شاماران، لە مێژووی ژیاریی کوردستاندا

 


 

کەماڵ ڕەمەزانیی

و: سوورێن ئیبراهیم

بیروباوەڕی گەلی کورد لەمەڕ ئافراندنی گەردوون، سەرڕێژی ڕاز و هێما و هەرمانە، ئەمەیش ئاوەزی مرۆڤ بۆ سەرەتای ئافراندن دەگەڕێنێتەوە. مانەوەى ئەم بیروباوەڕانە قەرزارباری زمانی بێژە و وێژەی زارەکیی ئەم خەڵکەیە. کوردستان لیپاولیپی وێژەی زارەکیی و ئوستووڕە و ئەفسانە بووە؛ دەوڵەمەندییەکەی بارتەقای فەرهەنگ و ژیاری مرۆڤایەتییە.

چیرۆک و ئەفسانەى کوردیی، دەماودەم و نەوەبەنەوە گێڕدراوەتەوە. هەر ئەم چیرۆکانە ئامڕاز و دەستاوێژێک بوون بۆ سەرپۆشلادانی زۆرێک لە بەسەرهاتە مێژوویییەکان. وەک دەگوترێ؛ بووەتە هۆکارێک تا ئەو بیرەوەرییە تۆزگرتووانەی وەک ئەفسانە فرچکیان گرتووە و هێشتاکانێیش بیچمی ئەفسانەییی خۆیان پاراستووە، بەستێنی مێژوو و چیرۆکەیلی مێژوویی بسازێنن. هەرچەندە ئەم چیرۆکانە بە تێپەڕینی چەرخ و ساڵگاری دوورودرێژ و شێوازی وەگێڕی نەوە چەشناوچەشنەکان، لکوپۆی ئەفسانەیەکی شەنگیان لێ ڕسکاوە.

شوێنەوارە مێژوویییەکان پێمان دەڵێن دانیشتووانی کوردستان هەندێک لەو گیانەوەرانەى ڕۆڵیان لە ژیانیاندا گێڕاوە، پیرۆزاندووە. پاشماوەى چیرۆک و نیگار و کەتیبەکانی ئەو سەردەمە، گۆڤانی ئەم بانگەشەیەن؛ سەرتۆپی ئەو گیانەوەرە پیرۆزانەیش، مارە.

مار لە کن گەلی کوردی چەرخی کۆن، هێمای دەرمان و پزیشکیی و لەشساغیی و فەڕوپیتە. مار لای کورد هێندە پیرۆز بووە، لە ئایینی میترایزمدا شاماران، (شای ماران)، تا پلەى خواوەندی هەڵکشاوە، بە خواوەندی دانایی و پارێزەری نهێنییەکانیان ناوبردە کردووە. شاماران یەکێکە لە کۆنترین ئوستووڕەکانی چەرخی کۆن. ئوستووڕەی شاماران لای کورد، بەشێکە لە دیرۆک و فەرهەنگ و ژیاری ئەوان.

ئوستووڕەی شاماران سەلمێنەری ئەوەیە کورد لە کۆنەوە ماخۆی ئەندێشە و هەست بووە، هەر لە سەر ئەم بنچینەیەش ڕایەمان دەکەوێ بێژین؛ پێچەوانەی مرۆڤی شارستانیی ئێستای دوور لە سرووشت، دەرهەڵی مرۆیەک دەبین لە ئامێزی سرووشتدا دەژی. ئەم ئوستووڕەیە بۆ سەردەمێکمان دەگەڕێنێتەوە کە جیهان ساوا بوو و خەڵکیی ئەو سەردەمە پێچەوانەى ئەمڕۆ، هۆگری خاک و درەخت و دەریا و گوڵ و تەپۆڵکە و چیا بوون. شاماران، نیوەى مرۆڤە و نیوەکەى تری مار، لای کوردان بووەتە هێمای سرووشت. کوردان پێیان وایە مار ئاژەڵێکە دەستلێدانی ڕێبەند کراوە، (نابێ دەستی لێ بدرێ). لە هەر کوێیەک بێت، گەر کەس دەستی لێ نەدات، پیتوفەڕ و ئاسایش بۆ ئەو ژینگەیە دەهێنێت. هەروەتر پێیان وایە تا کاتێک مرۆڤ زیان بە مار نەگەیەنێت، ماریش پێوەی نادات. ئەگەر گەڕ بە ماران نەگێڕن، ئەوا مار لە ئاشتەوایی و سەقامگیرییدا لێل مرۆ دەژین. چیرۆکی شاماران، کە ئاوێزانی سرووشت بووە، پێمان دەڵێت: ئەرکی سەرشانی مرۆڤە ڕێز لە سرووشت و زیندەوەران بنێت و زیانیان پێ نەگەیەنێت.

شاماران هێمای زایین و فەڕ و دانایییە. کوردان پێیان وایە شاماران سەرکەوتن دێنێ. بە نەخشونیگاری شاماران خانووەکانیان ڕازاندووەتەوە و وێنەى شامارانیان لە نیشتمان*ـی کەنیشکەکانیان هەڵواسیوە. شاماران لە زۆربەی هەرێمە کوردییەکاندا بنچینەى هونەری پەیکەرتاشیییە، لە نەخشونیگارەوە بیگرە تا گوڵچنیی و هەڵکۆڵین...

بە بڕوای خەڵکی ماردین، شاماران لە قەڵایەکی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست، بە دووریی پانزە کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تارسوس، ژیاوە. ئەم قەڵایە تا ئەمڕۆش ماوەتەوە. دەکەوێتە گەڕەکی میسیس لە شاری تارسۆس. هەنووکە لە گۆڕەپانێکی هەمان شار پەیکەرێکیان بۆ چێ کردووە. هەر لەوێ گەرماوێکی لێیە و پەڵەی سوورباوی مینا پوولەکەى مار لەسەر ڕووکاری دیوارەکەیەتی. خەڵکیی پێیان وایە ئەمە هەمان گەرماوی بەناوبانگی چیرۆکی شامارانە.

ڕەشمار لای ئێزدییەکان فرە پیرۆز بووە، بە ڕادەیەک، لای ڕاستی دەرگەى چوونەژوورەوەی پەرستگەى لالش، ڕەشمارێکی لە بەردی ڕەش هەڵکۆڵراویان پاوەجێ کردووە. هەنگینێ دەچنە ژوورێ، ماچی دەکەن. هەر لەو پەرستگەیەدا تابلۆیەکی کۆنی لێیە کە وێنەی حەزرەتی نووح لەنێو کەشتییەکەیدا دەنوێنێت. کەشتییەکە کون بووە و ڕەشمارێک خۆی هاوێشتووەتە کونەکە و ئاوبڕی کردووە. بەگوێرەی بیروباوەڕی ئێزدییەکان، کاتی سێڵاوەکەى نووح و ئەو ساتەى کەشتییەکە گەرەکێتی لەسەر چیای جوودی لەنگەر بگرێت، بنکی کەشتییەکە لە چیاکە دەخشێت و کونی تێ دەبێت و ئاوێکی فرەی تێ دەڕژێ؛ لەو کاتەدا ڕەشمارێک بۆ کونەکە دەخشێت و ڕێڕەوی ئاوەکە دەگرێت، جا کەشتیییەکە لە نوقمبوون ڕزگار دەکات.

لای پەیڕەوانی شێخ حەسەنی تۆبانیی، کە کوردی ئێزدیی ئەرمەنستانە، سەتان ساڵە پەیکەری ئەژدیهایەک نەوەبەنەوە هاتووە تا بەمڕۆ گەیشتووە. سا لە ڕێوڕەسمی ئایینیی و بۆ چارەی نەخۆش هانای وەبەر دەبەن.

بەکارهێنانی وشەی شاماران لە ناو و نازناوی بڕێک کەس و شوێنی کوردەواریی، گرێدراوی تەوتەمی کۆنینەیانە: وەک ناوی شامار لای کچەکوردانی خۆراسان. ناونانی کچ و کوڕ لای کوردانی سنە و کرماشان. هەروەها ناوی شوێنەیلێکی وەک تەپەشامار (زەحمانیی)ـی سەدەکانی نێوەڕاست و چەرخی کۆتاییی پاش ئیسلام، لە شارۆچکەی سەحنە، بەشی دینەوەر، ئاواییی شاماری لێیە. هەروەتر تەپەی باوەشاماری سەدەی مس - هەزارەى سێیەم و دووەمی پێش زایین، ئەمە دەکەوێتە شارۆچکەى سەرپێڵی زەهاو، چەقی سەرپێڵ، واتە دەشتی زەهاو. هەروەها ناوەیلێکی وەک شاری سۆمار و ماردین و...

سەرباری ناو و بەردتاشی شاماران. ئاشی (دانەکوڵانە)ـی شاماران و چیرۆکی شامارانیش شوێنەواری کەونار و هێمای پاشماوەی بیروباوەڕی گەلی کوردن لەمەڕ خواوەندی شاماران.

بەردتاشی شاماران: بەردتاشی شاماران نەخشی شێر و ژن و ماری بە چەشنێکی تەواو لەسەر ڕەنگێندراوە، بەردتاشێکی هەڵکۆڵراوە و مێژووەکەی بۆ سەدەى یانزە یان دوانزە دەگەڕێتەوە. لە درێژەی ئەو کنەوپشکنینانەى ساڵی ٢٠١٦ لە دەوروبەری گەورەکڵێسای وێرانەشاری «ئانی» کراون، دۆزرایەوە. نها لە مۆزەخانەى شاری قارس لە پێشەنگە دانراوە.

هەرچەندە لە نەخش و هەڵکۆڵینی هونەریی کوردستاندا بە سەرێکی شێوە مرۆڤ و جەستەیەکی پێدار و کلکێکی شێوە مار وێنەی شاماران دەکێشن، بەڵام لەم بەردتاشەدا ڕوونە کە شاماران سەری لە شێوەى مرۆڤ و کلکی مار و جەستە و پێی وەک جەستە و پێی شێرە، شێریش مینا مار لە ئایینی میتراییدا پیرۆز بووە. هێشتایش لە چەند ناوچەیەکی زاگرۆس شوێنەواری شێری بەردیین، (بەردەشێر)، لەسەر گۆڕەکان دەبینرێ.

ئاشی 'دانەکوڵانە'ـی شاماران: ئەم چێشتە ئاشێکی تایبەتە، هێشتاکانێیش لای کوردزوانانی کرماشان و ئیلام و بەشێکی لوڕستان لێ دەنرێ و نەزری شاماران دەکرێ. بەپێی بڕوای ئوستووڕەیی کوردان، شاماران فەرمانڕەوای سەرپاکی بوونەوەرە کوشندەکانە، لە وێنەی مار و دووپشک و... تێکڕای ئەم گیانەوەرە خشۆکە کوشندانە گوێڕایەڵی شامارانن. ئەم ئاشە لە ئەگەری بوونی ئەم گیانەوەر و خشۆکە کوشندانە، لە وەرزە تایبەتەکاندا لێ دەنرێ و بەسەر هاوسێکاندا دەیبەخشنەوە. ئەم ئاشە بە نۆک و لۆبیا و ساوەر و زەردەچەوە و خوێ و ناوسک و سەوزە و کەشک و... لێ دەنرێ. لە چوار گۆشەی حەوشە و ژێر پێپلیکە و کوڵەسووچەکانی هەورەبان بۆ «شاماران»ـی دادەنێن و ئەوەشی لێی دەمێنێتەوە، بە سەر دراوسێکاندا دابەشی دەکەن. هەینێ ئاشەکە بۆ شاماران دەڕێژن، دەڵێن: «هۆ مار، بە شامارانت سوێند دەدەم، نەمانگەزیت.» هەڵبەت لەگوینە بەپێی ناوچە جیاوازەکان پێکهاتەى ئاشەکە و چۆنێتیی لێنانەکەى و شێوازی ڕێوڕەسمەکە جیاواز بێت.

چیرۆکی شاماران: لە نێوان کورداندا ئاوهای دەگێڕنەوە: ''شاماران لاوێکی چاونەترس و چەڵەنگ بووە، دژی پادشایەکی ستەمکار ڕادەپەڕێ کە سەرچڵیی و ستەمەکەی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیبوو. بەڵام هەڤاڵانی سەرڕاست و ڕاستگۆ نەبوون و ناپاکییان لێ کرد. لەسەرەنی ئەمەوە شۆڕشەکەیان دامرکایەوە، بۆیە هەڵهات و پەنای وەبەر کێوان برد. ساڵانێک لە کونەئەشکەوتان و لێل ماران ژیا. نیوەى جەستەی وەک ماری لێ هات. جا لەم سۆنگەوە هاوڕێ مارەکانی ئەویان بە پادشای خۆیان هەڵبژارد. پاش مردنیشی، کچەکەی بووە جێنشینی و نازناوی شامارانیشی بۆ مایەوە.

لە ناوچە کورنشینەکاندا چیرۆکی چەشناوچەشن لەمەڕ شاماران بێژراوە.

 

سەرچاوە: شاماران در فرهنگ و فولکلور کردستان، کمال رمضانی، انتشارات طاق بستان، کرماشان، ١٣٩٨.

* ژووری نوستن و.ک

تێبینیی وەرگێڕ: شامار لە ناوچەکانی گەرمیان و گەرمەسێر و خانەقین، ناوی دەیان پیاو و کوڕ و نازناوی چەندین بنەماڵەیە. هەروەها گەر لە ناوی هاوینەهەوارێکی وەک 'شەمێران'ـی نزیک چیای بەمۆی ناوچەی گەرمیان ڕابمێنین، سەرنج و ڕامان هەڵدەگرێت. ئەویش لە سۆنگەی دەوڵەمەندیی ئەو ناوچەیە بە شوێنەوار.

پەیامێک جێبهێلە

تێچێنێک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر