وەلید عومەر
واقیع (Reality), خۆى لە خۆیدا بەشى مرۆڤ ناکات؛ بۆیە هەمیشە لەپاڵ واقیعدا ڕووبەرێکى مەجازى بۆ خۆى دەخوڵقێنێت. واقیع خۆى لە خۆیدا سنوردار و هەژارە؛ گەرچى خۆیشى کۆتا بنک و بنەڕەتى خۆیەتى. بەڵام پاش زانینى ئەم ڕاستییەش, مرۆڤ لەم بنەڕەتە دووردەکەوێتەوە و شتانێکى ترى بۆ زیاددەکات. دیارە ئەم دابەشکارییەى نێوان واقیع و دیوە مەجازییەکەى, دابەشکارییەکى سادەیە؛ بەڵام یارمەتیشمان دەدات لە پرسى واقیعى مەجازى (Virtual reality) لەمڕۆدا تێبگەین.
واقیع چیە وا مرۆڤ هەوڵدەدات «مەجازیی» بکاتەوە؟ لە سادەترین وەڵامدا, ئەو شتانەن کە دەیانبینین و بەریاندەکەوین و ڕاستەوخۆ دەبنە بابەتى هەست و هەستەوەرەکان و ئەزموونمان. بۆ نموونە، درەختێک کە لە حەوشەکەماندا چێنراوە درەختێکى واقیعییە، بەڵام وێنەى درەختەکە لەناو کتێبێک یان ناو کۆمپیوتەردا، هەنگاوێک درەختەکە مەجازیدەکاتەوە. ئەمە تەنیا مەجازیبوونەوەى تاکە ئۆبێکتێک/شتێکە. کاتێک بەشێکى واقیع مەجازیدەبێتەوە, ئیدى پەیوەندییەکە ئاڵۆزتر دەبێت. تەنانەت شتەکان خۆیان بەو سادەیی و بێنێوانگرێتییەى خۆیانەوە، واقیعیین, بەڵام کە ناوێکیان لێ دەنرێت و دەچنە ناو کۆپەیوەندیی شتەکانى ترى جیهانەوە هەنگاوێک مەجازیدەبنەوە. لەم واقیعە کرچ و سرووشتییەوە تا دونیا تەواو مەجازییەکەى کوانتۆم، پرۆسەکە لە ئاڵۆزبوونەوە و ئەبستراکتبوونەوەدایە. بۆیە واقیع سەرەتا بەماناى شتێکى بەردەست و کۆنکرێتى دێت، بەڵام لەگەڵ مەجازیبوونەوەدا پەتى و ئەبستراکت دەبێتەوە. لە کۆى پرسەکەشدا، جۆرێک لە لەبەرگرتنەوە و لاساییکردنەوە کار دەکات.
لێرەدا تەنیا دواى ئەو دابەشکارییە ساکارە دوالیستییە دەکەوین کە لەلایەک واقیعمان هەیە و لەلایەکى تریش مەجازیبوونەوەى ئەم واقیعە. مەجاز و مەجازیبوونەوەش، وەک وتمان؛ لەبنەڕەتدا جۆرێک لاساییکردنەوە و لەبەرگرتنەوەى تیایە. هەتا پێویستدەکات بڵێین مەجازیبوونەوە لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا ماناى "ڤیرچواڵێتى"ـى وەرگرتووە کە تێیدا وێنەیەکى واقیعە ڕەقوتەقەکە، بە شێوازێکى تر بەرهەمدەهێنرێتەوە. لە ئەدەبیاتدا کاتێک شاعیر وشەیەک بەدوور لە مانا واقیعى و حەقیقییەکەى خۆى بەکاردەهێنێت، پێىدەوترێت «مەجاز». بۆ نموونە، «سلێمانى لە دەرەوەیە» (کە سلێمانى مەجازێکە لەجیاتیی نیشتەجێبووانى سلێمانى بەکارهاتووە). پێموایە هەر لێرەشەوە دەستەواژەى "واقیعى مەجازى" درووستبووە؛ چونکە باسى واقیع دەکات کاتێک لە خۆى دووردەکەوێتەوە و مانایەکى کەمتازۆر جیاواز لە خۆى وەردەگرێت. ژیانى ڕۆژانەى مرۆڤ پڕە لە مەجازیکردنەوە، ئیدى لە زیادەڕۆییە زمانەوانییەکانیەوە کە دەڵێت «خەوم نەماوە، یان مردووم بەدەست کارەوە و هتد»، تا چیرۆکى گەورەترى وەک زیندووبوونەوەى مردووەکان و بڕواهێنان بە بوونەوەریی پیرۆز و ناواقیعى. بەڵام لەسەروو ئەمانەشەوە، هەر سەردەمێک کەناڵێکى گەورەى مەجازیکردنەوەى تیایە کە واقیعى سەردەمەکە مەجازیدەکاتەوە و نوسخەیەکى گەردوونیی لێ درووستدەکات. "واقیعى مەجازى" لە سەردەمى نوێدا پتر بەهۆى تەکنۆلۆژیاوە درووستبووە. واتە تەکنیک، جۆرێک «واقیع»ـى بەتەنیشت واقیعە ڕەق و ڕاستەوخۆکەوە بەرهەمهێناوە. واقیعێکى فراوانتر کە هەندێک بە درێژکراوەى واقیعە بنەڕەتییەکەى دەزانن و هەندێکى تریش بە شتێکى جودا و سەربەخۆ و لەدەستدەرچوو. ئەو مشتومڕە ئاڵۆزە بەشێک لە فیکرى هاوچەرخ پێکدەهێنێت. بەڵام ململانێى واقیع و دیوە مەجازییەکەى لە مێژوودا چۆنچۆنى هاتووە؟
دیارە هەر لە چەند هەزارساڵى پێش زایینەوە, کە دەکاتە سەردەمى ئوستوورەکان (Myth)، ململانێیەک لەنێوان واقیع و دیوە مەجازییەکەیدا بەدیدەکرێت. لەو ڕۆژگارەوە شوێنپێ و شوێنەوارى ئەو کەرتبوونە ناوەکییەى واقیع دەبینین لەگەڵ خۆیدا. تەنانەت لە ڕۆژگارى ئوستوورە و چیرۆکە تەواو خەیاڵییەکاندا، واقیعى مرۆڤ بەزۆرى لە شتێکى «ناواقیعى» و خەیاڵئامێز پێکدەهات. هەر ئوستوورەیەک هەوڵێک بوو بۆ درووستکردنێکى واقیعێکى دەوڵەمەندتر کە لە سنورى کات و شوێنى باو تێپەڕێت و دونیا ماتریاڵییە ڕاستەوخۆکە جێبهێڵێت. مرۆڤى ئەو قۆناغە، لەناو خەون و خەیاڵێکى دەستەجەمعى دا دەژیا. دونیایەکى ترى پڕ لە زیادەڕۆیی و خورافیی خستووەتە سەر ئەم دونیایە. خودا و بوونەوەرە سەروو-واقیعییەکانیش پتر نزیک بوون لە مرۆڤەوە. بەجۆرێک کە واقیع و مەجاز، پەیوەندییەکى توندوتۆڵیان پێکەوە هەبوو. لەگەڵ پەرەسەندنى مێژووى مرۆڤیشدا، ئوستوورە جێى خۆى بۆ دینەکان چۆڵ دەکات و پەیوەندیی واقیع و مەجاز کەمێک گۆڕانى بەسەردا دێت. لەگەڵ دیندا، شار و نووسین و سرووتى ڕۆژانە دادێت و «واقیع» کەمێک لەو مەجازێتى و تەمتومانە ئوستوورەییەى خۆى دەڕەوێنێتەوە. دیسان لەگەڵ پەرەسەندنەکانى مرۆڤدا کە فیکر و فەلسەفە دێتەئاراوە، مرۆڤ زیاتر خۆى قاڵ دەکات بە واقیعەوە، بێئەوەى مەجاز لەناوبچێت (یان با بڵێین دیوە مەجازییەکەى واقیع لەناوناچێت، بەڵکوو کرژدەبێتەوە و فراوان دەبێتەوە و دیسان کرژدەبێتەوە و هەم فراوان دەبێتەوە). لەگەڵ گەشەى فیکر و یاسا و دەقى نوسراودا، مرۆڤ هەڵاوسانى مەجازیى خۆى کەم دەکاتەوە و بیر لە کاروبارى واقیعى ڕۆژانە دەکاتەوە. بەڵام ئەم دۆخەش، دۆخێکى جێگیرنابێت و جارێکى تر پانتایی مەجازى/ئاسمانى هەڵدەکشێت. سەدەکانى ناوەڕاست، کە نزیکەى هەزارساڵێک دەخایەنێت، جارێکى تر واقیع تووشى مەجازیبوونەوەیەکى دینى و ئیلاهى دەکاتەوە. ئەم قۆناغەش ئەودەم لاوازدەبێت کە قۆناغى ڕێنیسانس دەستپێدەکات و جارێکى تر واقیعى فیزیکی و ئەزموونیی مرۆڤەکان دەوڵەمەند دەبێت. فیکر و ئەدەب و هونەر و زانستى نوێ, خۆیان بە کێشە واقیعییەکانى مرۆڤەوە سەرقاڵدەکەن. هەر بەدەم ئەم پەرەسەندنانەوە، سەردەمى ڕۆشنگەریى (Enlightenment) دێت کە واقیعى دونیایی تەواو پەرەدەسێنێت و پێگەى مەجازى بچووک دەبێتەوە. بە واتایەکی تر، دەست لە سرووشت و واقیعە ڕاستەوخۆکە وەردەدرێت و بەناوى ڕەخنەکردنى خورافەوە، پێگەى مەجازە کلاسیکەکە پاشەکشەیەکى بەرچاو دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە لەگەڵ شۆڕشى پیشەسازى دا، واقیع لەناوەوە پشت بە خۆى دەبەستێت و سرووشت دەکرێتە شوێنى دەرهێنانى بێشووماری بەرهەم. ئەو سرووشتەى کە هەزاران ساڵ فەرامۆشکرابوو، دەبێتە لانکەى ماشێن و کارگەر و بەرهەمى تەواو مادى و واقیعى. لە سەدەى بیستەوە، جارێکى تر واقیعى مرۆیی، تووشى مەجازیبوونەوە دەبێت, ئەویش بەهۆى پاشهاتەکانى تەکنیکەوە کە کۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت دادەهێنێت. ئەو هەمووە ئامێرە تەکنۆلۆژییەى کە دەخرێتە بەردەستى مرۆڤەکان, گۆڕان بەسەر پەیوەندیی ئەو و واقیعدا دەهێنێتەوە. ئەوەى ئەمڕۆ پێىدەوترێت «واقیعى مەجازى»، بەرهەمى ئەو تەکنۆلۆژیا سایبەرى و دیجیتاڵییەیە کە بەرەو ئەوە دەڕوات خۆى بلکێنێت بە مێشکى مرۆڤەوە و گۆڕانێکى ڕیشەییتر لە پەیوەندیی نێوان واقیع و مەجازدا بخوڵقێنێت.
***
مرۆڤ لە مێژووى خۆیدا بیرى لە واقیع کردووەتەوە و پرسیویەتى «بنەڕەتى واقیع لە چى پێکهاتووە؟». ئەم جۆرە پرسیارە، لە مێژووى فەلسەفەدا دەچێتە خانەى بوونناسى (ئۆنتۆلۆژیا)وە. واتە کاتێک دەڵێین واقیع لە چى پێکهاتووە و چۆن پێکهاتووە، مەبەستمان لە واقیعىبوونە بە گشتى، واقیعى ئەم جیهانە تێکڕا. بۆ نموونە، هەر لە یۆنانى کۆنى پێش ئەفلاتوونەوە، فەیلەسووفانى وەک هیراکڵیتۆس وتوویانە واقیعى جیهان شتێکى گۆڕاوە. ئەم جیهانە هەموو چرکەیەک نوێ دەبێتەوە و هیچ شتێک ئەوەى چرکەى پێشوو نییە (یان وەک خۆى دەڵێت: مرۆڤ دوو جار پێ ناخاتە یەک ئاوەوە). لەم ڕووەوە ڕوانگەى هیراکڵیتۆس، بە لاى مەجازیبوونەوەدا دەڕوات. یان فەیلەسووفێکى وەک پارمەنیدس پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە واقیعىبوون و جیهان نەگۆڕە. گوایە گۆڕان و فرەیی شتێکى وەهمییە و ئەوەى هەیە "یەک"ـى نەگۆڕە و واقیع بریتییە لە یەکپارچەییەکى نەگۆڕ. ڕەنگە بتوانین بڵێین لاى پارمەنیدس، دیوە مەجازییەکە شتێکى ئەوتۆ ناخاتە سەر دیوە واقیعییەکە. ئەوەى هەیە، پێشتریش هەبووە. کاتێک کێشەکە دەگاتە لاى ئەفلاتوون، ئیدى تێکڕاى ئەم واقیعەى دەیبینین و تێیداین دەکاتە پاشکۆى واقیعێکى ئەسڵتر و عەقڵانییتر. لاى ئەفلاتوون، واقیعى ئەم جیهانە شتێکى ساختەیە و لەبەرگیراوەى دونیایەکى ڕەسەنترە کە لەوێ لەبرى هەست و ئەزموونى ڕاگوزەر، عەقڵ لە فۆرمە بێگەردەکەى خۆیدا هەیە. ئەفلاتوون خەڵکى ئەم جیهانەى دەچواند بە کۆمەڵێک زیندان کە لە ئەشکەوتێکدان و نازانن واقیعێکى ڕەسەن و درەوشاوە لە دەرەوە هەیە و بەر حەقیقەتى خۆر/عەقڵ دەکەوێت. بە مانایەکى تر, ئێمە ئێستا لە واقیعێکى ساختە و مەجازییدا دەژین و نوسخەى تەواو واقیعیی ئەم جیهانە لەناو عەقڵ خۆیدایە. گەر لە یۆنانى کۆنەوە بپەڕینەوە بۆ فەلسەفەى مۆدێرن، تێدەگەین پرسیارەکە هێشتا وەک خۆى ماوە. ڕێنییە دیکارت، کە باوکى فەلسەفەى مۆدێرنە, جارێکى تر ئەو پرسیارە دەکاتەوە ئاخۆ ئێمەى مرۆڤ وەهمین یان واقیعى؟ ئاخۆ ئێمە هەین؟ ئاخۆ ئەم جیهانە، سیناریۆى مەجازیی ئەهریمەنێک نییە؟ ئاخۆ چۆن تێبگەم کە من هەم و بنکێکى واقیعییم هەیە. دیارە هەموومان کۆجیتۆکەى دیکارتمان بیستووە کە دەڵێت «من بیردەکەمەوە, کەواتە هەم». ئەم کۆجیتۆیەى دیکارت کە لە عەقڵى باودا بەهەڵە لێکدراوەتەوە، پتر پەیوەندیی بە مەبەستەکەى ئێمەوە هەیە دەربارەى کێشەى واقیع و مەجاز. ئەویش لەو ڕووە ئۆنتۆلۆژییەوە کە لەبنەچەدا ئێمە چۆنچۆنى هەین و چۆن بزانین "منێکى جێگیر" هەیە کە شتى جیا لە خۆى بەرهەمدەهێنێت (ئاشکرایە دیکارت لەڕێى چالاکییەکى وەک بیرکردنەوەوە تێگەیشت مرۆف وەهم و مەجازى ڕووت نییە). گەر خێراش بپەڕینەوە بۆ سەردەمى پۆستمۆدێرن لە سەدەى بیستدا، چەندین فەیلەسووف دەبینین کە پێیانوایە واقیعە کۆنەکە وەک خۆى نەماوە و مرۆڤ لەناو شەپۆلێک واقیعى مەجازى و گریمانەییدا دەژى. ژان بۆدریار و پۆل ڤیریلۆ لەو ناوانەن کە باسى لەبەرگرتنەوەى واقیع و جێگرتنەوەى واقیع دەکەن و پێیانوایە واقیعە کلاسیکییەکە بووەتە یادگارى. گەرچى هاوشان بەوانیش، بیرمەندانى وەک ژیل دۆڵۆز و سلاڤۆى ژیژەک و هتد، پێگەیەکى نوێ بە مەجاز و دیجیتاڵ دەبەخشن و پێیانوایە هیچى لە واقیع خۆى کەمتر نیە. بە مانایەکى تر, مەجاز بە «شتێکى واقیعییتر لە واقیع» دەزانن, چونکە لە واقیع جیانابێتەوە و بگرە کۆڵەکەى ڕاگرتنى واقیعیشە. لەوێش تراوما و بەرکەوتن و توندوتیژى هەیە (گەر گۆڕانێکیش ڕوویدابێت, پتر لادانە و ئەم لادانانەن بەشى خۆیان مایەى بەهەندوەرگیرانن). گوایە لەڕووى فەلسەفییەوە، واقیع پێویستى بە بڕێک مەجازیبوونەوە و خەیاڵیبوونەوەیە. ئەوەشى گۆڕانى بەسەردا دێت, فۆرمى مەجازیبوونەوەکەیە نەک خودى مەجازیبوونەوەکە. چەندێتى و ڕێژەکە دەگۆڕێت، بەڵام چۆنایەتییەکە وەک خۆى دەمێنێت و واقیع بەتەواوى واقیعى نییە. هەتا ژاک لاکان، لە دەروونشیکارییەکەى خۆیدا، کۆى بوونى بەسەر سێ پانتایی وەک «ڕیاڵ، ڕەمزى، خەیاڵى»دا دابەش کرد و بە شێوەیەکى زیمنى و ژێرەوانکێ تێىگەیاندین کە واقیع خۆى لەسەر دوو بەشى تر وەستاوە کە پتر مەجازیین (واتە خەیاڵى و ڕەمزى). واقیع خۆى لەخۆیدا ڕیاڵێکە, واتە چڕییەکى هێند ڕاستەقینەیە کە جاروبار لە درزێک و بۆشاییەکەوە خۆى دەردەخات.
***
دەتوانین بڵێین مەجازیبوون لە مێژووى مرۆڤدا، تێکڕا بۆ دەوڵەمەندکردنى واقیع بووە. مرۆڤ لەڕێى مەجازیکردنەوەوە، پانتایی واقیعى بۆ خۆى فراوان کردووە. مەرام و مەبەست لەم فراوانکردنەش زۆر شتە، ئیدى لە پرسى واتا و بەهاوە بیگرە تا ئارەزووکردن و بەرزەفڕى و فزووڵى و هتد. لەم ڕووەوە، مەجازیبوونەوە خۆى لەخۆیدا خراپ نییە. ئەوە هەلومەرجەکانى مەجازیبوونەوەن پێماندەڵێن ڕۆڵ و کارکردى مەجازیبوونەوەکە چۆنە. ئاخۆ کاریگەریی لەسەر واقیعە بنەڕەتییەکە چییە. مەجازیبوونەوەى واقیع، ئەودەم دەبێتە جێى ڕەخنە کە ڕۆڵێکى ئایدۆلۆژى وەردەگرێت و سەرتاپاى واقیعى سەردەمێک بارگاوىدەکات بە خۆى. کۆمەڵێک بەها جێگیردەکات کە لە خزمەتى مرۆڤ و مرۆڤایەتییدا نییە. بۆ نموونە، کاتێک دینێک یان سیستەمێکى چینایەتى، واقیع پڕ دەکات لە وێنە و پەیام و زمانى خۆى؛ ئیدى لێرەوە ڕەخنەى ئایدۆلۆژى لە مەجازیبوونەوە دێتە ئاراوە. مەجازیبوونەوە خۆى لەخۆیدا بێلایەنە، بەڵام کەمێک دواتر یەک لە ئایدۆلۆژیاکان یاخۆ سیستمەکان یانژى هێزە هەژمووندارەکان دەیخەنە خزمەتى خۆیانەوە. بۆ ئەوەى ئەم دەربڕینە نەبێتە مایەى بەدحاڵیبوون، دەتوانین بڵێین واقیع پێشوەختە ئامادە دەکرێت تاکوو هێزێک یان سیستمێک لە قازانجى خۆی مەجازییبکاتەوە. هێشتاش پێویست دەکات ڕوونتر بڵێین، واقیعێک نییە بەبێ مەجازیبوونەوە، بەبێ توێژاڵێک خەیاڵسازى و کۆپیسازى و وێناسازى. هەر واقیعێک و هەر سەردەمێک، لەبارە بۆ ئەوەى جۆرێک لە مەجازیبوونەوە و خەیاڵیبوونەوە بگرێتە خۆى. تەنانەت لەنێوان سەردەمەکاندا، زنجیرەى مەجازیبوونەوەکان، دەچنە پەیوەندییەوە لەگەڵ یەکتردا. بەشێکیان بەویتر ناکۆک دەکەوێتەوە و بەشێکیشیان دەبێتە درێژەپێدەرى. گەر سەیرێکى ئەو سەدە و سەردەمانە بکەین وا شیعرى کلاسیک لەئارادا بوون، باسەکەمان پتر بۆ ڕووندەبێتەوە. لە ڕۆژگارى شیعرى کلاسیکدا، جۆرێکى تایبەت لە مەجازیبوونەوە لەئارادا بوو کە ئەدەبى ئەوسا ئەم ڕۆڵەى دەگرتە ئەستۆى خۆى. لێرەدا مەبەستمان تەنیا مەجاز و میتافۆرى ناو شیعر نییە، ئەوە بەشێکى مەسەلەکەیە؛ بەڵکوو مەبەستمان کۆى ڕۆڵى شیعرى کلاسیکە لە پرۆسەى مەجازیکردنەوەدا. هەڵبەت بەتەنیشت ئەم جۆرە شیعرەوە، دینەکان و چیرۆکە دەستەجەمعییەکانى تریش بەشدار بوون. یان باشترە بڵێین، هەموویان پێکەوە گوزارشتیان لە جیهانێک دەکرد کە بە شێوەى تایبەتى خۆى مەجازىببووەوە. لە بن مەجازیبوونەکەوە، تێڕوانینى خەڵکى سەردەمانێکمان هەیە بۆ خۆیان و جیهان و پەیوەندییەکانیان. هەر لە پەراوێزى ئەم ڕاستییەشەوە دەبێت بڵێین، مەجازیبوونەوە هەردەم جۆرێک لە داهێنان و سەرکێشى و تێپەڕینیشى تیایە کە جیایە لە هى سەردەمێکى تر. هەر مەجازیبوونەوەیەک, بەشێکى زەروورەت و ناچاریی ئەو قۆناغەیە و لەپاڵ ئەو زەروورەتەشدا ئەفراندن و نوێگەریی تێ دەکەوێت. بەڵام کاتێک لە گۆشەنیگاى سەردەمێکى تر و واقیعێکى ترەوە لێى دەڕوانین، دواسنورى ئەو سەردەمە کۆتایی دێت؛ و هەڵسەنگاندن و حەقوحسێبى ڕەخنەیی دێتە ئاراوە. ئەمڕۆش کە واقیع بە فۆرمێکى تر مەجازیکراوەتەوە، پاش درەنگانێک کە نازانین کەى و چۆنە، لە کۆى پرۆسەکە تێدەگەین- هەڵبەت ئەمە بەو واتایە نایەت لە ناوەڕاستى پرۆسەکەدا قسەمان نەبێت و پەیوەندیی واقیع و مەجازیبوونەوە نەپشکنین.
***
ئەو ئەرک و مەرامانەى بەدرێژایی مێژوو لە مەجازیبوونەوە ئاڵێنراون، بڕێکى تریشى لە سەردەمێکى تردا هەر بەو مەرامەوە دووبارەدەبنەوە. هۆیەکەش پەیوەندیی بە کرۆکى واقیعى مرۆییمانەوە هەیە کە کۆمەڵێک ڕاستى هەن ناتوانین لێیان بچینە دەرەوە. مەجازیبوونەوە، لە دووتوێى خۆیدا بڕێک میکانیزمى بەرگریی بۆ ئامادەکردووین بۆ ئەوەى لەم ڕاستییە ڕووتوقووتانە هەڵبێین. بۆ نموونە، مردن یەک لە ڕاستییەکانە کە چەندین ستراتیژى مەجازى و خەیاڵییمان بۆ داهێناوە تاکوو بیشارینەوە و نکۆڵیی لێ بکەین. ئیدى لە ئازار و عەشق و سنورداریی جەستەیی و کۆمەڵایەتییمان بگەڕێین کە عادەتەن جۆرێک "مەجازیبوونەوە"یان لێ دەپێچین بۆ ئەوەى زبرى و زەبرە تراوماییەکەیان بەدوور بێت. ئەم زەبر و تراوما مرۆییانە، هێند واقیعیین کە توێژاڵەکانى مەجازیبوونەوە هەڵدەدڕن و تێماندەگەیەنن شتێک هەیە ناوى "پلەى سفرى واقیع"ـە و هەموو جۆرە مەجازیبوونەوە و خەیاڵیبوونەوەیەک هەڵدەداتەوە (ڕێک وەکو ئەو مرۆ مەجازییەى ئەمڕۆى ناو تۆڕە دیجیتاڵییەکان کە کتوپڕ تێدەگات شتێکى تیایە مەجازینابێتەوە و نوقمى فەزایەک بووە کە کرۆکەکەى لە شوێنێکى ترە.) واتە دووبارەکردنەوەى درۆزنانەى واقیع، لەناو دونیاى مەجاز و دیجیتاڵدا، خۆى لە سەردەمە کۆنەکانەوە ناوێکى وەک "وەسواس"ـى هەبووە. گەر ئەمڕۆ پێمانوابێت لەناو دونیاى مەجازىدا، دەتوانین واقیعییانە بژین، شکى تیا نییە تووشى وەسواس هاتووین. وەسواس چیە بێجگە لەو دۆخەى کە پەیوەندییەکان لەناو خۆتدان نەک واقیعى دەرەوە؟ یاخود خەریکى شتێکى ناواقیعى بەرهەمدەهێنیت کە تەنیا بۆ خۆت ماناى هەیە و لە چرکەیەکیشدا ئەم سووڕە درۆیینەیە دەپچڕێت. مەجازیبوونەوەکە تا ئەو جێیە ڕەوایەتیی هەیە کە پەیوەندیی ڕەسەن بەتەواوى لەناونەچێت و واتا لە بەرهەمهێنان نەکەوێت و واقیعیش وەک واقیعى ناو خەیاڵى مرۆیەکى "عوسابى"ـى لێ نەیەت کە هەموو وزە دەروونییەکەى لە واقیعێکدا خەرج دەکات کە بۆ خۆى نەبێت بوونى نییە. مەجازیبوونەوە ئەودەم دەبێتە پرسێکى پاتۆلۆژیک (نەخۆشانە) کە پەیوەندییمان بەو ڕاستییە مرۆییانەوە تەمومژاوى ببێت. بە واتایەکی تر، ئێمەى مرۆڤ جۆرە بوونەوەرێکین ناچارین لە هەموو سەردەمێکدا بەجۆرێک مەجازیبوونەوە بەرهەم بێنین کە هەژمار لەسەر پرسى واتا، بەها، ئازادى، عەشق، مەرگ، تاکێتى، پەیوەندى، و هتد کرابێت. کۆمەڵگا لەڕێى جەستەوە داگیردەکرێت. کاتێک مرۆڤێک هەموو نمایشى لەشى دەبرێتە ناو دونیاى مەجازى و دیجیتاڵەوە، ئیدى واقیعى جەستە تووشى وەهم و تارمایی و نامۆبوون دەبێت. جەستە بنکى بەرپرسیارى و پەیوەندى و زۆر کاتیگۆریی ترى مرۆییە. هەتا لە هاوڕێیەتییدا, جووڵەى جەستە بە ئاراستەى هاوڕێکاندا خۆى ڕاستییەکە تەواو مەجازىنابێتەوە. زاراوەى فرێند و فۆڵۆوەر و ئەوانە، ناتوانن کۆى واقیعى جەستە بنوێننەوە؛ چونکە سنورى من و ئەویتر بەپێى پێویست ڕوون نییە. جەستە لە فەزاى مەجازى دا، بەئاسانى دەچێتە ناو کۆمەڵێک پەیوەندیی پاتۆلۆژییەوە کە بە ئاسانى پرسى بەرپرسیاریی، پابەندبوون، و هتد لەقدەکات.
***
کۆمەڵگاى ئێمە، هێشتا پێویستى بە ئاوڕدانەوەیە لە واقیعە کرچ و بنەڕەتییەکە. کۆمەڵگایەکى عەقڵانى و مۆدێرن لەسەر زەمینەى ئەو واقیعە درووستدەکرێت. ئێمە ناتوانین ڕەوتى دیجیتاڵ بوەستێنین، بەڵام دەتوانین کەمتر قوربانى بە دیوە پاتۆلۆژیک و وەهمییەکانى بدەین. دەشێت نەوەیەک کەمتر واقیعە کلاسیکەکەى ئەزموون کردبێت و زیاتر لە واقیعى مەجازى دا ژیابێت؛ بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە واقیعە زبر و کلاسیکەکە لەبنەوە هەر ماوە و کار دەکات. زۆرجار فەزاى مەجازى، مرۆڤ تووشى دۆخێک دەکات واقیعە زبرەکەى بیربچێتەوە. واقیعە زبرەکە، بەرهەمى دەیان و سەدان نەوەیە بە خۆیان و یاسا و ڕێسا کەلتورییەکانیانەوە. چەقین لە وەهمى مەجازدا، زەبر و تراوماى بەدواوەیە. مرۆڤیش ئەودەم بەر زەبرەکە دەکەوێت وابزانێت هەموو شتێک لەناو فەزاى مەجازى دا شل بووەتەوە و سنورى نێوان باش و خراپ نەماوە. هەر لەم ساتەدایە، بەئاگا دەهێنرێتەوە کە کەلتور بەتەنیا لەو فەزا مەجازییە پێکنەهاتووە. بگرە فەزا مەجازییەکە، هەوڵێکى نوێیە بۆ سووڕانەوە بەدەورى واقیعە زبڕ و کلاسیکەکەدا. لەو جێیانەدا فەزاى مەجازى مایەى بەرگریلێکردنە کە بنبەستەکانى واقیع بکاتەوە و ئەگەرى ژیانێکى باشتر بڕەخسێنێت. بەڵام لەو ڕووەشەوە قابیلى ڕەخنەى ڕیشەییە کە گرێ و بنبەست و وەهمە دێرینەکانمان بەرهەم بێنێتەوە و نەهێڵێت خۆمان ببینین.
بۆیە ئەوەى دەمێنێتەوە، کۆمەڵێک پرسیارى ژیانیی و گرنگە. هێشتا کاتى ئەوەیە پرسیار درووست بکرێت. هێشتان بۆ وەڵام زووە. ئاسۆى وەڵام، لە هەناوى ئەو پرسیارانەوە درووستدەبێت کە لە قووڵایی ئەم واقیعەى ئەمڕۆوە دەیکەین. وەڵام، پەرچەکردارێکى دیالەکتیکییە لە هەناوى ئەو پرس و پرسیارانەوە دێتەدەرێ کە بەجۆرێک یەخەماندەگرێت ناتوانین نەیکەین. پرسیارەکانیش شتانێکن ڕیشەیان لە پێشینەى مرۆڤبوونمانەوە دێت و ناچارماندەکەن بپرسین: پەرەسەندنى دیوە مەجازییەکەى واقیع لەمڕۆدا چ کاریگەرییەکى بۆ سەر مرۆڤ بەگشتى و گەنجان و خوێندکاران بەتایبەتى هەیە؟ ئاخۆ پەیوەندییە مرۆییەکان چییان بەسەردا هاتووە؟ ئاخۆ تووشى نامۆیی کردووین یان ئیمکانى کردووەتەوە شوناسى نوێ درووستبکەین؟ ئەمڕۆ چەمکى بەرپرسیارى چیی لێ دێت؟ ئاخۆ ئەو تاکبوونەوەیەى دواى مەجازیبوونەوە و دیجیتاڵیبوونەوەى بەشێکى واقیعەوە درووستدەبێت، تا چەند تاکێتییەکى ڕەسەنە؟