چیمان لە سووریادا لە بەرچاو نەگرت؟


ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سووریادا، نەک هەر تەنیا بەرهەڵستکاران و ئۆپۆسزیۆن، کە ئەبوو محەمەد جۆلانی سەرکردایەتی دەکات، ئەبڵەق و ماتمایی کرد، بەڵکوو هەروەها ڕێخۆشکەریش بوو بۆ ئەوەی ببێتە خاکێکی بە پیت بۆ چەکەرەکردنی تیۆرییەکانی پلانگێڕی.

 سلاڤۆی ژیژەک

و. دێرسیم فایەق

ڕۆڵی ئیسرائیل، تورکیا، ڕووسیا، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەم ئاوەژووبوونەوە کتوپڕەدا چی بوو؟ ئایا ڕووسیا تەنها بە سادەیی، لەبەرئەوەی چیتر توانای نییە خۆی بگلێنێتە شەڕێکی دیکەوە لە دەرەوەی تەختەی شانۆی ئۆکرانیاوە، خۆیگرتەوە لەوەی لەسەر ناوی ڕژێمەکەی ئەسەد دەستوەربداتە دۆخەکەوە؛ یاخود، ڕێکەوتنێکی ژێربەژێر هەبوو؟ ئایا ئەمریکا دیسانەوە کەوتەوە ناو داوی پشتگیریکردن لە ئیسلامییەکان لە دژی ڕووسیا؛ و هیچ گوێی بەو وانانە نەدا، کە پشتگیریکردن لە موجاهیدنانی ئەفغانستان لە ١٩٨٠کاندا، هاتەگۆڕێ؟ ئیسرائیل چی کرد؟ بێگوومان شتێکی سوودبەخشە،  سەرنجی جیهان لە غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا بەلادابچێت؛ هەروەها تەنانەت لەگەڵیشیدا، ببێتە مایەی دەستگرتن بەسەر خاکی نوێدا[1] لە باشووری سووریادا.

 منیش، وەک زۆربەی شرۆڤەکاران، بە سادەیی وەڵامی ئەم پرسیارانە نازانم، هەر لەبەر ئەوەشە دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر وێنە گەورەکە.  خاسیەتێکی گشتی چیرۆکە، هەر وەک ئەفغانستان لە دوا کشانەوەی ئەمریکا و ئێران لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩دا، ئەوەیە کە هیچ شەڕێکی گەورە و یەکلایکەرەوە ڕووینەدا. ڕژێمەکە هەروا بە سادەیی وەک ماڵێکی لە کارتدرووستکراو[2] ڕووخا. سەرکەوتن هی ئەو لایەنە بوو، کە بەڕاستی ئامادە بوو شەڕ بکات و لەپێناو دۆزەکەیدا بمرێت.

ئەو ڕاستییەی، کە ڕژێمەکە وەک شتێکی بێزراوی جیهانی لێهاتبوو، بەتەواوەتی شرۆڤەی ئەوەی کە ڕوویدا ناکات. بۆچی بەرهەڵستی و بەرەنگاری عەلمانی لەبەرامبەر ئەسەددا دیار نەمان، و ساحەکەیان چۆڵکرد، تاوەکوو موسڵمانە تووندئاژۆیە فەندەمێنتالیستەکان، هەلەکە بقۆزنەوە؟ دەکرێت هەمان پرسیار بەسەر ئەفغانستانیشدا پیادەبکرێت. بۆچی هەزارەها کەس ئامادەبوون سەرکێشی و ڕیسک بە ژیانیانەوە بکەن، تاوەکو فرۆکەیەکیان بۆ دەرەوەی کابووڵ[3] دەستبکەوێت، بەڵام ئامادەنەبوون  شەڕی تاڵیبان بکەن؟ هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی پێشوووتری ئەفغانستان پڕچەکتر بوون، بەڵام بە سادەیی خۆیان تەرخان نەکردبوو بۆ ئەو شەڕە.

هەمان کۆمەڵە فاکتگەلێک، کاتێک لە ساڵی ١٩٧٩دا (دووجار) سەردانی ئێران، بووە مایەی سەرسامی فەیلەسووف میشێل فۆکۆ. ئەو ئەبڵەق بووبوو بە بینینی بێ‌باکی شۆڕشگێڕان لە دەرهەق بە مانەوەی [لەژیان]ی خۆیاندا. پاتریک گامێز باس لەوە دەکات کە "فۆرمێکی گێڕانەوەیی-هەقیقەتی پارتیزانی و ڕکابەری [agonistic]"[4] هەبوو. ئەوان بەدوای "وەچەرخانەوەبوون لەڕێی خەبات و جەزرەبەوە، لە بەرامبەر فۆرمەکانی هێورکردنەوە، بێکاریگەرکردن و ئاساییکردنەوە دەسەڵاتی مۆدێرنی ڕۆژئاواییدا...  خاڵی گرنگی تێگەیشتنی لەمە، چەمکاندن و تێگەی هەقیقەتـە لە کردەوەدا... چەمکاندێکی هەقیقەت وەک شتێکی لایەنگیر [partial] و تایبەتمەند بە پارتیزانانەوە."

وەک فۆکۆ خۆی ئاماژەی پێدەکات [ لە کتێبی "دەبێت بەرگری لە کۆمەڵگا بکرێت"دا]:

"...گەر ئەم سوبێکتە کە هەق (یاخود هەقەکان) دەڵێت، هەقیقەت بڵێت؛ بەوەی هەقیقەت  چیتر هەقیقەتی گەردوونیی فەیلەسوفی نییە... ئەو بەو ڕادەیە کۆیەتی (totality) سەرنجی ڕادەکێشێت، کە هەلوومەرجە یەک-لایەنیەکانی تیادا بیبینێت، و تێکیبشکێنێت بۆ ئەوەی لە گۆشەنیگای خۆیەوە سەیری‌بکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، هەقیقەت، هەقیقەتێکە کە تەنها لە پێگە خەباتگێڕی[شەڕکەرەوە]یەکەیەوە، و لە دیدگای گەڕان-بۆ-سەرکەوتن، و لە دواجاریشدا، لە ڕوانگە و پێرسکپێکتیڤی مانەوەی خودی سوبێکتی ئاخێوەر خۆیەوە، دەتوانرێت بخرێتەگەڕ."

ئایا ئەم ڕوانگەیە دەکرێت، وەک بەڵگەی کۆمەڵگەیەکی پێش-مۆدێرن و "سەرەتایی"، کە هێشتا تاکگەرایی مۆدێرنی کەشفنەکردووە، وەلاوەبنرێت؟ وەڵامەکە، بۆ هەر کەسێکە کە ئاشنایەتییەکی هەر کەمی لەگەڵ مارکسیزمی ڕۆژئاواییدا هەبێت، ڕوونە. هەر وەک گیۆرگ لۆکاچ‌ی فەیلەسووفی هەنگاری باسی دەکات [لە کتێبی "مێژوو و ئاگایی چینایەتی"دا]، مارکسیزم بۆیە "هەقیقەتێکی یونڤێرساڵ [گشتەکییە]"ـە، بە دەقیقی لەبەر ئەوە "بەشەکی/لایەنگیر" [partial]ـە، بە پێگە سوبێکتیڤیە بەشەکییە [particular] دیاریکراوەکان. ئەوەی فۆکۆ لە ئێراندا بەدوایدا دەگەڕا – فۆرمی ("شەڕ")ێکی مشتومڕسازی گێڕانەوەی هەقیقەت – هەر لە دەستپێکەوە لە مارکس خۆیدا ئامادە بوو، کە پێی‌وابوو بەشداریکردن لە خەباتی ملاملانێی چینایەتیدا، بەربەست نییە لەبەردەم دەستڕاگەیشتن بە زانین و مەعریفەی "ئۆبێکتیڤ"ـی مێژوویی، بەڵکوو لەوەش زیاتر پێش‌مەرجی وەها کارێکە.

تێگەیشنی پۆزەتیڤیستی لە زانین و مەعریفە وەک دەربڕێکی "ئۆبێکتیڤ"ـی واقیع – ئەوەی فۆکۆ پێی دەوت "فۆرمەکانی هێورکردنەوە، بێکاریگەرکردن و ئاساییکردنەوە دەسەڵاتی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی" – ئایدۆلۆژیای "کۆتایی ئایدۆلۆژیا"یە.  لە لایەکەوە، ئێمە گوایە بەناو زانینێکی پسپۆڕیی نا-ئایدۆلۆژیمان هەیە؛ لە لایەکی دیکەشەوە، تاکگەرایی هەڵپەسێردراومان هەیە، کە هەر یەکەیان خەریکی سەرنج‌خستنە سەر سەیروسەمەراتی "گرنگیدان بە خود"ن (لەڕوانگەی فۆکۆوە) – بەو شتە بچووکانەی وەک چێژ بۆ ژیانی کەسێک دەهێنێت. لەم پێگەیەی تاکگەرایی لیبراڵەوە، هەر خۆ-تەرخانکردنێکی یونیڤێرساڵ و گشتەکی، بە تایبەتی گەر ژیان و سەری کەسەکە بخاتە مەترسی ڕیسکەوە، جێی گوومانە و "نائەقڵانیی"ـە.

 لێرەدا ڕووبەڕووی لێکدژی و پارادۆکسێکی سەرنجڕاکێش دەبینەوە: لە کاتێکدا مارکسیزمی نەریتی، بە ئەگەری زۆرەوە لەوانەیە نەتوانێت لێکدانەوەیەکی قایلکەرانە بۆ سەرکەوتنی تالیبان بخاتەڕوو، بەڵام یارمەتیمان دەدات لە ڕوونکردنەوەی ئەوەی فۆکۆ لە ئێراندا (و ئەوەی کە دەبێت لە سووریادا، ببێتە مایەی سەرسامبوونمان پێی)، بەدوایدا دەگەڕا. لە کاتێکدا کە سەرکەوتنی سەرمایەداریی جیهانی، ڕۆحیەتی عەلمانی بەشداریی و تەڤلیبوونی بەکۆمەڵ و دەستجەمعی گەڕانی بە دوای ژیانێکی باشتردا چەپاندووە و سەرکووتکردووە، فۆکۆ هیواخوازی دۆزینەوەی نموونەیەک بوو لە بەشداریی دەستەجەمعی، کە پشتی بە هیچ فەندەمێنتالێزمێکی ئایینی نەدەبەست. بەڵام [نموونەکەی ئێران] وانەبوو.

باشترین ڕوونکردنەوە لەسەر ئەوەی بۆچی، لە ئێستادا، ئایین خۆتەرخانکردنی دەستەجەمعی و خۆ-بەقوربانیکردنی بۆخۆی قۆرخ و مۆنۆپۆلکردووە، لە لایەن بۆریس بودنەوە دەخریتەڕوو[5]، کە باس لەوە دەکات، ئایین وەک هێزێکی سیاسی ڕەنگدەرەوە لێکهەڵوەشانەوەیەکی پۆست-سیاسی کۆمەڵگەیە - داخوران و توانەوەی ئەو میکانیزمە نەریتیانەی کە زامن و گەرانتی کارلێکە جڤاکییە/کۆمونالە جێگیرەکانیان دەکرد. ئاینی فەندەمێنتاڵیست، هەر تەنیا سەر بە پرسی سیاسی نییە؛ بەڵکوو خودی سیاسەتیشە. بەلای پەیڕەوکارانییەوە، چیتر تەنیا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو خودی تانوپۆی و ڕەنگبۆی کۆمەڵگەیە.

بەم‌جۆرە، چیتر مومکین نییە جیاکاری لە نێوان لایەنە تەواو ڕۆحییەکەی ئایین و بەسیاسیکردنەکەی [ئایندا] بکەین: لە گەردوونی پۆست-سیاسیدا، ئایین کەناڵێکە لەڕێیەوە چۆشوخرۆش ئەنتاگۆنیزمی و لێکدژییەکان دەگەڕێنەوە. گەشەسەندەکانی ئەم دواییانە، کە وەک سەرکەوتنی فەندەمێنتالیزمی ئایینی دەردەکەون، گەڕانەوەی ئایین بۆ نێو سیاسەت نانوێنەوە، بەڵکوو بە سادەیی نوێنەرەوەی گەڕانەوەی خودی پرسی سیاسین.

بۆیە، ئایا پرسیارەکە ئەوە نییە، چی چەرمەسەرییەک بەسەر سیاسەتی عەلمانی ڕادیکاڵدا (دەستکەوتە لەبیرکراوەکانی مۆدێرنەی ئەورووپی) هات؟ نوام چۆمسکی، لە غیابیدا خۆیدا، باوەڕی وایە لە کۆتایی کۆمەڵگەی بەڕێکخراوبوو[6] نزیکدەبینەوە  - واتە، خاڵێک کە هیچ گەڕانەوەیەک نییە و ناتوانین پێوەرێکی ئەقڵانی باوانە، پەیڕەوبکەین تاوەکوو "ڕیگری بکەین لە وێرانکاری تاودراوی ژینگە." لە کاتێکدا چۆمسکی جەخت دەکاتە سەر بێدەربەستیمان لە بەرانبەر ژینگەدا، من دەمەوێت ئەم خاڵەی درێژبکەمەوە بۆ سەر  بێ‌مەیلییە گشتییەکەمان لەوەی، بەگشتی، بەشداری خەباتی سیاسی بببین.  بڕیاردانی دەستەجەمعی بۆ ڕێگیریکردن لە ماڵوێرانییە پێشبنینیکراوەکان، پرۆسەیەکی سیاسی مەزنە.

کێشەی [وڵاتانی] ڕۆژئاوا، ئەوەیە بە تەواوەتی بێ‌مەیل و نابەدڵن، لەوەی شەڕ بۆ دۆزێکی هاوبەش بکەن. بۆ نموونە، " peaceniks"، پاسیڤیستە ناچالاکە شەرنەخوازەکان، کە دەیانەوێت بە هەر جۆرێک بێت کۆتای بە شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بێنن، لە دواجاردا بەرگری لە ژیانە ئارامە خۆشگوزەرانەکانی خۆیان دەکەن و ئامادەن لەو پێناوەشدا ئۆکرانیا بکەن بە قوربانی. فرانکۆ بێرادی فەیلەسووفی ئیتاڵی لەسەر هەقە.[7] ئێمە گەواهی "لێکهەڵوەشانەوە جیهانی ڕۆژئاوا" دەدەین.

 

سەرچاوە:

https://www.project-syndicate.org/commentary/syria-west-failed-to-see-that-rebels-were-the-only-force-with-a-cause-by-slavoj-zizek-2024-12


پەراوێرزەکان

[1] https://www.bbc.com/news/articles/c77jrrxxn07o

[2] https://www.project-syndicate.org/commentary/syria-assad-regime-weak-support-allowed-rebels-to-strike-by-barak-barfi-2024-12

[3] https://www.npr.org/2021/08/16/1028090002/afghanistan-airport-evacuation-taliban

[4]https://journals.sagepub.com/doi/abs/10.1177/0191453718794751?journalCode=pscb

[5] Boris Buden, Transition to Nowhere – Art in History After 1989

[6] The End of Organized Humanity Noam Chomsky /@youtube

[7] https://critinq.wordpress.com/2024/12/09/the-american-unconscious-and-the-disintegration-of-the-western-world/



پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر