قڕکردنی ژن- فێمیساید، شەڕێکی سیستەماتیک و ئایدۆلۆژییە!

 

نەجیبە قەرەداغی

کنە و پشکنین و زانیارییە شوێنەوارناسییەکان، لە قۆناغی بەر لە مێژووی نوسرادا، لانیکەم لە میزۆپۆتامیای ژوورین کە واری یەکەمین کۆمەڵگەبوونی مرۆڤە، زۆر وردەکارییمان بۆ دەخەنەڕوو کە شەڕ، کوشتن و توندوتیژیی بەشێک نەبووە لە ڕەمەک یان پاڵنەری ناوەکی مرۆڤ. زۆربەی ئێسکەپەیکەرەکانی مرۆڤ نیشان دەدات کە مرۆڤ لە ئەنجامی کارەساتی سروشتی یان گۆڕانی کەشوهەوا یان ڕووبەڕووبوونەوەی ئاژەڵە کێوییەکان گیانیان لەدەستداوە. مرۆڤ پێویستی بەیەک بووە بۆ خۆپاراستن، خۆتێرکردن و زۆربوون. نەک مرۆڤ لە بەرانبەر بە توخمی خۆی، تەنانەت لە بەرانبەر ئاژەڵانیش پەنای بۆ توندوتیژیی نەبردووە. باوەڕیی ئەنیمیستی-باوەڕی مرۆڤ بە هێزی سروشت و تێکەڵبوونی لەگەڵ سروشتدا، کە بناغەی یەکەمین بنەماکانی ئەخلاقە، ڕێگری سەرەکی بووە لە توندوتیژیی. جگە لەو دۆخی ناچارییەی ڕاو و شکار نەبێت کە سەرەتا پێویستی سادەی مرۆڤی دابین کردووە بەڵام دواتر بەهۆی فاکتەری دیکەوە پەرەسەندنی کولتووری ڕاو و شکاری بە کۆمەڵ دەبێتە بناغە بۆ پەرەسەندنی بونیادی پلەداریی، پیاوسالاریی و چینایەتی. لە زۆرێک لە کۆمەڵگە خۆجێیەکاندا، هەندێک دابونەریت، سروت، مەراسیم و میکانیزمی ئەخلاقی و ویژدانی هەیە ڕێگر بووە لەوەی کە مرۆڤ توندوتیژیی بکات. تەنانەت نزاکردن بۆ داوای لێبووردن لەو ئاژەڵانەی کە سەریانبڕیوون، ئاماژەیەکە بۆ هاوسەنگی مرۆڤ لەگەڵ سروشت. تەنانەت لە هەندێک تیرە و کۆمەڵگەی خۆجێی دا، گۆشتخۆریی نەبۆتە بەشێک لە کولتووری سەرەکی خۆتێرکردن.

فیرناند براودل لە سۆسیۆلۆژیای بونیادی دا ڕاوەستە لەسەر ئەو بونیادانە دەکات کە بە دەستی مرۆڤ خوڵقێنراون و کاریگەری گەورەیان لەسەر بونیادی زهنی مرۆڤ کردووە. لە پاڵ دەوڵەت، خێزان، ئایین، پیاوسالاریی و سوپا و زۆر بونیادی دیکە کە بونیادە پلەدارییەکانە باس لەوە دەکات کە چۆن ئەو بونیادانە کاریگەری نەرێنییان لەسەر زهنی مرۆڤ داناوە. لەم ڕێبازە سۆسیۆلۆژیانەی فیرناند براول، یەکەم پارچەبوونی بونیادیی کە لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێت لە ئەنجامی هەڵکشانی ئەو پیاوسالارییەوە، زۆر گرنگە بە وردی لە هۆکارەکانی بکۆڵرێتەوە. ئەوەی زیاتر پاڵنەرە بۆ هەڵکشانی ئەو زهنیەتە، کولتوورێکە کە سەرتاپا دەستدرێژیی و داگیرکارییە بۆ سەر ژن و کۆمەڵگەیەک کە لە تەوەری ژن دا شێوەی پێدراوە.  کەواتە کاتێک دەمانەوێت لەسەر توندوتیژیی لێکۆڵینەوە بکەین دەبێت لە مێژوودا لەسەر ئایدۆلۆژیی ڕەگەزگەرێتی- سێکسیزم لێکۆڵینەوە بکەین کە یەکەم فۆرمی پیاوسالاریی، پلەداری، چینایەتی، دەوڵەتشار، دەوڵەتە و بە میتۆلۆژیا شێوە بە خۆی دەدات و دزە دەکاتە ناو ئایینەکانەوە و خۆی بە دەزگا دەکات. بێ دەستبردن بۆ ئەم ڕیشەیە، هەر قسەکردنێک لەسەر ڕیشەی توندوتیژیی جگە لە چەلەحانێیەک هیچ دیکە نییە. بێ هەژاندنی ئەو بونیادەش هیچ گۆڕانکارییەک بەدی نایەت. لەبەرئەوەی بە سەرهەڵدانی هەڵکشانی پیاوسالاریی لە فۆرمی دەوڵەت دا، توندوتیژی پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ و ئەو فۆرمەش شۆڕ دەبێتەوە بۆ هەموو دامەزراوەکانی تەوەری دەوڵەت کە کاریگەری ڕاستەوخۆ لە خێزان دەکات و هەموو یاساکا و ڕیسا ئایینەکانیش لە خزمەت شکۆدارکردنی دەسەڵاتدارێتیدا ئاراستە دەکات و هەر فۆرمێکی تری ژیان و بیرکردنەوە لە دەرەوەی ئەو فۆرمە سەپێنراوە، بە توندوتیژی ڕووبەڕووی لەناوچوون دەکرێتەوە.

قڕکردن وەک ئەنجامی هەڵکشانی کولتووری دەستدرێژیی و داگیرکاریی

ئەڵبەتە زۆر گفتوگۆ لەسەر توندوتیژیی کراوە و دەکرێت، بەڵام پێناسەکردنی وەک قڕکردن کە فرەڕەهەندە تەنیا بواری فیزیکی ناگرێتەوە. قڕکردن، پێناسەیەکی نوێیە بەڵام ئێمە بۆ ڕیشەی سەرهەڵدانی توندوتیژی کە تا ئاستی قڕکردن هاتووە، بۆ کوێ بگەڕێینەوە؟ بۆ بەم ئاستەی ئێستای گەیشتووە؟ قڕکردن وەک سیستەم و دامەزراوەیەکی بیناکراو، بێ گفتوگۆکردن لەسەر ڕیشە مێژووییەکەی، نابێتە مایەی تێگەیشتن و لەبەرانبەریشی زەحمەتە ببینە خاوەن هەڵوێستی ڕاست. تەنیاش پێناسەکردنی لە چوارچێوەی توندوتیژیدا، نەخاسم توندوتیژی جەستەیی، کەم دێنیت. 

لە ٣٠٠٠ پ.ز- ەوە لە تاتەقووڕینەکانی سەردەمی سۆمەریدا دوو دەستەواژەی زۆر جیاواز(گەممە[1] و ئامارگی) دەبینرێت کە گوزارە لە ململانێیەکی زۆر توند دەکات. سەرەتای سەرهەڵدانی یەکەم کولتووری عەیبە و چەواشەکارییە لەبەرانبەر ژن ببینرێت و یەکەمین گۆڕانکارییە لە کولتووری میزۆپۆتامیا لەسەر ژن و ئۆجالان وەک یەکەمین دژە-شۆڕش و قۆناغی یەکەم شکاندنەوەی ڕەگەزی لە دژی ژن پێناسەی دەکات. دەتوانین گرنگی ئەم تابلۆیە وەک بەڵگەی یەکەمی ژنکوژی و کۆیلەکردنی سیستماتیکی ژن ببینین. لەبەرانبەردا وشەی ئامارگی یەکەم گوزارە بووە لە ئازادی (گەڕانەوە بۆ دایک یان بۆ ڕیشە) لەو کاتەوەی ئازادیی لەدەستچووە.

کاتێک دەڵێین توندوتیژیی ڕۆژانەیی و تاکەکەسی نییە، سیستماتیکە و بەدەزگا بووە، گرنگە لە ڕیشە مێژوویی، کولتووریی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەی بکۆڵینەوە، لەبەرئەوەی کە توندوتیژیی ڕیشەی هەموو ئایدۆلۆژییەکانی شارستانی دەوڵەتە و وەک زنجیرێکە کە هەر قۆناغێکی مێژوویی زیاتری لێ بار دەکات. تەنانەت ئەو ئایینانەی لە ژێر ناوی دادوەری دەرکەوتن، نەیانتوانی خۆیان لەو بونیادە ترسناکە لادەن و نەیکەنە بەشێک لە ڕێبازەکانی دەستبەسەرداگرتن و تاڵانکاریی. ڕەوتی مێژووی شارستانی نیشانمان دەدات کە ئەوە دەوڵەت و دەسەڵاتدارییە، هەموو بونیادە هزرییەکان بە میتۆلۆژی، ئایین، فەلسەفە و تەنانەت زانستەوە لە پاوانی خۆیدا بۆ کۆنترۆڵکردن، دەستبەسەرداگرتن و تاڵانکردن بەکاردێنێت. یەکەمین داگیرکارییەکانیش بەو ڕێبازەی سەرەوە بەسەر ژن دا دێت.

بە سەرهەڵدانی ڕەوتەکانی بەرخودانی ژنان، بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بزوتنەوە فێمینستەکان، توندوتیژیی لە بەرانبەر ژن بووە بابەتی لە نێو ڕای گشتی و تەنانەت خودی دەزگاکانی دەوڵەت. قڕکردنی ژن یان فێمیساید تەنیا باس نییە لە کوشتنی جەستەیی. بەڵكووو لە تێگەیشتنێکی فراواندا هەوڵ دەدات تێوەگلانی بونیادەکانی دەوڵەت و دەسەڵات ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەو قڕکردنانەوە ڕاڤە بکات.

بۆ یەکەمین جار فێمیساید لە دوو وشەی (فێم یان فێمین بە واتای ژن و ساید بە واتای قڕکردن) وەک کۆمەڵکوژیکردنی ژن لە ساڵی ١٨٠١ دا بەکارهێنرا بەڵام زۆر نەبووە مایەی سەرنج و مشتومڕ. ئەو دەستەواژەیە، بە ئاماژەکردن بە کوشتنی ژن لە بەریتانیا لە نێوان ساڵانی ١٨٢٠-١٨٣٠ دا وەک زاراوەیەک لە فەرهەنگدا تۆمار کرا. لە ساڵی ١٩٤٨ دا لە یاسادا جێگیرکرا و لە Wharton's Law Lexicon کە وەک فەرهەنگی تۆمارکردنی دەستەواژەی یاسایی بڵاو کرایەوە. وێرای ئەوەی لە ژێر گوشاری بزوتنەوەکانی یەکسانی دا ئەم دەستەواژانە لە فەرهەنگدا جێگیر کرا بەڵام ژنکوژیی تا ئەو کاتەش وەک ڕوداوێکی تاکەکەسی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. 

دیانا ڕاسل[2] لە دادگا نێودەوڵەتی بەلجیکا لە ساڵی ١٩٧٦ بەرگێکی سیاسی بە بەر ئەو قڕکردنانەدا کرد کە ژن ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ژنکوژی بەم شێوەیە پێناسە دەکات "کردەوەی کوشتنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە تەنها لەبەر ئەوەی ژنن"[3]. ئەم زاراوەیە لە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە شێوەیەکی هاوشێوە بەکارهاتووە.

لە ساڵی ٢٠٠٠ بە دواوە  بە تایبەتی دوای کوشتنی ژنان لە ئەنجامی هاندانی دەوڵەت و دەسەڵاتەوە، سیاسەتمەداری فێمینستی مەکسیکی مارسیلا لاغارد بۆ یەکەم جار وشەی فێمیسایدی بۆ داوای سیاسی بەکارهێنا.

ژمارەیەک لە تیۆریسیانی فێمینیست پێیانوابوو کە تەنانەت وشەی فیمیساید-قڕکردنی ژن کەمە بۆ ئەوەی گوزارە لەو قڕکردنانە بکات کە ژن ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لەوە زیاتر کوشتنێکی سیستەماتیک – مەنهەجیانەیە کە هۆکاری ڕیشەیی هەیە کە هەم بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دا شێوەی گرتووە و بونیادنراوە، دەزگاکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەش بە ڕانەوەستاندنی ئەو قڕکردنانە لێی بێ بەری نیە.

دید و تیۆرییەکانی سەر قڕکردنی ژن

لە دیدی بەشێکی زۆر لە تیۆریسیانان و ئەکادیمیسیانانی فێمینست کە قڕکردنی ژن دەبەستنەوە بە دیدی پیاوسالارییەوە. لە دیدی زۆرێک لە سۆسیۆلۆگەکانەوە، لێکۆڵێنەوە لە کوشتنی ژن وەک هەر دیاردەیەک لە دیاردەکان باس دەکات نەک وەک ئەنجامی بونیادێکی زهنی، بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە دیدێکی ڕەخنەگرانە هەیە لەم دیدە و پێیانوایە کە دەبێت سۆسیۆلۆژیا قووڵتر لە قڕکردنی ژن بکۆڵێتەوە. دیدێکی تاوانناسی لە لێکۆڵینەوەی تاوان دا ئاماژە بە کوشتنی ژن دەکات وەک بەشێکی جیا باسی دەکات لە پۆلینی قڕکردنی مرۆڤ، لەم دیدەدا بە زۆری وەک دۆخێکی تاکەکەسی مامەڵەی لەگەڵ دەکات. دیدی داماڵین لە داگیرکاری decolonial قڕکردنی ژن لە سیاقی دۆخێکی باڵادەستی داگیرکاریی دا دەبینێ بەوەشەوە کە پێی دەلێن - تاوان لە ژێر ناوی "شەرەف" دا. لە هەلومەرجی زۆرێک لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتیندا، قڕکردنی ژن- فێمیساید لە دیاردەیەکی هەنووکەیی زیاتر، ڕیشەی قووڵی لە پەیوەندی نایەکسانی ڕەگەزیی و پیاوسالاریدا دەبینێت.[4]

لەدیدی ژنۆلۆژییەوە (زانستی ژن) قڕکردنی ژن، شەڕێکی سیستماتیک و ئایدۆلۆژیانەی دژ بە ژنە و لە خودی ژن دا دژ بە ژیان، کۆمەڵگە و سروشتە. ئەوەی لە بەرانبەر ژن ڕوودەدات پەرەدان بە کولتووری دەستدرێژیی و داگیرکاریی هەمەلایەنە. زهنیەتی پیاو چەندین داگیرکاریی دژ بە ژن ئەنجامداوە و ئەوەی لە ژن دا لە ماوەی پێنج هەزار ساڵەی دواییەدا ڕوویداوە، "ئەنجامی چوار کێوماڵە- ئۆپەراسیۆنە. یەکەمیان: کردوویەتی بەیەکەم کۆیلەی ماڵ. لەم پێگەیەدا ژن موڵکێکی ڕەھایە. تاڕادەیەک موڵک و ناموسە. دووەمیان، ئامرازی زایەندی (سێکس)یە... لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ژن ئەو ئامرازەیە کە بەردەوام زایەند، ئارەزووی زایەندیی و دەسەڵاتی لەسەر تاقی دەکرێتەوە. سێیەمیان، کراوە بە ڕەنجدەرێکی بێکرێ و بێبەرانبەر، ئەنجامدانی قورسترین کاری بەسەردا دەسەپێنرێت. چوارەمیان، کراوە بە ناسکترین کاڵا...ھیچ پەیوەندییەک نییە کە ژنی تێدا پێشکەش نەکرێت. ھەروەھا ھیچ گۆڕەپانێکیش نییە ژنی تێدا بەکارنەھێنرابێت."[5]

لە ئەنجامی ئەو کێوماڵانە ژن، زایەندی کۆنترۆڵ کرا و وەک عەیب و شەرم پێناسە کرا، دەستگیرا بەسەر ئەو ئابورییە کۆمیناڵ-هەرەوەزیەی لە تەوەری ژندا پەرەیسەندبوو، بە دەستوەردانی ئایدۆلۆژیش گۆڕانکاری لە ناسنامەی ژن دا کرا. ئەو کێوماڵانە کاریگەری لەسەر تێڕوانینی ناودارترین فەیلەسوف و نووسەرەکانی مێژوو هەبووە کە بەردەوام وەک پێشەنگی پەرەسەندنی هزر دەبینرێن. کاتی دەبینین کە پێناسەی ئەرستۆ بۆ ژن چییە: "ژن  پیاوێکی ناکامڵە"؛ و ئیمانوێل کانت کاتێک دەڵێت: "لەبەرئەوەی ژن هێز و توانستی تێپەڕاندنی سروشتی نییە، ناتوانێت لە بڕیاردان دا ڕۆڵی هەبێت" ئەوە تێدەگەین کە ژن چۆن لە سەرچاوەی ژیان، کۆمەڵگەبوون و ئازادی دابڕێنرا.

ڕەگ و ڕیشەی قەیرانەکە کە لە توندوتیژیی و قڕکردنی ژن دا خۆنمایش دەکات، کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە، ئیکۆ-سیستەم هەیە و دەرهاویشتەکانی لە ژمارە نایەن. شەڕە وێرانکارییەکان، توندڕەوی ئایینی، کۆچبەری، برسێتی، هەژاریی، پرسی ئیکۆلۆژیی، بڵاوبونەوەی نەخۆشییە کوشندەکان، دەستدرێژیی، زۆرێکی دیکە... دەرهاویشتەی قڕکردنی هەمەلایەنەی کۆکوژی-جینۆساید، ژنکوژی-فێمیساید و ژینگەکوژی-ئیکۆسایدە. کاریگەری لە شێوازی بیرکردنەوە و ڕوانگە بۆ ژیان، دیاردە و ڕوداوەکان، تا دەگاتە ورد و درشتی ژیانی ڕۆژانە کردووە.

ئەو قڕکردنانە کە بە هەم ڕێبازی نەرم و هەم بە ڕێبازی توند  بەڕێوەدەچن، لە دەزگاکانی دەوڵەتەوە بگرە تا دەزگا ئایینەکان و کۆمەڵگە، ڕۆڵیان هەیە لە بەرهەمهێنانەوەی. منداڵان بە ڕێی ئەو دەزگایانە، ژن لە دۆخێکدا دەبینن کە هێرش بۆ سەری ڕەوا دەکەن و وەک موڵک و ماڵ مامەڵەی لەگەڵ بکات، جێپەنجەی ئەو دۆخە لە یاساکان، بڕیارە سیاسیەکان و تەنانەت دەقە ئایینیەکان و پەندەکانی پێشینان و زمانی ئاسایی ڕۆژانەدا و لەو سزایانەی کە لە نەریتە کۆمەڵایەتییە پیاوسالارییەکاندا بەسەر ژناندا سەپێنراون، دیارە. ئەم دۆخە تەنیا ژنی نەکردۆتە پێگەیەکی داگیرکراوەوە بەڵكووو پیاویشی خستۆتە دۆخێکی هاوشێوە لە ئاست ڕەگەزی خۆی و ملکەچ بۆ فۆرمی دیکەی دەسەڵاتداریی. ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەوەکان و تۆڕە 'کۆمەڵایەتی'ـەکانەوە، لە شەڕ و هێرش و پەلامارەکاندا ئەو کارێکتەرە دەبینرێت. ئەنجامدەری توندوتیژی کە زۆربەیان پیاوانن، تەنیا چیدی فۆرمێکی بیۆلۆژی نییە، بەڵكوو سەرتاپای بونیادی کۆمەڵگە وەردەچەرخێنێت بۆ ماکینەیەکی چەوساوە و چەوسێنەری لێکئاڵاو. پیاوانی دەوڵەمەند، خاوەن ئیمتیاز لە دەوڵەتەوە پیاوانی دیکە دەچەوسێننەوە. بۆ ئەوەش کاتێک باس لە کارێکتەری پیاوسالاریی دەکەین کە کارێکتەرێکی ئایدۆلۆژیی دەسەڵاتداریی و چینایەتییە، باس تەنیا لە دۆخێکی بیۆلۆژی ناکەین بەڵكوو باس لە بونیادێکی سەرتاپاگیر دەکەین. کاتێکیش تێکٶشان لە بەرانبەر ئەو زهنیەتە بکرێت، تەنیا تێکۆشانێکی تاکەکەسی و بینینی ئەنجامدەرانی توندوتیژی لە تاکەکەسدا، بەرەو ڕێبازی هەڵەی چارەسەریمان دەبات. لە دوا دواییدا کردنی ژن بە ئۆبژەی سەپاندنی دۆگماتیزم و کۆنەپەرستی ئایینیی، ئیمتیازەکەی لە دەوڵەت و دەسەڵاتدار و یاساکان و نەریتەوە دەگرێت، بە هەر چوار پەلیەوە دەسەڵات و دەوڵەت لەو توندوتیژیانەوە گلاوە. بێ بینینی ئەم پەیوەندی و پەیمانە مێژووییەی کە هەزاران ساڵ تەمەنێتی، زەحمەت لەو قەیرانە تێبگەین کە لە گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک.

دیوەکەی تری ئەو قەیرانە قووڵە، ئەو پێگە و دۆخەیە کە بەسەر ژن دا سەپێنراوە. بونیادی ئەو زهنیەت و سیستەمە سەپێنراوە، ناتوانێت بەبێ ڕەتاندنی کار و جەستەی ژن خۆی بەرهەم بهێنێتەوە. بە هەردوو دیوەکەیدا، لە ژێر ناوی کرانەوە و لە ژێر ناوی پاراستنی ' نامووسی ژن'، ژن دەڕەتەنرێت و دەکرێتەوە چەقی بەرهەمهێنانەوەی زهنیەتی پیاوسالاریی و هێشتنەوەی سیستەمی ڕەتاندن. تێبینی بکەن جۆرەکانی توندوتیژی لە نموونەی (فرەژنی، خەتەنە، مارەیی و شیربایی، دەستدرێژی لە شوێنی کار، گێچەڵ، دادگایینەکردن و نەگرتنی ئەنجامدەرانی توندوتیژیی  یان بێدەربەستی دەسەڵات لە ئاست توندوتیژکاراندا، سوڵحی خێزانی و خێڵەکی لە مەسەلەی کوشتن، بڵاوکردنەوەی لەشفرۆشی، زەقکردنەوەی دیاردەی کچە مۆدێلەکان، نەبوونی ڕێوشوێن لە بەرانبەر توندوتیژی دیجتاڵ، ڕاستەوخۆ بە ئامانجگرتنی ژنان لە سەروبەندی شەڕ و پەلامارە سەربازییەکاندا، گرتن یان لە سێدارەدانی ژن لە سەر باوەڕی سیاسیان و هتد..) هەموویان دیاردەگەلێکن کە پیاو پارێزبەندییان هەیە لە لایەن ئایین و دەسەڵاتەوە و بە دەگمەن دەخرێنە ژێر لێپرسینەوە، لەبەرئەوەی کە دەسەڵات سوود لەو پێگەیە دەبینێت.

قڕکردن ئامانجی سەرەکی سڕینەوەی یادگای کۆمەڵگەیە

قڕکردن و توندوتیژی لە هەر فۆرمێکیدا بێت یادگایەکی مێژوویی کۆمەڵگەیەک قڕ دەکات و کاریگەر و دەرهاویشتەی زۆر ترسناکی هەیە لەسەر تاکەکانی. بیربکەرەوە، تۆ لە کۆمەڵگەیەدا دەژی ڕۆژانە ژنان بە بەرچاوتەوە دەکوژرێن. ئەو قڕکردنانە، دۆخێکی خەمۆکی قووڵ لەگەڵ خۆی دێنێت کە بەرکەوتووەکانیان چیدی ناتوانن بە ئاسانی ببنە خاوەن بیرکردنەوەیەکی تەندروست لەسەر خۆیان و لە سەر کۆمەڵگە و ژیان. هانا ئارنت دەڵێ "لەو جێیەی توندوتیژیی هەیە بێدەنگی هەیە، سیاسەت نییە"، توندوتیژی دەبێتە میکانیزمەی بێدەنگکردنی ئەوی دیکە. ئەو بێدەنگکردنانە دەبێتە هۆی پەنگخواردنەوەی ئەو وزەیەی کە گوزارەیە لە ئازادیی و لە هەموو مرۆڤێکدا بە تایبەتی لە ژنان دا دەرچەیەکی پێویستە بۆ خۆدەربڕین. کاتێ ئەو وزەیە بە مامەڵەی توندوتیژیانە بەربەست دەکرێت، مرۆڤ ناچاری بڕیار دەکات.

هەر تاکێک لە ئێمە سەرەتا لە ڕێی هەستمانەوە درکمان بەو نایەکسانی و ناڕەوایی کردووە لە ژن یان خودی کۆمەڵگەیەک ڕووبەڕووی بۆتەوە. "هەست بەو پێیەی دۆخێکی چڕبوونەوەی هزرە"[6] ئەگەر لە دۆخێکی وشیاریی و خودناسیدا بێت، دەگۆڕێت بۆ وشیاریەکی کۆمەڵگەیی و دەخرۆشێت بۆ مەیدانی تێکۆشان و گەڕان بە دوای دۆخێکی ئەلتەرناتیڤ. ئەوانەی یادەوەرییانە بە ڕێی قڕکردن لاواز دەکرێن کراوەن بۆ هەموو جۆرە داگیرکارییەکی ناوخۆیی و دەرەکی. دەبن بەو تاکانەی کە لە خولانەوەیاندا لە بازنەی ژیانێکی بیۆلۆژیدا، بێدەنگییەکی کوژەر هەڵدەبژێرن لە پێناو تەنیا مانەوەیەکی جەستەییدا. خراپترین دۆخ ئەو دۆخی ڕازییبوونەیە بە ژیانێک کە توندوتیژی شێوەی پێدابێت.

خراپبەکارهێنانی ڕاگەیاندن وەک ئامرازێک بۆ قڕکردن

کەم نیین ئەو حاڵەتانەی کە لە ژێر ناوی 'عەشق' و 'خۆشەویستی' دا بە شێوازی نەرم و تەنانەت توندیش ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. لەو پێناوەشدا هونەر و ڕاگەیاندن بەشێوەیەکی پسپۆرانە بەکاردەهێنرێن. دۆخی کۆمەڵگە لە ژێر کاریگەری ئەو ڕاگەیاندنەی بە زهنیەتی پیاوسالاریی و دەسەڵاتداریی بەڕێوەدەبرێت بە لۆژیکی ' هەموو شتێک لە پێناوی بەرزکردنەوەی ڕەیتینگ-زیادکردنی ژمارەی بینەر'، لە دۆخی قەسابخانەیەک دەچێت کە کۆمەڵگە بە خۆشحاڵی و بە ڕەزامەندی خۆی، چەقۆی جەلادەکانی دەلێسێتەوە. لەم دۆخەدا چیدی سنوورێکی ڕوون نییە لە نێوان ئەنجامدەر، قوربانی و تەماشاکەرانی توندوتیژییەکاندا. چونکە هەمووی یەک فۆرمی پێدەدرێت. ئەمەش کارێکتەری سەرەکی ئەو نیۆلیبرالیزمەیە کە ئایین، یاسا، هەڵبژاردن، میدیا، هونەر و هتد... بە ژن و گەنجی دەدات و لەو ڕێیەوە دەیەوێ سەرتاپای کۆمەڵگە کۆنترۆڵ بکات. کۆمەڵگە دەبێتە کاڵایەک بۆ وەگەڕخستنی سەرمایە و گەرمکردنی بازاڕ و زۆر کەم ئەم دۆخە وەک قڕکردنێکی کولتووری سەرپاتاگیر دەبینرێت.

ئەوەی بۆ ئێمە پرسیاری جددییە، بۆچی لە باشووری کوردستان جموجوڵەکان لە پێناو سنوردارکردن و نەهێشتنی توندوتیژیی توانای بەرەنگاربوونەوەی قڕکردنی ژن ئەنجامەکانی لاوازن؟ بۆچی توندوتیژیی تەنیا بە ئامار و ژمارە گوزارەی لێدەکرێت. لە کاتێکدا کوشتنی تەنیا ژنێک یان توندوتیژی لە هەر ڕووبەرێکدا لەو ئاستەدایە کە بونیادی کۆمەڵگەیەک بەرەو هەڵوەشانەوە ببات، ئەوەشە کە لە باشووری کوردستان دڵۆپ دڵۆپ ئێستا بۆتە "ئۆقیانووسێک لە تاوان."[7] ئەگەر ئاوڕ لە دۆخی ٣٤ ساڵەی باشووری کوردستان بدەیەوە وەڵامەکەی ئاسان نییە بەڵام پێدەچێت دەستنیشانکردنی هەندێک لە هۆکارەکانیش هێندە زەحمەت نەبن. زۆربەی کاردانەوەکان لەبەرانبەر توندوتیژی سنوردار و کاتیین، لیبرالانەن، دەسەڵات و ئەنجامدەرانی توندوتیژی بێمنەتن و دەزانن ئەوانەی داوای چارەسەر دەکەن، خۆیان هێزی گۆڕانکارییان نییە. هۆکاریکی تر ئەوەیە کە تاوان لە دژی ژن ئەگەر وەک تاوانیش سەیر بکرێت، ڕەوا و ئاسایی کراوە. دەسەڵات، کۆمەڵگەی بە کوشتن ڕاهێناوە. قڕکردنی ژن لە دونیای ڕۆژهەلاتدا بەناوی ناموسپەرستیەوەیە و لە ڕۆژئاواش بە پاساوی نەخۆشی دەروونیەوە ئەنجام دەدرێت.

بەپێی پەیماننامەی سیداو، هەم نەتەوەیەکگرتووەکان لە پێناسە و چارەسەر دا زیاتر توندوتیژی سەر ژن لە ڕووی تاکەکەسی و جەستەییەوە پێناسە دەکات و چارەسەریش لە گۆڕینی یاسا و جێبەجێکردنی بە ڕێی حکومەتەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبینێت. ڕێکخراوە نێودەوڵەتەکانیش کاتێ فەند دەستنیشان دەکەن لە دژی توندتیژی سەر ژن، دوایی خۆشیان لایەنگری ئەو دەوڵەتانە دەکەن کە قڕکردن و توندوتیژیی لەسەر ژنان و گەلان ئەنجام دەدەن. باشترین نموونەی لە ئاست تورکیا دەبینین. هەژدە وڵاتی ئەمریکای لاتین لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە ئەو یاسایانەیان وەلاوە نا کە کوشتنی ژنان بە ژنکوژیی ناوزەدا دەکەن، لە کاتێکدا کە ئەو یاسایانە لە ئەنجامی تێکۆشانی بزووتنەوەکانی ژنان دەرکرا. بە تایبەتیش بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک نی ئونا مێنۆس کە لە ئەرجەنتین دەستی پێکرد و وشیاری لەسەر فێمیساید femicide لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو کردەوە، (Šimonovic, 2017)

هەندێک بۆچوون هەیە کە بە بەراورد بە ساڵانی ٦٠، ٧٠، ٨٠ ی سەدەی ڕابردوو، توندوتیژیی لەو ئاستەی ئێستادا بابەتی باس نەبووە. کەواتە پرسیارێکی دیکە لەسەر ئاستی زیادبوونی توندوتیژیی گرنگە کە لە خۆمانی بکەین و بە دوای وەڵامەکانیدا بگەڕێین. ئایا زیادبوونی توندوتیژیی ئەنجامی زیادبوونی ململانێی نێوان زهنییەتی پیاوسالاریی و خواستی ئازادییە؟ بە تایبەتی بە پێشکەوتنی ئامرازەکانی پەیوەندیی، پەرەسەندنی وشیاری ئازادییە؟ ئایا شکاندنی ئەو بێدەنگییەیە کە هەمیشە لەسەر حسابی ژن بووە؟ یان ئەنجامی کاریگەریی تێڕوانینە ئەوپەڕگیرەکانی چەواشەکارییە لە تێگەیشتن بۆ ئازادی؟

بەدڵنیایەوە ئێمە لە سەدەیەکدا دەژین کە سەدەی خێرابوونی هەموو شتێکە. هەر دەستڕاگەیشتنی ئاسان بە زانین و زانیاریی، هەر لە پەرەسەندنی بزوتنەوە ئازادیخوازەکان و بە تایبەتی پەرەسەندنی بزوتنەوەکانی ژنان و مۆدێلی نادەوڵەتی و لێگەڕینەکانی ئەلتەرناتیڤ لە دەرەوەی سیستم و پەرەسەندنی خۆداڕین لە زهنییەتی باوی پیاوسالاریی، دەوڵەت و دەسەڵاتداریی و سەرمایەداریی. ئەم دەرفەت و هەلومەرجە نوێیە بۆ گەلانی بندەست و پەراوێزخراو، بۆ ژنان و گەنجان بە تایبەتی لە سەر بنەمای جیهانبینی مۆدێرنیتەی دیموکراتی ئەگەر نوێ دێتە ئاراوە و ئەوەش پایەکانی سیستم دەهەژێنێت. بژاری گەنجان و ژنان لە دوو بژاری ڕیفۆرم و تێکۆشانی ئازادیی ڕوونتر دەکاتەوە. بۆ گەنجان و ژنان ئیتر ڕوونە کە بەڵێنی چاکسازی لە سیستەم و ڕیفۆرم، هەلی کار و موچەی یەکسان و دەرفەتی ژیانی خۆشگوزەرانی لە تونێڵێکی تاریک دەچێت، ئەو سەرەکەی ڕوون نییە. بۆ ئەوەشە ڕووکردنە تێکۆشانی ئازادی بۆتە بژاری یەکلاکەرەوە. ئەم بژارەیان بژارێکە کە هێزێکی تاقەتپڕوکێنی تیۆریی و پراکتیکی دەوێت. وێرای ئەوەش یۆتۆپیا و خەیاڵ نییە بەڵكوو ڕاستیەکە نموونەکانی هەموو ڕۆژێک لە شۆڕشی کوردستان و گەردوونیبوونی ئەو شۆڕشەدا دەبینرێت.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی قڕکردنی ژن، لە کوێوە دەستپێبکەین و چی بکەین؟

بۆ چارەسەرکردنی قڕکردنی ژن بە شێوەیەکی کاریگەر و بەردەوام، پێویستە کاراکتەری فراوان و ڕەگە قوڵەکانی لە پێکهێنانی تیۆریی و پراکتیکدا واتە زهنی دا (هزر + کردار) لەبەرچاو بگیرێت. دیموکراتیزەکردنی دەزگاکانی خێزان و پەروەردە و گۆڕینی ڕێبازەکانی پەروەردەی کۆمەڵگە ڕۆڵی هەیە لە بنەبڕکردنی توندوتیژی لەوەی تێکۆشان بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی لە کاردانەوەیەکی ڕۆژانەیی تێپەڕێت و ببێتە دامەزراوەیی. ڕێ لەسەر بەشداری دیموکراتیانەی ژن بکرێتە لە هەموو بوارەکاندا، لەسەر بنەمای ئیرادە و هزری ئازاد. دەبێ شوێنەکان بە پێی بەشداری دیموکراتیانەی تاک، چ ژن و چ پیاو لە توندوتیژی پاک بکرێتەوە. کۆتاییهێنان بە لۆژیکی قوربانی، وەرچەرخانی کەسایەتی بۆ تێکۆشەرێکی ئازادیی لەبەرانبەر ئەنجامدەرانی توندوتیژیی.

بەو پێیەی ژن تەنیا ڕەگەزێک نییە، بەڵكوو بوونەکەی کۆیەکی بەها کۆمەڵایەتی، کولتووری و مێژووییەکانە، هێمایەکە بۆ هەموو بەشە پەراوێزکراوەکانی کۆمەڵگە، خودی جەوهەری کۆمەڵگەیە، هەر چارەسەرێکی ئەو قەیرانە بە ئاراستەی چارەسەرێکی دیموکراتیانە کاریگەری لەسەر بونیادی هەموو کۆمەڵگە دەبێت لە ڕووی زهنی و کردارییشەوە. بەڵام ڕاوەستەکردن لەسەر گۆڕانکاری لە کەسایەتی پیاو ڕۆڵی گرنگی هەیە لە بنەبڕکردنی توندوتیژییدا، ئەوەش سەرەتا بە پەرەدان بە خۆرێکخستنکردنی ژن دەبێت، دانانی پێوەری ڕاستەقینەی پێکەوەژیان، نیشاندانی پێوەرەکانی ڕەتکردن و قبوڵکردن، پەرەدان بە وشیاریی بۆ ناسینەوەی هەموو فۆرمەکانی توندوتیژی، تەنانەت ئەوانەشی بە شێوەیەکی شاراوەن، گرنگن بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی ژنی تێدایە. زۆرن ئەو پیاوانەی کە بە زمانیان دیموکراتیک و ئازادن بەڵام لەو ڕووبەرانەی نابینرێن هەمان زهنیەتی پیاوسالاریی دووبارە دەکەنەوە. بۆ نموونە کاتی دەگووترێت: " ژن خۆی ناوشیارە!" یان "ژن خۆی دایکە، ئەو ڕۆڵەی توندوتیژ بەرهەمدێنێت" خۆی لە خۆیدا توندوتیژییە. یان ژن خۆی کاتێ دەڵێت؛ "خۆم ناهێنمە دۆخێکەوە کە توندوتیژییم بەرانبەر بکرێت" واتە بێدەنگی و هەرسکردنی توندوتیژییە.

ئەگەر بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی پشت بە وشیاریی نەبەستین وەک میکانیزمەیەکی خۆپاراستن، خۆڕێکخستن نەکەین بە جیاوازییە سیاسیەکانیشمانەوە، ژن بەشداری ڕاستەوخۆی نەبێت لە بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراتیدا، بە تەنیا داوای سزادانی توندوتیژکاران، چارەسەر نییە. خۆبونیادنان نەک تەنیا کاردانەوە، خودناسی لە سەر ڕیشەیی مێژوویی نەک خودتوانەوە لە کولتووری داگیرکەر و کەوتنە تەڵەی پێشبڕکێ لەگەڵ ئەوانەی لە پاوانی دەسەڵاتداراندان، دەتوانێ ئاسۆی چارەسەر بکاتەوە. خۆبوون خۆناسین و بێداربوونەوەیە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆت، ئاشنابوونە بەوەی کە چی تۆی داگیر و کۆیلە کردووە، داکۆکی لە چی دەکەیت و چی ڕەت دەکەیتەوە.

گرنگە ئازادی پێوەرێکی هاوژیانی و خۆبەرێوەبەری بێت لە بەرانبەر تێگەیشتنەکانی کۆیلایەتی و ناوەندگەرێتی، لەبەرئەوەی پێوەری ئازادانە بۆ هاوژیانی، کرۆکی هەموو پەیوەندیە هاوسەنگەکانی کۆمەڵگەیە. ئەو پەیوەندییە پێوەرە بۆ ڕوانین بۆ وڵات، خاک، کۆمەڵگە و سروشت. ئەو پیاوەی، بەشێوەیەکی هاوسەنگانە لە ژیانی خۆی و ژن بڕوانێت، ڕۆحی وڵاتپارێزی لە ئاست خاک و بەها کۆمەڵایەتیەکانیشدا بەرزە. نەک وەک موڵک و غەریزە بەڵكوو کاتێک وەک هاوڕێ لە ژن بڕوانێت، بەهەمان هەست و رۆحەوە لە هەموو بونەوەرکانی سروشت دەڕوانێت.

یەکێک لەو دیاردە قێزەونانەی کە لە نێو گەنجاندا پەرەی پێدەدرێت، هاوسەرگیری بە کۆمەڵ و هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵە بە دنەی ئەو ڕێکخراو، پارت و بزوتنەوانەی کە دەستیان بەو فۆرمی کۆنەپەرستانەی خێزانەوە گرتووە و ڕۆژانە بیست‌و‌‌چوار کاتژمێر فوو بە لایەنە دۆگماییەکانیدا دەکەن و خێزان دەکەنەوە بە ڕووبەرێک بۆ سەرلەنوێ داگیرکردنەوە و بەرهەمهێنانەوەی پێوەرە کۆنەپەرستییەکان لە دژی ژن و دیلکردنی پیاویش لە کۆنەپەرستیدا. ئەو فۆرمە لە هاوسەرگیریی کە یەکێکە لە جۆرەکانی توندوتیژیی، ئاراستەکردنی گەنجانە بەرەو بەتاڵکردنەوەی وزەیان لە پەیوەندییەکدا کە لە ژێر کاریگەریی ئەو سیستەمەدا خاوەن وشیاری و ئاگاییەک نیین، جگە لە دووبارەکردنەوەی فۆرمی کۆنەپەرستانەی خێزان و دوورخستنەوەیانە لە بەرپرسیارێتیان لە ئاست خۆیان و کۆمەڵگە. لە نەبوونی وشیاریەکی خودناسیدا خێزان دەبێتەوە بەو دەزگایەی کە تا دوایین خانەی جەستە و رۆحی مرۆڤ لە خزمەت داگیرکەران و هێزە هاوکار و سێبەرەکانیان دەبێت.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕیشەی توندوتیژیی پێویست بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەکات. هەر لە خوێندنەوەی نوێ بۆ ئایین، دەسەڵات، ئەخلاق، ناموس، دیموکراسی، ناسنامەی ژن و پیاو و هتد... ئەوەی دەبێت ڕەت بکرێتەوە؛ مامەڵەی کلاسیکانەی پاراستنی ژنە لەژێر ناوی شەرەف، هەڵوێستی دواکەوتوانەی بینینی سروشتی ژنە وەک هۆکارێکی تەگەرە لەبەردەم بەشداریی لە هەموو کایەکانی ژیان، بینینی وەک وابەستەیەک بە پیاوەوە، بینینی ژن وەک بەردەوامیدەری بنەچە و زۆر دیدی دیکە. ئەو دۆخە پێویستی خۆدابڕینە لەو شێوەژیان و سیستەمەی کە بەسەرماندا دەسەپێنرێت. گرنگە کە پەرە بە بونیادنانی مۆدێل و شێوە ژیانی دیموکراتیانە و ئازادانە بدرێت. لە ڕووی تیۆرییەوە پێویست بە پێهەڵگرتنێکی نوێ دەکات کە لە دەرەوەی سنووری باو بیر بکەینەوە. سەرلەنوێ بیرکردنەوە بەرەو شێوازی نوێی تێکۆشانمان دەبات کە وزەی گەنج بەرەو خودناسی، کۆمەڵگەناسی و خۆرێکخستنی گەنجان بەرێت. گەنج بکاتە بکەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە کە بۆ پشک لە سیستم نەپاڕێتەوە، بەڵكوو خودی سیستەمەکە بگۆڕێت، بەڵام سەرەتا لە خۆیەوە دەستپێبکات.  مەسەلەی توندوتیژی سەر ژن، تەنانەت سەر گەنجان، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە تێکدانی ژینگەوە هەیە. تێکۆشانێکی فرەڕەهەند گرنگە بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی، هەر بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی-گێچەڵ و نەهێشتنی ڕەتاندنی ڕەنج بە خوڵقاندنی ڕووبەری نوێی بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی، پاراستنی ژینگەی ئەو جێیەی لێی دەژی و ڕێگری لە تێکدانی ژینگە بە بیانووی دروستکردنی باڵەخانە هەوربڕەکان کە هیچ پەیوەندی بە پێویستی کۆمەڵگە نییە، ئەوەندەی پەیوەندی بە بارزگانیکردنە بە کۆمەڵگەوە، وریایی لەو ڕووبەرە کۆنەپەرستانەی کە بە بیانووی دابینکردنی پێویستی ژیانیان و بە پاساوی دامەزراندنیان بە لۆژیکی ' ڕاوکردن' مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن و لە نمایشی سەرپۆشینی بە کۆمەڵدا لە ئاست بەرپرسیارێتیان بۆ کۆمەڵگەکەیان دەیانخەنە دۆخی بێدەنگییەکی مردنەوە.

بە پێی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی پەرەی پێدرا لەسەر ئەزموونی ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی ببوونەوە و دواتر گۆڕانکاریی ڕیشەییان لە خۆیدا ئەنجامداوە بەم شێوەیە ڕیز دەکات:

١- گۆڕینی زیهنییەت، خەبات و تێکۆشانێکی تۆکمەی دەوێت. ژنێتی و پیاوێتی باڵادەست دەبێت بگۆڕدرێت. ناسنامەی ڕەگەزیی جیاواز ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە. بەڵام ئەم هێرشانە ڕەنگدانەوەی مۆدێلی بنەڕەتی پیاوسالاری پیاوی سەروەر و ژنی ژێردەستە. هەروەها پەیوەندیی پیاوسالاریی ڕەنگدانەوەیان هەیە، بۆ نموونە لە پەیوەندییەکانی هاوژیانییدا. دەبێت گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە هەموو پەیوەندییەکاندا بەدی بێت، لە تێگەیشتنەکانی سەر عەشق، پەیوەندی زایەندیی، هاوسەرگیری و خێزان و بە تیۆری هاوژیانی ئازاد پێناسە بکرێنەوە.

٢-  ناسنامەی پیاو لەسەر نکۆڵیکردن لە ناسنامەی ژن و نەبوونی ژن بنیات نراوە. ئەمەش بنەمای ژنکوژیی پێکدەهێنێت. پیاوی باڵادەست بە بەردەوامی تۆڵەی شکستەکانی خۆی لە ژن دەکاتەوە. تۆڵەی خاڵە لاوازەکانی خۆی لە ژن دەکاتەوە. بۆ گۆڕینی ئەم ناسنامەیە کاتێکی زۆری دەوێت. ئەوەش تەنیا بە تیۆری کوشتنی پیاوێتی باڵادەست دەتوانێت فەراهەم بێت، کوشتنی پیاوێتیەک کە لەسەر بناغەی باڵادەستی بنیات نراوە. ژن ناتوانێ هەڤاڵ، هاوڕێ، هاوکار و عاشقی پیاوێکی باڵادەست بێت. پێویستی بە دیموکراتیزەکردنی بنەڕەتی پیاو هەیە.

٣- گۆڕینی زییهنییەتی مرۆڤ تێکۆشانێکی درێژخایەنی دەوێت. بنەمای ئەمەش ئەوەیە کە ژنان خۆیان ڕێکبخەن، دەتوانن پێکەوە بەرگری لە خۆیان بکەن، لە ڕووی وشیاری و ئابوورییەوە سەربەخۆ بن. پێویستە پەرە بەو دامەزراوانە بدرێت کە نەهێڵن چارەنووسی ژن تەنیا بۆ پیاوان و دەوڵەت جێبهێڵرێت. دەبێت ڕێکخراوەگەلێک دامەزرێن کە ژنان بتوانن بکوژەکان بوەستێنن، ئامراز و شێواز و دامەزراوەکان کە بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن لە هەر هێرشێک، هەروەها ژینگەیەکی ژیانی کۆمەڵایەتی بونیاد بنێن کە بەردەوامی بە ژیانیان بدەن. دەبێت وەک شوێنی نیشتەجێبوون ڕێکبخرێن نەک وەک پەناگە. هەرەوەزییەکانی ژنان، ئەکادیمیا، گوند و کۆمۆنەکان دامەزراوەگەلێکن کە دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە دابین بکرێن. دەتوانرێت ئەم دامەزراوانە بەشێوەیەک ڕێکبخرێن کە ژنان وشیار بکاتەوە و خۆشیان بکاتە بکەری سەرەکی ئەو دامەزراوانە.

٤-  بۆ ئه‌وه‌ی ژنان بتوانن له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیان و کۆمەڵگەدا خۆیان ده‌رببڕن، بتوانن بڕیار بده‌ن و بڕیارەکانیان جێبه‌جێیان بكه‌ن، پرەنسیپی سیاسی پێویسته‌. لە ڕێگەی نوێنەرایەتی یەکسان، پرەنسیپی هاوسەرۆکایەتی بناغەی بەشداری ڕاستەقینەی ژنان بەهێز بکرێن. دەنگی ژن لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا ببیسترێت، لە هەموو شار، گوند، شارۆچکە و لە گەورەترین تا بچووکترین یەکە ژنان دەرفەتی یەکسانیان هەبێت.

٥-  پێویستە ژنان بتوانن لەڕووی جەستەییەوە خۆیان بپارێزن. تەنانەت، بە چەک ئەگەر حاڵەتی شەڕ و پەلامارەکان توند بن. هەروەها فەراهەمکردنی دەرفەتی خۆپاراستنی تاکەکەسی لە بەرانبەر توندوتیژیی، واتە پاراستنی هەست، هزر و دەروونیان لە بەرانبەر تەڵەکانی سیستەمی سەرمایەداریی و پیاوسالاریی، بۆیە پێویستە پێناسەیەکی گشتگیر و بەدامەزراوەییکردنی خۆپاراستن هەبێت.

٦- توندوتیژیی دژ بە ژنان دەرئەنجامی پەیوەندییەکی پێکهاتەیی نێوان دەوڵەت و سیستەمی پیاوسالارییە. هەر لەبەر ئەو هۆکارەش ​​ئەوەندە بەس نییە چاوەڕێی دەزگاکانی دەوڵەت بکەین کە ژنان بپارێزن یان بێن و بەڕێی ڕێکخراوەی مەدەنی یاسا و پەیماننامەکانیان جێبەجێ بکەن و ئۆمێدیان بەوەوە ببەستنەوە.

لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین ژنکوژیی وەک سیستمێکە سەرتاپاگیرە کە ڕەهەندی مێژوویی، کولتووری، سیاسی و ئابووریی هەیە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێویستی بە شۆڕشێکی زهنی، کۆمەڵایەتی و دیموکراتیک هەیە. سەرەتا لەو زهنیەتەی هەست، ئەقڵ و بیرکردنەوەمانی لەقاڵبداوە، سەرەتاییترین هەنگاو ئەوەیە کە ئۆجالان پرسیاری بە ژێردا هێناوە کاتێک وتی؛ "دەبێت شارستانی بە پێچەوانەوە بخوێنرێتەوە"، بە تایبەتی زانست کە لە ئایین و فەلسەفە زیاتر بانگەشەی بۆ تێگەیشتن لە گەردوون، ژیان، مردن و مرۆڤ و کۆمەڵگە و چارەسەری کێشەکان کرد بەڵام " ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی کە لە ژێر کاریگەری پارادایمی پۆزیتیڤیزمدا شیکردنەوەیان بۆ کراوە و ئەو چارەسەرانەی لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراون کە لە ڕووی کۆمەڵکوژیی، قەیرانی ئیکۆلۆژی و ژنکوژییەوە کێشەکانیان قووڵتر کردووەتەوە، باسی شۆڕشی زانستی هێنایە ئاراوە. گۆڕانی پارادایم یان شۆڕشی زانستی، کە دەتوانین وەک گۆڕانی ڕوانگە ناوی ببەین، لە ڕەوتی مێژووییدا بە شێوەیەک پەرەی سەندووە کە ئەم ئاماژەیە پشتڕاست دەکاتەوە. بەپێی تیۆرەکەی کوهن سەبارەت بە شۆڕشی زانستی، لە قۆناغی "زانستی ئاسایی" یان زانستی نۆرماڵدا، لێکۆڵینەوە زانستییەکان لەسەر بنەمای پارادایمی زاڵ گەشە دەکەن. بەڵام کاتێک ڕێگاکە دەگیرێت، ئەنجام نادات یان دۆخێک دێتە پێش کە ڕوانگە گشتییەکە دەهەژێنێت، ئەمە دەبێتە هۆی "قەیران" یان تەنگژە. لەم حاڵەتەدا، پارادایمێکی نوێ کە هێزی چارەسەریی زیاترە، دێتە ئاراوە و ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەمە دەبێتە هۆی گۆڕانی پارادایم و دەبێتە زانستی ئاسایی هەتا شۆڕشی داهاتوو. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات لە ماهیەتی شۆڕشی کوردستان بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادیی بە زانستی مۆدێرنیتەی دیموکراتی (سۆسیۆلۆژیای ئازادیی و ژنۆلۆژی) ئەو زانستەیە کە قەیرانی هەنووکەیی و ڕیشە مێژووییەکەی شیدەکاتەوە و بۆ چارەسەریش دەگەڕێتەوە بۆ هەمان جێگە، نەک لە جێگەیەکی تر و بکەری سەرەکی چارەسەریش گەنجان و ژنانن.



 



[1]  گەممە- gemme لەسەر تابلێتە سۆمەرییەکان بۆ ئاماژەکردن بە ژن-کۆیلە بەکارهاتووە. ئەم وشەیە بە هێماکانی کۆئەندامی زاوزێی ژن و شاخ دەربڕدراوە. کۆیلە و ژنی چیاکان بە هەمان واتا بەکار دەهێنرێت. ئەمە ڕەنگدانەوەی ڕەمزیی ژنانی ئازادە لە میزۆپۆتامیای سەرەوەی کە ناوچەی شاخاوییەکانە و لە شارەکانی باشووری میزۆپۆتامیا دەکرێنە کۆیلە. دەکرێت وەک یەکەمین قڕکردن لە دژی ژن کە لە دەوڵەت-شارەکانی سۆمەرەوە سەرچاوە دەگرن.

[2]  لە کەیپ تاونی ئەفریقیای باشوور لە دایک بوو لە ساڵی ١٩٣٨ دا ، دژە ئاپارتاید بوو، ژیانی هەموو بۆ بەشداری لە لێکۆڵێنەوە لەسەر قڕکردنی ژنان تەرخان کردووە. لە تەموزی ٢٠٢٠ لە ئۆکلاند کۆچی دوایی کرد.

[3]  لە کتێبی ژنکوژیی: سیاسەتی کوشتنی ژن (١٩٩٢) کە لەگەڵ جیل ڕادفۆرد بە هاوبەشی نووسیویەتی، چەمکی ژنکوژیی تەنیا بە "کوشتنی ژنکوژیی ژنان لەلایەن پیاوانەوە" پێناسە دەکەن (٢٠١٢، ٣).

[4]  کاستانیدا سالگادۆ- Castaňeda Salgado – ٢٠١٦ لەکتێبەکەیدا بەناوی سیسۆلۆژی ئێستایی بە فراوانی باسی ڕیشەی ژنکوژی دەکات.

[5]  ع.ئۆجالان لە کتێبی " تێزەکانی ئازادی".

[6]  ئاماژەیەکی ع.ئۆجالانە لە دیدارێکی لەگەڵ پارێزەرانی لە دورگەی ئیمرالی

[7]  " ئۆقیانووسێک لە تاوان" ناوی کتێبێکی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسییە کە خەندان جەزا نوسیویەتی، لەسەر بڵاوبوونەوەی دیاردەی لەشفرۆشی لە هەرێمی کوردستاندا.

پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر