کولتوور و هەبوون


 

مزگین محەمەد

کولتوور بناغەی بنچینەیی بوونی هەر کۆمەڵگایەکە. لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتییەوە هەتا ئێستا چەندین کولتووری جیاواز بوونیان هەبووە، چەندین کولتووری کۆن گەیشتوونەتە سەردەمی ئێستامان و زۆر کولتووریش لەلایەن دوژمنەکانیانەوە لەناوبراون، یاخود ئەو کۆمەڵگایانە کەوتوونەتە ژێر کۆمەڵکوژییەوە. بەهۆی ئەم دۆخەوە، پێناسەکردن و دەستگرتن بە کولتوور هەمیشە بۆ مرۆڤایەتی گرنگ بووە و ئەم گرنگییە لە هەلومەرجی سەردەمی ئێمەدا زیاتر دەردەکەوێت. چونکە لەمڕۆشدا زۆرێک لە کولتوورە جیاوازەکان لەژێر فشاری قڕکردندان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە چەمکی "کۆمەڵکوژیی کولتووریی" لەم سەردەمەدا بووەتە تاوانێکی گەورە بەلای مرۆڤایەتیەوە، مرۆڤایەتی لە ڕێی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەوەوە لە هەوڵی ڕزگاربووندایە لەم تاوانە و ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی کولتووریی.

لە دۆخێکی وادا چۆن مامەڵە لەگەڵ کولتووردا بکەین، کولتوور بۆ ئێمە چی دەگەیەنێت، بۆ کولتوورەکەمان، یاخود بۆ بوونی کۆمەڵایەتیمان چی بکەین؟ بێگومان دەیان پێناسەی جۆراجۆر و لە ڕوانگەی بابەتگەلی جیاوازەوە بۆ کولتوور کراون. ئێمە پێناسەی کولتوور ناکەینەوە. ئەمە شتێکی گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کولتوور بۆ ئێمە، بۆ ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین، بۆ نەتەوە و نەتەوەکەمان چی دەگەیەنێت. لە زانستی کۆمەڵایەتیدا کولتوور لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا بایۆلۆجی نییە، بەڵکوو هەروەها ئاماژە بە هەموو ئەو شتانە دەکات کە لە ڕێگەی کەرەستە و ئامرازی کۆمەڵایەتییەوە دەگوازرێنەوە و دەگەیەنرێن بە نەوەی نوێ. بە گشتی دەتوانین وەک تێکەڵکردنی هەموو ئەو واتا و پێکهاتانەی کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە پرۆسەی مێژووییدا دروستی کردووە لە کولتوور تێبگەین. پێکهاتەکان، بوونیاد و ژێرخان لە لایەنی ماددی کولتوورەوە دامەزراون؛ واتا و ناوەڕۆک و زیهنییەت لایەنی ڕۆحی کولتوور پێناسە دەکەن. کاتێک باسی کۆمەڵگا دەکەین، لە جەوهەردا باسی ڕۆشنبیری دەکەین. لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا، دەتوانین کولتوور بە جیهانی واتادار و یاسای ئەخلاقی کۆمەڵگا و زیهنییەت و هونەر و زانستی کۆمەڵگا پێناسە بکەین. کۆمەڵگایەک یان گەل و نەتەوەیەکی دیاریکراو، گەیشتبێتە ئاستێکی باش لە بەدامەزراوەییکردن و واتادا، و خۆی جێگیر کردووە، ئەو کات دەتوانێ وەک قەوارەیەک ناسنامەیەکی هەبێت و شرۆڤە بکرێت. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە کولتوور، واتە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، بەبێ دامودەزگا و ناوەڕۆک بوونی نییە. ئەگەر کۆمەڵگایەک بوونیادەکەی دابەش ببێت، و بێ دامەزراوە بمێنێتەوە، ئەوا چیتر مرۆڤەکان ناتوانن باسی مانای ئەو کولتوورەکەی بکەن. چونکە بۆ ئەوەی بتوانێت کۆمەڵگا وەک کولتوورێک بناسێت، مەرجە لە سەدا سەد لە چوارچێوەی یەکپارچەیی واتا و ڕێکخستندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکات.

بەم هەڵسەنگاندنانە، کاتێک ئێمە کولتوور ژیانیتر و واقیعیتر بکەین: دەتوانین بڵێین کولتوور بوونی کۆمەڵگا و مرۆڤ و نەتەوە و مرۆڤەکانە. کولتوور بوونیادنانی مرۆڤە. بە واتایەکی تر ئێمە وەک مرۆڤ شوناسی کۆمەڵایەتی خۆمان هەروەها ناسنامەی تاکەکەسیمان لە ڕێگەی کولتوورەوە درووستدەکەین. چونکە کۆمەڵگا تەنها بەم شێوەیە دروست دەبێت. جەوهەری مرۆڤبوون ئەوەیە کە خاوەنی کولتوورێک بێت. بۆ نموونە؛ کاتێک مرۆڤ لەدەرەوەی پێوەرە ئەخلاقییەکان (واتە یاسا و ڕێسا ئەرێنییەکان بۆ بوونی کۆمەڵگا)ـی کۆمەڵگاکەی هەڵسوکەوت دەکات، پێی دەوترێت کەسێکی بێ‌کولتوور؛ یان شتێک کاتێک دەبێتە کولتوور دەبێتە کۆمەڵگەییش. بەهۆی ئەم دۆخەوە دەڵێن کولتووری جلوبەرگ و خواردن، کولتووری خواردن و خواردنەوە، کولتووری هونەر و ڕێوڕەسم و نەریت، کولتوری مۆسیقا و سەما... بۆیە بۆ نەتەوە و کۆمەڵگا و تاک، کولتوور ناسنامە، پێناسەی بوونە.

بێگومان لەپاڵ کولتووریشدا پێویستە باسی نیشتمان و خەڵک و جوگرافیاش بکەین. چونکە هەموو کولتوورێک لە سەردەمێک و لە شوێنێکدا دروست دەبێت. کیانێکی ڕۆشنبیریی یان کۆمەڵگایەک لە کات و شوێنێکدا دەگاتە فۆرمەکەی. بەبێ کات و شوێن، ناتوانرێت لە  بوون و کولتوور تێبگەین و پێناسەیان بکەین. وڵات، وەک چەمکێکی سۆسیۆلۆژی، جوگرافیایەکە کە چەندین سەدە لەسەر بنەمای کولتوور دروست بووە، تیایدا بازاڕێک دروست بووە، و یەک لە دوای یەک سەردەم و دەوران گۆڕاوە و بەدی هاتووە و وەک دیمۆگرافیک گوزارشت لە نیشتەجێبوون دەکات. بۆ گەلان و نەتەوەکان کە خوڵقێنەری ڕاستەقینەی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتین، نیشتمان شوێنی ژیانە، بەبێ ئەو ژیان نابێت. بێگومان نیشتیمان تەنیا ئەو جوگرافیایە نییە کە کولتوور و بەرهەمی ماددی ژیانی کۆمەڵایەتی تیادا دروست دەبێت، بەڵکوو هەروەها ماڵ و لانکەی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە تیایدا ڕۆح و مێژووەکەی دروست دەبێت. مەرحوومبوون و بێبەشبوون لە بێڕۆحیی و بێماڵی خراپترە. ئەوە کۆمەڵگە بە بێماڵ و بێڕۆح بهێڵێتەوە دەتوانێت بەبێ کولتووری ماددی و ڕۆحی بیهێڵێتەوە. ئەگەر میللەتێک خاوەنداری لە نیشتمانەکەی نەکات، واتای وایە کە وازی لە مێژوو و کولتووری خۆی هێناوە. لە ئەنجامدا دەستبەرداری هاووڵاتیبوون و ژیانی کۆمەڵایەتی دەبێت.

هاوکات لەگەڵ هەموو ئەو هەڵسەنگاندنانەی بابەتی کولتووردا، واقیعی کۆمەڵگای کوردی دیارترین و دراماتیکترین نموونەیە، کە تیایدا دەژین. لەبەرئەوەی هەم لە ڕووی بوونیاد و هەم لەڕووی زیهنییەت و واتاوە بەشێوەیەکی زۆر ورد دابەشکراوە، مرۆڤ دەتوانێت کۆمەڵگای کوردی، لەم بارودۆخەی ئێستادا بە "کۆمەڵگەیەکی قڕکراوی کولتووریی" پێناسە بکات. گەلی کورد، چ وەک نەتەوە و چ وەک تاک، نموونەیەکی سەرنجڕاکێشە لە هەبوونی کولتوورێکی کۆن و ڕەسەندا کە هەمیشە لە مێژووی خۆیدا کۆمەڵکوژی فیزیکی و کولتووریی ئەزموون کردووە. لە هەبوونەکەی دابەشبوونێکی زۆر گەورەی ژیان کردووە. پێویستە دەستبەجێ ئاماژە بەوە بکەین، کە دابەشبوونی کورد بە هۆی فرەچەشنی و شێوەزارەکانی زمانی کوردییەوە نییە، چونکە ئەمە گوزارشت لە دەوڵەمەندی کولتووری کوردی دەکەن. دابەشبوونی کورد دەگەڕێتەوە بۆ دابەشبوونی وڵات و داگیرکردنی دوژمنان. کۆمەڵگای کوردی چەندە هەوڵی گەشەکردن و بوژانەوە دەدات، بۆ ئەوەی جوان و واتادار بێت، داگیرکەرانیش بەهەمان ڕادە  فشارەکانیان لەسەری زیاد دەکەن. ئەمڕۆ گەلی کورد وەک نەتەوە و کۆمەڵگا لەژێر گوشاری توندی کۆمەڵکوژی کولتووریدایە. دوژمنانی کورد دەیانەوێت کورد لە نەتەوەییبوون دەربخەن و لە کولتوورە دێرین و خۆڕاگرەکەی دووریان بخەنەوە و لە ئەنجامیشدا لەناویان بەرن. بەهۆی ئەمەوە مرۆڤ دەتوانێت، بە ئاسانی لە چوارچێوەی بەرخۆدانی کولتووریدا، بەرخۆدان و ڕاپەڕین و ڕاپەڕینەکانی کورد هەڵسەنگێنێت. لە بنەڕەتدا ئەوەی بەرەنگار دەبێتەوە و لەبەردەمیدا وەستاوە، کولتوری دێرینی بەرخۆدانمانە. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا پێویستە دان بەوەدا بنێین کە لە هەلومەرجی ئەم سەدەیەدا کە پێی دەوترێت سەردەمی تەکنیک و تەکنەلۆجیا، ئێمە گرنگی بە کولتوورەکەمان نادەین و پەرەی پێنادەین. ئەمە ڕەخنەیەکی جدییە بۆ ئێمە بەتایبەت بۆ نەوەی نوێ و گەنج و خوێندکارانی ئەم سەردەمە. چونکە تەنها ڕۆحێکی گەنجانەوە دەتوانرێت هەبوونی خۆمان بپارێزێین.

بەهۆی ئەم ڕاستییەوە، هەموو تاکێکی کورد، بەتایبەتی گەنجان و خوێندکاران، پێویستیان بە هەڵوێستەکردنە لەسەر کولتووری خۆیان، لەم کولتوورە تێبگەن کە ئەمڕۆ بەرەنگار دەبێتەوە. ئاستی ڕۆشنبیری نەتەوەیی، واتە هەبوونی خۆی، بە بەرهەمی ڕۆشنبیری و هونەری، جوان و نوێ و ناوازە و نۆژەن بەرەوپێش بەرین. ئەمە تاکە ڕێگایە کە دەتوانین کۆمەڵگاکەمان بەرەو پێشەوە ببەین. ئەگەر ئەمە بێت، ئێمە وەک نەتەوەیەک بە ئازادی و حەقیقەتی خۆمان دەگەین، لە مێژووی مرۆڤایەتیشدا جێگەی شایستەی خۆمان دەگرینە بەر. وانەبێت، زەحمەت دەبێت لەم سەدەیەدا کورد بتوانێت وەک کولتوورێک دژی کولتوورە باڵادەستەکان بوەستێت و بوونی خۆی بپارێزێت و خۆی لە ئاسمیلەکردن و جینۆسایدی کولتووری ڕزگار بکات. بۆیە بارێکی قورس، بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەسەر شانی گەنجان و خوێندکاری کوردی ئەم سەردەمە هەیە. هیچ ڕێگەیەکی تر نییە جگە لە پەرەپێدانی هەبوونی کولتووری خۆت.

 

 

پەیامێک جێبهێلە

تێبینیەک جێ‌بهێلە.

پێشتر دواتر