سوارە شاهۆ
یەکەم فیلم لە مێژووی سینەمای کوردیی؛ ناوی فیلمی زارەیە .ژانری ئەم فیلمە،
(ئەفسانەیی) ئپیک-ە کە ژیانی کوردانی ئێزیدی لە ئەرمەنستان نیشان دەدات. زارە ساڵی
١٩٦٢ لە ڕووسیا بەرهەم هاتووە و دەرهێنەرەکەشی ئەرمەنییە و ناوی حامۆ بەک
نازاریانە. بەڵام لەلایەکی دیکەوە، دەتوانین وەها ئەو بابەتە بێنینە سەر زاران وا
هەریەک لە بەرهەمەکانی یەڵماز گیونەی دەرهێنەری بەناوبانگی باکوری کوردستان لە
وێنەی؛ ڕاما ١٩٧٨، دیوار ١٩٨٣(و فیلمی تەحسین شاداش(١٩٨٢)
بوونە هۆکارێک تا هەمووان بکەونە سەر ئەو ئەندێشەی وا سینمای کوردیی بۆ بۆ
بونیادنان و هێلکێشانی دەرهێنەرێکی نوێ هەنگاوی ڕژد
هەڵدەگرێت.
هاوکات بەهمەن قوبادی لە ساڵی ١٩٩٥ کورتەفیلم و بەڵگەفیلمی خۆی درووست کرد، ئەم
بەڵگە فیلمە لە ڕێزی بەڵگەفیلمە سەرکەوتووەکانی ئێراندا بوو. هاوکات بووە شایانی
خەڵاتێکی زۆری نێونەتەوەییش. ساڵی ١٩٩٩ فیلمێکی بەهمەن قوبادی بە ناوی کاتی
ئەسپەسەرخۆشەکان وەکوو فیلمێک بە زوانی کوردی و لە سەر خاکی کوردستان، بە چیرۆک و
قارەمانی خۆجێی، سنوورە ئەتنیکی و نەتەوەییەکانی تێپەڕاند.
سینەما تەنێ بریتیی نییە لە جیهانیبینی ئەو کەسەی بەرهەمی دەهێنێت. هەر بۆیە پێویستە ئەنجامە کاریگەرەکانی پەیوەند بە ڕووداوەکانی دەوروبەرمانەوە ببینن؛ نۆرمی کۆمەڵایەتی، چاند و نرخە سیاسییەکان بە چاوێکی کراوە ببینین. دواجار، ئەگەر مرۆڤ وەکوو دەرئەنجامی هەموو ڕووداوەکان وەکوو هەبوونێکی کۆمەڵایەتی بنرخێنین، بێگومان دەردەکەوێت، ئەم قۆناغە کاریگەری خۆی لە سەر کەسایەتی، کارەکتەر و هزری مرۆڤ و کۆمەڵگە کردووە. ئیتر پێویستە خۆ نەخەڵەتێنین. کاتێک وشەی کورد بە لێو دەکرێت، ئیدی شێوازێکی تێکۆشان بەیان دەبێت و بەمەش دەگوترێت ڕسکانی زیهنیی سیاسیی لەنێو مێژووی نەتەوە و گەلدا. ئەو مرۆڤانەی وا بە ڕەنگێک لە ڕەنگەکان، پەیوەندیان لە گەڵ سینەما داناوە، ناتوانن ڕووداوەکان بە سانایی ببینن، ئەو ئێش و ئازارانەی بە سیستەماتیک سەپێنراوە، بە دیوێکی دیکەی زیهنییدا دەبینن. ڕەگ و ڕیشەی کەلتووری و فەرهەنگی، هەروەها کەیفخۆشیی، سەرسوومان و ئەو هەموو هەست جیاوازەکان، ڕێگەیەکی دیکەی هونەریی بەرپا دەکەن. هاوکات ڕێگای بەردەم سینەمای کوردیی دەکەنەوە. هەر بۆیەش ئەو سینمای ئێمە پێ دەڵێن سینەمای کوردیی، لە واتا بەرفراوانەکەیدا مەبەستمان سینەمایەکی سیاسییە.
وێژەوان، هونەرمەند و دەرهێنەرەکانی ڕۆژی ئەمڕۆمان، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی سەختدان، بەرپرسیاریەتییەک گەورە وەکوو پارێزەری وڵات و نەتەوەیەکی پارچە بوو. دۆزینەوەی ڕێگا و ڕێبازی تێکۆشان، خۆ لەسەر پێیانگرتن بە نرخە کەلتوورییەکان، تێکۆشان بۆ ژیان لەپێناو بیرەوەرییەکاندا، لەپێناو هزرینی بیرمەندانەدا، بەرپرسیارێتی ئەمانە لەسەر شانی ئەوانە، لەنێو سینەمای کوردیی لە نێوان ئەم پەیوەندییە گەوهەرییەدا هەوڵدانی گەورە و بەهێز هەیە. لە قۆناغی فکر و فیلمەوە هەتا قۆناغەکانی ئامادەکاریی، تۆمارکردنی دیمەن، مۆنتاژ و هتد. بۆ ئەو کارانە؛ خۆبەخشی، فیداکاریی و ڕەنج پێویستە. لێرەدا هێژای وتنە، دەرهێنەرە بێدەوڵەتەکان تێکۆشانێکی درێژمەودا دەکەن بۆ ئەوەی تێگەی وڵات لە نێو سینەمادا بەرفراوانتر جێگە بگرێت. بۆیە لە سینەمادا پێویستە ئەم بابەتە دیارتر و بەرچاوتر بێت. سینەمای ئێمە، بە زەرێ دەستی پێ کردووە و خۆی گەیاندووە بە کوردستانی قەدەغەکراوی یەڵماز گونەی، ئەمەش وەکوو ڕابووڕیی و بیرەوەریی بونیادنانی سینمای ئێمەیە. بەهمەن قوبادی دونیای کوردانی ڕۆژهەڵاتی لە سەر سنوور، لە نێوان مردن و ژیان دا کە تراژیدیایەکی قووڵە داناوەتە بەر دیدەی بینەران. لە سینەمای گەریلادا، بە ڕێگای فیلمی بێریتان؛ بەرهەمی خەلیل داخ ئێمە شەڕی نێوان هێڵی خیانەت و بەرخۆدان لە دەوروبەری کوردان دەبینین. ئێمە لەم فیلمەدا دەبینە شاهیدی کارەکتەری بێریتان وەک گەریلایەکی ژن بە بیرەوەریی و ڕق و کینێکی مێژوویی وەڵامدەری ئەم دۆخە مەترسیدارەیە.
هەر وەک چۆن شۆڕش بەرهەمی تێکۆشان و شەڕی پێکەوەیی و هاوبەشە، سینەمای شۆڕشیش پێویستە ببێتە بەرهەمی عەقڵ، هەست و ڕەنجی هاوبەش. لە نێوان ئەم پەیوەندییە دا هەموو دۆخی فیلمێک ئەنجامی هاتنە لای یەکترییە و زۆربەی کەسانێک وا بەم شێوازە دێنە تەک یەک، لای یەکتر بە بێبوونی بەرژەوەندیی ماددیی و چاوەڕوانیییەکی بەو ڕەنگە، لە سەر بنەمای خۆبەخشی و فیداکاریی ئەم کارە دەکەن. مادییگەرایی و ئەو جۆرە بەرهەمهێنانە وا بۆ مادییات دەکرێت، هاوکات لە ژێر کاریگەری یەکانەپەرەستی و ئەو ڕوانینەیە وا سینەمای پیشەسازیی دەیسەپێنێت دانامێنن و ڕەتی دەکەنەوە. هەر بۆیەش تێڕوانینێکی فرە، ڕەنجدەر، بەرژەوەندیی هاوبەش، هاوکات دابەشکردن لەگەڵ خەڵک بەبێ دوودڵی، ترس و مادییگەرایی، مژارێکی بنەڕەتییە. لەم چوارچێوەیەدا بابەتێک هەیە پێویستە سینماکارانی کورد لە بیری نەکەن. سینەما بۆ کۆمەڵگە بەرهەم دەهێنرێت. ئەگەریش لەدوای دەیان و سەدان زەحمەتی و سەختیی جیاواز، کۆمەڵگە نەتوانێت بە ئاسانیی پەیوەندی لەگەڵ سینەمای کوردیی دروست بکات ئەوا بۆ هەمووان ئەم ڕەوشە؛ ڕەوشێکی کێشەئامێزە. لەدوای شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەموو ئیمکانیاتێک فەراهەم کرا، نە تەنیا لە بواری سینەمادا، بەڵكوو لە هەموو کایەکانی هونەردا بۆ خزمەتی کۆمەڵگا زەمینێکی بەرفراوان و زۆر بەهێز بەرپا کراوە. ئەگەر ئێمە دەمانەوێت لە چوارچێوەی سینەمادا لەم مژارە بڕوانین، لەو شوێن و چرکەساتەی وا فیلم بەرهەم دەهێنرێت بگرە هەتا سەرەتایترین پێداویستییەوە، لە نواندنکارەکەوە بگرە هەتا دەرهێنەر، هەر هەموویان لەنێو هەناوی ئەو ئیمکانییاتەدایە کە شۆڕش ئافراندوێتی. ئەمەش بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی سینەمای کوردستان لە سەر بنەمایەکی ڕاست و دروست گەشە بکات. لەم بوارەش دا ئەوەی فیلمێکی سەرکەوتوو بەرهەم دەهێنێت نەک تەنیا مژاری فیلمەکەیە بەڵکوو شێوازی درووستکردنەکەی و زنجیرەی نێوان شۆڕش و سینەمای کوردییە. لێرەدا ئەگەر ئێمە بڵێین لە کوردستان دا زمان و چالاکی سینەما شۆڕشە ئەو کاتە ئێمە پێویستە یەکپارچەبوونی عەقڵ و هەستی هەرەوەزیی لە هەموو شوێنێک بپارێزین و ڕای بگەیەنین. بۆ ئەوەی سینەمای کوردی ببێتە خاوەنی زمان و تەرزێکی گەوهەری خۆی پێویستی بە ئەزموون و بەرهەمێکی زۆرتر هەیە.
تاوەکوو ڕووی کامێراکەمان لە کۆڵان، لە چیا و
کۆمەڵگە و گەل بێت، تا ئەو کاتەی تێکۆشانی ژیانی ئازاد، لە جەوهەری فیلمی کوردییدا
خاوەن ڕۆڵێکی سەرەکی بێت، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین سینەمای کوردیی لەسەر چۆکی خۆی
وەستاوە و دیوارەکانی بە بنەمایەکی ڕێک دادەمەزراندووە.هاوکات ئەگەر ئێمە ڕۆحی
سینەما جوان نەکەین، ئەو کاتە بەردەوام لە مەترسی کەوتنە بن سێبەری بازاڕی سیستمی
جیهانیی و لق و پۆپەکانیدا دەبێت. پێویستە
بزووتنەوەیەکی نوێی سینەمای کوردی بئافرێنرێت وا لەگەڵ ڕۆحی شۆڕش و دینامیزمێکی
گەنجانە بگونجێت، لەپێناو بونیاتنانی ژیانێکی ئازاد و هاوبەش هەنگاو بنێت. ئەو
کاتە وەک تۆپەڵەبەرفێک هەر دەچێت و گەورەتر دەبێت و لە گەڵ خۆیدا دەبێتە قەڵغانی
ژیانێکی هەرەوەزیی و هاواری فەرهەنگی دەوڵەمەندیی کوردەواریی.