دەنگبێژی چییە؟

 



پێشەوا ڕەمەزان

کورد وەک نەتەوەیەکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەنی پیرۆزی و کلتور و زمان و جوگرافیای خۆیەتی. بەهەمان شێوەش خاوەنی میوزیک و دەنگبێژیەکی تایبەت بە خۆیەتی، جیاواز لە نەتەوەکانی تر. کە بە تەواوەتی هەست و سۆزی کوردان لە میوزیک و دەنگبێژیەکانیدا هەست پێ دەکەیت و تا ئاستێکی بڵند هەست بە جیاوازی دەکەیت لەکاتی گوێ لێگرتنیان. ئەمەش بە هۆکاری بابەتی جۆگرافی جیاواز و کلتوری جیاواز و ئەو بار و دۆخ و هەستەی، کە کورد بینیویەتی یاخود چەشتویەتی لە چاو نەتەوەکانی دەوروبەری. یەکێک لە هەرە تایبەتمەندی و جیاوازیەی کە لە میوزیکی کوردیدا بە دیدەکرێت، دەنگبێژیە؛ یاخود شێوە چڕینەکانە کە لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی تری کوردستانی گەورە جیاوازە و شێوازەکان گۆڕانکاریان بە سەردا دێت. پێش ئەوەی بێینە سەر شێوە جیاوازەکان و هەرێمەکان و شێوە گوتنەکانیان، دەبێ بزانین دەنگبێژی چیە!؟

دەنگ بێژ ئەو کەسانەن، کە ڕۆح دەدەن بە دەنگ و هەست و سۆزی تێکەڵ دەکەن و چیرۆکێک دەگێڕنەوە لە میانی دەنگبێژیەکەیاندا. دەنگبێژی نەریتێکی زۆر گرینگە کە کورد لە مێژوودا هەمیشە ناچار بووە کەلتووری خۆی لە ڕێگەی "دەنگ" یان "گوتنەکان"ـەوە بگوازێتەوە بۆ نەوەی نوێ. گوتنەکان، هەڵبەست، گۆرانی و چیرۆکەکان، لە ڕێگای دەنگبێژانەوە گەیشتوونەتە ئەمڕۆ و ون نەبوون، بۆیە ئەکرێت بڵێین دەنگبێژان گەنجینەیەکی نەتەوەی زۆر گرینگی کورد و کوردستان بۆ گواستنەوەی چیرۆک و داستان و شەڕ و ئەوینداری و بابەتی ئایینی، کێشە کۆمەڵایەتیەکان و باسی سەردەمەکان.

ئێمە ئەگەر باسی دەنگبێژی بکەین، بۆ من و گەلێک کەسی تریش تەنها واتای موزیک ناگەیەنێت، چونکە مێژوو بارێکی گەورەی خستۆتە سەر شانی دەنگبێژی. داوا لە دەنگبێژ دەکرێت کە چیرۆک یاخود مێژوو بگێڕێتەوە ئەمەش پێویستی بە وزەیەکی لە ڕادە بەدەری مرۆیی هەیە، و چەندان بابەتگەلی جیاوازتریش لە کۆتایدا بۆ کوردێک دەنگبێژی بووە بنکەی موزیک شانۆ و سینەما و شێوەکاری، چونکە وردەکاری و پشاندانی تیادا لە ئاستێکی باڵادایە. دەنگبێژی وەک ڕێگایەک بەکارھاتووە بۆ گێڕانەوەی مێژوو و فۆلکلۆری کوردی، بەتایبەت لەو سەردەمانەی کە زمانی کوردی قەدەغە کرابوو. لەبەر ئەوەی بەشێک لە مێژووی کورد بەبەڵگەنەکراوە، ئەوا لەڕێی ئەو دەنگبێژییانەی کە ھەن شیکارییان بۆ دەکرێت. لە دەنگبێژیدا، لە بارەی جوگرافیای کورد و کوردستان، مێژوو، جەنگ، ڕووداوە تازەکان و گێڕانەوەی داستانی ئەوینداریش بەکاردێت. دەنگبێژی لە هەرێمەکانی گەرمیان و سەرحەد و بۆتان و هەورامان گرنگیەکی زۆر زۆری پێ دراوە و بەربڵاوترە. بەڵام چەندان جۆری دەنگبێژی هەن، کە لە یەکتر جیاوازن بەپێی هەرێمەکان. ئەگەر سەرەتا، لە هەرێمەکانی باکوری کوردستانەوە دەست پێ بکەین دەبینین تەنها لە باکور چەند جۆرێکی جیاوازی دەنگبێژیمان هەیە کە لە ڕێی قوڕک زاراوە و شێوە چڕینەوە  جیاوازی دەکرێن. وەکوو هەرێمەکانی سەرحەد و بۆتان و لەوێشدا چەند جۆرێکی دەنگبێژی هەیە وەکوو حەیران ژارۆ و پایزۆک و و شێوە چڕینەکانی تر هتد.  و یەکێک لە ناسراوترین دەنگبێژەکان لە باکور (شاکیرۆ)یە, کە یەکێکە لە دەنگە هەرە باقژ و بێ وێنەکان.

لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان شێوەی باکور، ئەو شێوە دەنگبێژیانە بونیان هەیە و زیندوون، بەپێی نزیکی و تێکەڵی لە یەکتر و بە هۆکاری ئەوەی هەردوو بەش بە زاراوەی کورمانجی سەروو دەدوێن و نزیکی و تێکەڵیەکی زۆر هەیە لە نێوان هەردوو بەشی باکور و ڕۆژئاوا.

بۆ بەشی ڕۆژهەڵات و باشور هەورامانی تەخت و سەختمان هەیە کە لانکەی دروستبوونی دەنگبێژی و شێوە ئاواز و شێوە چڕینەکانن کە زۆرترین و دەوڵەمەندترین شێوە دەنگبێژیەکان لەم ناوچەیەوە دروست بوون لەوانە (سیاوچەمانە ، بەزمی خاو و هتد.

 لە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نموونەی هەرە کۆن و مێژووی هۆرەیە کە لەم ناوچانەوە سەری هەڵداوە کە تەنها هۆرە خۆی لە چەند بەش و شێوازێک پێکهاتوە بە پێی کاتەکان وتنەکانیان دەگۆڕێت لەوانە (پاوە موری، دۆ دەنگی، بادیە، جەنگ ڕاو، کێو چڕ، چۆڵ چڕ و هتد..)

ئەم جۆرە دەنگبێژیە لە ناوچەکانی هەورامان و گەرمیاندا مێژویەکی کۆنی هەیە هەرچەندە لە کرماشانەوە سەری هەڵداوە بەڵام لە ناو کۆمەڵگەی یارساندا بە شێوازێکی بەربڵاوتر دەگوترێت؛ لەنێو کاکەییەکانی داقوقی گەرمیان تاکو خورماتوو و و جافەکانی ناوچەی کەلار و گوندی هەواری هەورامان هتد.

لە باشوری کوردستان بە تایبەت لە هەرێمی گەرمیان بە دەنگبێژی دەگوترێت مەقام یاخود ڕاستیکەینەوە شێوە چڕین یان شێوە ووتن کە هەر لە مێژە بونیان هەبوە و هەندێک لەم شێوە چڕینانە وەک مەقامی قەتار لە کۆندا گاتاکانی نێو کتێپی پیرۆزی ئاڤێستای پێ خوێندراوە لە مەراسیمە ئاینیەکاندا و وشەی قەتار لە گاتاوە هاتوە کە بە پێی کات گۆڕاوە و بوە بە قەتار. لە گەرمیاندا (قەتار، خاوکەر، ئەڵاوەیسی، ئای ئای، خورشیدی، هیجرانی، هتد.) بەشێک لە شێوە چڕین یاخود ئەو جۆرە دەنگبێژیانەی کە تاکو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بە زیندوویی ماونەتەوە. و دەوترین لە کۆڕ و کۆبونەوە و دیوەخانەکاندا. و زۆربەی ئەم شێوەچڕینانەش بە زاراوەی ماچۆ دەگوترێن کە دەقەکانی ئاڤێستای پێ نوسراوە، و هەر یەک لەم شێوە چڕینانە تایبەتە بە بۆنە و باسێک وبە پێی دەنگ بێژ هەڵبەستەکەی دەگۆڕێت. باس لە گێڕانەوەی چیرۆکێک یا داستانێکی جەنگی یا ئەوینداری یان نەهامەتیەکانی کورد دەکات لەو ناوچەیەدا. شکور خەیات، حەمە درێژ و عەلی مەردان، مامۆستایانی ئەم شێوە ووتنانە بوون و شارەزایی تاوەوەتیان تێدا هەبوە

ئەگەر بێینە سەر دەڤەری هەوڵێر و دەشتی قەراج و کەندیناوە و دەوروبەری ئێمە حەیرانمان هەیە و حەیران بەوە جودا دەکرێتەوە کە بەگشتی دەقی حەیران بە پەخشانە شیعر، یان شێوازێکی تایبەتی شیعری ئازاد لەقەڵەمی دەدەن و لە ڕووی سەرواشەوە سێ سەروای خۆی هەیه کە بریتییە له: سەربەند، ناوبەند و دوابەند. ئەمەش لەڕووی دەقەوە حەیران لە لاوک و بەیت و بەستە و سیاچەمانە و هۆرە و جۆرەکانی دیکەی سترانبێژی جودای دەکاتەوە. حەیران زیاتر لەسەر پەیژەی مەقامی بەیات دەگووترێت و زۆر کەم بە پەیژەی مەقامی دیکەی دەچڕدرێت. کە ئەمەش نەک هەر حەیرانی سنووردار کردووە، بەڵکو وایکردووە لەهەموو جۆرەکانی دیکەی سترانبێژی و دەنگبێژی جودا ببێتەوە و تا ئاستێک جیاوازتر دەربکەوێت ،و حەیران لە هەرێمەکانی هەولێر و موکریان بە گشتی دەگوترێت وەک مەهاباد و بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش و هەروەها  یەکێک لە حەیران بێژە هەرە  مەزنەکان حەسەن سیساوەییە.

لە ئێستادا تێگەشتنێک هەیە بۆ دەنگبێژی کە گوایە تەنها ئەو شێوە چڕینانەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان پێیان دەوترێت دەنگ بێژی ، بەڵام لە ڕاستیدا وا نیە ئەگەر ئێمە لە وشەی دەنگبێژی تێ بگەین لە دوو بڕگە پێکهاتوە (دەنگ+بێژی) دەنگ بە واتای دەنگ دێت و بێژی بە واتای گووتن واتا شتێک کە بە دەنگ بگوترێت بۆیە ئەم دەتەواژەیە لە ئێستادا بۆ ئەو فۆرم و شێوە چڕینانە بە کار دێت لە هەرێمەکانی کوردستانی گەورەدا کە دەنگبێژیە و بە دەنگ دەگوترێت لە باکور و باشور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، واتا شێوە چڕینێکی گەرمیان و شێوە چڕینێکی سەرحەد بە هەمان شێوە دەنگبێژین.

هەندێک جیاوازی دەنگبێژی کوردی و شێوە چڕینەکانی تری نەتەوەکانی تر لە ناو کوردا دەنگبێژی و شێوە ئاوازەکان بازدانی تۆنیان هەیە لە تۆنێکەوە بۆ تۆنێکی بەرزتر, کە میانیەکی دور دەکەوێتە نێوان تۆنەکانەوە کە لە نەتەوەکانی تردا ئەم شتە نیە یان هەشبێ دەگمەنە. دووهەم شت لە دەنگبێژی کوردیدا دەنگبێژ لەرینەوەیە (ڤێبراتۆ)یەکی زۆر خێرا بە قوڕگی دەکات لە کاتی گوتندا کە ئەمەش بە هەمان شێوە لە نەتەوەکانی دەوروبەرماندا کەمە یاخود نیە. سێهەم شت لە دەنگبێژی کوردیدا هەڵبەست یاخود ئەو ووشانەی کە دەگوترێن زۆر بە خێرای دەگوترین و بە سەر یەکەوە دەردەپەڕن کە ئەمەش تایبەتمەندیەکی دەنگبێژی کوردیە و ڕەنگە ئەم بابەتە بە هۆکاری ئەوەبێت کە دەنگبێژی چیرۆکێکی گێڕاوەتەوە کاتێکی زۆر زۆری خایاندوە بە ناچاری وا خێرا کراوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەدا زۆرترینی چیرۆکەکە بگێڕنەوە. چوارەم بابەت لە دەنگبێژیدا تەواوی هەست و سۆز بەکارهاتوە و دەنگێکی دیافراگمی و چیایی پێویست بوە بۆ گەیاندنی ئەو هەستەی دەنگبێژی. بەدڵنیاییەوە ئەم تایبەتمەندیانە کە باسکراون دەکرێت لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمیکی تری کوردستان جیاوازبێت و تایبەتمەندی شێوە چڕینەکان جیاواز بن ئەوەی کە باس کراوە بە شێوەیەکی گشتیگیر باسکراوە. و دەنگبێژی زۆر لەن چەند دێڕەی سەرەوە کە نوسراون قوڵترە بۆیە دەکرێت هەڵوێستەی زیاتری لەسەر بکرێت و یەک بە یەک دەنگبێژی و شێوە چڕینەکانی هەرێمەکان شی بکرێنەوە بە وردی کە ئەمەش کاتێک و دەرفەتێکی زۆر زیاتری پێویست دەبێت. لە کۆتایدا دەکرێت بڵێین دەنگبێژی ئاوازی شوناسی نەتەوەیمانە.

 

 

پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر