هادی ئەحمەد
نووسینی یادداشتێک بۆ ئاستێکی گرنگی زانکۆ بە هیچ شێوەیەک نابێتە وەڵامگۆی ئەم قەیرانانە کە ئەکادیمیای ئێمە لەگەڵی دەرگیر بووە. هەروەها بێگومان کە نابێتە چارەسەریش، هەم کۆمەڵگە و هەم زانکۆ پێویستیان بە سەدان توێژینەوە و هەنگاونانی ڕادیکاڵ هەیە بۆ ئەوەی لە دۆخی قەیران دەربچین، ئەوەی بۆ ئێستا گرنگە ددان پێدانانێکی گشتییە، هەموومان بە ڕاستگۆی دەستبخەینە سەر برینەکانمان و بڵێین: ئەرێ خوێندکاران و مامۆستا و پڕۆفیسۆرەکانی ئێمە، سیاسی و کاربەدەستانی حکومی، خەڵکی ئێمە، لە قەیرانداین و پێویستە کار بۆ دەربازبوون بکەین. وەکیتر، لەدەرەوەی ئەم ددانپێدانانە برینەکانمان دەشارینەوە، و ڕۆژێک تێدەگەین خۆلادان لە چارەسەر و دەربازبوون بە کوێ گەیاندین!
ئەم یادداشتەی منیش وەک چەند هەنگاوێکی دیکە کە لە قۆناغی زانکۆدا بە هەستکردن بە بەرپرسیارەتییەوە کارمان بۆ کرد، لە ڕێگەی مانیفێستۆ و پێشکێشکردنی یادداشتنامە هەم دەربارەی خوێندن و پەروەردە هەم وەک چالاکوانێکی ژینگەی کەم تا زۆر بە ئەرکی خۆمان هەستاین. لێرەدا، دەمەوێت وەک دەرچوویەکی بەشی فەلسەفە و توویژینەوە کولتوورییەکان لە زانکۆی سلێمانی، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی و خەمخۆرییەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە داخستی بەشی فەلسەفە لە زانکۆی ڕاپەرین و سلێمانی، کە وەک زەنگێکی مەترسیدار بەرامبەر بە گشت زانستەکانی دیکە لێدراوە، پێشکێش بکەم بە خوێنەران و خەڵک و بەرپرسانی ئەم دۆسیەیە. هیوادارم بەم هۆیەوە دەیان و سەدان گرفتی دیکە بکەین بە پرسی وتووێژ و دایەلۆگ کە بە ئاراستەی چارەسەری کاربکەین.
ئەو سیستەمەی کۆمەڵگە بێرۆڵ دەکات، زانکۆش بێڕۆڵ دەکات
کاتێک دەپرسین زانکۆ بۆچی لە پاشەکشەدایە و کەمتر کارییگەری بەسەر کۆمەڵگە و ئاراستەکردنییەوە هەیە، پێویستە لەسەرمان چەند فاکتەرێکی بنەڕەتی ئاماژە پێبکەین. ئەگەر بە گشتی سەیری زانکۆکانی جیهان بکەین دەبینین زانکۆ وەکوو هەر یەک لە دامەزراوەکانی دیکە، لەلایەن سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، وەک دەزگایەکی پیشەسازی خەریکی دروستکردن و زیاتکردنی ئامرازەکانی سەرمایەیە. ئەمە جگە لەوەی ئەرکێکی دیکە وەک ڕەوایەتیدان هەمان ئەرکی شامانە کۆنەکان دەبینێت. شامان بە هۆی توانا و لێهاتووی لە ڕاڤەکردنی جیهان و دۆخی مرۆیی و ڕەوایەتی، جۆرێک لە پیرۆزی دەبەخشیە دەسەڵاتی نێرسالاری کە بە هاوبەشی پیاوی بەهێز و فێڵباز توانیبوویان سیستەمی نێر [پیاو] سالاری بسەپێنن و کۆتایی بە سیستەمی دایکە خوداوەند بهێنن. ئەم پلانە تەنها دژی دایکان و ژنان نەگێڕدرا، بەڵکوو دژی کۆمەڵگە و مۆدێرنیتتەی دیموکراتی بوو. بەم دەسپێکە، گەرەکمە شیکاری ئەم لێکترازانەی کۆمەڵگە و زانکۆ بکەم کە ئەمڕۆ دەیبینین. نە زانکۆ ئەو دەزگایەیە کە کۆمەڵ چاوەڕوانی هەیە، لێ نە ئەو سوژانەی لە ناو زانکۆدا هەن، کەسانێک بن بتوانن لە دەرەوەی سیستەمی زاڵی هەنووکەی دەرچن. بە دەربڕینێکی دیکە، پڕۆسەکە بە تەواوی دەزگایەکی میکانیکی دێتەبەرچاو، لادان و دابڕان لەو سیستەمە بانکییە کە ئەمڕۆ لە ناو زانکۆکاندا زاڵە فرە تاقانە و کەمن.
چۆن بێڕۆڵ دەکرێیین؟
دێتەبیرم کاتێک لە ئامادەی خوێندکار بووم، سیمینارێک هەبوو ئێمەش بانگێشتکراین. بە دیاریکراوی بیرم نییە سیمینارەکە لەسەرچ بوو، وەلێ دوای تەواوبوونی سیمینارەکە مشتومڕێک درووست بوو لەسەر ئەوەی داخۆ ئێمە کە داهاتوومان ڕوون نییە بۆچی درێژە بەم پڕۆسەی[خوێندنــە] ــە بدەین. هەنووکە ئەمە گوتاری بڵاوی گەنجانی باشوورە، کە هەر بەم هۆیەشەوە کەمتر درێژە بە خوێندن دەدەن و لە قۆناغێکی زوودا دادەبڕێن لە خوێندن و درێژە بە خوێندنی زانکۆ نادەن.
بۆ من کە سەرەتا و دەسپێکم بوو بەرەو جیهانی ئەدەبیات و هزر ئەم بانگەشەیە تەواوو قەبوڵنەکراو بوو، لە درێژەی گفتووگۆکەدا من قسەم کرد، من بە جۆرێکی دیکە ئەرک و ڕۆڵی خوێندکارم دەبینی، هەر لەوێ گووتم بە ڕاستی ئەرکی ئێمە تەنها ئەوەنییە بخوێنین و دواتر بڕۆینە سەر پیشەیەک کە پەیوەندی بە بڕوانامەکەمانەوە هەبێت، لە دواتریشدا درێژە بە ژیانی خۆمان بدەین، بەڵکوو کۆمەڵگە پێویستی بە ئێمەی گەنجان و نەوەی داهاتوویە. هەم وەکوو ڕاڤەکار و ڕەخنەگر هەم وەک سوژەی یەکسانیخواز و چالاکوان، بتوانرێت دۆخی کۆمەڵگە لەو دۆخە چەقبەستووییە و قەیراناویەی کە هەیە دەرباز بکرێت، و ئاراستەیەکی فرە جیاواز وەربگرێت. بە گشتی هەموویان قسەکانیان لا پەسند بوو. وەلێ کەس نییە هەوڵی بۆ ئەو ئامانجە یەکسانیخواز و دادپەروەرانە بدات لەبەر ئەوەی خەونەکانیان بە پلان و پڕۆسەیەکی دیاریکراودا دەکوژرێن. گرفتی بنەڕەتی لە ئیستادا ئەوەیە کە مرۆڤ هیوا و خەونی نەما، چی دیکە باوەڕی بە قارەمانەکان و شۆڕشگێڕەکان نەماوە. سەردەمی قوربانیدان بۆ خەڵک[ گەلان] کۆتایی هاتووە، وەها تیدەگەینرێن چی دیکە مرۆڤەخۆبەختکەرەکان لە پێناو ئایدیا باڵاکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بوونیان نەماوە، ئەمەش وا دەکات نائومێدی ببێت بە پەتایەکی بڵاو و گشتی و توانای چالاکی نەمێنێت، لە کۆتاییشدا دەبێتە سوژەیەکی ناچالاک و بێئومێد.
ناتوانم درێژە بەم نووسینە بدەم و دۆخی خوێندگە و سیستمەکە باس نەکەم، لە سەرەتاییەوە خوێندنگە ناوەندێکی گرنگ و بەهێزە بۆ دروستکردنی جۆری تاک و کارەکتەر، ئاستی منداڵی هێشتا وەک ئاستێکی گرنگ نابینرێت لە کولتوور و پەروەردەی ئێمەدا. بە ڕاستی وەها تەماشای ئەم ئاستە دەکرێت کە منداڵ گەورە بوو هەمووی لە بیردەچێتەوە. گەرچی ئەمەش لە دەربڕینێکی نا-زانستی و پیاوسالارانە هیچی دیکە نییە، نەخێر منداڵ هیچی بیرناچێتەوە. بەڵکوو لە ڕوانگەی دەرووناسییەوە منداڵ زۆر لە تەمەنێکی کورتدا کەسایەتی شێوە وەردەگرێت. ئەگەرچی من ناڵێم ئەمە کۆتا فۆڕمە، بەڵام لەبەر بە گرنگزانینی تەمەنەکە باسم کرد. ژینگەی پەروەردەی منداڵ فرە گرنگ و کاریگەرە، بە گشتی کۆمەڵگەی ئێمە لە ناو ژینگە و کەشێکی نادیموکراتی و نایەکساندا تاکەکانی پەروەردە دەکرێن. بەسەرنجدان بە مامەڵەی نادیموکراتی و نا-مرۆیی بەرامبەر بە خوێندکاران ئەم بانگەشەیە تەواو سەلمێنراوە، وەکی تر دەتوانین سەدان نموونەی نا-یاسایی و نا-یەکسانی بە دوای یەکدا ڕیزبکەین.
خوێندکاری ئێمە وەها پەروەردە دەکرێت لە خوێندنگەدا کە ئەو سیستمەی لە بەردەستی ئەواندایە بە تەواوی دەبێت وەک خۆی لەبەربکرێت و بگوترێتەوە، یانی سیستەمی بانکی، خوێندکار وەک بانکێکی بەتاڵ لە لە لایەن کارەکتەرێک کە پێیدەگوترێن فێرکار و ڕوونکار و پەرەردەکار بۆشایەکەی بە زانین پڕدەکڕێتەوە. ئەمە بە گشتی دواتر لێکەوتی فرە-خراپی هەیە بەسەر کۆمەڵەوە کە وا دەکات چینێک خۆی بە بەرزتر لەوانی دیکە بزانێت، چونکە ئەوە گەشتووە بە کۆمەڵێک زانینی مرۆیی، کە هێشتا ئەوانی دیکە پێینەگەشتوون. ئەمە یەکەمین خاڵی دەستپێکە کە فێرکار یان ڕوونکار[مامۆستا] لێیەوە جاڕی نایەکسانی دەدات! ئەرێ سیستەمێک لە نایەکسانی ژیرییەکانەوە دەستپێبکات پۆتێنشیاڵی ئەوەی هەیە بمانگەینێت بە یەکسانی؟ ئەم پرسیارە بۆ تەواوی ئەو فێرخواز و ڕووناکرانە جێ دێڵم کە بە پڕۆسەی خوێندندا گوزەریان کردووە.
ئەو نەخۆشییەی لە زانکۆ وەک شێرپەنجە تەشەنە دەستێنێت کێشەی گەورە و مەترسیدار کە هەموو گۆشە و جێگایەکی زانکۆی گرتۆتەوە نەخۆشی نەخوێندەوەراییە کە لە ئاستێکی خراپ و مەترسیداردایە. نەخوێندنەوەی خوێندکار تا ئاستێک ئاشنایە پێمان و زانکۆکانیش پڕن لە خوێندکارێک کە لە ساڵان و لە مانگان نامیلکەیەکێش ناخوێننەوە، ئەوە نەخۆشینێکی گشتی و مەترسیدارە. خوێندنەوە یەک لە پێویستییەکانی دروستبوونی تاکی تەندرووست و بەهێزە کە جێگەی ئومێد و هیوای کۆمەڵ بێت وەکی دیکە، کۆمەڵ لە ژێر سایەی کەسانی نەخوێندەوار و دوور لە هزر و زانست دووجار سەرلێشێواوی و قەیران دەبێت. بەڵام لێرە لەگەڵ دۆخێکی دیکە و هەتا دەتوانین بڵێن نامۆ دەرگیرین ئەویش؛ نەخوێندنەوەی مامۆستا و بڕوانامەدارەکانی زانکۆیە، کە لە ژێر ناونیشانی وەک؛ دکتۆر، پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر هتد. خۆیان دەناسێنن، کەچی سنورێکی فروانن لە بێ ئاگای و نەخوێندەواریی. بەگشتی ئەو جۆرە کەسانە زانکۆ وەک دەزگایەکی بازرگانیی دەبینن بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان، لە بەکالۆریوسەوە تا دکتۆرا لە سەر میکانزمی تووتیبوون گەشەدەکەن، ئەم دۆخەش لە زانکۆکان بەردەوامی هەیە و بووە بە ڕێبازێکی زاڵ و باو لە ڕێگەی دەرخیاتەوە وانەکان کۆنترۆڵ دەکەن. کارەساتەکە لێرەوە دەستپێدەکات کە بابەتگەلی وەها دەبنە مەلزەمە و لە لایەن مامۆستا و دکتۆرەکان دەسەپێنرێن بەسەر خوێندکارەوە کە بەهەموو شێوەیەک دوورن لە بەرهەمی زانستی و پەرەسەندنی خودی زانستەکە و پێگەیاندنی کەسێک کە خزمەتی بوارەکەی خۆی بکات. هەر لێرەوە دۆخێک دەستپێدەکات کە ئەکادیمیا دەبێتە شوێنی پێنەگەیاندنی تاکی ئەکادیمی، هەموو ئاستەکانی زانکۆ تەواو دەکەت کەچی لە نائەکادیمێیک خراپترە. لە کۆتاییدا دەگەینە ئاستێک کە ئەکادیمبوون بە چینی ناو زانکۆ دەگووترێت، کە ئاماژەیە بۆ واتە وات و تووتیبوون. ئەم جۆرانەش لە زانکۆدا بەهەر هۆکارێکبێت دەبن بە شێرپەنجە و گشت زانکۆ بە پێ کات نەخۆشینەکە دەگرێت، ئەگەرچی دەتوانین بڵێین کە هەمووی هەڵگری ئەو نەخۆشیینەیە و پەڕیوەتەوە بۆ ناو سیاسەت و گشت کایەکانی دیکەش. بانگەشەی ئەکادیمیبوونیشیان تەنها قسەی بێ ناوەڕۆکە، سەدان مامۆستای ناشایستە لە جێگایەک دانیشتوون کە نەک جێگەی ئەوان نییە، بەڵکوو بوونیان لە و سێکتەر و جێگایانە کفرێکی ڕووتە. هەر بە نموونە مامۆستا هەیە ڕاگەیاندنی خوێندووە و ئەخلاق[ــی کانتی] بە خوێندکار دەڵێتەوە. مێژووی خوێندووە و دەروونشیکاری فرۆید دەڵێتەوە. ئەمانە هەموو ئەو نەخۆشینەن کە خوێندکار دەرگیریان دەبێت و دەبنە قوربانی بە هۆیەوە. کاتێکیش چەند خوێندکارێک کە هێشتا پەتای زانکۆیان تووش نەبووە، بەرەنگاری ئەو کارەساتە دەبنەوە هەموو ئەم کەمووکوڕیانە دەکەنە یادداشت و بانگەشەی ڕادیکاڵ دەکەن بە هۆی نابەپرسیارەتییەوە وەڵامیان نادرێتەوە، لێرەوە تێدەگەین کە وزەی خوێندکاری یاخی و ڕاستگۆ دەکووژرێت.
شوێن [لۆکەیشن] و مۆدێلی زانکۆکان چیمان پێدەڵێن؟
بونیادی بیناسازیی هەر کۆمەڵگەیەک دەشێت خوێندنەوەی دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگەیەی پێبکرێت، بە سەرنجدانی زانکۆکانی ئێمە تێدەگەین کەمپە[بینا] تازەکان بە شێوەیەکی بەرچاو خراونە دەرەوەی شارەکەن کە ئەمەش بەبێ مەبەست و هۆکار نییە، پاساودانی بە بیانووی ئەوەی کە شارەکان لە فراوانبووندان هیچ لۆجیکی نییە، چونکە دابڕانی جەستەی زانکۆ لە کۆمەڵگە فاکتەرە بەهێزەکەیە، لە ڕێگەی دوورخستنەوەیان لە هەر دۆخێکدا بێت زانکۆ دادەبڕێنن لە خەڵکی، ئەمەش وا دەکات لە هەر دۆخێکدا ئەگەر ناڕازیبوونی چڕیش هەبێت ئەستەمتر هاوڵاتی و خوێندکاران بگەن بەیەکتر و وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی و یەکگرتوو بتوانن ناڕازەیتی دەرببڕن، هەر ئەمەشە کە سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە بە ئاسانی بەسەر ئەو دوورییە لۆکاڵییەدا جێبەجێ ببێت.
