ئاراز گوڵزار
زانکۆ وەک ناوەندێکی ئەکادیمی و زانستی و ڕووناکبیریی جڤاک بەگوێرەی قۆناغبەندیی مێژوویی بەرپرسیاریەتی بە ئەستۆ بووە یا هەڵیگرتووە و گرتوویەتیەخۆ، بۆ هەر قۆناخێکیش خاوەن کاریگەریی بووە. بە نموونە لە یۆنانی دێریندا ئەکادیمیا ئەرکی پێگەیاندنی کادیری جڤاکی بووە، گەر چاو لە ئەکادیمیاکەی ئەفلاتون بکەین لەوێ باس لە پرسگەلێکی وەک سیاسەت - هونەر - جوانی - ئەخلاق - خێزان - و بوارگەلێکی دیکە کراوە، بە گشتیش تاک و کۆمەڵگا ئادەکراوە بۆ کۆمارێک کە بە کۆماری ئەفلاتون بەناو دەکرێ، لەم کۆمارەشدا تاک بەگوێرەی زانابوونی ئەرکدار دەکرێت. پاشاکەی گەرەکە فەیلەسووف بێت، بەشێکی دیکە پێویستە ئەرکی بەرەڤانیکردن لە کۆمار بگێڕن، بەشێکی دیکەی پێویستە بەرهەمهێن بێت. لە سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپاشدا کە بەسەردەمی تاریکی هەمان کات درەوشانەوەی ئایینی مەسیحی و باڵەکانی دێتە بەرباس، ناوەندێک بووە بۆ پێگەیاندنی کادیری ئایینی یا ئەوانەی پێیان دەڵێن پیاوانی خودا و نوێنەرەکانی خودا لە کۆمەڵگەدا. کۆتایی ئەم قۆناخە کە بە ڕێنسانس و نوێگەری بەناو دەکرێ؛ زانکۆ دەبێتە ناوەندێکی بەرخودانی لە پەیوەند بە بوارەکانی وەک فکریی و فەلسەفی و هونەریی و زانستی و کایە ژیانییەکانی دیکە دژ بە قۆناغی پێش خۆی. ئەگەرچی ئەم قۆناخە سەخت و بەرهەمی قوربانی و خوێنە بەڵام سەرکەووتوو دەبێت لە جێهێشتنی سەردەمێکی تاریک و ئاواکردنی سەردەمێکی نوێ بۆ گەلانی ئەوروپا و زانکۆ و ئەکادیمیاکانیش ناسنامەیەکی جیاواز بۆ خۆیان پێکدێنن. لەم قۆناغە نوێیەدا زانکۆ خۆسەرانە لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئایینی ئەرکەکانی خۆی دەستنیشان دەکات، کە دەکرێ بڵێین بریتین: لە ئامادە و سازکردنی فێرخواز بەگوێرەی پێداویستییە ژیانییەکانی کۆمەڵگا، هەر لە پێویستی کارگێڕییەوە هەتا ڕامیاری و لەشکری. لەگەڵ ئەمانەشدا پێشخستنی لێکۆڵینەوەی زانستی لەبوارەکانی مێژوو- فەلسەفە- جوگرافیا- پۆلەتیکا- سۆسۆلۆژیا و ئەنترۆپۆلۆژیا و سایکۆلۆژیا و بایلۆژیا و کۆسمۆلۆژی و بەگشتیش زانستە مۆڤایەتیەکان و بوارە هەمەجۆرەکانی زانستی پزیشکی. کەواتە دەکرێ بڵێین لەم قۆناغەدا زانکۆ ناوەندێکی کاریگەرە لە پێگەیاندنی کادیری جڤاکی هەروەها جێگەیەکیشە کۆمەڵگا بە گشتی سوودی لێوەردەگرێت، ئەمەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە زانکۆ و ئەکادیمییەکان بەو بەرگ و ناسنامە نوێوە بەرهەمی تێکۆشانی کۆمەڵگایە. لەپاش ئەم قۆناغە و لەگەڵ گەشەسەندنی سەرمایەداریی هاوشان بە مۆدێرنیتە و تێکەڵی هەردووکیان کە بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بەناو دەکرێ، و ئایدۆلۆژیاکەیان کە " لیبڕاڵیزمە" هەم زانکۆ و هەم ناوەندەکانی دیکەی کۆمەڵگا گۆڕانکارییەکی بەرچاو و خێرایان بەسەردا دێت، ئیدی زانکۆ لە کۆمەڵگایەکی فرەچەشنی زانستییەوە دەبێتە ناوەندێک بۆ قازانج و سوئیسفادەی کۆمپانیاکانی دەوڵەت و سەرمایە، بەجۆرێک زانکۆ ئەرکەکەی پێشووی کە پێگەیاندنی کادیری جڤاکیە دەگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنانی پسپۆڕی و دەستی کاری سەرمایە، هەر ئەو پسپۆڕیانەش دەبنە هەڵسوڕێنەری ماشێنەکانی سیستم. بەواتایەکی دیکە گەر مامۆستا و فێرخوازەکان لە پێشوودا داینەمۆی گۆڕانکاری کۆمەڵگا بووبن لەئێستادا هیچ نین جگە لە کرێکارێکی یەخەسپی. هەرلەم قۆناغەدایە کە ئیدی زانستە مرۆڤایەتییەکان لەناو زانکۆ و ئەکادیمیادا دەخرێنە پەراوێزەوە و فەرامۆش دەکرێن، چونکە ئیتر بواری زانستەمرۆڤایەتیەکان بەڕێژەیەکی هێجگار کەم نەبێت بە کەڵکی دەستی کاری سەرمایە و ئەو بازاڕانە نایەن کە بوون بە ناوەندێک بۆ ساخکردنەوەی کاڵاکانی سەرمایەداران. جیاواز لەوەش ئیتر سیستەم مرۆڤێکی پرسیارکەر و گومانکەری پێویست نییە بە پێچەوانەوە دەبێتە سەرئێشە یان وەک مەترسی لەسەر خۆیان دەیبینن، سیستم مرۆڤی مۆتی و دەستەمۆ و بەڵێکەری دەوێت، زانکۆش پێویستە ئەم جۆرە بەرهەمبێنێت بۆ سیستم، جارێک ببێتە کاڵا و جارێک ببێتە بەرخۆر و تاکێکی مەسرەفکەر. ئەو بەهایانەی لەنێو خوێندنی زانستە مرۆڤایەتیەکاندا دروست دەبێت لە چەشنی (ویژدان- ئەخلاق- ئازادیی) دەبێ خەفە بکرێن و جێگەی باس نەمێنن. گەر چاو لە زانکۆ و ئەکادیمیاکانی باشووری کوردستان بکرێت بەتەواوی ئەم کارەسات و گێژاوە دەبینین، فەرامۆشکردنی زانکۆ حوکمییەکان و برەودان بە زانکۆی تایبەت، بێکاریگەرکردنی زانستە مرۆڤایەتییەکان و خستنەپێشی ئەو بەشانەی دەبنە دەستی کاری سەرمایە لە بازاڕدا، لەم چوارچێوەیەدا دەگەڕێن. لەسەر فێرخوازانی زانکۆ و ئەکادیمییاکانە درک بەم کارەساتانە بکات، لەسەر مامۆستا و ئوستادەکانی زانکۆ ئەرکە بەرپرسیاریەتی خۆیان پێشخەن لەم قۆناغەدا و خاوەن هەڵوێست بن. چونکە زانکۆ و پەیمانگاکان بەرهەمی خوێن و ڕەنجی گۆمەڵگایە نەک کۆمپانیاکانی سەرمایە و زیهنییەتی پاشڤەڕۆی حزبە کلاسیکییەکان.