گەنجان و دۆخی کورد

   


سیروان هۆرامی

ڕۆژهەڵاتی ناوین لە نێو دۆخێکی قەیراناویدا تێپەڕ دەبێت. دوای یەکەم جەنگی جیهانی و هەڵوەشانەوەی ئێمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئەو نەخشەیەی کە سایکس – پیکۆ، دوو ئەفسەری فەرانسی و بریتانی کێشایان، رێگا بۆ شەڕێک لە سەر بنەمای ئەتنیکی کرایەوە، کە تا ئەمرۆ بەردەوامە. بە وتەی دەیڤید فرامکلین لە کتێبی (ئەو ئاشتییەی کە هەموو ئاشتییەکانی لەگۆڕنا)؛ ئەو پەیماننامەیەی کە لە سەر ناوی ئاشتی ئیمزا کرا بوو بە سەرەتای کۆتاییهێنان بە هەموو ئاشتییەکان. لەوانەیە بپرسین بۆ دۆخەکە وای لێهات، تێکشکانی ئێمپراتۆرییەتی عوسمانی دەبوایە بکرایەتە هۆکاری کرانەوەی زۆرتر لە ناوچەکە، بەڵام وەها دەرنەچوو. ئەوەی کە زۆر باس ناکرێت شێوازی تێگەیشتنە لە سیستمی سەرمایەداریی، وەک دەزانین لە سەدەی شازدە و هەڤدە بەولاوە سەردەمی رۆشنگەریی لە ئەورووپا دەستپێدەکات و دەبێتە هۆکاری پێشخستنی پیشەسازی، لە هەمان کاتدا شۆڕشی فەرانسا روودەدات کە بە درووشمی ئازادیی، یەکسانی، برایەتی هەوێنی سازکردنی دەوڵەت لە سەر بنەمای نەتەوە پەرە دەستێنت کە دواتر وەکوو دەوڵەت-نەتەوە دەناسرێتەوە.

ئەو نەخشەیەی کە سایکس و پیکۆ دەسنیشانیان کرد، لە سەر بنەمای هەمان بیرۆکە بوو ئەوان پێیان وابوو دەتوانن گەلان لە مۆزایکی رۆژهەڵاتی ناوین لە نێو ئەو نەخشانە قەتیس بکەن، کە بێ لە بەرچاوگرتنی جوگرافیای نیشتەجێبوونی گەلانی هەرێمەکە دەستیان کرد بە کێشانی سنووری دەوڵەت-نەتەوە و نەتەوەی باڵادەست و خاوەن دەوڵەتیان ساز کرد و گەلانی دیکەشیان کردە ژێردەستەی ئەوان. بەم جۆرە کوردستان لە نێو ئەو هێڵکاریەی کە دواتر بووە سنووری تەلبەندکراو و مینرێژکراو لەت لەت کرا، و بوو بە گۆشتی بەر تۆپی زلهێزانی جیهانی و هەرێمی.

گەڕانەوە بۆ ئەم مێژووە بۆ ئەوەی لە هەڵسوکەوتی سیستمی جیهانی سەبارەت بە گەلی کورد تێبگەین گرنگە. لە بنەڕەتدا ئەو سیاسەتەی کە لە سەر گەلی کورد پەیڕەو دەکرێت پەیوەستە بە هەمان زیهنییەتەوە کە داگیرکەرانی کوردستان؛ تورکیا و عێراق و ئێران و سووریا لە وێنەی مەقاشێک جێبەجێی دەکەن. یەک سەدەیە گەلی کورد لە بەرانبەر ئەم سیاسەتی پاکتاوکارییە هەوڵی داوە خۆی بپارێزێت و بەرخۆدانی کردوە. زلهێزانی جیهانی تاکوو بە ئەمڕۆ هەوڵ ئەدەن هەمان سیاسەت پەیرەو بکەن و لە هەر دەرفەتێک کەڵکیان وەرگرتووە، لەوانەیە شێواز گۆڕدرابێ بەس ناوەڕۆک هیچ گۆڕانکاریێکی لێ نەکراوە. لە پاڵ ئەم سیاسەتەدا هەوڵی ئەوەش دراوە گەلی کورد لە نێو ئەو دەوڵەتانەدا بتوێننەوە و بیانکەن بە بەشێک لە نەتەوەی سەردەست، پەیمانی لۆزان و دەسنیشانکردنی سنوورەکان بۆ ئەم مەبەستە بوو، لە هەمان کاتدا بەرێگەی ئەو پارتانەی کە بەناوی دیموکرات لە باکوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باشوور سازکران کە وەکوو پارتی دیموکراتی عێراق، ئێران، سوریا و تورکیا دەناسرێن هەوڵدراوە سیاسەتی توانەوە و دابڕانی کورد لە یەکدی بە ئەنجام بگەیەنن. تێکۆشانی ئازادیی کوردستان زیاتر لە یەک سەدەیە لە شەڕێکی نابەرانبەردایە و سیستمی جیهانی لە سەر بنەمای لاوازکردن و ملکەچکردنی ئەو دەوڵەت-نەتەوانە بە خۆیەوە کوردی بەکارهێناوە و لە سەر ناوی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە لایەکەوە خۆی لەو بەرپرسیارییەتە کە بووەتە هۆکاری پارچەکردنی کوردستان و ژینۆساید و ئەنفالی ئەم گەلە بواردوە، هەمان کات دەوڵەتانی داگیرکەری کورستانی رووبەرووی فۆبیای کوردبوون کردووەتەوە.

پرسەکە لێرەدا چەق دەبەستێت و پێویست دەکات بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین. ئایا کورد چەندە هەوڵیداوە ببێتە خاوەن پرۆژەی تایبەت بە خۆی، و چیدی نەبێتە بەشێک لە پلانی زلهێزانی جیهانی؟ ئەو ئەزموونەی لە باشوری کوردستان هەیە، وەها بەرچاو روونییەکمان پێشکەش ناکات. لێرە بووەتە بەشێکی نەبڕاوەی ئەجێندای داگیرکەران، بەتایبەت ئێران و تورکیا. ئەوانن کە سیاسەتەکانی خۆیان فەرز دەکەن. رێوەبەریی کورد بە کەڵکوەرگرتن لە گوتاری ناسیۆنالیستی نە تەنیا نەیتوانیوە پرۆژەیەکی تۆکمە پێشکەش بکات، بە پێچەوانەوە کوردبوونی لە پێناو بەرژوەندی حزبی و ماڵباتیدا خەرج کردووە. لە باشوری کوردستاندا، کە دەرفەت بۆ بووژانەوەی کورد رەخسابوو، لە سایەی بازرگانی حزبی، هەرزانفرۆش کراوە. بە جۆرێک تەنانەت ترسمان هەیە سەرژمێرییەکان ببنە هۆی سڕینەوەی کورد نە تەنیا لە ناوچە دابڕێندراوەکان، بەڵکوو لە پارێزگاکانی وەکوو هەولێر و سلێمانی هەمان مەترسی بەدی دەکرێت. ئەمە واتای چیە؟! 

کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک ئەزموونێکی دیکەی رێوەبەریی کوردە لە رۆژئاوای کوردستان، کە خۆی پەیوەست دەکات بە نەتەوەی دیموکراتیک و پارادایمی ئێکۆلۆژیک-دیمۆکراتیک لەسەر بنەمای ئازادی ژن. ئایا ئەمە وەڵامێکی سەردەمیانە بوو لە بەرانبەر ئەو قیرانەی کە سیستمی سەرمایەداری لە چوارچێوەی دەوڵەت – نەتەوە تێی‌کەوتووە؟  ئەو شەڕەی کە یەک سەدەیە بێڕاوەستان لە سەر گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە پەیرەو دەکرێت بووەتە هۆی پاکتاوکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی. سووتاندن و کۆچبەربوونی زیاتر لە چوار هەزار گوند لە باکور، ئەنفالی گەرمیان و کیمیابارانی هەڵەبجە و جێبەجێکردنی رۆژانەی سزای سێدارە لە ئێران و... کە تەنیا بەشێکی بچووکن لەو تاوانانەی کە بە  ناوی دەوڵەت-نەتەوە دژی گەلانی ناوچەکە پەیرەو کراون. ئێستاش غەززە و لوبنان لە ژێر هەمان غەزەبدا لەگەڵ خاک یەکسان بووە و زیاتر لە پەنجا هەزار کەس کە زۆرینەیان ژن و منداڵن بوونەتە قۆربانی.

ئێمە لە سەرەتای دەسپێکردنی قۆناخێکی نوێین. سیستمی جیهانی چیدی وەکوو جاران پێویستی بە هێزێکی هەرێمی وەکوو تورکیا نەماوە، وەک دەزانین گرنگییەکەی لە سەر بنەمای ئەو ڕۆڵە بوو کە وەکوو شاڵی سەوز لە بەرانبەر سۆڤیەت گەمەی دەکرد. ئێستا ڕووسیا وەکوو پێشووتر ئەو هێزە نییە کە بانگەوازی سۆسیالیستبوونی دەکرد، ئەو بووەتە بەشێک لە سیستمی سەرمایەداریی جیهانی و لە زەلکاوی شەڕی ئۆکرانیا گیری خواردووە.

هەڵسەنگاندنی ئەم دۆخە بۆ گەلی کورد گرنگە، چونکە سەدەی رابردوو، کاتێک هەرێمەکە دیزاین دەکرا کورد خاوەنی هێز نەبوو. بەڵام ئێستا هەم لە بواری هزریی، ئایدۆلوژیی و رێکخستنی، هەمیش لە بواری چەکداریدا، خاوەنی هێزە. هەروەها  لە دوو بەشی کوردستان (باشوور و رۆژئاوا) خاوەن هێزی رێوەبەرییە. بە تایبەت لە رۆژئاوای کوردستان دوای ئەو سەرهەڵدانەی کە بە بەهاری عەرەبی ناسرا، تاکە شوێنێک توانی خۆی بپارێزێت و سیستمی خۆی دروست بکات باکوور-رۆژهەڵاتی سووریا بوو. لەوێ بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان توانیان لە دەریای دیکتاتۆڕی و دسپۆتیکی رۆژهەڵاتی ناوین، ببنە ناوچەیەک بۆ دیموکراسی راستەقینە. بەتایبەت لە مژاری داکۆکی لە مافی ژنان و داڕشتنی سیستمی پێکەوەژیانی گەلاندا. ئەمە هەمان تروسکەی رووناکی بووە، کە دەتوانێت رۆژهەڵاتی ناوین لەو قەیرانە رزگار بکات.

کاتێک باسی سیستمی نیۆلیبرالیزم دەکەین مەبەست لە زیهنییەتی تاکگەراییە، کە هەوڵ ئەدات لە سەر ناوی ئازادیی تاک، کۆمەڵگەبوون بخاتە بن پرسەوە و بیکات بە قوربانی. ئەمە هەمان ئەو دۆخە لیبراڵەیە، کە ئێستا پارە کراوە بە ناوەندی جووڵاندنی تاک. سیستمی سەرمایەداریی هەوڵ ئەدات هەموو نرخە مەعنەویەکانی کۆمەڵگە بکات بە نرخی مادی کە توانای کڕین و فرۆشتنیان هەبێت، هەروەها لە سەر ناوی کەرتی تایبەت دۆخێکی ئافراندووە، کە ژیان پەیوەست کراوە بە بوونی پارە. ئەوەی پارەی نەبێت ناتوانێت بژیت و دەبێ بمرێت.

ئێستا لە کوردستان بە شێوازێکی پلان بۆ دارێژاو هەوڵ دەدرێت گەنجان بەرەو ئەو تاکگەراییە هان بدەن. وەک دەزانین یەک لە تایبەتمەندییەکانی سەردەمی گەنجی، فیداکاریی و تێکۆشانە لە پێناو ئازادیی و دادپەروەریی. ئەم تایبەتمەندیانە پەیوەستن بە یۆتۆپیای سەردەمی گەنجی. لە بەر ئەم هۆکارەش گەنجان هەوڵ ئەدەن بەشداریییەکی کارایان لەو بزاڤانە هەبێت کە بانگەوازیی بۆ دادپەروەریی و ئازادیی دەکەن، چوون گەنجان لەم تەمەنەدا بە دوای دروستکردنی ناسنامەیەکی هزرین بۆ خۆیان، تاکوو لە سەر ئەو بنەمایە کاراکتەری خۆیان ساز بکەن. هەروەها  گەنجان خاوەن ماتەوزەی گۆرانکارین و لە بواری هزری و جەستەییەوە ئەو هێزەیان هەیە. ئەم چەند تایبەتمەندییە بوونەتە هۆکار تاکوو بەردەوام لە لایەن سیستەمی باڵادەست بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن بخرێنە ژێر چاوەدێریەوە. کۆمەڵگەی کوردستان لە چاو کۆمەڵگەکانی دیکە کۆمەڵگەیەکی گەنجە و ئەو ماتەوزەیەی تێدا هەیە کە بتوانێت جڵەوی گۆڕانکارییەکان بگرێتە دەست.

داگیرکەرانی کورستان بە تێگەیشتن لەم وزەیە بە چڕی شەڕێکی تایبەت بەرێوە دەبن و باشووری کوردستان بووەتە ناوەندی ئەم شەڕە. وەک دەزانین، دوای پەیمانی لۆزان باشووری کوردستان، ئەو ناوچانەی کە ئێستا لە ژێر دەستی حکوومەتی هەرێمن، بەشێوەیەکی فەرمی وەکوو هەرێمی کوردستان پەسەند کران. ئامانج لەم پلانە سەرکوت‌کردنی شۆڕشی پارچەکانی دیکەی کوردستان بوو. دەتوانین بڵێین باشوور ئەو بەشەی کوردستانە، کە لە لایەن هێزە جیهانییەکانەوە دەبینرێت و رۆڵی نوێنەرایەتی کوردیان پێ داوە. ئەگەر باکووری کورستان قوفڵی کورد بێت، کلیلەکەی باشوورە. ئەم تێگەیشتنە لە لایەن داگیرکەرانەوە شاراوە نییە، ئەمەش وای کردووە کە دوای سالی ١٩٩١ و دامەزراندنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هێرشەکان بۆ سەر کۆمەڵگەی باشوور زۆرتر بکرێت، لەم بوارەدا گەنجان بە ئامانج گیراون. بە هاوکاری رێوەبەریی کوردایەتی هەوڵدراوە تاکی کورد بە تایبەت گەنجان لە ناسنامەی کوردبوونی خۆیان بێزار بکرێن، هەمان کات بە پیادەکردنی سیستمی نیۆلیبرالیزم گەنجان بەرەو تاکگەرایی و شەڕ بۆ بەرژوەندی شەخسی هان بدەن.

مەترسیەکانی ئەم سیاسەتە کاتێک ئاشکرا دەبێت کە دوای ٣٣ سال دەسەڵاتداریی کوردی ئاستی بەرپرسیاری سیاسی گەنجان لە بەرانبەر پرسە نیشتمانییەکان، بەتایبەت داگیرکردنی باشووری کوردستان لە لایەن ئەو هێزانەوە کەم بکات. بە جۆرێک کە بەشێکی زۆر لە گەنجان شەیدای کولتووری داگیرکەران بن، هەم لە بواری موزیک و گۆرانی، هەمیش لە بواری بیرکردنەوە سەبارەت بە مێژوو و ئەو سیاسەتەی کە لە چوارچێوەی شەڕی تایبەت بەرێوەی دەبەن. ئەگەر سەیر بکەین ئەم بیرکردنەوەیە لە راگەیاندنی کوردیدا بە زەقی دەبنرێت، تەنانەت رووناکبیران و نووسەرانی کورد لە ژێر کاریگەری ئەم شەڕەدا لە چاوی داگیرکەرانەوە پێناس لە کوردبوونی خۆیان دەکەن.

گرنگە ئاماژە بەم خاڵە بدرێت لە ژێر ئەم دۆخە هیوابڕاوەی کە داگیرکەرانی کوردستان راستەوخۆ یان بە رێگەی رێوەبەریی هەرێمی دروستی کردووە و رۆژانە بەشێکی زۆری گەنجان کۆچبەری هەندەران دەکات و دەیاندات بە دەم ئاوی دەریا (ئیجە)، هەروەها ئەو کەسایەتییەی کە لە سێبەری دەسەڵات دروست بووە و گەنجێکی بێبەرپرسیار و هەلپەرستی ئافراندووە. مرۆڤ دەتوانێ گەنجانێک ببینێ کە تازە چرۆیان کردووە و  چیدی هی سەردەمی شەڕەحزبی نین، ئەمانە ئەو گەنجانەن کە بە تێڕامان لەو دۆخەی کە بە سەر کۆمەڵگەی باشووردا زاڵە، هەمان کات بە دەرسوەرگرتن لە رابردوو و لە ژێر کاریگەری گوتاری کوردستانی، جارێکی دیکە لەدایکبوونەوەی خۆیان ئەزموون کردووە. ئەمان بە پێچەوانەی نەوەی پێشوو بەئاگاییەوە قورسایی کوردبوونیان ناوەتە سەرشان. پێیانوایە کۆچ لە جوگرافیاییەک بۆ جوگرافیاییەکی دیکە ناتوانێت ئازادیی مسۆگەر بکات، بە پێچەوانەوە گرنگە لە عەقڵیەتی کوردایەتی کلاسیک کۆچ بکرێت و کۆمەڵگەی کورد لە دەست ئەو دابونەریتانەی کە بە ناوی ناموس و شەرەف وەک کۆت و بەند لێ ئاڵاون خۆی دەرباز بکات.

مرۆڤ دەتوانێت ئەمە وەکوو شەپۆلێکی نوێ پێناسە بکات کە خۆرسکانەترە، هەروەها دەسەڵات بۆ ئەوان هەمان پیرۆزیی نییە کە تەنانەت ئەگەر خزمەتیش نەکات و نەوێرێت دوو دێڕی لە سەر بنووسێ. ئەو پرس دەکات و بەرۆکی ئەوانە دەگرێت کە ژیان دەکووژن، چیدی ئەو شەرمۆک نییە کەسایەتییەکی یاخییە بەو فەرمانانەی حزب کە پێی دەڵێن چی بکات و چی نەکات، زۆر تەندروست و بێموجامەلە رەخنەکانی خۆی دەکات و دەبێتە هێزی چارەسەریی. لە راستینەی خۆیدا هێزی گەنجبوونی خۆی لە چارسەریی پرسەکاندا دەبینێتەوە.

کۆمەڵگەی ئێمە لەبەر ئەو دۆخەی کە داگیرکەران سەپاندوویانە نەیتوانیوە وەکوو پێویست خۆی پەروەرەدە بکات، مخابن دوای راپەرین بە هۆی نەبوونی ستراتیژی نەتەوەیی لای بەرپرسانی کورد و زاڵبوونی عەقڵییەتی پاوانخوازیی حزبی، سیستەمی پەروەردە لە ژێر کاریگەری داگیرکەراندا گەشەی کردووە و بەشێکی گرنگی بە ناوی کەرتی پەروەردە راستەوخۆ لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دامەزراوە، نموونەی زانکۆکانی عیشق و جیهان و...

ئێمە ئێستا تووشی کۆمەڵگەیەکین کە سەبارەت بە خۆپەروەردەکردن نامۆیە. تا ئەو کاتەی پەروەردە نەبێتە بەشێکی سەرەکی بۆ خۆبونیادنانەوە و خوێندنەوەی سەر لەنوێ مێژوو و دەرکەتن لە ژێر کاریگەری هزری داگیرکەر دەرفەتی پێشکەوتن زۆر کەمە. گەنجان دەبێت ئامادەگی ئەوەیان هەبێ کە عەقڵییەتی هەرێمی و ناوچەگەرایی تێپەڕ بکەن. هاوکات کە توانای پاراستنی ناسنامەی خۆیان هەیە بتوانن لە ئاستی کوردستان و هەرێمەکە رۆڵیان هەبێت و پێشەنگایەتی ئەو گۆرانکارییانە بکەن کە لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوودەدەن.

کۆمەڵگایەک کە خۆی لە سەر گەنجان بونیاد بنێت ناتوانێت لە بەرانبەر پرسی ئێکۆلوژی و ژنان  هەروەها شێوازی رێوەبەریی دیموکراتیک بێهەڵوێست بێت. مخابن رۆژانە دەبینین ژنان لە سێبەری عەقڵیەتی پیاوسالاری دەکوژرێن بەڵام کۆمەڵگە و بە تایبەت گەنجان وەکوو پێوسیت هەڵوێست نیشان نادەن. ٢٥ی نۆڤەمبەردا رۆژی بەرەنگاربوونەوەی دژی توندوتیژیی سەر ژنانە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەردەوام هەواڵی کوشتن و خۆکوژیی ژنان دەبیستین، لەم رۆژانەی دوایی لە سلێمانی دوو خوشک بوونە قوربانی دەستی براکەیان، چەن رۆژ پێشتر لە هەولێر پیاوێک لە باڵاخانەیەک کچێکی خستە خوارەوە، ئەمانە تەنیا ئەو بەشەیە کە ئێمە دەیبینین یان دەیبیستین، لە کاتێکدا رۆژانە دەیانن ڕووداوی لەو جۆرە روودەدەن.

زۆر ڕاستە ئەگەر بلێین کۆمەڵگەی ئێمە تووشی تراومایەک بووە، کاتێک باسی پرسی ئازادیی دەکەین و ئامانج گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازادە دەبێ ئەوە بزانین کە ئەم رێگایە پەیوەستە بە ئازادی ژنەوە. بزاڤێک نەتوانێت ئازادیی ژن مسۆگەر بکات ناکرێت وەکوو بزاڤێکی ئازاد پێناسە بکرێت. بزاڤی گەنجان کاتێک دەتوانێت ببێتە هێزی چارەسەریی کە سەبارەت بەم بابەتە بەرپرسیاریی بخاتە سەر شانی خۆی و خاوەن هەڵوێستی رادیکاڵ لە بواری کرداریدا، بێت. 

پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر