی هۆپکینز، لە ڕیگەی دەرکەوتنی دەرەکییەوە یان لە ڕیگەی ئەکتەکەیەوە پیشان نەدراوە. واڵاس لە ڕێگەی برین و مردنەوە پیشانی دەدات. ڕەنگ، ڕەنگی خوێنە، کەچی هێشتا گۆرانکاریەکی ئەرێنی دەدۆزێتەوە تا ئەو شوێنەی گوڵی ڕۆز برین دەنوێنێت. «شلێرە چەندە سورە برینی سەربازەکەش ئەوەندە» و خودی برین وەک ڕۆز وایە و هێمای ستایشی ژیانە: برینەکەی باشە لەبەر ئەوەی ژیانی تێدایە. کەواتە سەرباز لە نێوان ژیان و مردندا میدێۆمێکی ئەرێنیە.
٢- سەرباز لە کات پێکهاتووە، هەموو سەربازێک سەربازی کاتە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی شەر – شەری مۆدێرن – جەنگی درەوشاوە و جەنگاوەری مەزن لە خۆ ناگرێت، ئەو جەنگاوەرە مەزنانەی بەرگەی چارەنووسی شەخسی خۆیان دەگرن. شەری مۆدێرن برگەیەکی دووروودرێژی ئازارچەشتنە بۆ میلیۆنان سەربازی بێناو، برگەیەکی لێڵی کەوتن بەسەر مەرگدایە لەناو قوڕ و چڵپاودا، بەدرێژایی کەلاوەکان. هێشتا ئەم کاتە شتێک لەو دیو کاتەوە دەخولقێنێت. ئەم مەرگە، شتێک لەو دیو مەرگەوە دەئافەرێنێت. سەرلەبەری شیعرەکە پەیوەندییەکی لێڵ دروست دەکات کە لە ڕووی شیعرییەوە پێویستە لە نێوان کات و مردندا هەبێت. داڕشتەی[29] ئەم پەیوەندیە بریتیە لە «سەربازی کات بێشومار بێمەرگ زۆربوون». لێرەدا ئەوپەڕی هێزی فیگەری سەرباز ڕیک لەو چرکەساتەدا کە لە لایەن بەربەریزمی دەوڵەتەوە قوتدەدرێ دەبینین. لە سەربازدا شتێکی مەزن هەیە، لەبەر ئەوەی سەرەرای هەموو ئەمانە، بەبێناو و نەناسراوێتی، ئەڵقەیەک لە نێوان کات و نەمریدا بە بێ بوونی خودا دەخوڵقێنێت.
٣- لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین سەرباز فۆرمێکی نوێی دەرکەوتنی خۆرە، لە هێزی خوڵقێنەری هاویندا. هاوین لە شەوی مردندا ئامادەیی هەیە:
لە نیوە شەودا، هاوین هەناسەیان بۆ دەدات
بۆنەکەی، خەوەنوچکێیەکی قورس، سا بۆ ئەویش،
بۆ سەربازی کات، خەوی هاوینەی لێ دەخات،
بەم مانایە لە لایەن شایەتی هاوینەوە لەمس دەبێت، سەربازی مردوو لە لایەن مەرگەوە لەمس ناکرێت «هەرگیز هیچ بەشێکی ئەو بەشێک نەبووە لە مەرگ». لەبەر ئەم هۆکارەیە سەرباز بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ فۆرمە جۆراوجۆرەکانی قوربانیی ئایینیدا تێکەڵ ناکرێت؛ تەنانەت ئەگەرچی فیگەرەکەشی بۆ جەستەیەکی مردوو و برینێکی خوێناوی کورت بکرێتەوە. [ئەوا ئەوە] مەرگە کە خودی ژیانی سەرباز دەهێڵێتەوە، گوڵی ڕۆز نەمری هاویین لە شەودا پیشاندەدات.
دەتوانین لەمانەوە دەرەنجامیگیری چی بکەین؟ سەرباز بووە بە ڕەمزی مۆدێرنی دوو پێکهاتەی زۆر گرنگی توانای مرۆڤ-ئاژەڵ بۆ خۆڵقاندنی شتێک لەودیو سنورەکانێەوە؛ بەمپێیەش بەشداری لە خوڵقاندنی هەندێک حەقیقەتی ئەبەدیدا دەکات. یەکەم؛ لە فیگەری سەربازدا، ئەوە دەزانین کە ئەم خوڵقاندنە دەتوانێ بەبێ پشت بەستن بە ئیمانی دینی، ناونشین و دەستە جەمعی بێت. دووەم؛ دەزانین کە ئەم خوڵقاندنە لە ناو خودی کاتدا ئەبەدیە نەک لە پاش کات(یان دەرەوەی کات) بێت.
سەرەرای ئەمانە هاوکات سنوردارێتی فیگەرەکە لە دوو شیعرەکەدا بە باشی ڕوون دەبێتەوە. لە لای هۆپکینز دەزانین لەرووی ناچارییەوە میتافۆری شکۆی مەجازیی سەرباز لە ناو پارادایمی مەسیحیەتدا دەمێنێتەوە. سەرباز، ئەکتی مردن و زیندووبوونەوە دووبارە دەکاتەوە. هۆپکینز دەڵێت بوونی مرۆڤ دەتوانێ هاوتای خودا بێت. بەڵام چی دەبێت ئەگەر خودا مردبێت وەک ئەوەی کە نیچە هەموومان فێر دەکات؟ لای ستێڤن مانەوەی مالیخۆلیایانەی هاویین و خۆرمان هەیە کە بە فیگەرگۆڕکێی شیعری برین و مردن دەربڕاوە. بەڵام چی دەبێت ئەگەر جەنگ لە سەردەمی ئێمەدا، بوبێتە دێوێکی نادیاری کەوڵکردن؟
فیگەرگۆڕکێی شیعریانەی سەرباز، سەرەتای شکۆداری کۆتایی ئەم فیگەرەیە؛ لەبەر ئەوە دەزانین کە ئەرکی ئێمە تەواو ورد و هەستیار دەبێت. سەردەمی جەنگاوەری ئەرەستۆکراتی لە پشت سەرمانەوەیە وەک سەردەمی سەربازی دیموکراسی؛ کەواتە ئەمە زۆر ڕوونە، هەربۆیەش خۆمان لە کۆتایی ئاشتیخوازانەی مێژوودا نابینینەوە. بە پێچەوانەوە ئێمە لە شڵەژان، توندوتیژی و نا عەدالەتیدا دەژین. دەبێت فۆڕمی ڕەمزی نوێ بۆ ئەکتە دەستەجەمعییەکانمان دابهێنین. بەو شێوازەی لە سەدەی بیستدا لەئاردا بوو ناتوانین لە سیاقی نەفی جیهانگیری و دوایین شەڕدا ئەنجامی بدەین. ئێمە دەبێت حەقیقەتی نوێ لە سیاقی ئەرێنی ناوچەییدایە کە تەنراو بە ناکۆکی بێپایان هەڵبگرین. دەبێت خۆرێکی تازە بدۆزینەوە بە واتایەکیتر وڵاتێکی نوێی زیهنی بدۆزینەوە. وەک ستێڤن دەڵێت: خۆر وڵاتێکی ترە لە هەر کوێ بێت.[30]
[1] ئەم وتارە ناوی ''فیگەری سەرباز''ـە، بەهۆی ئەو پێشەکییەوە بۆمان نووسینەوە و ئەو ماتەئەگەرەئ خودی وتارەکە هەڵیگرتوە لە سیاقی ئێستاماندا، ناونئشانەکەیمان بەو شێوەیە گۆڕی.
[2]- مرۆڤ-ئاژەڵ واتە مرۆڤ لە چوارچێوەی پێداویستیە بنەرەتییەکانی جەستەی کە غەریزییە و لە گەڵ ئاژەڵاندا هاوبەشە. بەدەربڕینێکی تر مرۆڤ-ئاژەڵ، ئاسۆی ئارەزوە ئاژەڵییەکانی مرۆڤە کە ڕاستەوخۆ پەرچەکردای پاڵنەرە غەریزییەکانی وەک؛ سێکس، برسێتی، مانەوە و ... هتد بەرهەمی دێنێت. لەم سۆنگەوە مرۆڤ-ئاژەڵ تەنیا گوزارشت لە بەشە ئاژەڵییەکی مرۆڤ دەکات. دیار کە مرۆڤ جگە لە ڕەهەندی ئاژەڵی، ڕەهەندی خود-ئاگایی و ئایدیایشی هەیە. لە ڕوانگەی بادیۆوە، مرۆڤی بەبێ ئایدیا، مرۆڤ-ئاژەڵە و هاوکات ئاماژە بەوە دەدات کە دروشمی زاڵی ئەم سەردەمە ئەوەیە کە دەڵێت:"بەبێ ئایدیا بژی".
[3]- Translator’s Note : See Jean-François Lyotard, The Differend: Phrases in Dispute, trans. Georges Van De Abbeele (Minneapolis: University of Minnesota Press, 1 988), p. 31
[4]- The rights of the infinite
[5] natural totality
[6] disoriented
[7]- Humanity to Come
[8] configuration
[9]- symptoms
[10] -fanaticism
[11] -disjunction
[12] term
[13] -Translator’s Note: See for instance ‘Zarathustra’s Prologue’, in Friedrich Nietzsche, Thus Spoke Zarathustra, eds Adrian Del Caro and Robert Pippin (Cambridge: CUP, 2006), pp. 9–1 0.xlii
[14]- کۆتا-مرۆڤ دواهەمین نوسخەی مرۆڤی ناو مۆدیلی سەرمایەداری و لیبراڵیزمە، کە بوێری و هێزی ڕیسک کردنی تێدا نەماوە و هێمایەکە بۆ هیلاکی ژیان و گەران بە دوایی مورتاحی بە هەموو شێوەیەکی مومکین و داکشان بۆ سەر ئاستی مرۆڤ-ئاژەڵ.
[15] pacifism
[16] -superterrestrial
[17]- Arc de Triomphe مۆنۆمێنتێکی بەناوبانگە لە پاریس لە مەیدانی شارڵ دەگێڵدا، کە بە بۆنەی بەرزراگرتنی یادی ئەو سەربازانەی بە درێژایی مێژووی فەرەنسا و بە تایبەتی سەردەمی ناپلیۆن جەنگاون و شەهید بوون و هەروەها مەقبەرەیەکی سەربازە ونەکانیشی لێیە.
[18] -Motif
[19] -Translator’s Note : See Gerard Manley Hopkins, ‘The Soldier’, Poems of Gerard Manley Hopkins, ed. Robert Bridges (London: Humphrey Milford, 1 91 8 (
[20] -capacity
[21] transfigures
[22] -Parts of a World
[23] -Translator’s Note: See Wallace Stevens, ‘Examination of the Hero in a Time of War’, in The Collected Poems of Wallace Stevens, pp. 273–81.
[24] - Transport to Summer
[25]- Affirmation چەمکێکی بنچینەیی ناو هزری نیچەیە. بەڵێگۆیی بەرلەهەموو شت ئاماژەیە بۆ بەڵێ وتن بە ژیان و قەبوڵکردنی ژیان. ئەمەش ڕاستەوخۆ لە هەموو ئینتیما هزرییە ئاینییەکان دەدات کە لەسەر نەفی و نا وتن بە ژیان سەرپێکەوتووە. لەم سۆنگەوە هەموو ئایدیا و فیگەرێکی نوێ دەبێت لەسەر بەڵێ وتن بە ژیان و هزری بەڵێگۆیانە دابڕێژرێتەوە.
[26] (sublation)
[27] Esthétique du Mal
[28] -Translator’s Note: See Wallace Stevens, ‘Esthétique du Mal’, The Collected Poems of Wallace Stevens , pp. 31 81 9
[29] formula
[30] -Translator’s Note: See Stevens, ‘Esthétique du Mal’, The Collected Poems of Wallace Stevens, p. 31 8.
