لوقمان گوڵدڤێ
و. لە ئینگلیزی: ڕۆمان میرەکی
ئەم ڕاپۆرتەی لوقمان گوڵدڤێ لە سەرەتادا لەلایەن گۆڤاری تۆرنینگ پۆینت بڵاوکراوە، هەروەها لەلایەن ژنۆلۆژی لە ١٨- ٩- ٢٠٢٤ بڵاوکراوە.
خۆڕێوەبەریی دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر هەیمەنە و گەمارۆدانی چەندین دەسەڵاتدا، سیستمێکی پەروەردەیی بونیاد ناوە، کە قەبووڵی ناکات سیستمی پەروەردەیی بەعسی ڕژێمی ئەسەد و هەروەها هێزەکانی داگیرکەری تورکیا و بریکارەکانیان جڵەوی بکات. سیستەمی جێگرەوە ڕێوشوێنی وەک دووبارە ناساندنی زمانی کوردیی بۆ خوێندکارانی گەنج بە ئەنجام گەیاندووە - گۆڕینی شێوازی ژیانی ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرچاو. بەڵام بنیاتنانی دامەزراوەی خوێندنی باڵا لە ناوچەیەکدا کە زۆرێک لە کوردە ڕەسەنەکان تەنانەت دوو دەیە پێشتر نەیانتوانی ڕەگەزنامەی سوورییان هەبێت، ئاڵنگارییەکی گەورەیە.
لەدایکبوونەوەی زمانە ڕەسەنەکان کە شانبەشانی وەرچەرخانێک بەرەو فەلسەفەی ڕزگاریخوازیی ڕەسەن و فێمینیست لە بواری ئەکادیمیادا ئەنجامدرا، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو بۆ خۆبژێوی شۆڕشێک کە زیاتر لە ١٠ ساڵ پێشتر دەستی پێکرد. لە کاتێکدا خوێندکارانی زانکۆ تازە پێکهاتوو و دامەزراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانن بە ئازادانە بابەتی زیاتر بەراورد بە پێشوو بخوێنن، خەباتیش دەکەن بۆ بەدەستهێنانی باوەڕپێکراویی بۆ خوێندنەکانیان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
زۆزان سیما، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی[1] لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەڵێت: “زانکۆی ڕۆژاڤا، زانکۆی کۆبانێ و زانکۆی شەرق هەموویان دەرئەنجامی شۆڕشەکەمانن” و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت “ئێمە شۆڕشەکەمان بە شۆڕشی ژن ناودەبەین. هەر بۆیە پێویستە خوێندکارانی زانکۆکانمان فێری شۆڕشی ژنان و دەستکەوتەکان و خەباتی دژ بە ڕەگەزپەرستی ببن، هاوشان بە ئامانجی دروستکردنی پێکەوەژیانی ئازاد لە ڕێگەی یەکسانی ژن و پیاو لە ژینگەیەکی دیموکراتیزەکراوی سیاسەتدا و فێری هەموو ئەو ئەم چەمکانە بن''.[2]
شۆڕشێکی بەردەوامە لە شەڕێکی بەردەوامدا لەگەڵ چەندین لایەنی شەڕکەر و چەندین لایەن کە دەستوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکەن. دۆخەکە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە ئەو پرسیارە دەوروژێنێت کە چۆن کۆمەڵگایەک دەتوانێت سیستەمێکی نوێی پەروەردەیی دابهێنێت - تەنانەت پەیمانگەکانی خوێندنی بەخۆڕایش - لە کاتی شۆڕشی بەردەوام لە هەمان کاتدا بەردەوامیی شەڕ و هەڕەشە هەمیشەییەکانی داگیرکاری لەلایەن تورکیا و ڕژێمی سوریا و بریکارەکانیانەوە؟ ئەمە پرسیارێکی گریمانەیی نییە بەڵکوو پرسیارێکی زۆر ڕاستەقینەیە کە نزیکەی ١٠ ساڵە خەڵکی ڕۆژئاوا لەخۆیان دەپرسن. وەڵامەکەی ئاسان نییە.
ئاراس هیسۆ، یەکێکە لەو مامۆستایانەی لە دوای تەمووزی ٢٠١٢وە یەکەم پۆلی کوردی لە فێرگەکانی کۆبانێ ڕێکدەخست، بیری دێتەوە کە چۆن "مامۆستا و خوێندکار بوون لە یەک کاتدا" و هیچ ئەزموونێکی کردەیییان نەبوو. مامۆستایان کە لەو فێرگانەی کە ڕژێمی بەعس دامەزراندوویانە کاریان دەکرد، سووکایەتییان پێدەکردن و دەیانگوت “ناتوانن هیچ ئەرکێکی پەروەردەیی ڕێکبخەن، شایستە نین، مامۆستا نین؛ نە کەسانێکتان هەیە بۆ ئاراستەکردنی فێرگەکان و نە کەسانێک کە بتوانن سیستەمی پەروەردەیی دابمەزرێنن''.
لێ دواجار، ئەو گومانکەرانە بە هەڵەداچوون. ئێستا سیستەمەکە زیاتر لە ٤٧٠٠ فێرگە و ٩٠٠ هەزار فێرخواز و ٦٠ هەزار کارمەندی بە بەردەوامیی هەیە. هەروەها ٣ زانکۆ و چەندین دامەزراوەی خوێندنی باڵا و ئەکادیمیا ئێستا کار دەکەن. بەڵام ئاڵنگاریی ڕاستەقینە تەنها دروستکردنی فێرگە و زانکۆ نییە، بەڵکوو پەرەپێدانی سیستمێکی پەروەردەیی تەواو نوێیە کە فەلسەفەکەی لەسەر بنەمای کۆمەڵناسی نوێ دامەزراوە. گوتارەکان لەسەر بنەمای ئەو چەمکانە دامەزراون کە لە کۆمەڵناسی ئازادیدا دەدۆزرێتەوە و هەروەها ژنۆلۆژی – زانست بۆ تێگەیشتن لە ژیان لە ڕوانگەی ژن – لایەنی گرنگی ئەم سیستمە پەروەردەییە نوێیەن.
کۆڵۆنیی پێشوو لەناواخنی کۆڵۆنیی پێشوودا
بە هۆکارە دامەزراوەییەکان، دەبێت هەموو ناوچەی جەزیرەی سوریا و هەروەها کۆبانێ و عەفرین- ئەو سێ کانتۆنەی کە پێکەوە ڕۆژئاوای کوردستان پێکدێنن - وەک داگیرکراوی نێوخۆیی دەوڵەتی سوریا تا سەرەتای شۆڕشی ڕۆژاڤا تەماشا بکەین. هیوا محەمەد ئێلی، جێگری هاوسەرۆکانی کۆمیتەی پەروەردەیی کانتۆنی کۆبانێ، باس لە دوورخستنەوەی کورد لە تەواوی ژینگەی گشتی و فەرمی پێش شۆڕش دەکات و دەڵێت: “هیچ ئاسۆیەک نەبوو بۆ ئەوەی کورد هیچ ژینگەیەکی ڕاستەقینەی هەبێت لە پێکهاتە دامەزراوەییەکانی ڕژێمی بەعس لە ڕۆژاڤا''.