هەروەها بوونیادنانی سیاجی گەورە و نا پێویست هۆکارێکی دیکەی دابڕانە، بوونی سیاجی قەبە و گەورە پێماندەڵێت کە کۆمەڵگە و زانکۆ دیوارێک لە نێوانیاندایە کە لە دیوارە قەبەکەی ئەڵمانیای ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات دەچێت، دەبێت چ خوێندەوەیەک بۆ ئەو سیاجانە بکرێت؟ کێ بە ئێمە دەڵێت ئەمە بە سەربازگەکردنی دەزگایەکی مەعریفی و مرۆیی نییە، ئایا گەڕان بۆ زانست و زانین [knowledge] پێویستی بەو دیوار و سیاجانەی زانکۆکان هەیە، یاخود ئەمە ئاماژەیە و لەم ڕێگەیەوە بە ئێمە دەڵێن لە ناو سیستەمدان و دەرچوون لێ ئەستەمە.
دۆخی دیکەی نامۆ لە ناو مۆدێلی بیناکانی زانکۆدا زۆرن، بەڵام ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین دیارترین و کێشەدارترینیان باس بکەین، ئایدیای دروستکردنی بەشەناوخۆیی نازانم بۆ چ دۆخێک یاخود چ پێیوستێک دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێستا هەنووکە ئەم بەشە ناوخۆییانە هەن و لە ئەزموونی خودی خۆمەوە چەند تێبینێک باس دەکەم، کە بە لای منەوە چەندە نامۆ و نادیموکراتی بوون. تێبینی دووەمم لەسەر بیناسازیی بەشەناوخۆیی و زیهنییەتی سیاجەوەیە. جۆرێکی دیکە لە سیاج دەبینین کە ئەویان لە سیاجەکەی زانکۆ مەترسیدارتر و نامۆترە، ئەویش سیاجی بەشەناوخۆییەکانە، سیاج لەنێو سیاجدا پاسەوان لە دەوری پاسەواندا، مەگەر هەر لە مۆدێلی زانکۆکانی ئێمە دەبڵگارد هەبێت بۆ خوێندکار، ئەویش بە تێپەڕین بە هەزار حاڵەوە بۆ نێو جێگای مانەوە لە بەشەناوخۆییدا. لەسەرەتاوە گلەیی و گازندەی ئەوە دەکرا کە کچانی بەشەناوخۆیی لە ژێر دیسپلین و یاسا و ڕێسای قورسی هاتووچۆکردندان کە بە شێوەیەک کاتی گەڕانەوەیان فرە زووە، ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان قورسکردن و دانانی ئاستەنگە بۆ خوێندکارانی کچ، کەچی لەوەش زیاتر دەڕۆن و هەوڵی ڕژد دەدەن هەمان شت بەسەر بەشەناوخۆیی کورانیش بێنن لە ڕێگای سیاجکردنی بەشەناوخۆی کوڕانەوە. لەیەک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان یەکەم هەوڵیان شکستی هێنا لە لایەن خوێندکارانی بەشەناوخۆیی کوڕانەوە، دوای دانانی ستوونەکان شەوێک هەموویان هەڵکەندرانەوە، خوێندکاران پەیامێکیان گەیاند بە سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەو هزرە داخراوەی کە باوەڕی بە دەبڵسیاج و دەبڵگارد هەیە، ئەگەر سەیری وێنەکان بکەن زیاتر لە کەمپێک دەچێت کە کۆمەڵێک تاوانباری سەربازی تێدایە وەک لە خوێندکار.