چوارچێوه‌یه‌كی باو له فیلمه زانستی خه‌یاڵییه‌كاندا بریتییه له گه‌ڵاڵه‌یه‌ك كه ڕه‌نگه یه‌كه‌مجار له ڕۆمانی فرانكشتایندا ماری شێلیی ناسیبێتیه‌وه: زانایه‌ك كه به ده‌ستكاریی كه‌ره‌سته‌ی بێ‌گیان له شوێنێكی نادیار خه‌ریكی به‌جێهێنانی نه‌خشه‌یه‌كی نهێنییه و مه‌خلووخێك درووست ده‌كات كه خاوه‌ن هێزێكی چاوه‌ڕێنه‌كراوه، چاوه‌ڕێنه‌كراو بۆ ئێمه و نه‌ك بۆ زاناكه خۆی.
ئه‌فسانه‌ی خولقاندن له كه‌ره‌سته‌ی بێگیانه‌وه، له دۆخی ئاده‌میش ده‌چێت له به‌هه‌شتدا: خودا له گڵێكی تایبه‌ت مه‌خلووقێك ده‌خولقێنێت كه چاوه‌ڕێی ناكرێت و كه‌سانی دیكه پێیان سه‌یر و نوێیه، واته فریشته‌كان. ئه‌م مه‌خلووقه‌ی نێو به‌هه‌شت ده‌بێ به فوویه‌ك گیان یان ڕۆحی به به‌ردا بكرێت و زیندوو بێته‌وه. له هه‌ر دوو نموونه‌كه‌دا ئه‌وه له ده‌ره‌وه‌یه كه شتێك به بوویه‌كی مردوو زیاد ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی زیندوو بێته‌وه، واته سووژه‌یه‌ك كه به‌رهه‌می پێ زیاد كردنه له ده‌ره‌وه‌ڕا و بوونه‌كه‌ی به‌ستراوه به زیادكردنه‌وه.
نموونه‌ی گه‌ڕان بۆ هێزی جادوویی له سه‌رده‌می نوێ‌دا دیسان ده‌كرێ له سیمای دكتۆر فاوستیشدا ببینرێت، ئه‌و كه قاره‌مانی فڕۆشتنی ڕۆحه به‌رامبه‌ر به هێز. فاست ڕۆحی خۆی به مفیستۆفلێس ده‌فرۆشێت و به نهێنی هێزی گۆڕینی دنیا وه‌رده‌گرێت، ئه‌و كه ده‌بێته سه‌رنموونه‌ی ئه‌و جۆره له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌هریمه‌ن. به‌ڵام فاوست خۆی ده‌بێته خاوه‌نی هێزه‌كه و هیچ بوونه‌وه‌رێكی دیكه ناخولقێنێت. ئه‌و هێشتا له‌و قاره‌مانانه‌یه كه پێوه‌ندییه‌كی به ئایدیا و په‌ره‌دانی فه‌ردیی و بگره زه‌ینییشه‌وه هه‌یه. ئه‌و په‌ره‌ده‌رێكه و ده‌بێ دنیا ده‌ستكاریی بكات.
له نموونه‌ی ئایینی‌دا، ئه‌م ته‌رمه مردووه كه به‌بێ زیادكردنی ڕۆح ده‌بێت به زیندوو، له دۆخێكی ئایدیالدا ده‌ژی و له عه‌ده‌ندا ده‌حه‌سێته‌وه. واته جیهانێك كه هیچ نوقسان و ناته‌واییه‌كی تێدا نییه. جیهانی ئایدیالی پێش-سووژایه‌تیی. به‌ڵام وه‌ك دیاره هێشتا پرۆسه‌كه‌ی ته‌واو نه‌بووه و خالقه‌كه‌ی ئیمكانێكی تێیدا به‌جێهێشتووه، ئیمكانی ئه‌وه‌ی كه له خۆی لابدات و شتێك بكات كه نابێ بیكات. ئه‌وه‌ی پێیان گوتووه له میوه‌ی فڵان دار نه‌خوات، له راستیدا زیاتر بانگێكه بۆ ئه‌وه‌ی لێی بخوات، واته به نه‌رێكردن داوای كردنی كارێكی لێ ده‌كرێت. گوناهی یه‌كه‌مین به‌م واتا، داوای خودی خالقه‌كه‌یه و به‌م جۆره‌ش ئه‌و بوونه‌وه‌ره به‌خته‌وه‌ره ده‌بێ شتێك بكات كه له رێگه‌ی مه‌نعه‌وه له چاره‌ی نووسراوه، ئه‌و ده‌بێ چێژی یه‌كه‌مین بدۆرێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته بوونه‌وه‌رێك كه ناوی مرۆڤه و له سه‌ر زه‌مین ئاواره ببێت بۆ ئه‌وه‌ی دیسان ڕۆژێك له سه‌رزه‌مین یان له شوێنێكی دیكه بگاته‌وه به هه‌مان عه‌ده‌ن. ئه‌م پرۆسه‌یه سه‌ره‌تا و داهاتووه‌كه‌ی دیاره و یارییه‌كی خولقێنه‌ره له‌گه‌ڵ مه‌خلووقه‌كه‌ی. داوایه‌كی فاوستییش لێره‌دا ئاماده نییه و هه‌رچی هه‌یه، سووژایه‌تیی مه‌خلووقه‌كه به‌ستراوه به فوو یان به فه‌رمانی مه‌نعی خولقێنه‌ره‌كه‌وه. ئه‌و دیسان به‌رهمی خه‌یاڵدانی خالقه‌كه‌یه‌تی، چ ئه‌و كاته‌ی كه زیندوو ده‌بێته‌وه و چ ئه‌و كاته‌ی ده‌بێ له فه‌رمانی مه‌نعی یه‌كه‌مین لا بدات، دسیان به‌شێكه له گه‌ڵایه‌كی پێشتر ئاماده.
به‌ڵام بۆ دكتۆر فاوستۆس شتێك ڕووده‌دات: ئه‌و خۆی به‌رگه‌ی ئه‌و هێز یان هێزانه ناگرێت كه به‌ره‌ڵای كردوون و ئه‌وه مفیستۆفلیسه كه ده‌بێ لێی بپرسێت: بۆ هاتوویه دنیای ئێمه ئه‌گه‌ر به‌رگه‌ی ناگریت. فاوست، وه‌ك ناسراوه، قاره‌مانی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌یه، قاره‌مانی ده‌ستكاریی دنیایه به مه‌به‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی.
نموونه‌یه‌كی باوی دیكه‌ی ئه‌م هێز نه‌ناسراوانه زۆمبییه‌كانن. زۆمبییه‌كان له یه‌كه‌مجار له خه‌یاڵدانی كۆلۆنیاله‌وه و سه‌باره‌ت به ڕه‌شه‌كان له هاییتی به‌رهه‌م هاتن. ئه‌وان نه‌خۆش ده‌كه‌ون و ده‌بنه خاوه‌ن نه‌مریی، به‌ڵام هیچیان له سووژایه‌تی و زه‌ین تێدا نامێنێت.
هێشتا ماوه و ده‌توانین ئاماژه بۆ سیما‌یه‌كی دیكه بكه‌ین: سیمای خوێنمژ یان دراكوولای بروم ستۆكێر، كه هاوكاتی فرانكشتاین خولقاوه و له هه‌مان بازنه‌ی ئه‌ده‌بیدا. به‌م جیاوازییه‌وه كه ئه‌و مرۆڤه و به هۆی گه‌ستنی دراكوولایه‌كی دیكه‌وه ده‌بێت به دراكوولا. ئه‌و نه‌مره، نابێ ڕۆژ ببینێت و هه‌روه‌ها به مژینی خۆێن ده‌ژی. ئه‌م به‌رهه‌می هیچ خه‌ونێك نییه و ته‌نیا ده‌بێ بژی و به‌رده‌وام بێت. ژیانی ئه‌م ئه‌به‌دییه، به یه‌ك ڕیتمه‌وه. ئه‌م هێزی نه‌مرێتیی هه‌یه و كه‌چی خۆیشی ناتوانێ خۆی بكوژێت. ئه‌م ته‌نیا هه‌یه و هه‌ر جار دوپات ده‌بێته‌وه.
به‌روارد به‌مان، نموونه‌كه‌ی فرانسكشتاین جۆرێكی دیكه‌یه. ئه‌م ده‌توانێ له ده‌ستی خاوه‌نه‌كه‌ی ڕزگاری ببێت به‌بێ بتوانێت ئازاد بێت. ئه‌م ده‌توانێ له خاونه‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆ ببێته‌وه، به‌ڵام ئازادبوونی ته‌نیا به ده‌ستی خاونه‌كه‌یه‌تی و، وه‌ك ده‌زانین له كۆتاییدا ناتوانێ له خاوه‌نه‌كی سه‌ربه‌خۆ ببێته‌وه.
له نموونه‌ی هاوچه‌رخی فرانكشتایندا، له فیلمی زانستیی-خه‌یاڵیدا ڕووبه‌ڕووی ڕۆبۆت یان ئامێردێكین كه له تاقیگه‌یه‌كدا به نهێنی و به‌ده‌ستی زانایه‌ك یان زاناگه‌لێك درووست ده‌كرێت. ئه‌مه مۆدێلی زاڵ و سه‌ره‌كیی خه‌ونی زانستی خه‌یاڵیی هۆلیووده بۆ ساڵانێكی زۆر و هێشتاش به‌رده‌وامه. گه‌ڵاله‌ی گشتی به‌م جۆره‌یه كه ئه‌و ئامێرده‌ی درووست كراوه، له سه‌ر بنچینه‌ی كه‌ره‌سته‌ی له‌شی مرۆیی و ژێنێتیك خولقێنراوه. سه‌ربازێك كه له شه‌ڕدا هه‌لا هه‌لا بووه و پارچه‌كانی پێكه‌وه نراوه یان له کێڵگه‌یه‌كی ژێنێتیكدا به‌رهه‌مهێنراوه. ئه‌م ئامێرده به‌ڵام له پڕ نیشانێكی ناته‌واویی تێدا ده‌رده‌كه‌وێت. جاری وه‌هایه خه‌ون ده‌بینێت، یان جاری وه‌هایه به بینینی شتێك له پڕ له زه‌یندا خه‌یاڵێك درووست ده‌بێت و واده‌زانێت كه ڕابردووی هه‌یه. ئه‌گه‌رچی له لایه‌ن كۆماپانیا یان خولقێنه‌ره‌كه‌یه‌وه بیره‌وه‌ریی و یاده‌وه‌ریی بۆ خولقێنراوه، به‌ڵام هه‌شتا له پڕ ڕۆژێك بیره‌وه‌ر‌ییه‌كی دیكه هێرشی بۆ دێنێت. به‌رامبه‌ر ئه‌م بینینی خه‌ونه یان ئه‌م هێرشه‌ی یاده‌وه‌ریی، ئه‌و تووشی گرفتێك ده‌بێت و چیدی ناتوانێ وه‌کوو پێشوو به ئۆتۆماتیكی ئه‌و ئه‌ركانه ڕاپه‌ڕێنێت كه بۆی خولقاوه. ئه‌و چیدی ماشینێكی بێكه‌ڵكه به مانای باوی وشه‌كه. ئه‌و چیدی بگره ده‌بێته مه‌ترسییه‌ك له نێو ده‌زگایه‌كی گه‌وره‌تردا، ئه‌و ده‌توانێ كه‌م كه‌م بناسێته‌وه و بگره له خۆی بپرسێت كه من كێم؟ ئامێرده‌كان له گه‌لاڵه باوه‌كه‌دا به‌م پرسیاره تووشی ڕه‌نج و ئازار ده‌بن. جاری وه‌هایه پێیان ده‌زانرێت و ده‌ناسرێنه‌وه و سه‌رله‌نوێ داده‌ڕێژرێنه‌وه. جاری وه‌هاشه ده‌توانن ڕا بكه‌ن یان ماشینه سه‌ره‌كه‌ییه‌كه بوه‌ستێنن، كۆیله‌كانی دیكه ڕزگار بكه‌ن و خۆشیان ببن به‌وه‌ی كه خه‌ونیان بووه. بڕۆن ڕیشه‌كانی خۆیان بدۆزنه‌وه و، به گشتی، له دۆخی ئامێردێتیی ڕزگار ببن. ئه‌وان به‌م جۆره ڕزگار ده‌بن، به‌ڵام ئه‌م ڕزگارییه به ڕه‌نجێكدا تێده‌په‌ڕێت.
ئه‌وان به پێچه‌وانه‌وه‌ی نوسخه‌ی یه‌كه‌م و ئایینیی خولقاندن، نه‌ك به زیاد كردن به‌ڵكوو له درزێكه‌وه ده‌زێن، له سه‌كته‌یه‌كه‌وه كه ده‌كه‌وێته نێو ماشینه‌كه‌وه له ده‌خولقێن، ئه‌وان زاده‌ی ئه‌و درزه‌ن، نه‌ك به‌رهه‌می زیادكردنی شتێك له ده‌ره‌وه وه‌ك ڕۆح به‌ڵكوو به‌رهه‌می كه‌مكردنه‌وه و درووكه‌تنه‌وه‌ن له خۆیان، ئه‌وان ده‌بنه زاده‌ی درزێك كه ده‌كه‌وێته نێو ژیانی ئۆتۆماته‌وه، زیاتر له‌وه ده‌كرێ بڵێین ئه‌وان سووژه‌یه‌كن زاده‌ی درزێك یان باشتر بڵێین سووژایه‌تیی وه‌ك درزێك ئه‌زموون ده‌كه‌ن. ئه‌م درزه به رێكه‌وت هه‌ر ئه‌و شوێنه‌یه‌كه تێیدا سووژه ده‌توانێ بخولقێت، ئه‌م درزه نه‌ك شون به‌ڵكوو خودی سووژایه‌تییه.
به‌رهه‌مێكی هه‌مان سینه‌ما وێنه‌ی ئه‌م ئامێرده به جۆرێكی دیكه ده‌كێشێته‌وه: تروومه‌ن شۆ به جۆرێك زاده‌ی خه‌یاڵی فرانكشتاینییه، به دیوی نه‌رێنیدا. واته به‌رهه‌می هه‌وڵه بۆ به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤێكی ئاسایی له ژیانێكی ئاسایی و خۆشدا. ژیانێكی دابینكراو له هه‌موو لایه‌نێكه‌وه. ئه‌گه‌ر دكتۆر فرانكشتاین مه‌خلووقێك درووست ده‌كات به هێزی سه‌یره‌وه، ئه‌م مه‌خلووقه به دیوێكی دیكه‌دا زاده‌ی نه‌بوونی هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كه. ترۆمه‌ن هاوڵاتییه‌كی ئاسایی به‌خته‌وه‌ری شارێكی ئایدیاله. كارمه‌ندێكی ئاسایی خۆشه‌ویست له شارێكدا. به‌ڵام یه‌ك گرفت هه‌یه: شاره‌كه‌ی ئه‌و هیچ ده‌ربازێكی نییه بۆ ده‌ره‌وه. جگه له ده‌ریا: ئه‌و ترۆمایه‌كیشی هه‌یه: ئه‌و له ئاو ده‌ترسێت چونكوو له خه‌یاڵیدا خولقێنراوه كه باوكی له ده‌ریادا خنكاوه و ئه‌م هیچ كاتتێك ناوێرێت له ده‌ریا نزیك ببێته‌وه. ژیانی ئاسایی ترۆمه‌ن به هۆی وێنه‌یه‌كه‌وه تێك ده‌چێت: وێنه‌ی كچێك كه ئه‌و جارێك له كیسی داوه و ئێسته بیری هاتوه‌ته‌وه و ده‌یه‌وێ بۆ لای ئه‌و كچه بچێت له شوێنێكی دیكه. هه‌ر ئه‌م نوقسان و خه‌ونه وا ده‌كات مه‌جبوور بێت بزانێت و بیربكاته‌وه: بیركردنه‌وه و سه‌رنج پێی نیشان ده‌دات كه ڕه‌فتاری هاوڕێ نزیكه‌كه‌ی، هاوكاره‌كانی، هاوسه‌ره‌كه‌ی، ده‌ر و جیران و هه‌مووان نوقسانێكی تدایه: ئه‌و چیدی ده‌زانێ كه شته‌كان دووباره‌ن. كه كاڵاكان به‌رده‌وام له‌وێن و له‌سه‌ر ئه‌و تاقی ده‌كرێنه‌وه. ده‌زانی جلوبه‌رگ، كه‌ره‌سته‌كانی ماڵه‌كه‌ی، هه‌موو ژیانی به‌شێكن له ریكلام. دواتریش ده‌زانین ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌كه ده‌رهێنه‌رێك بۆ بانگشه‌ی كاڵا خولقاندوویه‌تی. ئه‌و له منداڵییه‌وه له سكی دایكی‌دا دراوه به كۆماپانیاكه و هه‌موو شتێكی له دنیای ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌دا ڕمێنی هه‌یه به ناوی ترۆمه‌ن شۆوه. ملیۆنان مرۆڤ داده‌نیشن و سه‌یری ژیانی ڕۆژانه‌ی، نمایشه‌كه‌ی ترۆمه‌ن، ده‌كه‌ن.
ترۆمه‌ن ده‌بێ ڕزگار بێت: ئه‌و چیدی ناتوانێ وه‌ك رابردوو بژی. ده‌یه‌وێ به بووس شاره‌كه به جی بهێڵێت و ڕێگه نییه. تاقه ڕێگه ده‌ریایه: ئه‌و به‌ره‌و ده‌ریا ده‌ڕوات. به‌ڵام چی له ترۆماكه‌ی بكات. لێره‌دایه كه ئازادیی ئازارده‌ر ده‌بێت، برینداركه‌ر ده‌بێت. ئه‌و ده‌بێ بتوانێ به‌سه‌ر ترۆماكه‌دا زاڵ بێت. زاڵ ده‌بێت و سواری گه‌مییه‌ك ده‌بێت. ده‌رهێنه‌ری مه‌زنی نمایشه‌كه‌ی ترۆمه‌ن، هه‌موو دووربینه‌كان ده‌خاته سه‌ر ترۆمه‌ن و به‌م جۆره هه‌موو بینه‌رانی شانۆگێڕییه‌كه ئاگایان له ڕاكردنه‌كه‌ی تروومه‌نه. ده‌رهێنه‌ر ده‌ڵێ: «ئه‌گه‌ر ئه‌و ئایدیایه‌كی ڕوونی هه‌با، ده‌یتوانی خۆی ڕزگار بكات.» بۆ هێشتنه‌وه‌ی ترۆمه‌ن، ده‌رهێنه‌ره‌كه، كه ده‌وری خودای نێو حه‌كایه‌ته ئایینی و ئوستووره‌ییه‌كان ده‌گێڕێت، له ژووی فه‌رمانه‌وه تۆف و بای بۆ ده‌نڕه‌ێت له ده‌ریاكه‌دا و تروومه‌ن دیسان ته‌سلیم نابێت. ئه‌نجام ئاگامان لێیه ترۆمه‌ن ده‌گاته دیوارێكی شین. كۆتایی ده‌ریاكه، یان كۆتایی دنیا. درگایه‌ك ده‌كاته‌وه. ده‌ست به سنگیه‌وه ده‌گرێ، ده‌نووشتێته‌وه و به بزه‌یه‌كه ماڵئاوایی ده‌كات و له نمایشه‌كه ده‌چێته ده‌ره‌وه. هه‌ر چۆن له شانۆدا باوه. فیلمه‌كه ته‌واو ده‌بێت و ئه‌وه‌ی ده‌رباز بووه ترۆمه‌نه و ئه‌وه‌ی له نێو شانۆكه‌دا ماوه‌ته‌وه ئێمه‌ی بینه‌رین كه هێشتا چاوه‌ڕێین شتی دیكه ببینین. به‌ڵام به ته‌نیا ده‌مێنینه‌وه له شاره‌كه‌دا. ئه‌و ئازاد ده‌بێت و ئێمه ده‌توانین له خۆمان بپرسین چه‌نده له‌و ده‌چین. تروومه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد بێت ده‌بێ به‌و ترۆمادا تێپه‌رێته‌وه، ده‌بێ ده‌ستكردیی زۆر شت ببینێت و، ئازادیی برینداری بكات. ئه‌وسایه ده‌توانێ بڕیار بدات. ئه‌و ئازادیی وه‌ك له‌ده‌ستدان ئه‌زموون ده‌كات. به‌ڵام لێره‌دا ناوه‌ستێ و له ده‌ربازێكیش ده‌گه‌ڕێت، ده‌ربازێك كه فه‌ردییه، به‌ڵام هاوكات جه‌معییشه: ئه‌و ده‌بێ بتوانێ رێساكانی یاریی شاره‌كه و كار و خێزان و ژیانی بناسێته‌وه، یارییان پێ بكات و، به‌م جۆره‌ش ده‌توانێ هاودڵیی هه‌موو بینه‌رانی تروومه‌ن شۆ به‌ده‌ست بهێنێت و هه‌موان ئاره‌زوو بكه‌ن كه ڕزگاری ببێت.