زمانی کوردی قەدەغە کرا، چاندەکە دانپێدانەنرا و لە هەمووی گرنگتر کورد زیاتر وەک توخمێکی دانیشتوانی ناڕەسەن سەیر دەکرا. چەند هەزار کورد وڵاتینامەی سوریایان لێ زەوت کرا، ئەمەش لێکەوتەی دوور مەودای هەبوو بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتبوو، بە پلەی یەکەم پیاوانی ئەو ناوچانە ناچار کرد کۆچ بکەن بۆ ناوچەکانی دیکەی ناو سوریا یان وڵاتانی عەرەبی دراوسێ بۆ دۆزینەوەی کار. دەوڵەت ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەوانی دیاری کرد تا بتوانن ئەو سەرچاوانەی دیمەشق زۆرترین ئارەزووییان بۆ دابین بکات: ڕۆن، گەنم، زەیتی زەیتون و هتد.
ئەو ڕاستییەی کە دەوڵەتی سوریا سەربەخۆیی بەدەستهێنا لە ١٩٤٦ ئەمەش دوای چەند دەیەیەک لەو ڕژێمە هەڵبژێردراوەی فەرەنسا بونیادی نابوو، تا ئەو کاتە سوریا، داگیرکراوێکی فەرەنسا بوو. لە لایەکی ترەوە ئەمە بەو واتایە کە سوریا بە گشتی هەم ڕابردووی داگیرکاریی خۆی هەیە و هەم مێژووی دوای داگیرکاریی تێکەڵبوون بە بلۆک و هاوپەیمانانی جیاواز. لە سەردەمی بەعسدا، بە سەرەکی بلۆکی سۆڤیەت بوو. لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ بەشار ئەسەد چەند چاکسازییەکی لیبڕاڵی ئابووری دەستیپێکرد بۆ ئەوەی وڵاتەکە بخاتە ناو یاسای جیهانی ڕۆژئاوا. ڕەنگە لەم پاشخانە، ڕۆژئاوای کوردستان وەک داگیرکراوێکی پێشوو لە ناو داگیرکراوێکی پێشوودا بزانین. ئەم پەیوەندییە داگیرکارییە یەکتربڕانە بۆ تێگەیشتن لە مێژووی ئەم دواییەی ناوچەکە زۆر گرنگن.
گوتارەکانی داگیرکاریی لە زانکۆ داگیرکراوەکانی پێشووتردا
با سەیری نموونەی ئەزموونەکانی ئەفریقا بکەین لە پەرەدانی سیستمی پەروەردەیی و زانکۆکانی ژێر بارودۆخی دوای داگیرکاریی. جگە لە ئەفریقای باشوور و ڕێگا جیاوازەکانی لە پرۆسەی ڕزگاریخوازی و دوای ڕزگاریی، بیرۆکەی داگیرکردنی پێکهاتە لە ڕاستیدا پێشەکییەکی تاڕادەیەک نوێیە بۆ گوتارەکانی داگیرکردنی پەروەردە، بەتایبەتی خوێندنی باڵا لە گوتارەکانی "داگیرکردنی" ئەفریقادا. لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، فەیلەسووف و نووسەری کۆنگۆیی ''ڤالێنتین ئیڤ مودیمبی'' چەمکی "پێکهاتەیەکی داگیرکاریی"ی ناساند. ئەو بۆی دەرکەوت کە ئەم پێکهاتە لە کۆمەڵگە و دەوڵەتە ئەفریقییەکانی دوای داگیرکاریدا بەرهەم هێنراوە و بەردەوام بووە لە دەستکاریکردن و "یەکخستنی"یان. لە دۆخی بژاردەکانی سەردەمی "پاش داگیرکاریی" لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا، لەناو پێکهاتەی داگیرکارییدا زۆر سەرکەوتوو بوون. لە ئەنجامدا بژاردەکان بە ئارەزووی خۆیان بوون و چالاکانە هەوڵیاندا هەمان شێوازی پەروەردەیی دابمەزرێنن – بە هەمان شێوە لە خوێندنی باڵاشدا - کە پێویست بوون بۆ دەرهێنانی سەرچاوە و زانیاریی. کاریگەری و هێزی ئەم سیستمە پەروەردەییانە، شێوازەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی زانست، بە شێوەیەکی ترسناک کاریگەر بوون: هێشتا لە هەموو وڵاتانی ئەفریقادا ڕەوتی سەرەکین کە ڕابردوویەکی داگیرکاریان هەیە.[3]
بەهۆی ڕەخنەکانی مودیمبەوە، ئێستا چەندین هەوڵ لە ئارادایە بۆ ڕێکخستن و ئازادکردنی سیستمی پەروەردەیی و زانکۆکانی ئەفریقا. ئەمەش بواری توێژینەوەی ئەفریقا وەک خۆی لە ناوەندەکانی پێشووی داگیرکاریدا دەگرێتەوە. ئەم هەوڵانە بە پلەی یەکەم ئامانجیان لە داگیرکردنی پەروەردە و بنیاتنانی سیستمێکی پەروەردەیی جێگرەوە، واتە پەرەدانی خوێندنی باڵا بە فەلسەفەیەکی بنەڕەتی نوێ.
بەم شێوەیە دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی بۆ فێرات گێرناس، ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی زانکۆکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، زۆر گرنگە دان بە ڕۆڵی زانکۆکان بنرێت لە "مۆدێرنیتەی سەرمایەداری"[4]دا تا بتوانن زانکۆی نوێ خەیاڵ بکەن و دابهێنن: "ڕۆژانە گەواهیدەری ئەوە دەبین کە چۆن لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا پاکتاویی جەستەیی و ئەخلاقیی دەگوزەرێت''.
گێرناس دەڵێت کە قەیرانەکانی سیستمەکە گەیشتووەتە قۆناغی هاتنە کایەی قەیرانە جیاوازەکانی نێو خودی سیستمی سەرمایەداریی (گرێدراو بە مرۆڤ و سرووشتەوە). ئەم تێزە کورت دەکات و دەڵێت: “سیستمی هەژموونی جیهانی و هزرناسیی کە پاڵنەرەکەی لیبرالیزمە، خەریکە ئەم لەناوچوونەی مرۆڤ و سروشت ئاسایی دەکەنەوە''.
بەڕاستی لەناوچوون وەک کردەیەک هەست پێدەکرێت کە نابێت ڕووبدات. لە ئەنجامدا جێرناس بەڵگەکانی خۆی بەم شێوەیە پەرەپێدەدات: ئێمە پێویستی دەستێوەردانێکی هزریی دەبینین و لە خۆمان دەپرسین: بۆچی ڕۆشنبیران و زانکۆکان و بە گشتی ئەکادیمیاکان ئەوەندە بێدەسەڵات و بێهیوان؟ بەڵێ من گشتاندن دەکەم، بەڵام دەبێت بپرسم، ئایا ئامادەن بەشداری لەو شێوازە کۆکوژیەی ڕێکخستنی کۆمەڵگا بکەن، کە بەتەواوی تاریک و نامرۆڤانەیە؟''
پێدەچێت پرسیارەکە خاڵی دەستپێک بێت بۆ ڕەخنەیەکی سیستماتیکی و لەڕاستیدا پرسیارێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت: “ئێمە هەستمان کرد، و ئێستاش هەست دەکەین، پێویستی بە دەستێوەردانێکی شۆڕشگێڕانە هەیە بۆ دەستپێکردنی شۆڕشێکی هزریی و ئەکادیمی، هەروەها، بەڕاستی شۆڕشێکی دەروونی، کە دەتوانێت ئاڵنگاری هزرێتی ٥٠٠٠ ساڵەی هزرێتی دەوڵەتی پێکهێنراو و زۆرەملێ بکات. ئەگەر نا، بەردەوام دەبین لە بینینی هەموو ئەم تاریکییەی دەوروبەرمان وەک شتێکی ئاسایی. ''بێگومان ئەمە هەموویەتی، بەڵام ئاساییە بەڵام ئاساییە” گێرناس لە کۆتاییدا وتی.
ئەفسانەی ئەکادیمیای سەربەخۆ
لە چوارچێوەی داگیرکارییدا، ئەو ڕاستییەی کە لێکۆڵینەوە و کاری ئەکادیمی سەربەخۆ نین و بە پێچەوانەوە وەک ئامرازی داگیرکەران خزمەت دەکەن، ئەمڕۆ بەشێکی ناسراوە. بەڵام دیاریکردنی توێژینەوە وەک شوێنێکی بەرچاوی ململانێ لە نێوان بەرژەوەندیی و ڕێگاکانی ناسینی ئەوروپا، هەروەها ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەویتر، دەروازەیەکی کردەوە بۆ ڕزگارکردنی توێژینەوە و ئەکادیمیا لە پێکهاتەی داگیرکارییەکان.
عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەر و تیۆریزەکاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، چەمکسازیی بۆ ئەم ڕەخنەیە کردووە؛ لە ڕێگەی دەستەواژەی زانستگەراییەوە کە بە ئایینی نوێی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی هەژمونگەرایی ناودێری کردووە.[5] ڕەخنەکانی لە زانست سەرنج دەخەنە سەر ئامانجی زانست، بڕواهێنەرانە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو مەعریفە بەراورد دەکات کە لەلایەن ئایین و زانینە جیاوازەکانەوە بەرهەم هاتوون و دەرئەنجامی بونیادە زانستییە هاوچەرخەکانن.
بە بڕوای ئۆجالان، هەردوو سیستمی بەرهەمهێنانی زانین، زانست بۆ پێکهاتەکانی دەسەڵات بەرهەم دەهێنن و بڵاوی دەکەنەوە، بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان بەسەر جەماوەردا بسەپێنن. جیاوازییان تەنها لە ڕێگەکاندایە: تەکنەلۆژیای جیاواز بەکاردێت بۆ سەپاندنی توندوتیژیی و دەسەڵات بەسەر مرۆڤەکاندا، لەکاتێکدا زانیاریی جیاواز بەرهەمدێت بۆ پاساوی ئەم بەکارهێنانە. هەروەها ڕەنگە ئاماژە بە ڕەنگدانەوەی پێشووی ئۆجالان بکەین سەبارەت بە دەوڵەت و دەسەڵات، کە دەڵێت بەرهەمهێنانەوەی ڕێکخراوانی کۆمەڵایەتی کۆیلەدار، پێویستی بە - لانیکەم بەشێکی - بڕواپێکردنی کۆیلەکان هەیە تاوەکوو لە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی خۆیان لەناو کۆمەڵگەیاندا ڕازی بن. بەم ڕەنگە، ئەو زانیارییە هزرناسییە یان تەکنەلۆژییانەی کە لەلایەن ئایینەکان یان زانستەوە بەرهەم دێت، ئەوەندە جیاواز نین کە پێدەچێت بۆ بنیاتنانی پێکهاتەی دەسەڵات بەکاربێن، هەر بۆیە تەنیا خزمەت بە بەردەوامبوونیان دەکەن لەبری ئەوەی ببنە چارەسەریی کێشە کۆمەڵایەتیەکان. ڕەخنەکانی زانست و بە گشتیتر سیستەمی بەرهەمهێنەری زانستی ڕۆژئاوایی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئەم ڕەنگدانەوەیانەی ئۆجالان دامەزراون.
لەگەڵ شۆڕشی تەمموزی ٢٠١٢ی ڕۆژاڤادا، کۆمەڵگەی ڕۆژئاوای کوردستان و زەوییە زۆرینە عەرەبنشینەکانی دراوسێ دەستیان بە پەرەدانی سیستمی فێرگە کرد. بە پلەی یەکەم سەرنجیان لە سەر خوێندنی منداڵان بوو بە شێوەیەکی دیموکراسیانەتر. هەروەها پێشنیاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بۆ ئەو شێوەفێرکردنانەی لە ماڵەوە دەکرێن کە لە شێوەی فێرگەکاندان لە ٢٠٠٨وە کاری پێدەکرێت، فێرگەکان وان د فێرگەکانی ماڵەوەی فێرخوازانی کورد لە ساڵی ٢٠٠٨ کارا دەکرێت، سەرەڕای بوونی ڕژێمی بەعس.
خۆبەڕێوەبەریی بە باشی ئاگاداری ڕەخنەکانە لە دژی سیستمی فێرگەکان و وانەکان و ناڕازیبوونی بەشێک لە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کە خوێندن لە ناوچەکانیان بە فەرمی نەناسێنراوە (هەرچەندە فێرگەکانی ڕژێمی بەعسیش لە پێشووتردا بەگوێرەی پێویست کەسانی شارەزا و تاقیگە و کەلوپەلی پەروەردەییان نەبوو). بەڵام دەستبەرداری بیرۆکەی سیستمێکی پەروەردەیی دیموکراسی نەبوون، تا هەر قەوارەیەک بتوانێت پەروەردە و سیستمەکان بە سەربەخۆ ڕێکبخات، ئەمەش بەڕاستی شتێکی تەواو نوێیە لەو ناوچەیەدا و لە "گرێبەستی کۆمەڵایەتی"ی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستاندا) هەیە.
ڕەنگە هەنگاوێکی بچووک بێت، بەڵام پێشکەشکردنی کارێکی بچووک بۆ ژینگەی زمانی زگماگی لێکەوتەی گەورەی هەیە بۆ ئاڵنگاریی پێکهاتە و شێوەبیرکردنەوەی دەسەڵات. ڕەنگە ئەمە بەشێکی ئەوە ڕوون بکاتەوە کە بۆچی کوردان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆر زیاتر لە زۆرێک لە پێکهاتەکانی دیکەی سوریا ئامادەبوون بۆ "بەهاری گەلان".[6] لە سوریا شۆڕش بەسەربازیی کرا و گۆڕا بۆ شەڕێکی ناوخۆی خوێناویی و چەند کەسێتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دەستوەردانیان کرد. لە کۆتاییدا شەڕی نێوان ڕژێم و گروپەکانی بێشوماری ئۆپۆزسیۆنی سوریا و لایەنە ئیسلامییەکان پەرەیسەند و بوو بە شەڕی بەکرێگیراوەکان. ئەزموونی ڕێکخستنی فێرگەی کوردیی و کۆبوونەوەی ئاسایی گەڕەکەکان کە بڕیار بوو بکرێنە ئەنجوومەنی گەڕەکەکان، دەرفەتی بەو ناوچانە بەخشی کە زۆرینەی کوردنشین بوون، تاوەکوو کۆمەڵگا سەربەخۆیانە ڕێکبخەن. هەروەها ئەمەش بە واتای دانانی خەڵکی ناوچەکە بوو لە بەرپرسیارێتی بەرگریکردن لە خۆیاندا.
کەسانی دژ بە دەستپێشخەرییە نوێیەکانی پەروەردە، لەوانەش ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ئەنەکەسە) کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، زۆرجار لەگەڵ خۆبەڕێوەبەرییدا ناکۆکیی درووست دەکەن و هەر ئەوانیش پرسی دانپێدانیان وروژاندبوو.
بە وتەی هیوا محەمەد ئێلی، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە کۆبانێ، “ئەم ڕەخنەیە لە فێرگەکانی خۆبەڕێوەبەریی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات، زیادەڕەویی تێدا کراوە. بڕوانامەی فێرگەکان لەسەر ئاستی نیشتمانیی و لە ئەنجامدا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراو نین. بەڵام خەڵک متمانەیان بە توانای سیستمی فێرگەکانمان هەیە. بەڵام ئەوەی کە دانپێدانان بە بڕوانامەکان وەک کێشەی سەرەکی دەمێنێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چینێکی کۆمەڵایەتیی بێنرخانە سەیری دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی و مامۆستاکان دەکات''.
دەشڵێت، “بە ڕێگەی چاودێرییەکی ورد، ئەوە دەردەکەوێت کە توێژە کۆمەڵایەتییەکان منداڵەکانیان دەنێرێن بۆ فێرگە و دامەزراوەکانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی. هەر بۆیە ئەوانەی سەرچاوەی دارایی زیاتریان هەیە، کە دەوڵەمەندن، منداڵان دەنێرن بۆ شارانی وەک دیمەشق و حەلەب بۆ خوێندن یان لە فێرگەکانی ڕژێم لە قامیشلۆ و حەسەکە ناویان تۆمار دەکەن”. ئەم جیاکارییە کۆمەڵایەتییە گرنگە، چونکە ڕەنگە بەردی کۆمەڵایەتی نێوان چینەکان قورستر بکات، شتێک کە شۆڕش دژی ئەمە مامەڵە دەکات.
ئاراس هیسۆ، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە کۆبانێ و بەشێک لە ستافی زانکۆی کۆبانێ، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڕەخنەکانی سیستمی پەروەردە بەشێکی ڕەوان. بەڵام جیاوازی دەکات لە نێوان دوو بەڵگە بۆ ئەو بەرپرسانەی کە منداڵان لە دامەزراوەکانی ڕژێم تۆمار دەکەن: “بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی هەن کە مناڵان دەنێرن بۆ فێرگە و زانکۆکانی ڕژێمی سوریا. یەکێک لە بۆچوونەکانیش بە گشتی پەسەند کراوە؛ وا دەڵێت ئەو وانانەی لە فێرگە و زانکۆکانی ڕژێمدا دەخوێنرێن لە فێرگە و زانکۆکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا نییە؛ خەڵکیش تێگەیشتنی بۆ ئەم پرسە هەیە. هەرچۆنێک بێت، ناڕەزایی توند و ڕەخنەی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە بەهۆی نەبوونی ناساندنی نەتەوەییەوە مناڵان دەنێرن بۆ فێرگەکانی ڕژێم. بەڵام دەبێت ئەوەش زیاد بکەم، کاتێک دەرچووانمان لە توانا پیشەییەکانیاندا، لێهاتووییان دەخەنە ڕوو، ئەو کات گرنگی بڕوانامەکانیان دەردەکەوێت و، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خواستنی نەناردنی منداڵان بۆ فێرگە و زانکۆکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەنێو هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکاندا لاواز ببێت''.
هیوا محەمەد ئێلی، پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا خوێندوویەتی. بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی خۆی، توانای بەراوردی سیستەمی پەروەردەیی ڕژێمی بەعس و ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی هەیە: “جیاوازی سەرەکی لە نێوان ڕێبازی پەروەردەیی فێرگەکانی ڕژێمی بەعس و فێرگەکانی ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی ئەوەیە کە، لە فێرگەکانی ڕژێم، زانیاری پێویست تۆمار دەکرێت بەبێ ئەوەی زانیاریی هاوبەشی پێبکرێت دەربارەی چۆنێتی و بۆچی و لە کوێ ئەم زانیاریانە بەکاردێت. لە فێرگەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا هەوڵێکی ڕوون هەیە بۆ نێوەندگیری واتاو بەکارهێنانی هەر زانیارییەکی دیاریکراو. جیاوازییەکی گرنگی دیکە بریتییە لە پرۆسەی هەڵسەنگاندن بۆ فێرخوازان. لە دامەزراوەکانی پەروەردەیی ڕژێمدا نرخاندن لە ڕێگەی ئەزموون دەکرێت و دەرنەچوون لە ئەزموونەکاندا بە واتای کەوتنە لەو دامەزراوە پەروەردەییە تایبەتەدا. لە لایەکی دیکەوە لە دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا بەشداریی فێرخواز لە پۆلدا، تێگەیشتن و توانای گشتییان بۆ گفتوگۆ، هەڵوێستیان بەرامبەر بە ئەوانی دیکە لە پۆلدا، و شێوازی زانین و هۆکارەکانی زانین، لە نووسینەکانی نێو ئەزموونەکانەوە چەند هێندە گرنگترن''.
ئەو ئەزموونی کردووە کە فێرخوازان هەن "بەڕاستی زۆر حەز دەکەن لە بابەتەکان تێبگەن وەک ئەوەی لە فێرگەکان دەخوێندرێن" چونکە بۆ ئەوان "ئەزموونێکی تەواو نوێیە" کە دەرفەتیان پێبدرێت لە بابەتێک تێبگەن. بەڵام ڕەنگە نەناساندنی فەرمی و ڕەخنەکانی بەشێکی کۆمەڵگە ناچاریان بکات فێرگە و زانکۆکان بەجێبێڵن: "کاتێک چەند جارێک پێیان دەوترێت بڕوانامەکانتان دانپێدانراو نییە، هەندێکجار بڕیار دەدەن لە شوێنێکی دیکە بخوێنن''.
شۆڕشی زمان
ئاراس هیسۆ، ، بیری دێت کە چۆن یەکەم پۆلی کوردی دوای شۆڕش لە کۆبانێ لە فێرگەی شەهید عوسمان لە گەڕەکی گومروک کراوەتەوە. لەو بارەیەوە دەڵێت، “لەو کاتەدا سیستمی ڕژێم لە فێرگەکان بەردەوام بوو. هیچ کۆمەڵی مامۆستایان نەبوو کە بتوانێت ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت”.
هاوکاریی نێوان دامەزراوەی زمانی کوردیی و کۆنفیدراسیۆنی فێرخوازانی کورد، هەفتانە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە سەرجەم فێرگەکان، وانەی زمانی کوردی ساز کرد.
هیسۆ بیری دێت، "هەندێکجار مامۆستایانی ئەو فێرگانە، کە هەندێکیان کورد بوون، هەوڵیان دەدا ڕێگری لە کردنەوەی ئەو پۆلانە بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتوو بووین لە چوونە ناو هەموو فێرگەکانی کۆبانێ." هەروەها دەڵێت کە یەکێک بووە لە یەکەم مامۆستاکانی کۆبانێ. لە کۆمەڵی ١٤ مامۆستادا، یەکێک بوو لە گەنجترین مامۆستاکان. هەر ئەو کۆمەڵە بە پاڵپشتی مامۆستایانی کەمپی پەنابەرانی لە مەخموور لە باشووری کوردستان، مامۆستایانی زمانی کوردییان ئامادە کرد.
یەکەمین کۆبوونەوەی پەرەپێدانی پرۆگرامی خوێندن بۆ فێرگەکان بەم شێوەیە وەبیر دێنێت: “لە ساڵی ٢٠١٥ لە شاری عەفرین هەڵمەتێک بۆ گۆڕینی تەواوی پرۆگرامەکانی خوێندن دەستی پێکرد. هەر لەو ساڵەدا سەرکەوتوو بوون لە ئامادەیی پرۆگرامی خوێندنی تایبەت بە خۆیان بۆ پۆلەکانی یەک تا سێی فێرگەکانی سەرەتایی. دوای ئازادیی کۆبانێ لە ئایاری ٢٠١٥، یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی بە هاوکاری دامەزراوەی زمانی کوردیی بەڕێوەچوو، بڕیارماندا سیستمێکی دیموکراسیتر بە زمانی کوردیی بۆ پۆلی یەک تا شەش دابڕێژین. هەر بۆیە پەیمانگای خوێندنی باڵامان دامەزراند بۆ پەروەردەی کۆی مامۆستایانی فێرگەکان. بڕیاردرا بۆ ساڵی دواتر سیستم بۆ هەموو فێرگەکان ئامادە بکرێت. پرۆگرامە نوێیەکانی خوێندن دوای چاپکردنی سەرجەم پەرتووکانی بۆ سەرجەم پۆلەکان و بابەتەکان، ئامادە بوون. پۆلەکانی وەک ژنۆلۆژی لە دوای ٢٠١٨ لەسەر ئاستی ئامادەیی هاتنە ئاراوە''.
هاوکات ئەنجومەنی شاری مەنبج لە هەنگاوێکی دەگمەندا بڕیاریدا بەردەوام بێت لەسەر سیستمی ڕژێم لە هەمان کاتدا خولەکانی سیستمی ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی زیاد دەکات. هێشتا دانوستانێکی بەردەوام لە نێوان بۆچوونە جیاوازەکان لەناو ئەنجومەنی شاردا هەیە بۆ پەسەندکردنی ئەو سیستمی کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەرییەوە پەرەی پێدراوە. بەڵام ئاراس هیسۆ هەست دەکات کە "شۆڕشی زمان" سەرکەوتوو بووە: "هەرچۆنێک بێت، ئێستا هەبوونی پرۆگرامی ماستەر لە زانکۆکان و ئامادەکاریی بۆ پرۆگرامی دکتۆرا وا دەکات هەست بە سەرکەوتن بکات لە شۆڕشی زماندا''.
ئەوە چارەنووسی ئێمە نییە
داهاتووی پڕۆژەی شۆڕشگێڕانەی ڕۆژاڤا تا ڕادەیەکی زۆر بەندە بە چۆنێتی داڕشتنی خوێندنی باڵاوە. سیستمی پەروەردەی ڕۆژاڤا لە ژێر دوو دۆخی دوای داگیرکاریدا بنیات دەنرێت: یەکێکیان سەرەتای دەوڵەتی سوریایە دوای سەربەخۆیی لە ١٩٤٦، ئەوی دیکەیان لە شۆڕشی ڕۆژاڤای کوردستانە لە ١٩-٧- ٢٠١٢ دەستی پێکرد.
هەر لەبەر ئەمەشە کە فێرات گێرناس، ئەندامی دەستەی هەماهەنگی زانکۆکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەڵێت کە ئێمەی کەسێتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، ئەوانەی خۆیان لە چوارچێوەی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکرات دادەنێن، بڕوامان هەیە کە پێویستی بە دەستێوەردانێکی هزریی هەیە بۆ نێو حەقیقەتی ئەو ڕژێمە هەژموونگەرایەی ئێستا هەیە. لە ئەنجامدا دەڵێت کە “یەکێک لە هۆکارە سەرەکیییەکانی دامەزراندنی زانکۆکان ڕێک ئەمەیە. ئەگەر نا، ترسمان هەیە ئەم دەسەڵاتە تاریکەی هەنووکە درێژە بە پێگەی هەژموونیی خۆی بدات. ڕەنگە زانستی سەرەکی و بە سەرەکی؛ زانستی پۆزەتیڤیستی بەردەوام بێت لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بڕوامان پێبکات کە ئەم ڕژێمە تاریکەی هەنووکە چارەنووسی ئێمەیە، بەڵام هەرگیز نەکەوتینە ناو ئەم تەڵەیە و هەرگیز باوەڕمان بەوە نەبووە کە ئەم تاریکییە چارەنووسی ئێمەیە''.
یەکێک لە ئامانجە دیارەکانی خۆبەڕێوەبەریی ڕێکخستنی خوێندنی باڵایە لەسەر بنەمای ڕەخنە لە زانستی کۆمەڵایەتی. فێرات گێرناس زانستە کۆمەڵایەتییەکانی هەنووکە بە ئامرازێک بۆ "لەناوبردنی شێوە کۆمەڵایەتی، ڕەوشتی و مێژووییەکان" ناودێر دەکات. تێڕوانینی ئەو لەگەڵ ئەو بیرۆکە بەرفراوانەدا یەکدەگرێت کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و لیبرالیزم (هەروەها نیولیبرالیزم) دژە کۆمەڵگەن، لەسەر ئاستێک کە چالاکانە هەر ئەو کۆمەڵگایە لەناو دەبەن کە پشتی پێدەبەستن.
گێرناس جەخت لەسەر گرنگی “ڕوانگەی نوێ” بۆ مێژوو، مرۆڤناسیی و فەلسەفە دەکاتەوە و دەڵێت: “بە کۆمەڵناسیی نوێ مەبەستمان ئەوەیە کە زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای بەهێزی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بن، بەجۆرێک وا زانستی کۆمەڵناسیی جارێکی دیکە لێکبدرێتەوە و پێکبهێنرێتەوە”. جێبەجێکردنێکی سەرکەوتووانەی ئەم ئامانجە دەبێتە هۆکاری سەرلەنوێ هەموارکردنەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، پێوەندییەکانی ناو کۆمەڵگە و دیموکراتیزەکردنی خودی بنکە کۆمەڵایەتییەکە.
لەبەر ئەوەشە کە فێرخوازان هەموو فاکەڵتی و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بە پۆلەکانی ژنۆلۆژیی، نەتەوەی دیموکراتیک، مێژوو، و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکدا تێدەپەڕن. گێرناس مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بە "کونێکی ڕەش دەچوێنێت کە بۆشایییەکی گەورە و ترسناک دەکێشێت و هەموو شێوەکانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە قووت دەدات''. هەر بۆیە لە بەرانبەر کاریگەرییەکانی ئەم بۆشاییە گەورەیە، زانکۆکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی چالاکانە کاردەکەن بۆ بەرگریکردن لە فێرخوازان ".
جێبەجێکردنێکی سەرکەوتووانەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان وەک کلیلێک بۆ زانکۆ جێگرەوەکان سەیر دەکرێت، کە فێرخوازان لە کاریگەریییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ڕزگاریان دەبێت. بە بڕوای گێرناس، ئەم زانکۆ جێگرەوانە نەک هەر بیرۆکەی “پیشەسازیی لە خزمەت دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتدا شەرمەزار دەکەن، بەڵکوو دەمانەوێت ڕێگری لە جێبەجێکردنیشی بکەین''.
باسی لەوەشکردووە، کاتێک ئێمە زانین بەرهەم دێنین، ڕاستەوخۆ پێوەندی بە خودی کۆمەڵگەوە هەیە، ئامانجیشمان ئەوەیە چارە بۆ کێشەکان بدۆزینەوە. ئێمە زانین بۆ دەسەڵات و بازاڕ و قازانجی دارایی بەرهەم ناهێنین''.
لەکاتێکدا سەختە بتوانین ئاستی سەرکەووتوویی هەوڵەکان بهێنینە سەر زمان، بەڵام دەیان نموونەشمان هەیە کە لێوانلێون لە هیوا. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سوریا وا باوە ئەوانەی بەشە پزیشکییەکان تەواو دەکەن، لەپێناو قازانجی دارایدا شوێنە پزیشکییەکان دەکەنەوە، لە بەرانبەردا خوێندکارانی ئەوان شوێنگەلێکی وەک ''کلینیکەکانی گەل'' دەکەنەوە کە چارەسەریی تەندروستیی بێبەرانبەر بۆ هەمووان دابین دەکەن.
تا ئەو کاتەی زانکۆی ڕۆژاڤا فاکەڵتی وزەی کیمیای خۆی لە ڕمێلان کردەوە، هیچ ژنێک ڕێگەی پێنەدرا بچێتە ناو ئەو شوێنانەی کە تایبەت بوون بە پیشەسازی نەوت و خوێندنی وزەی کیمیایی لەو شارەدا. لەگەڵ خوێندنی ژنان لە بواری پترۆکیمیادا، نەک تەنها ئەو ژینگەیانە بەڵکوو سیاسەتی پەرەدانی پیشەسازیی وزەی کیمیایی " زێدەتر مرۆییانە دەردەکەوێت''. وەک فێرات گێرناس دەڵێت.
گێرناس دەشڵێت: "کاتێک ژنان وەک تەلارساز چوونە ناو کێڵگە نەوتییەکان، هەستیاریی ژینگەناسیان و ئامادەیی بۆ پاراستنی سروشت چالاکانەتر و بە خێرایی سیاسەت و شێوازانی بەرهەمهێنانی نەوتی گۆڕی". بە دڵنیایی نەوت بۆ خۆی ژینگەناسی نییە، بەڵام ڕۆژاڤا و خۆبەڕێوەبەریی وەک سەرچاوەی وزە و دارایی پشتی پێدەبەستن. بە وتەی گێرناس، ئەوەی کە ژنان دەچنە ناو ئەم بوارەوە، لە ئێستاوە گۆڕانی بەرچاوە.
گەورەترین ئاڵنگاریی لە بەردەم ئەم بونیاتنانە بەردەوامەی زانکۆ جێگرەوەکان بریتییە لەو "بۆشایی گەورە و ترسناکە"ی وا مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ناوی دەبەن. وەک فێرات گێرناس دەریدەبڕێت، “ئەم بۆشاییە زۆرێک لە فێرخوازان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.” لەبەرانبەردا، تاکە مەرجی پەروەردەی جێگرەوە، دابینکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەیە.
شەڕڤان موسلیم، هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ دەڵێت: “بڕیارماندا بەرنامەی خوێندن دابڕێژین کاتێک بینیمان پێویستییەکی ڕاستەقینەی پێکهاتە ناوخۆییەکان هەیە، بە دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی دیموکراتیک یان سیستەمی پەروەردەییمان”. وەک نموونەیەک وەبیر دێنێت کە چۆن پرۆگرامی ماستەر بۆ خوێندنی کوردیی لە زانکۆ پەرەیداوە: “لە زانکۆ پرۆگرامی ماستەر بۆ خوێندنی کوردیی داڕێژرا، چونکە پێویستیی لە فێرگە و کۆمەڵگەمان لە کۆبانێ هەبوو بۆ پەرەدانی بەرنامەیەکی لەو شێوەیە''.
سەرەتا پێویستییەکان دیاریی کران و بەردەوام بوون لە دۆزینەوەی ژینگە و توانای پێویست بۆ بەدیهێنانی ئەو پێویستییانە. پێویستییەک بۆ خوێندن بە زمانی دایک سەریهەڵدا: “زۆربەی فێرخوازان بە زمانی کوردیی دەخوێنن، بەڵام لەسەر ئاستی زانکۆ تا ئێستا نەمانتوانیوە هەموو وانەوتنەوەیەک بە زمانی کوردیی مسۆگەر بکەین، ئەمەش بەربەستێکی ڕاستەقینەیە بۆ بەشێک لە فێرخوازان ”، موسلیم وا دەڵێت.
زانکۆکان توانیان "بە سەرکەوتوویی" نێوەندگیریی لە نێوان فێرخوازانی دەرچوو و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەرییدا بکەن، بە وتەی موسلیم، "ئەو دامەزراوانە توانای زیاتریان هەیە بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەرک و خزمەتانی کە بڕیارە بۆ کۆمەڵگاکان بەرهەمبێنن." لە ئەنجامدا خەڵک ئەمە بە “بە دەستکەوتی هەموو کۆمەڵگە و شۆڕش” دەزانن. لە هەمان کاتدا، بەشداری فێرخوازانی دەرچووی زانکۆ لە ڕێکخستنی ژینگەی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری متمانەی خەڵک بە "زانکۆکان و سیستەمی پەروەردەیی بە گشتی" بەرز دەکاتەوە.
شەڕڤان موسلیم مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی پەیوەست بە کارامەیی دەکات لە ڕێکخستنی وانەوتنەوە و لێکۆڵینەوەدا بۆیە بە وتەی ئەو، "کێشەی زۆر" پێوەندیی بە ناپێگەیشتنی زانکۆکان و نەبوونی خەباتکار و چەندین سەرچاوەی دارایی هەیە. بەڵام دەڵێت، “لە مێژووی گەنجی ئێمەدا کە نزیکەی ٧ ساڵ بوو لە زانکۆی کۆبانێ، سەرکەوتن و شکستمان هەبوو؛ ئێمە چالاکانە هەوڵدەدەین بەپێی پێویستی کۆمەڵگاکان و فێرخوازان پێشبکەوین و گەشە بکەین''.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕێبازەدا، داوای هاودەنگی دەکات و دەڵێت، “پێمان وایە پێویستە بە هاودەنگی لەگەڵ زانکۆ مامەڵە بکەین، بەتایبەتی لە پەرەپێدانی کەرەستەی وانەوتنەوە و بەدەستهێنانی ماددەی پێویست بۆ تاقیگەی جیاواز لە ١٢ بەشی جیاوازی زانکۆکاندا. بۆ ئەکادیمییەکان کردەیەکی هاودەنگییە کە شارەزاییەکانیان لەگەڵ فێرخواز و ستافەکەماندا هاوبەش بکەین''.
هیوا محەمەد ئێلی، جێگری هاوسەرۆکاتی لیژنەی پەروەردەیە لە کۆبانێ و دەڵێت کە دەرچووان ڕێژەی دامەزراندنیان زۆرە.
وتیشی، “ئەوانەی ئامادەییەکانی سەر بە خۆبەڕێوەبەریی تەواو دەکەن زیاتر لە زانکۆکان دەخوێنن. هەموو خوێندکارێکی دەرچووی زانکۆکان دامەزراوە. هیچ خوێندکارێکی دەرچووی زانکۆکان نییە کە دانەمەزرابێت. لە ڕاستیدا تەنانەت ئەو خوێندکارانەی کە لە زانکۆکانی ڕژێمیشدا دەرچوون، لە دامەزراوەکانی سەر بە خۆبەڕێوەبەریدا دامەزراون. وەک نموونە ستافی زانکۆی کۆبانێ بەتایبەتی لە بوارە جیاجیاکانی تەلارسازیی لە ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ دەرچوون و لەلایەن زانکۆ دامەزراون''.
لێکدانەوە و تێگەیشتن لە ژیان و کۆمەڵگە لە ڕوانگەی ژنێک
ژنۆلۆژیی بەشێکی دانەبڕاوە لە زانکۆکانی ڕۆژئاوای کوردستان. زۆزان سیما، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی، دەڵێت کە چۆن ستەمی ژنان – هەروەها بەرخۆدان و زانینیان –هەوڵ دەدرێت پەراوێز بخرێن. ئەمەش هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی بوو کە بە ئەرکی خۆی دەبینێت لەنێو وانەکانی زانکۆدا وانەی ژنۆلۆژیی ڕێک بخات.
“ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی پێویست بوو، چونکە نەماندەتوانی ئەو ڕێگایە ببینین کە ئێمە وەک مرۆڤ و وەک ژن چۆن ژێردەستە دەبین یان خەباتمان بەچی ڕەنگێک دەبێت لە دژی ئەم ژێردەستەییە لەنێو کارامەیی زانستی باودا. ناسنامەی ئێمە وەک ژن و پرسەکانمان لەناو شێوازە سەرەکییەکانی زانیندا نەبینراو بوون.” سیما دەشڵێت، “لە لایەکی دیکەوە خەباتی گەلی کورد لە هەوڵدانی بۆ ئازادیی و مێژووی خۆی ئەزموونێکی زیاتر ٤٠ ساڵەیە، لەڕاستیدا بە دامەزراندنی ئەم ئەکادیمیایە، دەمانتوانی باس لە شێوازەکانی بینینی بزووتنەوەی کورد، لێکدانەوەکان، چارەسەریی بۆ کێشە و پرسیارە جیاوازەکان بەدەستبهێنین''.
چەمکی ژن وەک یەکەم داگیرکراو، ڕۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی ژنۆلۆژیی وەک ڕێچکەیەکی سەربەخۆ لەناو ئەکادیمیادا. بە بڕوای سیما، ستایش و لێکدانەوەکان دژبەیەکن بۆ ناسنامەی ژن، هەروەها هێشتا ستەم ئامادەیی هەیە لەنێو چاند و گەلی کورد-دا، هێشتنەوەی شوێنەواری ستەم و بەرخۆدان لە دژی، زۆر زیندووە. دەشڵێت: ئەگەر هەوڵبدەین خۆمان بناسین، لەو ستەمە تێبگەین کە لە دژی ئێمە وەک کورد دەکرێت، بەو ئەنجامە دەگەین کە ژن وەک داگیرکراوی یەکەم ڕاستییەکە. سیما تێزێکی عەبدوڵڵا ئۆجالانی بەبیر هێنایەوە کە دەڵێت ''ژن یەکەمین کۆڵۆنییە'' .
وتیشی، “کاتێک بزووتنەوەکە کۆمەڵگەی ئێمەی بە گشتی شیکردەوە، هەندێک ڕاستی لەبارەی دۆخی ژنان دۆزرایەوە. دەبینین کە داگیرکاریی هەمیشەیی نییە؛ ناسنامەی ژن بە نەگۆڕ و بۆ هەمیشە ناسنامەی ستەملێکراو نەبووە. چەندین تێزی جیاواز لەسەر ناسنامەی ژن هەیە. هەندێکیان ژن بە ناسنامەی تەواو ستەملێکراو دەزانن، هەندێکی تریش ئەم دۆخە بە حاڵەتێکی سروشتی دەزانن. بەڵام ئێمەش لەم ڕووەوە جیاوازی خۆمان نیشان دەدەین. بۆ ئێمە ناسنامەی ژن نە ناسنامەیەکی نێوەڕۆکی ڕەگەزییە، نە ناسنامەیەکی چەوساوەی سروشتییە، نە ناسنامەیەکی چەوساوەی هەمیشەیی. وەک باسم کرد، ژنبوون ناسنامەیەکی چەوساوەی هەمیشەیی نییە، بەڵکوو ‘ماڵکردن’ بۆتە شێوازی سەرەکی بۆ ملکەچکردنی هەر ناسنامەیەک. کاتێک باس لە داگیرکراویی یەکەم دەکەین، لێکدانەوەکانمان لەسەر ئەمە دامەزراوە و بەردەوامیشە لە گەیشتن بەو ئەنجامەی کە داگیرکراویی یەکەم و داگیرکراوی کۆتایی پێوەندییەکی نزیکیان هەیە، واتە ڕزگاریی کۆمەڵایەتی پەیوەستە بە کۆتاییهاتنی ئەم داگیرکراوەی کۆتایی. سیستمی جیهانی هەژموونخواز کە بە توندی سیستمێکی پیاوسالارە، لەسەر بنەمای داگیرکردنی ژنان دامەزراوە. چەمکسازیی ئێمە بۆ ژنان وەک یەکەم نەتەوەی داگیرکراو لە سەر بنەمای ڕەنگدانەوەی لەو شێوەیە دامەزراوە” .
بە بڕوای سیما، پێدەچێت ئەکادیمیاکان باشترین ژینگە بن بۆ پەرەپێدانی "شێوازەکانی زانینی تایبەت بە خۆمان، لە زانستیی باودا نابینرێن'' ئەو دەڵێت ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی " شۆڕشەکەمان لە ڕێگەی زانستێکەوە بنیات بنێین کە لە داگیرکاریی و کۆلۆنیالیزم ڕزگاری بێت و دڵنیا بین لەوەی کە ئەم زانستە لە دەرەوەی زانستە پۆزەتیڤیستییەکان بەرهەم دێت." بە وتەی ئەو، ڕێگەی دڵنیابوون لەم بابەتە بریتییە لە "بەرهەمهێنانی زانیاریی لە ئەزموونەکانمان و هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵگەی فراوانتر، هەر بۆیە ئێمە ئەکادیمیاکان وەک شێوەی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی ئەم زانینە، دەبینین''.
زۆزان سیما پێی وایە دەتوانن "هەموو پلەبەندیی و دۆگماکانی نێو زانستی باو لە ڕووی پێکهاتەوە بسڕنەوە". لە بەرانبەردا زیاتر بتوانن “بە سەربەخۆ سیستمەکانی ژنۆلۆژی پەرەبدەن و زانیاری جیاواز کۆبکەنەوە و شێوازی جیاوازی زانین تۆمار بکەن”. ئەو دەڵێت ئەزموونەکانی بزووتنەوەی کوردیی وای لێکرد کە بڕیار لەسەر شۆڕش بدات و ئەزموونە پەروەردەییەکانیان لەنێو بزووتنەوەکەدا وای لێکردبوون کە ئەم ئەکادیمیایانە بۆ ژنۆلۆژیی دابمەزرێنن''.
سیما ستایشی ژنۆلۆژیی وەک زانستی ژن دەکات و دەڵێت، “ستایشکردنی ئەمە هەڵە نییە، بەڵام ئێمە بە دەیان واتای جیاوازمان بە ژنبوون بەخشیوە. ئەو دەڵێت کە بونیاتنانی مەعریفەی ژن کرۆکی ژنۆلۆژییە، هەروەها بۆچوونەکەی زیاتر پێش دەخات و دەڵێت، “شتێکی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئێمە ناسنامەی ژن وەک ناسنامەیەکی بایلۆجیی نابینین''.
بۆ ئەوەی سیستم پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمبێنێت، پێویستە ڕەچاوی کاریگەری سێکسزیم بکەین بە سەر خودی سیستمەکەوە. لە پانتایی زانستدا، ژنۆلۆژیی "کاریگەرییە زۆروزەبەندەکانی سیستم" دەبینێت. بە بڕوای سیما، هەر لەبەر ئەمەشە کە ژنۆلۆژیی “ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت” لە خەبات دژی کاریگەرییەکانی سێکسیزیم لە “خوێندنی باڵا و بواری ئەکادیمیادا” بە گشتی.
سیما دەشڵێت: “ئەمە دەستکەوتێکی سیاسییە خەیاڵنەکراوە بۆ بزووتنەوەی ژنان”. "شۆڕشەکەمان خەونێکی بەدیهێنا: پەروەردەکردنی منداڵان لە دژی سێکسیزم و کاریگەرییەکانی''.
زانین خۆبوونە
لە تەلاری نوێی زانکۆی کۆبانێ لەسەر دەرگای چوونە ژوورەوە، ووتەیەک هەیە کە دەڵێت: "زانین، خۆبوونە، خۆبوون، هەبوونە''. ئەو پێوەندییەی لە نێوان زانین و خۆبوون بیری لێدەکرێتەوە بۆ زانکۆکانی خۆبەڕێوەبەریی زۆر گرنگە. زانکۆکان بەشداری لە پرۆسەی خۆشیکاریدا دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کە دیدگا بنەڕەتییە دژە داگیرکارییەکانیان بە بەردەوامی بەرهەم دەهێنرێت. پرۆژەیەکی توێژینەوە بە ناوی پرۆژەی خۆبوون بەشێکە لەم بەشدارییە کۆمەڵایەتییە و ماوەی ٨ ساڵە لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت. لەیلا ئیبدۆ، ئەندامێکی تیمی لێکۆڵینەوەیە و کار لەسەر پڕۆژەکە دەکات، ئاماژە بە گرنگی دووبارە پێناسەی خودی چەمکی زانین و بەرهەمهێنان و دیموکراسیکردنی زانین دەکات، بەتایبەتی کە پەیوەندی بە "بکەری سیاسی" تاکەکان و بەکارهێنانی بەردەوامیی جێگرەوە هەیە.
وتیشی، “ بە وردی لێکۆڵینەوە کراوە دەربارەی ئەم پرۆسانە و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی – سیاسیەکانی بۆ سەر تاکەکان. هەر بۆیە پڕۆژەی زۆر خودبوونی خودبوون گرنگە بۆ تێگەیشتن لە گەشەدان و نرخاندنی ڕۆڵی زانکۆکان لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا بۆ ئەوەیە بزانین چی بە سەرکەوتوویی کراوە، لەپێناو پێناسەکردن، ڕێگەکانی دیموکراسیکردن و شێوەکانی داگیرکاریی سەر زانین.
ئەم پڕۆژە خۆشیکارییە داوای بەشداریی فێرخوازان و کۆمەڵی مامۆستایان دەکات بۆ دەستەبەرکردنی پڕۆسەکانی توێژینەوە دەربارەی داگیرکاریی، ئەمەش لە ڕێگەی شێوازی کۆبوونەوە و دیالۆگ ئەنجام دەدرێت کە ئاڕاستە دەکرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییەکانی ئەوروپاسەنتەریی. بە گوتەی ئیبدۆ، “نەک تەنها فەلسەفەی توێژینەوەکە، بەڵکوو شێوازەکانی ئەنجامدانی پڕۆژەکەش لە گفتوگۆی نێوخۆیی نێوان کۆمەڵی فێرکار و فێرخوازان بڕیاری لەسەر دەدرێت''.
ئیبدۆ بە گرنگی دەزانێت شارەزایی و لە هەمان کاتدا "هاودەنگی ئەکادیمی" ئەنجام بدرێت. دەڵێت: "دەمانەوێت گفتوگۆی دەرەکی لەگەڵ ئەکادیمیستانی شارەزادا ئەنجام بدەین. ئەمەش وەک کردەیەکی هاودەنگیی دەیبینین''.
سەرچاوەکان
Al Ahmad, Samer. 2023. Education under strain in Al-Hasakeh Governorate: Disjointed Curricula and Political Antagonism Impact Civilians. Berlin: Friedrich-Ebert-Stiftung. Alfaisal, Haifa Saud. 2011. “Indigenous Epistemology and the Decolonisation of Postcolonialism” in Studies in Social & Political Thought, Volume 19 Summer 2011.
Mudimbe, Valentin-Yves. 1988. The Invention of Africa: Gnosis, Philosophy, and the Order of Knowledge. Bloomington: Indiana University Press.
Ndofirepi, Amasa P. The African University in the Neoliberal Era: In Pursuit of Socially Just Knowledge in the 21st Century. In: Decolonizing African University Knowledge,
Volume 2: Challenging the Neoliberal Mantra (edited by Ndofirepi et al.) New York and London: Routledge. Pp 32-50.
Ocalan, Abdullah. 2007. Prison Writings: The Roots of Civilisation. London: Pluto Press. 2020. Sociology of Freedom: Manifesto of the Democratic Civilization 3. Oakland: PM Press.
Smith, Linda Tuhiwai. 1999. Decolonizing Methodologies: Research and Indigenous Peoples
[1]ژنۆلۆژی زانستی ژن و ژیانە، کە ئۆجالان پێشنیاری کردووە.
[2]شاهین ئۆسۆ، ئەندامی لێژنەی پەروەردەیی خۆڕێوەبەری لە کۆبانێ، لە هەڤپەیڤینی پێشووتردا لەگەڵ نووسەر ئەم ژمارانەی خستووەتەڕوو.
[3] زۆرجار باسی ژاپۆن دەکرێت وەک تاکە وڵاتێک لە دەرەوەی کایەی ئەوروپادا کە توانی بە سەرکەوتوویی پیشەسازی بکات، چونکە هەرگیز داگیر نەکرابوو.
[4] وەک عەبدوڵڵا ئۆجالان تیۆریزەی کردووە، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئەو پڕۆژەیە زیهنییەیە کەلتووریی و کۆمەڵایەتییە کە خەیاڵی هاوچەرخی مرۆڤایەتیی داگیر کردووە. لەهەمان وتاردا لیبرالیزم وەک ئایدۆلۆژیایەکی ئەوروپیی پایەیەکی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە، بە ڕواڵەت پەسەندی بۆچوونە جیاوازەکان دەکات بەڵام حەقیقەتی داگیرکردووە و دەربارەی چاکە و خراپە بڕیار دەدات. ئۆجالان بە خراپترین ئایدۆلۆژیای دژە کۆمەڵگە دەیبینێت. پێشنیاری بەهێزکردنی مۆدێرنیتەی دیموکراتی دەکات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ببنەوە.
[5] زانستگەرایی ئەو بۆچوونەیە کە پێی وایە زانست و تیۆرییە زانستییەکان تاکە ڕێگان بۆ دەربڕینی حەقیقەت دەربارەی جیهان و واقیع. دەکرێت لەم ڕستەیەوە لە ڕەخنەی ئۆجالان دەربارەی زانستگەرایی تێبگەین: دووەم گرنگترین بژاردەی ئایدۆلۆژیی دەوڵەت- نەتەوە زانستی پۆزەتیڤیستییە [یەکەمیان لیبرالیزمە]. نزیکترین سەرچاوەی ئایدۆلۆژیشە لە ناسیۆنالیزم. هەروەها یەکتر پەروەردە دەکەن. دامەزرێنەرەکەی؛ ئۆگست کۆنت، بە ئاشکرا ویستویەتی پۆزەتیڤیزم وەک ئایینێکی سێکۆلار و گەردوونیی بونیات بنێت''.
[6] بەشدارانی شۆڕشی ڕۆژئاوا خەباتی گۆڕینی ڕژێم لە سوریا و شوێنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ نەک وەک "بەهاری عەرەبی" بەڵکوو وەک "بەهاری گەلان" ناودێر دەکەن، تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە لە زۆرێک لەو وڵاتانەدا، دانیشتوان هاوشێوەی یەکدی بوون.